عەتا جەماڵی
لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا، کورد تاقیکردنەوەی تاڵی شکستی هەموو ئەو ڕێگایانەی هەیە کە نەتەوەکان بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی گرتوویانەتە بەر. لە شۆڕشی چەکداری و خەباتی دیپلۆماسییەوە تا گەمەی هاوسەنگی نێوان هێزە زلهێزەکان، هیچ کام لەم ڕێگایانە نەیانتوانیوە کورد بگەیەننە ئامانجی سەربەخۆیی. ئەم ڕاستییە تاڵە ئێستا پرسیارێکی چارەنووسساز دەخاتە بەردەم بزاڤی ڕزگاریخوازیی کورد، داخۆ کاتی ئەوە نەهاتووە ڕێگایەکی تەواو جیاواز بگرینە بەر؟
جیهانی سەدەی بیست و یەکەم بە خێرایی لە گۆڕاندایە. ئەو هێزانەی کە جاران چارەنووسی گەلانیان دیاری دەکرد – هێزی سەربازی، سەرچاوە سروشتییەکان و جوگرافیای ستراتیجی – ئێستا جێگایان داوە بە هێزی نوێ: زانست، تەکنەلۆجیا و توانای داهێنان. لەم جیهانە نوێیەدا، وڵاتانی وەک ئیسرائیل، کۆریای باشوور و تایوان دەریان خستووە کە چۆن دەکرێت لە ڕێگەی پێشەنگی تەکنەلۆجییەوە، نەک تەنیا هەڕەشەی لەناوچوون تێپەڕێنن، بەڵکوو ببنە هێزی کاریگەر لە هاوکێشە جیهانییەکاندا.
ئەم بابەتە درێژەی وتارێکە کە پێشتر لەژێر ناوی “شۆڕش لە خەباتی سەربەخۆیی کوردستانـدا، ماتەوزەی زانست و تەکنەلۆجیا” لە دوو بەشدا لە سەکۆ بڵاو کراوەتەوە درێژەی هەوڵێکە بۆ تیۆریزەکردنی ستراتیجییەکی نوێ بۆ بزاڤی نەتەوەیی کورد؛ ستراتیجییەک کە لەجیاتی خۆبەستنەوە بە گەمەی سیاسیی کۆن و دۆڕاوی ناوچەکە، ئاسۆیەکی نوێ دەکاتەوە. لە ڕێگەی گۆڕینی هەرێمی کوردستان لە گۆڕەپانی ململانێی هێزە ناوچەییەکانەوە بۆ ناوەندێکی نێودەوڵەتیی داهێنان و چارەسەری تەکنەلۆجی، ئەم ستراتیجییە هەوڵ دەدات کێشەی کورد لە چوارچێوەی کێشە هەرێمییە کلاسیکییەکان بگوێزێتەوە بۆ ئاستی پێویستییە جیهانییەکان.
ئینکیووبەیتەری تەکنەلۆجی، کە ناوەڕۆکی سەرەکی ئەم بابەتە پێک دەهێنێت، تەنیا پڕۆژەیەکی ئابووری یان تەکنیکی نییە. بەڵکوو، ئامرازێکی ستراتیجییە بۆ دروستکردنی دۆخێکی/واقیعێکی نوێ کە تێیدا بوونی کوردستانی سەربەخۆ نەک تەنیا مەترسی نەبێت بۆ سەقامگیریی ناوچەکە، بەڵکوو زەروورەتێک بێت بۆ پێشکەوتن و گەشەسەندنی جیهانی. کاتێک هەرێم دەبێتە سەرچاوەی چارەسەری تەکنەلۆجی بۆ قەیرانە گەورەکانی وەک کەمئاوی، گۆڕانی کەشوهەوا، و ئاسایشی خۆراک و وزە، ئەوکات پرسی سەربەخۆیی کوردستان لە چوارچێوەی “مافی چارەی خۆنووسین”ـەوە دەگوێزرێتەوە بۆ بازنەی “زەروورەتی نێودەوڵەتی”.
ئەم ڕوانگە نوێیە، کە لەسەر بنەمای بەکارهێنانی زانست و تەکنەلۆجیا وەک ئامرازی گۆڕینی هاوکێشە سیاسییەکان دامەزراوە، دەتوانێت سەرەتای قۆناغێکی نوێ بێت لە خەباتی نەتەوەیی کورد. قۆناغێک کە تێیدا، کورد لە جیاتی ئەوەی قوربانی جوگرافیا و مێژووی خۆی بێت، دەبێتە داهێنەری داهاتووی خۆی.
گۆڕانکارییە خێراکانی سەردەمی دیجیتاڵ، چەمکی داهێنان و نوێگەری کردووە بە کڕۆکی گەشەی ئابووری لە جیهانی هاوچەرخدا. لەم نێوەندەدا، سیستەمی نوێی داهێنان (Innovation System) وەک چەترێکی یەکگرتوو، کۆی ئەو میکانیزم و دامەزراوانە لەخۆ دەگرێت کە ڕۆڵیان لە بەرهەمهێنان، گواستنەوە و بەکارهێنانی زانیاری و تەکنەلۆجیادا هەیە. ئینکیووبەیتەری تەکنەلۆجی لەم سیستەمەدا وەک دڵێکی لێدەر کار دەکات کە خوێن – واتە زانیاری و سەرچاوە – بۆ هەموو دامارەکانی ئەم جەستە ئاڵۆزە دەگوازێتەوە.
وشەی ئینکیووبەیتەر (incubator)، کە دەکرێت بە کوردی هەڵێنەر بێت، لە بواری زانستدا بە ئامێرێک دەگوترێت کە لە تاقیگەکاندا بۆ گەشەپێدانی بەکتریا و خانە زیندووەکان لە ژێر بارودۆخێکی گونجاودا بەکار دەهێندرێت. لە بواری پیشەسازیدا بە ئامێرێکی تایبەت دەگوترێت کە بە پلەیەکی گەرمی و ئاستێکی شێداریی تایبەتەوە کەڵکی لێ وەردەگیرێت بۆ بە جووچکەکردنی هێلکە. تەنانەت ئەو ئامێرە کە بۆ پاراستن و پێگەیاندنی کۆرپەلەی کاڵ و زووتر لەدایکبوویش لە خەستەخانەکانی منداڵبووندا وەک جۆرێک لە ڕەحمی دەستکرد کەڵکیان لێ وەردەگیرێت بۆ ئەوەی کۆرپەلە بتوانێت تەرمینی خۆی لەوێ تەواو بکات، هەر پێی دەگوترێت ئینکیووبەیتەر. بەڵام جیا لەو چەشنانەی ئینکیووبەیتەر، چەشنێکی تایبەتیتر هەیە کە لەم گوتارەدا جێ تەکزی ئێمەیە ئەویش ئینکیووبەیتەری تەکنەلۆجی (technology incubator) ـیەو ڕۆڵی هەمان ڕەحمی دەستکرد بۆ یارمەتی و پێگەیاندنی کۆمپانیا و پڕۆژە نوێیەکان دەدات.
ئینکیووبەیتەری تەکنەلۆجی تەنیا ناوەندێکی پشتیوانیکەر نییە؛ بەڵکوو میکانیزمێکی پێشکەوتووی گواستنەوەیە لە نێوان دنیای بیرۆکە و دنیای واقیعدا. ئەم ناوەندانە، کە یەکەمجار لە ١٩٥٩ لە شارۆچکەی باتاڤیای ویلایەتی نیویۆرک سەریان هەڵدا، ئەمڕۆ بوونەتە بەشێکی دانەبڕاو لە ستراتیجی گەشەپێدانی زۆربەی وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهان. ئەم پەرەسەندنە خێرایە لە بەکارهێنانی چەمکی ئینکیووبەیتەر بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە لەسەر کاریگەری و گرنگی ئەم میکانیزمە لە گەشەپێدانی ئابووریدا.
هەر وەک چۆن نەخۆشخانە شوێنی چاودێری و چارەسەری نەخۆشەکانە، ئینکیووبەیتەریش ژینگەیەکی تایبەتە بۆ پەروەردەکردن و گەشەپێدانی کۆمپانیا نوێیەکان لە قۆناغە هەستیارەکانی سەرەتای ژیانیاندا. ئەم ناوەندانە کۆمەڵێک خزمەتگوزاری یەکگرتوو پێشکەش دەکەن کە لە شوێنی فیزیکی و ژێرخانی پێشکەوتووەوە دەست پێ دەکات تا دەگاتە ڕاوێژکاری پسپۆڕانە، دەرفەتی پەیوەندی لەگەڵ وەبەرهێنەران و دەستگەیشتن بە بازاڕ.
زانکۆکان لە سیستەمی نوێی داهێناندا تەنیا ناوەندی فێرکردن نین، بەڵکوو وەک سەرچاوەی سەرەکی توێژینەوە و داهێنان ڕۆڵێکی چارەنووسسازیان هەیە. لێرەدا پەیوەندی نێوان زانکۆ و ئینکیووبەیتەر بایەخێکی تایبەت پەیدا دەکات. ئینکیووبەیتەرە زانکۆییەکان پردێک دروست دەکەن لە نێوان توێژینەوەی زانستی و پێداویستییەکانی بازاڕدا. لەم ڕێگەیەوە، ئەو توێژینەوە و داهێنانانەی کە لە تاقیگەکانی زانکۆدا بەرهەم دێن، ڕێگەی خۆیان دەدۆزنەوە بۆ بازاڕ و دەبن بە بەرهەم و خزمەتگوزاری بەسوود بۆ کۆمەڵگە.
یەکێک لە خاڵە گرنگەکان کە پێویستە لە تێگەیشتنی چەمکی ئینکیووبەیتەردا ڕوونی بکەینەوە، جیاوازی نێوان ئینکیووبەیتەر و خێراکەر (accelerator) ـە. هەرچەندە هەردووکیان لە خزمەتی گەشەپێدانی کۆمپانیا نوێیەکاندان، بەڵام جیاوازی بنەڕەتییان لە ستراتیج و شێوازی کارکردندا هەیە. ئینکیووبەیتەر وەک دایەنێکی دڵسۆز، بە شێوەیەکی درێژخایەن (یەک تا سێ ساڵ) پشتیوانی لە کۆمپانیاکان دەکات لە قۆناغە زۆر سەرەتاییەکانیانەوە. لە بەرانبەردا، خێراکەر وەک ڕاهێنەرێکی چالاک، لە ماوەیەکی کورتدا (سێ تا شەش مانگ) هەوڵی خێراکردنەوەی گەشەی ئەو کۆمپانیایانە دەدات کە پێشتر بیرۆکەکانیان پەرەیان پێداوە.
کۆمپانیاکان لە ئینکیووبەیتەردا ڕێگایەکی دیاریکراو دەبڕن کە بە چەند قۆناغێکی گرنگدا تێدەپەڕێت. لە قۆناغی سەرەتادا، تەرکیز لەسەر پەرەپێدانی بیرۆکە و دروستکردنی نموونەی سەرەتاییە. لە قۆناغی دووەمدا، کۆمپانیاکان دەست دەکەن بە تاقیکردنەوەی بازاڕ و پەرەپێدانی مۆدێلی بازرگانی. قۆناغی سێیەم تایبەتە بە گەشەکردن و ڕاکێشانی وەبەرهێنان. لە کۆتاییدا، کۆمپانیاکان ئامادە دەبن بۆ سەربەخۆبوون و دەرچوون لە ئینکیووبەیتەر.
بەردەوامی و سەرکەوتنی ئینکیووبەیتەرەکان پەیوەستە بە توانایان لە دابینکردنی داهاتی پێویست. لەم ڕووەوە، چەند مۆدێلێکی کاریگەر لە جیهاندا تاقی کراونەتەوە. هەندێک ئینکیووبەیتەر پشت دەبەستن بە وەرگرتنی ڕێژەیەکی دیاریکراو لە پشکی کۆمپانیا نوێیەکان، کە زۆر جار لە نێوان پێنج تا پازدە لە سەد دەبێت. هەندێکی دیکە لە ڕێگەی وەرگرتنی کرێی مانگانە لە بەرانبەر خزمەتگوزارییەکانیان داهات دابین دەکەن. لە زۆربەی وڵاتاندا، حکومەت و دامەزراوە گشتییەکانیش پشتیوانی دارایی لە ئینکیووبەیتەرەکان دەکەن، بەتایبەت لە قۆناغە سەرەتاییەکانی دامەزراندنیاندا. ئەزموونەکان دەری دەخەن کە باشترین مۆدێل، بەکارهێنانی تێکەڵەیەک لەم سەرچاوە داراییانەیە بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامی درێژخایەن.
سەرکەوتنی ئینکیووبەیتەرەکان پەیوەستە بە کۆمەڵێک فاکتەری بنەڕەتی کە لە سەرووی هەموویانەوە هەڵبژاردنی شوێنی ستراتیجی دێت. ئینکیووبەیتەرە سەرکەوتووەکان زۆربەی کات لە نزیک ناوەندە زانستی و پیشەسازییەکان دادەمەزرێن. فاکتەرێکی دیکەی گرنگ، بوونی تیمێکی بەڕێوەبردنی پسپۆڕە کە نەک تەنیا خاوەن ئەزموونی پراکتیکی بن لە بواری کارئافرێنی و بەڕێوەبردنی کۆمپانیای تەکنەلۆجی، بەڵکوو توانای دروستکردنی تۆڕی پەیوەندی بەهێزیشیان هەبێت.
ئینکیووبەیتەرەکان پێویستیان بە پرۆسەیەکی وردی هەڵبژاردنی پڕۆژەکان هەیە. ئەم پرۆسەیە دەبێت لەسەر بنەمای پێوەری دیاریکراو بێت، وەک توانای تیمەکە، نوێگەری بیرۆکەکە و قابیلیەتی گەشەکردنی پڕۆژەکە. ئینکیووبەیتەرە سەرکەوتووەکان گرنگی تایبەت دەدەن بە دروستکردنی کولتوورێکی هاوکاری لە نێوان کۆمپانیاکاندا، کە دەبێتە هۆی دروستبوونی هاوکاری و هەمئاهەنگی (synergy) و فێربوونی هاوبەش.
لە چوارچێوەی نوێی ئابووری جیهانیدا، ئینکیووبەیتەرەکان ڕۆڵێکی چارەنووسسازیان هەیە لە گواستنەوەی وڵاتان لە ئابووری بەرهەم-تەوەرەوە بۆ ئابووری زانیاری-تەوەر. ئەم گواستنەوەیە لە ڕێگەی چەند میکانیزمێکی تایبەتەوە ڕوو دەدات. لەلایەکەوە، ئینکیووبەیتەرەکان وەک پردێک کار دەکەن لە نێوان زانکۆ و بازاڕدا، کە یارمەتی خێراکردنەوەی پرۆسەی گواستنەوەی تەکنەلۆجیا دەدات. لەلایەکی دیکەوە، لە ڕێگەی پشتیوانیکردن لە کۆمپانیا نوێیەکان، دەبنە هۆی دروستبوونی هەلی کاری نوێ، بەتایبەت بۆ دەرچووانی زانکۆ و کەسانی خاوەن پسپۆڕی.
خاڵێکی گرنگ لە کاریگەری ئینکیووبەیتەرەکان، توانایانە لە ڕاکێشانی وەبەرهێنان بۆ کەرتی تەکنەلۆجیا. ئەمەش لە ڕێگەی دوو میکانیزمی سەرەکییەوە ڕوو دەدات: یەکەم، بە کەمکردنەوەی مەترسی وەبەرهێنان لە پڕۆژە نوێیەکان لە ڕێگەی پشتیوانی و چاودێری بەردەوام؛ دووەم، لە ڕێگەی دروستکردنی متمانە لە نێوان وەبەرهێنەران و خاوەن پڕۆژەکاندا. ئەم دوو میکانیزمە پێکەوە دەبنە هۆی زیادبوونی بەرچاوی سەرمایەگوزاری لە کەرتی تەکنەلۆجیادا.
ئەوەی گرنگە لە کۆتایی ئەم تێڕوانینە تیۆرییەدا جەختی لەسەر بکەینەوە، ئەوەیە کە ئینکیووبەیتەری تەکنەلۆجی تەنیا ناوەندێکی پشتیوانیکەر نییە، بەڵکوو بەشێکی دانەبڕاوە لە ستراتیجی گەشەپێدانی هەر وڵاتێک کە دەیەوێت لە دنیای دیجیتاڵی ئەمڕۆدا ڕۆڵێکی کاریگەری هەبێت. بۆ هەرێمی کوردستان، کە خەونی گواستنەوە لە ئابوورییەکی تاک-ڕەهەندییەوە بۆ ئابوورییەکی فرەچەشن لە سەری هەیە، دامەزراندن و پەرەپێدانی ئینکیووبەیتەری تەکنەلۆجی نەک تەنیا هەڵبژاردەیەک، بەڵکوو پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە.
نموونە سەرکەوتووە جیهانییەکان
ئەزموونی وڵاتانی ئاسیای ڕۆژهەڵات لە گواستنەوەی ئابوورییان لە دۆخێکی لاوازەوە بۆ ئابوورییەکی پێشکەوتوو، سەرنجی زۆربەی توێژەران و پسپۆڕانی گەشەپێدانی ڕاکێشاوە. لەم نێوەندەدا، کۆریای باشوور، تایوان و مالیزیا نموونەی بەرچاون لە بەکارهێنانی ئینکیووبەیتەری تەکنەلۆجی وەک ئامرازێک بۆ خێراکردنەوەی ئەم گواستنەوەیە.
کۆریای باشوور لە دوای جەنگی کۆریا لە ١٩٥٣، یەکێک لە هەژارترین وڵاتانی جیهان بوو. بەڵام لە ئێستادا، ئەم وڵاتە بووەتە یەکێک لە گەورەترین هێزە ئابوورییەکانی جیهان و پێشەنگە لە بواری تەکنەلۆجیادا. یەکێک لە کلیلەکانی ئەم گۆڕانکارییە، دامەزراندنی پەیمانگای کۆریای باشوور بۆ زانست و تەکنەلۆجیا (KIST) بوو لە ١٩٦٦. ئەم دامەزراوەیە، کە سەرەتا وەک ناوەندێکی توێژینەوە دەستی بە کار کرد، بە خێرایی گەشەی کرد و بوو بە یەکێک لە کاریگەرترین ئینکیووبەیتەرە تەکنەلۆجییەکانی ئاسیا.
پەیمانگاکە (KIST) نموونەیەکی دەگمەنە لە تێکەڵکردنی سێ فاکتەری سەرەکی: توێژینەوەی زانستی، پەروەردەکردنی کۆمپانیای تەکنەلۆجی، لەگەڵ پەرەپێدانی پیشەسازی. سەرکەوتنی ئەم ئەزموونە لەوەدایە کە توانی پردێک دروست بکات لە نێوان زانکۆکان و پیشەسازیدا. هەر لە سەرەتاوە، پەیمانگای KIST لەسەر داواکاری ڕاستەوخۆی کۆمپانیا کۆرییەکان کاری دەکرد و توێژینەوەکانی ئاراستە دەکرد بەرەو چارەسەرکردنی کێشە ڕاستەقینەکانی پیشەسازی.
لە نموونەی پەیمانگاکەی کۆریاـدا، خاڵێکی جێی سەرنج ئەوەیە کە چۆن حکوومەتی کۆریای باشوور توانی پەیوەندییەکی بەهێز دروست بکات لە نێوان ئینکیووبەیتەرەکە و کۆمپانیا گەورەکانی وڵات ، چەبۆڵەکان Chaebol – کۆمپانیا و گرووپە بازرگانییە گەورە بنەماڵەییەکانی وەک سامسۆنگ، هیووندای، ئێڵ جی و ئێس کەی. ئەم کۆمپانیایانە نەک تەنیا وەک کڕیاری خزمەتگوزارییەکانی پەیمانگاکە کاریان دەکرد، بەڵکوو وەک هاوبەشێکی ستراتیجی لە پرۆسەی پەرەپێدانی تەکنەلۆجیادا بەشدار بوون. بۆ نموونە، کۆمپانیای سامسۆنگ لە ڕێگەی پەیمانگاکەوە توانی زۆربەی ئەو تەکنەلۆجیا سەرەکییانە پەرە پێ بدات کە دواتر بوونە بناغەی پێشکەوتنی ئەم کۆمپانیایە لە بواری ئەلیکترۆنیکدا.
تایوان نموونەیەکی دیکەی سەرنجڕاکێشە لە بەکارهێنانی ئینکیووبەیتەری تەکنەلۆجی بۆ گەشەپێدان. پارکی زانستی هسینچوو (Hsinchu Science Park)، کە لە ١٩٨٠ دامەزرا، بووە هۆی گۆڕینی تایوان لە وڵاتێکی بەرهەمهێنەری کەلوپەلی هەرزانەوە بۆ یەکێک لە پێشەنگەکانی بەرهەمهێنانی نیمچەگەیەنەر (semiconductors) لە جیهاندا. سەرکەوتنی هسینچوو لەوەدایە کە توانی مۆدێلێکی تایبەت دابهێنێت کە تێیدا زانکۆ، ئینکیووبەیتەر و کۆمپانیاکان لە یەک شوێنی جوگرافیدا کۆ کرانەوە. ئەم نزیکییە جوگرافییە بووە هۆی دروستبوونی کەشوهەوایەکی (ئیکۆسیستەمێکی) بەهێز کە تێیدا گواستنەوەی زانیاری و تەکنەلۆجیا بە شێوەیەکی سروشتی و خێرا ڕوو دەدات.
مالیزیا، وەک وڵاتێکی موسڵمان و فرەکولتوور، نموونەیەکی تایبەتە کە دەکرێت وانەی زۆری لێ فێر بین. پارکی تەکنەلۆجی مالیزیا (Technology Park Malaysia)، کە لە ١٩٨٨ دامەزرا، ڕۆڵێکی سەرەکی گێڕا لە گۆڕینی پێکهاتەی ئابووری مالیزیا. ئەم پارکە، کە لە سەرەتادا وەک پڕۆژەیەکی بچووک دەستی پێ کرد، ئێستا بووەتە گەورەترین ناوەندی پەرەپێدانی تەکنەلۆجیا لە وڵاتەکەدا.
سەرکەوتنی مالیزیا لە پەرەپێدانی تەکنەلۆجیادا لەسەر چەند بنەمایەکی گرنگ دامەزراوە: یەکەم، حکومەت پلانێکی ڕوون و درێژخایەنی هەبوو کە پێی دەگوترا دیدی ٢٠٢٠ (Vision 2020). ئەم پلانە چوارچێوەیەکی گشتگیری دیاری کرد بۆ گواستنەوەی مالیزیا بەرەو ئابوورییەکی زانیاری-تەوەر. دووەم، گرنگیدان بە پەروەردەی تەکنەلۆجی و ناردنی خوێندکار بۆ دەرەوە. سێیەم، دروستکردنی پەیوەندی نێوان زانکۆکان و کەرتی تایبەت لە ڕێگەی ئینکیووبەیتەرەکانەوە.
تایبەتمەندییەکی گرنگی ئەزموونی مالیزیا، گونجاندنی پەرەپێدانی تەکنەلۆجیایە لەگەڵ بەها کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانی وڵاتەکەدا. لە کاتێکدا زۆربەی وڵاتان هەوڵی لاساییکردنەوەی ڕێک و ڕاستی مۆدێلی ڕۆژئاواییان داوە، مالیزیا توانی مۆدێلێکی تایبەت بە خۆی پەرە پێ بدات کە لەگەڵ پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و کولتووری وڵاتەکەدا دەگونجێت.
ئەم سێ نموونەیە – کۆریای باشوور، تایوان و مالیزیا – سەرەڕای جیاوازییەکانیان، کۆمەڵێک خاڵی هاوبەشی گرنگیان هەیە کە دەکرێت وەک وانە بۆ هەرێمی کوردستان سوودیان لێ وەربگیرێت:
یەکەم، هەر سێ وڵات خاوەن ستراتیجی درێژخایەن بوون. ئەم ستراتیجییانە ڕوون و واقیعی بوون و پشتیوانی سیاسی بەردەوامیان لە پشت بوو. دووەم، هەرسێکیان گرنگییەکی تایبەتیان بە پەروەردە و پێگەیاندنی سەرمایەی مرۆیی دا. سێیەم، توانیان سوود لە پەیوەندی نێودەوڵەتی وەربگرن بۆ گواستنەوەی تەکنەلۆجیا و زانیاری، بەبێ ئەوەی سەربەخۆیی بڕیاردانیان لەدەست بدەن.
خاڵێکی دیکەی جێی سەرنج لە هەر سێ نموونەکەدا، شێوازی بەڕێوەبردنی ئینکیووبەیتەرەکانە. لە هەر سێ وڵاتدا، ئینکیووبەیتەرەکان وەک دامەزراوەی نیمچە-سەربەخۆ کاریان کردووە. واتە، سەرەڕای پشتیوانی دارایی حکومەت، بەڕێوەبردنیان بە شێوەیەکی پیشەیی و دوور لە بیرۆکراسی حکومی بووە. ئەمەش وای کردووە کە بتوانن بە خێرایی و کاریگەری زیاترەوە بڕیار بدەن و کار بکەن.
پەیوەندی نێوان ئینکیووبەیتەرەکان و کەرتی تایبەت خاڵێکی دیکەی گرنگە لەم نموونانەدا. لە کۆریای باشوور، چەبۆڵەکان ڕۆڵێکی سەرەکییان هەبووە لە پشتیوانی و بەکارهێنانی بەرهەمەکانی ئینکیووبەیتەرەکان. لە تایوان، کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بوونەتە هاوبەشی ستراتیجی پارکی هسینچوو. لە مالیزیاش، پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان ئینکیووبەیتەرەکان و کۆمپانیا ناوخۆییەکاندا هەبووە.
یەکێک لە وانە هەرە گرنگەکانی ئەم نموونانە ئەوەیە کە بەکارهێنانی ئینکیووبەیتەری تەکنەلۆجی پێویستی بە ڕوانگەیەکی گشتگیر و درێژخایەن هەیە. ناکرێت تەنیا وەک پڕۆژەیەکی دابڕاو سەیری بکرێت. ئینکیووبەیتەر دەبێت بەشێک بێت لە ستراتیجییەکی گەورەتر کە تێیدا سیستەمی پەروەردە، یاساکان، ژێرخانی تەکنەلۆجی و سیاسەتە داراییەکان هەموویان پێکەوە کار بکەن بۆ یەک ئامانج.
ئەم ئەزموونانە دەری دەخەن کە سەرکەوتن لە بواری تەکنەلۆجیادا تەنیا پەیوەست نییە بە قەبارەی وڵات یان سەرچاوە سروشتییەکان، بەڵکوو زیاتر پەیوەستە بە بوونی ستراتیجی ڕوون، سەرمایەی مرۆیی پێگەیشتوو و بەڕێوەبردنی کارا.
دۆخی هەرێمی کوردستان
هەرێمی کوردستان، لەگەڵ هەموو ئەو پێشکەوتنانەی کە لە ٣٣ ساڵی ڕابردوودا بەدەستی هێناوە، هێشتا خاوەن ئابوورییەکی تاک-ڕەهەندییە کە بەشێکی زۆری پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت. ئەم پشتبەستنە بە نەوت، سەرەڕای سوودە کورتخایەنەکانی، مەترسییەکی گەورەی درێژخایەنی دروست کردووە بۆ داهاتووی ئابووری هەرێم، کە دەرکەوتەکانی هەر ئێستاکە دەبینرێن.
ژێرخانی تەکنەلۆجی لە هەرێمی کوردستان، سەرەڕای هەندێک پێشکەوتنی بەرچاو لە بواری پەیوەندی و تۆڕی ئینتەرنێت، هێشتا لە ئاستێکی سەرەتاییدایە. بوونی زیاتر لە بیست زانکۆی گشتی و تایبەت، سەرچاوەیەکی گرنگی سەرمایەی مرۆیین، بەڵام پەیوەندی نێوان ئەم زانکۆیانە و پێداویستییەکانی بازاڕ لاوازە. ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە دەرچووانی بەشە تەکنیکییەکان، یان ڕوو لە دەرەوەی وڵات دەکەن یان لە بوارێکی دیکەدا کار دەکەن، کە ئەمەش بە مانای لەدەستدانی سەرمایەیەکی مرۆیی گرنگە.
هەوڵەکانی هەرێم بۆ دروستکردنی پارکی تەکنەلۆجی و ناوەندی داهێنان تا ئێستا زیاتر لە ئاستی پلان و پڕۆژەدا ماونەتەوە. سەرەڕای هەندێک هەنگاوی سەرەتایی وەک دامەزراندنی چەند ناوەندێکی ڕاهێنان و پەرەپێدانی تەکنەلۆجی، هێشتا ئەم هەوڵانە نەبوونەتە بەشێک لە ستراتیجییەکی گشتگیر و بەردەوام. بەراوردێکی خێرا لەگەڵ ئەزموونی وڵاتانێک وەک مالیزیا و کۆریای باشوور دەری دەخات کە هەرێم پێویستی بە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی هەیە لە ڕوانگە و شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی پەرەپێدانی تەکنەلۆجیادا.
لەگەڵ ئەمەشدا، هەرێمی کوردستان خاوەن کۆمەڵێک دەرفەتی گرنگە کە دەکرێت وەک بناغەیەک بۆ پەرەپێدانی تەکنەلۆجی بەکار بهێنرێن. یەکەم، بوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە گەنجانی خوێندەوار و خاوەن بەهرە کە حەزیان لە کاری داهێنەرانە هەیە. دووەم، کرانەوەی کۆمەڵگەی کوردستان بەڕووی نوێگەری و گۆڕانکاریدا. سێیەم، بوونی ژێرخانێکی سەرەتایی لە بواری پەیوەندی و تەکنەلۆجیای زانیاری. چوارەم، ئامادەیی حکوومەت بۆ وەبەرهێنان لە پڕۆژە ستراتیجییەکاندا.
بەڵام لە هەمان کاتدا، کۆمەڵێک بەربەستی جددی لە بەردەم گەشەی تەکنەلۆجی لە هەرێمدا هەن. گەورەترین بەربەست، نەبوونی ستراتیجییەکی ڕوون و درێژخایەنە بۆ پەرەپێدانی تەکنەلۆجی. بەربەستێکی دیکە، لاوازی سیستەمی پاراستنی مافی خاوەندارێتی فیکری و نەبوونی یاسای پێویستە بۆ پاراستنی داهێنان و نوێگەری. هەروەها، سنوورداری بازاڕی ناوخۆیی و ئاستەنگەکانی بەردەم هەناردەکردن کاریگەری نەرێنیان هەیە لەسەر گەشەی کۆمپانیا نوێیەکان.
خاڵێکی دیکەی جێی سەرنج لە دۆخی هەرێمی کوردستانـدا، پەیوەندی نێوان زانکۆ و پیشەسازییە. لە کاتێکدا زانکۆکانی کوردستان خاوەن توانای مرۆیی و کەرەستەی باشن، بەڵام زۆربەی توێژینەوەکان پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان بە پێداویستییەکانی بازاڕەوە نییە. ئەم دابڕانە لە نێوان زانکۆ و پیشەسازیدا بووەتە هۆی ئەوەی کە نە زانکۆکان بتوانن داهاتی پێویست لە ڕێگەی توێژینەوە کاربردییەکانەوە دەستەبەر بکەن، نە کۆمپانیاکانیش بتوانن سوود لە توانا و شارەزایی زانکۆکان وەربگرن.
کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان، سەرەڕای گەشەی بەرچاو لە هەندێک بواردا، هێشتا نەیتوانیوە ببێتە هێزێکی پێشخەر لە بواری تەکنەلۆجیادا. زۆربەی کۆمپانیاکان لە بری وەبەرهێنان لە توێژینەوە و پەرەپێدان، پشت بە هاوردەکردنی تەکنەلۆجیا دەبەستن. ئەم ڕەوتە، کە لە کورتخایەندا قازانجی زیاترە، لە درێژخایەندا دەبێتە هۆی دواکەوتنی هەرێم لە کاروانی پێشکەوتنی تەکنەلۆجی.
سیستەمی دارایی و بانکی هەرێم، کە دەبێت ڕۆڵێکی سەرەکی لە پشتیوانی پڕۆژە تەکنەلۆجییەکاندا بگێڕێت، هێشتا لە قۆناغێکی سەرەتاییدایە. نەبوونی میکانیزمی تایبەت بۆ پشتیوانی لە کۆمپانیا نوێیەکان، نەبوونی سندووقی وەبەرهێنانی سەرکێشانە (venture capital) و ئاڵۆزی پرۆسەی وەرگرتنی قەرز، هەموویان بەربەستن لە بەردەم گەشەی تەکنەلۆجی لە هەرێمـدا.
هەروەها پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە کولتووری کارئافرێنی و داهێنان لە هەرێمی کوردستانـدا هێشتا لە قۆناغی گەشەکردندایە. سەرەڕای ئەوەی کە نەوەی نوێ خاوەن ڕوانگەیەکی کراوەترە و حەزی زیاتری لە دەستپێشخەری و نوێگەری هەیە، بەڵام هێشتا کولتووری گشتی کۆمەڵگە زیاتر بەرەو کاری حکومی و دامەزراندنی فەرمی دەچێت. ئەم دۆخە پێچەوانەی ئەزموونی وڵاتانێکە وەک کۆریای باشوور و تایوان، کە تێیاندا کولتووری کارئافرێنی و مەترسیکردن (risk-taking) بەهێزە.
سەرەڕای ئەم دۆخە ئاڵۆزە، چەند فاکتەرێک هەن کە دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ سەرکەوتنی پڕۆژەی ئینکیووبەیتەری تەکنەلۆجی لە هەرێمـدا:
ئامادەیی سەرمایەی مرۆیی: هەرێم خاوەن ژمارەیەکی بەرچاو لە گەنجانی خوێندەوار و خاوەن بڕوانامەی باڵایە کە زۆربەیان شارەزایی لە بواری تەکنەلۆجیادا هەیە. ئەم سەرمایە مرۆییە دەکرێت ببێتە هێزی پێشخەری گەشەی تەکنەلۆجی.
پەیوەندی نێودەوڵەتی: دیاسپۆرای کوردی، بەتایبەت ئەوانەی لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا کار دەکەن، دەتوانن ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕن لە گواستنەوەی زانیاری و تەکنەلۆجیا بۆ هەرێم. هەروەها، پەیوەندی هەرێم لەگەڵ زۆر وڵاتی پێشکەوتوو دەتوانێت دەرفەتی هاوبەشی و هاوکاری بڕەخسێنێت.
ئیرادەی سیاسی: بوونی ئیرادەیەکی سیاسی بۆ گۆڕینی پێکهاتەی ئابووری هەرێم و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە نەوت، دەتوانێت ببێتە هۆی پشتیوانی حکومەت لە پڕۆژەی ئینکیووبەیتەری تەکنەلۆجی.
نەخشەڕێگای پێشنیارکراو
دامەزراندنی ئینکیووبەیتەری تەکنەلۆجی لە هەرێمی کوردستان پێویستی بە پلانێکی قۆناغبەندیکراو و واقیعبینانە هەیە. ئەم نەخشەڕێگایە دەبێت لەسەر بنەمای ئەزموونی وڵاتانی سەرکەوتوو و لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندییەکانی هەرێم دابڕێژرێت.
قۆناغی یەکەم پێویستە تەرخان بکرێت بۆ دامەزراندنی چوارچێوەی یاسایی و ڕێکخراوەیی. ئەم قۆناغە دەبێت بە دەرکردنی یاسایەکی تایبەت بە ئینکیووبەیتەرە تەکنەلۆجییەکان دەست پێ بکات. ئەم یاسایە دەبێت مافەکانی خاوەندارێتی فیکری، میکانیزمەکانی پشتیوانی دارایی، هەروەها چۆنیەتی پەیوەندی نێوان ئینکیووبەیتەر و زانکۆکان دیاری بکات. هاوکات، پێویستە دامەزراوەیەکی سەربەخۆ بۆ بەڕێوەبردن و چاودێریکردنی ئینکیووبەیتەرەکان دابمەزرێت کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە هەبێت.
قۆناغی دووەم پێویستە تەرخان بکرێت بۆ دابینکردنی ژێرخانی پێویست و ڕاکێشانی وەبەرهێنان. لەم قۆناغەدا، یەکەم ئینکیووبەیتەری نموونەیی دەبێت لە نزیک یەکێک لە زانکۆ سەرەکییەکانی هەرێم دابمەزرێت. گرنگە ئەم ئینکیووبەیتەرە بە باشترین تەکنەلۆجیا و کەرەستەی پێویست ئاراستە بکرێت. هاوکات، دەبێت هەوڵی ڕاکێشانی وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی بدرێت. بۆ ئەم مەبەستە، پێویستە سندووقێکی تایبەت بۆ وەبەرهێنانی سەرکێشانە دابمەزرێت کە بەشێکی سەرمایەکەی لە بودجەی گشتی و بەشەکەی دیکەی لە کەرتی تایبەتەوە دابین بکرێت.
قۆناغی سێیەم دەبێت سەرنجی خۆی لەسەر دروستکردنی هاوبەشیی لەگەڵ زانکۆکان و کەرتی تایبەت ورد بکاتەوە. پێویستە بەرنامەیەکی تایبەت دابنرێت بۆ گۆڕینی سیستەمی خوێندن لە زانکۆکاندا بە جۆرێک کە زیاتر جەخت لەسەر پڕۆژەی کردەیی و کاری بەگرووپ بکرێتەوە. هەروەها پێویستە میکانیزمێک دابنرێت بۆ دروستکردنی پەیوەندی ڕاستەوخۆ لە نێوان توێژینەوە زانکۆییەکان و پێداویستییەکانی کەرتی تایبەت. ئەم پەیوەندییە دەتوانێت لە ڕێگەی دروستکردنی بۆردێکی هاوبەشی ڕاوێژکاری لە نێوان زانکۆکان و کۆمپانیا گەورەکاندا بەهێز بکرێت.
قۆناغی چوارەم دەبێت تایبەت بێت بە پەرەپێدانی بەرنامەی هاندان و پشتیوانی. لەم قۆناغەدا پێویستە چەند بەرنامەیەکی تایبەت دابنرێت بۆ هاندانی داهێنان و کارئافرێنی. بۆ نموونە، دامەزراندنی خەڵاتی ساڵانە بۆ باشترین پڕۆژەی داهێنەرانە، دانانی سیستەمی باج و گومرگی تایبەت بۆ کۆمپانیا نوێیەکان، لەگەڵ دابینکردنی یارمەتی دارایی بۆ بەشداریکردن لە پێشانگا و کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکان.
جێبەجێکردنی ئەم نەخشەڕێگایە پێویستی بە چەند پێشمەرجێکی گرنگ هەیە:
یەکەم، پێویستە کۆدەنگییەکی سیاسیلەسەر گرنگی و پێویستی ئەم پڕۆژەیە دروست بکرێت. ئەم کۆدەنگییە دەبێت لە ئاستی باڵای حکومەت و پەرلەماندا هەبێت تا دڵنیا بین لە بەردەوامی پشتیوانی سیاسی و دارایی.
دووەم، پێویستە تیمێکی پسپۆڕی تایبەت دروست بکرێت بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆژەکە. ئەم تیمە دەبێت پێکهاتبێت لە کەسانی شارەزا لە بوارەکانی تەکنەلۆجیا، بەڕێوەبردن و دارایی. باشتر وایە بەشێکیان ئەزموونی نێودەوڵەتییان هەبێت.
سێیەم، پێویستە سیستەمێکی وردی چاودێری و هەڵسەنگاندن دابنرێت. ئەم سیستەمە دەبێت بەردەوام ئاستی سەرکەوتنی پڕۆژەکە بپێوێت و ڕاپۆرتی وردی شەش مانگ جارێک پێشکەش بە دەسەڵاتی باڵا بکات.
خاڵێکی گرنگ ئەوەیە کە پێویستە نەخشەڕێگاکە خاوەن چوارچێوەیەکی کاتی دیاریکراو بێت. پێشنیاز دەکرێت:
– قۆناغی یەکەم: ساڵی یەکەم بۆ دامەزراندنی چوارچێوە یاسایی و ڕێکخراوەییەکان
– قۆناغی دووەم: ساڵی دووەم و سێیەم بۆ دابینکردنی ژێرخان و دامەزراندنی یەکەم ئینکیووبەیتەر
– قۆناغی سێیەم: ساڵی سێیەم و چوارەم بۆ پەرەپێدانی هاوبەشییەکان
– قۆناغی چوارەم: ساڵی چوارەم و پێنجەم بۆ پەرەپێدانی بەرنامەکانی هاندان
سەرکەوتنی ئەم نەخشەڕێگایە پێویستی بە بەدواداچوونی بەردەوام و گونجاندنی لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی واقیعدا هەیە. لێرەدا دەکرێت سوود لە ئەزموونی وڵاتانی سەرکەوتوو وەربگیرێت لە دانانی سیستەمی بەدواداچوون و هەڵسەنگاندن.
بۆ نموونە، دەکرێت سوود لە سیستەمی هەڵسەنگاندنی KIST لە کۆریای باشوور وەربگیرێت کە لەسەر بنەمای چەند پێوەرێکی دیاریکراوی وەک ژمارەی پڕۆژە سەرکەوتووەکان، ڕێژەی دامەزراندنی هەلی کاری نوێ، بڕی داهاتی دروستکراو، ژمارەی پاتێنت و داهێنانە تۆمارکراوەکان، ئاستی ڕەزامەندی بەکارهێنەران/بەکاربەران کار دەکات.
لە کۆتاییدا، پێویستە جەخت لەوە بکرێتەوە کە سەرکەوتنی پڕۆژەی ئینکیووبەیتەری تەکنەلۆجی لە هەرێمی کوردستانـدا تەنیا پەیوەست نییە بە دابینکردنی سەرچاوەی دارایی، بەڵکوو پێویستی بە گۆڕانکاری قووڵ لە کولتووری کارکردن و ڕوانگەی بەڕێوەبردندا هەیە. ئەم گۆڕانکارییەش پێویستی بە کات و بەدواداچوونی بەردەوام هەیە.
گەشەی تەکنەلۆجی و دامەزراندنی ئینکیووبەیتەرە تەکنەلۆجییەکان لە هەرێمی کوردستان تەنها پڕۆژەیەکی ئابووری نییە، بەڵکوو ڕێگایەکی ستراتیجیکە بۆ بەهێزکردنی پێگەی نێودەوڵەتی و دیپلۆماتیکی هەرێم. لە جیهانی ئەمڕۆدا، بەتایبەت لە سەردەمی شۆڕشی چوارەمی پیشەسازیدا، پێشکەوتنی تەکنەلۆجی و توانای داهێنان بووەتە یەکێک لە گرنگترین فاکتەرەکانی هێز و کاریگەری نێودەوڵەتی.
کاتێک هەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەنی ژێرخانێکی پێشکەوتووی تەکنەلۆجی و دەتوانێت وەک ناوەندێکی داهێنان و گەشەی تەکنەلۆجی لە ناوچەکەدا دەربکەوێت، ئەمە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی دادەنێت. لە جیهانی ئەمڕۆدا، دیپلۆماسی زانستی و تەکنەلۆجی بووەتە یەکێک لە کاریگەرترین شێوازەکانی پەیوەندی نێودەوڵەتی. ئەم جۆرە دیپلۆماسییە دەرفەتی نوێ بۆ هاوکاری و هاوبەشی لەگەڵ وڵاتانی پێشکەوتوو دەڕەخسێنێت و دەبێتە هۆی بەهێزکردنی متمانەی نێودەوڵەتی بە هەرێم. یەکێک لە هۆکارەکانی پشت دروستکردنی پەیوەندی نێوان ئیمارات و ئیسرائیل بۆ ئەم جۆرە دیپلۆماسییە دەگەڕێتەوە.
لە ناوچەیەکی ئاڵۆز و پڕ کێشە وەک خۆرهەڵاتی ناوەڕاستـدا، ئەو هەرێم و وڵاتانەی کە دەتوانن ببنە سەرچاوەی سەقامگیری و پێشکەوتن، ڕۆژ بە ڕۆژ گرنگییەکی زیاتر پەیدا دەکەن. کوردستان بە پێشخستنی توانا تەکنەلۆجییەکانی خۆی و دروستکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ داهێنان و گەشەی تەکنەلۆجی، دەتوانێت خۆی وەک فاکتەرێکی گرنگی سەقامگیری و پێشکەوتن لە ناوچەکەدا بناسێنێت. ئەمەش وا دەکات کە بوون و گەشەی هەرێم نەک تەنها خواستێکی ناوخۆیی، بەڵکوو پێویستییەکی هەرێمی و نێودەوڵەتی بێت. سەرمایەگوزاری لە تەکنەلۆجیا و پێشخستنی سیستەمی ئینکیووبەیتەری تەکنەلۆجی، دەبێتە هۆی دروستبوونی تۆڕێکی بەهێز لە پەیوەندییە ئابووری و تەکنەلۆجییەکان لەگەڵ وڵاتانی پێشکەوتوو. ئەم پەیوەندییانە لە درێژخایەندا دەبنە پشتیوانێکی بەهێز بۆ پڕۆسەی گەشەسەندن و سەربەخۆیی هەرێم. کاتێک کوردستان دەبێتە بەشێک لە زنجیرەی بەهای جیهانی لە بواری تەکنەلۆجیادا، ئەمە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر پێگەی سیاسی و دیپلۆماتیکی هەرێم دادەنێت و دەبێتە هۆی بەهێزکردنی پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ پرسە سیاسی و نەتەوەییەکانی کورد