سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

تاوانبارە تاریکەکان لە ناو ئێمەدا و ئامرازەکانی پڕوپاگەندە

پێش ئەوەی کەسێک پیلانی کردارێکی خراب دابنێت، لەوانەیە بۆ ماوەیەکی درێژ بیری لە هەموو شتێک کردبێتەوە، بۆ نموونە لە بارەی تەقەکردنی هەڕەمەکی  لە خەڵکی . هۆکاری سەرەکی تاوانبار، کە لەوانەیە نەزانراو بێت، بەڵام لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەوە ڕوون دەبێتەوە، کە ئەم کەسانە بەزۆری ڕەفتارێکی نەرێنییان هەبووە و تاوتوێی ئەم بابەتەیان کردووە و لەپێشدا ناسینەوەی تاوانباری تەقەکردنی گشتیی لە پێش ڕووداوەکەدا بە قورس لە قەڵەم دەدەن بەتایبەت ئەگەر تەمەنی کەم بێت. بەڵام ئاشکرایە، هەندێک ڕێگەی بیرکردنەوە و ڕەفتار هەیە، بە درێژایی کات دەرکەوتوون و پەروەردکارانیش ڕووبەڕووی ئەم ڕەفتارانە دەبنەوە، چونکە کاتێکی زۆر لەگەڵ خوێندکاران بەسەر دەبەن. دایک و باوکیش ئاشنای هەر یەکێک لەم ڕەفتارانەن. هیوای سەرەکی ئەوەیە، کە ئەو منداڵانەی ئەم سیفەتانە نیشان دەدەن، لە کۆتاییدا لەگەڵ گەشەیان ئەم ڕەفتارانەیان نەهێڵن.

هەندێک لە منداڵان ئەم ڕەفتارانەیان نامێنێت، بەڵام هەندێکیان ناگۆڕێن و دەتوانن زیان به دەوروبەریان بگەیەنن. کاتێک ئەم ڕەفتارانە توند دەبن، گرنگە بەدوای یارمه‌تیدا بگەڕێین، ئێمە ناتوانین چاوەڕێ ببین تاوەکوو کردارێکی زۆر خراب ڕوو بدات. کاتێک کەسێک لە تەمەنێکی بچووکدا تاوان دەکات، ئه‌وە نیشانەیە بۆ ئەوەی کە کێشەیەک هەیە، مەرج نییە کردارێکی تەقەکردنی ڕەشۆکی، بەڵکوو دەشێ ڕەفتاری ئەم کەسانە زیانی دارایی و سۆزی و جەستەیی بە کەسانی دیکە بگەیەنێت. ئەو کەسانەی سیفەتی سیانەی تاریکییان هەیە، لەوانەیە درۆ بکەن. هەروەها کەسانی دیکە تۆمەتبار بکەن لەبەرانبەر نەگبەتییەکانیاندا. لەوانەیە دایک و باوک و مامۆستایان نەتوانن هەندێک لەو بڕیارانه کۆنتڕۆڵ بکەن، کە منداڵەکان دەیدەن، لەگەڵ ئەوەشدا لەوانەیە هەندێک نیشانەی ئاگادارکردنەوەیان تیبینی کردبێت.

هەرچەندە سیفەتەکانی سیانەی تاریک بە درێژایی کات دەردەکەون، بەڵام ناتوانین ئەو منداڵانەی هەندێک لەم سیفەتانه نیشان دەدەن بە “تاوانبار” ناوزەد بکەین، چونکە هێشتا هیچ تاوانێکیان نەکردووە و منداڵەکان بچووکن، لەوانەیە هێشتا لە پڕۆسەی ناسینی جیهاندا بن و دەشێ لەگەڵ گەورەبوونیان تێگەیشتن و هاوخەمی زیاتریان لە لا پەیدا ببێت. گەشە دەکەن و دەتوانن بن به کەسێکی باش، بۆیە گرنگە پشتیوانیان ببین و کاریان لەگەڵ بکەین، بەبێ ناوزەدکردنی منداڵان بە شێوەیەکی نەڕێنی. منداڵان بوونەوەرى ناسکن و دەبێت بەو پێیە پەروەردەیان پێ بدرێت. کاتێک منداڵێک لەدایک دەبێت، خەڵک هەوڵ دەدەن بزانن، کە ئایا منداڵەکە کێشەی فێربوون و ناتەواوی جەستەیی، یان کێشەی سۆزی هەیە یان نا.

هەروەها پێویسته هەوڵ بدەین و دڵنیا ببینەوە لەوەی کە  کێشەکەیمان دەستنیشان کردووە ناسیوەتەوە، کە منداڵەکە بە دەستیەوە دەناڵێنێت، تاوەکوو نەتوانن زیان بە خۆیان و هاوپۆلەکانیان بگەیەنن، چونکە لە تەمەنێکی بچووکدا هیچ هەستی بەرپرسیاریتییان نییە و ئەم هەسته لەگەڵ فێربوون و گەورەبووندا دێت. سیستەمی تەندروستی دەروونی پێویستە باشتر بکڕێت. پێویسته پشکنینی توندوتۆڵ لەبارەی باکگراوندی کەسەکەوە بکڕێت و یاساکانی چەک چاویان پێدا بخشێنرێتەوە. هەروەها پێویسته زیاتر سەرنج بدەینه سەر ناسینەوەی هەندێک لە “هەڵە”کانی پڕۆسەی بیرکردنەوە. ئێمه هەموومان پێویستمان بە زانیاری هەیە لەسەر چۆن یارمه‌تیدانی ئەو منداڵانەی کە سیفەتێکی زیانبەخش نیشان دەدەن. دەتوانین ڕێنمایی منداڵەکان بکەین و بەو هیوایەی لە داهاتوودا ژمارەی زۆرتری سیفەتە باشەکانیان پەره‌ بستێنێت. هەمیشە بە هەستیاری و میهره‌بانییەوە ئەم ئەرکه لە ئەستۆ بگره.

لەم تەوەرەدا، ڕووندەکەینەوە کە تاوانباری ئەلیکترۆنی و تاوانباری ئاسایی چۆن بیر دەکەنەوە. دەروونناسی تاوانبار، کە بە دەروونناسی تاوانکاریش ناسراوە، بریتییە لە لێکۆڵینەوە لە بیرکردنەوە و دیدگا و کردار و ئامانجەکانی ئەو کەسانەی کە بەشدارن لە ڕەفتاری جۆراوجۆری تاوانکاری. ئەم لێکۆڵینەوەیە پەیوەندی بە مڕۆڤناسی تاوانکارییەوە هەیە و قووڵ دەچێتەوە ناو ئەو هۆکارانەی وا لە کەسێک دەکات ببێت بە تاوانبار. هەروەها لێکۆڵینەوەکە تەرکیز دەکاتە سەر کاردانەوەکانی کەسێک دوای ئەوەی تاوانێکی کردووە. دەروونناسانی تاوانبار بەزۆری بانگ دەکرێن بۆ شایەتەحاڵی لە دادگا، چونکە تێگەیشتنێکی قووڵیان لە بیرکردنەوەی تاوانبار و جۆری جیاوازی دەروونپزیشکی هەن، ئه‌مانەش ڕەفتاری تاوانکاری لەخۆ دەگرن. دەشێ ڕەفتاری تاوانکاری هەر جۆرە ڕەفتارێکی دژه کۆمەڵایەتی بیت، کە سزای یاسایی و کۆمەڵایەتی دەیگرێتەوە، بەڵام ناسینەوەی بیرکردنەوەی تاوانبار تاوەکوو ڕادەیەک سەخته.

لە سەردەمی تەکنەلۆجیا و زانیارییە خێراکاندا، تێگەیشتن لە چۆنیەتی جڵەوکردنی ڕای گشتیی و ناسینی لایەنە نائاگاکانی دەروونی مرۆڤ بووەتە یەکێک لە بابەتە هەرە گرنگەکانی بواری دەروونناسی و ڕاگەیاندن. پڕوپاگەندە و ڕەفتارە کاریگەرەکان تەنیا گواستنەوەی زانیاری نیین، بەڵکوو هونەری ئاراستەکردنی بیرکردنەوە و ڕەفتاری کۆمەڵگەن، لە ڕێگەی کارکردن لەسەر لایەنە تاریک و شاردراوەکانی زەینی مرۆڤەوە. پڕوپاگەندە وەکوو دیارترین و کاریگەرترین دیاردەی پەیوەندی و ڕاگەیاندنی جەماوەری لە سەردەمی نوێدا، لە ڕێگەی زنجیرەیەک ئامرازی دەروونی و زمانەوانی و ستراتیجیی وردەوە هەوڵی کاریگەری خستنەسەر هۆشی گشتیی و جڵەوکردنی ڕەفتار و بیرکردنەوەی کۆمەڵگە دەدات. پڕوپاگەندەچی هەمیشە هەوڵ دەدات چەندین مێکانزمی تایبەت بەکار بهێنێت بۆ ئەوەی زۆرترین شوێنکەوتوو بەلای ڕوانگە و ئامانجەکانی خۆیدا ڕابکێشێت. لەنێو هەموو ئەم ئامرازانەشدا، پێشنیار و هاندانی دەروونی بە گرنگترین و بنەڕەتیترین پایە دادەنرێن، کە لە هێز و کاریگەرییە کارگەرەکەیاندا هاوتای یەکترن. پڕوپاگەندەچییەکان هاندەری سەرەکیی خەڵکن بۆ ئەوەی هەموو ئەو بیرۆکە، ئاراستە و گوتارانەی پێیان دەگوترێت، بە بێدەنگی و بەبێ خستنەژێر پرسیارەوە قەبووڵی بکەن. ئەم پڕۆسەی هاندانە بە شێوازێک دادەڕێژرێت، کە وا لە تاک دەکات بەبێ پەنابردن بۆ بیرکردنەوەی لۆجیکی و بەراوردکاری عەقڵانی، یان شیکارکردنی سەربەخۆ، سەرجەم پێشنیارەکان وەربگرێت و بە تەواوی بڕوایان پێ بهێنێت.

لە درێژەی ئەم پڕۆسەیەدا، هاندان تەنیا دەستکاریکردنی بیرۆکەکان نییە، بەڵکوو کارکردنە لەسەر دروستکردنی هاوسۆزییەکی کوێرانە لەنێوان پڕوپاگەندەچی و شوێنکەوتووانیدا. کاتێک تاکەکان ڕادەهێنرێن، کە قسە و داواکارییەکان بەبێ خستنەژێر پرسیار قەبووڵ بکەن، توانای ڕەخنەگری لەنێو کۆمەڵگەدا بەرەو سڕبوون دەچێت. ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە تاکی کۆمەڵگە ڕاستییەکان بەو شێوەیە ببینێت، کە پەیامدارەکە دەیەوێت، نەوەکوو بەو شێوەیەی کە لە واقیعدا هەن. ئامرازی پێشنیار لێرەدا، دەبێتە پردێک بۆ پەڕینەوە لە ئاستی عەقڵانییەوە بۆ ئاستی سۆزداری، کە تێیدا ڕاستییەکان بەهاکەیان لەدەست دەدەن و تەنیا بەهای سۆزداریی پەیامەکە دەمێنێتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، زمانی گوتار و جۆری وشەسازکردن و شێوازی دەربڕین بەشێکی بنەڕەتی و یەکلاکەرەوەیە لە دروستکردنی کاریگەریی بەردەوام لەسەر زەینی وەرگر. پڕوپاگەندەچی هەمیشە ئەم ئامرازە بەکار دەهێنێت بە کردنی چەند قسەیەکی ئەرێنی و سەرنجڕاکێش، کە مەبەست لەوان ڕاکێشان و دڵنیاکردنەوەی کۆمەڵێک خەڵکە لە دروستیی پەیامەکە. بۆ بەدیهێنانی ئەمەش، هەمیشە زمانێکی ڕەوان و ئاشنا و سادە لە ئاخاوتن و داڕشتنەکانیدا بەکار دەهێنێت، تاوەکوو  دەست ڕاگەیشتن  و تێگەیشتن بۆ هۆشی هەموو چین و توێژەکان ئاسان و بەبێ ‌ئاڵۆزی بێت. هەروەها بە دروستکردنی کەشێکی دەروونی، کە وادەکات وەرگر نەتوانێت واقیعی ڕاستەقینە پەسەند بکات، بیبینێت یان ڕەخنەی لێ بگرێت، پڕوپاگەندەچی لەتوانایدا دەبێت جەماوەرێکی فراوان و ژمارەیەکی زۆری شوێنکەوتوو لە دەوری گوتارەکەی خۆی کۆ بکاتەوە.

کاتێک قسەکردن لەسەر کاریگەریی دەروونی و شێوازەکانی ڕەفتاری مرۆڤ دەبێت، پێویستە ئاماژە بەو پێکهاتە دەروونییانەش بدرێت، کە لە زانستی دەروونناسیدا بە خەسڵەتە سیانە تاریکەکان، یان چەمکە فراوانەکانی سیاسەتی زەینی دەناسرێن. وەکوو لە توێژینەوەکانی تایبەت بە دەروونناسیی تاریکدا هاتووە، لەوانەیە کەسێک خەسڵەتێکی دیاریکراوی هەبێت وەکوو نارسیسیزم، بەڵام خەسڵەتەکانی دیکەشی تێدا بەدی بکرێت. توێژینەوە هاوچەرخەکان، کە لە لایەن مۆشتاگن و ئینگۆ زیتلەر و بینجامین ئەی. هیڵبیگ ئەنجام دراون، دەسەلمێنن کە ئەم خەسڵەتە تاریکانە خاوەنی ڕەگێکی هاوبەشی سەرەکین، ئەگەر کەسێک یەکێک لەم خەسڵەتانەی هەبێت، ئەوا ئەگەری زۆرە خەسڵەتی دیکەی تاریکیشی تێدا بەهێز بێت. لەناو ئەم خەسڵەتانەدا، خۆپەرستی و قالببوون بە دەستکەوتە کەسییەکان و نارسیسیزم و خۆویستیی زۆر و سایکۆپاتی و بێباکی لە ئازاری کەسانی دیکە، لەگەڵ سادیزم و ئارەزووی ئازاردانی جەستەیی، یان دەروونیی ئەوانی دیکە دەبنە مێکانزمی سەرەکی بۆ دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییە کەسییەکان.

لەم سۆنگەیەوە، فاکتەری D ، یان پێوانەکردنی خەسڵەتی تاریکی کەسێتی، دەهێڵێتەوە تێبگەین ئایا کەسێک تاوەکوو چ ئاستێک دەتوانێت بە ئاسانی بەشدار بێت لە کردەوە خەڵەتێنەرەکان، یان شکاندنی ڕێساکاندا. هەروەها بەراوردکارییەکانی نێوان ئەم خەسڵەتانە و زیرەکیی گشتیی دەری دەخەن، کە کەسانی خاوەن نمرەی بەرز لە خەسڵەتە تاریکەکاندا، ستراتیجیی گونجاو بەکار دەهێنن بۆ دەستەخستنی پاداشتی خێرا و پاراستنی مانەوەی خۆیان لە کۆمەڵگەدا. زمانی سادە و ئاشنا وەکوو پەردەیەک کار دەکات بۆ داپۆشینی ئامانجە شاراوەکان و دوورخستنەوەی وەرگر لە گومانکردن. کاتێک گوتارەکە بە وشەی ئەرێنی و باو ڕادەگەیەنرێت، هۆشی وەرگر هیچ هەست بە مەترسی یان ئاڵۆزی ناکات، بەمەش بەرگرییە فکرییەکانی دابەزین بەخۆیەوە دەبینێت. لەگەڵ سڕبوونی ئەم بەرگرییانەدا، پڕوپاگەندەچی دەتوانێت سوودمەند بێت لە ناڕەزایەتی، یان نەتوانینی خەڵک لە ڕووبەڕووبوونەوە و پەسەندکردنی واقیع و چارەسەری ئاسان و وەهمییان پێشکەش بکات. بەم شێوەیە، کۆکردنەوەی جەماوەرێکی گەورە ئاسانتر دەبێت، چونکە پەیامەکە دەست دەگرێت بەسەر هیوای سادەی خەڵکدا و لە ڕێگەی گوتاری ئەرێنییەوە وازیان لێدەهێنێت، کە بەدواشیاندا بڕۆن بەبێ ئاگاداربوون لە ئامانجە ڕاستەقینەکان.

ئەم شێوازانەی پێشنیارکردن و دروستکردنی کاریگەری تەنیا لە بواری سیاسیی پەڕگیردا قەتیس نامێننەوە، بەڵکوو بە فراوانی لە بواری ڕیکلام و بازاڕگەڕییشدا بەکار دەهێنرێن. لەم ڕووەوە، ئاماژەدان و قسەی ناڕاستەوخۆ دەبنە دوو ئامرازی زۆر بەهێز بۆ جێگیرکردنی پەیامەکان لەنێو نەست و هۆشی وەرگردا بەبێ ئەوەی هەستی پێ بکات. بۆ نموونە، لە ڕیکلامی سیاسییدا، کە باشترین و ڕوونترین وێنەی ئەم دیاردەیەیە، زۆرجار تێکەڵەیەک لە پڕوپاگەندەی بێگەرد لەگەڵ دەستکاریکردنی ڕاستییەکان، یان فێڵکردن و فریودانی ئاشکرا و ڕاستەوخۆ بەکار دەهێنێت، تاوەکوو تێگەیشتنی گشتیی بەو ئاراستەیەی خوازراوە ببرێت. دەستکاریکردنی ڕاستییەکان لە ڕیکلامی سیاسی و بازرگانیدا لەسەر بنەمای پێشکەشکردنی نیوەڕاستی، یان زانیاریی لێنەدراو دادەمەزرێت. بە بەکارهێنانی ئاماژەی ناڕاستەوخۆ، پڕوپاگەندەچی وا لە وەرگر دەکات، کە خۆی داپڕکردنەوە بۆ ماناکان بکات و بە ئەنجامێک بگات، کە مەبەستی داڕێژەرەکە بووە. ئەم جۆرە فریودانە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیانە دەبنە هۆی دروستکردنی تێگەیشتنێکی ساختە لەسەر ڕووداوەکان، یان کالا و کەسایەتییەکان. لە ئەنجامدا، بڕیاردانی ڕاستەقینەی سەربەخۆ لە کۆمەڵگەدا لاواز دەبێت و شوێنی خۆی دەداتە بڕیاردانێک، کە لەژێر کاریگەریی هەڵخەڵەتاندنی ڕیکلامی سیاسی و میدیاییدا گەڵاڵە بووە.

لە کۆتاییدا، سەرکەوتن و دەستکەوتی سەرەکیی پڕوپاگەندەچی لەوەدا کۆدەبێتەوە، کە تەرکیز و سەرنجی زیاتر دەخاتە سەر ناسینی  فێربوونی وردتر لەبارەی زانیاری و ڕەفتار و دەروونناسیی خەڵکەوە. ئەم تێگەیشتنە قووڵە ئامرازێکی کاریگەری دەداتێ بۆ ئەوەی بە تەواوی بزانیت چۆن سەرنجی خەڵکەکە بەرەو ئاراستەی مەبەست بکێشێت و کاریگەرییان لەسەر دروست بکات و بۆ وەدیهێنانی ئامانجە دیاریکراوەکانی خۆی بەکاریان بهێنێت. ئەم ئامرازەی فێربوون و دیراسەکردنی جەماوەر بەردەوام نوێ دەکرێتەوە، تاوەکوو وەڵامدەرەوەی گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگە بێت. کاتێک پڕوپاگەندەچی تێدەگات لە خاڵە لاوازەکان و خواستی نەستەکییەکان و ترسەکانی خەڵک، دەتوانێت پەیامەکانی بە وردییەک دابڕێژێت، کە زۆرترین کاریگەری هەبێت. ڕاکێشانی خەڵک و بەکارهێنانیان بەم شێوەیە دەبێتە پڕۆسەیەکی درێژخایەن، کە تێیدا جەماوەر بە بێئاگاهی دەبنە ئامرازی جێبەجێکردنی پلانەکانی پڕوپاگەندەچی. بەم جۆرە، زانینی نادیارەکانی دەروونناسیی جەماوەر دەبێتە بەهێزترین چەک لە دەستی پڕوپاگەندەچیدا بۆ بەردەوامیدان بە باڵادەستی و کاریگەرییە گشتییەکەی لە کۆمەڵگەدا.

دەرئەنجام تێگەیشتن لە ئامرازەکانی پڕوپاگەندە و پەیوەندییان بە دەروونناسیی تاریک و خەسڵەتە شاردراوەکانی مرۆڤەوە، تەنیا مەعریفەیەکی تیۆری نییە، بەڵکوو پێویستییەکی زەروورە بۆ پاراستنی هۆشیاریی سەربەخۆی تاک لەنێو کۆمەڵگەدا. تاوەکوو تاکەکان زیاتر شارەزای میکانیزمەکانی فێڵە دەروونییەکان ببن، کەمتر دەکەونە ژێر کاریگەریی گوتارە هەڵخەڵەتێنەرەکان، زیاتر دەتوانن بە شێوازێکی ڕەخنەیی و لۆجیکی لە واقیع بڕوانن.

سەرچاوە

نیڵ مۆرتۆن، دەروونناسیی تاریک. وەرگێڕانی: کارزان کاوسێن.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO