موحسین ئۆسمان
لە دەستپێکدا، دەخوازم لەسەر ئەزموونی خۆم بنووسم، وەلێ بە پێوەری ئەندێشە و خەیاڵی بیرمەند و فەیلەسوفەکان، ئەزموونی خۆم دەگێڕمەوە. هەروەکوو نموونە؛ کاتێک مرۆڤ تووشی نەخۆشییەکی قورسی وەکوو شێرپەنجە دەبێت، ئەگەر ئێش و ئازارەکانی خۆی بە بۆچوون و تێگەیشتنەکانی شۆپێنهاوەر و کامۆ و نیتشەوە لێک بداتەوە، ئەو کاتە ئازارەکانی مرۆڤ وادەکات، کە ناوەندی بیرکردنەوەی مرۆڤ لە جیهانی دەرەوە، بەرەو جیهانی ناوەوە ببات.
لەو ساتەدا، مرۆڤ تەنیا ئازاری جەستەیی نییە، بەڵکوو ئەو ئازارانە دەکەونە بەر لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی پرسیارەکانی بوون و نەبوون. مرۆڤ لە ئازار و ژانەکانی خۆیی دەپرسێت: بۆچی ئازارەکانی جەستەی من لە جیهانێکی بێدەنگدا دەژین؟ بەم شێوەیە، ئازاری مرۆڤ جۆرێک لە پەیوەندی لەنێوان مرۆڤ و خۆی، وەکوو جەستە و خود دروست دەکات، چونکە مرۆڤ ناتوانێت لە ئازاری جەستەی خۆی ڕابکات، یان بە ماسکێک خۆی لێ بشارێتەوە.
لەوێوە فەیلەسۆف، ئازاری جەستەیی و پەیوەندییەکانی بە ئازاری کۆمەڵایەتی، وەکوو کێشەیەکی هزری دەبینێت. لەم کاتەدا، کیرکگارد ــ Kierkegaard ــ بەشداری ئەم گفتوگۆیە دەبێت و دەڵێت چارەسەری ئەم پرسە بەوە نییە، کە چۆن خۆم لە ئازارەکان ڕزگار بکەم، بەڵکوو پرسیارەکە دەبێت بگۆڕدرێت بۆ ئەوەی، چۆن دەتوانم لەبەرانبەر ئەم هەموو ئازارانە خۆم ڕابگرم، هەروەها بە بوێری و بە شێوەیەکی ئەخلاقی لەگەڵ خۆم بژیم؟ لە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارەدا، فەیلەسۆف مانای بوون دروست دەکات، چونکە مرۆڤ دەزانێت لە کۆتاییدا بوون ئەو بوونەوەرە نییە، کە تەنیا ژیان پێشکەشی دەکات، بەڵکوو ژیانی ڕاستەقینەی بوون ئەوەیە، کە مرۆڤ ماناکانی هەبوونی خۆی، لە ناو دۆخە نائاسایی و تاریکەکاندا دروست دەکات.
لەو ساتەدا، مرۆڤ لە خۆی دەپرسێت: ئایا دەکرێت ئازارە دژوارەکانی مرۆڤ بێمانا بکرێن؟ ئەگەر نا، ئەوە مانای ئازار چییە؟ ڕاستە، فەیلەسۆف ئازارەکانی لەناو نابێت، بەڵکوو ئەو ئازارانە دەکاتە فۆڕمێک لە تێگەیشتن لە خودی خۆی. لەنێوان ئێش و بێماناییدا، فەیلەسۆف بە ئەخلاقێکی زیندوو مانای بوونی خۆی دروست دەکات.
ئایا مرۆڤ لەبەرانبەر ئازار و مردن، چی بکات باشترە؟ کامۆ لە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارەدا، مردن وەکوو هێزێکی بێهودەی دەبینێت، کە ناتوانێت هەموو هۆشیاری و هەستی مرۆڤ، وەکوو مانا لەناو ببات. کامۆ لە جێگەیەکی دیکەدا دەڵێت؛ بەرخۆدان لەبەرانبەر ئازار، بۆخۆی جۆرێکە لە پاراستنی شکۆی مرۆڤ و مێژووی مرۆڤایەتی.
ڕاستە بە دەرچوون لە ئازار، چارەسەری ئازار بەدەست نایەت، بەڵکوو پێویستە مرۆڤ ڕاستی و واقیعی ئازارەکانی خۆی قبوڵ بکات. لەم ساتەدا، مرۆڤ دەتوانێت لە نەبوونەوە، بنەمای مانای هەبوون وەکوو فەرهەنگی ژیان دروست بکات. هەروەها دەبێت مرۆڤ ئەوەش بڵێت: کاتێک مرۆڤ لەبەر سێبەری دڵۆڤانیی شێرپەنجە دەژیت، تەنیا ئازاری جەستەیی مرۆڤ ناکوژێت، بەڵکوو پرسیارەکانی بوون لەناو جەستەی مرۆڤدا زیندوو دەهێڵێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا، مرۆڤ لەو کاتەدا بەتەنیا لەبەرانبەر جیهانێکی بێدەنگدا دەوەستێت و دەزانێت، کە هیچ مانایەکی ئاماددە لە جیهاندا چاوەڕێی مرۆڤ ناکات.
لەم کاتانەدا مرۆڤ- فەیلەسوف، پرسیارەکانی خۆی لە ژیان دەکات و دەڵێت: بۆچی من و ئەم ئازارانە؟ بەڵام ژیان وەڵامی ئەم پرسیارە ناداتەوە، چونکە هەر پێناسەیەکی ژیان، لە گریانی منداڵەوە، کە لە دایک دەبێت، دەست پێدەکات. لەم ساتەدا، فەیلەسوف لەبەرانبەر بێوەڵامیی ژیان، دەست لە پرسیارکردن هەڵناگرێت، چونکە ئەگەر فەیلەسوف هیچ نەبێت، هەر خۆی وەکوو وەڵامێک پێشکەشی ژیان و جیهانی دەکات.
ڕاستە، فەیلەسۆف ناتوانێت ئازارەکان لەناو ببات، بەڵام دەتوانێت پەیوەندیی خۆی لەگەڵ ئازارەکان بگۆڕێت. هەروەها ئەو دەتوانێت ئەزموونی خۆی لەگەڵ ئازار بکاتە ئاگایی و بیرکردنەوە و فۆڕمێک لە بەرخۆدان لەبەرانبەر مردن. لەم ساتەدا، ئازار دەبێتە ئاوێنەیەک بۆ بەردەوامیی بوون. بۆیە فەیلەسۆف دەزانێت، کە ئازار تەنیا لەبەرانبەر ئازاردا نامێنێت، بەڵکوو ئەو دەزانێت ژیان بێ ئازار نییە، بەڵام زیرەکیی فەیلەسوف ئەوەیە، کە بتوانیت لەناو ئازاردا، بە ئەخلاقێکی بەرز بژیت و بڵێت: من هەم و هەر بۆ ژیان هەڵدەستم. ڕاستە جیهان دەکرێت بێدەنگ بێت، بەڵام لەو ساتەدا فەیلەسوف دەست بە نووسینی مانای خۆی و بەردەوامیی بوون دەکات.
بەم پاشخانەوە، فەیلەسوفی ڕاستەقینە ئەوە نییە، تەنیا هەست بە ئازارەکان بکات، بەڵکوو ئەوەیە، کە بتوانێت ئازارەکان بکاتە پرسیاری مانای بوون و ژیان. بۆ نموونە، سۆکرات لە بەرانبەر مردن، کیرکگارد لە بەرانبەر دوودڵی و بێزاری، نیتشە لە بەرانبەر ئازاری جەستەیی و شۆپێنهاوەریش لە بەرانبەر ئارەزوو و ئازارگرتن وەستان. دیارە ئەم ئەزموونانە، هەموویان وەکوو پردێک بوون بۆ پڕۆژە و ڕێبازە فەلسەفییەکانی ئەم فەیلەسوفانە. واتە ئەزموون بوو بە پرسیار، پرسیار بوو بە تێگەیشتن و تێگەیشتنیش بوو بە شێوازێک بۆ ڕوانین لە گەردوون.
لە سەردەمی ئێستادا، زیان و ئازارەکان دەتوانن لە سنووری ئەزموونی تاکەکەسییەوە دەربچن و ببنە بەشێک لە ئەزموونی مێژوویی مرۆڤایەتی. بەم مانایە، فەلسەفە لەجیاتی ڕوونکردنەوەی جیهان، دەست بە ڕوونکردنەوەی خۆی دەکات. واتە ئازار تەنیا برینەکانی ژیان نییە، بەڵکوو دەتوانێت بنەمای ژیانیش بێت. هەروەها هەندێک ئازار هەن، کە بە تەواوی ڕوون ناکرێنەوە، چونکە فرمێسکەکانی ژیان، لە زمانێکی ڕوونکردنەوە ئاڵۆزترن. واتە هەندێک برینەکان ناتوانرێت بە تەواوی چاک بکرێتەوە، یان لەبیر بکرێت، بەڵکوو تەنیا فۆڕمەکانیان دەگۆڕێن و لە دوێنێوە دەبنە ئەمڕۆ. بەم تێگەیشتنە، مرۆڤ ناتوانێت هەموو برینەکان بە تێگەیشتن چارەسەر بکات، بەڵام ڕوونکردنەوە دەتوانێت ببێتە جۆرێک لە ئارامکردنەوەی خۆت. کەواتە ئازار و برینەکان، مرۆڤ فێری هەڵگرتنی پرسیار دەکەن، بەڵام چارەسەرکردنی برینەکان بە مانای کۆتایهێنان نییە. لە دەستپێکدا ئازار و هاوارە، پاشان دەبێتە بێدەنگی و لە کۆتاییشدا دەگۆڕێت بۆ پرسیارەکانی بوون و هەبوون.
نیتشە بە شێوەیەکی جیاواز لەسەر ئازار قسە دەکات، تەنیا لەسەر خودی ئازارەکان قسە ناکات، بەڵکوو لەسەر مانای ئازارەکان دەدوێت. لێرەدا، مرۆڤ دەکەوێتە بەردەم بەرپرسیاری ئازارەکانی خۆی. بۆیە فەلسەفە لە پرسیاری ڕاستییەوە، دەچێتە پرسیاری بەرپرسیارییەوە. ڕاستە، هەندێک جار مرۆڤ ناتوانێت لە بەرانبەر ئازاری خۆی هیچ بکات، بەڵام فەیلەسوف دەتوانێت مانایەکی بۆی بدۆزێتەوە. بۆیە فەیلەسۆف نابێت تەنیا بڵێت: “من ئازار ناکێشم”، بەڵکوو دەبێت هەوڵ بدات بزانێت چی لە ئازارەکانی خۆی بکات و ئازارەکانی ئەو چی لەوە دەکەن. لەو ساتەدا، مرۆڤ بەسەر ئازارەکاندا سەرکەوتوو نابێت، بەڵکوو لەگەڵیان دەژیێت. بەم شێوەیە، ئازار مرۆڤ فێر دەکات، کە مرۆڤ تەنیا عەقڵ نییە، بەڵکوو مرۆڤ “ئازار و بیرەوەری و ئارەزوو و ترس و خۆشەویستی و… هتدـییە”.
بە کورتی، دوای هایدیگەر گرنگیی زۆرتر بە “مانای بوون و ڕاستیی بوون” درا. لە سەردەمی ئەمڕۆشدا، بیرکردنەوە لە ئاستی سادەی خۆیەوە، دەربازی بیرکردنەوەی مێژوویی ــ بوونگەرایی بووە. واتە بیرکردنەوە لە نەخۆشی و ئازاردا، جۆرێکە لە گوێگرتن لە دەنگ و ناڵە و گلەیەکانی جەستەی مرۆڤ و مێژوو. لەم ساتەدا، مرۆڤ لە گوێگرتنەوە دەگاتە ئاستی دامەزراندنی ماناکانی نەخۆشی و ئازاری بوونگەرایی.


