پێشڕەو محەمەد
دەروازەی ئەو بزووتنەوەیەی بە مەرگێکی سیاسی نەمرد
زۆربەی بزووتنەوەکان دواجار ئەزموونی ئەو ساتەوەختە دەکەن، کە پڕۆژەکەیان بە تێپەڕبوونی کات و لە ڕێگەی مێژووەوە لە پەلوپۆ دەکەوێت و ماندوو و شەکەت دەبێت. بەڵام ئەوەی پەکەکە و وەرچەرخان-بەدگۆڕانەکەی ٢٠٢٥-٢٠٢٦ی جیا دەکاتەوە ئەوەیە؛ کە بانگەوازی ئۆجەلان لە دوورگەی ئیمرالییەوە بۆ چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوە و گۆڕان و بەدگۆڕانی بزووتنەوەکە بۆ ناو یاسای چوارچێوەی «تورکیای بێ تیرۆر» و قبووڵکردن و بەناوەکییکردنی ئەم بەدگۆڕانە، بریتی نییە لەوەی ئەم شەکەتبوون و لەپەلوپۆکەوتنە ڕوویداوە، بەڵکوو بریتییە لەو شێواز و ڕێچکەیەی ئەم شەکەتبوونەی تێدا دەگێڕدرێتەوە و دەگوازرێتەوە. ئەو ڕێکخراوە شۆڕشگێڕییەی زیاتر لە چل ساڵ سەرقاڵ بوو بە ڕۆنانی ناسنامەی خۆی لە دەوری بەرەنگاریی و خەباتی چەکدارییدا، لە لایەن ڕابەرایەتیی-سەرۆکایەتیی، یاخود شوێنکەوتووانییەوە ڕێگەی پێنادرێت ئەم کۆتاییە، وەکوو کۆتایی ئەزموون بکات، بەڵکوو ڕێک ساتی ئێستا وەکوو سەرکەوتن و بردنەوە، دووبارە پێناسە و ڕاڤە دەکرێتەوە، چەکدانان وەکوو «سەرکەوتنی ستراتیجیی»، خۆبەدەستەوەدان بۆ هەمان لە قاڵبدانی «تیرۆریستیی»، کە ڕۆژگارێک وەکوو جوێنی کۆڵۆنیالیی و ئیمپریالیستیی و فاشیستیی ڕاگەیەنرابوو، ئێستا وەکوو «ترۆپکی حیکمەتێکی باڵای سیاسیی»، کە لە پیرێکی حەکیمەوە دێت، ڕاڤە دەکرێت و مەرگی هەزاران لاوی گەریلای کورد ئێستا وەکوو قەرزێک دەبینرێت، کە لە کۆتاییدا، بەشێوەیەکی پڕ لە ڕاز و ڕەمز و نەبینراو و لە لایەن دەستێکی نادیارەوە، بە تەواویی دراوەتەوە.
لە وتارێکی ٢٠٢٢ی خۆمدا، بەناوی «لە شکستەوە بۆ شانازییکردن بە شکست: لێکۆڵینەوەیەک دەربارەی بنەماکانی گوتاری کوردایەتیی و عێراقچێتیی»، بە وردیی چوومەتە ناو عەقڵی کاردانەوەیی کوردانی باشوور سەبارەت بەو شتەی لەو ساڵانەی دوواییدا وەکوو گەڕاندنەوەی سەروەریی عێراق بەرانبەر ئەوەی پێیان دەگوت «تڕەکەڵەکی کوردایەتیی» دەبینرا و بانگەشەی بۆ دەکرا. بەشێکی هەڵگرانی ئەم گوتارە ئێستا بە فراوانی لە پەکەکە دا بەرجەستە بوون و تەنانەت میدیای بەرفراوانیشیان بەدەستەوەیە، لەوانە بۆ نموونە، پلاتفۆڕمی ئینگلیززمانی ئەمارگی، کە ساڵانێکی ئێجگار زۆر، بەتایبەتی ساڵی ٢٠٢٢ کە وتارەکەم تێدا نووسی، بەفراوانی و بەشێوەی فرەلایەن باسی هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی کوردستان و گەڕانەوەی سەروەریی عێراقـیان لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان دەکرد، هەمان ئەو شتەی ئێستا لەژێر ناوی «ئینتگراسیۆنی دیموکراتیی»دا کاری لەسەر دەکەن و پڕوپاگەندەی بۆ دەکەن.
وتارەکەی ٢٠٢٢م بەدیاریکراویی و بە گشتیی تایبەت نەبوو بە پەکەکە، بەڵام شوێنکەوتووانی ئایدیۆلۆجیای ئاپۆچی بەشێک بوون لە بابەتی ڕەخنەیی من. لەم وتارەدا، هەوڵدەدەم بە دیاریکراویی ئەو تێزەی ئەو کات دەستم پێ کردبوو، لێرەدا فراوانتری بکەم، تاوەکوو دوا لۆجیکی خۆی بیبەم، لە وتارێکی ئەم دواییانەشمدا بەناوی «دۆگماتیزم بەبێ دۆگما: دەروازەیەکی سایکۆلۆجیی بۆ تێگەیشتن لە دۆگماتیزم و کاریزما و ئایینی کەسایەتیی لای ئۆجەلان و پەکەکە» لێکۆڵینەوەیەکی دوور و درێژم لە ڕوانگەی دەروونشیکارییەوە، نەوەکوو بۆ گوتاری پەکەکە، بەڵکوو بۆ شوێنکەوتووانی پەکەکە ئەنجامداوە. ئەم لێکۆڵینەوەیەی بەردەستتان تەواوکاری وتارەکەی پێشووە، بەڵام هەردووکیان دەکرێت بەشێوەی سەربەخۆ بخوێنرێنەوە.
لە وتاری پێشوودا، گوتبووم پەکەکە ئایدیا و بیرۆکە نییە، بەڵکوو کەسایەتییە، کەسایەتیی بۆ هەرکوێت بەرێت، تەنانەت بۆ ناو خەرەند و بەربوونەوە و دۆزەخیش، بەبێ پرسیارکردن بەدوای دەکەویت. هۆکاری ئەوەش، کە شوێنکەوتووانی پەکەکە هیچ یەکێک لە گۆڕانکارییە خێرا و لەناکاو و دژبەرەکانی ئۆجەلان بۆیان نابێت بە پرسیار، بۆ ئەو شتە دەگەڕێتەوە، کە ئۆجەلان خۆی لە سەرەتای دامەزراندنی پەکەکە دا گوتوویەتی: من کەسایەتیی دەخوڵقێنم. ئەم وتارەی بەردەستتان باس لە مامەڵەکردن لەگەڵ دیاردەی ڕەتکردنەوە دەکات. واتە ڕەتی بکەیتەوە شکست وەکوو شکست ببینیت، ڕەتکردنەوە وەک کلیلی سەرەکیی بۆ هەر شتێک، کە دەکرێت لەڕووی دەروونشیکاریی و فەلسەفیی و سیاسیی و کۆمەڵناسانەوە بەرانبەر پەکەکە و پەرستشی کەسایەتیی لە دەوروی ئۆجەلاندا، بگوترێت. سێ نیشانەی بنچینەیی لەم ڕەتکردنەوەیەدا هەن:
یەکەم، پێکهاتە و بونیادی ماخولیایی، کە قەدەغەی دەکات پرسە و ماتەم بۆ بابەتێکی لەدەستچوو بگێڕیت و لەڕووی سایکۆلۆجییەوە بێتوانات دەکات لە توانای ماتەم و پرسە و داننان بە لەدەستچوون. بەڵام لە بەرانبەردا، ئەم لەدەستدانە دەباتە ناو تاقانە وێنەی خودی بزووتنەوەکەوە.
دووەم، دەزگایەکی بەرهەمهێنانی گوتاری پڕوپاگەندە، کە هەرگیز ڕێگە نادات تۆ ڕاستیی لە ڕاڤە جیا بکەیتەوە، حەقیقەت و واقیع لە درۆ و پڕوپاگەندە جیا بکەیتەوە. لەناو ئەم دەزگایەدا، واقیعییەت خۆی دەبێتە شتێک شیاوی دانوستان لەسەرکردن.
سێیەم، ڕەوانبێژیی و ڕیتۆریکێکی ئەخلاقیی، کە ناکۆکیی و ناهاوڕایی ستراتیجیی دەگۆڕێت و بەرگی خیانەتی لەبەر دەکات، بۆ ئەمەش لە شوێنی دوژمنە کۆنە بەرهەمهێنراوەکان، کە چیدیکە باویان نەماوە، وێنەی دوژمنی نوێ ڕۆدەنێت. هەموو ئەمانە وا دەکەن سیستەمێکی بەرگریی لەناو جەستەی ئەم بزووتنەوەیەدا دروست ببێت بەرانبەر هەموو ڕامان و ڕەخنەیەکی دەرەکیی بووەستێتەوە.
ماتەم بەبێ لەدەستچوون: بونیادی ماخولیایی «سەرکەوتنی ستراتیجی»
فرۆید لە ماتەم و ماخولیا (١٩١٧)دا، جیاکاریی لەنێوان دوو وەڵامدا بەرانبەر لەدەستچوونی بابەتێکی سەر بە وزەی دەروونیی دەکات. ماتەم (Trauer) ئازاربەخش و بەژانە، بەڵام تێپەڕ و کاتییە. تاقیکردنەوەی واقیعییەت دواجار ئیگۆ (من) ناچار دەکات قبووڵی بکەم بابەت-ئۆبجێکت چیدیکە بوونی نییە، پاڵنەری ئارەزوو و لیبیدۆ بست بە بست پاشەکشێ لە خۆهەڵواسین بەو بابەت-ئۆبجێکتەوە دەکات، کە ئێستا لەدەستچووە، تاوەکوو ئەوەی بتوانێت لە شوێنێکی دیکە دووبارە بە گەڕی بخاتەوە. بەڵام بە پێچەوانەوە، ماخولیا (Melancholie) لەو شوێنە سەرهەڵەدات، کە ئیگۆ ناتوانێت دان بەم ڕەهەند و کردەیەی جیابوونەوە لە بابەت و ئۆبجێکتەکە بنێت، کە ئێستا لەدەستچووە. لەجیاتی دەستبەرداربوونی بابەت و ئۆبجێکتەکە و وازهێنان لێی، ئیگۆ خۆی لەگەڵ پێناسە و هاوشێوە دەکات، بەجۆرێک وەکوو فرۆیدا دەڵێت؛ «سێبەری بابەت-ئۆبجێکت باڵ بەسەر ئیگۆدا دەکێشێت». ئەم ناڕوونیی و نادیارییەی ببووە پێناسە و سروشت و خەسڵەتی پەیوەندیی بە بابەت و ئۆبجێکتی ونبوو و لەدەستچووەوە، بزر نابێت و لاناچێت، بەڵکوو بەرەو ناوەوە پاشەکشێ دەکات، دەبێتە خۆلۆمەکردن و خۆسەرزەنشتکردنێکی بێ ڕەحمانە خۆ لە بەهاداماڵین، کە لە بە نزیکبوونەوە و ڕوانین لە نزیکەوە، هەموو کاردانەوەیەک بەرانبەر بە دەرەوە کاتێک بیریان دەخاتەوە ئەم ئۆبجێکتە لەدەستچووە، هەوڵە بۆ شاردنەوەی ئەو هەستە ناوەکییەی خۆلۆمەکردن و بۆ شاردنەوەی خۆلۆمەکردنیش، هەمیشە دەبێت ئەوی دیکەی دووەم لۆمە بکرێت.
ئەگەر ئەمە بگوازینەوە بۆ ناو ڕاستییەکی سیاسیی هەنووکەیی، وەکوو دەستپێکی وتارەکە بەڵێنی دابوو، ئەوا دەبینین هەلومەرجی ئێستای پەکەکە ڕێک کتێبێکی وانەیی و بونیادێکی ماخولیاییە، نەوەکوو ماتەم و پرسە. ئەو بزووتنەوەیەی ئەو بابەتەی لەدەستداوە، کە بۆی دامەزرابوو بریتین لە: ئاسۆی ڕزگاریی نەتەوەیی و ئەو بەڵێنەی قوربانیی دەبێتە هۆی دەوڵەتێکی سەربەخۆ و یەکگرتووی کوردیی و لە ئایدیۆلۆجیای دواتری بزووتنەوەکەشدا، بەڵێنی بەهەشتی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیی وەکوو تاکەچارەسەر و ئەڵتەرناتیڤی خۆسەریی کوردیی، نایەوێت و ڕێگە نادات دەستبەرداری ئەو بابەتە ببێت، کە بۆی دامەزرابوو و ماتەمی بۆ بگێڕێت، بەڵکوو ماخولیانە خۆی بەو ناسنامەیەوە هەڵدەواسێت، کە بووەتە بابەتی بزووتنەوەکە، بەبێ ئەوەی هیچ یەکێک لە ناوەڕۆکەکانی پێشووی مابێتن؛ نە پرسی نەتەوەیی و نە خەباتی چەکداریی و نە کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیی و سێ بنچینەییترین ستوون و پایەی بزووتنەوەکە، هەموویان لەدەستچوون. نابێت دان بەوەدا بنرێت، کە خەبات لەدەستچووە و کۆتایی هاتووە، بەڵکوو لەناو ئیگۆی خودی بزووتنەوەکەدا نقووم دەکرێت، کە ئێستا بەجۆرێک دەدوێت، وەکوو بڵێیت هێشتا بەرجەستەکەری ئەو خەباتەیە. تەنانەت لەو کاتەشدا، کە هەموو هەلومەرجە ماتریالیی و بابەتییەکانی بەردەوامیی خەبات لەدەستچوون. ڕێک وەکوو چۆن وێنەی کلینیکیی فۆرید دەتوانێت کۆمەکمان بکات، ئەو ناڕوونی و ئارەزووە لەدەستچووەی دەبوو ماتەم و پرسە کاری قورسی لەسەر بکات بۆ تێپەڕاندنی. بۆ نموونە، تووڕەیی، کە بە تەواویی ڕەوایە و چوار دەیە قوربانییدان، چیدیکە ئاراستەی دەرەوە و دوژمنێکی مێژوویی ناکرێت، بەڵکوو ئاراستەی ناوەوە و ئاراستەی خودی ئەو کۆمەڵگە و ئەندامانە دەکرێت، کە بزووتنەوەکە بەڵێنی دابوو، ڕزگاریان دەکات. ئەوە چیدیکە دەوڵەتی تورکیی نییە تۆمەتبار بکرێت بەوەی لەپەلوپۆکەوتنی بزووتنەوەکەی خراپ قۆستووەتەوە و خەریکە دەیکاتە ئامرازێک بۆ ئیهانەکردن بە کۆی بکەری مرۆیی کورد، بەڵکوو ئەوە ڕەخنەگرانی کوردن مۆرکی خیانەتیان لێ دەدرێت، چونکە تێبینیی ئەم حاڵەتە ناوبراوانەی سەرەوە دەکەن.
ئەمەش دەقاودەق ئەم میکانیزمەیە لە وتاری پێشوومدا، دۆگماتیزم بەبێ دۆگما، سەبارەت بە پەرستشی کەسایەتیی ئیمرالی لەناو چوارچێوەی چەمکسازیی هاوشێوە، بەڵام جیاوازتردا دەرم بڕیوە، لە ڕێگەی «بەئایدیالییکردن و بەنموونەییکردن، ڕابەر لە ڕەخنە دەپارێزێت و لە ڕێگەی گۆڕینی شکست و نسکۆکان بۆ ناو بەڵگەی ڕوون و ڕاشکاو لەسەر حیکمەت و دانایی سەرووی ئاسایی و مرۆییەوە قەڵغانێکی بەهێز، خەرمانەیەکی پیرۆز بە دەوری ڕابەردا دروست دەکات، لە هێرشی دەرەکیی و لە ڕەخنە و ڕووبەڕووبوونەوە دەی پارێزێت».
ماخولیا و بەئایدیالییکردن دوو دیوی هەمان دراوی ڕەتکردنەوەن. فرۆید ئەم پەیوەندییەمان بۆ ڕوونتر دەکاتەوە: خۆیەکسانکردن و خۆهەڵواسین بە فیگەر و بکەری ئایدیالیزەکراوەوە، لە ڕووی بونیادییەوە، بریتییە لە کردەی ئاوێتەکردن و تواندنەوەی ئەو شتەی لە خۆیەکسانکردنی ماخولییانە بە بابەتی لەدەستچووەوە جیا ناکرێتەوە. کاتێک ڕابەر-سەرۆک پێگەی ئیگۆ-من-ئایدیال بۆ سەرجەمی پەیکەرە گشتیی و کۆییەکە وەردەگرێت، ئەوا لەدەستچوونەکانی گرووپەکە تەنیا دەکرێت لەڕێگەی ئەوەوە زیندوو بکرێنەوە و بەگەڕ بخرێنەوە. لەبەرئەوەش، شوێنکەوتووانی ئەم بزووتنەوەیە ڕێگە نادەن ئۆجەلان وا دەربکەوێت کە شکست دەهێنێت، ئەوا دەبێت شکستی بزووتنەوەکە بە ئاوڕدانەوە لە ڕابردوو وەک سەرکەوتنی ئەو دەربکەوێت، ئەوەی ڕوودەدات، دەکرێت هاوکات خیانەتی مێژوو بێت، واقیعی سیاسیی بێت، نەک هەڵەکانی سەرۆک، چونکە باوەڕی بنچینەیی و باوی چەسپاو و ڕەگداکوتاو ئەمەیە: سەرۆک هەڵە ناکات.
دەتوانین بە گەڕانەوە بۆ تیۆری سایکۆلۆجیای جەماوەر لای فرۆید ئاماژە بە شانۆنامەی رێچاردی سێیەمی ویلیام شەکسپیر بکەین. لەم شانۆنامەیەدا، ڕیچاردی سێیەم دەبێتە فیگەرێکی پارادایمیی و پارادایمسازی «ئاوارتە» و «نائاسایی»، «دەسەڵاتی نائاسایی، “کە ئێستا بە گشتیی تەنانەت بەشێوەیەکی باو وەکوو ‘موگناتیسی ئاژەڵیی’یش پێناسە دەکرێت” دەبێت هی هەمان ئەو دەسەڵاتە بێت، کە دەبێت لە لایەن خەڵکی ئاسایی و سەرەتاییەوە وەکوو سەرچاوەی تابوو سەیر بکرێت، هەمان ئەو دەسەڵاتەی لە پاشایان و سەرخێڵەکانەوە سەرچاوە دەگرێت و نزیکبوونەوە لێیان ترسناک دەبێت». ڕیچاردی سێیەمی شەکسپیر پێی وایە، خاوەنی ئەم دەسەڵاتەیە، بەڵام نادادپەروەریی بەسەردا جێبەجێ کراوە و لەم ڕووەوە مادام ئەم نادادپەروەرییەی بەرانبەر کراوە، دەبێت لە دەرەوەی هەموو ئەو یاسایانەوە بووەستێت، کە هەمووان بەیەکەوە گرێ دەداتەوە. ڕیچارد تێکچوونی جەستەیی خۆی وەکوو دزییەک ڕاڤە دەکات، کە سروشت بەرانبەری ئەنجامی داوە، بەو باوەڕە دەگات جوانی و چێژ و خودڕەزامەندیی لێ سەندراوەتەوەتەوە، ئەو شت و چۆنایەتییانەی ئەوانی دیکە هەیانە. بە پێچەوانەی دوکی یۆرک، کە خەم و ناڵینی پەیوەندییان بە لەدەستچوونە بەرجەستە و کۆنکریتییەکانی وەکوو لەدەستچوونی پانتایی و قەڵەمڕەو و تاجەوە هەیە، لەڕووی تیۆرییەوە دەکرێت ڕۆژێک لە ڕۆژان قەرەبوو بکرێنەوە و بەدەست بهێنرێنەوە. لەدەستچوونەکانی ڕیچارد خەیاڵیی و بوونگەریین، ناتوانێت ئەو شتە ساڕێژ بکات و بەدەست بهێنێتەوە، کە پێیوایە، لێی وەرگیراوە و لێی دزراوە چونکە بەهۆی ئەو تەواوێتییە ڕەسەن و بنچینەییە نارسیستییەی ئارەزووی دەکات، کە هەرگیز لە ڕاستییدا بوونی نەبووە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم لەدەستدانە خەیاڵییە بەجۆرێک دەبینێت و ڕەفتاری لەگەڵ دەکات وەکوو بڵێیت قەرزێکە ئەویدیکە دەبێت پێی بداتەوە. ئەمەش دەبێتە پاساو و ڕەوایەتیی سایکۆلۆجیی بۆ هەموو جوڵەکانی تاوان و هەڵبەز و دابەزەکانی. لەبەرئەوەی پێی وایە، هەڵەی بەرانبەر کراوە، ئەوا هەست بەوە دەکات دەبێت یاساکان پێشێل بکات، بەسەر هەموو قەدەغە و ڕێگرییە ئەخلاقییەکاندا باز بدات، کە حوکمی خەڵکانی ئاسایی دەکەن. ڕیچاردی سێیەم بەتەنیا یاسا تاقانەکان ناشکێنێت، لۆجیکەکەی لە کۆتاییدا بە ئاراستەی وێرانکردنی سەرجەمی ئەو نەزمە کۆنە کۆمەڵایەتیی و کولتووریی و سیاسییەدا دەڕوات، کە یاساکانی بە بۆچوونی خەیاڵیی ئەو، لەویان بێبەریی و مەحروم کردووە.
بەڵام ئەگەر بۆ خاڵ و ئاماژە قووڵترەکەی فرۆید بگەڕێینەوە، دەبینین دەسەڵاتی ڕیچارد لە سامان و کاریزما، یاخود چۆنایەتیی شایانی سەرسامیی و ستایشەوە نایەت. شەکسپیر بە مەبەستەوە بەشێوەیەکی ڕێژەیی پاڵنەری ڕاستەقینەی ڕیچارد بە ناڕوونیی دەهێڵێتەوە، ڕێگە بۆ بینەر-بەردەنگ خۆش دەکات خۆی لەگەڵ خەم و پەژارەی ڕیچارد هاوناسنامە و هاوشێوە بکات نەوەکوو تەنیا لە دەرەوە حوکمی بەسەردا بدات و بڕیاری لەسەر بدات. ناتەواویی جەستەیی و ڕق و کینەی ڕیچارد دەبێتە کێشکردنێکی سەرسوڕهێنەری شتێکی گشتیی و گەردوونیی. هەمووان هەست بە لەدەستچوونی نارسیزمی بنەڕەتیی و یەکەم و ترسی ئەو دۆزینەوەیە دەکەن، کە ڕەنگە ئێمە نەتوانین ببینە خاوەنی هەموو ئەو شتانەی ئارەزوویان دەکەین. ڕیچارد ئەم لەدەستچوونە گشتییە دەگۆڕێت و دەباتە ناو نادادپەروەرییەکی تایبەتەوە و خۆی وەکوو تاکە کەس پیشان دەدات لە لایەن سروشتەوە «بێشەرمانە مۆری لێدراوە» و لەم ڕووەوە تاکە کەسە مافی تۆڵەکردنەوەی هەیە. بەردەنگ-بینەر خەم و پەژارە و گازاندە بچووکترەکانی خۆی لە فۆڕم و شێوەی زێدەڕۆییکراو و گەورەکراوی ڕیچاردـدا دەناسێتەوە، خۆی لەگەڵ هاوشێوە دەکات، لەگەڵ ئەوەش تاوانە ڕاستەقینەکانی ڕەت دەکاتەوە. ئەمەش ئەو شتەیە ڕیچاردی سێیەم دەکاتە ڕابەر و سەرۆکی بەهێز لە مانای فرۆیدییدا: ئەو دەبێتە بەرجەستەکەر و کێشکەری ڕق و کینەیەک، کە شوێنکەوتووانی لە سەرەتاوە لەناو خۆیاندا هەڵیانگرتووە، بەڵام ناتوانن دەری ببڕن و دای بڕێژن و پیشانی بدەن. لەبەرئەوە هێزی کێشکردنی ڕیچارد لەو شتەدا نییە کە هەیەتی، بەڵکوو لە توانای دایە بۆ نوێنەرایەتییکردنی مانا و دیدگای ئەوان بۆ بێبەشبوون و بێبەرییبوون، هەروەها لێوەشاوەیی. بەڵام ئەو بابەتەی هەوڵی دۆزینەوە و بەدەستهێنانەوەی دەدات، واتا نارسیزمی یەکەم و بنەڕەتیی، خۆی لە جەوهەردا فەنتازیا و خەیاڵێکە. کە هەموو قەدەغە و یاسا و دامەزراوە کۆمەڵایەتیی و ئایدیا و ناسنامە و پەوەندییەکان لە هەوڵی دۆزینەوەی ئەو بابەتەدا وێران بوون، ئەوا چیدیکە بەهەشتی لەدەستچوو بوونی نابێت و چاوەڕوانمان نابێت، بەڵکوو تەنیا بۆشایی و بەتاڵیی دەمێنێتەوە.
نارسیزمی گرووپیی، بەو مانایەی ئێریک فرۆم هەیەتی، ڕەهەندێکی دیکە لەم میانەیەدا نمایش دەکات: ئەوەی نارسیزمی گرووپیی دەیخاتە بەردەستی شوێنکەوتووانی، بریتی نییە لە ناوەڕۆکی حەقیقیی «ئێمە هەوڵ بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردیی»، یاخود «هەوڵ بۆ کۆنفیدرالیزمێکی دیموکراتیی نادەوڵەتیی» دەدەین، بەڵکوو ئەوەی زۆر کاریگەرترە ئەوەیە، کە «ئێمە» هەر شتێک خەباتی بۆ بکەین، هەر فۆڕم و ئایدیا و ناوەڕۆکێک، ئەوا پێشکەوتووترین و ڕاستترینە، لە ڕووی مێژووییەوە وەڵامگۆترین و هۆشیارانەترینە و لە ڕووی ڕابەرایەتییشەوە، لە لایەن کەسێکەوە ڕابەرایەتیی دەکرێت، کە مێژوو شتی وای بەخۆیەوە نەبینیوە.
ئەوەی ماخولیا قەدەغەی دەکات و ماتەم-پرسە ڕێگەی پێ دەدات، ڕێک بریتییە لە بونیادنانەوە و ڕۆنانەوەی ئەو ناسنامە دەستەجەمعیی و کۆلەکتیڤەی فێرکاریی سیاسیی پێویستییەتی. ئەو بزووتنەوەی توانا و هێزی پرسە و ماتەمی هەبێت، دەشتوانێت بڵێت: ئێمە جەنگاین و بەو ئامانجانە نەگەیشتین، کە دەمانویست پێیان بگەین، ئێستا دەبێت سیاسەتێکی جیاوازتر و میانڕەوتر و ڕاستگۆیانەتر لەسەر بنەمای ئەم شکستە دابمەزرێنین. بەڵام ئەو بزووتنەوەیەی ماخولیانە دامەزرابێت ناتوانێت شتێکی وەها بڵێت، چونکە گوتنی ئەمە، ڕێک پێویستی بە جیابوونەوە لە بابەتی لەدەستچوو هەیە: داننانی ڕاستگۆیانە بەوەی ئەو ئایدیالەی هەمان بوو پێی نەگەیشتین، بەڵام دەڵێت ئێمە بە زۆر شت گەیشتین و زۆر شتمان بەدیهێنا. ئەلێکساندەر میتشەرلیش لە کتێبە بەناوبانگە کلاسیکییەکەیدا، بەناوی ” بێتوانایی لە مانگێڕان: بنچینەکانی ڕەفتاری گشتیی” باسی دەکات. ئەڵمانەکان کاتێک بەهۆی هەبوونی ڕابەرێکی ئەفسانەییەوە پێیان وابوو هەرگیز ناکەون، کاتێک لەناکاو ڕابەری ئایدیال نامێنێت، «منی ئایدیال» زیانی بەردەکەوێت، لەبری ماتەمگێڕان بۆ ئەو نەمانە، پەنا بۆ ماخولیا دەبەن. بۆ ئەوەی پیشانیشی نەدەن لە ماخولیادا دەژین، دەبوو ڕاستەوخۆ نکوڵیی لە ڕابردوو بکەن. جارێک دەیانگوت؛ «جەنگ باشترە لە کۆیلایەتیی»، بەمە نەیاندەویست ماتەم بگێڕن، بەڵام دوای جەنگ دیسان بۆ ڕاکردن لە ماتەم، دەیانگوت؛ «جەنگ خۆی لوتکەی کۆیلایەتییە». مردووان لەم ئابوورییە سیاسییەی بزووتنەوەی ماخولیاییدا نابێت وا دابنرێن، کە لەپێناوی پڕۆژەیەکی شکستخواردوودا مردوون و شەهید بوون، «شەهید نامرن» وەکوو دروشم و جەختکردنەوە لێی ڕێک دوای شکست و ڕادەستبوونی بزووتنەوەیە، ئەم ڕێگەپێنەدانەیە. پڕۆژەکەش بەجۆرێک دەنووسرێتەوە، کە وا دەربکەوێت هەرگیز لەوە نەکات، کە پڕۆژەیەکی شکستخواردووە.
ڕاستیی سازێنراو: جەنگی پەکەکە لەسەر ڕاستی و فاکت
شیکاریی هانا ئارێنت بۆ پڕوپاگەندەی تۆتالیتاریی، کە بە فراوانیی لە کتێبی “سەرچاوەکانی تۆتالیتاریزم”دا پەرەی پێداوە، تاوەکوو ئەمڕۆش زیاتر لە هەر لێکۆڵینەوەیەکی دیکەی هاوچەرخ دەربارەی «هەواڵ و زانیاریی هەڵە» بە وردبینترین دەق دەمێنێتەوە. ئارێنت مەترسییەکە لە هەڵەبوونی بانگەشەیەکی تایبەتدا نابینێت، بەڵکوو لە هەڵگرتن و لەناوبردنی ئەو جیاوازییەی هەڵە پشتی پێ دەبەستێت. ئەو دەنووسێت بابەتی نموونەیی ئایدیالی پڕوپاگەندەیەکی وەها بریتی نییە لە باوەڕدارێکی باوەڕپێهێنراو، بەڵکوو بریتییە لەو کەسەی بۆ ئەو چیدیکە «جیاوازیی و جیاکاریی لەنێوان ڕاستیی و خەیاڵ، جیاکاریی لەنێوان حەقیقەت و هەڵەدا نامێنێت». ئایدیۆلۆجیای تۆتالیتار و سەرتاپاگیر داوا لە شوێنکەوتووانی ناکات باوەڕیان بە یەک درۆ هەبێت، بەڵکوو چوارچێوەیەکی سەرتاپاگیری ڕاڤەکارییان دەخاتە بەردەست، بۆئەوەی بتوانن هەموو ناکۆکییەکی ئەزموونگەریی هەڵبلوشن و قوت بدەن، کە ڕەنگە لە حاڵەتێکی پێچەوانەدا ببێتە هۆی پاشگەزبوونەوەی شوێنکەوتووان لەو ئایدیۆلۆجییە.
ئەمەش ڕێک ئەو میکانیزمەیە لەناو گوتاری ئێستای پەکەکەـدا کار دەکات، بە ئاستێکی وەهاش کار دەکات، کە بە سانایی بڵاو ببێتەوە. بۆ نموونە، جووڵەیەکی کارگێڕیانەی ئەنقەرە دەتوانێت وەکوو «دانپێدانانی فەرمیی» مافەکانی کورد لێک بدرێتەوە. لێدوانێکی ناڕوونی وەفدی ئیمرالیی دەتوانێت وەکوو دابڕانێکی مێژوویی بخوێنرێتەوە. نەبوون و نائامادەیی بەرچاوی هەر جۆرە گەرەنتییەکی یاسایی بە مافە سیاسیی و زمانەوانییەکانی کوردـدا دەشێت و دەکرێت وەکوو بەڵگەیەک لە قەڵەم بدرێت، کە شتەکان وا خەریکن ڕوودەدەن و بەدڵی ئێمە دەچنە پێشەوە، مرۆڤ تەنیا پێویستی بە کەمێک لەسەرخۆیی و ئارامیی هەیە. لەوەش گرنگتر، کاتێک هەر یەکێک لەم بانگەشانە بخرێنە ژێر تیشکی ڕەخنە و ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی بکرێنەوە، وەڵامی حازربەدەست هەرگیز بریتی نابێت لە خستنەڕووی فاکت و ڕاستییەکی پێچەوانە، بەڵکوو حیکایەت و گێڕانەوەیەکی پێچەوانە: «پڕۆسەی ئاشتیی» دژ بە «تورکیای بێ تیرۆر»ی ئەنقەرە دادەنرێت، هەر یەکێکیان وەکوویەک دەتوانن لە ئاستی حیکایەتدا ڕاست بن، بەڵام لە ئاست بەدەستەوەدانی ئەو فاکت و ڕاستییە یاساییە بێدەنگن، کە پەکەکە بە تەواویی خۆی لەناو باڵەخانەی یاسای دژەتیرۆری تورکیاـدا زیندانیی کردووە و خۆی ڕادەستی ئەم یاسایە کردووە. دەرەنجامەکەش ڕێک بەو چەشنەی هانا ئارێنت دەستنیشانی کردووە، بریتی نییە لە سەرکەوتنی حیکایەت و خەیاڵێک، بەڵکوو زۆر و زەوەندبوونی بانگەشە کێبڕکار و وەکوو یەکێک لە هەڵبژێردراوەکان، کە پراکتیکی پشتڕاستکردنەوە و سەلماندن لەم حیکایەتانەدا، هەموو جۆرە بناغەیەکی سیاسیی لەدەست دەدات و دەپەڕێتەوە ناو هەرێمی ڕاز و ڕەمز و عیرفانەوە، «ڕەنگە ئێمەش نەزانین لە پشتی پەردەوە چی دەگوزرێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە سەرۆک هەموو شت دەزانێت و گومان لە دانایی و حیکمەت و خەم و پەرۆشی ئەو ناکرێت».
کەس پێویستی بەوە نامێنێت بەهۆی درۆیەکەوە باوەڕی پێ بهێنرێت، تەنیا ئەوەندە بەسە چیدیکە کەس لە هەبوونی خەیاڵ و ئایدیا و تێز و بیرۆکە دژبەر و ناکۆکەکان شەرمەزار نەبێت و ئارەقەی شەرم نەڕێژێت، بەڵکوو وەکوو شتێکی شکۆمەندیش بیانبینێت. لیۆ لوێڤنتالی فەیلەسوفی ئەڵمانیی دەڵێت، لەم جۆرە ئایدیۆلۆجییانە و لەم مۆدێلەی ڕۆنانی خەیاڵ و حیکایەت و لێڵکردنی فاکتدا، هەرگیز ناوەڕۆکی بڕیاردانەکان گرنگ نین، چیان تێدایە و ناوەڕۆکی دەربڕینەکان چۆن چۆنین گرنگ نین، ئەوەی هەرە گرنگە، بریتییە لەوەی کێ ئەمانەی گوتووە. دەربڕین و وتەکانی ئەو کەسە هەرگیز بانگێشتی ئەوەت ناکات، کە پشکنین و لێکۆڵینەوە بۆ ناوەڕۆک بکەیت، بەڵکوو بانگێشتت دەکات بە دوای وتەکان بکەویت، بەناوەکییان بکەیت و جێبەجێیان بکەیت و هەرگیز پرسیار نەکەیت.
ئەوەی لەمەشەوە دێتە ئاراوە، بریتی نییە لەوەی شوێنکەوتووان دەشێت شتێکی ناڕاستیان پێ گوترا بێت. ئەوەی بزووتنەوەکە پێویستییەتی، بریتییە لە توانای دیاریکردن و لێکدانەوەی ڕووداوەکان، لە هەر بارودۆخێکدا، بەگوێرەی ئەو حەز و ئارەزووەی لەگەڵ ئەم خەیاڵەدا دەگونجێت. شکست، پێش ئەوەی هەرگیز دەرفەت دروست ببێت، وەکوو شکست تۆمار بکرێت، بە سەرکەوتن دەفرۆشرێتەوە. خۆبەدەستەوەدان و ڕادەستبوون وەکوو ستراتیجیی دەخوێنرێتەوە، پێش ئەوەی دەرەنجامەکانی شیبکرێنەوە و هیچ دەرفەتێک بۆ لێکدانەوەی ڕەخنەیی لەسەر ئاکامەکانی دروست ببن و ڕەخنە وەکوو دوژمنایەتیی دەبینرێت، پێش ئەوەی سەیری ئەو ئارگومێنتە بکرێت، کە ڕەخنەکە هەڵی گرتووە. پڕوپاگەندە لەناو ئەم ئایدیۆلۆجییەدا لەسەر ئەوە دەکرێت، کە هەڵوەستە لەسەر بیروباوەڕ بکات و ڕێگەی پێ بدات، بە مانای وردی هانا ئارێنت، پڕوپاگەندە خۆی بووەتە چوارچێوەی زانینناسیی و مۆدێلێکی نوێی مەعریفە، خەریکی ڕێکخستنی ئەو شتە دەبێت، کە پێویستە هەموو لێکدانەوە و بۆچوون و ڕەخنە و نرخاندنەکان بەگوێرەی ئەو چوارچێوەیە بپێورێن، کە بزووتنەوەکە دای هێناوە، لە دەرەوەی ئەم چوارچێوەیەوە، ڕەخنە و تێگەیشتن و ڕاستگۆیی و شکۆ و شەرەف نییە، بەڵکوو خیانەت و نەزانین و شکۆفرۆشییە.
لە چوارچێوەی پڕوپاگەندەی پەکەکەـدا، جەنگێکی سەرتاپاگیر لەسەر فاکت هەیە، مادام قەرەباڵغییەکی وەها گەورەی بە هەزاران مۆدێلی جیاوازی میدیا دروست کردووە، دەرفەت بۆ ئەوە ناهێڵێتەوە بزانیت چی لەسەر ئەرزی واقیع ڕوو دەدات. بۆ نموونە، مەرسومێکی زارەکیی حکوومەتی سووریا وەکوو «دانپیانانی فەرمی بە زمانی کوردیی» لە قەڵەم دەدرێت، بەڵام هێندە بەشێوەی قەرەباڵغ و فراوان دەگوازرێتەوە، خەڵک توانایان نامێنێت بزانن جیاکاریی لەنێوان مەرسوم و یاسا و دەستووردا بکەن و ناوەڕۆکی مەرسومەکەش هەرچییەکە گرنگ نییە، ئەوەش گرنگ نییە، کە ئەوە “ئەحمەد شەرع”ـە ئیمزای کردووە، بەڵکوو گرنگییەکە تەنیا ئەوەیە کە ماشێنی پڕوپاگەندەی پەکەکە گواستوویەتییەوە. بەڵام پێت ناڵێت لە مەرسومدا گەرەنتی نییە، پێشت ناڵێت زمانی کوردی دانی پێدانەنراوە، بەڵکوو کورتکراوەتەوە بۆ سێ وانەی ئارەزوومەندانە لە حەفتەدا، کە ناوەڕۆکی وانەکانیش حکوومەتی ناوەندیی دەری دەکات. بەڵام ئەمە هێشتا هەموو پرسەکە نییە، چونکە پەکەکە دەزانێت حکوومەتی سووریا دانی بە زمانی کوردیدا نەناوە، لە ڕووی سایکۆلۆجییەوە بۆ ئەوەی پرسی شۆکی دەروونی نەبێتە قومبەلەیەک و پێیدا نەتەقێتەوە، بەمەش ئاگاداری سایکۆلۆجیای شوێنکەوتووەکانییەتی. سەرەتا دێت وەکوو دانپێدانان دەیگوازێتەوە، بەڵام کاتێک ناڕەزایەتیی دروست دەبێت، دەچێتە پاڵ ناڕەزایەتییەکەوە، ئەمجارە فۆڕمی هەواڵەکە بە شێوەیەکی دیکە دەگوازێتەوە: زمانی کوردیی دەبێت لەپاڵ زمانی عەرەبییەوە لە هەموو قۆناغەکاندا بخوێنرێت. ئەوەی پەکەکە دەیزانێت ئەو شتەیە: لای شوێنکەوتووانی هیچ هێز و توانایەک نەماوەتەوە بۆ جیاکردنەوەی فاکت و ڕاستیی، لە خەیاڵ و ناڕاستیی. بۆیە، ئەوەی ئەمڕۆ مەرسومێکی ساختە بە دانپێدانانی ڕەسمیی بە زمانی کوردییدا دەگوازێتەوە، دەزانێت کەس پرسیار لە ناوەڕۆکەکەی ناکات، بۆیە بە سانایی سبەی هەواڵێکی دیکە دەگوازێتەوە، هەواڵی ئەمڕۆ ڕەت دەکاتەوە. ئەمەش ئەو شتەیە، کە دەزگای پڕوپاگەندەی سەر بەم بزووتنەوەیە شوێنکەوتووانی فێرکردووە شەرم لە ناکۆکی و دژبەرییەکانی ناو گوتاری حیزبەکە نەکەن، بەڵکوو شانازیی پێوە بکەن.
ئەگەرچی دوژمن گۆڕاوە، خائین هەر خائینە: بەئەخلاقیکردنی وەفاداریی
کاریگەرترین پاساو و ڕەوایەتیدانی بەردەستی بزووتنەوەکە هاوکات لە ڕووی ئەخلاقییەوە کاریگەرترینیشە، دەڵێت: ئەگەر پەکەکە چەکی دانەنایە، کوردێکی زۆر دەبوونە قوربانیی و ڕووبەڕووی جینۆساید دەبووەوە. وەکوو لە وتاری «دۆگماتیزم بەبێ دۆگما»دا گوتبووم پەکەکە ئایدیا نییە، کەسایەتییە. ناوەڕۆکی وتەی کەسایەتی-سەرۆکایەتی هەرچییەک بێت گرنگ نییە، بۆ نموونە، تاوەکوو پێش ٢٧ی فێبریوەریی ٢٠٢٥، هەموو پەکەکەییەک پێی وابوو، چەکەکانی دەستی گەریلا پیرۆزن، هەرگیز نابێت دابنرێن. لەو ڕۆژەوەی پەکەکە چەکی هەڵگرتووە، زیاتر لە چل ساڵ چەکی دەستی گەریلا پیرۆز بوو، بەپێی دوو ڕاپۆرتی جیاوازی سەر بەو تەڤگەرەش لەنێوان ٢٧ بۆ ٤٥ هەزار گەریلا شەهید بوون، لە شەڕی خەندەق لە ٢٠١٥دا، کە هێشتا کەس نازانێت بۆچی پەکەکە شەڕی هەڵگیرساند، کە بووە هۆی وێرانبوونی زۆربەی شارەکانی کوردستان و لەناوچوونی زۆرینەی پاشخانی مێژوویی و میراتی کوردستان بە دەستی سوپای تورک، کەچی تاوەکوو پێش ٢٧ی فێبریوەریی ٢٠٢٥ هەر کەسێک بیگوتبایە پەکەکە نابێت شەڕی چەکداریی بکات، ئەمە تەنیا زیانی بۆ کورد دەبێت، هەمووان بە خائین و بەکرێگیراو لە قەڵەم دەدران. تەنانەت ئەوانەی ڕەخنەیان گرتبوو لە بڕیاری نەزانراو و تاریک و نهێنیی هەڵگیرسانی شەڕی خەندەق لە ٢٠١٥ تاوەکوو ئێستاش، هەموویان ڕووبەڕووی ناوزڕاندن و بەسیخوڕدانان و سیخوڕی میتی تورکیی دەبوونەوە و هەندێکیشیان، یان لەناوبران یاخود لە ترسی کوشتن خۆیان شاردەوە. ئایدیۆلۆجیای پەکەکەش ڕەوایەتیی ئەخلاقیی بۆ ئەم هێرشانەی خۆی بۆ سەر ڕەخنەگران دەهێنایەوە، ئەوە تەنیا ئامادەیی پەکەکەـیە و چەکەکانی دەستییەتی دەوڵەتی تورکی ترساندووە، هەر ڕەخنەگرێک و خائین و بەکرێگیراوە. کەچی لەناکاو سەرجەمی قابلەمەکە قڵپ دەبێتەوە، بێ ئەوەی هیچ پەکەکەییەک بزانێت، هیچ شوێنکەوتوویەک، سەرەداوێکی هەبێت، لەناکاو ئۆجەلان لە ٢٧ی فێبریوەریی ٢٠٢٥دا گوتی پەکەکە چەکی خۆی دابنێت و باوی شەڕی چەکداریی و خۆبەڕێوەبەریی و تەنانەت باوی مافی کولتوورییش نەماوە. لەپڕ هەموو ئەو پەکەکەییانەی تاوەکوو چەند چرکەیەک پێش ئەو بۆمبە، بەرگریان لە شەڕی چەکداریی دەکرد، لەناکاو بوونە لایەنگرانی ئاشتیی و هەموو ئەوانەیان ئەخلاقییانە تۆمەتبار دەکرد، کە ڕەخنەیان لە بڕیار و تاکڕەوییەکەی ئۆجەلان دەگرت. زۆرێک لە ڕەخنەکان پەیوەندییان بەوەوە نەبوو ئایا پەکەکە شەڕ بکات، یان شەڕ بووەستێنێت، بەڵکوو زۆربەیان پەنجەیان بۆ ئەوە ڕادەکێشا، چۆن دەکرێت کەسێک لە زیندانی دوژمنەوە، بۆ زیاتر لە ٢٧ ساڵ یاری بە چارەنووسی نەتەوەیەک بکات، کە گەورەترین قوربانی داوە.
ئێستا گوتارە بەئەخلاقییکراوەکە بەمجۆرە پێچی پێ لێدرا: هەموو ئەوانەی لە تاراوگە و لەپشتی لاپتۆپەوە دانیشتوون و لە ژیانێکی خۆشدا دەژین، داوا دەکەن کوردان بچن خۆیان بەکوشت بدەن. ئۆجەلان لە ڕاستییدا کوردی لە جینۆساید ڕزگارکردووە. وەکوو بڵێیت تاوەکوو ٢٧ی فێبریوەریی ٢٠٢٥ کەس نەیزانی بێت کورد هەڕەشەی لەسەرە، بە بانگەوازێکی چەکدانان، کورد ڕزگاری دەبێت. ئێستا دوژمن گۆڕاوە، ئەردۆغان و تەنانەت توندڕەوترین ڕووخساری فاشیزمی تورکیی، دەوڵەت باخچەلیی لە شەو و ڕۆژێکدا، بەهۆی بانگەوازی سەرۆکەوە، لای شوێنکەوتووان پیرۆز و ڕێزلێگیراو کران، بەڵام ڕەخنەگران وەکوو خۆیان مانەوە: خائین. ناسنامەی ڕەخنەگری پەکەکە هەرگیز نەگۆڕدرا، چ لە سەردەمی شەڕی چەکداریی، چ ئەوەی ناویان لێناوە ئاشتی، هەموو ڕەخنەیەک لە پەکەکە هەر لە خیانەتدا کۆتایی دێت. دەکرێت دوژمنی باوەکوشتەی دوێنێ، باخچەلی، ئەمڕۆ ببێتە هاوپەیمان و بەڕێز، بەڵام کوردی ڕەخنەگر و ناهاوڕا لەگەڵ ئۆجەلان، بۆ ئەبەد مەحکومە بەوەی بە خائین بمێنێتەوە و لە ڕووی ئەخلاقیی و مۆڕاڵییەوە بەنزمتر سەیر بکرێت.
با هەندێک بچینە ناو ڕەهەندی تیۆریی ئەم بابەتەوە: پەکەکە، یاخود ڕوونتر، ئۆجەلان خاوەن هەر بانگەشە و بانگەوازێک بێت، هەر ناوەڕۆکێکی هەبێت، ناچێتە ژێرباری ڕەتکردنەوەوە، ئێستا وەکوو محەمەدی مەهدی، یاخود عیسای مەسیح دەردەکەوێت، کە هاتووە بۆ پاراستنی ژیانی خەڵک، هەمان ئەو خەڵکەی تاوەکوو دوێنێ بۆ ئەو خۆیان بەکوشت دەدا. لێرەدا، هەموو لێدوانێکی ئۆجەلان وەکوو بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگر بۆ ئارگیومێنت و جەوهەری سیاسیی بەرز دەبێتەوە. ئەوەی سەرۆک دەیڵێت، ئەوە یاسایە. ئەوەی سەرۆک دەیڵێت، نەتەوە دەیڵێت. جیاکارییەکەی ماکس ڤێبەر لەنێوان عەقڵانییەتی ئامرازیی (Zweckrationalität) و عەقڵانییەتی بەهایی (Wertrationalität) یارمەتیمان دەدات بە وردبینییەکی تایبەتەوە لەم مانۆڕە تێبگەین.
ئەو جیاوازییەی کە ڤێبەر مەبەستییەتی ئەوەیە کە عەقڵانییەتی ئامرازیی کردەوەکان بەگوێرەی کاریگەرییە چاوەڕوانکراوەکەیانەوە لە گەیشتن بە ئامانجێکی تایبەتدا دەنرخێنێت؛ کەچی عەقڵانییەتی بەهایی ئەوەیە کە کردە و جووڵە لەسەر بنەمای بەهایەک ئەنجام دەدرێت، کە لە کڕۆک و بێمەرج گرنگە، بەبێ بیرکردنەوە لە ئەنجامەکانی، ڕێگەمان بۆ خۆش دەکات بڵێین، چەکدانان بەوەدا ژیانی خەڵک دەپارێزێت، بانگەشەیەکی ئەزموونیی، پێشنیازێکی ئامرازییە، ئەوا دەبێت بەگوێرەی ئاکامەکانی تاقی بکرێتەوە و بپێورێت: ئایا ئەم ڕێککەوتنە تاکلایەنە، لە ڕاستییدا دەبێتە دابینکەری ئاساییش و ئەو مافانەی بەڵێنی بەدیهێنانیانی دابوو، ئەگەر بەڵێ، بە چ پێوەرێکی باوەڕپێکراو؟ بەڵام هەر کە بانگەوازەکە-بانگەشەکە وەکوو ئەرکێکی ئەخلاقیی بێمەرج هاتە ئاراوە، نەوەک وەکوو ستراتیجێکی شایانی تاقیکردنەوە و هەڵسەنگاندن، ئەوا سەرجەمی باڵەخانەی بەڵگاندن و ئارگیومێنت دادەڕمێت. ڕەخنەگر بە هیچ شێوەیەک بانگ ناکرێت مافی مشتومڕ و ناکۆکیی لەسەر پێشبینیی دەرەنجامە سیاسییەکان هەبێت، بەڵکوو لە ڕێگەی بونیادی ڕەوانبێژیی و ڕیتۆریکی خودی بانگەشەوە فڕێدەدرێتە گۆشەیەکەوە، کە بێباکە بەرانبەر بە مەرگ و کوژرانی کوردان.
ئەم بەئەخلاقییکردنە پێویستی بە جەنگێکی سەرتاپاگیر لەپێناوی لەڕەوایەتیخستنی سیستەماتیکی ڕەخنەگران هەیە: ڕەخنەگرانی ئەم ئاراستە نوێیە وەکوو کەسانێک مامەڵەیان لەگەڵدا ناکرێت و نابینرێن کە هەڵەن، بەڵکوو وەکوو خائین، وەکوو سیخوڕانی بەکرێگیراو و مووچەخۆرانی دەزگا هەوڵگرییەکان و وەکوو دەسکەلایانی ناسیۆنالیزمی تورکی، یاخود وەک چۆن تاوەکوو پێش ٢٧ی فێبریوەریی ٢٠٢٥ وەکوو بەکرێگیراوانی میتی تورکیی و شەڕی تایبەتی دەوڵەتی تورک دەبینران و ئێستا لەناکاو دەبنە هاوپەیمانانی «فاشیزم و شۆڤینیزم و ناسیۆنالیزم»ی تورکی، کە خزمەت بە ناسیۆنالیزمی تورکیی دەکەن، بەوەدا ناسیۆنالیزمی تورکی دەزانێت پڕۆسەی ئاشتیی ئۆجەلان دەوڵەت-نەتەوەی تورکیی لەناو دەبات، بۆیە دژی ئەم پڕۆسەیەن و ڕەخنەگرانی سەر بانگەوازەکەی ئۆجەلانیش، کە دەڵێت تەنانەت کورد ئەگەر داوای مافی کولتوورییش بکات ئەوا ناسیۆنالیزم و نەتەوەپەرستیی پەڕگیر بەرهەم دەهێنێت، ئێستا وەکوو هاوپەیمانانی ناسیۆنالیزمی تورکیی و بگرە وەکوو خزمەتکارانی ناسیۆنالیزمی تورکیی دەبینرێن. بێگومان ئەگەر هەندێک ناسیۆنالیست-شۆڤینیستی تورک دژی پڕۆسەی بەناو ئاشتی وەستابێتنەوە، بەدڵنیاییەوە لەبەرئەوە نییە، کە ترسیان لەوە هەیە گوایە ئۆجەلان دەوڵەتی تورکی بەم بانگەوازە و بە چەکدانانی پەکەکە هەڵدەوەشێنێتەوە، لە کاتێکدا قووڵایی ناسیۆنالیزمی-شۆڤینیزمی تورکی، کە دەوڵەت باخچەلییە، خۆی لەگەڵ پڕۆسەکەیە و هەر خودی پڕۆسەکە بە دەستپێشخەریی ئەو بووە، بەڵکوو دژایەتیی بەشێکی کەم لە ناسیۆنالیستی تورک بۆ دوو هۆکار دەگەڕێتەوە:
یەکەم، هەموو دانووستانێکی دەوڵەت لەگەڵ ئۆجەلان، ئەگەر تەنانەت بە خۆڕادەستکردنی تەواوەتیی ئۆجەلانیش بێت، ڕەت دەکەنەوە و بە سوکایەتیی بۆ دەوڵەتی تورکی دەزانن.
دووەم، بەشێکی تاکتیک و جەنگێکی سایکۆلۆجییە تاوەکوو ئەو بابەت و ئۆبجێکتی خۆبەدەستەوەدانە لای کورد و شوێنکەوتووانی پەکەکە بکەنە شتێکی خۆشویستراو و ئارەزووکراو، تاوەکوو زیاتر سوور بن لەسەری و بە دەستکەوت و گەورەیی بزانن.
چەندە ناسیۆنالیزمی تورک بەنەرێنیی لەسەر ئەم پڕۆسەیە قسە بکات هێندە پڕۆسەکە لای شوێنکەوتووانی ئۆجەلان خۆشەویستتر و ئازیزتر دەبێت. میکانیزمێکی زۆر بنچینەیی دەروونییە، کە ڕەنگە بەشی زۆری شوێنکەوتووانی ئۆجەلان نەتوانن لەم جەنگە دەروونییە تێبگەن، تاوەکوو پێیان بە تەواویی بەتەڵەی ستراتیجەکەوە دەبێت. ئەوانەی لە مێژوودا ئاگاداری ڕەهەندەکانی جەنگی سیاسیی و سەربازیی و سایکۆلۆجیین لەنێوان نەتەوە و دەوڵەتەکاندا، ناسینەوەی ئەم پرسە بۆیان شتێکی زۆر زەحمەت نابێت.
لەلایەکی دیکەوە، تێگەیشتن و لێکدانەوەی کارل شمیت بۆ چەمکی سیاسی ئامرازێکی زۆر بەهێزمان بۆ تێگەیشتن لەو خاڵ و پنتە دەخاتە بەردەست، کە بۆچی ئەم جۆرە مۆرکلێدانەوەیە ڕوودەدات و چما لە ڕووی بونیادییەوە پێویست بووە. لای شمیت، ناسنامەی سیاسیی وەکوو گشت لە ڕێگەی توانای کێشانی سنوور و جیاوازیی نێوان دۆست و دوژمندا دێتە ئاراوە: ئەو نەتەوەی نەتوانێت ناوی دوژمن بهێنێت، یاخود چیدیکە ناوێکی بۆ دوژمنی ڕاستەقینە نەبێت، بە هەموو مانایەک گرنگی و هەنووکەییبوونی سیاسیبوون لەدەست دەدات و دەبێتە بوونەوەری دەرە-مێژوویی. لای شمیت دوژمن پێویست ناکات شەیتان و خراپ، یان قێزەون و ناشرین بێت، بەڵکوو تەنیا و بەسادەیی دوژمن بریتییە لە بەرجەستەبوونی ڕێگەیەکی جێگرەوە، جیاواز و نامۆییبوون، کە جیاوازییەکەی هەڕەشەی لەناوچوونی لەسەرە، کاتێک بیەوێت لەناو جیاوازییەکی گەورەتردا بتوێتەوە و تێکەڵی ببێت، لەناو دەچێت و چیدیکە وێنەی دوژمنی نامێنێت.
بۆیە، کاتێک وێنەی دوژمنە مێژووییەکەی پەکەکە، واتا دەوڵەتی تورک، هەڵدەگەڕێنرێتەوە و دەشێوێنرێت، بە تایبەتی لەسەر خواستی ئۆجەلان خۆی، کە ئێستا لە دوژمنی باوەکوشتەی دوێنێوە، دەبێتە کۆماری دڵخوازی کورد و هەمووان، بە گوتەی ئۆجەلان خۆی، هاوشێوەی ڕەهەندە فاشیستییەکەی دەوڵەت، مەهەپە، دەبێتە پایەی سێیەمی ئەم دەوڵەتە، ئێستاش لە دۆخی پێش گەیشتن بەم ئامانجەدا، دەبێتە لایەنی دانوستانکەر، ئەوا بزووتنەوەکە، ئۆجەلان و شوێنکەوتووان ڕێک ئەو شتە لەدەست دەدەن، کە خودی ناسنامەی سیاسیی ئەو بزووتنەوەیەی دروست کردبوو: دوژمن. بەڵام لەبەرئەوەی ناسنامەی بنچینەیی ئەم بزووتنەوەیە لەسەر بنەمای دوژمن دامەزرا بوو، ئێستا دوژمن نابێت لە ئابووریی دەروونیی ئەم بزووتنەوەیە دوور بکەوێتەوە، بەڵکوو تەنیا شوێنگۆڕکێ ڕووبدات.
لە ئێستادا، ڕەخنەگرانی کورد، جیاوازبیرکەرەوە و ئازادبیرن، کە دەبوو بە ناسنامەی خۆیان وەکوو هاوپەیمان ببینرێن، پێگەی دوژمن لە دەروون و مێنتاڵیتە و ئابووریی سایکۆلۆجیی پەکەکەـدا داگیر دەکەن، نەوەکوو لەبەرئەوەی ئارگیومێنتەکانی ڕەخنەگران گۆڕاون، بەڵکوو لەبەرئەوەی ئێستا پێگەی دوژمن گۆڕاوە: چیدیکە دەوڵەتی تورک دوژمن نییە، بەڵکوو لەسەر ڕێگەیە ببێتە نیشتمانی هەمووان و هەموو ڕەخنەیەکیش لە ئۆجەلان، هەوڵە بۆ لەناوبردنی ئەم نیشتمانە خەیاڵییە بێ دوژمنە. لێرەشەوە دەتوانین لەوە تێبگەین، کە بۆچی ئۆجەلان دەڵێت «کورد دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە» و وەکوو کێشەیەکی کۆمەڵایەتییش دەبێت لە گۆشەنیگای کۆمەڵناسییەوە چارەسەر بکرێت، چونکە مادام کورد لە هەبوونی دوژمنی سیاسیی داماڵراوە، ئەوا چیدیکە پێویستی بە ناسنامەی سیاسیی-نەتەوەییش نامێنێت، لەم ڕووەوە چیدیکە پێویستیی بە سەروەریی جیاوازی سیاسییش نابێت. ئێستا کورد دەکرێت هاوچەرەنووسی دەوڵەتی تورکان بێت.


