سلێمان ئەحمەد بارزانی
لە جیهانی ئاڵۆز و پڕجەنجاڵی ئێستادا، هەوڵدان بۆ خوێندنەوە و پێشبینیکردنی ئایندە، یەکێکە لە کۆڵەگە سەرەکییەکانی دنیای ئەمڕۆمان. فاکتەرێکی هەرە گرنگی ڕێگریکردنە بۆ ئەگەری ڕوودانی هەر ڕووداوێکی نەخوازراو، بە تایبەتی بۆ نەتەوە ژێردەستەکان گرنگییەکەی چەند هێندەیە. ئەمیش لەپێناو پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و پارێزگاریکردن لە سنووری جوگرافیا و کولتوورو زمان و تەواوی توخمەکانی دیکەی پێکهاتەی نەتەوەکە. ئێمەی کورد وەکوو نەتەوەیەکی ژێردەستە، هەمیشە بوونمان بە هەموو شێوە و فۆڕمێکەوە لەژێڕ مەترسی لەناوچوون دابووە و بە سەدان ساڵ لەژێر ناونیشانی پیلان و بەرنامەی جیاواز هەوڵ بۆ سڕینەوەمان دەدرێت.
لەم بابەتە دەپڕژێینە سەر شیکردنەوەیەک بە چاویلکەی تیۆری یارییەکان (Game Theory) بۆ بابەتێکی “ئیبراهیم شێخ وەسانی” لەژێر ناونیشانی: “هەڕەشەی ستراتیجی “کوردی بێ چەک” لەسەر “کوردی چەکدار“. خوێندنەوەیەک بۆ کاریگەریی یاسا نوێکەی تورکیا لەسەر کورد لە پارچەکانی دیکەی کوردستان، بەڵام پێش ئەوەی بچینە ناو کڕۆکی شیکردنەوەکەمان، پێویست دەکات زۆر بە کورتی پێناسەیەکی تیۆری یارییەکان بکەین.
تیۆری یارییەکان بریتییە لە زانستی لێکۆڵینەوە لە پڕۆسەی بڕیاردان لەو بارودۆخانەی کە چەندین کەس، یان لایەن تێیدا بەشدارن. ئەم جۆرە دۆخانە زۆرجار لە کایەی ئابووریدا دێنە پێشەوە، بۆ نموونە، لە بازاڕە قۆرخکراوەکاندا ڕووبەڕووی کێشەی بڕیاردانی فرەلایەنە دەبینەوە، بەو پێیەی پێویستە هەر کۆمپانیایەک لە کاتی بڕیارداندا بە وردی لەبەرچاوی بگرێت و ڕەچاوی ئەوە بکات، کە کۆمپانیاکانی دیکە چی دەکەن.
ئەم بیردۆزە یارمەتیمان دەدات لەو بارودۆخە ستراتیجیانەی کە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە و پێویست دەکات لەنێوان کۆمەڵێک بژاردەی جیاوازی بەردەست یەکێکیان هەڵبژێرین، ئەوا لەڕێگەی ئەم تیۆرە دەتوانین باشترین بژاردە بە میتۆدێکی بیرکارییانە هەڵبژێرین. بەجۆرێک لە جۆرەکان پردی بەیەکگەیشتنی نێوان هەردوو زانستی بیرکاری و زانستە مرۆییەکانە، کە تۆکەی لە هەناوی بیرکاریدا گەشەی کردووە، دواجار بووەتە منداڵە بەکەڵکەکەی زانستە مرۆییەکانی وەکوو ئابووری و سیاسەت و فەلسەفە، هتد. هەڵبەت لەپاڵ زانستە مرۆییەکاندا، زانستەکانی دیکەش لێی سوودمەند بوونە و دەبن.
لە ڕوانگەی مێژووییەوەش بۆ یەکەمجار ئەم چەمکە زانستییە بنەما بیرکارییەکەی لە سەدەی بیستەم لە لایەن گەورە بیرکاریزانی هەنگاری “جۆن ڤۆن نیومان”ەوە، پەرەی پێدرا، هەڵبەت زۆرجار ڕێکخستن و بەسیستەماتیکردنی تیۆری یارییەکان دەبەسترێتەوە بە پەرتووکی “تیۆری یارییەکان و ڕەفتاری ئابووری” (Theory of Games and Economic Behavior)، لە نووسینی جۆن ڤۆن نیومان و ئۆسکار مۆرگێنستە. دواتر لەژێر سێبەری بیر و هزری بیرکاریزانێکی گەورەی وەکوو “جۆن فۆربس ناش”ەوە، کەوا چەمکێکی بەناوی “هاوسەنگی ناش”، داهێنا و دواتر بوو بە کڕۆک و یەکێک لە کۆڵەگە سەرەکییەکانی ئەم بیردۆزە. لە دەرەنجامدا، بەهۆی ئەم دەستکەوتەوە توانی لە ١٩٩٤ لەگەڵ جۆن هارسەنی و ڕێینهارد سێلتن خەڵاتی نۆبڵ لە ئابووری بەدەست بهێنێت.
بۆ باشتر تێگەیشتنی بابەتەکەی شێخ وەسانی لەچوارچێوەی تیۆری یارییەکان، پێویستە سەرەتا بزانین، کەوا پڕۆژە یاسایەک لە ڕێککەوتی ١٠ی ئابی ٢٠٢٦ لە پەرلەمانی تورکیا بە ٤٦٨ دەنگ لە هەر ٦٠٠ کورسییەکەی پەرلەمان پەسەندکرا. پڕۆژەکە لە ١٢ ماددە پێک دێت و بە ئامانجی چەکدانان و دواخستنی لێکۆڵینەوە و دادگاییکردن و جێبەجێکردنی سزاکانی سەر “پارتی کرێکارانی کوردستان”، بە لق و پۆپەکانییەوە ڕاپێش کرا بوو.
پێکهاتە و بونیادی بابەتەکەی شێخ وەسانی، لە ناواخنەوە لەسەر بنەما و توخمەکانی تیۆری یارییەکان داڕێژراوە، هەر لە ناونیشانەکەی زۆر بە ئاسانی دەتوانرێت ئەمە بەدی بکرێت، ئەمیش دەستنیشانکردن و دابەشکردنی یاریزانە سیاسییەکانە بۆ دوو بەرە: “کوردی چەکدار” و “کوردی بێچەک”. نووسەر هەوڵی داوە تیۆری یارییەکان بکاتە چاویلکە بۆ خوێندنەوەی پڕۆسەکە.
بۆ هەر شیکردنەوەیەکی تیۆری یارییەکان، سەرەتا پێویستە یاریزانەکانی یارییەکە دیاری بکرێت، بۆ ئاسانکردنی شیکردنەوەکە ئێمە تەواوی یاریزانانی یارییەکە بۆ دوو بەرە دابەش دەکەین، بەرەی “کوردی چەکدار” و بەرەی “کوردی بێچەک”. بەرەی “کوردی چەکدار” ئەو لایەن و پارتە سیاسییانە دەگرێتەوە، کە پێداگیری لەسەر ناسنامەی جوگرافی و دەسەڵاتی ئەمنیی کوردی دەکەن، هەولێر و بارزانی بە سەنتەری ئەم بەرەیە دادەنرێن و هێزی حەمەی حاجی مەحموود وئەنەکەسە و هێزی ڕۆژ و زۆرێک لە هێزە چەکدارە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەندێک باڵ و کەسایەتی ناو یەکێتیی و کۆمەڵە بە لایەنگیری ئەم بەرەیە دادەنرێن. لە بەرانبەردا، ئۆجەلان و ئیمرالی بە پایتەختی کوردی بێچەک دادەنرێت و ئەنقەرە و بەغدا و تاران و دیمەشق وەکوو سەنتەر و ناوەندی سیاسی قەبووڵ دەکات و هیچ داواکارییەکی جوگرافیی نییە. دەم پارتی و هەندێک لایەنی پابەند بە ڕێبازی ئۆجەلان لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژاڤا سەر بەم بەرەیە دادەنرێن، لەگەڵ بەشێکی باشووری کوردستان. هەروەها دەوڵەتی تورکیاش وەکوو ناوەندێکی دەرکردنی ئەو زنجیرە ماددە یاساییانە دادەنرێت، کەوا بە هاوکاری سەرۆکی پەکەکە ئەو ١٢ ماددەیەیان دەرکردووە.
یارییەکە پێویستە شیتەڵ بکرێت بۆ کۆمەڵێک توخمی جیاوازی وەکوو “یاریزانەکان” و “ئەگەرەکانی” بەردەمی هەر یاریزانێک و ئەو “ستراتیجیانەی” هەر یاریزانێک هەڵی بژاردوون لەگەڵ “دەرەنجامی” ستراتیجی هەر یاریزانێک.
دواتر دەتوانین بەو زمانە ئەفسووناوییەی “بیردۆزی کایەکان”، شیکردنەوەی بۆ بکەین. هەروەها ئەو جۆر و شێوازە یارییەی بۆ شیکردنەوەی بارودۆخەکە پشتمان پێ بەستووە ناوی دینامیکی یارییەکانە، یاخوود “یارییە جووڵاوەکان”، کە هاوشێوەی یاری “شەتڕەنج”ە، یاریزانی یەکەم جووڵەی سەرەتا دەکات و دواتر یاریزانی دووەم وەڵامی جووڵەی یاریزانی یەکەم دەداتەوە. هەروەها بۆ شیکردنەوەیەکی ورد و زانستی یارییە سیاسییەکە پشتمان بە سۆفتوێری گامبیت (Gambit) بەستووە، کە بۆ بواری تیۆری یارییەکان بە تایبەتی بەرهەم هێنراوە. لە ئاکامدا، دەرەنجامی شیکردنەوەکەمان بەم شێوەیەی خوارەوەیە.
هەروەک ئاماژەی پێکرا، مەیدانی سیاسی جوگرافیای کوردستان بە هەرچوار پارچەوە، دابەش بووە بەسەر دووبەرەی کوردی چەکدار و کوردی بێچەک، لێرەدا، ئاراستەی یارییە سیاسییەکەی نێوان هەردوولا بەندە بە فەراهەمبوونی ئارامی، یاخوود دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەهاتنە کایەوەی هەریەک لە ئارامی یاخود گرژی و ئاڵۆزی لە ناوچەکە، بژاردەکانی بەردەم یاریزانەکان گۆڕانکاری بەسەردا دێت. ئینجا بابزانین بە ڕوودانی هەریەک لە ئەگەرەکانی بەردەم هەردوو بەرە، باشترین ستراتیجی هەر بەرەیەک چییە؟
ئەگەر ڕۆژەهەڵاتی ناوەڕاست دووچاری شەڕی هەرێمی نەبێتەوە، ئارامی باڵ بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکێشێت، ئەوە بە ڕوودانی ئەم ئەگەرە لەسەر بنەمای بابەتەکەی شێخ وەسانی، “کوردی بێچەک” لەبەردەم دوو بژاردەدا دەبێت: پابەندبوون بە ١٢ ماددەکە و دانانی چەکەکانیان، یاخوود پاشگەزبوونەوە لە بڕیارەکەی خۆیان و بەردەوامیدان بە خەباتی چەکداری، ئەگەر “کوردی بێچەک”، بژاردەی یەکەم هەڵبژێرێت و پابەند بێت بە ١٢ ماددەکە، لەبەرانبەردا “کوردی چەکدار، دوو بژاردەی جیاوازی بەردەست دەبێت بەرانبەر بەم ستراتیجییەی “کوردی بێچەک”: یان ئەوەتا ڕووبەڕووی “کوردی بێچەک” دەبێتەوە لەپێناو گۆڕینی واقعی سیاسی ناوچەکە و تەسلیمکردنیان، یاخود ئەمانیش چەکەکانیان دادەنێن و ناتوانن ڕووبەڕووی هێز و ئیرادەی “کوردی بێچەک” ببنەوە. دەرەنجام و پاداشتی هەریەک لە یاریزانەکانمان بۆ هەڵبژاردنی ئەم ستراتیجییە، بۆ “کوردی بێچەک” بریتی دەبێت لە “١٠” خاڵ و بۆ کوردی چەکدار “-١٠” خاڵ. لەم حاڵەتەدا، “کوردی بێچەک” براوەی یارییەکە دەبێت، هۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کەوا “کوردی بێچەک”، لەدەرەنجامی ئارامی ناوچەیی و هەبوونی پاڵپشتی لە لایەن وڵاتانی ناوچەکەوە، دەتوانێت بە ئاسانی فشار لەسەر “کوردی چەکدار” دروست بکات و ئاراستەی سیاسی نەتەوەی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان تووشی گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی بکات.
لە دیوێکی دیکەوە، ئەگەر “کوردی چەکدار” ستراتیجی “شەڕنەکردن”، لە بەرانبەر کوردی بێچەک هەڵبژێرێت، ئەوا پاداشتی هەریەکەیان بریتی دەبێت لە “١٥” خاڵ بۆ کوردی بێچەک و “-٥” خاڵ بۆ “کوردی چەکدار”. لەم خاڵەش دووبارە “کوردی بێچەک” براوەی یارییەکە دەبێت بە یەک جیاوازی بچووک ئەمیش پاداشتی “کوردی بێچەک”ـە، بڕەکەی لە “١٠” خاڵەوە بەرزدەبێتەوە بۆ زیاتر لە “١٥” خاڵ و هەروەها زیانی کوردی بێچەک لە “-١٠”ەو بۆ “-٥”، خاڵ کەمتر دەبێتەوە، هۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە هیچ ڕووبەڕووبوونەوەیەک ڕووینەداوە، بۆیە تێچووی ململانێکە کەمتر بووەتەوە.
لە سیناریۆی دووەم و لە ئەگەری پابەندنەبوونی “کوردی بێچەک” بەو ١٢ ماددەیە، لە بەرانبەر ئەگەری ڕوونەدانی شەڕی هەرێمی، ئەوا دەستبەجێ یاری نێوان هەردوو یاریزانەکە کۆتایی پێ دێت بە پاداشتی (سفر، سفر)، چونکە بارودۆخەکە دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێش سەردەمی دەرکردنی یاساکان، بۆ ئەو سەردەمەی هەردوولا یەک ستراتیجییان گرتبووە بەر، ئەمیش خەباتی چەکداری و پێداگیری لەسەر پاراستنی ناسنامەی جوگرافیا بووە.
بۆ ئەوەی شیکردنەوەکەمان قووڵتر بکەینەوە، پشت بە ئامرازێک لە “تیۆری یارییەکان” دەبەستین بەناوی “هاوسەنگی ناش”، کەوا لەسەرەتایی بابەتەکەدا ئاماژەمان پێدا و بە ڕوح و کڕۆکی تیۆری یارییەکان دادەنرێت. هاوسەنگی ناش: گەیشتنە بە قۆناغی “پەشیمان نەبوون”. کاتێک یارییەکە تەواو دەبێت و هەمووان بڕیارەکان دەبینن، هیچ لایەنێک هەست ناکات، کە دەبوو بڕیارێکی جیاواز بدات، چونکە باشترین کاردانەوەی هەبووە بۆ جووڵەی بەرانبەرەکەی.
هاوسەنگی ناش، کاتێک ناوچەکە ئارام بێت و شەڕی هەرێمی ڕوونەدات.
ڕێڕەوی هاوسەنگییەکە: “کوردی بێچەک”، بڕیاری پابەندبوون بە یاسا ١٢ ماددەکە دەدات و کوردی چەکداریش بڕیاری شەڕنەکردن دەدات.
بۆ دۆزینەوەی هاوسەنگی لە “یارییە جووڵاوەکان”، پێویستە لە کۆتایی یارییەکە دەست پێ بکەین. کاتێک “کوردی بێچەک” بڕیاڕی پابەندبوون بە یاسا ١٢ ماددەکە دەدات، لە بەرانبەر کوردی چەکدار، لە بەردەم دوو بژاردەدا دەبێت، ڕووبەڕووبوونەوە “-١٠” خاڵ، یان شەڕنەکردن، “-٥” خاڵ. لێرەدا، ئەگەر یاریزانی دووەم “کوردی چەکدار”، عەقڵانی بیر بکاتەوە و بڕیار بدات، پێویستە لەنێوان خراپ و خراپتر “-٥”، “-١٠” خراپەکە هەڵبژێرێت، کە دەکاتە بژاردەی شەڕنەکردن “-٥”، “کوردی بێچەک” ئەمە دەزانێت و بۆیە لەنێوان پاشەکەشە “سفر” و پابەندبوون “١٥”، پابەند بوونەکە هەڵدەبژێرێت.
ئەگەر ڕۆژەهەڵاتی ناوەڕاست دووچاری شەڕی هەرێمی ببێتەوە
ئەگەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دووچاری شەڕێکی هەرێمی ببێتەوە، ئەوا دووبارە ئەگەرەکانی بەردەم “کوردی بێچەک”، دوو بژاردەیە: “پابەندبوون” بە ١٢ ماددەکە، یاخود “پابەندنەبوون” پێیانەوە، ئەگەر یاریزانی یەکەم، “کوردی بێچەک”، بڕیاری پابەندبوون بدات، ئەوا “کوردی چەکدار” دووبارە لەبەردەم دوو بژاردەی “ڕووبەڕووبوونەوە” و “شەڕنەکردن” دەبێتەوە، لە ئەگەری هەڵبژاردنی ستراتیجی “ڕووبەڕووبوونەوە”، ئەوا “کوردی بێچەک” “-١٠” زیان دەکات و “کوردی چەکدار” “١٠” سوود پێ دەگات. هۆکاری ئەم سوود و زیانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کەوا کاتێک شەڕێکی هەرێمی ڕوودەدات، بەرەی “کوردی چەکدار” بەهۆی هەبوونی پاڵپشتی لە لایەن وڵاتانی زلهێزەوە، دەتوانن بە ئاسانی ڕووبەڕووی “کوردی بێچەک” ببنەوە و تێکی بشکێنن. بەپێچەوانەوە، ئەگەر “کوردی بێچەک” بڕیار بدات پابەند بێت بە ١٢ ماددەکە و لە بەرانبەر “کوردی چەکدار” بڕیار بدات ڕووبەڕوویان نەبێتەوە، ئەوا هاوکێشەکە پێچەوانەوە دەبێتەوە و “کوردی چەکدار” تووشی زیان دەبێت.
ئینجا با بگەڕێینەوە سەرەتای درەختی ستراتیجییەکەمان و با وا گریمان بکەین، کەوا “کوردی بێچەک” لە ئەگەری ڕوودانی شەڕێکی هەرێمی بڕیار دەدات، کەوا پابەندی یاسا ١٢ ماددەکە نەبێت، ئەوا دووبارە هاوشێوەی سیناریۆی “ڕوونەدانی شەڕی هەرێمی”، دەستبەجێ یارییەکە کۆتایی پێ دێت و دەگەڕێینەوە سەر بارودۆخی پێش ئەم ململانێیە و بە قازانجی “سفر” “سفر”، کۆتایی پێ دێت.
“هاوسەنگی ناش”، کاتێک شەڕێکی هەرێمی ڕوودەدات
ڕێڕەوی هاوسەنگییەکە “کوردی بێچەک”، ڕاستەوخۆ بڕیاڕی “پابەند نەبوون” بە یاسا ١٢ ماددەکەی تورکیا دەدات و هەر لەوێ کۆتایی بە یارییەکە دەهێنێت.
ئەگەر “کوردی بێچەک” بڕیار بدات، “پابەند”ی ١٢ ماددەکەی دەوڵەتی تورکیا ببێت، ئەوا لە بەرانبەردا بە ئەگەری ١٠٠٪، بەرەی “کوردی چەکدار” ستراتیجی “ڕووبەڕووبوونەوە” هەڵدەبژێریت، چونکە سوودی هەڵبژاردنی ئەم ستراتیجییە “١٠”یە، لە کاتێکدا ئەگەر ستراتیجی “شەڕنەکردن”ی هەڵبژاردبا، ئەوا “-١٠” زیانی دەکرد.
کاتێک یاریزانەکان لە کۆتایی یارییەکەوە سەیری ململانێکە دەکەن، ئەوا یاریزانی یەکەم، واتە بەرەی “کوردی بێچەک”، بۆ ئەوەی خۆی لە زیانەکان بپارێزێت، دەستبەجێ ستراتیجی “پابەندنەبوون” هەڵدەبژێرێت و هەر ئەم خاڵەش بە “هاوسەنگی ناش” دادەنرێت.



