نازیزم کە ئێستا بووە بە چەمکێک بۆ کۆمەڵێک مانا، کورتکراوەی دەستەواژەی ئەڵمانی (Nationalsozialismus)ـە؛ کە بە کوردی دەبێتە سۆسیالیزمی نیشتمانی یان نەتەوەیی. بنەچەی ناوەکە دەگەڕێتەوە بۆ پارتی کرێکارانی سۆسیالیستی نیشتمانی ئەڵمانیا. ئینجا وشەی “نازی” لە چوار پیتی یەکەمی وشەی (National) وەرگیراوە، کە لە ئەڵمانیدا بە “ناتسی” گۆ دەکرێت. واتە ناوی حیزبەکەیە بووە بە سیمبۆڵی ئایدیۆلۆجیایەکی نامرۆڤانە.
ئایدیۆلۆجیای ئەو حیزبە سیاسییە کە ئەدۆلف هیتلەر سەرۆکایەتی دەکرد و سیستەمێکی فیکری توندڕەو بوو، لەسەر چەند بنەمایەک دامەزرابوو، لەوانە:
یەکەم، ڕەگەزپەرستی، نازییەکان باوەڕیان وابوو “ڕەگەزی ئاری”، لە سەرووی هەموو ڕەگەزەکانی دیکەوەیە.
دووەم، نەتەوەپەرستی توندڕەو، واتە لە پێشینەدانانی بەرژەوەندی نەتەوەی ئەڵمان بەسەر هەموو شتێکدا.
سێیەم، دیکتاتۆرییەت، واتە بڕوابوون بە بنەمای (Führerprinzip)، یان “پێڕەوی سەرکردە”، کە تێیدا هەموو دەستەڵاتەکان لە دەستی ئەدۆلف هیتلەر دا بوون.
چوارەم، دژایەتی دیموکراسی، نازییەکان پێیان وابوو دیموکراسی دەبێتە هۆی لاوازکردنی دەوڵەت و دەبێت خۆی لێ دوور بگرن.
سەرهەڵدانی ئەو حیزبە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی دوای جەنگی یەکەمی جیهان لە ئەڵمانیا، دوای ئەوەی ئەڵمانەکان لەو شەڕە جیهانییەدا هەرەسییان هێنا و هاوپەیمانەکان قەرەبووکردنەوەیەکی زۆریان بەسەردا سەپاندن. ئەڵمانیا لەدوای شەڕ بە دۆخێکی ئابووری زۆر سەختدا تێپەڕ دەبوو، ئەمەش ڕاستەوخۆ لەدوای جەنگ بووە هۆی سەرهەڵدانی ئەو بزووتنەوە ئایدیۆلۆجیستە. لە ١٩٣٣، لەڕێی هەڵبژاردنەوە ئەو حیزبە دەستەڵاتی گرتە دەست و تا ١٩٤٥، لە دوای جەنگ هەڵوەشایەوە و چالاکییەکانی قەدەغە کران.
بەعسیزم، لەو شێوەگرتنەی نازیزم زۆر نزیکە. بەعسیزم، کە لە وشەی (البعث)ی عەرەبییەوە هاتووە بە واتای “ژیانەوە”، یان هەستانەوە. بزووتنەوەی بەعسیزم بە چەند قۆناغێک لە شام سەر دەردێنێت. سەرەتا دوو گرووپ بوون. یەکەمیان “پارتی بەعسی عەرەبی” (حزب البعث العربي)، کە لە ٧ی نیسانی ١٩٤٧ لە شام لە بنەڕەتدا لەلایەن سێ کەسەوە دامەزرا. میشێل عەفلەق، کە بە ئایین مەسیحی بوو؛ سەڵاحەددین بەیتار، کە بە ئایین موسوڵمان بوو. هەروەها، زەکی ئەرسۆزی، کەسایەتییەکی عەلەوی بوو، ڕۆڵێکی گرنگ و سەرەکی هەبوو لە داڕشتنی بیرۆکەی نەتەوەپەرستی.
پارتی عەرەبی سۆسیالیست (حزب العربي الاشتراکي)یش کە لەلایەن ئەکرەم حۆرانی کە بە ئایین موسوڵمان بوو، لەو سەروبەندەدا دامەزرا. دوایی ئەو دوو حیزبە لە ١٩٥٢ یەکیان گرت و بوون بە “حیزبی بەعسی عەرەبیی ئیشتراکی”. ئەوان دەیانویست ئایدیۆلۆجیایەک دروست بکەن، کە عەرەبەکان لەسەر بنەمای “زمان” و “مێژوو” یەک بخەن، نەک لەسەر بنەمای ئایین، بەڵام ئەوەیان نەدەشاردەوە کە ئیسلامیش پەیامێکە ڕۆحی نەتەوەی عەرەب دەپارێزێت.
دروشمە سەرەکییەکەی بەعس بریتی بوو لە “ئوممەتێکی عەرەبی یەکگرتوو، خاوەن پەیامێکی نەمر” (أمة عربیة واحدة، ذات رسالة خالدة). ئەم دروشمە ئایدیۆلۆجییە لەسەر سێ پایەی سەرەکی بیناکرابوو.
یەکێتیی (الوحدة): ئامانجی یەکخستنی هەموو نیشتمانی عەرەبی بوو کە خۆی لە ٢١ وڵاتی بەناو عەرەبی دەبینیەوە و دەیانویست لە یەک دەوڵەتدا کۆیان بکەنەوە. بۆیە دەڵێم “بەناو عەرەبی” چونکە ئێستا هۆشیارییەکی زۆر لەلایەن خەڵکی ڕەسەنی هەندێک لەو وڵاتانە دروست بووە و پێیان وایە لە بنەڕەتدا ئەو وڵاتانە عەرەبیی نین. لەوانەش مۆرۆکۆ (مەغریب) و جەزائیر و تونس و لیبیا، تەنانەت میسریش.
ئازادی (الحریة): مەبەست لێی ڕزگاربوون بوو لە کۆلۆنیالیزم و ئیمپریالیزم و لە دەستوەردانی دەرەکی. ئەو ئازادییە لێرەدا بەهیچ جۆرێک پەیوەندی بە ئازادییەکانی مرۆڤ و ئازادی تاکەوە نییە.
سۆسیالیزم (الاشتراکیة): جۆرێکە لە سۆسیالیزمی نەتەوەیی، کە ئامانجی گەشەپێدانی ئابووری عەرەبە، زیاتر لەژێر کاریگەری سۆسیالیزمی یەکێتیی سۆڤییەت دا بوو بەڵام بە مۆرکێکی عەرەبی.
بەعسیزم سەرەتا وەک بزووتنەوەیەکی ڕۆشنبیریی دەستی بەکارەکانی کرد. دوایی کە لە سووریا و عێراق گەیشتنە دەستەڵات، بووە سیستمێکی ڕەهای تۆتالیتێر، کە خۆی لە “دیکتاتۆرییەتێکی ڕەها”دا دەبینییەوە، لەسەر ژمارەیەک بنەمای کردەیی.
نەتەوەپەرستییەکی توندڕەو: بەعسیزم پێی وابوو هەر نەتەوەیەکی دیکە لەسەر خاکی عەرەب بژی، دەبێت بتوێتەوە و بکرێت بە عەرەب لەڕێی پڕۆسەی تەعریبەوە. لە باشترین حاڵەتدا وەکو میوان تەماشا دەکران. میوانیش دەبێت پابەندی یاسا و ڕێساکانی خاوەن ماڵ بێت. هەڵبەت لە ڕوانگەی ئەوانەوە تا چیاکانی زاگرۆس بەشێکە لە نیشتمانی عەرەب.
کولتووری عەرەب: پێی وابوو عروبەی بەعس ڕەگەزپەرستیی نییە، بەڵکو لەسەر بنەمای کولتوورەوە دامەزراوە و هەرچی لە نیشتمانی عەرەب بژی، هەڵگری کۆد و بنەماکانی ئەو کولتوورەیە، کە ئایینی ئیسلام بەشێکی بنەڕەتییە لەو کولتوورە. بۆیە میشێل عەفلەق هەمیشە دژ بە هەر جموجۆڵێکی پێچەوانەی مەسیحییەکان بوو و پێی وابوو ئیسلام ڕۆحی نەتەوەیە و نابێت دژی بوەستنەوە.
دژایەتیکردنی فرەیی: بەعس ڕێگەی بە دروستکردنی هیچ حیزب و بزووتنەوەیەکی دیکە نەدەدا، خۆی بە حیزبی ڕێبەر (الحزب القائد) هەژمار دەکرد، حیزبێک کە ڕێبەرێتی دەوڵەت و کۆمەڵگە دەکات.
بە سەربازکردنی کۆمەڵگە: کۆمەڵگە لەسەر بنەمای سەربازیکردن دادەمەزرێت. هەموو تاکێک دەبێت هەمیشە سەرباز بێت و لەسەر بنەمای سەربازبوون، واتە باوەڕبوون بەوەی هەموو تاکێک سەربازێکی ئامادەیە بۆ ڕزگارکردنی نیشتمانی عەرەبی.
لە ١٩٦٦ ئەو دوو حیزبە بوون بە دوو بەشەوە. بەعسی عێراق بە سەرکردایەتی سەدام حوسێن و بەعسی سووریا بە سەرکردایەتی حافیز ئەسەد، کە بوونە دوژمنی سەرسەخت و باوەکوژەی یەکدی بەڵام بەهەمان ناو و دروشمەوە. دەکرێت ڕەهەندی مەزهەبی لەو دوژمنایەتییەدا هەبێت، بەوەی بەعسییەکانی عێراق بۆ دواجار بەتەواوەتی عەرەبە سوننییەکانی عێراق نوێنەرایەتییان دەکرد. بەڵام بەعسی سووریا عەلەوییەکانی سووریا نوێنەرایەتییان دەکرد.
| بەعسیزم | نازیزم | بەراورد |
| نەتەوەی عەرەب | ڕەگەزی ئاری | بنەمای نەتەوەیی باڵا |
| یەک سەرکردە، سەدام/ئەسەد | یەک سەرکردە، هیتلەر | سەرکردەی ڕێبەر |
| ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە؛ سێکوچکەی بەعس؛ تەعریب و تەبعیس و تەرحیل. هەوڵدان بۆ خنکاندنی کورد بە گازی ژەهراوی بەڵام لە کەشوهەوایەکی کراوەدا. | هۆلۆکۆست؛ خنکاندنی ملیۆنەها جوو بە گازی ژەهراوی لە ژوورە داخراوەکاندا | جینۆساید |
| سۆسیالیزمی کولتووری | سۆسیالیزمی ڕەگەزی | سۆسیالیزم |



