سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

جڵەوی توێژینەوە: تیور وەک ئامراز و توێژەر وەک جڵەوگیر

(2)

ئەم ڕوانگەیە زیاتر لە توێژینەوە چۆنایەتییەکان و قوتابخانە ڕەخنەییەکاندا باوە و ئاراستەیەکی فەلسەفی لەسەرەوە بۆ خوارەوەی هەیە، کە زیاتر بە ڕێبازی “هەڵهێنجان” (deductive) ناسراوە، کە لە یاسا و ڕێسا گشتییەکانەوە بۆ گەیشتن بە ئەنجامێکی تایبەت دەست پێ دەکات. لێرەدا جڵەوەکە بەتەواوی لە دەستی توێژەر دایە و ڕێگە نادات تیورەکە کۆنتڕۆڵی بکات و ببێت بە قەفەسێک بۆ سنووردارکردنی دیدگاکانی توێژەر. ڕۆڵی تیور تەنها وەک گۆشەنیگایەک یان ئامرازێک تەماشا دەکرێت لەپێناو ڕوونکردنەوە و تێگەیشتن لە بەشێکی دیاردەکە نەک هەمووی. لەو دۆخەدا توێژەر ئازادە لەوەی چەمکەکان شڕۆڤە بکات و ڕەخنەیان لێ بگرێت و دەرەنجامەکانی لەسەر بنیات بنێت. لە میتۆدی “تیوریی بنچینەییدا” (Grounded Theory) ئەو کۆتوبەندە بەتەواوی جیاوازە و توێژەر دەتوانێت لە ئەنجامی شڕۆڤەکردنی داتاکانەوە، لە تایبەتەوە بۆ گشت و لە خوارەوە بۆ سەرەوە لە تیورییە پێشوەختەکان ڕزگاری ببێت و بناغەیەک بۆ تیورییەکی تازە دابڕێژێت، کە ئەوەش بۆ هەموو توێژەرێک ئاسان نییە، بەتایبەتی بۆ ئەو بابەتەی، کە لەم توێژینەوەیەدا مەبەستمانە.

لە حاڵەتی یەکەمدا توێژەر دەبێت زۆر لەوە زیاتر چاوکراوەتر و شارەزاتر بێت لەوەی بکەوێتە ژێر کۆنتڕۆڵی تیورەکان، بەتایبەتی ئەو تیورانەی کە پەیوەندییان بە دۆخی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیی نەتەوەکانەوە هەیە. لێرەدا شایەنی گوتنە باس لەو ئاراستە تازەیەی هەندێک لە توێژەران بکەین، کە لەژێر کاریگەری تیوری پاش یان “پۆست- کۆلۆنیالیزم” (Post-colonialism) دان، لەژێر ئەو کارایەشدا خراپتر دەکەونە ژێر هەژموونی نووسینەکانی ئێدوارد سەعید.

ئەو هێڵە گشتییەکانی ئەو تیورە ئاراستەیەکی ڕەخنەیی فیکریی و ئەدەبیی هەیە، لە کاریگەرییە کولتووری و سیاسی و ئابووری و دەروونییەکانی قۆناغی داگیرکاریی ئەو نەتەوانە دەکۆڵێتەوە کە پێشتر داگیر کرابوون. تیورەکە بە تەنها کار لەسەر قۆناغی داگیرکاریی سەربازی ناکات، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ قۆناغی دوای داگیرکاری لە ڕێگەی کۆمەڵێک ئامرازەوە، لەوانەش زمان و ئابووری و سیستەمی پەروەردە و میدیا. بەوجۆرە داگیرکەری دوێنێ هەوڵدەدات درێژە بە هەژموونی خۆی بدات لەسەر چارەنووسی ئەو نەتەوانەی کە پێشتر ڕاستەوخۆ لەڕێگەی هێزە سەربازییەکانەوە داگیری کردبوون.

تیورەکە بریتییە لە پێنج چەمکی بنچینەیی، کە توێژەران بەشێوەیەکی بەردەوام مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن. ئێدوارد سەعید یەکێکە لەو ناوانەی لە تیورەکە جیاناکرێتەوە، بەتایبەتی لەڕێگەی چەمکی ڕۆژهەڵاتناسییەوە (ئۆریانتالیزم). ئێدوارد سەعید پێی وایە ڕۆژاوا وێنەیەکی شێوێندراو و دواکەوتوو و نامۆی لەسەر ڕۆژهەڵات دروست کردووە. مەبەستیش لە زەقکردنەوەی ئەو وێنەیە دروستکردنی ڕەوایەتییە بۆ سەپاندنی هەژموونی بەردەوامی خۆی بەسەر ئەو وڵاتانەی کە پێشتر لەژێر هەژموونی سەربازی خۆیاندا بوون. لەو چوارچێوەیەشدا چەمکێکی دیکە ڕەواجی پێدەدرێت ئەویش “ئەوی دیکەیە” (The Other). لەو ڕوانگەیەوە داگیرکەر هەمیشە خۆی وەکو “پێشکەوتوو” و “ئاقڵ” و “شارستانی” دەخاتەسەر شانۆ، بەڵام ئەوی دیکەی داگیرکراو بە “دواکەوتوو” و “کێوی” و “نائەقڵانی” وێنا دەکات. ئەوەش لە لێکۆڵینەوەی پڕۆسەی جینۆساید و قۆناغەکانیدا چەمکێکی گرنگ و بنەڕەتی و باوە لەپێناو ناسینەوەی ڕەفتاری جیاکاری و جینۆسایدکارانەدا.

چەمکێکی دیکەشمان هەیە، کە بۆ کورد زۆر سەرنجڕاکێشە ئەویش دەتوانین ناوی بنێین “دوانەیی” یان “دووسەرەیی” (Hybridity). چەمکەکە لەلایەن بیرمەندی هیندی، “هۆمی بابا” (Homi Bhabha)، پەرەی پێدراوە، ئاماژەیە بۆ تێکەڵاوی کولتووری داگیرکەر و داگیرکراو، ئەم تێکەڵاوبوونە لە ڕوانگەی “هۆمی بابا” دروستبوونی ناسنامەیەکی تازە و ئاڵۆزە، لە ئەنجامی هەژموونی داگیرکەر دروست دەبێت. ئەمەش چەمکێکی سەرنجڕاکێشە بۆ دۆخی کورد، بەتایبەتیش ئەگەر بمانەوێت بەراورد لەنێوان بەشەکانی کوردستانی داگیرکراودا بکەین، دەبینین هەر بەشێک لەو بەشانە هێندەی لەژێر کاریگەری کولتوور و زمان و ئەقڵییەتی داگیرکەری بەشەکەی خۆیاندان، هێندە کۆڵکەی هاوبەشییان لەگەڵ پارچەکانی دیکەی کوردستان دا نییە. بۆ نموونە، لە باکووری کوردستان زۆرجار سنوورە نەتەوەییەکانی کورد لە بەرژەوەندی نەتەوەی داگیرکەردا بە تەواوی کاڵبوونەتەوە.

چەمکی “ژێردەستە” (Subaltern) بەهەمان شێوە لەلایەن بیرمەندێکی دیکەی هیندی بەناوی “گایاتری چ. سییڤاک” Gayatri Chakravorty Spivak)) پەرەی پێدراوە. یەکێک لە پرسیارە گرنگەکانی گایاتری: ئایا ژێردەستە دەتوانێت قسە بکات؟ دیارە مەبەست لە ژێردەستە نەتەوەی داگیرکراوە، یان هەندێکجار ئاماژەیە بۆ چینە پەراوێزخراوەکانی وەک ژنان، بۆ نموونە، واتە ئەوانەی بێدەنگ کراون و ناتوانن لە سایەی ڕژێمێکی داگیرکەردا گوزارشت لەخۆیان بکەن. لێرەدا دەتوانین ئەوە بڵێین کە کورد داگیرکراوە، بەڵام ژێردەستە نەبووە، چونکە هەمیشە توانیویەتی قسە بکات و دژی داگیرکەران بوەستێتەوە و شۆڕشی ڕزگاریخوازی خۆی درێژە پێ داوە.ئەگەر بەکورتی شرۆڤەیەکی ئەو چەمکانە بکەین جیا لەوەی، کە دەبێت بە وریاییەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکەین، دەبێت لێکییان جیا بکەینەوە و نەیانخەینە یەک تای تەرازووەوە، هەرچەندە هەموویان لە چوارچێوەی تیوری پۆست-کۆلۆنیالیزم دا ناویان هاتووە. یەکێک لەو چەمکانەی کە دەبێت زۆر بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکەین چەمکی ڕۆژهەڵاتناسییە، کە ئێدوارد سەعید کاری لەسەرکردووە.

لە کوردەواریدا پەندێک هەیە دەڵێت “هەر کەسە و دەزانێت کوێی دێشێت”. “ئێدوارد سەعید”یش دەزانێت کوێی دێشێت. بەڵام ئایا گونجاوە توێژەری کورد خۆی بخاتە پێڵاوی “ئێدوارد سەعید”ەوە؟ بەدڵنیایی نەخێر. هۆکارەکەش زۆر ڕوونە، بۆ ئێدوارد سەعید عەرەب و تورک و فارس داگیرکەر نین، بەڵکو ئەوە کۆڵۆنیالیزمی ڕۆژاوایە هاتۆتە دنیای ڕۆژهەڵات و تا ئەوڕۆش کار بۆ شێواندنی کولتوور و ڕەهەندە سایکۆلۆجی و کۆمەڵایەتییەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵات دەکەن، بێ ئەوەی دوور و نزیک خۆی لە قەرەی داگیرکاری و تاوانەکانی ئەو دەوڵەت و نەتەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بدات، کە بەباشی دەزانن کورد لەنێوانییاندا دابەشکراوە و وردە وردە بەهۆی ئەو داگیرکارییەی خۆشییان ئەو نەتەوەیە، نەک هەر بەرەو توانەوە دەڕوات، بەڵکو کاریشی بۆ دەکەن و بەشێکە لە ستراتیجییەتی خۆیان.

بەڵام بۆ کوردێک عەرەب و تورک و فارس داگیرکەرن و ساڵەهایە هەوڵەکانییان چڕکردووەتەوە بۆ سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەی کورد و داگیرکردنی خاکەکەی، هەروەکو ئەوەی کە لە ڕابردوودا کردوویانە. بۆیە کە دێینە سەر جێبەجێکردنی تیورییەکەی ئێدوارد، ئەگەر توێژەری کورد بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا نەکات، دەکەوێتە ناو هەمان ئاراستە و بیری دەچێت کە ئەوەی ئەمڕۆ کێشە بۆ کورد دروست دەکات و دەیەوێت بیسڕێتەوە، کۆڵۆنیالیزم و پۆست-کۆڵۆنیالیزم نییە، بەڵکو دەوڵەت و سیاسەتەکانی ناسیۆنالیزمی عەرەبی و تورکی و فارسین. ئەوانن بوون بە کابووسی هەمیشەیی سەر سینەی هەر چوارپارچەی کوردستان. هیچ نەماوە نەیکەن لە جینۆساید و تاوانەکانی جەنگ و پێشێلکارییە بەرفراوانەکانی مافەکانی مرۆڤ. کەواتە لێرەدا مامەڵەی توێژەری کورد زۆر قوڕسترە لەگەڵ ئەو تیورە بە بەراورد بە مامەڵەی توێژەرێکی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەم مامەڵەکردنە لەگەڵ چەمکەکانی دیکەی پۆست کۆلۆنیالیزم تەواو جیاوازە و دەکرێت لە کۆنتێکستی تایبەت بە کورد بەکار بهێندرێن. چەمکەکانی دیکەی بیرمەندە هیندییەکان وەکو “ئەوی دی” و “دوانەیی” و “ژێردەستە” زیاتر ئەبستراکت و بێلایەنن، زۆر بەئاسانی دەخرێنە ناو چوارچێوەی “داگیرکاریی هەرێمیی” کە بریتین لە هەر چوار دەوڵەتی داگیرکەری کوردستان. لەوانەیە بگوترێت لێرەدا هەڵەیەک هەیە و تیوری پۆست-کۆلۆنیالیزمت بچووککردووەتەوە. نەخێر ئاگاداری ئەوەشم، کە هەر یەکێک لە پرۆفیسۆر عەباس وەلی و شەهرزاد موجاب و ئەمیری حەسەنپوور ئەم تیورەیان بە وریاییەوە بەکارهێناوە بۆ سەلماندنی ئەوەی کە عەرەب و تورک و فارس وەک هێزی کۆڵۆنیالیستی ناوخۆیی ڕەفتارییان لەگەڵ کورد دا کردووە. ئەمە ڕاستە، بەڵام بەکارهێنانی کۆڵۆنیالیزمی ناوخۆییش بۆ دۆخی کورد بەهەڵەداچوونە. بیرۆکەی کۆلۆنیالیزمی ناوخۆیی بەپێی ئەو وردەکارییانەی کە لە تیورەکەدا هاتوون، لەسەر کورد جێبەجێ ناکرێت، چونکە دۆخی ئەمڕۆی ئەمریکییەکان لە دۆخی کورد جیاوازە و لە بەشی سێیەمدا بە وردەکارییەوە باس لە گونجان و نەگونجانی دەکەین.

ئەگەر وردتر بچینە ناو بابەتەکە و کۆمەڵێک پرسیار بوروژێنین لەوانەیە هاوکێشەکە ڕوونتر ببێتەوە. نەتەوەی کورد دوای زیاتر لە سەد ساڵ لە دابەشبوونی نیشتمانەکەی بەسەر چوار دەوڵەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سێ نەتەوەی موسڵمان (جەختیشی لەسەر دەکەینەوە، سێ نەتەوەی موسڵمان)، تا چەند کەوتە ژێر هەژموونی کۆلۆنیالیزمی ڕۆژاوایی؟ بەشێوەیەکی دیکە، بەر لە جەنگی یەکەم و لەکاتی جەنگیشدا، کورد تا چەند لەژێر هەژموونی کۆلۆنیالیزم دا بوو؟

بە شێوەیەکی گشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەر لە جەنگی یەکەمی جیهانیشەوە، واتە لە شەڕی چاڵدێرانەوە لە 1514 بەزۆرداری و ململانێی هەردوو داگیرکەری موسڵمانی عوسمانی و سەفەوی بە شێوەیەکی گشتی کەوتە ژێر هەژموون و داگیرکاریی دەوڵەتی سەفەویی و فارس. ڕۆژاڤا و باکوور و باشووریش ئەگەر بۆ ماوەیەکی کورت مامەڵەی لەگەڵ کۆڵۆنیالیزمی دووردا هەبووبێت، ئەوا بە شێوەیەکی سەرەکی لەژێر کاریگەری و دەسەڵاتی سەرکوتکەری نەتەوە و دەوڵەتە داگیرکەرەکانی هەرێمیدا بووە.

بەوجۆرە کە توێژەرانی کورد دێنە سەر تیوری پۆست-کۆلۆنیالیزم و بەتایبەتیش ئێدوارد سەعید، کە بە یەکێک لە گرنگترین تیوریستەکانی ئەو بوارە دادەنرێت، دێن و دەیکەن بە سەرچاوەی یەکەمی بیر و هزری توێژینەوەکانییان، لەوە بێئاگان کە ئێدوارد سەعید شوێنی تایبەت بەخۆی دێشێت. ئێدوارد سەعید پێی وایە ڕۆژاوا لە ڕێگەی ئەدەب و مێژوو و میدیاوە وێنەیەکی دواکەوتوو و سۆزدار و نالۆجیکی لەسەر ڕۆژهەڵات دروست کردووە، بۆ ئەوەی داگیرکاریی سەربازیی خۆی لە ڕووی ئەخلاقییەوە بە پرسێکی ڕەوا بخاتەڕوو، بەو مانایەی هاتووین بتانکەین بە شارستانی وەک ئەوەی ڕژێمی داگیرکەر هەموو ڕەهەندی گوندەواری کوردستانی هەڵتەکاند، بە پاساوی ئەوەی ئەو خەڵکە دەگوازینەوە بۆ ئەوەی لە نزیک خۆمانەوە و بن و بە شارستانییان بکەین. ئەو لەبیری چووە، کە دەسەڵاتی عوسمانی و سەفەوی ئەو ڕۆژهەڵاتەیان چەند بەرەو برسێتی و نەخوێندەواری بردووە. بێجگە لەوەش لەو سەد ساڵەدا ناسیۆنالیزمی عەرەبی و تورکی و فارسی و دەوڵەتەکانییان، مرۆڤی کوردیان بەتەواوەتی سڕیوەتەوە و لە مرۆڤبوون دایان ماڵیون. نموونەیەکی زۆر سادە لەو بارەیەوە بریتییە کۆچبەری و پەنابەریی. هۆکار و مۆتیڤەکانی ئێرانییەک و سوورییەک و تورکێک و عەرەبێکی عێراق بۆ کۆچکردن زۆر جیاوازە لەگەڵ هۆکارەکانی کۆچکردنی کوردێک و نابێت بە هەمان پێوەر لێکدانەوەیان بۆ بکرێت.

پوختەی باسەکە لێرەدا ئەوەیە، بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتمانی هەر نەتەوە و دەوڵەتێک ئاراستە و ڕەهەندی جیاوازی هەیە، بۆیە توێژەر لەکاتی توێژینەوەکەیدا دەبێت لەسەر بنەمای ئەو ڕەهەندانە بچێتە ناو جێبەجێکردنی توێژینەوەکەی. بە مانایەکی دیکە، تیورەکان خاڵی نین لە ئاراستەی ئایدیۆلۆجی و وێناکردنی بەمەبەست، بەپێی زەمان و زەمینی توێژەرەکە و ئەو ناسنامەیەی کە هەڵیان گرتووە. ئەمەش چۆن بۆ ڕۆژاواییەک و عەرەبێک و تورکێک دروستە، ئاواش بۆ کوردێکی بێناسنامە و بێدەوڵەت دەیان قات دروستترە.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO