توفیق ڕەحمان مەنتک
هەرێمى کوردستانى عێراق بە پێچەوانەى پارچەکانى ترى کوردستان لە مێژوودا دەرفەتى زۆرى بۆ ڕەخساوە بۆ ئەوەى ببێتە قەوارەیەکى گرنگ لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا. دواى ڕاپەڕینە مەزنەکەى بەهارى ١٩٩١ و دامەزراندنى یەکەمین پەرلەمان و کابینەى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئایاری ١٩٩٢ زەمینە لەباربوو بۆ ئەوەى گەلى کوردستان لە باشوور قەوارەیەک دابمەزرێنن کە بنەماى دەوڵەتێکى سەربەخۆ بێت و لە ناوچەکەدا ببێتە یاریکەرێک کە بەشێوەیەک لە شێوەکان حیسابى بۆ بکرێت. ئێمە نزیک دەبینەوە لە ٣٥ ـەمین ساڵیادى ڕاپەڕینى باشوورى کوردستان واتە ٣٥ ساڵى حکومڕانى کورد لە دواى کۆمارى مەهاباد لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان. ئێمە زۆرجار گوێبیستى لێدوانى فەرمى وڵاتانى ناوچەکە بووین کە ڕێگەنادەین کوردستان سەربەخۆ بێت چونکە دەبێتە ئیسرائیلى دووەم لە ناوچەکەدا، تەنانەت کۆمارى ئیسلامى ئێران بەشێکى زۆرى هێرشەکانى ئەم دواییانەى بە تۆمەتى بوونى بنکەى هەواڵگرى ئیسرائیل بووە. پرسیارى سەرەکى ئەم بابەتە ئەوەیە کە ئایا بەڕاستى هەرێمى کوردستان دەبێتە ئیسرائیلى دووەم لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست؟ بۆ ئەوەى بابەتەکەمان زیاتر ڕوون بێت پێویستە بەراوردێکى کوردستان و ئیسرائیل بکەین وەک دەستپێک و دواتر سەرنجى خۆمان بخەینەڕوو.
جووەکان بەر لە دروستبوونى دەوڵەتى ئیسرائیل لە فەڵەستین بریتیبوون لە نەتەوەیەکى ئایینى کە بەسەر زۆر لە وڵاتاندا دابەش ببوون بەتایبەتى وڵاتانى ئەوروپا. بەریتانیا وەک هێزێکى داگیرکەر کە بەشێکى وڵاتانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستى داگیرکردبوو لە ١٩١٧ بەڵێنى بە جووەکاندا بەدروستکردنى دەوڵەتێک لە فەڵەستین. سەرۆکى ئەمریکا فرانکلین ڕۆزڤێلت لە ١٩٤٥ ئەوەى بۆ سەرکردەکانى وڵاتانى عەرەبى دووپاتکردەوە کە بەبێ ڕاوێژکردن لەگەڵ عەرەب و جووەکان، ئەمریکا بەشدارى ناکات لە دروستکردنى دەوڵەتێک بۆ جووەکان لە فەڵەستین. بەریتانییەکان هەرچەندە بەڵێنیان دابوو بە جووەکان کەچی دوودڵبوون لەوەى کە دەوڵەتێکى گەورەى ئیسرائیلى دروست بێت لە فەڵەستین چونکە بەریتانیا بەرژەوەندییەکى زۆری ئابوورى هەبوو لەگەڵ وڵاتانى عەرەبى بەتایبەتى لەڕووى سەرچاوەکانى نەوت و بازرگانى. لە ١٩٤٥ کە هەڵبژاردنەکانى ئەمریکا ئەنجامدرا، هارى ترومان بووە سەرۆکى ئەمریکا، ئەو ڕۆڵێکى بەرچاوى هەبوو لە پشتگیریکردن لە دروستبوونى دەوڵەتى ئیسرائیل. هارى ترومان ڕێگەی دا بەوەى کە ١٠٠ هەزار جووى پەنابەر بێنە نێو خاکى فەڵەستین و هەروەها کاتێک دەیڤید بن گۆریۆن سەرۆکى ئاژانسى جووەکان لە ١٩٤٨ دامەزراندنى دەوڵەتى ئیسرائیل ڕاگەیاند، هارى ترومان دانپێدانانى ئەمریکاى ڕاگەیاند بە دەوڵەتى ئیسرائیل. دواتر ئیسرائیل بە فەرمى بووە ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەوەى زانیارى گشتیە کە مێژووى ئیسرائیل بە چەندین قۆناغ تێپەڕى تاوەکوو بووە ئەم دەوڵەتەى کە ئێستا هەیە.
ئەوەى گرنگە لێرە ئێمە سەیرى هەندێک لە توانا و ئاماژە بە هێزەکانى ئیسرائیل بکەین. بەپێى ماڵپەڕى داتا و زانیارییەکانى سى ئاى ئەى گەشەى ئابوورى ئیسرائیل لە ٢٠٢٣ نزیکەى ٤٧١ ملیار دۆلارى ئەمریکى بووە لە ڕیزبەندى ٥١ مین لە وڵاتانی جیهان دێت، ڕێژەى هەڵاوسانى ئابوورى ٤,٢٣%. ئابوورى ئیسرائیل بەڕێژەى ٧٢,٤% پشت دەبەستێت بە کەرتى خزمەتگوزارى، ١٧,٢% کەرتى پیشەسازى و ١,٣% کەرتى کشتوکاڵ. ڕێژەى بێکارى ٣,٣٩% بووە. هەناردەکردن بۆ دەرەوە لە ساڵى ٢٠٢٣ بڕى ١٥٦,١٦٥ ملیار دۆلار. هەناردەى گازى سروشتى ئیسرائیل لە ٢٠٢٢ بڕى ٩,٥٧٨ ملیار چوارگۆشە بووە.
لە ڕووى سەربازییەوە ژمارەى سەربازانى ئیسرائیل لە ساڵى ٢٠٢٣ بریتى بووە لە ١٧٠ هەزار سەربازى چالاک ئەوانەى کە لە خزمەتدان ئەوانیش دابەشبوون بەسەر (١٣٠ هەزار هێزى زەمینى، ١٠ هەزار هێزى دەریاوانى و ٣٠ هەزار هێزى ئاسمانى). زۆربەى ئەو چەکانەى کە ئیسرائیل بەکاری دەهێنێت بەشێکى زۆرى لە نێوەخۆى ئیسرائیل بەرهەمهاتووە و دروستکراون و بەشێکى ترى هاوردەکراون لە ئەمریکا و وڵاتانى ترى ئەوروپا. ئیسرائیل یاداشتنامەیەکى لێکتێگەیشتنى هەیە لەگەڵ ئەمریکا کە بۆ ماوەى ١٠ ساڵ لە ٢٠١٩ تاوەکوو ٢٠٢٨ بەردەوام دەبێت. بەپێی لێکتێگەیشتنەکە، ئەمریکا پابەندە بە پشتگیرى دارایى بە بڕى ٣ ملیار دۆلار لە ڕووى بەرنامەکانى سەربازى وەک مووشەکى بەرگرى و جۆرەکانى تر، هەروەها مافى ئەوەى بە ئیسرائیل داوە بۆ سوود وەرگرتن لە بەرنامەکانى بەرهەمهێنانى سیستەمى چەک. ئیسرائیل پێشکەوتووە لەڕووى بەرنامەى بۆشایى ئاسمان، کە تواناى دیزاینکردن و بەرهەمهێنان و کارپێکردنى سیستەمى پەیوەندیکردن و سەتەلایت، هەڵدانى سەتەلایت لەسەر مووشەکى ناوخۆیى و دەرەکى.
سیستەمى سیاسى لە ئیسرائیل پێکدێت لە دەسەڵاتى جێبەجێکردن، دەسەڵاتى دادوەرى و دەسەڵاتى یاسادانان. دەسەڵاتى یاسادانان کە پێى دەگوترێت کنێسیت (پەرلەمان) لە ١٢٠ ئەندام پێک دێت و هەر چوار ساڵێک لە ڕێگاى هەڵبژاردن ئەندامانى کنێسیت هەڵدەبژێردرێن. لە پرۆسەى هەڵبژاردن هاووڵاتییان دەنگ دەدەن بە نوێنەرى خۆیان، واتە ئەندامى پەرلەمان و ئەو پارتەى کە زۆرترین دەنگ بهێنێت یاخود بتوانێت گەورەترین هاوپەیمانى دروست بکات ئەوا دەتوانێت کابینەى حکومەت پێک بهێنێت. لە دوایین هەڵبژاردنەکانى ئیسرائیلدا بنیامین نەتانیاهۆ توانى هاوپەیمانێتییەک پێک بهێنێت کە ٦٤ کورسیان هەیە و بەمشێوەیە وەک گەورەترین کوتلەى پەرلەمانى کابینەى ٣٧ ـەمین پێک هات. ئیسرائیل لە ناوچەیەکى پڕقەیراناوى قەوارەیەکى بەهێزى دروستکردووە کە بەردەوام مەترسى لەسەر بووە لەلایەن وڵاتانى تر لە ناوچەکە.
هاوکات هەرێمى کوردستان (باشوورى کوردستان)، هاوشێوەى ئیسرائیل خاوەن پەرلەمان و حکومەت و دەسەڵاتى دادوەرى خۆیەتى. ژمارەى هێزەکانى پێشمەرگە بەپێى ئەو داتایانەى کە بڵاودەکرێنەوە لە سەرووى ١٥٠ هەزار دەبێت، ئەگەر زیاتریش نەبێت. ئەمەش ماناى وایە لە ڕووى جومگەکانى حکومڕانى و سەربازى لێکچوونێک هەیە لەنێوان ئیسرائیل و هەرێمى کوردستان. ڕووبەڕى هەرێمى کوردستان ٤٠,٦٤٣ هەزار کلیۆمەتر چوارگۆشەیە، بەمەش لە ئیسرائیل گەورەترە. بەپێى داتاى ماڵپەڕى حکومەتى هەرێم وەبەرهێنان لە هەرێمى کوردستان گەیشتۆتە ٢٢ ملیار دۆلار. ڕاپۆرتى کۆمپانیاى دیلیۆیت کە وردبینى دەکات بۆ هەناردەى نەوتى کوردستان پێش داخستنى بۆڕى نەوت، ڕۆژانە نزیکەى ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتى هەناردەی دەرەوە کردووە. ڕاستە نەوت تاکە سەرچاوەى سەرەکى بووە کە حکومەتى هەرێم پشتى پێ بەستووە بۆ خەرجییەکانى بەڵام سەرچاوەکانى تر لە ڕووى پیشەسازى و کشتوکاڵ و گەشتوگوزار کەمتر نین لە نەوت بۆ ئەوەى ببنە سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ داهات و بەرەوپێشبردنى بناغەى ئابوورى و دەرفەتى کار بۆ خەڵکى هەرێم.
ڕەنگە پرسیارێک بکرێت لەلایەن خەڵکانێکى زۆر کە ئیسرائیل هەر لە سەرەتاى دروستبوونییەوە بەردەوام پشتگیرى نێودەوڵەتى هەبووە بەڵام کوردستان لە چەندین قۆناغدا لەلایەن وڵاتە زلهێزەکانەوە خیانەتى لێکراوە، نوێترین نموونەیان ڕیفراندۆمى ساڵى ٢٠١٧ یە کە ئابڵوقەى زەمینى و ئاسمانى خرایە سەر هەرێمى کوردستان. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە دروستبوونى قەوارەى حکومەتى هەرێم لە ١٩٩١ تا ئێستا، قۆناغێکى باشى بڕیووە و بۆتە جێگەى بایەخى کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى و سەردانى شاندە فەرمییەکان و بەشدارى شاندە باڵاکانى کوردستان لە دەرەوە باشترین شاهێدى ئەو ڕاستییەن. بەڵام ئەو پرسیارەى کە جێگەى بایەخە ئایا چ ڕێگریەک هەیە لەوەى هەرێمى کوردستان ببێتە ئیسرائیلى دووەم لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، بۆ ئەمەش پێویستە ئێمە جەخت لەسەر دوو خاڵ بکەینەوە یەکەمیان دروستکردنى سیستەمێکى دامەزراوەیى حکومڕانى باش و دووەمیان یەکڕیزى نێوماڵى کوردە.
سیستەمى حکومڕانى باش
نەتەوە یەکگرتووەکان حکومڕانى وا پێناسە کردووە کە بریتییە لە پرۆسەی بڕیاردان و جێبەجێکردنى بڕیارەکانى لایەنە بەشداربووەکانى حکومڕانى بەپێى سیستەمى حکومڕانى ئەو قەوارەیە. بۆ نموونە، لە حکومڕانى لادێیەک، تەنها ئاغا و خاوەن زەوییەکان بەشدار نابن لە پرۆسەى بەڕێوەبردن بەڵکوو جوتیار و کرێکار و کارگە و کۆمەڵەکان بەشدارییەکى کارایان هەیە لە کاروبارەکانى چۆنیەتى بەڕێوەبردنى ئەو لادێیە. حکومڕانى باش ژمارەیەک خاسیەتى سەرەکى هەیە ئەوانیش بریتین لە بەشداریکردن، یەکدەنگى، کارامەیى، یەکڕیزى، فرەیى، سەروەرى یاسا، کارکردن بۆ نەهیشتنى گەندەڵى و هەوڵدان بۆ شەفافیەت. لە حکومڕانى باشدا دەنگ و ڕاى زۆرینەى کۆمەڵگە لەبەرچاو دەگیرێت بە پێکهاتە جیاواز و کەمینەکانەوە.
بەشداریکردنى کاراى هاووڵاتییان کۆڵەگەى سەرەکى حکومڕانى باشە، ئەویش چ لە ڕێگاى بەشداریکردنى ڕاستەوخۆ لە ڕێگاى خۆکاندیدکردن و هەڵبژاردن و وەرگرتنى بەرپرسیارێتى، یاخود بەشێوەى ناڕاستەوخۆ لە ڕێگاى هەڵبژاردنى نوێنەر بۆ دەسەڵاتى یاسادانان و دروستکردنى ڕێکخرا و کۆمەڵە مەدەنییەکان. ئەمە خۆى یەکێکە لە بنەماکانى دیموکراسى و ئازادى ڕادەربڕین و کۆبوونەوە.
حکومڕانى باش پێویستى بە سەروەرى یاسا هەیە، واتە یاسا بەیەکسانى و بێلایەنى و بەبێ جیاکاریى جێبەجێ بکرێت. لەم چوارچێوەیەشدا، پێویستە مافەکانى مرۆڤ پارێزراو بێت، بەتایبەتى مافى پێکهاتە نەتەوەیى و ئایینییە جیاوازەکان. سەروەرى یاسا پێویستى بە دەسەڵاتێکى دادوەریى بێلایەنانە هەیە دوور لە دەستێوەردانى سیاسى و حیزبى و حکومى.
کۆڵەگەیەکى ترى حکومڕانى باش بریتییە لە شەفافییەت. مەبەست لە شەفافییەت ئەوەیە کە پرۆسەى بڕیاردان و جێبەجێکردنى بەشێوەیەکى شەفاف بێت بەپێى یاسا و ڕێنمایى و بنەماکانى حکومڕانییەکى باش. ئەوەى خەڵک زیاتر جەختى لەسەر دەکاتەوە شەفافییەتى داراییە بەڵام شەفافییەت هەموو پرۆسەکانى حکومڕانى دەگرێتەوە کە لە ڕێگاى شەفافییەت زانیارى تەواو بەردەستە بۆ هاووڵاتییان لە ڕووى بڕیار و جێبەجێکردنى سیاسەتى حکومەت. خزمەتگوزارى و پڕۆژەکان بەشێوەیەکى شەفاف جێبەجێ دەکرێن کە لەم ڕێگەیدا ئەگەرەکانى گەندەڵى و بەهەدەردانى سامانى گشتى لەنێوانیاندا سەرمایە و دارایی سنووردار دەبێت.
یەکڕیزى نێوماڵى کورد
نەخۆشیەکى کوشندە کە بەرۆکى بە گەلى کوردستانی گرتووە بەدرێژایى مێژوو ئەویش گرووپکاریى و پەرتەوازەیى نێوماڵى کوردە، کە بەشێوەیەکى زۆر زەق ڕەنگى داوەتەوە. ئەمەش تەنها لە نێو کوردى باشووردا نییە بەڵکوو کوردانى ڕۆژئاوا، کوردانى ڕۆژهەڵات، کوردانى باکوور هەیە. بەداخەوە لە هەر شوێنێک کورد بوونى هەبووبێت لەلایەن هێزێکى دەرەکى تۆوى دووبەرەکى و پەرتەوازەییان پێدراوە و کێشەى لەنێو ماڵى کورد دروست کردووە.
کۆمەڵگهى کوردى لە بنەڕەتدا لەسەر شێوەى خێڵ دروست بووە؛ باشترین نموونەیش لە سەدەکانى ڕابردوودا هێزە داگیرکارە دەرەکییەکان خێڵەکانیان وەک ئامرازێک بەرامبەر بەیەکتر بەکار هێناوە، ئەمەش بۆتە هۆى زیاتر دابەشکردنى کۆمەڵگهى کوردى. لە سەردەمى نوێیشدا جهنگى ناوخۆى نێوان حیزبە سیاسییەکان، جۆرێکى تر بووە کە کاریگەریى لەسەر دابەشکاریى نێو کۆمەڵگهى کوردى هەبووە. بۆیە پرسى یەکڕیزیى کورد، هاوشێوەى پرسى بەدەستهێنانى ئامانجەکانى گەلى کورد، ئاڵۆزە؛ کە ئەمەیش بەشى زۆرى دەگەڕێتەوە بۆ هەڵکەوتەى جوگرافیای کوردستان. پارتە سیاسییە جیاوازەکانى هەر چوار پارچەى کوردستان، بیر و ئایدیۆلۆجی جیاوازیان هەیە بەڵام زۆربەى کێشە و گرفتەکان هیچ پەیوەندى بە بیرو ئایدیۆلۆجیاى سیاسىیەوە نییە، بەڵکوو شەڕکردنە لەسەر فراوانکردنى هەژموون و دەسەڵاتى سیاسى لەسەر بنەماى دابەشکردنى کۆمەڵگاى کوردى. گرووپ و پارتە سیاسییەکانى کوردستان پارتى ڕاستڕەو بێت یان چەپڕەو، عیلمانى یان ئیسلامى بێت لەسەر بنەماى ئایدیۆلۆجیاییەکى دروستى سیاسى گەشەى نەکردووە. بۆ نموونە، ئەگەر سەیرى هەڵمەتى بانگەشەى هەڵبژاردنەکانى کوردستان بکەین دیاردەیەک هەموو جارێک دووبارە دەبێتەوە ئەویش بنەماڵەیەک، عەشیرەتێک، گرووپێک لەسەر تەلەفزیۆنەکان نیشان دەدرێن کە وازیان لە حیزبێک هێناوە و پەیوەندییان بە حیزبێکى ترەوە کردووە، ئەمە نموونەیەکى زیندووى کارکردنە لەسەر دابەشکردن و پەرتەوازەکردنى نێوماڵى کرد. ئەم دابەشکارییە تەنانەت لەنێو چینى ڕۆشەنبیران و ئەکادیمى و فێرخوازانى زانکۆ و نووسەران و ئەدیبان زۆر بە زەقى دیارە.
ئەنجام
لەم چەند ساڵەى دواییدا و بەتایبەتى لە دواى بەهارى عەرەبى و ئێستاش لەگەڵ ڕووخانى ڕژێمى ئەسەد لە سووریا، زۆرجار دەنگۆى ئەوە هەیە کە نەخشەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لەوانەیە دووبارە دابڕێژرێتەوە کە لەوانەیە دەرفەت بڕەخسێت کورد لەم گۆڕانکاریانەدا بتوانێت قەوارەیەکى سەربەخۆ ڕابگەیەنێت. بۆیە بۆ وەڵامدانەوەى ئەو پرسیارە کە ئایا کوردستان دەبێتە ئیسرائیلى دووەم لە ناوچەکەدا ئاسان نییە چونکە کوردستان لە زۆر ڕووەوە لە ئیسرائیل جیاوازترە. یەکەم هەرێمى کوردستان (کوردستانى باشوور) لە ماوەى نزیکەى ٣٥ ساڵى ڕابردووى حکومڕانیدا نەیتوانیووە حکومڕانیەکى باش دروست بکات کە بنەماکانى حکومڕانى دامەزراوەیى لەخۆبگرێت بەڵکوو زیاتر بە کێشەى ناوەخۆیى سەرقاڵ بووە. بۆ نموونە، تاوەکوو ئێستا نەیتوانیوە مۆرکەکانى دوو ئیدارەى نەهێڵین. ئیسرائیل هاوشێوەى کوردستان چەندین پارت و حیزبى سیاسى لەخۆدەگرێت و لە هەڵبژاردنەکاندا پێشبڕکێى زۆر بەهێزهەیە و زۆربەى جارەکانیش حکومەتى هاوپەیمانى دروست بووە لەنێوان حیزبەکان. لە ئیسرائیل کار لەسەر دروستکردنى دەوڵەت و سیستەمى دامەزراوەیى دەکرێت. حیزب لە ئیسرائیل ئامرازێکە بۆ خزمەتکردنى بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکان و بە هیچ شێوەیەک کارناکات لەسەر دابەشکردنى نێوماڵى کۆمەڵگەى ئیسرائیل. هەموولایەک دەزانن جووەکان کە لە سەرتاسەری دنیاوە هاتوونەتە ئیسرائیل پێکدێن لە جووى ئەوروپی و ئەمریکی و باکوورى ئەفریقی و ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستی، ئەم جیاوازییە بەهیچ شێوەیەک کاریگەریى نەبووە لەسەر لەرزۆککردنى کایەکانى دەوڵەتى ئیسرائیل بەڵکوو بە پێچەوانەوە هەموویان کاریان کردووە بۆ بەهێزکردنى بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکانى ئیسرائیل.
لە ڕووى سیستەمى بەرگریى، ئیسرائیل یەکێکە لە بەهێزترین وڵاتانى جیهان کە ئەمەش کاریگەریى هەبووە لەسەر زیاتر بەرزکردنەوەى هەژموونى ئیسرائیل لەسەر ئەو ڕووداوانەى کە لە ناوچەکەدا ڕوودەدات. بەڵام ئەگەر ئێمە سەیرى دامەزراوەى بەرگریى کوردستان بکەین، هێزەکانى پێشمەرگە و وەزارەتى کاروبارى پێشمەرگە، دەبینین بەهۆى دەستێوەردانى حیزبى نەگەیشتۆتە ئاستى هێزێکى نیشتیمانىی کە دوور بێت لە هەژموونى پارتە سیاسییەکان.
لەڕووى سیستەمى دەوڵەتدارى لە ئیسرائیل تەنها حکومەت دەسەڵاتى بەسەر کاروبارى دەوڵەتدارى هەیە بەڵام لە هەرێمى کوردستان بەهۆى دابەشبوونى ئیدارى و ئاسەوارەکانى شەڕى ناوەخۆ تاوەکوو ئێستا نەتوانراوە دەسەڵاتى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەڕووى بەرنامە و سیاسەت و پڕۆژە وەکوو یەک لە هەموو سووچێکى هەرێمى کوردستان جێبەجێ بکرێت.
بەم دۆخەى کە ئێستا هەرێمی کوردستان پێیدا تێدەپەڕێت لە ڕووى بەڕێوەبردن و سیستەمى دەوڵەتدارى و بەرگرى و دارایى و پەرتەوازەیى نێوخۆیى، ئەوا ناتوانێت سوود لە گۆڕانکارییەکانى ناوچەکە وەربگرێت. ئەم دۆخەى کە لە هەرێمى کوردستان دروستبووە لێکەوتەى ناوەخۆیى و کاریگەریى و هەژموونى وڵاتانى ناوچەکەیە بەسەر ئاڕاستەکردنى دۆخى کوردستان کە نەگاتە ئاستێک بتوانێت ڕووبەڕووى فشارە دەرەکییەکان بوەستێت و دەرفەتەکان بقۆزێتەوە لە پێناو بەرژەوەندى نیشتیمانى کوردستان. ئێستا هەرێمى کوردستان لە قوناغى دواى هەڵبژاردنەکان و لە پرۆسەى پێکهێنانى کابینەیەکى تازەى حکومەتى هەرێمە، ئەگەر پارتە سیاسییەکان نەتوانن ڕێک بکەون لەسەر هێلە گشتییەکانى دروستکردنى هێزێکى بەرگرى نیشتیمانى بەهێز و سیستەمێکى دەوڵەتدارى یەکگرتوو لە ڕووى سیاسەتى ناوەخۆ و دەرەکى، ئەوا هاوشێوەى دواى جەنگى یەکەمی جیهانى و ڕێککەوتنامەى سیڤەر، کورد ناتوانێت سوود لە دەرفەتەکان وەربگرێت وەک هێز و قەوارەیەکى ناوچەیى لۆکاڵى دەمێنێتەوە، ئەو کاتە لە جیاتى دەرفەتى بوون بە ئیسرائیلى دووەم لەوانەیە ببینە فەڵەستینی دووەم، دابەش و وێران.