سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

جڵەوی توێژینەوە: لەنێوان پۆست کۆلۆنیالیزم و کۆلۆنیالیزمی ناوخۆییدا

(3)

لە تیوری پۆست کۆلۆنیالیزمدا گوتمان بە ڕەهایی ناکرێت بیکەین بە چوارچێوەیەک بۆ دۆخی کورد و بکرێت بە پاساو بۆ داگیرکەرانی ئەمڕۆی کوردستان. ئەوەی داگیرکەرانی هەر چوار پارچەی کوردستان لەو سەد ساڵەی ڕابردوودا دژ بە نەتەوەی کورد کردوویانە، ڕووی کۆلۆنیالیزمی ڕۆژئاوایان سەد قات سپی کردووەتەوە. بێشکچی دەڵێت: بەکۆلۆنیکردنی کوردستان زۆر خراپتر و وێرانکەرترە لە کۆلۆنیالیزمی کلاسیکی ڕۆژئاوایی.

بێجگە لە تیوری پۆست کۆلۆنیالیزم، تیورییەکی دیکەمان هەیە کە زۆر نزیکە لە دۆخی کوردستان، بەناوی کۆلۆنیالیزمی ناوخۆیی. لەوانەیە لە ڕوواڵەتدا ئەم تیورییە بۆ دۆخی کوردستان گونجاوترینییان بێت، کە لەلایەن “مایکل هێختەر” (Michael Hechter) داهێنراوە. پوختەی تیورییەکە پەیوەندی بە دۆخی ڕەشپێستەکانی ئەمریکاوە هەیە، کە پێی وایە مەرج نییە کۆلۆنیالیزم هەمیشە لەلایەن زلهێزێکەوە بێت و وڵاتێکی دیکە داگیر بکات، یان هێزێکی دەریایی وەکو (فەڕەنسا و بەریتانیا) لە دوورەوە بێت و وڵاتێک داگیر بکات. بەڵکو دەکرێت لەناوخۆی یەک دەوڵەتدا کە ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان بێت و دان بە ئەندامێتی دانرابێت، بەڵام لەناو ئەو دەوڵەتەدا نەتەوە یان گرووپێکی مرۆیی باڵادەست هەژموونی تەواوی بەسەر بڕیارەکانی دەوڵەت و ئابووری و سیاسەت و سوپادا هەیە و کەمایتییەکی نەتەوەیی دەخاتە پەراوێزێکی تەواوەوە و وەکو کۆلۆنیکراو مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات.

لە بنەڕەتدا ئەو تیورییە بۆ شیکردنەوەی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان ناوچە پێشکەوتوو و دواکەوتووەکاندا لەناوخۆی یەک وڵات کاری تێداکراوە. بەڵام دواتر لە ساڵانی 1960 و 1970 لە ئەمریکا بەشێوەیەکی بەرفراوان کاری لەسەر کراوە و پەرەی پێدراوە، بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ لەسەر دۆخی ڕەشپێستەکان (ئەفریقییە–ئەمریکاییەکان) جێبەجێ بکرێت. تیورەکە لەلایەن ڕەوتێکی بزووتنەوەی مافە مەدەنییەکان و ناسیۆنالیستە ڕەشپێستەکانی، وەکو “مالکم ئێکس” و “ستۆکلی کارلمایک” و “هیووی نیوتن” پەرەی پێدراوە. پاشانیش کۆمەڵناسی ناسراو ڕۆبەرت بلۆنەر کاری لەسەر کردووە. ئامانج لە بەکارهێنانی ئەم تیورە و پەرەپێدانی بۆ ئەوەبوو بە دنیا بڵێن “دۆخی ڕەشپێستەکان لە ئەمریکا تەنها کێشەی “ڕەگەزپەرستی تاکەکەسی، یان کەمینەیەک کە کاتی دەوێت خۆی بگونجێنێت و تێکەڵ ببێت نییە، بەڵکو دۆخێکی کۆلۆنیالیستانەیە لەناوخۆی یەک سنووردا”.

کێشەی بنەڕەتی ئەو ئارگیومێنتانەی کە بە دۆخی ڕەشپێستەکانەوە دەیبەستنەوە، لەگەڵ فۆڕمی کۆلۆنیالیزمی کلاسیکدا یەک ناگرنەوە. ڕەوشی ڕەشپێستەکان لە گەڕەکە پەراوێزخراوەکانی شارەکانی ئەمریکا، تەنانەت لەگەڵ ئەو گیتۆیانەی جووەکانی ئەڵمانیای نازیش جیاوازن، چونکە گێتۆکانی ئەڵمانیا پلان بۆداڕێژراو بوون و بەزۆر جووەکانی ناو شارەکان کۆکرانەوە و خزێندرانە ناو ئەو کەمپ و گەڕەکانەی کە بەتایبەتی بۆ جووەکان ئامادەکرابوون. دەتوانین بڵێین ئەو گەڕەکانە هاوشێوەی ئەو کەمپە زۆرەملێیانە بوون کە لە باشووری کوردستان، لە دوای نسکۆی 197٥ دروستکران و دەوڵەتی عێراق ناوی لێنان “کۆمەڵگەی هاوچەرخ” (مجمعات عصریة). بەڵام ئایا هاوشێوەن لەگەڵ پێوەندی وڵاتێکی کۆلۆنیالیستی وەکو بەریتانیا، کە بە سوپایەکی بەهێزەوە بار و بارگەی خۆی لە هیندستان داکوتابوو؟ بەدڵنیایی دۆخەکان تەواو لەیەکدی جیاوازن، جیاوازییەکەش زۆر گەورەیە.

ئەفریقییە ئەمریکاییەکان بەبێ چەندوچوون هاووڵاتی ئەمریکایین و هەڵگری ڕەگەزنامە و هاووڵاتینامەی ئەمریکایین. بەپێی ئارگیومێنتی ئەو تیوریستانە ئەوەی هەیە و نییە تەنها لە ڕووی ئابوورییەوە جیاکارییان لەگەڵدا دەکرێت و لەخوارەوەی هەڕەمی ئابووریدا دەهێڵرێنەوە. هەروەها لە گەڕەکە ڕەشپێستەکان دامەزراوەکانی وەکو پۆلیس و قوتابخانەکان و بازرگانییەکان لەلایەن هاوڵاتییانی سپیپێستەوە بەڕێوە دەبرێن، کە لەوانەیە جڤاکی سپیپێستیش ئارگیومێنتی خۆیان هەبن بۆ وەها دۆخێک، جگە لەوەی کە ئەمە یەک وڵاتە و لەوانەیە بە سەدان ڕەشپێستیش لە دامەرزاوەکانی دیکەی ناو گەڕەکە سپیپێستەکانەوە هەبن. ئەوە ڕاستە کە جۆری کارەکان جیاوازن، سپیپێستەکان وەکو کۆلۆنیالیست لە پۆلیس و قوتابخانەکان و پڕۆژە بازرگانییەکان کار دەکەن، بەڵام ڕەشپێستەکان وەکو کرێکار و شوفێر و باخچەوان و پاککەرەوە کار دەکەن. وێڕای ئەوەی مێژووی ڕەشپێستەکان مێژووێکی هێندە زاڵمانە بووە، کۆسپەکان بە سیستماتیک کراون. ڕەشپێستەکان بۆ چەندین سەدە بێبەشکراون لە خوێندن و خاوەندارێتی زەوی و وەرگرتنی قەرزی بانک، لە دۆخێکی ئاواش پێشکەوتنی زانستی بۆ نەوەکانی داهاتووش قوڕس دەبێت.

بیرمەندی فەڕەنسی فرانتز فانۆن لە کتێبی “پێستی ڕەش و ماسکی سپی” پێی وایە داگیرکەر هەوڵ دەدات مرۆڤی چەوساوە هێندە تێکبشکێنێت، تا بۆخۆی باوەڕ بەوە دەهێنێت کە لە سپیپێستەکە کەمترە و ناتوانێت پێش بکەوێت. ئەمە سروشتی ڕاستەقینەی مرۆڤەکان نییە، بەڵکو دەرەنجامی ئەو زەبرە دەروونییە مێژووییەیە کە دووچاری بووە و دەتوانین ناوی بنێین “مرۆڤی هەموارکراو”.

لە ڕووێکی دیکەشەوە لەوانەیە هەمان حاڵەت لە دەڤەرێکی دیکە و لە وڵاتێکی دیکە جیاواز بێت. کاتێک گەڕەکێک دەرفەتی کاری تێدا کەم دەبێت و هەژار دەبن، ئەو گەڕەکە ڕەشپێست بن یان سپیپێست وەک گەڕەکە هەژارەکانی ئێرلەندا یان ڕووسیا، یان هەر نەتەوەیەکی دیکە، ئەوە پەیوەندی بە سروشتی ڕەگەزەکەوە نییە، بەڵکو دەکەونە ژێر کاریگەری ژینگەی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە.

بەوجۆرە دەکرێت کولتوور و مێژووی ڕەشپێستەکان بشێوێنێدرێت بە بیانوی ئەوەی هەستی بەرگریان لاواز بێت. لە هەموو حاڵەتەکاندا داواکاریی ڕەشپێستەکان داواکاریی مەدەنین و باشکردنی دۆخی گشتی ڕەشپێستەکانە. دەکرێت لە ڕووی قانونییەوە کێشەی ئەوتۆیان نەبێت. بەڵام ئایا دەکرێت وەها تیورەک لەسەر دۆخی کوردستان جێبەجێ بکرێت، کە لە کۆمەڵێک ڕووەوە جیاوازە و کورد نەتەوەیەکی پەرشوبڵاوی ناو وڵاتێک نین، بەڵکو خاک و دیمۆگرافیا و جوگرافیای خۆیان هەیە، دەتوانین دۆخەکە لەو چەند خاڵەی خوارەوە چڕ بکەینەوە:

یەکەم: نەبوونی جوگرافیایەکی جیاواز یان کۆلۆنیکراو بۆ ڕەشپێستەکان. لە کۆلۆنیالیزمی کلاسیکدا، هێزێکی دەرەکی پەلاماری دەوڵەتێک یان هەرێمێک، یاخود جوگرافیایەکی دیاریکراو دەدات بەمەبەستی دەستگرتن بەسەر ئابووری و دۆخی سیاسی ئەو وڵاتە یان ئەو هەرێمە. هەندێک جاریش کولتوور و دنیابینی خۆی بەسەر داگیرکراودا دەسەپێنێت، وەکو نموونەی بەریتانییەکان لە هیندستان و فەرەنسییەکان لە جەزائیر، هەروەها وەک ئەوەی تورک و عەرەب و فارسیش دژ بە کورد کردوویانە و دەیکەن.

دووەم: ڕەشپێستەکان جوگرافیایەکی دیاریکراویان نەبووە و لەگەڵ سپیپێستەکان لەهەمان جوگرافیادا بەیەکەوە ژیاون. ڕاستە گەڕەکی جیاواز هەبوون و هەن، بەڵام ئەو گەڕەکانە لەسەر بنەمای جیاکاریی دروست نەبوون وەکو گیتۆی جووەکانی ئەڵمانیا و کۆکردنەوەیان لە گەڕەکە تایبەتەکان. بەوجۆرە دۆخی ڕەشپێستەکان وەکو هی جووەکان نەبووە بۆ ئەوەی بەزۆر لەو گیتۆیانەدا بئاخنرێن. بۆیە کێشەی ڕەشپێستەکان زیاتر سەلماندنی مافی هاووڵاتییبوون بووە نەک ڕزگارکردنی خاکێکی داگیرکراو، وەکو ئەو دۆخەی کە کوردستانیانی تێدا دەژین.

سێیەم: “خەونی وشتر”. لایەنگرە توندڕەوەکانی بیرۆکەی کۆلۆنیالیزمی ناوخۆیی لە نموونەی “بزووتنەوەی پڵنگە ڕەشەکان” دەیانگوت: ئەگەر ئێمە کۆلۆنی بین، کەواتە چارەسەر “یاسای مافە مەدەنییەکان” نییە، بەڵکو ڕزگاری نیشتیمانی و جیابوونەوەی ڕەشپێستەکانە لە ئەمریکا. ئەم جۆرە داواکارییەش لە ڕووی کردەییەوە لە مەحاڵ مەحاڵترە و وەکو “خەونی وشتر” وایە، چونکە خاکێکی دیاریکراو بۆ ڕەشپێستەکان لە ئەمریکا دا نییە و لەهەموو ناوچەیەک و شار و شارۆچکەیەک بڵاو بوونەتەوە، ئەگەریش لە هەندێک شوێن زۆرینە بن، چ جای ئەوەی کە زۆربەی ڕەشپێستەکان خۆیان ئەو جۆرە داواکارییەیان نەبووە.

ئەو داتایانەی لەبەردەست دان بەتایبەتی نوسینگەی سەرژمێریی ویلایەتە یەکگرتووەکان، کە فەرمیترین سەرچاوەیە بۆ داتا “دیموگرافییەکان”، لە داتای میسیسپیی و لویزیانا و جۆرجیا ڕێژەی دانیشتوانی ڕەشپێست بە تەواوی هاوتای ئەو ژمارانەیە: میسیسپیی نزیکەی 38٪ ە و لویزیانا و جۆرجیا نزیکەی ٪33 ن. بۆیە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان هیچ ویلایەتێک نییە بەتەواوی یان بە یاسا تایبەت بێت بە ڕەشپێستەکان یاخود بە سپیپێستەکان، بەڵکو لە هەموو ویلایەتەکان تێکەڵەیەک لە ڕەگەز و نەتەوە جیاوازەکان هەن، بێجگە لە واشنتن دی سی، کە پایتەختی ئەمریکایە و هەرێمێکی فیدرالییە، لە ڕابردوودا زۆرینەی دانیشتوانەکەی ڕەشپێست بوون، بەڵام ئێستا ڕێژەکەیان دابەزیوە بۆ نزیکەی 41٪.

کەواتە ئایا ئەو تیوری “کۆلۆنیالیزمی ناوخۆیی” گونجاوە بۆ دۆخی کوردستان؟ لەڕاستیدا، ئەو تیورە زیاتر لەسەر ڕەشپێستەکان جێبەجێکراوە و بەمانای کۆلۆنیالیزمی ناوخۆیی هاتووە، پێویستە توێژەرانی کورد خۆیان لەو جۆرە چوارچێوە تیورە بپارێزن.

لەڕاستیدا پرسی کورد پرسێکی داگیرکاری ناوخۆیی نییە، بەڵکو هەرێمییە و ڕەهەندی نێودەوڵەتی هەیە. ئەو ڕەهەندانەشن کە وای لە ئیسماعیل بێشکچی کردووە کوردستان بە خراپتر لە کۆلۆنییەکی نێودەوڵەتی هەژمار بکات و بە وردەکارییەوە لەسەری بوەستێت.

تا ئەمڕۆش کورد نەیتوانیوە گوتارێکی زاڵ دروست بکات و خۆی وەکو بە کۆلۆنیکراو بخاتە سەر شانۆ و داگیرکەران لەوە تێبگەن کە ئەوان داگیرکەرن، نەک کوردستان خاکی باب و باپیریان بێت و بەشێک بێت لەو وڵاتانەی کە بەسەریاندا دابەشکراوە. تا ئێستا ئەو دەستەبژێرە سیاسییە نەیتوانیوە تەنانەت سوود لەو هەموو تاوانانەش وەربگرێت کە دژ بە کورد لەهەر چوار پارچەی کوردستان ئەنجام دراون و ڕەفتارێکی کۆلۆنیالستانەی داگیرکەرانەی بێ فرتوفێڵ بووە.

جینۆساید و تاوانەکانی جەنگ بەشێکن لەو تاوانە نێودەوڵەتییانەی کە دەستەبژێری سیاسی کورد دەیتوانی سوودێکی گەورە لەپێناو دروستکردنی گوتارێکی زاڵ لەناوەندە نێودەوڵەتییەکان دروست بکات، تێیان بگەیەنێت کە کورد لەبەردەم هەڕەشەی لەناوچوون دایە. تا ئێستاکەش کورد بۆخۆی و بەدەستی خۆی پرسی خۆی وەکو پرسێکی ناوخۆیی هەژمار دەکات، چ بە گوتار یان بە کردار بێت.

بوونی سوپایەک لە بەرپرسانی کورد لە بەغدا بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە کە دەستەبژێری سیاسی کورد لە ڕووی کردەییەوە خۆی بە داگیرکراو نازانێت، وێڕای ئەوەی کە ڕۆژانە مامەڵەی بیانی لەگەڵ کورد دا دەکرێت. لە باشوور پرۆسەی تەعریب بەردەوامی هەبووە و نەوەستاوە. هەموو ئەو تاوانانەمان لە کوردستان بینی، کە چۆن سوپا و خێڵە عەرەبەکان لە سووریا مەمەڵەیان لەگەڵ هاووڵاتییانی کوردی ڕۆژاڤای کوردستان دەکرد. کۆلۆنیالیزمی تورکی و ئێران‌ـیش لەبەرچاوی هەمووان دیارە چۆن دەستیان ناوەتە قوڕگی کوردستانی ژێردەستی خۆیان و وەکو کابووس چۆکییان داناوەتە سەر سینەی کورد و کوردستان.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO