سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

سینەما وەک پارێزەری مێژوو، کورد ڕزگاربوویەکی بەهێزە، نەک قوربانییەکی زەلیل

سینەما تەنها هونەری کات بەسەربردن و کەرەستەیەکی هونەری نییە بۆ گێڕانەوەی چیرۆکەکان، بەڵکو چەکێکی “مەعریفی” و گەورەترین و کاریگەرترین مینبەری سیاسی و دیپلۆماسی و کۆمەڵایەتیش بوو لە سەدەی بیستدا، بێگومان لە سەدەی بیست و یەکیشدا. ئەگەر ڕۆڵی زیاتر نەبێ کەمتر نییە بەلای کەمەوە “ئەرشیفێکی زیندووە”.

بۆ نەتەوەیەک کە بە ناو دۆزەخی جینۆسایددا تێپەڕی بێت، سینەما دەبێتە پردی پەیوەندی نێوان ڕابردوویەکی پڕ لە ئازار و داهاتوویەکی شکۆدار. لە هەموو دۆخێکدا سینەما دوو ئەرکی سەرەکی دەبینێت: یەکەم، گەیاندنی دەنگی مەزڵومیەت بە جیهان؛ دووەم، گۆڕینی “ناسنامەی قوربانی” بۆ “ناسنامەی بەرهەمهێن و داهێنەر”. بۆیە ئەم هونەرە ئەفسوناوییە لە توانیدایە لە ئامرازێکی “تۆمارکردنی ئازار”ەوە بگۆڕێت بۆ بزووێنەرێکی، هەستانەوەی نەتەوەیەکی بریندار.

سینەما وەک پارێزەری مێژوو

ئەزموونی جیهانی نیشانمان دەدات کە نەتەوەکانی دی توانیویانە لە ڕێگەی تێگەیشتن لەم هونەرە بەتایبەتیش هێزو زمانی وێنە، دۆسێی جینۆسایدەکانیان لە ڕووداوێکی لۆکاڵییەوە بکەنە پرسێکی جیهانی و ویژدانی. لە کێشەیەکی ناوخۆییەوە بیگۆڕن بۆ کێشەیەکی مرۆڤایەتی.

زۆرن ئەو فیلمانەی کە دۆسێی جوو یاخود هۆڵۆکۆستی جووەکانیان بردە ناو مێژووەوە و لە چیرۆکێکی لۆکاڵییەوە کردیان بە چیرۆکی جیهانی. فیلمی پیانۆژەن لە دەرهێنانی ڕۆمان پۆلانسکی، کە خۆشی یەکێکە لە ڕزگاربووانی کەمپەکانی هۆڵۆکۆست کە نازییەکان لە کاتی جەنگی جیهانی دووەمدا ئازاری جووەکانیان تێدا دەدا، ڕەنگە هەر هی ئەوەش بێت کە فیلمەکە زۆر بە واقیعی و بەشێوەیەکی کاریگەر دەرهێنراوە. یاخود فیلمی (Schindler’s List)  لە دەرهێنانی ستیڤن سپیلبێرگ، نموونەیەکی هەرە دیارە لەسەر هۆڵۆکۆست. فیلمی شیندلەر لیست تەنها باسی کوشتنی جووەکان ناکات، بەڵکو گەورەیی ئەو ژیان و شارستانییەتەش نیشان دا کە لەناو چوو، هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە جیهان بە چاوێکی پڕ لە ڕێز و هاوسۆزەوە تەماشای ئەو مێژووە بکات. کە فاشیزم لەبەینی بردووە هەروەها فیلمی پیانۆژەن، ئەوەمان نیشان دەدا کە چۆن هونەر و داهێنان (مۆزیک، پیانۆ) دەبێتە هۆی مانەوەی پیانۆژەنەکە لە کەشێکدا کە مردنی مرۆڤەکان سادەترین کردەیە لەلایەن ئەفسەران و سەربازانی ئەڵمانیای نازیی، بەڵام پیانۆیەک ئاوازژەنینێک دەبێتە ڕایەڵێکی پەیوەندی مرۆڤایەتی لەنێوان ئەفسەرێکی نازی و جوویەک کە دەبوو بمرێت.

لەلایەکی دیەوە، ئەرمەنییەکان لە ڕێگەی فیلمی وەک (The Promise) یان (Ararat) توانییان مێژوویەکی سەد ساڵە بهێننەوە ناو هۆڵەکانی سینەما لە واشنتۆن و پاریس. ئەم فیلمانە نیشانیاندا کە ئەرمەنەکان نەتەوەیەکی خاوەن مێژوو و داهێنانن و ڕووبەڕووی ستەم و جینۆسایدێکی مەترسیدار بوونەتەوە، کە جیهان لەگەڵ ئەوەی بانگەشەی مافی مرۆڤ و دیمۆکراسی دەکات بەڵام ئەم تاوانە گەورەیەی لەیاد کردووە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی فشاری سیاسی دروست بکەن بۆ ناساندنی جینۆسایدەکەیان.

تێپەڕاندنی کەلتووری “زەلیلی” و “قوربانیبوون

ئەرکی هەرە قورسی سینەما لە کۆمەڵگەیەکی وەک کوردستان دا بەتایبەتیش لە دوای جینۆساید، ئەوەیە کە چیدی خۆی لەبەردەم ئەوانی دی وەک زەلیل و گوناح نیشانی دنیا نەدات. ڕەنگە باشترین نموونە لە مێژووی نوێدا شەنگال و کۆبانێ بن ئەگەر “کۆبانێ”ش وەک شەنگال یاخود وەک ئەنفال بچونایەتە مێژووەوە چی لە دۆخی کورد دەگۆڕێ؟ بەڵام کۆبانێ و ئەنفال دوو چیرۆکی جیاوازی کورد و دوو ناسنامەی جیاوازن. شەنگال هێزی مەزڵومییەتە و کۆبانێ هێزی بەرەنگاریی.

ئەم ناسنامەیە لە هەردوو بارەکەدا دەکرێت هێز بن بەڵام یەکێکیان هێزی ناسنامەیە کە مەزڵومییەتە ئەوی دییان ناسنامەی هێزە کە بەرەنگارییە. کۆمەڵگەیەک کە دیوما (برینی قووڵی دەروونی) هەبێت، زۆر جار پەنا دەباتە بەر نیشاندانی خۆی وەک “قوربانییەکی بێدەسەڵات” بۆ ئەوەی بەزەیی جیهان ڕابکێشێت. بەڵام ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە کە سیستەمی سەرمایەداری و دنیای مۆدێرن، ڕێز لە قوربانی ناگرێت “بەزەیی”یش دادی کۆمەڵگە نادات، بەڵکو دەبێت کۆمەڵگەی جینۆساید کراو لەوە تێبگات دنیا ڕێز لە “هێز و بەرهەمهێنان و داهێنان” دەگرێت. نەک لە مەزڵومییەت.

دنیا گوێ لەو کەسە ناگرێت کە تەنها دەکڕوزێتەوە و برینەکانی نیشانی ئەوی دی دەدات، بەڵکو سەیری ئەو کەسە دەکات کە لەسەر پێی خۆی وەستاوە و شتێکی نوێ بۆ مرۆڤایەتی زیاد دەکات. ئەگەر سینەمای ئێمە تەنها لە چوارچێوەی “شیوەن و زەلیلی”دا بمێنێتەوە، جیهان تەنها وەک “کێشەیەکی مرۆیی” سەیرمان دەکات. ئەویش بەشێوەیەکی کاتیی و ڕاگوزەر. بەڵام کاتێک سینەما نیشانی دەدات کە نەوەی دوای جینۆساید خەریکی داهێنانن، بەرهەمهێن و جەنگاوەری باشن ئاشنای دنیای مۆدێرن و تەکنەلۆجیان و فەرهەنگێکی دەوڵەمەندیان هەیە، ئەو کاتە جیهان ناچار دەبێت وەک “هاوبەشێکی گرنگ” مامەڵەمان لەگەڵ بکات.

 سینەما وەک بزوێنەری کۆمەڵگەی داهێنەر

برینی جینۆساید تەنها بە هاوکاریی ماددی سارێژ نابێت، تەنانەت ئەگەر قوربانییەکانی بخرێنە باشترین ئاستی خۆشگوزەرانییەوە، بەڵکو بە گەڕانەوەی “شکۆی مرۆڤایەتی و نەتەوەیی” سارێژ دەبێت. مرۆڤی کورد هیچ کات ناتوانێت بەسەرمایەی ماددی و خۆشگوزەرانی شکۆمەندی بەدەست بهێنێت ئەگەر خۆی و نەتەوەکەی ئازاد نەبن، چونکە لەهەر کوێیەکی ئەم دنیایە ڕووبەڕووی شتێک دەبێتەوە کە ناسنامەێتی سینەما دەتوانێت ئامرازێکی گرنگی هوشیاری و بەدەستهێنانی ئەم شکۆیە بێت بەوەی کە:

یەکەم، لە جیاتی نیشاندانی کارەکتەری زەلیل و ئێسک و پروسک و تەرمی قوربانییەکان، ئازایەتی دایکان و “خەونەکان”یان نیشان بدات، یاخود ئەو هێزە زەینی و کولتوورییەی مرۆڤەکان نیشان بداتەوە کە بێسەروشوێن کران.

دووەم، لە جیاتی نیشاندانی مەرگ، “ئیرادەی هەستانەوە” نیشان بدات. یاخود لەبری خۆبەهیچ نەزان و دواکەوتوو نیشان بدات ئەو توخم و ڕەگەزە کولتوورییانە نیشان بداتەوە کە پێش جینۆساید هەبوون و بەهۆی تاوانکاریی دەوڵەتەوە لەدەستچوون. دەنا سینەمای کوردی بە نیشاندانی گوند و بەڕە و جاجم بەبێ ئامانج و مەبەست ناتوانێت چیرۆکێک بگێڕێتەوە کە نەمر بێت.

کۆمەڵگەیەکی بەرهەمهێن پێویستی بە جۆرە سینەمایەک هەیە کە متمانە بە گەنجەکانی ببەخشێت. نەک نائومێد و سەرگەردان نیشانیان بدات. نیشاندانی ئەوەی کە کورد سەرەڕای جینۆساید، توانیویەتی شار بونیاد بنێتەوە، زانکۆ دروست بکات و هونەری مۆدێرن پێشکەش بکات، ئەگەر لە واقیعدا زانکۆکان هەر بینابن و بەرهەمهێنەری مەعریفە نەبن دەبێتە ئامرازێکی فریودەر. بەپێچەوانەشەوە، دەتوانێت وێنەیەک نیشان بدات کە هێزی هەزاران لاپەڕەی نوسراوی هەبێت. بێگومان بەبێ ئەوەی مەبەستمان بێت هێزی نووسین و چاپەمەنی نادیدە بگرین.

قسەکردن لەسەر سینەما کاتی زۆری دەوێ بەڵام هەرچەندە دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی نالەباریش بێت سینەما بۆ ئێمە وەک ئۆکسجین وایە دەشێت هەرکاتێک بەچالاکی بکەوێتە کار وەرچەرخانێک لە “گێڕانەوەی تراجیدیا” بۆ “گێڕانەوەی سەرکەوتن بەسەر تراجیدیادا” دروست بکات.

ئەوەی گرنگە هونەرمەندی کورد بەتایبەت سیناریست و دەرهێنەران بیزانن ئەوەیە کە جیهان پێویستی بەوە نییە تەماشای چیرۆکی زەلیلی ئێمە بکات، بەڵکو پێویستی بەو نەتەوانەیە کە دەیسەلمێنن مەرگ کۆتایی ڕێگەکە نییە. هەمیشە گوتوومە و دەیڵێمەوە، کورد چیرۆکی زۆرە بۆ شانازی، مرۆڤی زۆرە بۆ شانازیی، بەڵام زۆربەیان سەرقاڵن بەوانەوە کە جێگەی شەرمەزاریمانن.

کاتێک ئێمە وەک کۆمەڵگەیەکی داهێنەر و کارکەر لە شاشەی سینەماکاندا دەردەکەوین، نەک تەنها دۆسێی جینۆسایدەکەمان بە زیندوویی دەهێڵینەوە، بەڵکو ڕێزی جیهانیش بۆ داهاتووی نەتەوەکەمان و مرۆڤایەتی مسۆگەر دەکەین. ساڕێژبوونی برینەکان لە تێگەیشتن لەم ڕاستییەوە دەست پێ دەکات: ئێمە ڕزگاربوویەکی بەهێزین، نەک قوربانییەکی زەلیل.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO