سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

جڵەوی توێژینەوە: لە نێوان سەروەریی توێژەر و هەژموونی تیورییدا

تیورەکان، بەشێوەیەکی گشتی لە سەردەم و کاتێکی دیاریکراودا وەکو وەڵامێک بۆ ئەو کێشە و پرسیارانەی لە سەردەمێکی تایبەتدا باو بوون، یان بە چەند هۆکارێکی دیاریکراو، بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی سەردەمی خۆیان یان تێگەیشتن لەو دیاردانەی لە هەمان سەردەمدا سەریان هەڵداوە و زانستی پێشتر نەیتوانیوە چارەسەریان بکات هاتوونەتە پێش. هەموو ئەوەش لەسەر بنەمای کۆمەڵێک داتای دیاریکراو داهێندراون و قسەیان لەسەر کراوە.
پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە ئایا ئەو تیورانە بە ڕەهایی بۆ دۆخی کوردستان، یان هەر شوێنێکی دیکە، گونجاون؟ ئایا توێژەر تیورەکە دەکاتە جڵەوی چوارچێوەی ڕوانگەی کارەکەی، یاخود جڵەوەکە بەشێوەیەکی سەرەکی لەدەستی توێژەرەکەدا دەمێنێتەوە و تیور تەنها ئامرازێکە؟ ئەمەش یەکێک لە قووڵترین و گرنگترین گفتوگۆی فەلسەفی و میتۆدۆلۆجی لە بواری توێژینەوەی زانستی و زانستە مرۆییەکاندا بەدوای خۆیدا هێناوە. بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەی ئەو تێگیشتنە، دەتوانین بابەتەکە دابەش بکەین بەسەر دوو تەوەری سەرەکییدا، تەوەرەی دووەم دەخەمە بەشی داهاتووی ئەم بابەتە.
تەوەری یەکەم قسە دەکەین لەسەر تیوری وەک جڵەوگیر یاخود ڕێبازی دەرەنجامگیری (Deductive Approach)، کە زۆرینەی توێژەرانی بواری زانستە مرۆییەکان، لەو چەمکانە تێ دەگەن. لەو جۆرە توێژینەوانەدا بەتایبەتیش لە ڕێبازە پۆزەتیڤیست و چەندایەتییەکاندا. مەبەستیش لە ڕێبازی پۆزەتیڤیزم یان پۆزەتیڤیزمی فەلسەفی؛ کە ئۆگۆست کۆنت داهێنەرییەتی؛ وەکو ڕێبازێکی (میتۆدێکی) فیکری و فەلسەفیی، ئەوەیە کە زانستی ڕاستەقینە تەنها ئەو زانست و زانیاریانەن کە لە ڕێگەی ئەزموون و تاقیکردنەوە و بەڵگەی هەستپێکراوەوە (داتاکان) بەدەست دێن.
کۆنت سێ قۆناغی بۆ تێگەیشتنی دنیا و دیاردەکان دیاری کردووە. یەکەمییان، قۆناغی تیۆلۆجی بوو، کە هەموو شتێکیان بۆ هێزی خوا و سروشت گەڕاندۆتەوە. دووەمیشیان قۆناغی میتافیزیک (فەلسەفی) و گەڕاندنەوەی دیاردەکان بۆ هێزێکی نادیار و ئاڵۆز و نامۆ، وەکو هێزی سروشت. سێیەمیشیان قۆناغی پۆزەتیڤیزم یان (زانستی)یە. لە دوا قۆناغدا، مرۆڤ واز لە پرسیاری (بۆچی) دەهێنێت بۆ پرسیاری (چۆن)، بە مانای دۆزینەوەی بەستەر و یاسای نێوان دیاردەکان، لە ڕێگەی تێبینی و تاقیکردنەوەکانەوە. لەو تێگەیشتنەدا هەر شتێک نەبیندرێت، تاقینەکرێتەوە و نەپێورێت، ناکرێت وەک زانستی ڕاستەقینە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
ئەوەی لەو مۆدێلەدا باوە تیور دەبێتە نەخشەی سەرەکی و پێشوەختەی کارەکانی توێژینەوەکان، بەو مانایەی تیورەکان جڵەوی سەرەکی و چوارچێوەی کارەکان دەگرنە دەست. لەو حاڵەتەدا تیورەکان کۆنتڕۆڵی پڕۆسەی توێژینەوەکان دەکەن؛ توێژەر ناتوانێت لە دەرەوەی ئەو چەمک و گریمانانەی، کە تیورەکان دیاری دەکەن، بجوڵێنەوە و جۆرێک لە ئازادییان هەبێت. ئەوەش بەمانای ئەوە دێت کە توێژەر سەربەخۆیی زۆر لەوە کەمترە کە وێنای دەکەین. لەو ڕوانگە و تێگەیشتنەدا؛ ئەرکی سەرەکی توێژەر تەنها بریتییە لە تاقیکردنەوەی ڕاستی و دروستی تیورەکە لەسەر واقیع، نەک داهێنانی بیرۆکە و چوارچێوەی تازە. کێشەی زۆربەی توێژەرەکان لەو پانتاییەدا خۆبەدەستەوەدانێکی ڕەهایە بە تیورەکان و هەوڵ دەدەن ملی واقیعەکە بابدەن و لەناو قالبی تیورەکاندا قاڵی بکەنەوە. ئەوەش کێشەیەکی مەنهەجی و چارەنووسساز دەخاتە بەردەم کۆمەڵگەی ئێمە، کە نەتوانین بەقەد باڵای کێشە و گرفتە هەنووکەیی و ئاییندەییەکانی خۆمان، بڕیار لە جۆری تیورەکان و دەستکاریکردنیان بدەین.
کەواتە ئەو پرسیارەی کە بەردەوام خۆی دووبارە دەکاتەوە ئەوەیە؛ بۆچی توێژەرەکان دەبێت ملکەچی تیورەکان بن؟ وشەی ملکەچبوون لە ڕوانگەی فەلسەفەی زانستییەوە، بە واتای پابەندبوون بە پێوەرەکانی تاقیکردنەوە. ئەم کێشەیە تەنها لە پۆزەتیڤیزم دا نییە، بەڵکو تەنانەت لە ڕوانگەی “کارل پۆپەر”یشەوە کە بنەمای سەلماندن یان ڕەتکردنەوەی داهێنا و یەکێک بوو لە نەیارە سەرسەختەکانی پۆزەتیڤیزمی لۆجیکی و میتۆدی دەرەنجامگیری کلاسیکی. بۆیە بەلای “پۆپەر”ەوە، زانست بە سەلماندن پێش ناکەوێت، بەڵکو بە هەوڵدان بۆ بەهەڵەخستنەوە پێش دەکەوێت. لە ڕوانگەی ئەودا دەبێت جیاکاری بکرێت، کە مەرجی ڕەتکردنەوەی داناوە بۆ تاقیکردنەوەی تیوری. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بنەمای ڕێبازە فەلسەفییەکەی کارل پۆپەر کە بریتییە لە “سەلماندن یان ڕەتکردنەوە”. لەو ڕوانگەیەشەوە، بەتایبەتیش لە بواری زانستە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان؛ بۆ ئەوەی بزانین تیورەک ڕاستە یان چەوت، دەبێت توێژەری بەتوانا هەژموونێکی تەواوی بەسەر تیورەکەدا هەبێت.
لێرەدا ئەگەر مافی سەپاندنی هەژموون بەسەر تیوردا بدەین بە توێژەر؛ دەکەوینە بەردەم کێشەیەکی گەورە. چونکە ئەگەر بێت و توێژەر لەنیوەی ڕێگای توێژینەوەکەیدا دەسکاری تیورەکە بکات، ئەوکاتە بەپێی فەلسەفەی پۆزەتیڤیزم ناتواندرێت بگوترێت؛ تیوری ناوبراوم تاقی کردۆتەوە، بەڵام دوایی دەرکەوت هەڵەیە.
دروستبوونی ئەو هەڵەیەش لێرەدا بەهۆی ئەو دەسکاریکردنەیە کە لە نیوەی ڕێگادا ڕووی داوە. هەروەها بنەمایەکی دیکە هەیە بەناوی یاسای توانای گشتاندن (Generalizability)، لە زانستی پۆزەتیڤیزم دا کە بنەمای ڕێبازی ئەنجامگیرییە. پۆزەتیڤیستەکان پێیان وایە یاسای کۆمەڵایەتی و مرۆیی وەک یاسا سروشتییەکان وان، دەبێت لە هەموو زەمین و زەمانێکدا بە کەڵک بێن و کاریان پێ بکرێت، نەک وەک ڕاستییەکی ڕەها ببیندرێت، کە ئەمەش هەرگیز ورد و گونجاو نییە و دەبێت نیشانەی پرسیار بخرێتە بەردەم ئەو تێگەیشتنە.
بۆیە، لێرەدا بەپێی ئەو بنەمایەی پێشەوە؛ توێژەر بێجگە لە چاودێرێکی بێلایەن، شتێکی دیکە نییە و خۆی دەخاتە خزمەتی تیورەکە بۆ ئەوەی تیورەکە تاقی بکاتەوە، داخۆ لەو ژینگەیەشدا کار دەکات یان نا، بە خۆبواردن لەوەی نەگونجانی تیورەکە لەگەڵ زەمان و زەمینەکەدا چ زیانێک دەگەیەنێت. ئەمەش وەکو خوێنبەربوون وایە، کات و وزە و توانایەکی زۆر دەڕوات و دواییش ملی واقیعی تایبەت بەخۆمان دەشکێنینەوە لەسەر بنەمای تیور، کە لەڕووی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی (Sociogenesis)، سیستەمی سیاسی، ئابووری و کولتووریی و ئایینییەوە جیاواز بوون. دیاریشە ئەو جیاوازییە وا دەکات لەڕووی پێکهاتەی دەروونی (Psychogenesis)شەوە جیاواز بن. هەردوو ئەو پێکهاتەیەش کۆمەڵناسی گەورەی ئەڵمان نۆربێرت ئەلیاس بە وردی و دوور و درێژی جەختی لەسەر کردۆتەوە و شرۆڤەی کردوون.
ئینجا لێرەدا ڕێبازی دەرئەنجامگیری (Deductive)، بەرانبەر تایبەتمەندی زەمین و زەمانی تیورەکە، کە توێژەران بە ڕەهایی پێیەوە پابەند دەبن، زۆرجار تووشی کوێریی کۆمەڵایەتی و دەروونی دەبن. بۆ نموونە، ئەگەر یەکێک لە تیورەکانی دەروونناسی تایبەت بە خەمۆکی بەسەر یەکێک لە چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردی دا بسەپێنین، تەنها نیشانە بایۆلۆجییەکان دیار دەبیندرێن، بەڵام لەولایەوە ئەوە لەبیر دەکات کە کێشەکانی مرۆڤی کورد فرەڕەهەندن، لەوانەیە یەکێک لە کێشە گەورەکان پەیوەندی بە “ناسنامەی سەرکوتکراو” یان زەبری سیاسی و داهاتووی ناسەقامگیری و کۆمەڵایەتی و سیاسیی وڵاتەوە هەبێت، کە ئەو کێشە و گۆڕدراوانە دەکرێت لە کۆمەڵگەیەکی سەقامگیر لەڕووی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی بە دیاردەکانی ئابووریشەوە، نەبیندرێن یان زۆر کز و لاواز بن. بەو هۆیەشەوە توێژەر لێرەدا هەستی پێ بکات یان نا، لەجیاتی ئەوەی تیورەکە بخاتە خزمەت تێگەیشتن بە واقیعی پێکهاتەی کۆمەڵگەی کوردستانی، واقیعەکە دەشێوێنێت بۆ ئەوەی ڕاستی تیورەکە بسەلمێنێت، وەکو ئەوەی لە یەکێک لەو ماستەرنامانەدا دۆزیمانەوە کە پێشکەش بە زانکۆکەمان کراو گفتوگۆمان کرد.
ئەو ڕێڕەوە بەچاوبەستراوی نابێت، بەڵکو توێژەر لە چرکەساتی هەڵبژاردنی تیور دەبێت زۆر لەوە وریاتر و چاوکراوەتر بێت کە هەندێک قالب دروست کراون و بلۆک کراون. پێویستە توێژەر لەپاڵ ڕستە ورد و درشتەکانی تیورەکان، ژینگەی لەدایکبوونی تیورەکەشییان خوێندبێتەوە، ئەو بارودۆخەشیان شڕۆڤە کردبێت کە تیورەکانی تیادا لەدایک بوون و کەموکوڕییەکانییان زانی بن، ئینجا دەتوانرێت ڕابکێشرێنە ناو ژینگە تازەکە و پشتییان پێ ببەسترێت، بۆ ئەوەی دەرەنجامگیرییەکە دروست دەربچێت. یەکێکیش لەو دیاردانەی ئەو خۆبەدەستەوەدانە، لە جێبەجێکردنی تیوری پۆست کۆلۆنیالیزم دا چـڕ دەبێتەوە، کە دوایی بە وردی دێمە سەری.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO