ئیبراهیم مەلازادە
پێشتر لە ماڵپەڕی سەکۆ بۆ نیشتمانسازی مەترسی خۆجڵەوکردنی هەندێک لە نووسەر و توێژەرانی کوردم لە سێ بابەت بە زنجیرە خستەڕوو (کرتە لێرە بکەن بۆ بەشی یەکەم، بەشی دووەم، بەشی سێیەم). مەترسییەک، کە ڕاستەوخۆ دەمانباتەوە ناو فەزای دژە کۆلۆنیالیزم؛ واقیع و چارەنووسی ئێستا و داهاتووی کورد دەخاتەوە ناو هەمان ئەو فەزا فیکرییەی کە لە کۆتاییدا بە قازانجی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان دەشکێتەوە.
ئەحمەد فاتیح محەمەد، نووسەری “نیشتیمان وەکوو فەزایەکی بێ شوێن“، بەڕوونی لەژێر کاریگەریی مارکسیزمی نوێ و ڕەخنەی نیولیبڕالیزمدا، وا لە دۆخەکە دەڕوانێت، کە مۆدێلی ئابووریی سەرمایەداریی ئازاد (نیولیبڕالیزم) هەموو شتێکی کردووەتە کاڵا. “بەکاڵاکردنی مرۆڤ” و “تەنی لۆجستی” و “مەکینەی قازانج” و “بەکاربەر” چەمکگەلێکن لە سەرچاوەی فیکریی بیرۆکەکانی مارکس وەکوو “نامۆبوون” و “بەکاڵاکردنی پەیوەندییە مرۆییەکان” لەگەڵ ڕەخنەکانی چەپی نوێ بۆ گەشەی عقارات و کەرتی تایبەت هاتوونەتە ئاراوە. لێرەدا، ڕەخنەگرتن لە وتارەکە لە گۆشەنیگای مەترسی دیموگرافی و پرسی بەعەرەبکردنی کوردستان کێشە سەرەکییەکەیە، نەوەکوو دابەزاندنی کێشەکە بۆ شوێنکەوتنی چەمکە فەلسەفی و ئابوورییە جیهانییەکان، کە ڕەنگە هۆکارێک بن بۆ گۆڕینی سەرنج لەسەر بنەمای کێشە سەرەکییەکە.
ئەگەر لە ڕوانگەی ئاساییشی نەتەوەیی دیموگرافیای کوردستانـەوە، تەماشای وتاری “نیشتمان وەکوو فەزایەکی بێ شوێن” بکەین، لەپاڵ بەکارهێنانی ئامرازە فیکرییە مۆدێرنەکان و چەمکەکانی سەرمایەداری و نیولیبرالیزم و بەکاڵاکردنی مرۆڤ، وتارەکە دەکەوێتە ناو چەند هەڵەیەکی مەترسیدارەوە، کە دەبنە هۆی فەرامۆشکردنی ئاریشە ڕاستەقینەکە، کە خۆی لە نەتەوەیەکی چەندین جار جینۆسایدکراوی بێدەوڵەت دەبینێتەوە. نەتەوەیەک تاوەکوو ئەو چرکە ساتەش هەر چوار دەوڵەتی داگیرکەری کوردستان ئامادە نین دان بە مافە مرۆیی و نەتەوەییەکانیدا بنێن. لێرەدا، هەوڵ دەدەم لە چەند بڕگەیەکدا دەرەنجامە مەترسیدارەکانی ئەو جۆرە ڕوانگە و گوتارە ڕوون بکەمەوە.
یەکەم: پەردەپۆشکردنی بەعەرەبکردنی کوردستان بە بیانووی “نیولیبرالیزم”
نووسەری بەڕێز دەفەرموێت: “ئەم شەپۆڵە گەورەیەی مرۆڤەکان لە باشوور و ناوەڕاستەوە بەرەو جوگرافیای ئێمە دێن، لە ڕاستیدا نە داگیرکەرن، نە گەشتیار، بەڵکوو ئەوان مرۆڤە بێ ناونیشانەکانی ناو مەکینەیەکی گەورەن، کە تەنیا زمانێکییان هەیە، ئەویش زمانی “بێبەهابوون و قازانجە”. ئەم دەقە لە گۆشەنیگای فیکریی چەپ (چەپی ڕادیکاڵ، یان مارکسی) و هیومانیزمی مارکسیستییەوە نووسراوە، بە تایبەتی لەژێر کاریگەری مۆدێلی شیکاریی “نێودەوڵەتگەرایی چەپ” و ڕەخنەگرتن لە سەرمایەداریی. لە لایەک شیکارییەکی چینایەتییە نەوەکوو نەتەوەیی، چونکە لەبری ئەوەی بڕوانێتە کێشە ڕاستەقینەکە وەکوو ململانێیەکی نەتەوەیی (کورد بەرانبەر عەرەب)، وەکوو ململانێیەکی چینایەتی دەبینێت. لای نووسەر ئەم کۆچبەرانە وەکوو “نەتەوەی عەرەب”، نوێنەری دەوڵەتی عێراق نایانبینێت، بەڵکوو وەکوو پڕۆلیتاریا و چینی چەوساوە دەیانبینێت، کە سیستەمی سیاسی و ئابووریی بێبەهای کردوون. لە کاتێکدا ئەو باش دەزانێت، کە کۆمەڵگەی عێراقی تاوەکوو بینەقاقای کۆمەڵگەیەکی ئایینی و خێڵەکی و تائیفییە. ڕاستە دەستەبژێرێکی سیاسی گەندەڵ دۆخی عێراقیان بە ئاراستەیەکی خەمناک و دژواردا بردووە، بەڵام ململانێکە هێندەی تائیفی و قەومییە، بەهیچ پێوەرێک پەیوەندی بە سەرمایەداری و چینایەتییەوە نییە. زۆرینەی ئەوانەش، کە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، خەڵکە سەرمایەدار و بەتواناکانن، نەوەکوو هەژارەکان، وەکو نووسەر بانگەشەی بۆ دەکات.
لە لایەکی دیکەوە، مەبەستی نووسەر لە مەکینە گەورەکە، سیستەمی سەرمایەداری و گەندەڵی و حوکمڕانی ناوچەکەیە، کە مرۆڤەکان دەکاتە ئامرازێک بۆ قازانجی ئابووری و هێزی کارێکی هەرزان. پرسیار ئەوەیە، بە چ پێوەرێک کۆمەڵگەی خێڵەکی عێراق بەو ئاراستەیەدا بردراوە؟ هێندەی (یا عەلی و یا حوسەین) کۆمەڵگەی عەرەبی شیعە دەجوڵێنێت، چ چەمکێکی چەپگەرایی و چینایەتی هێندە دەیجوڵێنێت؟ لەهەمان کاتیشدا وەها دەقێک، بەئاشکرا ڕەتکردنەوەی چەمکی داگیرکەرە. نووسەری بەڕێز جیاوازی ناکات لەنێوان “سیاسەتی بەرنامە بۆ داڕێژراوی دەوڵەتی داگیرکەر بۆ بەعەرەبکردن، (کە دەوڵەتی عێراق دەیکرد) و دواتریش شەڕی تائیفی و شەڕی دەولەی ئیسلامی (داعش)، لەنێوان کۆچی ناچاری خەڵکی هەژار بۆ دەستکەوتی نان. لای ئەو ئەم خەڵکە هۆشیاریی سیاسی، یان ئایدیۆلۆجییان نییە بۆ داگیرکاری، بەڵکوو قوربانیی هەمان ئەو سیستەمەن، کە خەڵکی کوردستانیشی بێبەش کردووە. ئەم جۆرە ڕوانگەیە یەکسانکردنی قوربانی و تاوانبارە. یەکسانکردنی نەتەوەیەکی جینۆسایدکراوی بێ دەوڵەتە بە خەڵکێک، کە دەکرێت زۆرینەی ئامادە و گەواهیدەری پاکتاوکردنی کوردە فەیلییەکان بووبن لە بەغدای پێتەخت، دەکرێت ڕێژەیەکی زۆریان سەربازی ناو شاڵاوەکانی ئەنفال بووبن، بەشێکییان بەعسییە دەستەڵاتدارەکانی دەستبەخوێنی ئازادیخوازانی کوردستان بوون.
دواتر، نووسەر دەفەرموێت: “ئەمە تەعریب نییە، بە مانا نەتەوەییەکەی، بەڵکوو بەکاڵاکردنی مرۆڤە”. ئەم ڕستەیە جەوهەری کێشەکەیە لە وەها وتارێکدا. بەکارهێنانی هەندێک تیۆری ڕۆژئاوایی ئاراستە چەپ، دەربارەی سەرمایەداری “کە بۆ کۆمەڵگەیەکی سەقامگیری وەکوو فەڕەنسا، یان بەریتانیا داهێندراون” و جێبەجێکردنییان لەسەر هەرێمی کوردستان، بەهەڵەداچوونێکی مەعریفی و میتۆدۆلۆجی مەترسیدار لەسەر درککردن بە واقیع و چارەنووسی هەرێمی کوردستان دروست دەکات. ئەگەر لە پاریس، یان لە لەندەن کۆچبەران ببنە بەشێک لە مەکینەی ئابووریی، ئەو وڵاتانە خاوەنی دەوڵەت و زمان و سیستەمی بەرگریی بەهێزی کولتووریی خۆیانن، هیچ مەترسییەک لەسەر ئێستا و ئایندەی ئەو وڵاتانە دروست ناکەن. بەڵام هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی تەواو جیاواز دایە، هاتنی شەپۆڵی زەبەلاحی دانیشتووان لە باشوور و ناوەراستی عێراقـەوە بۆ هەرێمێک، کە خۆی لەژێر هەڕەشەی بەردەوامی ناهاوسەنگی “دیمۆگرافیا”دا دەبینێتەوە، ئەنجامەکەی لە وەها دۆخێکدا “بەعەرەبکردنێکی نەرمە؛ (Soft Arabization). گۆڕینی ناوچە و شارەکان، تەنیا بەهۆی فەزای ئابوورییەوە ڕوونادات، بەڵکوو کۆمەڵێک هۆکاری هەنووکەیی دوورمەودا هەن، بۆیان هەیە سیمای زمان و چاند و دیمۆگرافیی شارەکانی باشووری کوردستان بەرەو بە عەرەببوونێکی مەترسیدار ببەن. هۆکارەکانیشم لە نووسینێکی پێشووتردا ڕوونکردوونەتەوە.
دووەم: یەکسانکردنی “پەلاماردەر- سوودمەند” و قوربانی
وتارەکە هەوڵ دەدات، کورد و عەرەب بخاتە یەک تای تەرازوو و وەکوو دوو “قوربانی یەکسان”ی مەکینەی سەرمایەداری، بخاتە سەر شانۆ. لێرەدا، کورد بووەتە پاسەوانێکی ماندوو و عەرەبەکەش کڕیارێکی نامۆ. ئەم جۆرە لە زمانە مرۆڤدۆستییە گشتگیرە، کورد دەکاتە قوربانیی و هاوسەنگی هێز و دەرئەنجامە سیاسییەکان فەرامۆش دەکات. عەرەبێک، کە دێتە کوردستان و بە گیرفانێکی پڕی دارایی، یان توانایەکی زۆری کڕین لە سیتییەکاندا نیشتەجێ دەبێت، زمانی خۆی و کولتووری خۆی لەگەڵ خۆی دەهێنێت، دوای ماوەیەک داوای خزمەتگوزاری بە زمانی خۆی دەکات و فێری زمانی زۆرینە نابێت. ئەنجامی ئەمە بۆ کورد، کە خاوەنی جوگرافییایەکی گەمارۆدراو و کێشەلەسەر و مەترسیدارە، بچووکبوونەوەی قەڵەمڕەوی زمان و دەسەڵاتی نەتەوەییە. یەکسانکردنی هەردوولا لەژێر ناوی “مرۆڤی بەبێ ناوونیشان”، سڕینەوەی بەرەی نەتەوەیە لەژێر پێی کورد دا. مرۆڤی عەرەب لە عێراق، مرۆڤێکی بەبێ ناونیشان نییە، شانازی بە عێراقیبوون و تائیفەکەیەوە دەکات، قەومییەکانیشیان خودی ئەو کوردستانە بە بەشێک لە نیشتمانی عەرەبی دەزانن، بۆیە ئەوەی کە بەبێ ناونیشانە عەرەبی عێراق نییە، تەنیا کوردە، کە ڕێژەیەکی زۆری خۆی بە عێراقی نازانێت و لەولایەشەوە بەبێ دەوڵەتە، خراپی بەڕێوەبردن و حوکمداریش لە هەرێم، کێشەی وابەستەیی و ژێبەندیی نیشتمانی ئاڵۆزتر کردووە.
سێیەم: ونکردنی ئەجندای جیۆپۆلیتیکی لە پەنا خۆدزینەوە لە ڕاستی
وتارەکەی نووسەر، ئەحمەد فاتیح، وای نیشان دەدات، کە ئەم کۆچ و گۆڕانکارییانە تەنیا ئەنجامی “سوود و قازانجی کۆمپانیاکانی عەقاراتن”. ئەگەرچی چاوچنۆکی کۆمپانیا ناوخۆییەکان و سەرگەردانیی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، هۆکارێکی گەورەی ئاسانکارین بۆ ئەو کۆچە نەرمە، بەڵام پشتگوێخستنی ئاستە جیۆپۆلیتییەکەی کارەساتبارە بۆ ئایندەی هەرێمی کوردستان. لەسەر ئاستی مێژوویی و ئێستاش گۆڕینی دیمۆگرافیای کوردستان ئامرازێکی ستراتیجی بووە بۆ لاوازکردنی قەوارەی سیاسی کوردستان. کاتێک وتارەکەی ئەحمەد فاتیح، دۆخی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان تەنیا وەکوو تەمێکی جیهانی ناوزەد دەکات، خوێنەر لەوە بێئاگا دەکات، کە دەرەنجامی ئەم شەپۆڵە، تێکدانی دیمۆگرافیای کوردستان و بەکەمینەکردنی دانیشتوانی کوردە لە شارە سەرەکییەکان و لە ئایندەیەکی نێوەنددا. بۆیە لەجیاتی ئەوەی بەتەنیا لە ڕوانگەیەکی سوود و قازانجی عەقاراتەکان دۆخەکە هەڵبسەنگێنین، پێویستە هەموو ڕووەکانی کێشەکە ببینین. هەندێکجار پلان بۆ کارێکی دیاریکراو دەکێشرێت، بەڵام دەرەنجامی دیکەی دەبن، کە نۆربێرت ئەلیاس بەبێ پلان (unplan) ناوزەدیان دەکات. وەکوو دروستکردنی ئۆتۆمبێل، بەشێوەی پلان بۆداڕێژراو؛ بە مەبەستی ئاسوودەیی مرۆڤ دروستکراون، بەڵام لە کۆتاییدا، هەمان ئەو ئۆتۆمبێلە ژینگەی مرۆڤیش پیس دەکات و هۆکارێکە بۆ دروستبوونی شێرپەنجە و لە پلانی مرۆڤەکاندا نەبووە. دەکرێت ئەوەش هەمان دەرەنجامی لێ بکەوێتەوە.
چوارەم: زمان وەکوو کۆدێکی سارد، یان ئامرازی زاڵبوون
نووسەر ئاماژە بەوە دەکات، کە زمان تەنیا بووەتە “کۆدێکی سارد بۆ کڕین و فرۆشتن”. ئەم تێگەیشتنە، خەبات و تێکۆشان بۆ پارێزگاریکردن لە زمان و چاند، دەخاتە قالبێکی زۆر لاوەکی و مەترسیی بەکەمینەبوون و بەعەرەببوون چەند قات دەکاتەوە. لێرەدا، واقیعەکە پێمان دەڵێت، لە بازاڕ و سیتییەکان و شوێنە گشتییەکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک، چیدیکە فەزایەکی کوردی نین، زمانی کوردی بەرەبەرە پاشەکشە دەکات و زمانی عەرەبی دەبێتە زمانی زاڵ بۆ ڕازیکردنی “کڕیارە نوێیەکان”. ئەمە تەنیا پرسیارێکی فەلسەفی سەردەمی مۆدێرنە نییە، بەڵکوو پاشەکشەی ڕاستەقینەی زمانێکە لەسەر خاکی خۆیی.
لە ئاکامدا، “نیشتیمان وەکو فەزایەکی بەبێ شوێن”، نموونەیەک لەو نووسینانەیە، کە دیاردەیەکی نەتەوەیی و ئاساییشی نەتەوەیی داپۆشیوە بە بەرگی تیۆرییە فیکرییەکانی ئاراستەی چەپ و ئەنارکیزم. خاڵی بەهێزی وتارەکە لە ڕووی ئەدەبییەوە؛ دەربڕینی هەستی نامۆبوونی مرۆڤە لە سایەی باڵادەستی سەرمایە و گەشەی تەندروستی شارەکان. لە بەرانبەریشدا مەترسی سەرەکی وتارەکە، بەکاڵکردنەوەی چەمکی بەعەرەبکردن و گۆڕینی لە “مەترسییەکی بوونگەرایی بۆ نەتەوەیەک”، بۆ “کێشەیەکی فەلسەفی گشتگیر دەربارەی بێبەهاکردنی مرۆڤ لە سەرمایەداریدا.
لە بەشێکی زۆری دەقەکەدا، جۆرێک لە بێئومێدی فەلسەفی بەرانبەر بێمانابوونی ژیانی مۆدێرنە دەبیندرێت، ژمارەیەک چەمکی جیاواز بەکارهاتوون لە جۆری “پووچگەرایی”، “مێژووی بێ ڕوح”، “کۆمیدیای بێ بایەخی” و “تەنیایی بە کۆمەڵ”، کە چەمکگەلێکن پەیوەندییان بۆ قۆناغی پۆست مۆدێرنە و ئاڵۆزبوونی ژیانەوەیە. لێرەدا، کورتەی کێشەکە لە ستایلی بیرکردنەوەی نووسەری بەڕێزدا، قالبێکی تیۆریی ئامادەکراوی ڕۆژئاوایی بۆ ڕەخنەکردنی شارە گەورەکانی وەکوو پاریس و لەندەن، یان نیویۆرک دروستکردووە، ڕاستەوخۆ تێکەڵ بە دۆخی کوردستانی کردووە. ئەمەش وایکردووە کێشەیەکی هەستیاری جیۆپۆلیتیکی و دیمۆگرافی، کە تایبەتە بە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و پرسی نەتەوەیەکی بێ دەوڵەتی وەکوو کورد، بچووک بکاتەوە بۆ مەترسییەکانی سەرمایەداری لەسەر مرۆڤی مۆدێرن. هەر هەمان ئەو هەڵە مەعریفی و میتۆدۆلۆجیانەن، کە پۆست کۆلۆنیالیستە کوردەکان تێی دەکەون و کوردستان لە کاتێکدا زیاتر لە سەد ساڵ لەژێر هەژموون و داگیرکارییەکی ڕاستەوخۆی سێ نەتەوە و چواردەوڵەتی داگیرکەردا دەناڵێنێت، تێکەڵی دەکەن بە دۆخی پۆست کۆلۆنیالیزمی ئێدوارد سەعید و هەندێک نووسەری دیکە، کە نەوەکوو هەر باوەڕیان بە مافی کورد و نەتەوەکانی غەیرە عەرەبی ناوچەکە نییە، بەڵکوو بە بەشێک لە پیلانی ئیمپریالیزمیشی دەزانن و وەکوو گەورەترین مەترسی هەژمار دەکەن لەسەر ئایندەی ئەوەی کە ناویان لێناوە “دابەشکردنی دابشکراو”.



