
ئیبراهیم شێخ وەسانی پێنج شەش ساڵێک لەمەوبەر بیرم لەوە دەکردەوە حەفتەی ڕۆژێک بچمە سلێمانی و بگەڕێمەوە و «شەش سەد» دۆلاریش بدەم بۆ ئەوەی بەشداری کۆرسێکی فەلسەفی “فاروق ڕەفیق” بکەم، نەبووە قسمەت، ڕۆژگار هات و ڕۆیشت خوا “فاروق ڕەفیق”ی بۆ ئێمە هێنایە ئێرە. کۆرسێکی بە بەلاش کردە دیاری بۆ خەڵکی شاری هەولێر، لەو ڕەمەزانەی، لە گەرمەی شەڕی ئیسرائیل و ئەمەریکا لەگەڵ ئێران، بە دەنگی درۆن دەستمان بە کۆرسەکە کرد. فاروق هونەرێکی باڵای تایبەتی هەبوو لە تێگەیاندنی بەرامبەر، ئەوەندە بە جوانی کۆرسەکەی بەڕێوە دەبرد، فەلسەفەی لەلامان کردبووە چیرۆکەکانی عەزیز نەسین. نزیکەی سێ ساڵ لەمەوبەر، لە کۆڕێکی ماڵی وەفایی لە “فاروق ڕەفیق”م پرسی: کێ (حیزبەکان، هاووڵاتی، دوژمنان، نوخبە) لەو بێسەروبەرییەی ڕوودەدات بەرپرسە؟ گوتی “نوخبە، چونکە بێدەنگە بەرامبەر هەموو ئەوەی ڕوودەدات”. شەممەی ڕابردوو لەکاتی گفتوگۆی ئازادی کۆرسەکە هەمان پرسیارم لێ کردەوە، گوتی “زۆرم لێمەکە بچمە ناو وردەکاری، بەڵام ئایا کورد دەستەبژێری بیرکەرەوەی هەیە؟” لەژێر ئەو پۆستانەی لە پەیجی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و تەلەفزیۆنەکان کە هەواڵی مردنی فاروق ڕفیقـیان بڵاوکردبووەوە، بەناوی بەرگریکردن لە ئاین زۆرترین سووکایەتی بەرامبەر ئەو نووسەرەی کە ٢٢ کتێبی نایابی پێشکەش بە کورد کرد، نووسراوبوون، ناوەڕۆکی کۆمێنتەکان ئەوەندە نزمبوون، مرۆڤ شەرم دەکات لەوەی باسیان بکات، ئەوە ڕاستە کە فاروق ڕەفیق وەک نووسەر و توێژەرێک لە ڕوانگەیەکی فەلسەفی و سۆسیۆلۆجییەوە ڕەخنەی توندی لە بنەماکانی هزری ئیسلامی دەگرت، بەڵام ئەو کەسێکی دژە دین نەبوو، ڕۆژێکیان لە کاتی ئیسراحەتی کۆرسەکە ئیعجابی خۆی بۆ لایەنە عەقلانییەکانی ناو بازنەی ئاینی دەربڕی، بە منی گووت “باشترین گرووپی عەقلانی لە ئیسلام دا موعتەزیلەکانن”. خەمی فاروق خەمێکی گەورەی کوردیی بوو، ئەو دەیگوت “دوو گرووپ لە کورد خەریکی تێکدانی کولتووری کوردین، یەکێکیان ئیسلامییەکان، ئەوی...









