سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

تەڵەو پارادۆکسی نەوتی عێراق: ئابووریی کرێخۆر لە نێو شۆکە جیۆپۆڵەتیکییەکاندا

بەهرۆز جەعفەر

لە  ٢٢ی ئەیلولی  ٢٠٢٦ دا، سەرۆک وەزیرانی عێراق “عەلی زەیدی” بە نیۆرک تایمزی گوتوە، کە عێراق نیزیکەی ٦٠ میلیار دۆلار داهاتی نەوتی لەدەستداوە، بەهۆی جەنگی ئێرانەوە. بەجۆرێک بۆ ماوەی نزیکەی دوو مانگ عێراق نەیدەتوانی ٩٠٪ی نەوتەکەی هەناردە بکات، لە کاتێکدا ٩٠٪ی ئابوورییەکەی پشت بەو نەوتە خاوە دەبەستێت، کە هەناردەی دەکات.  لە پێش  حوزەیرانی ٢٠٢٥، واتە پێش دەستپێکردنی یەکەمین گەڕی بەیەکداکێشانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، یەدەگی بانکی ناوەندیی عێراق سەروو ١١٠ میلیار دۆلار بوو، بەڵام لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٦ دا ئەم یەدەگە گەیشتووەتە کەمتر لە ٦٠ میلیار دۆلار. ئەگەرچی کابینە “تەواو نەبووەکەی” زەیدی لە ماوەی پێنج مانگی دەستبەکاربوونیدا توانیویەتی لەنێوان جەمسەرگیرییە جیهانییەکان و گرژییە جیۆپۆڵەتیکییەکاندا جۆرێک لە هاوسەنگی دروست بکات، بەڵام هێشتا کێشە گەورەکە ئەوەیە، کەشتی نەوتی خاوی زەبەلاح “VLCC” ڕوو لە بەندەرەکانی بەسرە ناکەن. ئایا ئابووریی نەوتیی عێراق چۆن ڕزگاری دەبێت؟ کێشە سەرەکییەکانی بەردەم پیشەسازییە هایدرۆکاربۆنییەکان لە کوێدان؟ هەرچۆنێک تەماشای دیمەنەکە دەکەیت، عێراق زیانمەندی گەورەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیلە لەگەڵ ئێران، بۆچی؟

 تاوەکوو پڕۆسە نەوتییەکان زیاتر بەردەوام ببن، قەیرانە ئابورییەکەی کەڵەگەتر دەبێت

لوغزێک لە ئابووریی -کرێخۆر “ئابووریی ڕەیعی”ی عێراقدا هەیە، ئەوە لە هەرێمی کوردستانیش وابوو، تاوەکوو پڕۆسە نەوتییەکان بەرەو پێشتر دەچوون و دەرهێنانەکان فراوانتر دەبوون، قەیرانە دارایی و سیاسییەکان زیاتریان دەکرد. لێرەدا، ئابوورییەکە هەر بەتەنیا پشتی بە نەوت دەبەستێت، نەوەکوو باج و بەرهەمی ناوخۆیی بۆ دابینکردنی دارایی بودجە و داهاتەکانی. ئەگەر عێراق لە گێژاوی هورمزیش ڕزگاری ببێت، هێشتا ئابورییەکەی مەترسی خنکانێکی گەورەی لەسەرە.  

لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا، عێراق بیست و چوار میلیۆن و ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی بە داشکاندنی “-٢٩” دۆلار فرۆشتووە، کە کۆی گشتیی داهاتەکەی حەفت سەد و نۆزدە  میلیۆن دۆلار بووە. لە کاتێکدا، عێراق مانگانە پێویستی بە نیزیکەی حەوت میلیار و ٤٠٠ میلیۆن دۆلارە بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتیی و خانەنیشینان و چاودێریی کۆمەڵایەتی، واتە زیاتر لە هەشت تریلیۆن دینار.  ئەم وڵاتە نزیکەی چوار میلیۆن و ٦٠٠ هەزار تەنیا فەرمانبەری مەدەنی و سەربازیی هەیە، کە ٦٢٪ یان سەر بە کەرتی سەربازی و ئەمنی و ناوخۆن!  

لە تەمموزی ٢٠٢٦ دا عێراق چل و نۆ میلیۆن بەرمیلی بە داشکاندنی -٢٧ دۆلار فرۆشتووە، زیاتر لە ٣٠ میلیۆن بەرمیلی بە گەرووی هورمزدا تێپەڕێوە، داهاتەکەی یەک ملیارو ٣٠٠ میلیۆن دۆلار بووە. لە مانگی ئابدا ٧٠ میلیۆن بەرمیلی بە داشکاندنی -٢٥ دۆلار فرۆشتووە، کە داهاتەکەی دەکاتە یەک میلیار و ٧٠٠ میلیۆن دۆلار، لە مانگی ئەیلولیشدا حەفتاو نۆ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار بەرمیلی فرۆشتووە بە دیسکاونتی -١٨ داهاتەکەی نیزیکەی پێنج میلیار دۆلار بووە.

کاتێک ئەمریکا دەڵێت هورمز کراوەتەوە، ئێران دەڵێت داخراوە، ناوبەناو کەشتییەکی نەوتی دەکرێتە ئامانج، ئیدیکە وەکوو جاران کڕیارەکان ڕوو لە بازاڕی نەوتی عێراق ناکەن. بۆیە سۆمۆ هەم بەگشتیی داشکاندنەکانی زیادکردوە، هەم داشکاندنی تایبەتتری بۆ فرۆشتنی نەوتەکەی بە چەند کۆمپانیایەکی ئیماراتی و هیندی کردووە، چونکە ئەوانە یارمەتی دارایی عێراقیان داوە، تاوەکوو پارەی مووچەی فەرمانبەرانی بدات، بەڵام ئەم بابەتەیان ناوناوە وەرگرتنی پارەی پێشوەختەی نەوتەکە لەو کڕیارانە. بۆ نموونە ئێستا لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٦ دا، عێراق داشکاندنی بۆ چەند کۆمپانیایەک  کردووە بە ڕادەی  -٣٢  دۆلار خوار بازاڕ.

پێشووتر، لەسەر چۆنییەتی بونیادنانی ژێرخانی بەرهەمە نەوتییەکانی عێراق و بەرزڕاگرتنی ئاساییشی وزە شیکاریی دیکەمان بڵاوکردووەتەوە. لێرەدا، هەوڵ دەدەم کێشە شێرپەنجاوییەکانی کەرتی نەوتیی، نەوەکوو وزە بەگشتیی، لە عێراق بەگشتی لە چوار خاڵدا چڕ بکەمەوە:  

یەکەم: نەبوونی ژێرخانێکی پیشەسازییە نەوتییەکان، بووەتە هۆی نەبوونی بەرهەمە نەوتییەکان. بۆ لێکۆڵەرێکی بیانی دیمەنەکە وا دێتە پێش چاو، کە بڕیاربەدەستانی عێراق واتێگەیشتون،  کە “وزە” هەر بریتییە لە “نەوتی خاو”، دەری دەهێنێنن و ڕاستەوخۆ دەیفرۆشن، با وای دەبنێین وایە،  بەڵام لە نەوتی خاوەوە دەیان پێکهاتە و پیشەسازیی دیکە دەتواندرێت بەرهەم بهێندرێت، وەکوو نەفت و غازی شل و کیرۆسین و بەنزین “بە چەندین کوالێتی جیاواز”، دیزڵ “بە چەندین جۆر و کوالێتی جیاجیا بۆ پێداویستی جیاجیا”، جێت فیوڵ و ڕۆنە چەورکەرەکان و قیر “بە چەندین کوالێتی جیاجیا وەکوو قیری ٦٠/٧٠، قیری ٥٠/٦٠، جانبۆباگ و …هتد ڕۆنە ڕەشەکە بە VR ناسراوە، ئەوەش سێ جۆری سەرەکی دیکەی هەیە. ئەوەتا هەمووان لە شارەکانی عێراق نۆرە دوور و درێژەکانی هاووڵاتیان دەبینن بۆ وەرگرتنی بەنزین، چونکە عێراق تاوەکوو ئێستا ماددە چاککەرەکانی بەنزین وەکوو تۆڵۆوین-Toluene  و ئیتانۆڵ و میتانۆل لە دەرەوە هاوردە دەکات، ئەو ماددانەش بەهۆی جەنگ و گرژییە ناوچەییەکانەوە زۆر گرانبوون.

دووەم: نەبوونی “پیشەسازییە تەحویلیەکان” ( Manufacturing industries)، لەگەڵ هەبوونی ژێرخانێکی پیشەسازیی بەهێزدا، دەبێت پیشەسازییەکان وەربگێردرێن بۆ ماددە و کاڵای دیکەی نوێ. لێرەدا، بە بەکارهێنانی هێزی کار و ئامێر و تەکنەلۆجیا کەرەستەی خاو دەکەنە کاڵای تەواوەتی، یان دوو مادەی جیا تێکەڵ دەکەن و کاڵایەکی نوێی لێ بەرهەم دەهێنن، بۆ نموونە لە گازی سرووشتییەوە هەر کارەبا بەرهەم نایەت، بەڵکوو دەیان ماددەی کیمیایی دیکە، کە نرخی زۆربەیان لە بازاڕەکاندا گرانترە لە گازی سرووشتی خۆی وەکوو پەیینی کیمیایی”Fertilizer” و ئامۆنیا و هایدرۆجین، ماددەی وەکوو MTBE بۆ باشترکردنی ئۆکتانی بەنزین،  پلاستیک و مادە داپۆشەرەکانی دیکە و چەندینی دیکە دروست بکرێت. تەنانەت ئەو ڕۆنە ڕەشەی لە کۆتایی پڕۆسەی پاڵاوتندا دەمێنێتەوە و دەڕژێت جۆرێکیان کە VR 2ە بۆ دروستکردنی مکیاج و جوانکاریی بەکاردێت، خەیار و کبریت تێکەڵ بکەیت دەبێت بە سابوون و کرێمی دەموچاو. زۆر نموونەی دیکە، کە لەعێراقدا ئەم گۆڕانکارییە نییە، ساڵانە میلیارەها دۆلاری ئەم وڵاتە بۆ کڕینی ئەو بەرهەمانە دەچێتە دەرەوە.

سێیەم: کێشەی بەهەدەردانی گاز، سووتانی گازی وڵاتەکە لە ختوخۆڕایی بووەتە هۆی ئەوەی ساڵانە حەفت میلیار دۆلار لەسەر عێراق بکەوێت، هەم ژینگە پیس دەکات، هەم تاوەکوو دێت پێداویستی جیهانیی لە سەردەمی زیرەکی دەستکرد و ئۆتۆمبیلی کارەباییدا بە کارەبا زیاد دەکات، کەچی عێراق ساڵانە گازەکەی خۆی دەسووتێنێت و لە دەرەوە گاز بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا هاوردە دەکات.

چوارەم: هەمەچەشن نەکردنی کەناڵەکانی هەناردەکردنی نەوت، بەتەنیا پشت بەستن بە هورمز کارەساتی ئێستا و ئایندە دەبێت، ئەمەش بووەتە هۆی داخرانی عێراق نەوەکوو هەر لە ڕووی بازاڕی نەوتەوە، بەڵکوو لە ڕووی دیبۆماسی و کولتوری و ئاڵۆگۆڕیی دیکەوە. هێشتا عێراق لە خەیاڵی ئەوەدا دەژی، کە دۆلار بدات بە ئێران بەناوی هاوردەکردنی گازی سرووشتییەوە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا.  

پارادۆکسی وەبەرهێنان: کێشەکە بەرهەمهێنانی نەوت نییە، بەڵکوو بەڕێوەبردنی داهاتەکانە

هەرچەندە، زیاتر لە دە ساڵە عێراق پێی وایە کێشە سەرەکییەکەی ئەو بریتییە لەوەی ئاستی وەبەرهێنان زیاد بکات، بەردەوام کابینە یەک لەدوای یەکەکان موژدەی گەیشتن بە ئاستی حەفت میلیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانەیان داوە، کێشەی عێراق بەرهەمهێنان نییە، بەڵکوو هەناردەکردن و بە بازاڕکردن و بونیادنان و بەهێزکردنی سیستەمی دارایی هاوچەرخە، کە لایەنەکان ئەمە ناکەن و حەز بە باسکردنیشی ناکەن. بێگومان زۆربەی بیرە نەوتەکانی عێراق پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە و چاککردنەوەو چاودێریی هەیە، بۆ ئەوەی ئاستی وەبەرهێنان زیادتر بکات، ئەمە ئەرکێکی سەرەکیی وەزارەتی نەوتە، کە ئاستی بەرهەمهێنان بەرز بکاتەوە، نەوەک وەکوو کێشەیەک بیناسێنێت)، چونکە بەشێکی زۆر لە کیڵگەکان کەمتەرخەمی تیاداکراوە، زیاتر لە چەندین کۆمپانیای بیانی هاتووە و ئیشیان تێدا کردووە و بەجێیان هێشتوون، یان لە ڕووی جیۆلۆجی و ئەندازەییەوە، یاخود لە ڕووی بەکارهێنانی تەکنیکی نوێ بۆ دەر‌هێنان و…هتد.

ڕاستیتان دەوێت؟ وەزارەتی نەوت پێش ئەوەی بیر لە زیادکردنی ئاستی وەبەرهێنان بکاتەوە، دەبێت ناوەکەی خۆی بگۆڕێت بۆ وەزارەتی کاروباری وزەو کانزاکان، تۆ کە نەتوانی فرەچەشنکردن لە خودی نەوتە خاوەکەدا بکەیت، چۆن دەتوانیت ئاساییشی وزە بپارێزیت؟ چۆن فرەچەشنکردن لە تەواوی ئابورییەکدا دەکەیت. فرۆشتنی نەوت و بە بازاڕکردنی ئامانجێک ناپێکێت ئەگەر سیاسەتی دارایی وڵاتەکە لە بنچینەوە نادروست بێت، ئەمە وەکوو ئەوە وایە تانکییەکی ئاوی گەورە بە بەردەوام ئاوی زۆری تێ بکرێت، بەڵام چەند کونێکی لەژێرەوە تێدا بێت..کاتێک نرخی نەوت بەرزە، پارە زۆر دەچێتە خەزێنەکانەوە، وادەزانین خەزانەکە پڕ بووە، بەڵام هێواش هێواش لێی دەچێت و بەتاڵ دەبێتەوە.

بە هەزاران کەس لە سەرۆکایەتییەکانی عێراق وەکوو فەرمانبەر هەن، بەڵام هیچ ئەرک و دەوامێکی فەرمی ئەوتۆیان نییە و مانگانە مووچەی بەرز دەچێتە سەر هەژمارەکانیان، لە سۆشیال میدیاش گاڵتە بە حکوومەت دەکەن، لە شوێنەکانی دیکەش خەریکی کاری دیکەن. بە سەدان هەزاری هاوشێوە لە دامەزراوەکانی حکوومەتدا هەن، ڕاگرتنی ئەو خوێنبەربوونە داراییەی عێراق دەبێت لە پاککردنەوەی لیستی فەرمانبەران و جیاکردنەوەی فەرمانبەرانی ڕاستەقینە لەوانی دیکە دەست پێ بکات.. لە هەرێمی کوردستاندا لە ماوەی نێوان ٢٠١٥ تاوەکوو ٢٠٢٦ تەنیا حەفت سەد هەڵگری بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرای دانەمەزراو لە هەرێمی کوردستاندا هەن، کە دانەمەزراون، تاوەکو دامەزراوەکان گەنجتر و نوێتر ببنەوە، بەڵام لەو ماوەیەدا بەسەدان هەزار بندیوار لە حکوومەتی عێراقدا دامەزراون. کارکردن و کارپێدان دەبێت لەسەر بنەمای کارامەیی بێت، نەوەکوو لەسەر بنەمای ئەو بڕوانامە بەدەستهاتووانەی زانکۆکانی عێراق، کە خاوەنی بڕوانامەکە هیچ پێوەی ماندوو نەبووە و دەوامی زانکۆی نەکردوە، پێی دامەزراوە.

لە کۆتاییدا، قەیرانی عێراق تەنیا لە بیرە نەوتەکانەوە دەست پێ ناکات و لە بەندەریش کۆتایی نایەت، بەڵکوو درێژدەبێتەوە بۆ شێوازی بەڕێوەبردنی نەوت و بەرهەمهێنانی داهاتەکانی، هەروەها بۆ پێکهاتەی دارایی و کارگێڕی و دامەزراندن لە دەوڵەتدا.

کاتێک داشکاندنەکان بەس نین؛ قەیرانی هەناردەکردن و بەبازاڕکردن

لە بازرگانیی جیهانییدا، دوو جۆر پڕۆسیجەری کڕین و فرۆشتن هەیە، یەکەمیان “فۆب” (FoB) ئەوەیە، کە تۆ لە بەسرە نەوتەکە ڕادەستی کڕیار دەکەیت و پشکنینی HGS بۆ کاڵاکە دەکرێت، ئیدیکە هەر هەمان کات پارەی بارەکە بەپێی گڕیبەستەکە دێتە سەر هەژماری سۆمۆ، کە بانکی بازرگانی عێراقە. شێوازی دوەمیان، بە CIF ناسراوە، ئەوەیە دەوڵەت، یان کۆمپانیای فرۆشیار تێچووی هەناردەکردن و گەرەنتیکردن و دابینکردنی کەشتی و بارکردن دەگرێتە ئەستۆی خۆی بۆ ئەو وڵات و بەندەرەی کە کڕیار دەیەوێت، کە بارەکە گەیشت و پشکنینی بۆ کرا، پارەکەش دەگات.

ئەگەرچی بەردەوام سۆمۆ خۆی ژمارەیەک کڕیاری هەیە و ڕاستەوخۆ مامەڵەیان لەگەڵ دەکات و تیمە گەڕۆکەکانی لە وڵاتانی ناوچەکە و جیهان دەچنە گفتوگۆوە لەگەڵ كریارە بیانییەکان و پاڵاوگە گەورەکان. بەڵام سۆمۆ بەشێوەی ئەڵۆکەیشن/ تەرخانکردن بەگشتیی لە دوو میلیۆن بەرمیل کەمتر نییە، نەوت دەدات بە چەند کۆمپانیایەکی ناوخۆیی خزمەتگوزاریی بواری نەوت، ئەوان بۆ سۆمۆی دەفرۆشن ، لە هەر بەرمیلێک سەروو دوو دۆلار و پەنجا سەنتی بۆ خۆیان هەڵدەگرن، چونکە کۆمپانیا ناوخۆییەکەی کە ئەو بڕە وەردەگرێت، لەبەرانبەردا ١٪ی پارەی دوو میلیۆن بەرمیلەکە وەکوو گەرەنتی “خاوەنکارەکان پێی دەڵێن خیتاب زەمان” دەدات بە سۆمۆ، تاوەکوو نیشانی بدات، کە ئەو توانای فرۆشتن و گواستنەوەی ئەو نەوتەی هەیە لە بەسرە.

عێراق لە ڕووی نرخ و بازاڕەوە،  سەر بە پلاتی بازرگانی کەنداوە، نرخی نەوت لە بۆرسەی دوبەی لەگەڵ نرخی نەوت لە بۆرسەی عومان کۆدەکرێتەوە و دابەشی دووی دەکەیت ئەوە نرخی نەوتی عێراقت بۆ دەردەچێت، بەو نرخە دەیفرۆشێت. کێشەکە ئەوەیە، ئێستا لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٦ دا، عێراق سی دۆلار “بەداشکاندنی -٣٠” هەر بەرمیلێک دەفرۆشێت، هێشتا کڕیاری وەکوو پێویست دەست ناکەوێت؟ چونکە کەشتی نایات بۆ بەسرە، ئەو کەشتییانەی لە بەسرەوە ڕۆیشتوون لەودیو هورمزەوە گیریان خواردووە ناتوانن بگەڕێنەوە، بەگشتیی کەشتییەکانی نەوت دوو ملیۆن بەرمیل و بەرەو سەرەوە باردەکەن. تەنانەت کەشتی بچووکتر، ئەوەی کە بە Bulk ناسراوە، چوار مانگ پێش ئێستا چووەتە ئەودیو هورمز هێشتا نەگەڕاوەتەوە..لە کاتێکدا وڵاتانی کەنداو هەموویان خاوەنی کەشتی و بارهەڵگری خۆیانن، بەڵام عێراق هیچی نییە، ئەمەش بۆ خۆی تێچوویەکی دیکەیە لەسەر دەوڵەت، کە پارە بە کۆمپانیاکانی کەشتیوانیی دەرەکی دەدات بۆ بارکردنی نەوتەکەی، یاخود کڕیارەکان خۆیان کۆمپانیای گواستنەوەی دەریاییان هەیە و دەیگوازنەوە.

هەرچەندە داشکاندنی نرخی نەوتی عێراقی بووەتە هۆی زیادبوونی خواستی کۆمپانیا نێودەوڵەتی و عەرەبییەکان، بەجۆرێک کۆمپانیای ADNOC ی ئیماراتی لە ماوەی مانگی ئاب و ئەیلولدا حەفتا و دوو میلیۆن بەرمیل کڕیوە و داشکاندنەکانیش لەنێوان ١٨ – ٢٥ دۆلار و ٢٧ – ٣٠ دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک. پێدەچێت عێراق سەروو خوانێکی گەرمتری لەگەڵ ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی پەیداکردبێت. ئەدنۆک لە ٢٠٢٤ ەوە بەنزین بۆ عێراق دابین دەکات و نەوتە خاوەکەی لێ دەکڕێت، بەمدواییە کۆمپانیای داناگازی ئیماراتی کە نیزیکەی بیست ساڵە لە کیڵگەی کۆرمۆر وەبەرهێنان دەکات، بەبێ پرس و بڕیاری هەرێمی کوردستان دەستی بە دابینکردنی کارەبا بۆ ناوچەکانی ژێر دەستەڵاتی حکوومەتی فیدراڵی عێراق کرد، ئێستاش کۆمپانیا ئیماراتییەکان لە بانگهێشتێکی وەزارەتی نەوت و سۆمۆ هاتوونەتە پێش بۆ دروستکردنی چەندین خەزان و پاڵێوگەی گەورەی نەوت لە ئوردن و سووریا و وڵاتانی دەوروبەر، تاوەکوو عێراق بەشێک لە نەوتەکەی لە دەرەوە هەڵبگرێت.

 بەرەو حوکمڕانی فراوانتری ئاساییشی وزە

پێویستە دەرەنجامەکە ڕوون بێت، ئەم بابەتە نەوەکوو هەر باس لەو پارادۆکسە دەکات، کە نەوت بەهۆی خراپ بەڕێوەبردن و ژێرخانی ناتەواو لە کەرتی نەوتدا دروستی دەکات، بەڵکوو حوکمڕانی ئاساییشی وزە لە عێراق لە چوارچێوەیەکی فراوانتردا لەبەرچاو دەگرێت. عێراق پێویستی بە خێراکردنی جێبەجێکردنی پڕۆگرامی بەکرێدانی کەشتی هەڵگری نەوتی خاوی زۆر گەورە “VLCC” و دروستکردن و پەرەپێدانی بەلەمی تانکەری نیشتمانی و هەمەچەشنکردنی ڕێڕەوی هەناردەکردن و گواستنەوەی و فراوانکردن و پەرەپێدانی ستراتیجییەکانی بازاڕکردنی مۆدێرن هەیە. ئاساییشی نەوت لە بیرەوە دەست پێ ناکات و لە بەندەر کۆتایی نایەت، لە بەرهەمهێنانەوە دەست پێ دەکات، لە ڕێگەی گواستنەوە و هەڵگرتن و بازاڕکردنەوە درێژدەبێتەوە و بە توانای دەوڵەتێک بۆ فرەچەشنکردنی سەرچاوەکان، پاراستن و بەردەوامبوونی لێشاوی داهاتەکەی لە بەرامبەر شۆکی جیۆپۆلەتیکیدا دەگاتە لوتکە.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO