عەتا جەماڵی
١-٢
هەوڵی سەربەخۆیی کوردستان لە مێژوودا ڕەگ و ڕیشەی لە ستراتیجی سیاسی و سەربازیدا داکوتاوە. لە چوارچێوەی جیهانی هاوچەرخدا، کە خاڵە بەهێزە ئابووری و تەکنەلۆجییەکان لە پێناسەکردنی کاریگەری و پێگەی نەتەوەیەکدا گرینگن، بۆ هەرێمی کوردستان دەبێتە زەرورەتێک کە ئاراستەیەکی ستراتیجی نوێ بگرێتەبەر. ئەم نووسینە بانگەشە بۆ گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە بزووتنەوەی سەربەخۆیی کوردستاندا دەکات، پێشنیاری یەکگرتن و کەڵک وەرگرتن لە پێشکەوتنەکانی زانست و تەکنەلۆجیا دەکات. ئەم ئارگیومێنتە بە سوودوەرگرتن لە ڕەوتە ئابوورییە جیهانییەکان و شیکارییە جیۆپۆلیتیکییەکان، جەخت لەسەر ماتەوزەی ئابوورییەکی زانستی کە بنەما لەسەر گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی-سیاسیدا داناوە، دەکاتەوە. گرینگیدان بە کەرتە سەرەکییەکانی وەک تەکنەلۆجیای زانیاری (IT)، وزەی نوێبووەوە، و توێژینەوەی پێشکەوتوو نەک تەنها وەک جێگرەوەیەکی ئابووری، بەڵکوو دەتوانێت وەک ئامرازێک بۆ پێناسەکردنەوەی ناسنامەی نێونەتەوەیی هەرێمی کوردستان و چەسپاندنی هەوڵەکانی بۆ گەیشتن بە سەروەریی و سەربەخۆیی ڕۆڵ بگێڕێت. ئەم ستراتیجە کە ڕەگ و ڕیشەی لە بناغە پراگماتیک و تیۆرییەکاندا هەیە، داهاتوویەک پێشبینی دەکات کە ئاقاری هەرێمی کوردستان بۆ سەربەخۆیی لە ڕێگەی داهێنانی فیکری و پێشکەوتنی تەکنەلۆجییەوە بەهێزتر بکات.
دۆخی ئێستای خەباتی کوردستان
خەباتی بەردەوامی کوردستان لەپێناو ماف، دەسەڵات، سەروەریی و سەربەخۆییدا بە ڕێگەی ستراتیجیگەلی سیاسی و سەربازییەوە ڕەگێکی قووڵی لە مێژووی ڕابردوو هەتا ئێستای ئێمەدا هەیە و ڕۆڵی گرینگیان لە ڕوونکردنەوە و نەخشاندنی ناسنامەی سیاسی و نەتەوەیی کوردستان دا هەبووە. بەڵام تایبەتمەندییەکانی جیهانی نوێ کە بریتین لە بایەخمەندیی لەڕادەبەدەری زانست و تەکنەلۆجیا و ڕەوتی خێرا و داینامیکی ڕوو لە گەشەی جیهان، زەرورەتی گونجاندنی ستراتیجیی خەباتی نەتەوەیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەم دۆخە نوێیەدا زەق دەکاتەوە.
ئاسۆی بزووتنەوە نەتەوەییەکان بە گەشەکردنی زانست، تەکنەلۆجیا و پەیوەندییەکان ڕوو لە گۆڕانە. ئەم پەرەسەندنەش پێویستیی بە پێداچوونەوە بەسەر ستراتیجییە نەریتییەکان هەیە بۆ ئەوەی لانیکەم نرخ و بایەخ و هەروەها کاریگەرییەکانی خۆیان نەدۆڕێنن. هەرچی هەرێمی کوردستانە، پێشوازی لەو گۆڕانکارییانە بە مانای وەرگرتنی شێوازە نوێیەکانە کە گەرەکی بێت دوایین پێشکەوتنەکان وەربگرێت و ڕێ بباتە سەر ڕێچکەی دنیای مۆدێرن.
ئەم گۆڕانکارییە زیاتر لەوەی ڕەخنە لە هەوڵەکانی ڕابردوو بێت، وەڵامێکی پراگماتیستییە بە پێداویستییەکانی دۆخی هەنووکەیی جیهان. بە گرتنەبەری ستراتیجییەک بە ئاراستەی زانست و تەکنەلۆجیادا، دەتوانێ خێراییەکی بەرچاو بە خەباتی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان ببەخشێت، بەرفراوانتری بکاتەوە و ڕێگاگەلی نوێ بۆ گەشە و پێشڤەچوون بکاتەوە. ئەم گۆڕانە ستراتیجیکە بە خۆگونجاندن لەگەڵ ئاڵۆزییەکانی سەدەی بیست و یەک، دەتوانێت داهاتووی هەرێمی کوردستان داڕێژێتەوە، بەشێوەیەک کە گرنگترین پێشکەوتنەکانی جیهانی مۆدێرن بخاتە خزمەت خەباتی خۆی بۆ چەسپاندنی سەروەریی نەتەوەیی خۆی.
ماتەوزەی زانست و تەکنەلۆجیا
ئەم قۆناغەی ئێستای هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکە کە بەو مەرجەی ڕوو لە زانست و تەکنەلۆجیا بکات دەتوانێت قەڵەمبازێکی گەورە بە بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازیی خۆی بدات. لە سەردەمێکدا کە بەشداری لەم بوارانە سەرەکیترین بزوێنەرەکانی گەشە و پێشڤەچوونن. بۆ ئەم مەبەستە، ماتەوزەی مەزن و دەستلێنەدراوی دیاسپۆرا و ناوخۆی هەرێمی کوردستان و هەموو بەشەکانی دیکەی کوردستان وەک سەرچاوەگەلێکی زۆر بەنرخ هەژمار دەکرێن.
داهاتوویەک بێننە پێش چاوتان کە کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان بە هاوکاریی پسپۆڕانی ناوخۆ و دەرەوە و دیاسپۆرا لە بوارەکانی وزەی نوێبۆوە گەشەی پێدراوە. ئەمە دەتوانێت پشتیوانی ئابووریی هەرێمی کوردستان لە نەوتەوە بگۆڕێت بۆ سەرچاوە بەردەوامەکانی وزە و ڕێ بەرەو ئابوورییەکی سەوزتر و کێشمانیتر لەبار بکات. هەر بە هەمان شێوە، پسپۆڕان و داهێنەرانی کوردستانی لە بواری تەکنەلۆجیادا لەبەرچاو بگرن کە نەرمەکاڵا پێشکەوتووەکان و ڕێگەچارە تەکنۆلۆجییەکان گەشە پێ دەدەن و هەرێمی کوردستان دەکەن بە ناوەندێکی ڕوو لە گەشەی تەکنەلۆجی لە ناوچەکەدا.
چەقی ئەم ئاسۆیە بەرەو داهاتوو، سەرمایەگوزاری کردنە لە پێگەیاندن لە بوارەکانی STEM(زانست، تەکنەلۆجیا، ئەندازیاری و بیرکاری) لە هەرێمی کوردستان. هەرێمی کوردستان بە پەروەردەکردنی توانستە ناوخۆییەکان و پێکهێنانی ئینکۆبەیتەرە تەکنەلۆجییەکان (Tech Incubator) و سپۆسنەرکردنی توێژینەوە زانستییەکان دەتوانێت گەشە بە کولتووری داهێنەرانە بدات. ئەم چەشنە لە چڕبوونەوە لەسەر فێرکاری لەپێناو دابینکردنی بەردەوامی پسپۆڕان و شارەزایان کە دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ گەشەی ناوخۆیی و جیهانی لە بواری زانست و تەکنەلۆجیادا، بێڕادە گرنگە.
هاوبەشیی ستراتیجی لەگەڵ کۆمپانیا نێونەتەوەییەکانی بواری تەکنۆلۆجیا و دامەزراوە زانکۆییەکان دەتوانێت ئەم ئاسۆی پێشکەوتنە بەردەستتر بکات. هاوکاری و هاوبەشیی لەو چەشنە دەتوانێت پێشکەوتنی جۆراوجۆری بواری توێژینەوە و گەشەپێدان بکاتە دیاری بۆ هەرێمی کوردستان و ببیتە بزوێنەری تازەگەری و داهێنان لە کەرتە جیاوازەکاندا، هەروەها پێگەی هەرێمی کوردستان لە ئاستی ناوچەیی و جیهانیدا بباتە ئاستێکی دیکەەوە.
ئەم لێکدانەی زانست و تەکنەلۆجیا لەگەڵ ستراتیجیی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان بەدڵنیایی شتێکی قووڵترە لە گۆڕینی تاکتیک بە تەنیا. ئەمە دەبێتە گۆڕانێکی قووڵ و بنەمایی. نەک تەنیا دەتوانێ ناسنامەی هەرێمی کوردستان لە هەرێمێکەوە کە هەوڵی سەربەخۆیی و سەروەریی خۆی دەدات بەهێزتر بکات، بەڵکووو تەنانەت دەتوانێ بیگەیەنێتە ئاستی یەکێک لە ڕێبەرانی داهاتووی بواری تازەگەری و داهێنان و گەشەی زانست. گۆڕینی مۆرکی ناسێنەی کوردستان لە”خەڵک”ێکەوە کە تەنیا گیانی هەیە بۆ بەرگری کردن لە خۆی لە مەیدانی شەڕدا، بۆ خەڵک و هەرێمێک کە هەنگاوی قووڵ بەرەو گەشەی زانست و تەکنەلۆجیا هەڵدێنن، جیا لەوە کە بێڕادە گرنگە بۆ ڕاکێشانی سەرنجی سەرمایەگوزارییە نێونەتەوەییەکان، دەتوانێ کەسایەتی و باوەڕبەخۆبوون خۆپەسەندیی تاک و بەکۆمەڵی مرۆڤی کوردستانی ببووژێنێتەوە.
بەکورتی، هەنگاونان بەرەوپیری زانست و تەکنەلۆجیا، قەڵەمبازێکی بوێرانە و مەزنە بەرەو داهاتوویەک کە لەوێدا هەرێمی کوردستان یەکسان بێت بە زانستخوازی و تازەگەری و نەرمونۆڵی. ئەم ئاراستەیە نەک تەنیا گونجاوە لەگەڵ ڕەوتی ڕوو بە پێشەوەی جیهانیدا بەڵکووو بوار بۆ هەرێمی کوردستانێکی خۆشبژیو و سەربەخۆ و خاوەن سەروەریی نەتەوەیی لەبار دەکات.
گۆڕان لە سۆنگەی ئابووریدا
لە ڕەوتی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازی و سەروەریخوازیی هەرێمی کوردستان دا، لادانێکی ستراتیجی بەرەو ئابووریی پشت ئەستوور بە زانست و تەکنەلۆجیا، ڕێگاکان بەرەو ئۆتۆنۆمیی زیاتر و کەمتر کردنەوەی پشتبەستوویی بە دەوڵەتی ناوەندی و لە کۆتاییدا دابڕان و سەربەخۆیی یەکجارەکی لەبارتر دەکات. پێکهاتەی ئابووری ئێستا کە سەرلەبەر ئابوورییەکی نەوتییە، بەتایبەتی بەهۆی ناسەروەربوونی هەرێمی کوردستان بەسەر سەرچاوە نەوتییەکانی خۆیدا و هەروەها مەرجەکانی پابەندی بە ڕێککەوتنەکان لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیدا، زۆر بەرتەسک و بێبڕشتە. هەر ئەمە خۆی بەسە بۆ ئەوەی هەوڵ بۆ فرەچەشنکردنی ئابووری ببێتە زەرورەتێکی بێ ئەملاوئەولا. پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە کە ئەمە چۆن دەستەبەر دەکرێت. ئەم خاڵانەی خوارەوە پێشنیازن بەو ئاراستەیە.
١. هێزمەندکردنی سەربەخۆیی ئابووری
گەشەپێدانی کەرتەکانی وەک وزەی نوێبۆوە، تەکنەلۆجیای زانیاری و بایۆتەکنەلۆجیا دەتوانن یارمەتی هەرێمی کوردستان بدەن بۆ ئەوەی ڕێڕەوی نوێ و سەربەخۆی داهاتی ئابووری بخوڵقێنێت. ئەم فرەچەشنکردنە ئابوورییە نەک تەنیا ئاستی بەرگەگریی ئابووری بەرز دەکاتەوە، بەڵکووو بەهێزکەرێکی گەورەرەیە بۆ هەوڵەکانی چەسپاندنی سەروەریی و سەربەخۆیی.
٢. تێپەڕین لە نەوت
هەنگاو بەرەو ئابوورییەکی زانست بنەما، سەرچاوەگەلی نوێی داهات دەکەنەوە و ئاستی زیانباریی هەرێمی کوردستان لەبەرانبەر ناسەقامگیرییەکانی بازاڕی جیهانیی نەوت و تەنانەت کەڵکاوەژۆ سیاسییە ناوچەییەکان لە نەوت کەمتر دەکاتەوە. ئەم گۆڕانە کلیلی خوڵقاندنی ئابوورییەکی خۆپشت و بەهێزترە. جیا لەوانە باس کرا، ئاستی گرێدراویی هەرێمی کوردستان بە دەوڵەتی ناوەندییەوە زۆر کەمتر دەکاتەوە و هەلی بەچەککردنی نەوت لە دژی بەرژەوەندییە سیاسی و کۆمەڵایەتی و نەتەوەییەکانی هەرێمی کوردستان تا ئاستێکی باش کەم دەکاتەوە.
٣. داهێنان و خوڵقاندنی دەرفەتی کار
چڕبوونەوە لە بواری داهێنان لە زانست و تەکنەلۆجیادا دەتوانێت دەرگا بە ڕووی گەشەی کار و بیزنسی ناوخۆیی و ستارتاپەکان (؟؟؟) بکاتەوە و ژینگەیەکی پڕ لە جووڵە و بزووتن بخوڵقێنێت کە لەوێدا کوردستانییەکان بتوانن سەربەخۆیانە ڕەوتی گەشەپێدانی ئابووری و پیشەخوڵقێنی خۆیان ئاراستە بکەن.
٤. یەکانگیریی ئابووریی جیهان
ئابووریی زانست بنەما دەستڕاگەیشتن بە بازاڕە جیهانییەکان لەبارتر دەکات. بۆ هەرێمی کوردستان ئەمە لەلایەکەوە بەمانای ڕاکێشانی سەرمایەگوزاریی دەرەکی و لەلایەکی دیکەوە بەشداری لە پڕۆژە زانستییە دەرەکییەکاندا بەپێی توانا تەکنیکی و زانستییەکان، بەرزکردنەوەی سەربەخۆیی ئابووری و پێگە جیهانییەکەیەتی.
٥. گەشەپێدانی سەرمایەی مرۆیی
سەرمایەگوزاری لە پێگەیاندن لە بوارەکانی STEM بۆ وەگەڕخستنی خەڵکی هەرێمی کوردستان بە شارەزاییە مۆدێرنەکان زۆر گرنگە. ئەمە نەک تەنیا پەرە بە ئابووریی ناوخۆیی دەدات، بەڵکووو هەستی خۆپشتی و هێزمەندسازی لە دەستی کاردا بەهێزتر دەکات و ڕێژەی پێویستبوون بە شارەزایی دەرەکی دادەبەزێنێت.
٦. گەشەی بەردەوام و درێژخایەن
هەنگاونان بەرەو ئابووریی زانست بنەما هاوئاراستەیە لەگەڵ ئامانجەکانی بەردەوامیی جیهانیدا و هەر ئەوەش دەتوانێت دڵنیایی ببەخشێت سەبارەت بەوە کە گەشەی ئابووریی هەرێمی کوردستان هاوسەنگە لەگەڵ پرسی ژینگەدا و ئەمە دەتوانێت لە داهاتوودا سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان بکات بە زەرورەتێکی بێ ئەملاوئەولا بەسەر جیهانەوە.
هێزمەندکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و هێزی نەرم
باوەشکردنەوە بۆ زانست و تەکنەلۆجیا دەتوانێت پێگەی نێونەتەوەیی و هێزی نەرمی هەرێمی کوردستان، کە توخمێکی سەرەکییە لە جیۆپۆلیتیکی مۆدێرندا، بە ڕادەیەکی بەرچاو بەرز بکاتەوە. ئەم گۆڕانکارییە بەرئەنجامی ئابووریی گرنگ دەخاتەوە و ڕوانینی جیهانی لەسەر هەرێمی کوردستان و شێوازی هەڵسوکەوتی نێونەتەوەیی لەگەڵیدا سەرلەنوێ ڕێک دەخاتەوە. ئەم هەنگاو و پێشنیازانە ڕێخۆشکەری بۆ هەوڵێکی لەم شێوەیە دەکەن.
١. گۆڕینی وێنای نێونەتەوەیی کوردستان
پێشڤەچوون لە بوارەکانی وزەی نوێبۆوە یان تازەگەرییە تەکنەلۆجییەکان دەتوانن وێنەی هەرێمی کوردستان بەرەو هەرێمێکی پێشکەوتنخواز و تازەگەر سەرلەنوێ پێناسە بکەنەوە. پێشڤەچوونی لەو چەشنە هەرێمی کوردستان دەکاتە یەکێک لە ئەکتەرەکانی پانتایی جیهانی لە داهاتوودا کە ئەمە بۆ ڕاکێشانی سەرنج و ڕێزی نێونەتەوەیی، بۆ نەتەوەیەکی بێدەوڵەتی وەک کوردستان کە لەپێناو دانپێنان و سەربەخۆییدا خەبات دەکات، زۆر گرنگ و ژینەکییە.
٢. دەستکەوتە تەکنۆلۆجییەکان و سامانی دیپلۆماتیک
ڕۆڵگێڕانی هەرێمی کوردستان لە پێشخستنی زانست و تەکنەلۆجیادا دەتوانێت وەک ئامرازێکی دیپلۆماتیکی زۆر بەهێز و کاریگەر هەژمار بکرێت. بەشداریکردن لە کۆڕبەندە نێونەتەوەییە تەکنەلۆجییەکان، بەشداری لە توێژینەوە زانستییە جیهانییەکان و هاوکاری لەگەڵ دامەزراوە توێژینەوەییە پێشڕەوەکاندا دەتوانێت هەرێمی کوردستان بکات بە ئەکتەرێکی کاریگەر لە کۆمەڵگەی زانستیی جیهانییدا و هەر ئەمەش دەتوانێت هەم پەیوەندییە دیپلۆماسیەکانی هەرێمی کوردستان بەهێزتر بکات، هەم پشتیوانی لە بڕیاری سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان بەهێزتر بکات.
٣. دامەزراندنی هاوپەیمانیی ئابووری و سیاسی
کەرتێکی پڕڕەونەقی زانست و تەکنەلۆجی دەتوانێت هۆکارێکی گرنگ بێت بۆ ڕاکێشانی سەرمایەگوزاریی دەرەکی. ئەم چەشنە پەیوەندییە ئابوورییانە زۆربەی جار دەبن بە بنەمای پشتیوانیی سیاسی چونکە پەیوەندیە دیپلۆماسییەکان زۆربەی کات لەژێر کاریگەریی بەرژەوەندییە ئابوورییەکاندا گەشە دەکەن. دەرکەوتنی هەرێمی کوردستان وەک ناوەندێکی تازەگەریی زانستی دەتوانێت شەریک و پشتیوانی ستراتیجی بەرەو لای خۆی ڕاکێشێت و ئامانجە سیاسییەکان بباتە پێشەوە.
٤. پەرەپێدان و ئاڵوگۆڕی فەرهەنگی و فێرکاری
هێزی نەرم لەڕێگەی نوێگەری لە کلتوور و فێرکاریی بواری زانست و تەکنەلۆجیادا بەهێز دەکرێت. میوانداری لە کۆنفڕانس و کۆڕبەندە نێونەتەوەییەکانی بواری تەکنەلۆجیا، پێشکەشکردنی سکۆلارشیپ و هاوبەشیکردن لە پڕۆژە توێژینەوەییەکاندا دەتوانێت پێگە و ڕوخساری هەرێمی کوردستان بەهێزتر بکات و ببێتە پردێکی تۆکمە بۆ هاوکاری و لێکتێگەیشتن لە کۆمەڵگەی جیهانیدا.
٥. ڕۆڵی دیاسپۆرا
دیاسپۆرای کوردستان (نەک تەنیا دیاسپۆرای باشووری کوردستان) دەتوانێت ڕۆڵێکی سەرەکی لە بەرزکردنەوەی هێزی نەرمی هەرێمی کوردستان دا بگێڕێت. وەک باڵیۆزی کولتووری تازەگەری و داهێنان، ئەوان دەتوانن ڕوانگەیەکی ئەرێنی و کاریگەر سەبارەت بە پێشڤەچوون و خەون و خولیاکانی کوردستان بەگشتی لە ئاستی جیهاندا دروست بکەن.
٦. ڕێڕەوێکی تەندروست و ئاشتییانە بەرەو سەربەخۆیی
تۆکمەکردنی هێزی نەرم لەڕێگەی زانست و تەکنەلۆجیاوە ڕێڕەوێکی ئاشتییانە و پڕ کاریگەری بۆ هەرێمی کوردستان دادەڕێژێت. کوردستان دەگەیەنێتە ئاستێک کە بتوانێت، تۆڕێکی گەورەی پشتیوانی لەسەر بنەمای ڕێزی دوولایەنە و بەرژەوەندیی هاوبەش پێک بهێنێت و بوارێکی وا بڕەخسێنێت کە کۆمەڵگەی جیهانی وەک زەرورەتێکی بەرژەوەندیخوڵقێن لە پرسی سەربەخۆیی کوردستان و خەونە مەزنە نەتەوەییەکانی بڕوانێت.
لە بەشی داهاتووی ئەم بابەتەدا باس لە گەشەپێدانی ناوخۆیی و قازانجە کۆمەڵایەتییەکان و چۆنییەتی زاڵبوون بەسەر ئاستەنگییەکان دەکەین، لە کۆتاییشدا نەخشەڕێگایەکی ستراتیجی دەخەینەڕوو بۆ بەرجەستەکردنی ئەو دید و تێگەیشتنانەی لێرە گفتوگۆکران.
ماویەتی



