چوار ساڵ بەر لە ئێستا، شەپۆلێک لە خاک و ڕوحی کوردستانەوە سەری هەڵدا، کە نەوەکوو تەنیا جوگرافیای سیاسیی ئێرانی داگیرکەر، بەڵکوو پەیوەندییە فیکری و کۆمەڵایەتییەکانی ناوچەکە و جیهانیشی هەژاند. ڕاپەڕینی ژینا، تەنیا توڕەیییەکی کاتیی و بێبەرنامە نەبوو بەرانبەر بە زوڵم و سەرکوتکاری، بەڵکوو وەچەرخانێکی جەوهەری و فەلسەفی بوو لە مێژووی خەباتی ئازادیخوازانەدا. ئەم سەرهەڵدانە جۆرێک لە لەدایکبوونەوەی هۆشیاریی سیاسی و نەتەوەیی بوو، کە چیدیکە بە ئامرازە کۆنەکانی دەسەڵاتی داگیرکەر پاشەکشەی پێ ناکرێت. ئەمڕۆ، کە بەرەو چوارەمین ساڵوەگەڕی ئەم گوڕپێدانە مێژوویییە هەنگاو دەنێین، ژینا چیدیکە تەنیا بەسەرهاتێک، یان یادەوەرییەکی ڕابردوو نییە، کە لە لاپەڕەکانی مێژوودا هەڵبگیرێت، بەڵکوو گوتارێکی زیندوو و داینامیکە، کە لە قوڵایی ژیانی ڕۆژانەی کۆمەڵگەدا نەخشەی داهاتوو دەکێشێت و ڕێڕەوی خەبات بەرەو ڕزگاریی نەتەوەیی دیاری دەکات.
یەکێک لە دیارترین دەستکەوتەکانی ئەم بزووتنەوەیە، داماڵینی یەکجارەکیی مەشرووعییەت بوو لە سیستەمی سیاسیی حوکمڕانی داگیرکاری. دەسەڵاتێک، کە لەسەر بنەمای زۆر و ئایدۆلۆجیای جەبر دامەزراوە، لە ڕووی هزری و ئینتیمای کۆمەڵایەتییەوە تووشی قەیرانێکی بێگەڕانەوە بووە، کە بە هیچ ڕووکەشکاری و بەڵێنێک چاک نابێتەوە. لە لایەکی دیکەوە، ئەم ڕاپەڕینە توانی تێگەیشتنی نەریتی بۆ چەمکی خەبات بگۆڕێت. بە هێنانەپێشەوەی ژن وەکوو بکەری سەرەکیی گۆڕانکاری، ئازادیی کۆمەڵگە بە ئازادیی ژنەوە بەستراوەیەوە و فۆڕمێکی ئینسانی و بەرفراوانی وەرگرت. هاوکات، ژینا هێزی فکر و بەرخۆدانی لە کوردستانەوە گوستەوە بۆ ناوەندی سەرەکیی ئاڵوگۆڕیی سیاسی و سەلماندی، کە کوردستان ناوەندی بڕیاردانی چارەنووسی خۆیەتی. لەم پڕۆسەیەدا، نەوەی نوێ بە تەواوی لە گوتار و بەها سەپێنراوەکانی دەسەڵاتی سەردەست دابڕا و بنەمایەکی فەرهەنگی نوێی لەسەر بنەمای کەرامەت و ئازادیی زات و سەربەخۆیی فکری دامەزراند.
هەڵەیەکی گەورەیە، ئەگەر زێنتی شۆڕش تەنیا لە ئامادەیی بەردەوامی شەقامدا کورت بگوڕدرێتەوە، چونکە شۆڕش لە جەوهەردا پڕۆسەیەکی درێژخایەنی هۆشیاربوونەوە و گۆڕینی پەیوەندییە هێزییەکانە. ئەگەرچی دەسەڵات بە بەکارهێنانی توندوتیژی و سەرکوتی ئاشکرا توانیویەتی شێوازی دەربڕینی ڕاستەوخۆی شەقام هێور بکاتەوە، بەڵام چەمک و ڕوحی ڕاپەڕینەکە چووەتە نێو قوڵایی جومگەکانی دیکەی کۆمەڵگەوە. ئەمڕۆ هونەر و ئەدەبی بەرخۆدان، وەکوو موزیک و گرافیک و شیعر، بوونەتە سەنگەری نوێی پاراستنی بیرۆکەی ژینا و گواستنەوەی بۆ نەوەکانی داهاتوو. هاوکات، بەرخۆدانی مەدەنیی ڕۆژانە و ڕەتکردنەوەی یاسا نادادپەروەرەکان بوونەتە نەریتی ڕۆژانەی ژنان و گەنجان لە ناوچە جیاوازەکاندا. تەنانەت لە ئاستی ئەکادیمی و هزریدا، خوێندنەوەی ڕەخنەیی و وتووێژە فیکرییەکان لەسەر ئازادی و حوکمرانیی نیشتیمانی و دادپەروەری گەشەیەکی بێوێنەی بەخۆیەوە بینیوە و بناغەی داهاتوویەکی جیاواز دادەڕێژێت.
ئەم جووڵانەوەیە سەلماندی، کە گۆڕانکاریی ڕاستەقینە لە ڕێگەی کارکردن لەسەر هۆشیاریی گشتی و بەهێزکردنی ئیرادەی ڕزگاریخوازی دروست دەبێت. ناو و جەوهەری ڕاپەڕینی ژینا، ڕەتکردنەوەی هەموو شێوازەکانی ژێردەستەیییە؛ ئەو ئاراستە مێژوویییەی کوردستان گرتوویەتییە بەر، تەنیا ڕاکێشانی سنوور بە دەوری ئازادییە ڕووکەشەکاندا نییە، بەڵکوو بڕوابوونە بە مافی ڕەوای دیاریکردنی چارەنووس و بونیادنانی دەوڵەت و کیانی سەربەخۆی خۆی. کۆمەڵگەیەک، کە چەندین دەیە لەژێر چەوسانەوە و داگیرکاریدا بووە، ئێستا گەیشتووەتە ئەو قۆناغەی کە ڕزگاریی یەکجارەکی لە ڕاماڵینی یەکجارەکیی دەسەڵاتی داگیرکەر و گەیشتن بە سەربەخۆییدا دەبینێتەوە. بەردەوامیی ئەم ڕێبازە لە چوار ساڵی ڕابردوودا، دەرمانی ئەو بێئومێدییەیە، کە سیستەمی سەرکوتکەر هەوڵی بڵاوکردنەوەی دەدات، چونکە کاتێک کۆمەڵگەیەک بەئاگا هاتەوە و مافی سەروەریی خۆی ناسییەوە، ئاراستەی مێژوو بەرەو ئازادی و سەربەخۆیی وەردەچەرخێت و ئەستەمە بگەڕێنرێتەوە بۆ دۆخی پێشوو.
لە کۆتاییدا، بەرەو چوارەمین ساڵوەگەڕ چوون بەواتای نوێکردنەوەی بەڵێنە بۆ تێکۆشانێکی پێگەیشتووتر و پشوودرێژتر و هۆشیارانەتر بەرەو بەدیهێنانی خەونی مێژوویی نەتەوەیەک. ژینا نەوەکوو تەنیا ناوی ڕاپەڕینێک، یان ڕووداوێکی مێژووییە، بەڵکوو نەخشەڕێگایەکی ڕوونە بۆ داڕشتنەوەی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ، کە تێیدا کەرامەتی مرۆڤ و ئازادیی ژن و سەروەریی خاکی کوردستان ببنە بنەمای نەگۆڕی دادپەروەری. ئەم ڕێگە بڕدراوە، بەڕوونی نیشانیدا، کە ئیرادەی جەماوەر بۆ دەستەبەرکردنی سەربەخۆیی و بەرەنگاربوونەوەی ستەمکاری، ڕێڕەوێکی بێگەڕانەوەیە و هیچ هێزێک ناتوانێت چەرخی مێژوو بۆ دواوە بگەڕێنێتەوە.


