ئیبراهیم شێخ وەسانی
پێنج شەش ساڵێک لەمەوبەر بیرم لەوە دەکردەوە حەفتەی ڕۆژێک بچمە سلێمانی و بگەڕێمەوە و «شەش سەد» دۆلاریش بدەم بۆ ئەوەی بەشداری کۆرسێکی فەلسەفی “فاروق ڕەفیق” بکەم، نەبووە قسمەت، ڕۆژگار هات و ڕۆیشت خوا “فاروق ڕەفیق”ی بۆ ئێمە هێنایە ئێرە. کۆرسێکی بە بەلاش کردە دیاری بۆ خەڵکی شاری هەولێر، لەو ڕەمەزانەی، لە گەرمەی شەڕی ئیسرائیل و ئەمەریکا لەگەڵ ئێران، بە دەنگی درۆن دەستمان بە کۆرسەکە کرد.
فاروق هونەرێکی باڵای تایبەتی هەبوو لە تێگەیاندنی بەرامبەر، ئەوەندە بە جوانی کۆرسەکەی بەڕێوە دەبرد، فەلسەفەی لەلامان کردبووە چیرۆکەکانی عەزیز نەسین.
نزیکەی سێ ساڵ لەمەوبەر، لە کۆڕێکی ماڵی وەفایی لە “فاروق ڕەفیق”م پرسی: کێ (حیزبەکان، هاووڵاتی، دوژمنان، نوخبە) لەو بێسەروبەرییەی ڕوودەدات بەرپرسە؟ گوتی “نوخبە، چونکە بێدەنگە بەرامبەر هەموو ئەوەی ڕوودەدات”.
شەممەی ڕابردوو لەکاتی گفتوگۆی ئازادی کۆرسەکە هەمان پرسیارم لێ کردەوە، گوتی “زۆرم لێمەکە بچمە ناو وردەکاری، بەڵام ئایا کورد دەستەبژێری بیرکەرەوەی هەیە؟”
لەژێر ئەو پۆستانەی لە پەیجی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و تەلەفزیۆنەکان کە هەواڵی مردنی فاروق ڕفیقـیان بڵاوکردبووەوە، بەناوی بەرگریکردن لە ئاین زۆرترین سووکایەتی بەرامبەر ئەو نووسەرەی کە ٢٢ کتێبی نایابی پێشکەش بە کورد کرد، نووسراوبوون، ناوەڕۆکی کۆمێنتەکان ئەوەندە نزمبوون، مرۆڤ شەرم دەکات لەوەی باسیان بکات، ئەوە ڕاستە کە فاروق ڕەفیق وەک نووسەر و توێژەرێک لە ڕوانگەیەکی فەلسەفی و سۆسیۆلۆجییەوە ڕەخنەی توندی لە بنەماکانی هزری ئیسلامی دەگرت، بەڵام ئەو کەسێکی دژە دین نەبوو، ڕۆژێکیان لە کاتی ئیسراحەتی کۆرسەکە ئیعجابی خۆی بۆ لایەنە عەقلانییەکانی ناو بازنەی ئاینی دەربڕی، بە منی گووت “باشترین گرووپی عەقلانی لە ئیسلام دا موعتەزیلەکانن”.
خەمی فاروق خەمێکی گەورەی کوردیی بوو، ئەو دەیگوت “دوو گرووپ لە کورد خەریکی تێکدانی کولتووری کوردین، یەکێکیان ئیسلامییەکان، ئەوی دیکەش نوخبەی کوردین”. فاروق پێی وابوو کورد تەسەورێکی «بێبارگاوی» و بێلایەنانەی بەرامبەر بە شتەکان نییە، لای ئەو ئەوە گرنگ بوو کە کورد خاوەنی بۆچوونی خۆی بێت، دەیگوت «هەتا ئەگەر هەڵەش بین گرنگە خاوەنی تێگەیشتن و گۆشەنیگای خۆمان بین، نەک لاسایکەرەوەی خەڵکی تر”.
فاروق ڕەفیق لە دواهەمین لاپەڕەی بەرگی دووەمی دواین کتێبی بەناوی “تێڕامانەکانی خەڕەنگێزێک” کە نزیکەی دە ڕۆژێک بەر لە مردنی بڵاوکرایەوە، بەو چەند ڕستەیە کۆتایی بە کتێبەکەی هێناوە: “ئەوەی زۆر تێبینی دەکرێت ئازادییە ڕەهاکەی ئیسلامییەکانە، یەکگرتوو، کۆمەڵ، بزووتنەوە و سەلەفییەکان. ئەوان ئازادیی ڕەهایان هەیە چی بە “جوو” دەڵێن، بەسەر جوو دەڕشێنەوە و ئاویش لە ئاو ناکەوێت، کەسێک پرسیار ناکات ئەمە بۆ وایە ؟ئایا ئەمە ڕەوایە؟ بزووتنەوەی کوردایەتی زۆر ترسنۆکانە و بێ شەرمانە لەم فاشیزمە بێدەنگە، چونکی لە گاڕان و مێگەلی ئیسلامی سڵ دەکاتەوە”.
فاروق ڕەفیق ئەوەی بە خەلەل دەزانی کە کورد تێگەیشتن و دیدێکی بێلایەنانەی بەرامبەر ئیسرائیل نییە، پێی وابوو ئێمە لە گۆشەنیگای عەرەبەوە سەیری جوو دەکەین.
لە ڕوانگەی فاروق ڕەفیقـەوە پرسەکە لەوە گەوەرەتر بوو کە تەنها پەیوەست بێت بە ئایینەوە. ئەو وای دەبینی کێشە سەرەکییەکەی کورد نەبوونی شارە، دەیگوت “یەک نامەش چییە لە میرنشینی بابان بەجێ نەماوە، هۆکارەکەشی ئەوەیە شارت نەبووە”.
فاروق دژی هەندێک فۆرمی دینداری بوو، دەیگوت “تەریقەتی قادری نەیهێشتووە نەجیبزادەی شار دروست بێت، ئەوەش وای کردووە شاری کوردی نوخبەی ئەرستۆقراتی نەبێت کە پێویستن بۆ دروستبوونی شار بە مانا شارشتانییەکەی”.
فاروق ڕەفیق ڕەخنەی جەوهەریشی لە مەدرەسەی کوردایەتیی هەبوو. ڕۆژێکیان لە کۆرسەکە گوتی “بەشێک لە سەرکەوتنی جولانەوە ئیسلامییەکان لە باشووری کوردستان ئەوە نییە کە وەڵامدەرەوە و چارەسەری پرسەکە بن، بەڵکوو بەهۆی شکستی مەدرەسەی کوردایەتییەوەیە”.
فاروق لەو باوەڕەدابوو کێشەی دنیای ئێمەی موسڵمانان و ڕۆژهەڵات ئەوەیە لۆجیک غائیبە، هەمووی لۆجیکی جیهانی ئیسلامی لەسەر قیاسە. لەو ناوچەیەی ئێمە شتێک نییە بەناوی فەلسەفەی ئایین، ئەو کە دوو کتێبی لەسەر لۆجیک هەیە، دەیگوت “سێزدە فۆڕمی لۆجیک هەیە، بەڵام یەک دانەی لێرە نییە، لۆژجیکێک هەیە بەناوی لۆجیکی سیمبۆلی، دەمەوێت کتێبێکی لەسەر بنووسم، بەڵام لەو باوەڕەم کەسێک نابێت بیخوێنێتەوە”.
بە شاهێدی هاوڕێیەکی ئیسلامی کە لە پۆستێک بڵاوی کردیتەوە، پێش ئەوەی فاروق بێتە هەولێر، لە سلێمانی بەهۆی ئیرەیی بردن تا ئاستی تۆمەتبارکرن بەناحەق بریندار کرابوو.
ئەرێ بەڕاست، ئەوە بۆچی سلێمانی و خاکەکەی وایە، بە قەولی فاروق گوتەنی “لە ناڵی بگرە هەتاکو مەولانا و عەبدولکەریمی مودەریس، هەر خەریکی دەرکردنی ئلیتەکانی خۆیەتی”.
فاروق زۆر خەمی بەوەی دەخوارد کە بەرامبەری دەکرا، دەیگوت “لە پایتەختی ڕۆشنبیری یەک وشە ناگوترێت لەسەر ئەو هەموو سوکایەتییەی بە من دەکرێت! یەک حەرف نەگوترا لەسەر ئەوەی یەکێتیی فڕۆکەخانەی کرد بە فڕۆکەخانەی جەلال تاڵەبانی”.
ئەوەی لە سلێمانی لەلایەن یەکێتیی و ئۆپۆزسیۆن بەرامبەر فاروق ڕەفیق کرا، لە هەولێر و دهۆکـیش زۆر خراپتر بەرامبەر ئەوانە دەکرێت کە لە دەرەوەی بازنەی پارتی بیردەکەنەوە.
حیزب (یەکێتیی، پارتی، ئۆپۆزسیۆن)، ئەوانە بە مرۆڤ هەژمارناکەن کە لە دەرەوەی بازنەی ئەوان بیردەکەنەوە.
فاروق ڕەفیق ڕەخنەی لە هەمووان دەگرت، دەیگوت ئێمەی کورد لە موعتادێک دەچین کە پێویستمان بە چەند ساڵێکە بۆ ئەوەی لەشمان پاقژ بیتەوە، خەمی ئەو نەبوونی ئاگۆرایەک بوو، ئەو بەدوای دروستکردنی ئاگۆرای «فەزای گشتی» شار هاتبووە هەولێر. بچووکردنەوەی فاروق لەوەی بەدوای حیزبێکی سیاسیەوە هاتبیتە هەولێر، کاڵفامیە. ئەو لەوە گەورەتر بوو کە ئەندامی حیزبێکی سیاسی بێت، تەنانەت لەو کۆرسەش کە لە دامەزراوەیەکی دەستەڵادارانی هەولێر بەڕێوە دەچوو، دەستەوەستان نەبوو لە ڕەخنەگرتن لە حیزبەکان. ڕۆژێکیان گوتی «پارتی کە گەورەترین حیزبی باشوورە، بەدەست کۆمەڵێکی ئیلیتی نەزانەوە کە بیرناکەنەوە، گیری خواردیە”.
پارتی لەو هەموو سەرمایەی کوردستان کە لەبەردەستیەتی شوێنی مانەوە و مووچەیەکی مانگانەی بە فاروق ڕەفیق داوە، ئایا کەسێک کە پەنجا ساڵە بە زمانی کوردی خزمەتی مەعریفەی نەتەوەیەک دەکات، شایەنی ئەو مافە سەرەتایانە نییە!
فاروق ڕەفیق کۆمەڵێک پڕۆژەی گەورەی هەبوو، بەڵام مخابن مەرگ نەیهێشت تەواوی بکات، ئەو دەیویست کورد بگەڕێتەوە ناو ماڵی خۆی و بیرکردنەوەی کوردی دروست بێت. پێی وابوو کورد لە چاویلکەی «عەرەب، تورک، فارس»ەوە سەیری فەلسەفە و دنیای دەرەوەی خۆی دەکات.
فاروق دەیگوت “ئەرستۆ ئەوەندە گرنگە، ناتوانیین ئیشی لەسەر نەکەین، بەڵام ئێمە ئەرستۆ لە ڕێگەی بیرمەندی عەرەبی سووری “هاشم ساڵح”ـەوە دەناسین کە ئەرستۆی کوشتووە، بۆیە ئێمە دەبێت ڕاستەوخۆ بگەڕێینەوە بۆ یۆنان، پێویستمان بە ڕێنسانسێک هەیە لە دەرەوەی عەرەب”.
یەکێک لە خۆشیەکانی کۆرسەکە، نوکتە و شۆخیەکانی فاروق ڕەفیق بوو، هونەرمەند بوو لە نوکتە، گێرانەوەی نوکتە و دروستکردنی کۆمێنتی پێکەنیناوی. ئەو دەیگوت “کارەسات هەر ئەوە نییە کە قسەم پێ دەڵێن، لەوە کارەساتر ئەوەیە، هاوڕێیەکم هەیە تەلەفۆن دەکات، هەرچی جنێوە پێم درایە بۆم دەگێڕێتەوە”. کەمێک پێدەکەنی، دەیگوت “کاکە نەقلی کوفر، کوفر نییە، بەڵام وەڵا نەقلی جنێو، جنێوە”.
فاروق لە چاوپێکەوتنێک چەمکی «نووسەری زۆڵی» بەکارهێنابوو، دەیگوت «ئەمن باسی نووسەری زۆڵم کردیە، ئەوان وادەزانن باسی داکیان دەکەم، لێمتێناگەن، کاکە من باسی مێشکت دەکەم، مەبەستم ئەوەیە مێشکت لەگەڵ هەندێک شوێنی دیکە بەحەرامی جوتبووە، کە نابی جووت بێت، وەڵڵاهی باسی دایکت ناکەم”.


