شاهین کەریمی
بەگشتی ژیری دەستکرد (AI) لە چوار قۆناخ و بەش پێک دێت کە لەم وێنەی خوارەوەدا دەیبینین. لە دەرەکیترین توێژدا ئێمە ژیری دەستکردمان هەیە کە بریتییە لە نوێنەر(agent) ی خۆکردەیی (automated)، نوێنەری خۆفرمان/خۆکردەکی (automated agent)، کە لەلایەن مرۆڤەوە وەکار دەخرێن و ئەرکیان پێ دەسپێردرێت. بۆ وێنە، پاڵاوتنی ئیمەیلی هەرێز (spam). ئێمەی مرۆڤ دەتوانین لەسەر ئیمەیلەکەمان فیلتەر و پاڵاوتن دابنێین کە ئەو ئیمەیلانەی وەک هەرێز (سپام) دێن، بچنە پەڕاوێکی (folder) تایبەت. لێرەدا دوو فاکتەری سەرەکی، واتە مرۆڤ و نوێنەری خۆفرمان بەیەکەوە کار دەکەن و ژیری دەستکرد پێکدێنن و بەیەکەوە کار و ئەرکەکە جێبەجێ دەکەن.
لە توێژی دووەم ئێمە فێربوونی ماشێن (Machine Learning, ML) مان هەیە. ئەم توێژە بە دوو هۆکار ئیش دەکات: زانیاری و ڕێسا (فرمان)، واتە بەپێی ئەو فۆرمول و ئەلگۆریتمانەی لە سیستەمەکەدا نووسراوە، هەروەها بەپێی ئەو ئەرک و فرمانانەی لە توێژی یەکەم، واتە پێدان و دیاریکردنی لەلایەن مرۆڤەوە وە لەگەڵ ئەو زانیارییانەی کۆی کردوونەتەوە، سیستەمەکە خۆی خۆی فێر دەکات و دەزانێت کە چی باش، خراپ، ئەرک و پێویستە. بەپێی ئەو فێربوونەش، پێشبینی دەکات و ئەرکی داهاتوو جێبەجێ دەکات.
بۆ نموونە، ئەگەر لە IP یەک چەند ئیمەیلی هەرێز/سپام هەبێت، سیستەمەکە وشیار دەبێت و دەزانێت کە ئەو ئایپییە، هەرێز دەنێرێت، بۆیە ئەگەر نێونیشان یان ناوەڕۆکی ئیمەیلەکانیش بگۆڕێت، مادام لە هەمان سەرچاوەوە دێت، دەیخاتە پەڕاوی هەرێز (spam folder).
پێویستی فێربوونی ماشێنی ئەوەیە کە مرۆڤ هەمیشە ناتوانێت بۆ هەر کارێک ڕێسا بنووسێت و زانیاری بدات بە سیستەمەکە. هەڵبەتە ئەمە دەکرێت، بەڵام لە ڕووی داراییەوە گونجاو نییە. بۆیە لێرەدا پێویستی فێربوونی یان باشترە بڵێین خۆفێرکردنی سیستەمەکان سەر هەڵدەدات و کار دەکرێت بۆ ئەوەی سیستەمەکە زیرەک بکرێت و خۆی خۆی فێر بکات.
لە توێژی ژوورتردا، فێربوونی قووڵ (deep learning) ـمان هەیە. لەم توێژەدا تەکنیک و ئەلگۆریتمی ماشێنی بەکار دێت بۆ مەبەستێکی تایبەت. واتە فێربوون لە ئاست و قۆناغی گشتی و ڕووپەڕی (سطحی) دەگوازێتەوە بۆ فێربوونی تایبەت و زانیاری تایبەت. دەتوانین ئەم شێوە یان قۆناغە لەگەڵ پزیشکیدا بەراورد بکەین. پزیشکەکان چەند ساڵی سەرەتایی، زانستی گشتی لە سەر نەخۆشی، لەشی مرۆڤ، ڤایرۆس، بەکتریا و دەرمانە گشتییەکان دەخوێنن. بەڵام دواتر زانستی تایبەت لەسەر بەشەکانی لەشی مرۆڤ دەخوێنن و هەر کامەیان دەبنە پزیشکی تایبەت لە بوارەکەی خۆیاندا، بۆ نموونە، پزشکی دڵ، منداڵان، ژنان، مێشک، هتد.
تۆڕی دەمارەیی (neural networks) بەشێکی گرینگە لە فێربوونی ماشێنی و ژیری دەستکردیشدا، کە لەم بەشەدا ڕۆڵ دەبینێت. تۆڕی دەمارەیی لەوە وەرگیراوە کە بەشێوە دەمارەکانی لەشی مرۆڤ کار دەکات و کۆمەڵێک خانە و یەکە کە هەر کامیان کارێکی تایبەت دەکەن، لەڕێگەی ڕایەڵەوە بەیەکەوە بەستراونەتەوە و زانیاری دەگوازنەوە.
لە توێژی کۆتایی و هەرە ناوەکیدا، ژیری دەستکردی بەرهەمهاتوو (Generative AI) مان هەیە کە بەکار دێت بۆ بەرهەمهێنانی ناوەڕۆک/دەق لەڕێگەی ژیری دەستکردەوە، وەک GPT, ChatGPT. ئەم بەشە ئەلگۆریتمەکانی فێربوونی قووڵ کە بە گوازەرەوەکان ناسراون، بەکار دێنێت بۆ دروستکردنی ناوەڕۆک وەک دەق، وێنە، ڤیدیۆ و ناوەڕۆکی تر.
ڕەنگە زۆربەمان ئەم بەشەمان بەکار هێنابێت. کاتێک پرسیارێک لە چات جی پی تی دەکەین، ئەو وەڵامەی وەری دەگرینەوە، ناوەڕۆکی بەرهەمهاتووە کە لە ڕێگەی ئەلگۆریتمەکانی ژیری دەستکردەوە دەیدات بە ئێمە. ئەم شتەش بەو قۆناغانەدا تێپەڕێوە کە ئاماژەیان پێکرا. واتە فێربوونی قووڵ و بەکارهێنانی ئەلگۆریتمەکانی ئەو قۆناغە، پێشتریش فێربوونی ماشێن و لە سەرەتاشدا وەگەڕخستنی بکەرێکی خۆفرمان/خۆکرد کە لەلایەن مرۆڤەوە زانیاری و فرمانی پێدراوە.
