سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

زارە کوردییەکان نەک زمانە کوردییەکان: ڕوانگەیەکی زمانەوانیی کۆمەڵایەتی

پێشەکی

پرسی زارەکانی زمانی کوردی وەک بابەتێکی زمانەوانیی کۆمەڵایەتی، هەر بەتەنیا پرسێکی زمانەوانی نییە لە جیاوازیی ڕێزمانی و دەنگسازی و ڕستەسازیی نێوان زارەکان کورت بکرێتەوە، کۆمەڵێک ڕەهەندی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتووری پەیوەندییان بە دەستنیشانکردنی ناسنامەی زمان و زارەوە هەیە، دەبێ ئاوڕییان لێ بدرێتەوە. ئەم بابەتە لای بێگانەکان و تەنانەت کورد خۆیشی هێشتا بابەتێکی نادیار و تەمومژاوییە. لە چەند دەیەی ڕابردوودا، ئەم بابەتە، لای هەندێک نووسەری کورد بە ئەنقەست، یان لە نائاگاییەوە لاڕێ دەکرێ، ناسنامەی زمانی بۆ زارە کوردییەکان دروست دەکەن و لەجیاتی زارە کوردییەکان دەڵێن زمانە کوردییەکان، پێیان وایە ئەم شێوەزارە کوردییانە، ئەوەندە لە یەک جیاوازن، دەبێ زمان بن نەک لەهجە، بەڵام هەندێک کەسی دی، بە ڕکابەری و کاردانەوەی لەهجەیی، بۆ ئەوەی زارەکەیان بێننە پێش و بایەخی پێ بدرێ، بانگەشە بۆ زمانە کوردییەکان دەکەن و دەڵێن ئەم شێوەزمانەی ئێمەش وەک کوردیی ناوەندی (سۆرانی)، دەبێ بایەخی پێ بدرێ و بکرێ بە زمان و لە هەموو بوارەکان بە ڕەسمی کاری پێ بکرێ.

لە مانگی ڕابردوودا لە چاوپێکەوتنێک لە بەرنامەی “دیوەخان”، دوو مامۆستای زمانی کوردی داوەت دەکرێن بۆ ئەوەی لەسەر چەند بابەتێکی زمان بدوێن؛ ئەم دوو مامۆستایە یوتیوبێک بەڕێوە دەبەن بە ناوی “ئەکادیمیای گۆچان”، چەند ڤیدیۆیەکیان بڵاو کردووەتەوە تێیدا ڕێنمایی دەدەن بۆ قسەکردن و نووسین بە کوردییەکی ڕەوان و ڕاست، بەم کارەیان، جێگەی دەست خۆشی هەموو بینەران بوون. لەم چاوپێکەوتنەدا ئەم دوو مامۆستایە کاتێک دێنە سەر باسی شێوەزارەکانی زمانی کوردی، پێیان وایە دەبێ بگوترێ زمانە کوردییەکان نەک زارە کوردییەکان.(١) جێی سەرسوڕمان بوو، ئەم دوو مامۆستایە بەم هەموو دڵسۆزییەیان بۆ زمانەکە، کەچی بە ئاراستەیەک بیر دەکەنەوە کە تەواو پێچەوانەی یەکێتیی زمانی کوردی و زارەکانیەتی. جێگەی تێڕامانە بۆ دەبێ دوو مامۆستای زمانی کوردی بەم شێوەیە لەسەر زارەکانی زمانی کوردی بیر بکەنەوە و پێیان باش بێت بگوترێ زمانە کوردییەکان؟ ئەم جۆرە بۆچوونە لای کوردێک چ ڕەهەندێکی سیاسی و کولتووری هەیە، بۆ دەبێ کورد خۆی حەز بکات زارەکانی زمانەکەی بکرێن بە زمانی سەربەخۆ؟

 لەم بابەتە ئەم پرسە لە ڕووی زمانەوانیی کۆمەڵایەتییەوە شیی دەکەینەوە، ڕووناکی دەخەینە سەر هەردوو چەمکی زار و زمان کە پەیوەندییان بە ناسنامەی نەتەوەیی و کولتووری و سیاسی کۆمەڵگەی ئاخێوەرانییەوە هەیە، ڕوونی دەکەینەوە کە بۆچی پێویستە بگوترێ زارە کوردییەکان نەک زمانە کوردییەکان.

ناسنامەی زار و زمان

هەردوو چەمکی زمان و زار، تەنیا دوو چەمکی زمانەوانی نین، هەر یەکەیان هەڵگری ناسنامە و سیاسەتە، کاتێک زارێک بە زمان ناو دەبەی، کەواتە ئەم شێوەزمانە چیدی سەر بەو زمانە نییە و ناسنامەیەکی سەربەخۆ وەردەگرێت، لە هەمان کاتدا لەڕووی سیاسییەوەش دەبێ وەک زمان ئیعتیرافی پێ بکرێ و هەموو مافەکانی زمانێکی سەربەخۆ بە دەست بێنێت، بۆیە هیچ نەتەوەیەک ئامادە نییە بە زارەکانی زمانەکەی بگوترێ زمان. کاتێک دەگوترێ زمانە ئێرانییەکان، زمانە لاتینییەکان، زمانە جەرمەنییەکان، تاد، ئەمانە هەموو کۆمەڵە زمانن و سەر گرووپی ئیتینیکی و نەتەوەیی جیاوازن، ئایا زارەکانی زمانی کوردیش سەر بە گرووپی ئیتنیکی و نەتەوەیی سەربەخۆن هەتا بەم شێوەیە پۆلێن بکرێن؟

 بۆ نموونە لە هەرێمی کوردستان‌دا زمان و لەهجەمان هەیە، زمانی سەرەکی، کوردییە کە چەند زارێکی هەیە، وەک کوردیی ناوەندی (سۆرانی)، کوردیی باکوور (کورمانجی، بادینی) و هەورامی و کوردیی خواروو (کەڵهوری)، بەڵام سریانی و تورکمانی و عەرەبی و ئەرمەنی زمانی سەربەخۆن، لەهجە نین، هەر یەک لەم زمانانە سەر بە خێزانە زمانێکی جیاوازیشن کە لە هەموو ڕوویەکەوە لەگەڵ کوردی جیاوازن. تورکمانی کە لەگەل زمانە تورکییەکانی دی وەک تورکیی تورکیا و ئازەری و ئۆزبەکی و قازاغی و قەرغیزی سەر بە خێزانە زمانی ئۆرال-ئەڵتایین؛ سریانی و عەرەبی سەر بە خێزانە زمانە سامییەکانن؛ ئەرمەنی لقێکی سەربەخۆی زمانەی هیندۆ-ئەوروپییەکانە. ئاخێوەرانی ئەم زمانانە بێجگە لە جیاوازیی خێزانە زمان، سەر بە گرووپی ئیتنیکی و نەتەوەی جیاوازیشن، سریانی سەر بە گرووپی ئیتنیکی مەسیحییە ئاشووری و کلدانی و ئارامییەکانی باکووری میزۆپۆتامیان، ئەرمەنی سەر بە نەتەوەی ئەرمەنییە، تورکمانی سەر بە گرووپێکی ئیتنیکی تورکە کە لە ئاسیای ناوەڕاستەوە هاتوون بۆ کوردستان، بەڵام کوردی بە هەموو زارەکانییەوە سەر بە گرووپی ئیتنیکی و نەتەوەی کوردە، بە خێزانە زمانیش سەر بە خێزانە زمانی هیندۆ-ئەوروپییەکانە، لەم خێزانە زمانەشدا سەر بە کۆمەڵە زمانە ئێرانییەکانە، کە لەگەڵ فارسی و بەلوچی و پەشتۆنی و تاڵشی و گیلەکی وئۆسێتی، تاد، هاوڕیشەن و لەگەڵ یەک خزمایەتیی زمانیان هەیە.

لەم پۆلێنکردنە بەڕوونی دیارە، ناسنامەی زمان بە گرووپی ئیتنیکی و نەتەوەیی گرێ دراوە، هەر ئەویش ناسنامەی زمان و زارەکان دەستنیشان دەکات و دەیکات بە ناسنامەیەکی سیاسی و کولتووری بۆ ئاخێوەرانی.

پێوەرەکانی جوداکردنەوەی زار لە زمان

لە زمانەوانیدا، دانانی سنوور لە نێوان زار و زمانەکاندا، بابەتێکی پرسهەڵگر و فرەڕەهەندە، کاتێک زمانەوانێک دەیەوێ دەستنیشان بکات کە کامە شێوەزمان دەکرێ بە زار پۆلێن بکرێ و کامەش بە زمان، بۆ ئەم پۆلێنکردنە چەند پێوەرێک دانراون کە یەکێک لەوانە پێوەری زمانەوانییە، وەک:

  1. جیاوازیی ڕێزمانی و دەنگسازی و فەرهەنگۆکی وشە؛ ئەگەر دوو شێوەزمان بە ڕێزمان جیاواز بوون، دەبێ دوو زمان بن، ئەگەر ڕێزمانیان یەک بوو، یان لەیەک نزیک بوون، ئەوا دوو زاری زمانێکن.
  2. لەیەکگەیشتن و لەیەک نەگەیشتن؛ ئەگەر دوو شێوەزمان لەیەک گەیشتن ئەوا دوو زارە، ئەگەر لەیەک نەگەیشتن ئەوا دوو زمانە.
  3. بە ستانداردکردن؛ ئەگەر زارێک ڕێزمانەکەی نووسرابێتەوە و بە ستاندارد کرابێت و ئەدەبیاتی هەبێت، ئەوە زمانە، بەڵام ئەگەر زارێک هەر بۆ ئاخاوتن بوو، هیچ ئەدەبیاتی نووسراوی نەبوو، ئەوە زارە.
  4. زمان ئەو شێوەزمانەیە کە بەڕەسمی کراوە و لە ئاستێکی بەرز بۆ پەروەردە و کاروباری ڕەسمی بەکار دێت، بەڵام زار، ڕەسمی نییە و ئاستی نزمە، تەنیا بۆ ئاخاوتنە.

کاتێک ئەم پێوەرانە بۆ جوداکردنەوەی هەندێک زمان و زار  بەکار دێن، کێشە دروست دەکەن؛ بۆ نموونە زمانەکانی سکاندیناڤی: سوێدی، نەرویجی، دانیمارکی،  بە ڕێزمان و فەرهەنگۆکی وشە لە یەک نزیکن و هەتا ڕادەیەکیش لە یەک تێ دەگەن، کەچی ئەوانە زمانن، زارەکانی زمانێک نین. بەڵام هەندێک شێوەزمانیش هەیە بە ڕێزمان لەیەک جیاوازن و لەیەکدیش تێ ناگەن، کەچی هەر بە زارەکانی یەک زمان دادەنرێن، وەک لەهجە عەرەبییەکان کە لەهجەیان هەیە لە باکووری ئەفریقا (مەغریبی و جەزائیری) لەگەڵ عێراقی لە یەک تێ ناگەن، بە ڕێزمانیش لە یەک جیاوازن، کەچی ئەمانە هەر بە زارەکانی زمانی عەرەبی دادەنرێن؛ زارە زمانی کوردییش بە هەمان شێوە، کوردیی باکوور و ناوەندی لە ڕووی ڕێزمان و فەرهەنگۆکی وشە و دەنگسازی لە یەک جیاوان، هەندێک جار، ناتوانن بەباشی لەیەکدی تێ بگەن، بەڵام هەر دووکیان بە درێژاییی مێژوو هەر بە دوو زاری زمانی کوردی دانراون، زمان نین. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش زمانەوانەکان پێیان وایە بۆ سنووردانان لە نێوان زمان و زار، هەر بە تەنیا پێوەری زمانەوانی بەس نییە، دەبێ سوود لە پێوەری کۆمەڵایەتییش وەربگیرێ، وەک پەیوەندیی نەتەوەیی نێوان ئاخێوەرانیان کە سەر بە کام گرووپی ئیتنیکی و نەتەوەیین، لە ڕووی سیاسی و کولتووری و مێژووییەوە سەر بە کام دۆزی سیاسی و نەتەوەیی و نیشتمانین. ئەم پێوەرانە هۆکاری یەکلاکەرەوەن بۆ دانانی سنوورێک لە نێوان زمان و زارەکان و لە یەک جوداکردنەوەیان. کاتێک سوێدی و نەرویجی و دانیمارکی سەرەڕای نزیکییان لە ڕووی ڕێزمانەوە هەر یەکەیان بە زمانی جیاواز دادەنرێن، چونکە سوێدی و نەرویجی و دانیمارکی سەر بە سێ نەتەوەی جیاوازن و خاوەن سێ زمانی ستانداردی نەتەوەیین، سەر بە سێ دەوڵەت-نەتەوە و سێ نیشتمان و سێ کولتووری جیاوازیی نەتەوەیین. کەواتە لێرەدا بە پێوەری کۆمەڵایەتی و سیاسی و کولتووری تونرا سنوور لە نێوان زمان و زارەکانی وڵاتانی سکاندناڤیا دابنرێ.(٢) 

هەر لەم ڕوانگەیەوە، زمانەوانەکان پێیان وایە پێوەری جوداکردنەوەی زار لە زمان، نابێ بە تەنیا وەک بابەتێکی زمانەوانیی پەتی سەیر بکرێ، دوور لەو پەیوەندیییە نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و کولتوورییەکان کە لە نێوان ئاخێوەرانیاندا هەیە و ڕۆڵی یەکلاکەرەوەش دەگێڕن. لەم ڕووەوە، ڕۆنالد واردهاوگ دەڵێت: “سنووری نێوان زمانەکان نابێت تەنیا لەسەر بنەمای زمانەوانی بێت، ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەی لە نێوان زار و زمانەکاندا هەیە دەبێ ڕەچاو بکرێ.”(٣) هەر لەم بارەیەوە  پیتەر ترودگیل و جاک چەمبەر دەڵێن: “هۆکارە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە دەگێڕن لە جیاکردنەوەی زارێک لە زمانێکی جیاواز. زمان بە تەنیا چەمکێکی زمانەوانی نییە، بێگومان تایبەتمەندییە زمانەوانییەکان ڕۆڵیان هەیە، بەڵام هۆکاری سیاسی، جوگرافی، مێژوویی، کۆمەڵایەتی، کولتووری، ڕۆڵێکی گرنگتر لە زمانەوانی دەگێڕن بۆ سنووردانان لە نێوان زار و زمانەکاندا.”(٤) جۆن گەمپەرز دەڵێت: “هۆکارە کۆمەڵایەتی-مێژووییەکان ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە دەگێڕن لە سنووردانان لە نێوان زمان و زارەکاندا کە بە ڕێزمان لە یەک جیاوازن.”(٥)

کەواتە بەپێی پێوەرە زمانەوانییەکان زارەکانی کوردی هەرچەند لە یەک جیاواز بن، لە ڕووی ڕێزمان و فەرهەنگۆکی وشەوە، تەنانەت ئەگەر لەیەکگەیشتنیش لە نێوان ئاخێوەری زارەکاندا نەبێت،  بەڵام بە پێوەرە کۆمەڵایەتییەکان، هەموو ئەو شێوەزمانانەی کە بە کوردی ناسراون وەک کوردیی باكوور (کورمانجی، بادینی) کوردیی ناوەندی (سۆرانی)، کوردیی خواروو (کەڵهوری، لەکی، لوڕی)، کوردیی گۆرانی (هەورامی/زازاکی)، هەموویان دەبێ بە زاری کوردی دابنرێن و نابێ بکرێن بە زمان؛ هەتا پەیوەندیی نێوان ئاخێوەرانیان پرسی یەک نەتەوە یەک نیشتمان و یەک دۆزی سیاسی بێت، ئەمانە زاری کوردین.

دەکرێ هەمان پێوەری کۆمەڵایەتی بە سەر زمانه‌کانی وه‌ک سربی و کرواتی و بۆسنه‌یی و مۆنتینیگرۆیی له‌ یۆگوسلاڤیای پێشوو بچەسپێنرێ، کە له‌ بنه‌چه‌دا هەموو پێکەوە چەند شێوەزمانێکی یه‌ک زمان بوون بە ناوی زمانی سربی-کرواتی؛ ئاخێوەرانی ئەم شێوەزمانانە به‌ باشیش له‌ یه‌ک تێده‌گه‌ن، له‌ ڕووی ڕێزمانەوە ته‌واو له‌یه‌ک نزیکن، تەنیا لە ڕووی فەرهەنگۆکی وشەوە چەند جیاوازییەکیان هەیە، کەچی ئەمڕۆ هەر یەکەیان بوون بە زمانێکی سەربەخۆ. سلاڤییەکانی باشوور بۆ ئەوەی بە یەکگرتووی بمێننەوە، لە ١٨٥٠ زمانێکی ستانداردیان له‌ سه‌ر بنه‌ڕه‌تی له‌هجه‌ی شتۆکاڤیان (Shtokavian) پێک هێنا، دوای دامەزراندنی شانشینی یۆگوسلاڤیا، له‌ نێوان ساڵانی 1918 تا 1991، ئەم زمانە ستانداردە ده‌بێت به‌ زمانی ڕه‌سمیی ئه‌و دەوڵەتە نەتەوەییە.  به‌ڵام لە دوای ڕووداوە خوێناوییەکانی ساڵی ١٩٩١ و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یۆگوسلاڤیا و هەڵگیرسانی شەڕ لە نێوان سربە مەسیحییەکان و بۆسنییە موسڵمانەکان، دواتر تێکچوونی ڕه‌وشی سیاسیی و نەتەوەیی نێوانیان، هه‌ر یه‌ک له‌ ئاخێوه‌رانی ئه‌م شێوەزمانانە، زمانە ستانداردەکەیان هەڵوەشایەوە و بوون به‌ چەندین‌ زمان و نه‌ته‌وه‌ و ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ییی سه‌ربه‌خۆ، چونکە چیدی ئەم پێکهاتانە لە ڕووی سیاسی و کولتووری و کۆمەڵایەتییەوە بە یەک نەتەوە و یەک زمان نەمانەوە.(٦) ئەگەر لە پێشدا زمانێک بە ناوی زمانی بۆسنی نەبوو، بەڵام لە دوای هەڵوەشاندنەوەی زمان و دەوڵەتی نەتەوەیی یۆگوسلاڤیا و بە هۆی جودابوونەوەی بۆسنییە موسڵمانەکان لە سرب و کرواتەکان، ئێستا خۆیان بە نەتەوەیەکی سەربەخۆ دادەنێن و چیدی شێوەزمانەکەشیان بە زارێکی زمانی سربی-کرواتی نازانن، بەڵکوو بە زمانێکی سەربەخۆی بۆسنی ناوی دەبەن. ئەم ڕووداوەی یۆگوسلاڤیای پێشوو جارێکی دی سەلماندی کە پەیوەندیی نێوان زمان و زار، کەمتر زمانەوانییە زیاتر کۆمەڵایەتی و سیاسییە.

وەک باوە، هەموو نەتەوەیەک، یەک زمانی ستانداردی نووسینی هەیە و لەهجەکانی تەنیا بۆ ئاخاوتنە و بۆ نووسین و خوێندن نییە، بەڵام لە حاڵەتێک ئەگەر لەهجەکانی زمانیش بۆ خوێندن بە ستاندارد بکرێن، ئەم لەهجانە مادام سەر بە یەک نەتەوەن و یەک پرسی نەتەوەیی و یەک زمان و نیشتمان کۆیان دەکاتەوە، هەرچەند پێیان بخوێنرێ و بنووسرێن، دەبێ هەر لەهجەی ئەو زمانە بن. لە حاڵەتی زمانی کوردی، بنزاری بادینی، ئەوە بیست ساڵ زیاترە لە پارێزگای دهۆک لە هەموو قۆناغەکانی خوێندن و بۆ زانکۆش پێی دەخوێنرێ، لە کاروباری ڕەسمیی ناو پارێزگاکەش بەکار دێت، کەچی بادینی هەر زارێکی کوردییە و نابێ بکرێ بە زمان، چونکە ئەوەی ئاخێوەرێکی بادینی و ئاخێوەرێکی کوردیی ناوەندی (سۆرانی) بە یەکەوە گرێ دەدات نەتەوەی کوردە، کەواتە ئەم دوو شێوەزمانە هەر دووکیان دوو زاری کوردین. بۆ هەورامییش هەمان شتە، گۆرانەکان و هەورامییەکان بەدرێژایی مێژوو کورد بوون، کەواتە ئەمڕۆش شێوەزمانەکەیان کوردییە، ئەگەر ئەم زارە هەرچی پێ بنووسرێ و پێی بخوێنرێ، لەڕووی ناسنامەیی و سیاسی و کولتووری و کۆمەڵایەتییەوە هەر زارێکی کوردییە.

بوونی مێژووی ئەدەبیات بە زارە کوردییەکان، بە هیچ شێوەیەک بەڵگەی ئەوە نییە کە دەبێ ئەمڕۆ ئەم زارانە بکرێن بە زمان؛ هەموو شاعیرانی گۆران وەک مەلا پەرێشان و فەقێ قادری هەمەوەندی و خانای قوبادی و مەولەوی، ئاماژەیان بەو زمانە داوە کە شیعری پێ دەنووسن بە لەهجەیەکی کوردی ناویان بردووە. بۆیە لەسەر ئەم پاشخانە مێژوویی و کولتوورییە، ئەمڕۆش هەورامی کوردن و شێوەزمانەکەشیان هەر لەهجەیەکی کوردییە. ئەگەر لە حاڵەتێک، لە باشووری کوردستان یەک زمانی ستاندارد بۆ خوێندن و کاروباری ڕەسمی یەکلا کرایەوە، زارەکانیش بایەخیان پێ درا و چەند دەرسێکییان پێ خوێنرا، لەم حاڵەتەش هەر دەبێ هەموو شێوەزمانە کوردییەکان، بە هەمان پێوەری کۆمەڵایەتی و سیاسی و نەتەوەیی، زارەکانی یەک زمان بن، نابێ پێیان بگوترێ زمانە کوردییەکان.

کاتێک زارێکی کوردی دەکرێ بە زمان

کاتێک زارێکی کوردی بە زمان دادەنرێ، ئەمە تەنیا پرسێكی زمانەوانی نییە، بەڵکوو بە ناسنامە و نەتەوە و سیاسەت و کۆمەڵایەتییش لە کورد جودا دەبێتەوە. لە قۆناغی دواتر، ئاخێوەرانی ئەم زارە دەتوانن وەک نەتەوەیەکی سەربەخۆش لە کورد جودا ببنەوە، دەبێ ئیعتیرافیان پێ بکرێ، چونکە زمانێکی سەربەخۆیان هەیە و چیدی سەر بە زمانی کوردی نییە، ئەمە هەرچەندە لە پێشدا بە ڕیشە کوردی بووە، بەڵام ئەمڕۆ سەربەخۆیە. کەواتە ناوبردنی زارە کوردییەکان بە زمان،  سەرەتای هەڵوەشاندنەوەی کورد و زمانەکەیەتی، بۆیە هەر کوردێکی دڵسۆزی زمان و نەتەوەکەی بێت، نابێ بەم ئاراستەیە بیر بکاتەوە و لێدوان بدات، بە زارەکانی زمانی کوردی بڵێ زمانە کوردییەکان.

ئەمڕۆ زمانی کوردی بەتەنیا هەڕەشەی دوژمنانی لەسەر نییە، خەریکە کورد بە دەستی خۆی دەبێت بە هەڕەشە بۆ سەر زمانەکەی، لەجیاتی هەوڵ بدات زمانەکە بەیەکگرتوویی بهێڵێتەوە، پارچە پارچەی دەکات؛ بەتایبەت لە دوای دەرکەوتنی دنیای مەجازی و دیجیتاڵی، هەموو کەسێک دەتوانێ ببێ بە زمانەوان و ڤیدیۆیەک دەکاتەوە بەبێ ڕەچاوکردنی هیچ بنەمایەکی زمانەوانی خۆی دەکات بە مەرجەعی زمان. لە یوتیوب ئەکادیمیای زمانی دادەمەزرێنێ و لەسەر زمان و زارەکانی کوردی قسە دەکات، بە میزاجی خۆی حوکم دەدات کە فڵانە لەهجەی کوردی زمانە، زار نییە.

ئەم ئاژاوەیەی زمانی کوردی بە پلەی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی سیاسەتی زمان، کە حکومەتی هەرێم نیەتی؛ حکومەت دەبێ سیاسەتێکی ڕەسمی بۆ زمانی کوردی هەبێت و لە ڕێی “ئەکادیمیای کوردی‌”یەوە دەستنیشان بکرێت کە ئەمانە زاری کوردین، کەس بۆی نییە لەم سیاستە زمانییە لا بدات، نابێ هەر کەس خۆی بکات بە زمانەوان و ئەکادیمیای زمانی هەبێت، دەبێ ڕێگە لەم گەڕەلاوژە زمانییە بگیرێت، نابێ مامۆستایەک لە قوتابخانە دەرس بڵێتەوە بە قوتابیی کورد بڵێت زمانە کوردییەکان، یەکێکی دی بڵی زارە کوردییەکان، یانیش لەسەر تەلەفزیۆن ڕێگە بدرێ بە ئاشکرا دژ بە یەکێتیی زمان و نەتەوەی کورد قسە بکرێ و زانیاریی ناڕاست بڵاو بکرێتەوە و خەڵک لاڕێ بکرێت.

چەمکی زمانە کوردییەکان لای ڕۆژهەڵاتناسان و دوژمنانی کورد

چەمکی زمانە کوردییەکان سەرەتا لای ڕۆژهەڵاتناسان دەستی پێ کرد، هەندێک لە ڕۆژهەڵاتناسان وەک ئۆسکارمان، مینۆرسکی، مەیجەر سۆن، مەکەنزی، چەند زارێکی کوردی وەک زاری گۆران و زازاکی و لوڕی؛ لە کوردییان دابڕی و کردیان بە زمانی سەربەخۆ، پێوەری جوداکردنەوەشیان تەنیا زمانەوانی بووە و هیچ حیسابێکیان بۆ پێوەری کۆمەڵایەتی نەکردووە. ئەگەر میتۆدی ڕۆژهەڵاتناسی هەرچەند زانستیش بێت، بەڵام کەلێنێکی گەورەی ئەکادیمی هەیە، ئەویش ئەوەیە کە پێوەری کۆمەڵایەتییان فەرامۆش کردووە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی، کاری ڕۆژهەڵاتناسی، وەک لە ڕێڕەوی توێژینەوەکان سەلمێنراوە، بەگشتی ئەجێندایەکی ئایدیۆلۆجی و سیاسی دژ بە ڕۆژهەڵات بووە و بێلایەن نەبووە، مەبەستیان دابەشکردن و کۆنتڕۆڵکردنی ڕۆژهەڵات بووە. ئەگەر دوژمنانی کوردیش ئەمڕۆ ئەم چەمکە بەکار بێنن، ئەمە دیسان هەمان ئەجێندای سیاسی و ئایدیۆلۆجی دژ بە کوردە، مەبەستیان دابەشکردنی کورد و زمانەکەیەتی، کە دەیانەوێ نیشان بدەن کە کورد نەتەوە نییە و یەک زمانیشی نییە، ئەوەی هەیە چەند زمانێکی دوور لەیەک و خاوەن ناسنامەی زمانی و نەتەوەییی جیاوازن، هەتا بتوانن لەم دابەشکارییە بە ئاسانی بە سەریدا زاڵ بن، وەک عەرەب دەڵێت: “فرق تسد”، پەرتی بکە و بە سەریدا زاڵ بە. ئەگەر کوردێک بە هەمان میتۆد لەسەر زارە کوردییەکان بیر بکاتەوە و کار بکات، ئەمە دیارە، یان هیچ ئاگاییەکی لەسەر ئەم چەمکە زمانەوانییانە نییە، یانیش هەمان ئامانجی ڕۆژهەڵاتناسی و دوژمنانی کوردی بۆ زمانەکە هەیە؛ ئەم کوردە، دەبێ ئاگادار بکرێتەوە و پێی بگوترێ: کورد نابێ بە چاوی دوژمنان لە زمانەکەی بڕوانێ، کورد دەبێ کوردانە بیر بکاتەوە و خەمی یەکێتیی زمان و نەتەوەی کوردی هەبێت.

ئەنجام

هەموو زمانێک لەهجەی هەیە، کوردییش زمانیکی فرە لەهجەیە، لەهجەکانیشی لە ڕووی ڕێزمان و دەنگسازی و فەرهەنگۆکی وشەوە لە یەک جیاوازن، ئەم جیاوازییە لەهجەییە لە نێوان هەموو زمانەکاندا هەیە و ئاساییە. زارەکانی زمانی کوردی بەدرێژایی مێژوو بە هۆکاری کۆمەڵایەتی و کولتووری و ئیتنیکی بە زاری زمانی کوردی دانراون. ئەمڕۆش زمانەوانیی نوێ دوو پێوەری داناوە بۆ جوداکردنەوەی زمان لە زار: پێوەرە زمانەوانی و کۆمەڵایەتییەکان، بۆ پۆلێنکردنی زارەکانی زمانی کوردی، پێوەری کۆمەڵایەتی ڕاستترین پێوەرە بەکار بێت بۆ دەستنیشانکردنی ناسنامەی زمانەکەی و زارەکانی، چونکە زار و زمان گرێدراوی کولتوور و پەیوەندییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەو کۆمەڵگەیەن کە قسەی پێ دەکەن، هەر ئەوانیش بڕیار دەدەن کە شێوەزمانەکەیان سەر بە کام زمانە.

لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا ڕۆژهەڵاتناسەکان بە چەند پێوەرێکی زمانەوانی، چەند زارێکی کوردییان لە زمانی کوردی دابڕی و کردیان بە زمانی سەربەخۆ، ئەم ڕوانگە ڕۆژهەڵاتناسییە، دواتر هاتە ناو ئەجێندای داگیرکەرانی کوردستانیش، بۆ ئەوەی گومان بخەنە سەر یەکێتیی زمان و نەتەوەی کورد، بانگەشەی ئەوەیان کرد کە کورد یەک زمانی نییە، ئەوەی هەیە چەند زمانێکە لە یەک دوورن و باشترە پێیان بگوترێ زمانە کوردییەکان، ئەم جۆرە تێڕوانینە بۆ زمانی کوردی، ئامانجی بنکۆڵکردنی زمانی کوردییە و سیاسەتێکی دوژمنکارانەیە، نابێ کوردێک کە دڵسۆزی زمانەکەی بێت، بەم ئاراستەیە بیر بکاتەوە و ناسنامەی زارەکانی دەستنیشان بکات، چونکە ئەم ئاراستە زمانەوانییە، یەکێتیی زمانی کوردی و نەتەوەی کورد لە پاشەڕۆژ بەرەو هەڵوەشاندنەوە دەبات، ئەمە سیاسەتی خۆڕووخاندنە، خۆبنیاتنان نییە.

سەرچاوەکان

  1. بۆ بینینی تەواوی چاوپێکەوتنەکە بڕوانە ئەم لینکەی خوارەوە: https://www.youtube.com/watch?si=LJk1EMcyBrdBlW7L&v=sBOajxEqzKA&feature
  2. Gerard Van Herk, What is Sociolinguistics? Wily-Blackwell publication, UK, 2013, p. 13.
  3. R. Wardhaugh, An introduction to sociolinguistics (5th ed.), Blackwell Publishing, 2006,.p. 26.
  4. J.K. Chambers and Peter Trudgill, Dialectology, Cambridge University press, Cambridge, 1998, pp. 4-
  5. J. J.  Gumperz, Discourse Strategies, Cambridge University Press, Cambridge, 1982, P. 20.
  6. Eric A. Rice, Language politics in Bosnia, Croatia and Serbia, Naval Postgraduate School Monterey, California, unpublished, March 2010, p.13-14.  

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO