مێژووی نەتەوەکان بە تەنیا بە تێپەڕبوونی ساڵ و دەیەی ڕووداوەکان ناپێورێت، بەڵکوو بە کەسایەتییە مێژوویی و وەرچەرخانسازەکانەوە دەناسرێتەوە، کە لە ئاسۆ تاریکەکاندا دەبنە مەشخەڵی ڕووناکی و نیشانەی ئیرادەی نەتەوەیەک. لە لاپەڕە زێڕینەکانی مێژووی هاوچەرخی کوردستاندا، ناوی شێخ مەحموودی حەفیدی نەمڕ، تەنیا وەکوو ڕێبەرێکی سیاسی، یان شۆڕشگێڕێک نابینرێت، بەڵکوو وەکوو سیمبولی سەربەخۆیی و ڕەتکردنەوەی ژێردەستەیی و دامەزرێنەری یەکەمین حوکمرانیی شاهانەی باشووری کوردستان دەدرەوشێتەوە.
لە حەفتایەمن ساڵوەگەڕی کۆچی دوایی ئەم ڕێبەرە مەزنەدا، کە لە نیشتماندا دوای تەمەنێک لە خەبات و بەرخۆدان کۆچی دوایی کرد. بیر لە میراتێک دەکەینەوە، کە تاوەکوو ئێستاش هەوێنی خەباتی نەتەوەییمانە. لە کاتێکدا جیهان دوای جەنگی یەکەمی جیهانیی لەژێر کاریگەریی ڕێککەوتننامە نهێنییەکان و دابەشکارییەکانی هێزە ئیمپریالیستییەکاندا بەش بەش دەکرا، شێخ مەحموودی حەفید بە باوەڕێکی پۆڵاین و هەستێکی نەتەوەیی بەرزەوە ڕاوەستا. تێگەیشت، کە مافی گەلی کورد بە پاڕانەوە و دەستەمۆبوون بەدەست نایەت، بەڵکوو بە ئیرادە و یەکگرتوویی و خەباتی بەردەوام دەسەلمێنرێت. بە ڕاگەیاندنی یەکەمین حکوومەتی کوردستان لە سلێمانی و ناونانی خۆی وەکوو مەلیکی کوردستان، بڕیارێکی مێژوویی و بوێرانەی دا، کە پەیامێکی ڕوونی ئاراستەی زلهێزەکانی سەردەم کرد، کە کورد نەتەوەیەکە شایستەی سەربەخۆیی و خاوەن دەوڵەتداریی خۆیەتی.
شێخ مەحموود تەنیا سەرکردەیەکی سەربازی، یان ڕامیاری نەبوو، بەڵکوو کەسایەتییەکی ڕۆحی و ئایینی و کۆمەڵایەتیی خاوەن پێگەی بەرز بوو، کە توانی ڕیزەکانی نەتەوەی کورد لە سەرانسەری ناوچەکەدا لێک نزیک بکاتەوە و ڕوحێكی نوێ لە بەرگری لە شاری سلێمانی و دەوروبەریدا فۆرمولە بکات. داستانی بەناوبانگی دەربەندی بازیان شایەتحاڵی ئەو ڕاستییەیە، کە چۆن ئەم ڕابەرە مێژووییە لەگەڵ پێشمەرگە و هەڤاڵانیدا کۆڵیان نەدا و لە بەرانبەر زلهێزترین سوپای مۆدێرنی ئەو سەردەمەدا بە سەربەرزییەوە جەنگان و ئامادە نەبوون تەسلیمی بڕیارە زاڵمانەکانی ئیمپریالیزم ببن. ئەو لە سەردەمێکدا ئاڵای سەربەخۆیی بەرز کردەوە، کە زۆربەی نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە گێژاوی گۆڕانکارییە سیاسییەکاندا بەبێ وەڵام بوون، بەڵام بڕوای نەپووکواوی شێخ مەحموود بە دادپەروەریی دۆزی کورد، سنوورەکانی نەخشەی سەپێنراوی بەزاند.
دوورخرانەوە و دەستبەسەرکردنی بەردەوامی لە لایەن بەریتانییەکانەوە بۆ ناوچە جیاوازەکان، نەیتوانی ئیرادەی تێک بشکێنێت، بەڵکوو لە هەر دەرفەتێکدا دەگەڕایەوە ناو گەلەکەی بۆ نوێکردنەوەی پەیمانی وەفاداری بۆ ڕزگاریی نیشتمان. شێخ مەحموود لە خەباتی خۆیدا تەنیا پشتی بە چەک نەدەبەست، بەڵکوو بە دامەزراندنی ڕۆژنامەی پێشکەوتن و بانگەوازکردن بۆ هۆشیاریی فکری و ڕووناکبیری، سەلماندی کە ڕزگاریی ڕاستەقینە لە ڕێگەی کارکردن لەسەر ئیرادە و هۆشیاریی نەتەوەییەوە دێت. ئەم تێکەڵاوەی نێوان بەها ئایینی و کۆمەڵایەتی و ڕزگاریخوازییەکان، پێگەیەکی شایستە و ناوازەی لە مێژوودا پێبەخشی، کە تاوەکوو ئەمڕۆش هۆکاری زیندوومانی یاد و ناوییەتی لە ویژدانی هەر کوردێکدا.
مەزنترین و بڕیاردەرترین وانەی ڕێبازەکەی شێخ مەحموودی حەفید، گرنگیی حیكمەتانەی تەباكردن و یەکگرتوویی ناوخۆییە وەکوو مەرجی یەکەم و بنەڕەتی بۆ هێنانەدی سەربەخۆیی نەتەوەیی. ئەو زۆر باش لەوە گەشتبوو، کە پەرتەوازەیی ناوخۆیی و دروستبوونی لێکترازانی نێوان چین و توێژەکانی کۆمەڵگە، گەورەترین ئاستەنگ و ئافاتە لە بەردەم گەیشتن بە ڕزگاری و ئازادی، چونکە هیچ نەتەوەیەک بەبێ یەکگرتوویی ڕاستەقینە ناتوانێت بەرانبەر تەوژم و پیلانگێڕیی داگیرکەران بوەستێتەوە. ڕاگەیاندنی یەکەمین حکوومەتی کوردستان و چاندنی تۆوی سەربەخۆیی لە زەمینەیەکی ئاڵۆزدا، سەلماندی کە گەلی کورد بە هەموو شێوازێک شایستەی مافی بڕیاردانی چارەنووسی خۆیەتی. ئەو هەنگاوە بوێرانە و مێژووییەش بووە سەرچاوەی ئیلهام و هەوێنی تەواوی شۆڕش و بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکانی دوای خۆی لە پارچە جیاوازەکانی کوردستاندا.
ئەمڕۆ، کە یاد و مێژووی پڕ لە سەروەریی ئەم سەرکردە مەزنە بەرز ڕادەگرین، پێویستە قووڵتر لە ڕابردوو درک بەوە بکەین، کە ئاواتی سەربەخۆیی تەنیا بە یەکێتیی بڕوا و تەبابوونی ڕیزەکانی گەلەکەمان دەستەبەر دەبێت. وەفاداری بۆ ڕوحی پاکی شێخ مەحموودی حەفید و هەموو شەهیدانی ڕێگای ئازادی، تەنیا لە دروشم و درکاندنی وشەدا کۆنابێتەوە، بەڵکوو لەوەدا بەرجەستە دەبێت، کە بەرژەوەندییە باڵا و جەوهەرییەکانی نەتەوە بخەینە سەرووی هەموو جیاوازییەکانی دیکە و بە دەستگرتن بە یەکگرتوویی، بەرەو سەسپاندنی مافە ڕەواکانمان هەنگاو بنێین. خەباتی بێ بڕانەوەی شێخ مەحموود و ڕێبازەکەی فێرمان دەکات، کە کەرامەتی نەتەوەیی بە نرخترین سەرمایەیە و تاوەکوو گەیشتن بە سەربەخۆیی و ڕزگاریی تەواوەتی، ئەم کاروانە ڕناوەستێت. سڵاو لە گیانی پاکی مەلیکی کوردستان، شێخ مەحموودی حەفید و سەربەرزی بۆ خەباتی ڕەوا و یەکگرتووانەی نەتەوەی کورد.


