سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

نیشتیمان وەکوو “فەزایەکی بێ‌شوێن”: کاتێک شار دەبێتە مەنفایەکی شووشەبەند

ئەحمەد فاتح محەمەد

لەناو جەرگەی ئەم هەرێمەی ئێمەدا، چیدیکە لەبەردەم ململانێیەکی نەتەوەیی کلاسیکیدا نین، بەڵکوو لەبەردەم “تەمێکی جیهانی”داین، کە هەموو ڕەنگە ڕەسەنەکان دەسڕێنەوە. ئەو شەپۆڵە گەورەیەی مرۆڤەکان لە باشوور و ناوەڕاستەوە بەرەو ئەم جوگرافیایەی ئێمە دێن، لە ڕاستیدا نە “داگیرکەرن” و نە “گەشتیار”، بەڵکوو ئەوان “مرۆڤە بێ‌ناونیشانەکان”ی ناو مەکینەیەکی گەورەن، کە تەنیا زمانێکییان هەیە، ئەویش زمانی “بێبەهابوون ” و “قازانج”ە. سیستەمی نوێی دەسەڵاتداریی و حوکمداریی، کە نیشتیمانی کردووەتە “کۆمپانیایەکی عەقاراتی گەورە”، ئیدی لەم سیستمەدا وەکوو خاوەن ناسنامە و کولتوور سەیری مرۆڤ ناکات. لەم سیستەمە کورد و عەرەب تەنیا “تەنی لۆجستی” و “ژمارەی ئامار و داتاکانە”.

عەرەبێک کە لە مەنفایەکی دیکەی وەکوو بەغداوە بەرەو ئێرە هەڵدێت، نایەتە ناو “ماڵی کورد”، چونکە لە ڕاستیدا “ماڵ” وەکوو چەمکێکی مرۆیی و کولتووری چیدیکە بوونی نەماوە. ئەو دێتە ناو “فەزایەکی بێ‌شوێن”، دێتە ناو ئەو سیتیی و باڵەخانە شووشەبەندانەی کە هیچ ڕوحێکیان تێدا نییە. ئەم شوێنانە نە کوردیین و نە عەرەبی، بەڵکوو شاری بێ‌دەنگین، کە تێیدا هەموو مرۆڤەکان لەناو “نامۆبوونێکی هەمیشەییدا”دا بەیەک دەگەن. لێرەدا زمان چیدیکە ئامرازی گواستنەوەی فیکر و شیعر نییە، بەڵکوو “کۆدێکی ساردە” بۆ ئەوەی پڕۆسەی کڕین و فرۆشتن نەوەستێت. ئەمە ئەو “نەفرەتە مۆدێرنە”یە، کە تێیدا نیشتیمان دەگۆڕێت بۆ “ئوتێلێکی گەورە”. لەم ئوتێلەدا، کوردەکە بووەتە “پاسەوانێکی ماندوو”، کە خەریکی پاراستنی ئەو باڵەخانانەیە کە هی ئەو نین، عەرەبەکەش بووەتە “کڕیارێکی نامۆ” کە لەناو “بازاڕی وەهمەکان”دا بەدوای ئارامییەکی کارتۆنیدا دەگەڕێت. ئەمە ئەو “پوچگەراییەیە”، کە تێیدا سیاسەت دەمرێت و جێگەی خۆی بۆ “خزمەتگوزاری” چۆڵ دەکات. کاتێک دەسەڵات شانازی بە ئاماری گەشتیارانەوە دەکات، لە ڕاستیدا، باس لە “کۆمیدیای بێ‌بایەخی” دەکات، ئەوان مرۆڤەکان وەکوو “سەرمایەی گەڕۆک” دەبینن، کە دەبێت لەناو “مۆڵەکان”دا کۆبکرێنەوە، تاوەکوو مەکینەی قازانج نەوستێت.

ئەم شەپۆڵە لۆجستییە ڕێک وەکوو ئەو کۆچە گەورەیەی ڕۆژهەڵاتییەکانە بەرەو ڕۆژئاوا. وەکوو چۆن لە پاریس و لەندەن مرۆڤەکان دەکرێنە “ئامرازی ئابووری” و لەناو “گێتۆیە مۆدێرنەکان”دا ناسنامەیان لێ دەسەنرێتەوە، لێرەش لە هەولێر و سلێمانی هەمان “ئەندازیاریی بێبایەخی” کار دەکات. ئەمە “تەعریب” نییە بە مانا نەتەوەییەکەی، بەڵکوو “بە کاڵاکردنی مرۆڤ”ە. لەم پڕۆسەیەدا، نیشتیمان لە “خاک”ەوە دەبێتە “تیۆرییەکەی وەهم”، شوێنێک کە هەمووان تێیدا دەدرەوشێنەوە، بەڵام کەس تێیدا بەختەوەر نییە.

ئێمە لەبەردەم “جوگرافیایەکی کوژراو”داین، کە تێیدا مێژوو بێدەنگ کراوە. ئەو ململانێیە مێژووییەی لەنێوان کورد و عەرەب‌دا هەبوو، ئێستا لەناو “سیمای شووشەبەندی ستییەکان”دا حەشار دراوە. ئەمە “پێکەوەژیان” نییە، بەڵکوو “تەنیاییەکی بەکۆمەڵە”. کورد و عەرەب لەتەنیشت یەکتر وەستاون، بەڵام هەریەکەیان لەناو “کەشتییە غەریبەکان”ی خۆیدایە.

سیستەمی نیولیبڕالیزم و سەرمایەداری وای کردووە، کە “داهاتوو” تەنیا بریتی بێت لە “زیادبوونی خواست لەسەر زەوی”. لێ نیشتیمان چیدیکە ئەو “باوەشە گەرمە” نییە، کە نەوەکانی بپارێزێت، بەڵکوو بووەتە “فەزایەکی ترانزێت”، کە هەمووان تێیدا تەنیا “ڕێبوارێکی ماندوون”. کاتێک سەیری ئەو گەنجە کوردانە دەکەیت، کە بە دوای ناسنامەی خۆیاندا لەناو مۆڵەکاندا دەگەڕێن و ئەو خێزانە عەرەبانەی کە لەناو “غەریبییەکی نوێ”دا پیاسە دەکەن، تێدەگەیت، کە هەردوولا قوربانیی یەک مەکینەن. مەکینەیەک کە نایەوێت تۆ “مرۆڤێکی سیاسی” بیت، بەڵکوو دەیەوێت تۆ “بەکاربەرێکی گوێڕایەڵ” بیت. ئەمە ئەو “مەنفا بێدەنگەیە” کە تێیدا خاک دەبێتە “عەقارات” و زمان دەبێتە “ڕیکلام”. لێرەدا، “نیشتیمان وەکوو فەزایەکی بێ‌شوێن” مانای ئەوەیە، کە تۆ لەسەر خاکی خۆتی، بەڵام هەست دەکەیت لەناو ئوتێلێکی غەریبدا نیشتەجێیت، چونکە هیچ شتێک لە دەوروبەرت ڕاستی نییە، هەمووی بەشێکە لە “کۆمەڵگەی نمایش”.

سەرەنجام ئەم سیستمە پێمان دەڵێت، کە ئێمە لەبەردەم مێژوویەکی بێ ڕوح داین. نیشتیمانێک، کە تەنیا بۆ “کڕیارەکان” دەدرەوشێتەوە و دڵی خۆی لەدەست داوە. ململانێکە چیدیکە لەسەر ئەوە نییە، کە کێ خاکەکەی لەدەست دەدات، بەڵکوو لەسەر ئەوەیە، کە چۆن لەناو ئەم فەزا بێ‌شوێنانەدا هەموومان پێکەوە “مانای مرۆڤبوون” لەدەست دەدەین. ئێمە هەموومان بووینەتە پارچەیەک لە “کتێبە نادیارەکان”ی مێژوویەکی نوێ، کە تێیدا نەزانەکان نەخشەی شار و مرۆڤەکان دەکێشن، ئینجا چ کورد بێت، چ عەرەب، کە تەنیا وەکوو “سێبەرێکی ماندوو” لەناو مۆڵەکاندا بەدوای خۆیاندا دەگەڕێت. ئەمە ئەو کارەساتە سپییەیە، کە نیشتیمانی کردووەتە مەنفایەکی گەورە بۆ هەمووان.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO