سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

گرووپی سەکۆ لە کۆمەڵێک نووسەر و ئەکادیمی و توێژەر و ڕۆژنامەنووس و چالاكوان و مێژوونووس و هونەرمەند و وەرزشكار و سیاسەتمەدار لە خەمخۆرانی گەل و نیشتیمانەکەمان پێک هاتووە، پڕۆژەیەکی نیشتیمانیی کوردستانییان بەدەستەوەیە کە خۆی لە کۆکردنەوە و گەیاندنی ئەو دەنگە نیشتیمانییە کوردستانییە بان-حیزب و بان-ئایدۆلۆجیاییانەوە دەبینێت کە تا ئێستا لە غیابی سەکۆیەک، پێگەیەک، مینبەرێک پەرشووبڵاو و کەمکاریگەرن. سەکۆ دەیەوێت ببێت بەو ڕووبەرە کە هەم ئەو قەڵەمە خەمخۆرانە کۆبکاتەوە هەم لە ڕێگەی نووسینەکانیانەوە دەنگ و پەیام و بیربۆچوونەکانیان بە خەڵکی کوردستان و دەرەوە بگەیەنێت بە هەر ڕادە و شێوازێک کە گونجاو بێت، بەتایبەتی بە کەڵکوەرگرتن لە تەکنەلۆجیای نوێ. ئێمە هەوڵدەدەین نەک هەر لە ڕێگەی ماڵپەڕی سەکۆوە بەڵکو بە وەگەڕخستنی تەواوی پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا پەیام و گوتارەکانی نووسەرانی سەکۆ بگەیەنین بە خوێنەران و بینەران و بیسەران.

کوردستان وڵات و خاک و نیشتیمانێکی داگیرکراوە، لەوەش ترسناکتر، بەشێک لە خەڵکی کوردستان وەک دەرئەنجامێکی زیاتر لە سەد ساڵ لە داگیرکاریی خاک، عەقڵ و زهنیەت و بیرکردنەوەیان داگیرکراوە. سەکۆ دەیەوێت ببێت بە گۆڕەپانێک بۆ بیرکردنەوە و قسەکردن لەسەر ئەم واقیعە سەپێنراوە و خستنەڕووی بیروبۆچوونە جیاوازەکان و نەخشەڕێگای ئاشتییانە و مەدەنیانە و مۆدێرنانە و عەقڵانییانە دوور لە توندوتیژیی بۆ بەرەنگاربوونەوە و ڕزگارکردنی مرۆڤی کورد و خاکی کوردستان لە داگیرکاریی خاک و عەقڵ. سەکۆ ئەو پەیامە وەک پەیامێکی کوردستانییانە دەناسێت و هەموو توانایەکی تەرخان دەکات بۆ گەیاندنی ئەو پەیامە هەم بە خەڵکی کوردستان هەم نەتەوەکانی دیکەی ناوچەکە و جیهان.

بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی، سەکۆ سوود لە چەند ئامرازێک وەردەگرێت، لەوانە: نووسین و پەیام و گوتار. بۆ ئەم مەبەستە سەکۆ دەیەوێت ماڵپەڕەکەی ببێت بە پانتاییەکی تایبەت بەو قەڵەم و دەنگانەی هەڵگری ئەو پەیامە کوردستانییەن، پەیامێک کە خەم و بەرژەوەندی نەتەوە و نیشتیمانی کوردستان ئاراستەیان دەکات، لەو دیدگایەشەوە پرسە سیاسییەکان، مێژووییەکان، کۆمەڵایەتییەکان، هونەرییەکان، کەلتورییەکان، ئابوورییەکان، ژینگەییەکان و ستراتیجییەکان دەبینن و شرۆڤە دەکەن و دەخەنەڕوو.

وەک چۆن سەکۆ بەگژ داگیرکاریی دەرەکی دەبێتەوە بەهەمان شێوە ڕەخنەی هێز و لایەنە کوردی و کوردستانییەکان دەکات و سیاسەت و هەوڵە نادروست و ناشەفاف و کورتهێن و گەندەڵکارییەکانیان سەرکۆنە دەکات. سەکۆ دژی هیچ حیزب و لایەنێکی کوردستانی نییە بەڵام هیچ کەس و پارت و لایەنێکیش لە ڕەخنە بە دوور ناگرێت. بە واتایەکی دیکە،  ئێمە سەنگەر لە کەس ناگرین و ڕەخنەش لە هەموو دەگرین.

پێکهاتەی سەکۆ

سەکۆ گرووپێکی خۆبەخشە و بە هەوڵ و ماندوبوونی ئەندامەکانی بەڕێوەدەچێت و هیچ کەس و لایەنێک نە لە ناوەوەی کوردستان و نە لە دەرەوە لە پشت سەکۆ نین. بەڵکو هەوڵێکە کە زادەی ئەو کەش و فەزاو و ژینگەیەی کوردستانە کە گوتاری نیشتیمانیی-کوردستانیی بە بەراورد بە گوتارەکانی دیکە سەرەڕای بوونی بەڵام کەمتر بیستراو و بینراوە. سەکۆ دەیەوێت ئەو بۆشاییە پڕبکاتەوە، ئەویش لە ڕێگەی کۆکردنەوەی ئەو نووسەرانەی کە هەڵگری ئەو جۆرە دەنگ و نووسین و پەیام و بیروبۆچوون و تێگەیشتنانەن. سەکۆ پانتاییەک نییە هەموو نووسەرێک بابەتی خۆی تێدا بڵاوبکاتەوە، لەبەر هیچ هۆکارێک نا تەنیا لەبەرئەوەی سەکۆ کەناڵێکە بۆ دەنگە نیشتیمانییە-کوردستانییەکان، ئەوانەی کە خەمی کورد و کوردستان ئاراستەیان دەکات و وێنە گەورەکەی پرسی کورد دەبینن.

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

بۆ ئەوەی بزانین کە نیشتیمانسازی چییە، دەبێت پێشتر پێناسەی دروستبوونی نەتەوە و دەوڵەتسازی بکەین. دروستبوونی نەتەوە ئەو پڕۆسە کۆمەڵایەتی-سیاسییەیە کە تێیدا خێڵ ‌و قەبیلەکان وردەوردە لە پڕۆسەیەکی مێژووییدا گەشەدەکەن بۆ گرووپی ئیتنیی لەوێشەوە هەنگاو دەنێن بۆ ئەوەی ببن بە نەتەوە. دەوڵەتسازی واتە دروستکردنی دامودەزگاکانی دەوڵەت بە هەر سێ باڵە سەرەکییەکەی دەوڵەت: جێبەجێکاری و یاسادانان و دادوەریی، کە ئەم دامودەزگایانە لەخۆدەگرن، حکومەت، پەرلەمان، دادگاکان، پۆلیس‌ و هێزەکانی بەرگری. مەبەست لە دەوڵەتسازی ڕێکخستن‌ و ڕاپەڕاندنی کاروبارەکانی هاووڵاتییانە لەگەڵ پاراستنی ئاسایشی ناوخۆ و جێبەجێ کردنی یاسا و بەرگری کردن لە قەوارە سیاسی‌ و کۆمەڵایەتییەکەی نەتەوەکە. بەڵام مەبەست لە نیشتیمانسازی، بە کورتی، کارکردن‌ و درێژەدانە بە پڕۆسەی دروستبوونی نەتەوە و دەوڵەتسازی، بەڵام بۆ ئاستێکی بەرزتر کە کۆڵەکه‌کەی لەسەر چەمکی هاووڵاتییبوون‌ و ئەرک‌ و مافەکانی هاووڵاتی ‌و بەرپرسیارییەکانی دەوڵەت‌ و هاووڵاتی داناوە.

پڕۆسەی نیشتیمانسازی ئەو هەوڵانەش دەگرێتەوە کە لەلایەن دەوڵەت ‌و کۆمەڵگەی مەدەنییەوە دەدرێن بۆ هەرچی زیاتر لێکنزیکردنەوەی ئەندامانی ئەو کۆمەڵگەیەیە کە لە سنووری دەوڵەتەکە/هەرێمەکە دەژین. بەم لێکنزیکردنەوەیەش دەگوترێت ئامێزان، مەبەست لە ئامێزان توانەوە نییە. ئامێزان نابێت ببێتە مایەی لەناوبردنی جیاوازییەکان، چ سیاسی بن چ ئیتنی بن چ که‌لتوری‌ بن چ ئایینیی بن. مەبەستی سەرەکی لە نیشتیمانسازی بەدەستهێنان و پەرەپێدانی سەقامگیریی سیاسیی‌ و فەراهەمکردنی دادی کۆمەڵایەتییە بە چەسپاندنی یەکسانی ‌و لەخۆگرتنی گرووپە جیاوازەکان. چونکە ناسەقامگیریی بە گشتی کاتێک دێتەپێش کە گرووپێک لە گرووپەکانی کۆمەڵگە وەدەرنرێت یان بە نایەکسانانە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، جا ئەم گرووپە چ گرووپێکی نەتەوەیی، ئایینیی، که‌لتوریی بێت چ گرووپێکی سیاسیی.

دروستکرنی شوناسی نیشتیمانیی بەشێکی سەرەکی لە پڕۆسەی نیشتیمانسازی پێک دێنێت. شوناسی نیشتیمانیی، کوردستانیی، ئاستێک بەرزترە لە شوناسی نەتەوە، کوردیی. شوناسی نەتەوەیی زادەی پڕۆسەی دروستبوونی نەتەوەیە و کۆڵەکەکەی هەستی نەتەوەپەروەرییە. بەڵام شوناسی نیشتیمانیی زادەی پڕۆسەی نیشتیمانسازییە ‌و کۆڵەگەکەی چەمکەکانی هاووڵاتییبوون‌ و یەکسانییە. دەرئەنجامی سەرکەوتووانەی نیشتیمانسازی دروستبوونی ئەو هەستە نیشتیمانییەیە کە وا لە ئەندامانی کۆمەڵگەیەک بکات شوناسێکی هاوبەشیان هەبێت. شوناسی نیشتیمانیی لەسەر دروست کردنی کۆمەڵێک شوناسی هاوبەش ڕادەوەستێت، لەوانە: ئاڵای نیشتیمانی، سروودی نیشتیمانی، ڕۆژە نیشتیمانییەکان، زمانی نیشتیمانی، ئەفسانەی نیشتیمانی، یادەوەری هاوبەش، چارەنوسی هاوبەش، بەرژەوەندی هاوبەش، تا دەگاتە ستادیۆمی نیشتمانیی ‌و هێڵی ئاسمانی نیشتیمانیی، زانکۆی نیشتیمانیی… هتد.

سەرەڕای یەکدی تەواوکردنی دەوڵەتسازی لەگەڵ نیشتیمانسازی کەچی لە چەند پرسێکی جەوهەریدا لێکجیان. لەکاتێکدا یەکێک لە دەرئەنجامە سەرەکییەکانی پڕۆسەی دەوڵەتسازی بەهێزبوونی دامودەزگاکانی دەوڵەتە کەچی دەرئەنجامی سەرەکی پڕۆسەی نیشتیمانسازی بەهێزبوونی کۆمەڵگە و نەتەوەیە/نیشتیمانە. پڕۆسەی دەوڵەتسازی بەبێ ڕەچاوکردنی پرنسیپەکانی نیشتیمانسازی وڵاتێکی لێدێتە بەرهەم کە دەوڵەتەکەی بەهێز و کۆمەڵگەکەی لاواز.

ئەرکی سەکۆ

گرووپی سەكۆ بۆ نیشتیمانسازی ئەرکێکی نیشتیمانییان خستۆتە سەرشانی خۆیان و هەوڵدەدەن بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە كار بۆ نیشتیمانسازی و نەتەوەسازی کورستانیی بكەن. لەڕێگەی ئەو ئامرازانەی لەبەردەستیداهەیە و ئەوانەش کە لە دواڕۆژدا بەدەستی دێنێت هەوڵی کۆکردنەوە و گەیاندن و ناساندنی تیور و بیر و تێگەیشتنە نیشتیمانییە-کوردستانییەکان دەدات بەشێوەیەكی مەدەنی و ئاشتییانە.

دیدی سەکۆ

گرووپی سەکۆ هەموو شێوازێكی ئاشتییانەی سەردەمیانە وەگەڕدەخات بۆ دروستکردن و کۆکردنەوە و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری نەتەوەیی و نیشتیمانیی کوردستانی لە چوارچێوەی یاسا و ڕێسا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بەمەبەستی گەیشتن بە مافەکانی نەتەوەی کورد لە کوردستان کە یەکسانیی و سەربەخۆیی و سەروەرییە لە کوردستانێکدا کە هەموو گرووپە ئیتنی و نەتەوەیی و دینیی و مەزهەبیی و کەلتوری و سیاسییەکان یەکسانانە و دادپەروەرانە و بێجیاوازی و بە ئاشتییانە بەیەکەوە تێیدا بژین.

سیاسەتی سەکۆ

سەکۆ باوەڕی بە فرەیی و پێکەوەژیان و یەکدی قەبوڵکردن و ئازادی هەیە، ئەو بنەمایانەش دەبنە کۆڵەگەی کارکردنی سەکۆ و مامەڵکردنی لەگەڵ ئەوانی دیکەدا. سەربەخۆیی سەکۆ بناغەی کارکردنی گرووپی سەکۆ، باوەڕبوون بە بەها مرۆییە جیهانییەکان و مافەکانی مرۆڤ و ژینگەپارێزی کۆکەرەوەی ئەندامانی گرووپی سەکۆیە. کاری هەرەوەزی و خۆبەخشی، نەرمونیانی بنەما جێگیرەکانی گرووپەکەیە.

بوار و سەروکاری سەکۆ

سەکۆ نیازی وایە بابەتی سیاسیی، مێژوویی، کۆمەڵایەتیی، هونەریی، کەلتوریی، ئابووریی، ژینگەیی و ستراتیجیی بڵاوبکاتەوە، بەڵام لانیکەم لە سەرەتادا، تەرکیزی لەسەر سێ جۆر بابەتە:

یەکەم: وتار، کە بەکورتی شرۆڤەی بابەتێکی ڕۆژ یان حەفتە لە ٥٠٠-٧٥٠ وشە بکات.

دووەم: بیروڕا، کە شرۆڤەیەکی هەمەلایەنەی بابەتێکی ڕۆژ یان هەر بابەتێکی پەیوەندار بە پرسی کورد و کوردستان لە ١٠٠٠-١٢٠٠ وشە بکات.

سێیەم: شرۆڤە، کە شرۆڤەی بابەتێک بە قووڵیی و ئاسۆیی لە ٢٥٠٠-٣٠٠٠ وشە بکات، بەڵام مەرج نییە نووسەر داتا و گراف و نەخشە و خشتە بخاتەڕوو، یان ئاماژە بە هەموو سەرچاوەکان بکات.

لە دوورمەودادا، سەکۆ هەوڵدەدات ببێت بە سەنتەرێک بۆ کۆکردنەوەی هەموو دەنگە نیشتیمانییە-کوردستانییەکان، لە هەمانکاتدا دەیەوێت هەموو ئەو بابەتانەی کە بۆ سەکۆ دێن بە چەند جۆرێک ئارکایڤ بکرێن. بۆ نموونە، هەر نووسەرێک پێگەیەکی هەبێت لە سەکۆ کە هەموو بابەت و بەرهەمەکانی لەوێدا ئارکایڤ بکرێت، هاوکات، بەپێی بوار و دیسیپلین بابەتەکان پۆلێن بکرێن و ئارکایڤ بکرێن و لە کتێبی ئەلیکترۆنیدا بڵاوبکرێنەوە. بە ئیزافەی ئەمانە، دەمانەوێت لیستی هەموو ئەو کتێب و نووسینانەش ئارکایڤ بکەین، لانیکەم لینکەکانیان دابنێین، کە لە هەمان ئەو دیدە نیشتیمانییە کوردستانییانەوە نووسراون.

ئەم ئەرکە گەورەیەش تەنیا بە ئێمە ئەنجام نادرێت، بۆیە هاوکاری نووسەرە خەمخۆرە کوردستانییە مرۆڤدۆستەکان لە ڕێگەی کردنی سەکۆ بە مینبەری خۆیان پێویستییەکە و لە گەیشتن بەو ئامانجە و خزمەتکردن بە گەل و نیشتیمان نزیکمان دەکاتەوە.

هەموو ئەو بابەتانەی بۆ سەکۆ دێن پێداچوونەوەیان بۆ دەکرێت ئەگەر لەگەڵ دید و پەیام و مەبەستەکانی سەکۆ یەکبگرێتەوە ئەوە دوای هەڵەگری و چاککردنی لە ڕووی خۆشخوێنی و ڕێنووسەوە بڵاودەکرێنەوە. ئەگەرنا، یان لەگەڵ داوای لێبووردن ڕەتدەکرێنەوە یان دەنێردرێنەوە بۆ نووسەر بە مەبەستی پێداچوونەوە تاوەکو ئەو کۆپییە ئامادە دەبێت کە لە سەکۆ بڵاوبکرێتەوە. لە دواڕۆژێکی نزیکدا، سەکۆ مەرجەکانی بڵاوکردنەوە و داڕشتن و نووسین و ڕێنووسی تایبەت بەخۆی لە ماڵپەڕەکەیدا بۆ بەرچاوڕوونی دەخاتەڕوو. بەڵام لە ئێستادا تا بۆی بکرێت ڕەچاوی ئەو ڕێنووسە دەکات کە کاک دیاکۆ هاشمی لە ماڵپەڕی ڕێنووس لەسەر ئەم لینکە (http://diyako.yageyziman.com) بڵاوی کردۆتەوە. هیوادارین ئەو بابەتانەی بۆ سەکۆ ڕەوان دەکرێن ڕەچاوی ئەو ڕێنووسە بکەن، ئەمە کارئاسانییەکی ئێجگار گەورە بۆ ئێمە دەکات.

ئامانجەکانی سەکۆ‏

سەکۆ ئامانجی گەورە و بەرفراوانی هەیە کە ئەمڕۆ خۆی لەمانەی خوارەوەدا دەبینێتەوە:

  • نیشتیمانسازی لەسەر بنەمای هاووڵاتییبوون بە شێوەی مەدەنی بە مەبەستی بەهێزکردن و بەرزڕاگرتنی شوناسی نیشتیمانیی کوردستانیی.
  • گەشەپێدان و پشتیوانیکردن لە کەلتوری لێکتێگەیشتن و پێکەوەهەڵکردن و یەکدی قەبوڵکردن لەنێوان پێکهاتە ئایینیی ‏و نەتەوەییەکانی کۆمەڵگەی کوردستانیی بەمەبەستی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی گرووپە کەلتوری و کۆمەڵایەتی و ‏نەتەوەیی و ئایینییەکان لە کوردستان.‏
  • داکۆکیکردن و بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ وەک ئەوەی لە دەستور و یاسا نێودەوڵەتییەکان و جاڕنامە جیهانییەکاندا ‏هاتوون، بە مافەکانی تاکەکەس و مافەکانی گرووپە نەتەوەیی و ئایینییەکان.
  • ئاڤاکرن و گەشەپێدان و پاراستنی زمان و کەلتور و کەلەپوری تەواوی پێکهاتە نەتەوەیی و کەلتوری و زمانیی و ‏ئایینییەکانی کۆمەڵگەی کوردستانی.‏
  • هاندان و بەشداریپێکردن و پڕهێزکردنی گەنجان و ژنان لە پڕۆسە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی ناو کۆمەڵگەی ‏کوردستانیی.‏
  • ئاشناکردن و هۆشیاکردنەوەی کۆمەڵگەی کوردستانی لە پرسە گرنگەکانی گەرمبوونی زەوی و گرنگی ‏ژینگەپارێزیی و ئاژەڵدۆستی بە مەبەستی گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی خۆڕاگر و خۆژێن.‏
  • بەدەستهێنانی کۆمەڵگەیەکی یەکسان و دادپەروەر و ئاشتیخواز و لەخۆگر لەڕێگەی کارکردن لەسەر ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام و داهێنان و پەرەپێدان بە پەروەردەی مەدەنی.
  • کەمکردنەوەی ڤالایی/بۆشایی نێوان خەڵک و دەسەڵات و هەوڵدان بۆ بنیاتنانی ئاشتی

 

کار و میکانیزمەکانی سەکۆ

سەكۆ بە هاوكاری ئەندامەکانی لەگەڵ نووسەر و ئەکادیمی و توێژەر و ڕۆژنامەنووس و چالاكوان و مێژوونووس و هونەرمەند و وەرزشكار و سیاسەتمەداران، بە میكانیزمی تازە كاردەكات بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی بەم شێوەیەی خوارەوە:

  • کۆکردنەوەی داتا و زانیاری و ئەنجامدانی توێژینەوە، بۆ نموونە، پەڕاوی سیاسەتەکان.
  • ئامادەکردنی پڕۆژە-پێشنیار و پڕۆژە-یاسا بۆ دامەزراوە نیشتیمانییە پەیوەندارەکان.
  • گەیاندنی پەیامەكانی سەکۆ لەڕێگەی میدیای بینراو و بیستراو و خوێندراو و سۆشیال میدیا.
  • بەكارهێنانی هەموو پلاتفۆڕمە ئەلیكترۆنییەكان بۆ گەیاندنی پەیام و پڕۆژەكانی.
  • ڕێکخستنی وێركشۆپ، كۆنفڕانسی ناوخۆیی و جیهانیی، گرووپی گفتوگۆ، سێمینار، گرووپی كاری خۆبەخشی، خولی كورتخایەن و درێژخایەن.
  • ڕێکخستنی کار و چالاکی هونەری، وەك شانۆ، كورتەفیلم، موسیقا و وێنەکێشی.
  • ڕێکخستنی خوول و هۆشیاری وەرزشی و تەندروستی.
  • چاپکردن و بڵاوکردنەوە، کتێبی ئەلیکترۆنی، کتێبی دەنگی، نامەهەواڵ، کورتە ڤیدیۆی دۆکیومێنتاری، ڕاپۆرتی دەنگی و وێنەیی.

 

جیاکەرەوەکانی سەکۆ

ئەوەی سەکۆ وەک پێگەیەک و ڕووبەرێک لە ئەوانی دیکە جیا دەکاتەوە ئەمانەن:

  • سەکۆ نایەوێت بەرژەوەندیخوازانە خراپ-کەڵک لە نووسەرەکانی وەرگرێت بەڵکو ڕێک بە پێچەوانەوە لە خزمەت ئەو نووسەرانە دەبێت کە بەو ئاراستە فکریی و سیاسییە دەنووسن کە لە ناساندنی سەکۆدا هاتووە. ئێمە دەمانەوێت ئەو قەڵەمە نیشتیمانییە-کوردستانییانە کۆبکەینەوە تاوەکو دەنگ و پەیام و ئارگیومێنتەکانیان باشتر بگەن. ئەو دەنگانە کۆ نەکرێنەوە، ئیدی وردە وردە کپ و خامۆش دەبن.
  • سەکۆ دەیەوێت ھەوڵ بدات لە ڕێگەی کۆکردنەوەی نووسەرەکان و گەیاندنی بیروبۆچوون و پەیام و تێگەیشتنەکانیان ئەو گوتارە کوردستانییە زاڵ بکات کە ئێستا لەبەر زاڵیی گوتاری خودنەفرەتی و خۆبەکەمزانی و داگیرکاریی، پەراوێزخراوە.
  • سەکۆ تەنیا مینبەری ئەو نووسەرانەیە کە برەو بەو گوتارە نیشتیمانپەروەرییە کوردستانییە دەدەن و خەمی نەتەوەکەیان بەتایبەتی و مرۆڤایەتی بەگشتیی ئاراستەیان دەکات.
  • سەکۆ ھیچ کەس و لایەنێک لە پشتی نییە و بڕیاریشی داوە نەچێتە ژێر سێبەری ھیچ کەس و لایەنێک.
  • سەکۆ پڕۆژەیەکی سیاسی یان حیزبی نییە و نیازی هەنگاونانی بەو ئاقارەشدا نییە.