مێژووی شارستانییەتی مرۆڤایەتی لە بنەڕەتدا، زنجیرەیەکە لە گۆڕانکاریی مەزن و کێشمەکێشی بەردەوام لەپێناو پاراستنی بوون و ناسنامە و یادەوەریدا. لە فۆڕمە سەرەتاییەکانی گێڕانەوەی دەماودەم و نەریتی زارەکییەوە، کە شایەتیدەری قووڵایی کولتوور بوون، تاوەکوو داهێنانی شۆڕشگێڕانەی نووسین و چاپەمەنی و سەرهەڵدانی قەڵەم، هەمیشە هەوڵێک بووە بۆ تێپەڕاندنی سنوورەکانی کاتیی و مەودا. کەچی ئەمڕۆ، لە سایەی هەڵکشانی خێرای دیجیتاڵیزم و شۆڕشی زانیاریدا، مرۆڤایەتی گەیشتووەتە قۆناغێکی بێگەڕانەوە. قۆناغێک، کە تێیدا تاک بە ئارەزووی خۆی، یان لەژێر کاریگەریی پێویستییە فێڵبازەکانی سەردەمی مۆدێرندا، خۆی بە ئارەزوومەندانە ڕادەستی ژینگەیەکی مەجازیی بێسنوور کردووە. ئەم بازدانە تەکنۆلۆجییە خێرایە، هەرچەندە لە ڕووی کارگێڕی و ئاراستەکردنی خێرای زانیارییەوە ئاسانکارییەکی بێوێنەی هێناوەتە ئاراوە، بەڵام هاوکات قەیرانێکی مەزنی کۆمەڵایەتی و دەروونی و فەلسەفی و شارستانی بەدوای خۆیدا هێناوە، کە لە بنەڕەتدا پایەکانی مرۆڤبوونی خستووەتە ژێر پرسیارەوە.
لە هەموو سەردەمێک زیاتر، ئەمڕۆ ژیانمان لەناو پۆلێنێکی چڕ و بێپایان لە ئامێری زیرەک و شاشە درەوشاوەکاندا قەتیس بووە. ئیشوکار و کۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکان و خولی زانستی و سیمینارە ئەکادیمییەکان و جەنگە نوێیەکان (جەنگی سایبەری و ئەلیکترۆنی) و بۆنە کولتوورییەکان و تەنانەت ڕێوڕەسم و پەرستشە ئایینییەکانیش، هەموویان کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی ئەم فەزا مەجازییەوە، کە بەخێرایی کۆنتڕۆڵی جیهانی فیزیکی دەکات. لەم ژینگەیەدا، نەوەی نوێ و منداڵان و مێردمنداڵان لە دۆخێکی نائاسایی و دەستکاریکراو و پڕ لە قەلەقیدا گەورە دەبن. تەنیایی و نامۆبوونی کۆمەڵایەتی و دابڕان بوونەتە میوانی هەمیشەیی ماڵەکان و ڕوویەکی درۆینە و دەستکرد و وەهمی لە پەیوەندییە مرۆڤایەتییەکان دروست بووە، کە بنەمای زایەند، سۆزی خێزانی و هاوڕێیەتیی ڕاستەقینەی سڕیوەتەوە. لە ئاستێکی گەورەتردا، دەوڵەتە سەرکوتکەرەکان و سیستەمە تۆتالیتارییەکان ئەم پێشکەوتنە تەکنۆلۆجییانەیان کردووەتە پردی پەڕینەوە بۆ دامەزراندنی تۆکمەترین سیستەمی چاودێری و “دیکتاتۆرییەتی دیجیتاڵی”، کە تێیدا ئازادی و قەبارەی هۆشیاری و تایبەتمەندیی تاکەکەس دەبێتە قوربانیی بەرژەوەندییە سیاسییەکان.
شیکارێکی دەروونی: ئالوودەبوونی شاشە و پەتای تاریکبوونی تاک
لە ڕوانگەی دەروونناسیی مۆدێرنەوە، شاشە زیرەکەکان تەنها ئامرازی بێزاری سڕینەوە نین، بەڵکوو سیستەمێکی ئاڵۆزن بۆ دروستکردن و ورووژاندنی هۆرمۆنی دۆپامین لە مێشکی مرۆڤدا. هەر پەیامێک، هەر ئاگادارییەک و هەر ڕاکێشانێکی پەنجە بەسەر شاشەکەدا، چەشنێک لە سەرکەوتنی دەستکرد و خێرا دەبەخشێت، کە مێشک لە ڕووی بایۆلۆجییەوە پێی ڕادێت و داوای دووبارەکردنەوەی دەکات. ئەم پڕۆسەیە دەبێتە هۆی لاوازبوونی ئیرادەی تاک و لەدەستدانی توانای چڕبوونەوەی تەرکیزی قووڵ (Deep Focus).
ئاکامی ئەم دیاردەیە لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی زۆر کارەساتبارە. خێزانەکان لە ژووری دانیشتندا پێکەوەن، بەڵام لە ڕووی دەروونی و فیکرییەوە لە چەندین هەسارەی جیاوازدا دەژین. پەیوەندییەکان بوونەتە کورتەنامە و وێنەی سارد و توانای قسەکردنی ڕووبەڕوو و گفتوگۆی لۆجیکی لەنێوان نەوەکاندا لەناوچوونە. مرۆڤ بووەتە بوونەوەرێکی بەکۆمەڵ لە ڕووی ژمارەییەوە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا بە تەواوی تەنیایە.
بازاڕی ناوبانگ و هەڵوەشاندنەوەی چینە کۆمەڵایەتییەکان
شێوازی سەرکەوتن و پێگەی کۆمەڵایەتی و چەمکی بەها لە بنەڕەتەوە گۆڕاوە و تووشی داڕمانێکی مەزن بووە. لە ڕابردوودا، بە گەیشتن به لووتکە ناسراوبوون و کاریگەریی قووڵ و قبووڵکردن لە لایەن کۆمەڵگە و پێویستی بە تەمەنێک ماندووبوون و بەخشین و خوێندنەوەی بەردەوام و خاوەندارێتیی پاشخانی فیکری و ئەکادیمی هەبوو. کەچی لە سەردەمی ئێستادا، ستانداردی ناوبانگ دابەزیوە بۆ نزمترین ئاستی کاتیی و سواو و ڕووکەش. دەرگای پلاتفۆڕمەکان بۆ هەموو کەسێک بە کراوەیی ماوەتەوە، تاوەکو بەبێ بوونی هیچ بەهایەکی مەعریفی و هونەری، یان زانستی، تەنیا لە ڕێگەی دیمەنی سەیر، یان ورووژێنەرەوە ببنە بەناو “پەیکەری ناوبانگ” و پێشەنگی ڕای گشتیی.
ئەم گۆڕانکارییە بنەڕەتییە، سنووری ژیانی تایبەتی مرۆڤی تاوەکوو ئاستی نەمان بەرتەسک کردووەتەوە و کۆمپانیا زەبەلاحەکانی زانیاری و تەکنەلۆجیای کردووە بە بڕیاردەری سەرەکیی سەرنج و ئاراستەی گشتیی. تاکەکان ئێستا لەناو ئەم بازنەیەدا، بوونەتە کەرەستەیەکی خاوەن بەهای نزم (بینەری پاسیڤ و بێدەسەڵات)، کە کات و وزە و دەروونیان لە ڕێگەی دوگمەی لایک و شێر و فۆڵۆوەوە دەدۆشرێت و دەفرۆشرێت، بەبێ ئەوەی ئاگاداری فەوتانی بەشێکی مەزن لە تەمەنیان بن. وەکوو چۆن لە فەلسەفەی شارستانییەتی مۆدێرن و تیۆرییە کۆمەڵایەتییەکاندا ئاماژەی پێدەکرێت، ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین، کە تێیدا “وێنە” و “ڕواڵەت” تەواو جێگەی “حەقیقەت”یان گرتووەتەوە و مرۆڤەکان تەنیا سەرقاڵی چێژوەرگرتن لە سێبەر و ڕەنگاوڕەنگیی شتەکانن، نەوەکوو خودی ڕاستییەکان.
کوژرانی تێگەیشتنی عەقڵانی لە سایەی باڵادەستیی وێنەدا
ئاوێنەی شاشەکان تەنیا ئامرازێک نین بۆ پیشاندانی ئاڵوگۆڕی زانیاری، بەڵکوو سیستەمێکی پەروەردەیین، کە عەقڵ بۆ لای خۆی ڕادەکێشن و گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە پێکهاتەی هۆشدا دروست دەکەن. لەم دۆخەدا، بینین و بیستنی خێرا دەبنە جێگرەوەی شیکاری و لۆجیک و قوڵبوونەوە و عەقڵی ڕەخنەگر. چاو، کە لە بنەڕەتدا ئامرازێکی فێربوون و وردبینیکردن و تێگەیشتن بووە، دەگۆڕێت بۆ ئامرازی تێرکردنی حەز و ئارەزووە نەفسانییەکان و چێژوەرگرتنی ڕووکەش، ئەمەش مرۆڤ بەرەو خۆپەرستیی مەترسیدار، پەرچەکرداری خێرا و مەیلی توندوتیژی دەبات.
بەپێی تیۆرییەکانی مەعریفە و فەلسەفەی دێرین و نوێ، مرۆڤ لە ڕێگەی سێ کۆڵەکەی سەرەکییەوە تێگەیشتن بۆ جیهان و دەوروبەری دروست دەکات: تێگەیشتنی هزری (لۆجیک و ئیستدلال)، تێگەیشتنی هەستەوەری (پێنج هەستەکان) و تێگەیشتنی سۆزداری (حیکمەت و عەقڵی دڵ). تێگەیشتنی هزری پشت بە لێکۆڵینەوە و شیکار دەبەستێت، بەڵام لە ژینگەی شاشەکاندا، تێگەیشتنی بینراو باڵادەستە و هەموو دەرگاکانی دیکەی عەقڵ دەبەستێت. لێرەدا، فۆڕم و ڕووکەش جێگەی ناوەڕۆک دەگرنەوە، ئەدەب و فۆلکلۆر و شیعر و چیرۆکە ڕەسەنەکانی کۆمەڵگە کاڵ دەبنەوە و مرۆڤ دەبێتە بارمتەی دەنگ و ڕەنگە خێراکان. چاوی مرۆڤ بەرانبەر حەقیقەت کوێر دەبێت و گوێچکەش دەکەوێتە ژێر ڕکێفی کاریگەریی شاشەکانەوە.
مۆدێلی زەوتکردنی هۆش لە لایەن سیلیکۆن ڤالییەوە
دۆکیۆمێنتارییە مەزن و جیهانییەکانی وەکوو (The Social Dilemma) بە ڕوونی و بەبێ پەردە ئاماژە بەوە دەکەن، کە پلاتفۆڕمە مۆدێرنەکان لە بنەڕەتدا بۆ بازرگانیکردن بە هۆش و سەرنج و دەروونی مرۆڤ دروستکراون. زانایانی بواری تەکنەلۆجیا و دەروونناسی جەخت لەوە دەکەنەوە، کە تەنها دوو پیشەسازی لە جیهاندا هەن، کە کڕیارەکانیان بە “بەکارهێنەر” ناودەبەن: پیشەسازیی ماددە هۆشبەرەکان و پیشەسازیی نەرمە کاڵاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
ئەم کۆمپانیایانە بە بەردەوامی لە کێبڕکێدان لەسەر کوشتنی کات و دزینی سەرنجی ئێمە، کە دەبێتە هۆی قووڵکردنەوەی دابەشبوونی کۆمەڵایەتی و دروستکردنی فەزایەک، کە تێیدا فێڵ و پڕۆپاگەندە و زانیاریی ئاراستەکراو لەبری ڕاستییەکان بەکاربهێنرێن. سیاسەتمەدارە پۆپۆلیستەکان و لایەنە ڕەگەزپەرستەکان و دیکتاتۆرەکان زۆرترین سوود لەم پەتایە وەردەگرن بۆ فریودانی بەستێنە گشتییەکان و سەرکردایەتیکردنی زۆرینە و کوشتنی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی لەپێناو مانەوەی خۆیاندا.
فەلسەفەی سادەیی دیجیتاڵی و نەخشەڕێگای ڕزگاربوون
بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم پەتایە لەم ساڵانەی دواییدا، چەمکە گرنگەکانی وەکوو “دیجیتاڵ دیتۆکس” (پاککردنەوەی دیجیتاڵی) و “مینیمالیزمی دیجیتاڵی” هاتوونەتە ئاراوە. بەپێی بۆچوونەکانی نووسەر و ئەکادیمی کال نیوپۆرت، ڕزگاربوون لە ئالوودەبوونی شاشە تەنیا بە قەدەغەکردنی تەکنەلۆجیا، یان دوورکەوتنەوەی توندڕەوانە ناکرێت، بەڵکوو پێویستی بە جۆرێک لە گەڕانەوەی هۆشیارانە بۆ بەها بنەڕەتییەکانی ژیان هەیە. سادەیی دیجیتاڵی داوا دەکات، کە مرۆڤ بە شێوەیەکی ئامانجدار و دیاریکراو و پلەبەندی ئامێرەکان بەکاربهێنێت، نەوەکوو ببێتە کارمەند و کۆیلەی بێمووچەی ڕژێمی ئەپ و پلاتفۆڕمەکان. ئەم فەلسەفەیە ڕێگەیەکی زانستیانە و پراکتیکیانە و قووڵمان پێ دەبەخشێت بۆ ئەوەی کۆنتڕۆڵی ژیانی خۆمان بگرینە دەست و پەیوەندییە فیزیکی و ڕاستەقینەکان نوێ بکەینەوە.
دەرئەنجام و تێڕوانینی داهاتوو
لە کۆتاییدا، کێشەی سەرەکی لە خودی تەکنەلۆجیادا نییە، بەڵکوو لە چۆنیەتیی مامەڵەکردن و لاوازیی ئیرادە و بێئاگاییمان لە بەرانبەردا دەبینرێت. گەڕانەوە بۆ هاوسەنگی و خوێندنەوەی قووڵی کتێب و دروستکردنی پەیوەندیی فیزیکی و ڕاستەقینە، تەنیا ڕێگەن بۆ ئەوەی مرۆڤایەتی لەم ماندوێتی و پەرتەوازەیی و بێسەروبەرییە دیجیتاڵییە دەربازی ببێت و کەسایەتیی سەربەخۆی خۆی لە دەست ئەندازکاریی چاوچنۆکانەی ئامێرەکان بپارێزێت و جارێکی دیکە مانای ڕەسەنی مرۆڤبوون بۆ ژیانی بگێڕێتەوە.


