سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

شۆڕش لە خەباتی سەربەخۆیی کوردستان‌دا: گەشەپێدانی ناوخۆیی وقازانجە کۆمەڵایەتییەکانی

عەتا جەماڵی

٢-٢

لە بەشی یەکەمی ئەم بابەتەدا کە جەخت لەسەر گۆڕینی دیدگا و ستراتیجی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە لە پەیوەند بە ڕۆڵ و گرنگیی زانست و تەکنەلۆجیادا، قسەمان لەسەر دۆخی ئێستای خەباتی کوردستان کرد کە چەندە سەرقاڵە بە ئامراز و ستراتیجە سوننەتییەکان. دواتر، گفتوگۆیەکی قووڵی ماتەوزەی زانست و تەکنەلۆجیامان کرد گوتمان ئەم قۆناغەی ئێستای هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکە تەنیا ئەگەر ڕوو لە زانست و تەکنەلۆجیا بکات دەتوانێت قەڵەمبازێکی گەورە بە بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازیی خۆی بدات. لەوێدا لە پای ڕەهەندەکان و لێکەوتەکانی ماتەوزەی زانست و تەکنۆلۆجیا، قسەمان لەسەر بایەخی هێزی نەرم کرد.  لەم بەشەدا، کە کۆتا بەشە، باس لە گەشەپێدانی ناوخۆیی و قازانجە کۆمەڵایەتییەکان و چۆنییەتی زاڵبوون بەسەر ئاستەنگییەکان  دەکەین، لە کۆتاییشدا نەخشەڕێگایەکی ستراتیجی دەخەینەڕوو بۆ بەرجەستەکردنی ئەو دید و تێگەیشتنانەی لە هەردوو بەشدا گفتوگۆکران.

هەنگاوی ستراتیجیی هەرێمی کوردستان بەرەو زانست و تەکنەلۆجیا بەرئەنجامی زۆر فراوانتر و گەورەتر نەک تەنیا بەرئەنجامی ئابووری دەخاتەوە بەڵکوو زۆر بە قووڵی کاریگەری دادەنێت لەسەر گەشەپێدانی ناوخۆیی و بەرزکردنەوەی ئاستی خۆشبژیویی کۆمەڵایەتی. ئەم گۆڕانکارییە دەتوانێت وەک دەستپێکی قۆناغێکی نوێ لە پێشکەوتن سەیر بکرێت کە سەرلەبەری لایەنە ژینەکییەکانی کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، لەوانە:

١. بەرزبوونەوەی گشت لایەنەی کواڵیتیی ژیان

داهێنان و تازەگەرییە تەکنەلۆجییەکان دەتوانن ئاستی چۆنێتیی ژیان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بەرز بکەنەوە. لە بواری چاودێریی تەندروستیدا. بۆ نموونە، ناساندنی تەکنەلۆجیا پێشکەوتووەکانی پەیوەندیدار بە پزیشکی و پزیشکی لە ڕێگەی دوورەوە دەتوانن شێوازەکانی چاودێریکردنی نەخۆش بگۆڕن و خزمەتگوزاریی تەندروستی بە کواڵێتییەکی بەرز بەردەست بکات، بەتایبەتی بۆ ناوچە دوورەدەستەکان. لە فێرکاریدا، پلاتفۆرمە فێرکارییە دیجیتاڵەکان دەتوانن هەم ئاستی دەستپێڕاگەیشتن و هەم کواڵیتیی خوێندن بەرز بکەنەوە، کەلەبەرەکان پڕ بکەنەوە و دەرفەتی نوێ بۆ هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە بڕەخسێنن.

٢. شۆڕش لە پەروەردە و فێرکاریدا

سەرمایەگوزاریی بەرچاو فرەڕەهەند لە پەروەردە و فێرکاریی زانست و تەکنەلۆجیادا بەردی بناغەی ئەم ستراتیجییەیە. دروستکردن و بەرزکردنەوەی ژێرخانە پەروەردەییەکان، گونجاندنی تەکنەلۆجیای پێشکەوتووی فێرکاری لە پۆلەکانی خوێندندا و چڕبوونەوە لەسەر فێرکاریی بوارەکانی STEM، دەستی کاری شارەزا و پسپۆڕ بەرهەم دێنن. جەختی تایبەت لەسەر پێگەیاندنی بلیمەتە گەنجەکان، پشتگیری لە توێژینەوە زانکۆییەکان و پەرەپێدان بە پڕۆگرامەکانی خوێندنی تایبەتمەند بە زانست و تەکنەلۆجیا، بناغەیەکی تۆکمە دەبن بۆ گەشەی بەردەوامی بیر و هزر لە هەرێمی کوردستان دا.

٣. هێزمەندکردنی کۆمەڵاتەتی لە ڕێگەی دەرفەتە تەکنیکییەکان

پێشکەوتن لە کەرتەکانی زانست و تەکنەلۆجیادا دەتوانێت ببێتە هۆی هێزمەندیی کۆمەڵایەتی، بەتایبەتی بۆ گرووپ و توێژە ون و پەراوێزخراوەکان. پڕۆژەگەلی تایبەت بۆ هاندانی ژنان و گەنجان لە بوارە تەکنیکییەکاندا وەک کردنەوەی خولەکانی پڕۆگرامینگ، ئینکۆباتۆرە تەکنەلۆجییەکان و بەرنامەگەلی کارخوڵقێنی، دەتوانن بێکاری هەتا ئاستێکی زۆر دابەزێنن و ئاستی وەخۆگری و یەکسانیی کۆمەڵایەتی بەرز بکاتەوە. ئەم پڕۆگرامانە دەتوانن ببنە هۆی سەرهەڵدانی نەوەیەکی نوێ لە داهێنەران و ڕێبەرانی کوردستانیی کە بتوانن لە ئاستێکی بەرزتردا کۆمەڵگە هێزمەند بکەن.

٤. پێشوازی لە پرسی ژینگەپارێزیی

بەڵێندەر بوونی هەرێمی کوردستان بە تەکنەلۆجیا بەردەوامەکان، وەک وزەی نوێبۆوە و ژێرخانە سەوزەکان، دەتوانن پێشاندەری ڕوانگەیەکی داهاتووبینانە بۆ گەشەپێدان لە هەرێمی کوردستان بن. ئەم جەختکردنەوەیە لەسەر بەردەوامی نەک تەنیا لە سۆنگەی ژینگەییەوە بەمانای هەڵگرتنی بەرپرسیارێتییە، بەڵکوو لە سۆنگەی ئابووریشەوە بڕیارێکی ژیرانەیە و دەتوانێت هەرێمی کوردستان وەک پێشەنگێک لە بواری پاراستنی ژینگە لە ناوچەکەدا بناسێنێت.

٥. پێگەیاندنی کۆمەڵگەیەکی خۆڕاگر و سازگار

خۆچڕکردنەوە لەسەر زانست و تەکنەلۆجیا، هەرێمی کوردستان بۆ تێپەڕاندنی ئاسانتر لە ئاڵنگاری و تەنگژە جیهانییەکان وەگەڕ بخات و ئاراستە بکات. کۆمەڵگەیەک کە پشتی بە شارەزاییە تەکنەلۆجییەکان و زانست ئەستوورە، جیا لەوەی کە توانای پاراستنی خۆی لە بەرانبەر گۆڕانکارییە ئابوورییەکان هەتا گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوا زیاترە، توانای خۆگونجاندنی لە دۆخە تایبەتییەکاندا زیاترە و دەتوانێت لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئاستەنگی و ئاڵەنگارییەکاندا دەرفەتی پشکووتن و گەشەکردنی زیاتریش بۆ خۆی بخوڵقێنێت. واتە دەتوانێت قەیرانەکان بکاتە دەرفەت بۆ بەهێزتر کردنی خۆی.

٦. دامەزراندنی ناوەندێکی داهێنان

هەرێمی کوردستان دەتوانێت بە پێگەیاندنی کولتوورێک کە ڕێز لە هزری ڕەخنەیی، تاقیکاری و چارەدۆزی بۆ پرسەکان بگرێت، ببێتە جەمسەرێکی ناوچەیی بۆ داهێنان و نوێگەری. دامەزراندنی پارکە تەکنەلۆجییەکان، تاقیگەکانی داهێنان و فەزای هاوکاری و هاوپشتی دەتوانێت هاندەری داهێنان و نوێگەری بێت و هەرێمی کوردستان بباتە ڕێزەی ناوەندە بەرزەکانی تەکنەلۆجیا و تازەگەرییەوە.

٧. هێزمەندکردنی خۆپەسەندی نەتەوەیی

وەک دەرئەنجامێک، ئەم گۆڕانکارییە ستراتیجیانە دەتوانێت ناسنامە و خۆپەسەندی نەتەوەیی بەهێز بکات. بە نمایش کردنی دەستکەوتەکانی کوردستانییەکان لە بواری زانست و تەکنەلۆجیا لە ئاستی جیهانیدا، هەستی شانازی بەخۆکردن لەنێو خەڵکی کوردستان دا بەرز دەبێتەوە و نەتەوەی کوردستان لە دەوری ڕوانگەیەکی هاوبەش سەبارەت بە پێشڤەچوون و مۆدێرنیتی یەکانگیر و یەکگرتوو دەکات.

زاڵبوون بەسەر ئاستەنگییەکاندا

لەم پڕۆسەیەدا، هاوکات لەگەڵ ئەوە کە هەرێمی کوردستان قەڵەمبازی گەورەی خۆی بەرەو پێشڤەچوون لە بواری زانست و تەکنەلۆجیادا دەستپێدەکات، بێگومان ڕووبەڕووی هەندێک ئاستەنگ و لەمپەڕ دەبێتەوە کە بۆ سەرکەوتنی ئەم ستراتیجییە دەبێت لەبەرچاو بگیرێن.

١. تەرخانکردنی سەرچاوە ستراتیجییەکان

دابینکردنی ئەمنیەت و تەرخانکردنی ستراتیجیی سەرچاوەکان زۆر گرینگن. ئەمە نەک تەنیا سەرمایەگوزاریی دارایی دەگرێتەوە، بەڵکوو بە مانای پەرەپێدانی ئەو سیاسەت و چوارچێوانەیە کە پشتیوانی لە داهێنانە زانستی و تەکنەلۆجییەکان دەکەن. هەرێمی کوردستان دەبێت گەلێک کەناڵی جۆراوجۆر بۆ دابینکردنی دارایی، وەک هاوبەشیکردنی نێوان کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت، یارمەتییە داراییە نێودەوڵەتییەکان و سەرمایەگوزاریی کوردستانیانی دیاسپۆرا تاوتوێ بکات. بەڕێوەبردنی کاریگەری سەرچاوەکان لەڕاستیدا کلیلی سەرکەوتن و بەردەوامیی پڕۆژەکانی داڕشتنی ژێرخانی تەکنەلۆجی و توانستەکانی توێژینەوەن.

٢. ڕێگریکردن لە ڕاکردنی مێشکەکان

پرسی ڕاکردنی مێشکەکان پرسێکی چەند ڕەهەندییە. بۆ چارەسەری ئەم پرسە هەرێمی کوردستان دەبێت گەلێک هۆکاری ڕازیکەر بۆ مانەوە یان گەڕانەوەی بلیمەتە زانستییەکان و کەسانی بەتوانا بخاتەگەڕ. پێشنیارکردنی مووچەیەک کە بتوانێت ڕکابەری بکات لەگەڵ مووچەی ئەو کەسانە لە شوێنەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، دابینکردنی کەلوپەل و پێداویستییەکانی توێژینەوە پێشکەوتووکان، هەروەها پەروەردەکردنی کۆمەڵگەیەکی زانستیی پڕجووڵە و کارا دەتوانن بەشێک لەو هۆکارە ڕازیکەرانە بن. دۆزینەوەی ڕێگەی تایبەت بۆ دۆزینەوە و پەیوەندی گرتن لەگەڵ دەستە شارەزاکانی دیاسپۆرا و بەشداری پێکردنی ئەوان لە پڕۆژە ناوخۆییەکاندا دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی ڕاکردنی مێشکەکان، گەڕانەوەی تواناکان.

٣. یەکانگیرکردنی کەرتە نەریتی و مۆدێرنەکان

دروست کردنی هاوسەنگی لەنێوان ئەم گرنگی پێدانە نوێیە بە بواری زانست و تەکنەلۆجیا لەگەڵ کەرتە نەریتییەکاندا زۆر گرینگە. زۆر گرینگە کە دڵنیا بین لەوەی ئەم گۆڕانکارییە دەتوانێت بەشەکانی دیکەی ئابووریی هەرێمی کوردستان، واتە کشتوکاڵ و پیشەسازییە دەستییەکان، کامڵ دەکەن.لە هەمان کاتدا ئەم تەکنەلۆجیا مۆدێرنە دەبێت بتوانێت ببێتە ئامرازێک بۆ بەرزکردنەوەی ئەو کەرتانە نەک ئەوەی جێگایان بگرێتەوە. واتە یەکانگیرکیان بکات نەک بیانکاتە جێگرەوەی یەکدی.

٤. هەڵسەنگاندنی ئاڵۆزییە جیۆپۆلیتیکەکان

ئەمە ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە کە لە دوورەدیمەنی هەستیاری جیۆپۆلیتیکی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڕێوەبردنی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان کارێکی یەکجار ورد و هەستیارە. هەرێمی کوردستان دەبێت بە شێوازێکی تەواو دیپلۆماسی بەدواداچوون بۆ پێشکەوتنەکانی خۆی لەبواری تەکنەلۆجیادا بکات و خۆی لەوە دڵنیا بکاتەوە کە ناکۆکی و گرژییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی خۆیدا کە ئەزقەزا داگیرکەرە مێژینەکانی هەرێمی کوردستانیشن زیاتر ناکات و هاوتەریبیان بکات لەگەڵ بەرژەوەندییە بەرفراوانترە ناوچەیی و جیهانییەکاندا.

٥. ژێرخانەکان و پەیوەندیی دیجیتاڵی

دامەزراندنی ژێرخانە فیزیکیی و دیجیتاڵەکان بۆ ئابوورییەکی زانست بنەما هەنگاوێکی بەرز و گرینگە. ئەم کارە نەک تەنیا پێویستیی بە دامەزراندنی گەلێک تاقیگە و پارکی تەکنەلۆجی و دامەزراوەی پەروەردەیی و فێرکاری هەیە، بەڵکوو پێویستییەکی زۆری هەیە بە پەرەپێدان بە ژێرخانە دیجیتاڵییە پێویستەکانی وەک دەستڕاگەیشتن بە ئینتێرنێتی بەهێز و خێر و گرتنەبەری گەلێک هەنگاوی پێویست بۆ دابین کردنی ئاسایشی سایبێری.

٦. ڕیفۆرمی پەروەردەیی و پەرەپێدان بە بوارەکانی شارەزایی و پسپۆڕیی

نۆژەنکردنەوەی سیستەمی پەروردە بۆ مەبەستی چڕبوونەوە لەسەر پەروەردە و فێرکاریی بوارەکانی STEM  پێداویستییەکی گرینگە. ئەم ڕیفۆرمە، پەرەپێدان و فراوانکردنەوەی پڕۆگرامەکانی خوێندن، ڕاهێنانی مامۆستایان و کەڵکوەرگرتن لە ئامرازە تەکنەلۆجییەکان لە پۆلەکانی وانەگوتنەوە دەگرێتەوە. هەرێمی کوردستان دەبێت بەرنامەگەلی تایبەت بۆ پەرەپێدانی بەردەوامی شارەزایی و فێرکاری و فێرخوازی بۆ هەموو تەمەنەکان، بۆ هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە دابین بکات تاوەکو سیستەمی پەروەردە هاوتەریب لەگەڵ خەونەکانی پێشکەوتن و گەشەی تەکنەلۆجیدا بچێتە پێشەوە.

٧. پەروەردەکردنی کولتووری داهێنەرانە

پەروەردەکردنی کولتووری داهێنەرانە، خۆ بە مەترسیدادان و هزری ڕەخنەیی پێداویستییەکی ژینەکییە بۆ هەرێمی کوردستان. گۆڕانێکی کولتووریی لەم چەشنە دەشێ لە ڕێگەی کەمپینە سەرتاسەری و نەتەوەییەکان، پێشبڕکێی داهێنان و بەرز نرخاندنی سەرکەوتنەکانی کوردان لە بواری زانست و تەکنەلۆجیاوە هەنگاوی بۆ بنرێت.

٨. پلانڕێژی و حوکمڕانی

لەم ڕێگەیەدا حوکمڕانییەکی بەرپرسیارانە و کاریگەر و  داڕشتنی پلان و سیاسەتگەلی پشتیوانی زۆر گرینگن. دابینکردنی چوارچێوەیەکی یاسایی کە پارێزگاری لە خاوەندارێتیی مەعنەوی بکات، هاندەری کارخوڵقێنی و بەهاخوڵقێنی بێت کە تەکنەلۆجیا نوێیەکان ڕێک بخات، یەکێکە لە نیشانەکانی حوکمڕانییەکی بەرپرسیارانە و کاریگەر لەم بوارەدا.

نەخشەڕێگای ستراتیجی

لەپێناو وەدەستەهێنانی دوورەدیمەنی هەرێمی کوردستان بۆ مەبەستی گۆڕان بەرەو کۆمەڵگەیەکی زانست و تەکنەلۆجیا دۆست، پێویستیمان بە نەخشەڕێگایەکی تۆکمە و داهاتووبین هەیە. ئەم گەڵاڵەیە نەک تەنیا هەنگاوە یەک لە دوای یەکەکانی ئەم ئامانجە دیاری دەکات بەڵکوو دڵنیاییەکی ئەوتۆ دەدات بە دەستەوە کە هەر کام لە قۆناغەکان بە شێوەیەکی مانادار دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ نزیک بوونەوە لە ئامانجە گشتییەکە واتا سەروەری، سەربەخۆیی و هەروەها گەشەی بەردەوامی هەرێمی کوردستان.

یەکەم: گەشەپێدانی دامەزراوەیی و ژێرخانی

یەکەمین و گرینگترین هەنگاو دامەزراندنی دامودەزگا و ژێرخانگەلی بەهێزن بۆ زانست و تەکنەلۆجیا کە بریتین لە بونیادنانی ناوەندگەلی پێشکەوتووی توێژینەوە، پارکەکانی تەکنەلۆجی و پێداویستییە پەروەردەیی و فێرکارییە پسپۆڕییەکان. بەهەمان ئەو ڕادەیەش خوڵقاندنی کەشێکی سیاسیی لەبار بۆ دنەدان و ڕێخۆشکردن بۆ داهێنان پێویستە. دەبێت هەوڵ بدرێت کە ئەم دامەزراوە نوێیانە بەشێوەیەکی یەکپارچە و یەکانگیر لەگەڵ پێکهاتە پەروەردەیی و ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان دا لێک گرێ بدرێن بۆ ئەوەی دڵنیا بین لە خوڵقانی مۆدێلێکی تایبەتی گەشەی تۆکمە و بەردەوام.

دووەم: هاوبەشیکردن و خوڵقاندنی تۆڕبەندیی جیهانیی

هاوبەشیکردنی بەهێز لەگەڵ کۆمپانیا تەکنەلۆجییە نێونەتەوەییەکان (وەک، مایکرۆسۆفت، گوگل، ئینتێل، ئای بی ئێم، هتد)، زانکۆکان و دەزگا توێژینەوەییەکان زۆر گرینگن. ئامانج لەم هاوبەشی کردنانە نەک تەنیا دەستڕاگەیشتن بە زانست و سەرچاوەگەلی هەیی و بەردەستن بەڵکوو هەوڵ بۆ دابینکردنی تەکنەلۆجیاگەلی هاوبەش بۆ دۆزینەوەی ڕێگاگەلی تایبەت بۆ لابردنی ئاستەنگی و لەمپەرە تایبەتمەندەکانی سەر ڕێگەی هەرێمی کوردستانن. دەستپێکردن بە پڕۆگرامگەلی جۆراوجۆری ئاڵۆگوڕی زانستی، پڕۆژەگەلی توێژینەوەی هاوبەش. هەروەها داهێنان و تازەگەریی هاوبەش دەتوانێت هەرێمی کوردستان وەک کایەکەرێکی گرینگی بواری زانست و تەکنەلۆجیا بخاتە سەر نەخشەی جیهانی.

سێیەم: ڕیفۆرمی تۆکمە لە بواری پەروەردەدا

گۆڕینی ئاسۆی پەروەردەیی بۆ وەپێشترخستنی پەروەردە لە بواری  STEM پڕبایەخە. ئەم گۆڕینە شتێکە زیاتر لە تەنیا گۆڕینی پڕۆگرامەکانی خوێندن. لەڕاستیدا بەرزکردنەوەی سیستەماتیکی ژێرخانە پەروەردەییەکان، لێکدان و بە خزمەتگرتنی ئامرازە دیجیتاڵەکانی فێرکاری، هێزمەندکردنی هەلەکانی توێژینەوە و داهێنان لە ئاستی قوتابخانە و خۆدڵنیاکردن لە هەڵسوڕان و وەگەڕخستنی ڕاهێنەران و مامۆستایان بۆ ئاراستەکردنی قوتابییەکان لەم پێکهاتە نوێیە پەروەردەییەدا، بەشێکن لەو گۆڕانە. جیا لەوانەش پێویستە فێرکاریی پیشەیی و تەکنیکی و پڕۆگرامگەلی پێویست بۆ فێربوون و خۆگەشەپێدان بۆ هەموو تەمەنەکان لە بواری تەکنەلۆجیادا بە بەرفراوانی بخرێتە بەر دەستی خەڵک بۆ ئەوەی هێزی کاری پێویست بۆ پیشەکانی داهاتوو ئامادە بکرێن.

چوارەم: پەروەردەکردنی کولتووری پیشەخوڵقێنی و داهێنان

خوڵقاندنی ژینگەیەکی پڕجووڵە کە لەوێدا داهێنان و پیشەخوڵقێنی گەشە بکات زۆر پێویستە. خوڵقاندنی ژینگەیەکی وەها نەک تەنیا پشتیوانی و سپۆنسەرە داراییەکان بۆ دامەزراندنی ستارتاپەکان دەگرێتەوە بەڵکوو ئەوە دامەزراندنی ئینکۆباتۆرەکان، خێراکەرەکان و پڕۆگرامەکانی بەرهەمهێنانی ڕاهێنەرەکانە کە دەتوانێت کارخوڵقینە گەنجەکان لە قۆناغە جۆراوجۆرەکانی کار و بیزنسی خۆیاندا ئاراستە و بەرەوپێش ببات. خوڵقاندنی ژینگەیەکی ماف و یاسایی و بازرگانیی پشتیوان بۆ پەروەردەکردنی ئەم کولتوورە گەلێک پێویستە.

پێنجەم: بەشداریپێکردن و کەڵکوەرگرتن لە دیاسپۆرای کوردستان

دیاسپۆرای کوردستان بەو ئەزموون و پەیوەندییە فرەچەشنانەوە کە هەیانە، لە خۆیاندا سەرچاوەیەکی زۆر بەنرخن. دەستپێشخەری بۆ هەڵسوکەوت لەگەڵ دیاسپۆرا دەبێت بریتی بێت لە پلاتفۆرمگەلی جۆراوجۆر بۆ ئاڵوگۆڕی زانست، ڕەخساندنی هەلی سەرمایەگوزاری بۆ سەرمایەگوزارە کوردەکانی دیاسپۆرا لە بواری تەکنەلۆجیادا، هەروەها پرۆژەگەلێکی هاوبەش کە تیایاندا کەڵک لە پسپۆڕی و تۆڕبەندە جیهانییەکانی ئەوان وەربگیرێت. وەها هەنگاوێک دەتوانێت ڕۆڵی پردێکی بەهێز لەنێوان کوردستان و کۆمەڵگەی نێونەتەوەییدا بگێڕێت و هەستی یەکانگیری و هاوبەشیکردن لە ئاستی جیهانیدا لای هەرێمی کوردستان بەهێز بکات.

شەشەم: باوەشکردنەوە بۆ بەردەوامی لە هە‌موو قۆناغەکان

بەردەوامی دەبێت کڕۆکی سەرەکیی گەشەپێدانی تەکنەلۆجی و پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان بێت. ئەمە بەمانای وەرگرتنی تەکنەلۆجیا سەوزەکان، پەرەپێدان بە شێوازە بەردەوامەکان لە هەموو پێشکەوتنە نوێیەکان و دڵنیابوونە لەوە کە گەشەی ئابووری بەرپرسیارە لەبەرانبەر ژینگە و ئەرکی پاراستنیدا. ئەم بەڵێندەربوونە بە بەردەوامی نەک تەنیا سەرچاوە و سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان دەپارێزێت بەڵکوو لەو بوارەدا دەیکاتە پێشەنگی ژینگەدۆستی و ژینگەپارێزیی لە ناوچەکەدا.

حەوتەم: ستراتیجیی داینامیک و گونجاندنی پلان و سیاسەت

نەخشەڕێگا پێویستیی بە کێشمانی بوون و سازگار بوونە. بەم شێوەیە میکانیزمگەلی چاودێری و هەڵسەنگاندنی بەردەوام بۆ مەبەستی هەڵسەنگاندنی ئاست و جۆری کاریگەریی دەستپێشخەرییە زانستی و تەکنەلۆجییە جۆراوجۆرەکان دەبێت بەردەوام بن. هاوکات، یەکانگیر بوون لەگەڵ ڕەوتە تەکنەلۆجییە جیهانییەکان کە بەردەوام لە حاڵی گۆڕاندان لەگەڵ ڕێکخستنگەلی پێویست لە سیاسەتدا دەبێت لە ئارادا بن. ئەم ڕوانگە داینامیکە دڵنیاییمان دەداتێ سەبارەت بەوەی کە کوردستان لە دوورەدیمەنی جیهانێکدا کە بە خێرایی و بە بەردەوامی لە حاڵی گۆڕاندایە، هەروا کاریگەر و کارا دەمێنێتەوە.

بەرئەنجام

کوردستان کە لە خەباتێکی بەردەوام لەپێناو گەیشتن بە سەروەری و سەربەخۆیی و بە ئاکام گەیاندنی چارەنووسی نەتەوەیی خۆیدایە، کەوتۆتە قۆناغێکی زۆر هەستیارەوە. گۆڕانکاریی ستراتیجی بەرەو زانست و تەکنەلۆجیا، هەروەک لەم بابەتەدا تاوتوێ کرا، تەنیا بژاردەیەک نییە، بەڵکوو زەرورەتێکی بێ ئەملاوئەولایە بۆ خوڵقاندنی داهاتوویەکی سەربەخۆ و بەردەوام. ئەم تێڕوانینە شتێکە لە سەروو تێڕوانینە نەریتییەکانەوە بۆ خەباتی سەربەخۆیی و مژدەی سەردەمێکی نوێی پێیە کە لەوێدا زانست، داهێنان و شارەزایی لە بوارە تەکنەلۆجییەکاندا دەبێتە بەردی بناغەی ناسنامە و گەشەپێدانی کوردستان.

گۆڕانی پێشبینیکراوی ئابووریی هەرێمی کوردستان لە سیستەمێکی پشتبەستوو بە نەوت بەرەو مۆدێلێکی زانست بنەما، قەڵەمبازێکی بوێرانەیە بەرەو خۆپشتی و ڕۆڵگێڕان لە یەکانگیریی جیهانیدا. ئەمە ڕێگایەکە کە مژدەی فرەچەشنیی ئابووری، هێزمەندکردنی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتیی پێیە. هەرێمی کوردستان بە سەرمایەگوزاریکردن لە دامەزراوە پەروەردەییەکان، ژێرخانەکان و ژینگە و ئیکۆسیستەمی پشتیوان بۆ داهێنان و پیشەخوڵقێنی، دەتوانێت هەموو ماتەوزەی خۆی بۆ ئەو مەبەستە ئازاد بکات و ئاستەنگ و لەمپەرەکانی سەر ڕێگای خۆی بکاتە مووزاییکێک لە هەل و دەرفەت بۆ پێگەیشتن.

پەرژانە سەر لەمپەرەکان لەم ڕێگایەدا، لە تەرخانکردنی سەرچاوەکانەوە هەتا زاڵبوون بەسەر ئاستەنگی ڕاکردنی مێشکەکان و هەڵسوکەوت لەگەڵ ئاڵۆزییە جیۆپۆلیتیکەکاندا، پێویستیی بە گرتنەبەری ڕوانگەیەکی جیاواز و داینامیکییە. ئەم نەخشەڕێگا ستراتیجییە داڕێژراوە بەشێوەیەکی تۆکمە و بەرفراوان گەڵاڵە کراوە کە جەختی سەرەکیی لەسەر بایەخی سازگاری و خۆگونجێنیی بەردەوامە. هاوبەشی کردنی دیاسپۆرای کوردستان و کۆمەڵگەی جیهانی ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن و ڕۆڵی سەرەکییان دەبێت لە خوڵقاندنی زانستی هاوبەش و پێشڤەچوونی هاوبەشدا.

لە سۆنگەی ڕوانینمانەوە بۆ داهاتوو، پەیامی ئەم بابەتە و ئەم نەخشەڕێگایە ڕوونە: ئامانجی سەربەخۆیی کوردستان بە ئاستێکی بەرچاو بە چوونە ناو بوارەکانی زانست و تەکنەلۆجیا بەهێزتر دەبێت. ئەم سۆنگەیە، سۆنگەیەکی گەورەتر و فراوانترە لە تەنیا پێودانگە ئابوورییەکان. ئەم نەخشەڕێیە بۆ مەبەستی دروست کردنی کۆمەڵگەیەکە کە داهاتووبینە، داهێنەرە ودەتوانێت جیا لە خۆپشت و خۆسەروەر و سەربەخۆ کردنی نەتەوەیی ئەم بەشەی کوردستان، یارمەتیدەرێکی بەهێز بێت لە ڕەوتی ڕوو لە گەشەی کۆمەڵگەی جیهانیدا.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • بوخچە
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO