ئهحمهد فاتح محهمهد
هەموو خوێندنەوەیەکی ڕەخنەیی بۆ پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ لە پرسیارێکی پێکهاتەیی قووڵەوە سهرچاوه دهگرێت، ئهویش دەربارەی ئەو ناسنامە ناڕوونەی ئەم دەقە یاساییانە بانگەشەی پاراستنی بۆ دەکەن. لێ ئەو دروشمە قهبانهی فەلسەفەی سهرمایهداری و نیولیبرالیزم دەربارەی بهجیهانیبوونی مافەکان دهیڕازێننهوه، دەستبەجێ دەبنە هەڵم، کاتێک ڕووبەڕووی واقیعی تاڵی ژیانی مرۆڤه پهراوێزخراوهكان دەبنەوە. ئەو مرۆڤانەی کە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان باسیان دەکەن، بوونهوهرێكی سروشتی و ڕووت نییە، کە لە دەرەوەی مێژوودا بژی، بەڵکوو چەمکێکی بژاردەیە، بۆ گوزارشتکردن لە مۆدێلێکی مرۆیی دیاریکراو بە وردی دیزاین کراوە، مۆدێلێک مەرجەکانی قبووڵکردنی تێدایە لەناو سیستەمی جیهانیی باڵادەستدا، لە کاتێکدا ملیۆنان مرۆڤی دیکە لە دەرەوەی ئەم بازنەیە بەجێدەهێڵرێن، تاوەکوو بەبێ قەڵغانێکی یاسایی ڕاستەقینە بەرەنگاری چارەنووسیان ببنەوە.
بۆ تێگەیشتنی قووڵ لەم تەنگژەیە، پێویستە پهیوهندییهكی تووند لەنێوان فەلسەفەی سیاسی و ئابووریی سیاسیدا دروست بکرێت. مرۆڤ لەم سیستەمە هاوچەرخەدا، تەنیا ئامانج نییە، بەڵکوو یەکەیەکی بەرهەمهێنان و دەقێکی یاساییە خزمەت بە شێوازی بەرهەمهێنان سەرمایەداریی باڵادەست دەکات. سەرمایەداریی نوێ تەنیا بۆ هەژموونی سیاسی تێناکۆشێت، بەڵکوو فەزای گشتیی و مەرجی مرۆڤبوون لە ڕێگەی کەڵەکەبوونی سیستەماتیکی بەستراو بە داماڵینی خاوەندارێتی گشتیی سەرلەنوێ دادەڕێژێتەوە. لەژێر کاریگەریی ئەم پڕۆسە دڵڕەقەدا، کۆمەڵگەکان لە سەرچاوەکانی مانەوەیان بێبەش دەکرێن و پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان وەکوو تەندروستی و خوێندن و ئاو و ئاسایش دەبنە کاڵا لە بازاڕی کڕین و فرۆشتندا. لەژێر ئەم چەترە نادادپەروەرەدا، مافەکان بەها ئەخلاقییەکەیان لەدەست دەدەن و دەبنە ئیمتیازێکی بەکاربەر بۆ ئەوانەی توانای تێچووەکەیان هەیە. ئەم پێکهاتە ئابوورییە تووندە لەگەڵ تەنگژەیەکی سیاسی و یاسایی قووڵتردا یەکدەگرێتەوە، کە پەیوەستە بە سروشتی دەوڵەتی هاوچەرخ و چەمکی سەروەرییەوە.
لێرەدا، سیستەمی مافی نێودەوڵەتی دەکەوێتە ناو پارادۆکسێکی کوشندەی دەوڵەتەوە، چونکە لە لایەک وا دادەنێت، کە مافەکان بە شێوەیەکی سروشتی لەگەڵ مرۆڤدا هەیه، بەڵام ئەزموونی مێژوویی دەیسەلمێنێت، ئەم مافانە بە تەواوی دەبنە هەڵم لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەتێکی نیشتیمانیی بەهێز، کە توانای سەپاندنی یاسای هەبێت. کاتێک تاک لە ناسنامەی یاسایی خۆی وەکوو هاووڵاتییەکی ناسراو دادەماڵرێت، یان کاتێک دیوارهكانی پاراستنی دامەزراوەیی دەڕووخێن، دەستبەجێ کورت دەبێتەوە بۆ تەنیا جەستەیەکی ڕووت، بەبێ هیچ بەهایەکی یاسایی. ئەم واقیعە تاڵە ئهوه نیشان دهدات سهرمایهداری تەنیا لە دابینکردنی مافی بەهێزەکان سەرکەوتوو بوو، هەروەها لاوازەکانی لە بۆشاییەکی یاسایی ڕەهادا بەجێهێشت.
کاتێک ئەم بێبەشکردنە ماددییە لەگەڵ دەرکردنی سیاسی و یاساییدا یەک دەگرێت، بێهێزیی ئەو سیستەمە ئەخلاقییە نێودەوڵەتییە بە تەواوی ئاشکرا دەبێت. مرۆڤ لە کۆمەڵگە نامۆکان و ناوچە پەراوێزخراوەکاندا، خۆی لەناو زەبروزەنگێکی دوولایەنەدا دەبینێتەوە: زەبروزەنگی بێبەشکردنی ماددی بەهۆی سیاسەتە قورسهكانی بهتایبەتکردن بۆ کایە گرنگەکانی ژیان. هەروەها زەبروزەنگی دەرکردنی یاسایی، کە دەنگی مرۆڤ لە ناوەندە گەورەکاندا بێدەنگ دەکات. مرۆڤ کاتێک دەبینێت ملیۆنان کەس لە ژینگەیەکی وێراندا لە کەمترین مافی تەندروستی بێبەشن دەپرسێت: ئەم مرۆڤە کێیە کە کۆنفرانسەکان شانازیی پێوە دەکەن؟ هەژموونی ئابووریی هاوچەرخ تەنیا پێکهاتەی بەرهەمهێنان تێک نادات، بەڵکوو مەرجی ئەخلاقی و سیاسییبوونی مرۆڤی كاراش دهشێوێنێت و لە بوونهوهرێكی خاوەن دەنگ و کاریگەرەوە، گۆڕیویهتی بۆ بەکاربەرێکی ترساو، کە بەدوای ڕزگاربوونی کاتیی جەستەیدا دەگەڕێت لەناو سیستەمێکدا، کە بەزەیی بە لاوازدا نایەتەوە.
سهرمایهداری بەڵێنی ڕزگاربوونی ڕاستەقینەی پێ نەداین، بەڵکوو مرۆڤی لەناو پێکهاتەکانی کۆنتڕۆڵی ژیان و ئاڵوگۆڕی کاڵادا ڕامکرد. پەیماننامەکان چیدیکە قەڵغانی لاوهكان نیین، بەڵکوو ڕووپۆشێكی ئایدیۆلۆجین بۆ داپۆشینی دڕندهیی سیستەمی جیهانی. چارەسەر تەنیا لە لێكههڵوهشاندنهوهی پەیوەندی نێوان چەمکی ماف و باڵادەستیی سەرمایەدارییە، پاشان دامەزراندنەوەی مانا گەردونییەکەی کەرامەت، کە مافەكانی تاکەکەس بە دادپەروەری کۆمەڵایەتی و مادییەوە ببەستێتەوە، دوور لە گرێبەستە ساردەکانی نیولیبرالیزم، کە هەرگیز بۆ ڕزگارکردنی قوربانییەکان دیزاین نەکراوه لەم قۆناغە پڕ لە نەهامەتییەی مێژوودا.


