سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

ئیمپریالیزم وەک “پاساو” بۆ شکستی ناوخۆیی

لە هەشتاکان لە کتێبی “الثقافة القومیة”ی دەستەڵاتی بەغدا، کە بەسەر زانکۆکانی عێراق دا سەپێندرابوو، لای خۆشمان بەعسییەک دەرسەکەی پێ دەگوتین، چەمکی ئیمپریالیزم هێندە بەرکار و زەق بوو، وەماندەزانی ئیمپریالیزم دێوێکە و لە نیوەشەودا دەگاتە سەرمان حەپەلوشمان دەکات. میشێل عەفلەق دەڵێت “کورد هەمیشە خزمەتی پرسەکانی عەرەبیان دەکرد، تا ئیمپریالیزم هات، ئەوکات لە ئێمەیان جیاکردنەوە و کردیان بە دوژمنی ئێمە”. ئایدیۆلۆژیستەکان بە قەومی و مارکسی و ئیسلامی‌ـیەوە ئەو چەمکە زۆر بەکاردێنن. ماوەیەکە، چەمکەکە بەشێوەیەکی بەربڵاو بەکار دەهێندرێتەوە. لە زۆر نووسیندا بەرچاو دەکەوێت و لە گفتوگۆی فەیسبووک لەگەل برادەرێک کە قوتابی دکتۆرایە، بەهەمان شێوە هۆکاری ئەو دابەشبوونەی ولاتانی عەرەبی گەڕاندەوە بۆ ئیمپریالیزم. لە دوا پەیامی عەبدوڵا ئۆجەلان بۆ نەورۆزی ئامەد؛ وێڕای ئەوەی خاڵی ئەرێنی تێدابوون، بەڵام لە یەکێک لە بڕگەکان دەڵێت “ڕێگە مەدەن بکرێنە کۆیلەی ئیمپریالیزم”. ئیمپریالیزم چییە و کێ داهێنەری ئەو چەمکەیە؟ ئایا هەر بە جیددی مەترسی ئیمپریالیزم بەو جۆرەیە کە باسی دەکەن؟

خۆی واباوە کە چەمکەکە لەگەڵ دروستبوونی یەکێتیی سۆڤییەت دەکەوێتە ناو گۆڕەپانی گوتاری چەپەکان و قەومیی و ئیسلامییە عەرەبەکان. بەدوای ئەوانیشەوە ئیسلامیی و چەپەکانی کورد، بەڵام واپێدەچێت کە ڕەگوڕیشەیەکی کۆنتری هەبێت و مانا سیاسی و ئابوورییە نوێیەکەی لە چەند قۆناغێکدا گەشەی کردووە. ڕەگوڕیشەی چەمکەکە لە وشەی (imperium)ی لاتینییەوە هاتووە، کە ئاماژەیە بۆ دەستەڵاتی ئیمپراتۆرییەتە کۆنەکانی وەک ڕۆما. یەکێک لەو نووسەرانەی کە ئەو چەمکە دەوروژێنێت ئابووریناسێکی لیبڕالی بەریتانییە بەناوی جۆن هۆبسن و لە کتێبەکەیدا “ئیمپریالیزم: توێژینەوەیەک” (Imperialism: A Study) کە لە ١٩٠٢دا بڵاوکراوەتەوە و دەڵێت “ئیمپریالیزم تەنیا حەزی داگیرکاری نییە، بەڵکو پەیوەندی بە کێشەی ئابووری ناوخۆی وڵاتە سەرمایەدارەکانەوە هەیە”. هەرچەندە ڤلادیمێر لینین وشەکەی دانەهێناوە، بەڵام ئەو بوو بە داهێنەری تیۆری ئیمپریالیزم. بەو شێوەیەی کە یەکێتیی سۆڤییەت باوەڕی پێی هەبوو. لێنین لە ١٩١٦دا کتێبە بەناوبانگەکەی “ئیمپریالیزم بەرزترین قۆناغی سەرمایەداری” نووسی.

لینین ئیمپریالیزم وەک سیستەم دەبینێت. ئەو پێی وایە ئیمپریالیزم تەنیا “سیاسەتێکی دەرەکیی” نییە، کە دەوڵەتێک هەڵیبژێرێت، بەڵکو ئەنجامێکی حەتمی گەشەی سەرمایەدارییە. بەو پێیەش بێت بنەماکانی بریتین لە: قۆرخکاریی، کاتێک کۆمپانیا گەورەکان دەست بەسەر هەموو بازاڕدا دەگرن و ڕکابەریان نابێت. هەروەها؛ دروستبوونی ئۆلیگارشی دارایی لەڕێی تێکەڵبوونی سەرمایەی بانکەکان و پیشەسازی. ئەو ئۆلیگارشییانە بریتین لەو تاقمە کەمینەیەی کە سامان و پارەیان لە دەستە، یان بنەماڵەیەکن و دەست بەسەر هەموو جومگەکانی دەستەڵاتدا دەگرن، یان هێزێکی سەربازین و چەند جەنەڕاڵێک دەستەڵات دەگرنە دەست، یان هێزێکی مەزهەبین وەکو ئێستای کۆماری ئیسلامی ئێران. هەروەها وڵاتە دەوڵەمەندەکان بەتەنها کاڵا نانێرن بۆ دەرەوە، بەڵکو سەرمایە (پارە و وەبەرهێنان) دەنێرن بۆ وڵاتە هەژارەکان تا لەوێ سوودی زیاتر و کرێکاری هەرزان بەدەست بێنن. ئەمەش ماوەیەکی باشە ڕووی داوە، یەکێکیش لەوانە کۆماری چین‌ـە، کە سەرەداوەکانی ئەو خۆسەپاندنەی چین بەدەرکەوتوون لەڕێی هێزی نەرمەوە، دواهەمین بنەماش زلهێزەکان دنیا لەنێوان خۆیاندا دابەش دەکەن بۆ دەستکەوتنی کەرەستەی خاوی وەکو نەوت و کانزا و تاد.

لێرەدا ڕاستی ئیمپریالیزم لە سێ ڕەهەند دا دەردەکەوێت، کە بریتین لە باڵادەستی نایەکسانی، بە مانای دروستکردنی پەیوەندییەک کە تێیدا ناوەندێک (وەکو وڵاتێکی بەهێز) سوود لە وڵاتانی پەراوێز وەردەگرێت، ئەو وڵاتانەی کە لەناو مێژوودا چەقیون و بەردەوام خەریکی لێکۆڵینەوەی حەیز و نیفاسن. لەلایەکی دیکەشەوە زۆربەی جار لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندی ئابووری داگیرکاری یان دەستوەردان بۆ پاراستنی ڕێڕەوە بازرگانییەکان یان سەرچاوە سروشتییەکان ئەنجام دەدرێت، دواهەمین خاڵیش دەکرێت ناوی بنێین ئیمپریالیزمی کولتووری، کە تەنها لەڕێگای سوپا ناکرێت بەڵکو سەپاندنی زمان، بەها و شێوازی ژیانی وڵاتێکی داگیرکەر یان بەهێزە بەسەر وڵات و نەتەوەکانی دیکەدا. لەو پێودانگەشەوە لەوە تێدەگەین کە کاتی خۆی یەکێتیی سۆڤییەت خۆی ئیمپریالیست بوو، هەرچەندە دروشمی دژە ئیمپریالیستی هەڵگرتبوو. لەڕووی سیاسییەوە، کۆنتڕۆڵی تەواوی ئەوڕوپای ڕۆژهەڵاتی کردبوو، زمانی ڕووسی و ئایدیۆلۆجیای کۆمۆنیستی بەسەر نەتەوەکانی دیکەدا سەپاندبوو، بۆیە زۆرێک لە مێژوونووسان پێیان وایە سۆڤییەت جۆرێکی تازە بوو لە ئیمپریالیزمی سوور.

ئێستا ئەو بەڕێزانەی ئیمپریالیزم دەکەنە پاساوی ئەو فەوزایەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەوە بێ ئاگان کە دەوڵەتی تورکیا بۆخۆی وڵاتێکە وێڕای ئەوەی کە داگیرکەری بەشی هەرە گەورەی کوردستانە، بۆ خۆشی هەڵگری جیناتەکانی ئیمپریالیزمە و ئیمپریالیزمانە بیر دەکاتەوە. ئێرانیش بەهەمان ئەقڵییەت و خۆسەپاندن و بێبەشکردنی نەتەوەکانی دیکە لە سەرەتاییترین مافەکانییان، ئیمپریالیزمێکی هەرێمییە. عەرەبەکانیش هەمیشە لەو هەوڵە دابوون، بەڵام لەو ٤٠٠ ساڵەی کە ژێردەستەی عوسمانییەکان بوون، نزیکبوونەتەوە لە ئەقڵی کۆیلە و شکستییان هێناوە لەوەی یەکگرتوو بن و بتوانن هەژموون بەسەر دنیای دەرەوەی خۆیاندا دروست بکەن، مەگەر تەنها بۆ کورد ئازا بن. کەواتە ئیمپریالیزم وەکو هێز لەبەرچاوی هەمووان دیار و ناسراوە و شاردراوە نییە، ئەوەی دیار نییە، عەقڵی داماوی ئەو کەس و هێزانەیە کە ناتوانن شکستەکانی خۆیان ببینن و ڕەخنە لەخۆیان بگرن و ڕێڕەوێکی دروست بۆخۆیان دیاری بکەن.

ئێستا ئایا ئیمپریالیزم بەشێکە لە تیۆری پیلان (موئامەڕە)؟ بە دڵنیایی؛ لە زۆرێک لە وڵاتە دواکەوتووەکان یان ڕژێمە ئۆتۆریتێر و خۆسەپێنەرەکان، چەمکی ئیمپریالیزم لە کەرەستەیەکی زانستییەوە بە چەندین شێواز گۆڕدراوە بۆ چەکێکی پڕوپاگەندە. لەو شێوازانەش؛ دروستکردنی دوژمنی دەرەکی، کاتێک ڕژێمێک لە دابینکردنی ئازادییەکان، خزمەتگوزاری و بژێوی خەڵک شکست دێنێت، ئاسانترین ڕێگە ئەوەیە بڵێت “ئیمپریالیزمی جیهانی ناهێڵێت گەشە بکەین”. ئەمە وادەکات هاوڵاتییان لە جیاتی ڕەخنەگرتن لە دەستەڵاتی ناوخۆ، سەرقاڵی ڕقبوونەوە بن لە دوژمنێکی نادیار. هەروەها لە چرکەساتی پیشاندانی هەر ناڕەزایەتییەکی ناوخۆیی ڕاستەوخۆ وەکو “نۆکەری ئیمپریالیزم” و “دەستی دەرەکی” ناوزەد دەکرێت. چەمکەکە دەکرێتە ماسکێک بۆ شاردنەوە و خۆدزینەوە لە گەندەڵی و شکستی کارگێڕیی و هەڵواسینی هەموو ئەو دۆخە نالەبارە بە هێزێکی دەرەکی، کە دڵنیام زۆربەی ئەوانەی ئاشنان بە دەسەڵاتی حکومەتە یەک لە دوا یەکەکانی عێراق، بیریان دێت چۆن تۆمەتیان بۆ بزووتنەوەکانی کوردستان دروست دەکرد و بە ئیسرائیلی دووەم هەژمارییان دەکرد.

لەو ڕۆژانەش ئەو جۆرە تۆمەتانە لە بەغدای پێتەختی عێراق دژ بە خەڵکی کوردستان و هەرێمی کوردستان بەرز دەکرێنەوە. ئەوە لە بەشەکانی دیکەی داگیرکەرەکانی کوردستان هەر هەمان شێوازە. ئەمەش وادەکات ئەو دەستەڵاتانە خۆیان لە بەرپرسیارێتی بدزنەوە. ئەمە وا دەکات شکست نەخرێتە ئەستۆی بڕیارە هەڵەکانی ناوخۆ، بەڵکو بخرێتە ئەستۆی پیلانێکی نێودەوڵەتی. لەو بارەیەوە کۆمەڵناسی بە ڕەچەڵەک جەزائیری مالیک بن نەبی کە خاوەنی چەمکی ئامادەباشی بۆ کەوتنەبندەستی داگیرکەر (القابلیة للاستعمار) زۆر بە ڕۆشنی باسی لەو گرێکوێرەیە کردووە. ئەو پێی وایە کۆمەڵگە وەکو جەستەی مرۆڤ وایە. ئەو کۆمەڵگانەی کە سیستەمی بەرگرییان بەهێزە، هیچ هێزێکی دەرەکی ناتوانێت دەست بخاتە کاروبارییان، بەڵام ئەوانەی کە سیستەمی بەرگرییان لاوازە، وەکو جەستەی مرۆڤ زۆر بە ئاسانی هەموو جۆرە ڤایرۆسێک دەتوانێت زەفەریان پێ ببات و دابەشیان بکات. ئەو ڕەخەنەیەکی زۆر قووڵ لەو کەسانە دەگرێت کە شکستەکانی خۆیان دەخەنە ئەستۆی ئیمپریالیزم. مالک بن نەبی دەڵێت “ئیمپریالیزم تەنیا سوود لەو بۆشاییە وەردەگرێت کە ئێمە لە ناو خۆماندا دروستمان کردووە”. واتە ئەو ڕێک دژی تیۆری موئامەرە بوو، بۆیە پێی وابوو دەبێت نەتەوەکان بەرپرسیارێتی شکستەکانی خۆیان هەڵبگرن.

کەواتە، بەر لەوەی زلهێزەکان دەستوەردان لەناو ماڵی هەر نەتەوەیەک و وڵاتێکدا بکەن، هەروەها بەر لەوەی هەموو شکستەکانی خۆیان بە هێزە دەرەکییەکانەوە هەڵبواسن، دەبێت ڕەخنە لەخۆیان بگرن. ڕەخنە لەو ئەقڵییەتە دواکەتووە بگرن کە ناتوانێت لەناو زەلکاوەکانی مێژوودا بێیتە دەرەوە و خۆی بدۆزێتەوە و ڕۆڵی هەبێت لە دروستکردنی مێژوو، نەک ببێتە یاریپێکراو و لەپەراوێزدا بمێنێتەوە.

دەبێت لەوەش تێبگەن، کە ئیمپریالیزم هەر ئەوەیە کە زلهێزەکان بەرژەوەندییان هەیە، پلان و ستراتیجییەتییان هەیە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانییان، کەسیش ناتوانێت بەو زلهێزانە بڵێت تکایە بەرژەوەندی خۆتان مەپارێزن، تکایە دەستدرێژی مەکەنە سەر خەڵکی دیکە. زلهێزەکان بە درێژایی مێژوو هەر وابوون. ئەمەوییەکان و عەباسییەکان و بەدوای ئەوانیشدا عوسمانییەکان کە زلهێزی ناوچەکە بوون، ئەوانیش پەلاماری وڵاتانییان داوە و هەوڵی داگیرکاییەکی زۆرییان داوە. تاکە چارە لەو جۆرە دۆخەدا بۆ کورد خوێندنەوەی دروستی سەردەم و زانینی هاوکێشە ستراتیجییەکان و دەسنیشانکردنی ئامانجە ڕەواکانە.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO