عەبدوڵا ئۆجەلان لە پەیامەکەی بۆ کۆنفرانسی ئاشتی لە لەندەن وەکوو کەسێکی پۆست-نەتەوەیی و پۆست-مارکسیست دەدوێت، کە گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی كە دروستکردنی دەوڵەت بە زەبری چەک، ئازادی ناهێنێت، بەڵکوو خودی مۆدێلی دەوڵەت-نەتەوە سەرچاوەی مەرگەساتەکانە.
بەڵام پرسیارە بنەڕەتییەکە لێرەدایە، کە ئایا ئەم تێزە، کە نزیکە لە فەلسەفەی گفتوگۆی عەقڵانیی یۆرگن هابەرماس و ئیکۆلۆجیای کۆمەڵایەتی مورای بوکچین، دەتوانێت لەناو زەلکاوی عەقڵییەتی دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کە لەسەر بنەمای فاشیزم و سڕینەوەی جیاوازییەکان دروست بوون، ببێتە واقیع؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەمە، با پەیامەکە لەسەر چەند ئاستێک شەن و کەو بکەین.
یەکەم، لۆجیکی ئۆجەلان لێرەدا، دروستە کاتێک دەڵێت: “پەکەکە وەکوو خەباتێکی بەرگریکردن لە بوون سەریهەڵدا، بوونی کوردی سەلماند و ئەرکە مێژووییەکەی کۆتایی هاتووە.” واتە کورد قۆناغی شەڕی تێپەڕاند بۆ ئەوەی بڵێت: “من هەم”. ئۆجەلان پێی وایە، کاتێک بوونی خۆت سەلماند، ئیدی شەڕکردن لەسەر بوون مانای نامێنێت، بەڵکوو دەبێت ستراتیج بۆ “چۆنێتیی ژیان” بگۆڕێت. لێرەدا چەک، کە کەرەستەی سەلماندنی بوون بوو، دەبێت جێگەی خۆی بە سیاسەت و یاسا و ڕێکخستنی کۆمەڵگە بدات. بەم شێوەیە تیۆرەکەی ئۆجەلان لەسەر ئەو گریمانەیە وەستاوە، کە دەوڵەتی تورکیا، یان ئێران و عێراق و سووریا گەیشتوونەتە ئەو ئاستە ئیپستیمۆلۆجییەی کە دان بە “بوون”ی کورد دا بنێن. بەڵام ئایا لەواقیعدا وایە؟ لە عەقڵییەتی دەوڵەت-نەتەوەی ناوچەکەدا، بوونی کورد هێشتا وەکوو “هەڕەشەیەکی بوونیی” لێی دەڕوانرێت. داننانی ئەم دەوڵەتانە بە کورد دا، داننانێکی تاکتیکی و ئەمنییە، نەوەکوو داننانێکی دەستووریی فەلسەفی. ئەگەر دەوڵەت هێشتا ئامادە نەبێت زمانیش قبووڵ بکات، چۆن ئامادەیە چەکدانان وەکوو کۆتایی کێشەکە ببینێت، نەوەک وەکوو دەرفەتێک بۆ لەناوبردنی یەکجارەکی.
دووەم، ئۆجەلان داوای «ئینتێگراسیۆنی دیموکراتیک» دەکات، واتە یەکگرتنێکی ئارەزوومەندانە لەبری توانەوە ئەسیمیلاسیۆن، چارەسەرەکەش لە دەسەڵاتی ناوەندییەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتییە خۆجێییەکان (کۆمین و گەڕەک و شار) دەگوازێتەوە. لێرەدا دەگەینە کڕۆکی پرسیارەکە، ئەویش ئەوەیە، کە لەم جوگرافیایەدا دەوڵەت کۆمەڵگە ئاراستە دەکات، یان بە پێچەوانەوە؟ لە فەلسەفەی ڕۆژئاوادا، بەتایبەتی لە سەردەمی ڕۆشنگەرییەوە، کۆمەڵگەی مەدەنی پێش دەوڵەت دەکەوێت و دەوڵەت تەنیا “گرێبەستێکی کۆمەڵایەتییە” بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگە، وەکوو لای لۆک و ڕۆسۆ. بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەتایبەتی دوای سایکس-پیکۆ و ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانی، دەوڵەت پێش نەتەوە و کۆمەڵگە کەوتووە. لە تورکیا و ئێران و وڵاتانی عەرەبی، ئەوە «دەوڵەتە»، کە ئەندازیاریی کۆمەڵایەتی کردووە، دەوڵەت نەتەوەی دروست کردووە، نەوەکوو پێچەوانەکەی. دەوڵەت لە ڕێگەی پەروەردە و میدیا و سوپا و ئابوورییەوە کۆمەڵگەی بە جۆرێک داڕشتووە، کە هەر شتێکی جیاوازی وەکوو کورد و کەمینەکان، وەکوو ڤایرۆسێک ببینێت، کە دەبێت لەناو ببرێت. سایکۆلۆجیای دەوڵەتانی ناوچەکە (سندڕۆمی سێڤەر لە تورکیا و شۆڤێنیزمی فارسی لە ئێران و عورووبە لە وڵاتانی عەرەبی)، سایکۆلۆجیایەکە لەسەر بنەمای «پارادۆکسی مانەوە بە مەرجی سڕینەوەی ئەویدیکە» بەڕێوە دەچێت. کەواتە تێزەکەی ئۆجەلان، کە دەیەوێت لە خوارەوە بۆ سەرەوە و لە ڕێگەی «کۆمین و گەڕەکەکانەوە» سیاسەت دروست بکات، بەر دیوارێکی ئەستووری پۆڵایین دەکەوێت. چونکە دەوڵەتی مۆنۆپۆلکار لەم ناوچەیەدا، تەنانەت ڕێگە نادات کۆمەڵەیەکی ژینگەپارێزیش بەبێ ڕەزامەندیی ئەو دروست ببێت، چ جای دروستکردنی ئەنجوومەنی خۆجێیی کوردی، کە ئامانجی ئیکۆلۆجی و ئازادیی ژنان بێت.
سێیەم، ئۆجەلان دەڵێت: “پەیوەندیی هەزار ساڵەی کورد لەگەڵ تورک و فارس و عەرەب پەیوەندییەکی دژبەیەک نییە، بەڵکوو لەسەر بنەمای پشتگیریی یەکتر بونیاد نراوە.” ئەمە تێڕوانینێکی ڕۆمانسیانەیە بۆ مێژوو بە مەبەستی هێورکردنەوەی ئێستا. لە ڕووی سۆسیۆلۆجییەوە ڕاستە، کە گەلان پێکەوە ژیاون، بەڵام لە ڕووی سیاسییەوە، لە سەدەی بیستەم بەدواوە، پەیوەندییەکە بە تەواوی دژبەیەک بووە. کاتێک ئۆجەلان ئاماژە بەوە دەکات، کە “میلیۆنان کورد لە ئیستەنبوڵ و شارەکانی دیکە دەژین و ناکرێت سنوور بکێشرێت”، وەکوو واقیعێکی جیۆپۆلەتیکی قسەیەکی لۆجیکییە. سەربەخۆیی کلاسیک بۆ کورد لە باکوور زۆر قورس بووە بەهۆی تێکەڵبوونی دیمۆگرافییەوە. بەڵام کێشەکە ئەوەیە، دەوڵەتی سەردەست ئەو تێکەڵبوونەی وەکوو پێکەوەژیان نەویستووە، بەڵکوو وەکوو دەرفەتێک بۆ توانەوە بەکاری هێناوە. بۆیە داواکردنی ئینتێگراسیۆن بەبێ دەستکەوتنی گەرەنتییەکی دەستووریی زۆر قورسە، تەنیا ئاسانکاری بۆ توانەوەیەکی بێدەنگ دەکات. خودی ئۆجەلان درک بەمە دەکات، کاتێک دەڵێت: “ئەگەر پڕۆسەکە بە پەیمانی یاسایی مسۆگەر نەکرێت، لە ئاگربەستێکی کورتخایەن زیاتر تێناپەڕێت.”
چوارەم، ڕەنگە گەورەترین هێزی دەقەکەی ئۆجەلان لەوەدا بێت، کە ڕەهەندی چارەسەرەکەی لە “پرسی کورد”ەوە بۆ “پرسی دیموکراسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” فراوان کردووە. ئەو بە دەوڵەتانی ناوچەکە دەڵێت: کێشەی ئێوە کورد نییە، کێشەی ئێوە سیستەمە مۆدێرنە تاکڕەوەکەتانە، کە خۆتان پێدا سەپاندووە. ئازادیی ژن و ژینگەپارێزی دەکاتە مەرجی دیموکراسی، کە ئەمە دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. بەم شێوەیە پەیامەکەی ئۆجەلان، لە ڕووی تیۆری و فەلسەفییەوە چارەسەرێکی گونجاوە، کە تاوەکوو ئێستا بۆ پرسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشکەش کرابێت. گواستنەوەیە لە شەڕی شاخەوە بۆ خەباتی شار، گواستنەوەیە لە چەکەوە بۆ یاسا، لە دابەشبوونەوە بۆ پێکەوەژیان. بەڵام لە زەمینەی واقیعی ئۆنتۆلۆجی و سایکۆلۆجیای دەوڵەتانی وەکوو تورکیا دا، ئەم پڕۆژەیە ڕووبەڕووی پارادۆکسێکی گەورە دەبێتەوە: بۆ ئەوەی ئەم پڕۆژەیە جێبەجێ ببێت، پێویستە دەوڵەتانی ناوچەکە دەستبەرداری سروشتی “بوون”ی خۆیان ببن. دەوڵەتی تورکیا بۆ ئەوەی ببێتە کۆمارێکی دیموکراتیک و فرەڕەنگ، دەبێت دەستبەرداری ئەو عەقڵییەتە ببێت، کە سەد ساڵە بە خوێن و ئاگر و ئاسن دروستی کردووە. لەسەر خاکی واقیع، ئەم دەوڵەتانە وەکوو لیڤایاسانەکەی “تۆماس هۆبز”ن، تەنیا زمانی هێز تێدەگەن. کاتێک چەک دادەنرێت بۆ ئەوەی کۆمەڵگە بونیاد بنرێت، دەوڵەت ئەمە وەکوو نیشانەی لاوازی نەک وەکوو ئیرادەی ئاشتی دەخوێنێتەوە.
واتە تێزەکەی ئۆجەلان نەخشەڕێگایەکە بۆ گەیشتن بە یوتۆپیایەکی کۆمەڵایەتیی زۆر جوان، بەڵام لەسەر جوگرافیایەک جێبەجێ دەکرێت، کە دەوڵەت تێیدا خودایەکی دڕندەیە و کۆمەڵگەی کردووەتە بارمتە. تەنیا لە یەک کاتدا ئەم پەیامە دەتوانێت سەر بگرێت: ئەگەر هۆشیاریی کۆمەڵگەی سەردەست بۆ نموونە، کۆمەڵگەی تورک خۆی، بە جۆرێک لە جۆرەکان لەژێر هەژموونی میدیا و دەوڵەت دەربچێت و باوەڕ بەم پارادایمە بهێنێت. بەبێ بوونی ئەو هۆشیارییە لەلای نەتەوەی سەردەست، چەکدانانی کورد لەم قۆناغەدا، گەمەیەکی مەترسیدارە لەسەر لێواری مەرگێکی سیاسی و کولتووریی نوێ. ئۆجەلان دەیەوێت بە چەکی یاسا و لۆجیک شەڕی مەکینەیەک بکات، کە سەد ساڵە یاسای وەکوو تیغێک بۆ سەربڕینی لۆجیک بەکارهێناوە.



