بێجگە لەو هۆکارانەی کە تا ئێستا باسکراون، کە لە سەرووی هەموویانەوە جینۆسایدکردنی نەتەوەی کورد بوو، کەچی بە وردبوونەوە لە نەخش و جوگرافیای هەڵمەتەکانی ئەنفال هەندێک ئامانج و نیازی ستراتیجی دیکەی ڕژێمی عێراقی دەردەکەون. ئەم بابەتە پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە مەبەستی هەرە سەرەکی حکومەتی عێراقی لە ئەنفالەکان دروستکردنی کەمەربەندێکی بێ-کورد (no-Kurd buffer zone) لە چواردەوری شاری کەرکووک بوو، ئەویش وەک بەشێک لە هەوڵەکانی ڕژێم بۆ قرتاندنی ناوچە دەوڵەمەند بە نەوتەکانی پارێزگای کەرکووک و دەوروبەری.
بۆ سەلماندنی ئەم ئارگیومێنتە، هەوڵدەدەین نەخش (pattern) و جوگرافیای شونبزرکردن و لەناوبردنی ئەو خەڵکە مەدەنیانە بخەینە ڕوو کە بەر هەڵمەتەکانی ئەنفال کەوتن. بۆ ئەم مەبەستەش ئەو ناوچانەی کە ئەنفالەکانیان تێدا ئەنجامدرا دابەش دەکەین بەسەر چوار حەوز (catchment) حەوزی دهۆک، حەوزی هەولێر، حەوزی سلێمانی و حەوزی کەرکووک (تەماشای خشتە و نەخشەی هاوپێچ بکە).
سەرەڕای ئەو کارە ماندوونەناسییەی کە هیومان ڕایتس وۆچ لە پەیوەند بە ئەنفال ئەنجامی داوە بەڵام لێکدانەوە و ئەنجامگیریان لەمەڕ نەخش و جوگرافیای شونبزرکردن و لەناوبردنی خەڵکە مەدەنییەکە کورتی هێناوە و ڕاستییەکان وەدەرناخەن. ڕاپۆرت و کتێبەکەی هیومان ڕایتس وۆچ دەڵێت “شونبزرکردنی بە کۆمەڵی ژنان و منداڵان بەگشتی ڕەنگدانەوەی ئاستی بەرگریی پێشمەرگە بوون”. بەگوێرەی هەڵسەنگاندنەکانی هیومان ڕایتس وۆچ بێت لەکاتی هەڵمەتەکانی ئەنفالەکان لە هەر شوێنێک پێشمەرگە بە سەختی بەرگری کردبێت و شەڕی قورس لە هێرشەکان کەوتبێتەوە ئەوە لەو جێگایانە خەڵکە مەدەنییەکان کە گیراون بێسەروشوێن کراون.
لە ڕاستیدا، وردبوونەوە و شیکردنەوەی ڕووداوەکان و سەختی بەرگری پێشمەرگە لە هەر حەوزێک لە حەوزەکان، یان قۆناغەکانی ئەنفال، وێنەیەکی دیکەمان نیشان دەدەن. ئەوەی لە وردەکارییەکان دەردەکەوێت ئەوەیە کە شونبزکردن و قڕکردنی خەڵکە مەدەنییەکان، بەتایبەتی ژنان و منداڵان، پەیوەندی بەوەوە نەبووە داخۆ لەو شوێنە پێشمەرگە بە سەختی بەرگری کردووە یان نا، بەڵکو شونبزکردنی خەڵکەکە زیاتر پەیوەندی بە شوێنی گرتنەکەوە هەیە. بەواتایەکی دیکە داخۆ خەڵکەکە دانیشتوی حەوزی کەرکووک بوون یان نا.
بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم ئەنجامگیرییە وردتر تەماشای ئامارەکان و ئاستی بەرگری پێشمەرگە بەپێی قۆناغەکان و حەوزەکان دەکەین. لەم توێژینەوەیەدا بۆ دیارکردنی ئاستی بەرگری هێزی پێشمەرگە پشت بەو زانیارییانە دەبەستین کە لە کتێبەکەی هیومان ڕایتس وۆچ (Iraq’s Crimes of Genocide) هاتووە لەگەڵ ئەو ئەزموونەی کە نووسەری ئەم بابەتە لەو بوارەدا هەیەتی. بۆ دیاریکردنی ژمارەی ئەو کەسانەش کە لە هەر حەوزێک لە حەوزەکان، هەر قۆناغێک لە قۆناغەکانی ئەنفال، لەناوبراون توێژینەوەکە سەرەڕای ئەو سەرچاوانەی کە لە خشتەکە ئاماژەی پێکراوە زیاتر پشتی بەو داتایانە بەستوە کە لە کتێبەکەی زیاد عبدولرەحمان “تونی مەرگ”دا هاتووە.
ژمارەی ئەنفالکراوەکان بەپێی داتاکانی زیاد عەبدولرەحمان لەوەدەچێت کەمتر بێت لەوەی کە هەیە بەڵام داتاکانی ئەم نووسەرە لە هەموو ئەو داتایانە وردتر و گشتگیرترە و تەرکیزیشی کردۆتە سەر ئەو ناوچانەی کە لە هەموو ناوچەکان زیاتر خەڵکی تێدا بێسەروشوێنکراوە. داتاکانی ئەو لە هەموو ئەو داتایانەی تا ئێستا لەبەردەستدان نزیکترن لە ڕاستی و بۆ مەبەستەکەی ئەم توێژینەوەیەش زۆر بەکەڵکن چونکە چاکتر لە هەمووان نەخشی شونبزکراوەکان بەپێی شوێنی دەستبەسەرکردنیان نیشان دەدات. هەر بۆیەش لێرە پشتیان پێ بەستراوە. واچاکە ئاماژە بەوەش بکەین کە لە ٢٠٠٨ دا حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کتێبێکدا هەندێک ئاماری لەسەر جینۆسایدی کورد لە عێراق لە توێ کتێبێکدا بەناوی خستنەڕووی هێڵکاری زانیارییەکانی جینۆسایدی گەلی کورد بڵاوکردۆتەوە. بۆ کۆکردنەوەی ئامارەکان و بەرهەمهێنانی کتێبەکە هەزار کەسێک لەسەر ئەم پرۆژەیە کاریان کردووە. بەڵام داتاکانی کتێبەکە لە هیچ شوێنێک ژمارەی قوربانییەکانی ئەنفال نیشان نادەن.
خشتەی هاوپێچ ئەوە نیشان دەدات کە لە کۆی ٦٨٢٣٠ لەو کەسانەی لە هەموو قۆناغەکانی ئەنفالەکان دوای گرتنیان بێسەروشوێنکراون ئەوە ٥١٢٣٦ کەسەیان لە حەوزی کەرکووکن، واتە لە ٧٥% ی ئەنفالکراوەکان لە دوو قۆناغەکەی حەوزی کەرکووکن، قۆناغی سێ و چوار. هاوکات خشتەکە ئەوەش نیشان دەدات کە شونبزرکردنی خەڵکە مەدەنییەکان پەیوەندییەکی ئەوتۆیان بە ئاستی بەرگری پێشمەرگە و سەختی شەڕەکان لە ئانوساتی هەڵمەتەکانەوە نەبووە. بەپێچەوانەوە وەک لە خشتەکە دەردەکەوێت لەو شوێنانەی کە پێشمەرگە و هاووڵاتییان بەرگرییەکی زیاتر و سەختر و دوورودرێژتریان کردووە، وەک قۆناغی یەک، پێنج، شەش و حەوت، ژمارەی خەڵکە ئەنفالکراوەکە زۆر کەمترە لە قۆناغەکانی حەوزی کەرکووک کە بەرگری تێیاندا نزم یان مامناوەندی بووە. ئەوانەی لە قۆناغەکانی یەک، پێنج، شەش و حەوت، واتە لە دەرەوەی حەوزی کەرکووک کوژراون یان شونبزرکراون بەدەگمەن ژن و منداڵیان تێدابووە. لەکاتێکدا بەشێکی زۆر لەوانەی لە حەوزی کەرکووک بێسەروشوێنکران ژن و منداڵ بوون.
خوێندنەوەیەکی وردی ڕاپۆرتەکانی هیومان ڕایتس وۆچ و ئەو گێڕانەوانەی لە سەرچاوەکانی دیکەی سەر ئەنفال بەرچاو دەکەون دیاردەیەکی دیکەی سەرنجڕاکێشمان نیشان دەدەن. ئەویش چارەنووسی ئەو کەسانەیە کە لە کاتی هەڵمەتەکانی قۆناغی دووەم لە ئەنفالەکان لە حەوزی سلێمانیـیەوە ڕوویان لە حەوزی کەرکووک کردووە. ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە قۆناغی دووی ئەنفال شونبزرکران ٨٨٣٥ کەسن، کە دەکاتە نزیکەی ١٣% ئەو کەسانەی لە ئەنفالەکان دا بێسەروشوێنکران. ئەوەی جێگەی سەرنجە زۆربەی هەرە زۆری ئەو ٨٨٣٥ کەسە لەو کەسانەن کە لە قۆناغی دوو لە ناوچەی قەرەداغ بەرەو خوار ڕوویان لە گەرمیان کرد. ئەو کەسانەی کە لە هەمان ناوچە لەکاتی هەڵمەت و هێرشەکان بەرەو عەربەت و سلێمانی بەڕێکەوتن بەگشتی بە سەلامەتی نەجاتیان بووە. لەبەرئەوەی ئەو خەڵکە مەدەنییانە دوای هاتنیان بۆ ناوچەی گەرمیان، واتە حەوزی کەرکووک، ئەنفالکراون بۆیە دەکرێت ژمارەی ئەمانە لە سەر حەوزی کەرکووک نەک سلێمانی هەژمار بکرێت، چونکە وەک ئاماژەی پێ کرا لەوێدا دەستبەسەر کراون. ئەگەری زۆرە ڕژێم لەکاتی گرتنیان نەیزانی بێت ئەوانە لە کوێوە هاتوون بۆیە چارەنووسیان وەک چارەنووسی خەڵکە مەدەنییەکەی کەرکووک بێسەرشوێنکردن بوو. بەمەش ژمارەی ئەوانەی لە حەوزی کەرکووک ئەنفالکراون دەبێتە ٦٠٠٧١ لە کۆی ٦٨٢٣٠ ئەنفالکراوە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ٨٨% ی هەموو ئەو کەسانەی لە تەواوی کوردستان ئەنفالکراون لە حەوزی کەرکووک بوون. هەر بۆ بەرچاوڕوونی واچاکە ئاماژە بەوەش بکەین کە ناوچەی قەرەداغ، قۆناغی دوو لە ئەنفالەکان، هاوسنووری ناوچەی گەرمیانە و درێژکراوەیەتی، بۆیەش دەکرێت بڵێین کە ڕێکەوت نەبووە کە چارەنووسی خەڵکی قەرەداغیش بە چارەنووسی خەڵكی حەوزی گەرمیان چوو.
ئەگەر بە وردی تەماشای شێوازی مامەڵەو نەخشەکێشانی هێزەکانی حکومەت لە قۆناغەکانی ئەنفال بکەینو بەراوردیان بکەین بە یەک ئەوە زیاتر مەرازە پێشوەختییەکانی حکومەتی عێراق لە پەیوەند بە خەڵکی حەوزی کەرکووک دەردەکەون. بەپێچەوانەی قۆناغەکانی یەک، دوو، پێنج، شەش، حەوت و هەشت، کە لە حەوزەکانی سلێمانی و هەولێر و دهۆک ئەنجامدران، هێزەکانی ڕژێم لە حەوزی کەرکووک، واتە قۆناغی سێ و چوار، تەواوی ناوچەکەیان پێش هێرشکردنە سەر تەوق کردبوو، واتە ڕێگەیەکیان بۆ خەڵکە مەدەنییەکە نەهێشتبۆوە تا دەرباز بن بەغەیرەز خۆبەدەستەوەدان. لە هەر دوو قۆناغەکەی حەوزی کەرکووک، هێزەکانی ڕژێم پێشوەخت زیل و ئیڤە و ئوتۆمبێلی نەفەر هەڵگریان ئامادە کردبوو. بەمشێوەیە دوای دەستگیرکردنی خەڵکەکە لە چەند شوێنێکی کاتیی کۆیان کردنەوە و دواتر بۆ تۆپزاوە ڕەوانەیان کردن. لەوێدا پرۆسەی هەڵاوێردن و کوشتن و شونبزرکردن و لەناوبردن دەستی پێ کرد. ئەم پڕۆسە ڕێکخراوە بەدەگمەن لە قۆناغەکانی دیکەی ئەنفال جێبەجێ کران، قۆناغی هەشتی حەوزی دهۆکی لێ دەرچێت کە تاڕادەیەک لە مامەڵەی حەوزی کەرکووک دەچوو. سەرەڕای ئەم قسەیە، لە حەوزی دهۆک دا خەڵکەکە و ناوچەکانیان بەتەواوی تەوق نەکرابوون. ئەمەش بوو بە مایەی ئەوەی نزیکەی ٨٠ هەزار کەس لە خەڵکی ناوچەکە نەجاتیان بێت و بەرەو تورکیا بڕۆن چونکە سنوورەکان بەربەرەڵا بوون.
سروشتی گشتگیری و هەمەلایەنی و پلان بۆ دانان و ڕێکخراویی هەڵمەتەکانی ئەنفال ئەوە دەردەخات کە حکومەتی عێراق مکوڕبووە لەسەر نەهێشتنی ئاسەواری کورد لە کەرکووک و دەوروبەری، بەتایبەتی ئەو ناوچانەی کەوتونەتە باشووری کەرکووك و سنوورەکانیان پێشتریش بەر هەرڵمەتەکانی تەعریب کەوتبوون وەک دەوروبەری قەزای توزخورماتوو کەلار. بێجگە لەو بەڵگە و داتایانەی تا ئێستا خستمانە ڕوو، ڕاستی ئەم تێگەیشتنە لەوەش دەردەکەوێت کە دوو عەشیرەتە هەر زەرەرمەندەکەی هەڵمەتەکانی ئەنفال نیشتەجێی ئەو ناوچانەن، ئەوانیش “ڕوغزایی “و “داودە”ن.
| قۆناغی ئەنفال | حەوزو ناوچە | ئاستی بەرگری پێشمەرگە | رێکەوت ساڵ ١٩٨٨ (ماوە بە ڕۆژ) | ژمارەی گوندەکان | ژمارەی کوژراو | ژمارەی ئەنفالکراوان | ڕێژە بە پێی قۆناغ % | رێژە بە پێی حەوز % | |
| یەکەم | حەوزی سلێمانی | سەرگەڵو بەرگەڵو | بەهێز | ٢٣/٢تا١٩/٣ (٢٧) | ٢٤٠ | ٤٦٠ | ٩ | ٠.٠١ | ١٢.٩٥ |
| دووەم | قەرەداغ | نزم | ٢٢/٣تا١/٤ (١١) | نەزانراوە | ١٦٨ | ٨٨٣٥ | ١٢.٩٥ | ||
| سێیەم | حەوزی کەرکوک | گەرمیان | مامناوەندی | ٧/٤تا٢٠/٤ (١٣) | ٥٠٤ | ٤٣ | ٤٤٠٣٥ | ٦٤.٥٤ | ٧٥.٠٩ |
| چوارەم | زێی بچوک | نزم | ٣/٥تا٨/٥ (٥) | ٢٠٠ | ٣٠٠ | ٧٢٠١ | ١٠.٥٥ | ||
| پێنجەم، شەشەم، حەفتەم | حەوزی هەولێر | شەقڵاوە رەواندوز | زۆر بە هێز | ١٥/٥ تا ٢٦/٨ (٩١) | ٥٢ | ٥٥ | ١٥٠ | ٠.٢٢ | ٠.٢٢ |
| هەشتەم | حەوزی دهۆک | بادینان | زۆر نزم | ٢٥/٨ تا ٦/٩ (١٣) | ٣١٠ | ٣٢١ | ٨٠٠٠ | ١١.٧٣ | ١١.٧٣ |
| کۆ | ١٣٠٦ | ١٣٤٧ | ٦٨٢٣٠ | ١٠٠.٠٠ | ١٠٠.٠٠ | ||||


