سەردار محەمەد
ساڵانێکە، لەگەڵ مەرگی هەر نووسەر و هونەرمەند و ڕووناکبیرێکی گەورەدا، بەدیار دووبارە بوونەوەی دیمەنێکەوە دەتاسێین: “پرسە چۆڵ و مزگەوت چۆڵ و سەرگۆڕ چۆڵ!” ڕووناکبیران تەنها و بێکەس بەرەو دوا ماڵی ژین بەڕێ دەکرێن.
چەند مانگێک لەمەوبەر، “سمکۆ ناکام”ی پێشەنگی هونەری شانۆی کوردی و داهێنەری شانۆگەرییە درەوشاوەکانی “لانەوازان” و “چەخماخە”، کە دواهەمین ڕۆژەکانی ژیانی بەنەداریی و دەردەداریی لە خانەی بەساڵاچووان لە ئەڵمانیا بەسەربرد، لەوپەڕی بێکەسی و تەنهاییدا سەری نایەوە. ناکام ئەوەندە دڵی لەم وڵاتە شکابوو، وەسیەتی کرد کە تەرمەکەی بسوتێنن و نەیبەنەوە بۆ “کوردستان”!
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، کە مامۆستا حوسێن عارف کۆچیدوایی کرد، چ دیمەنێکی خەمناک بوو ژمارەی ئەوانەی بەدەوری تەرمەکەیەوە بوون لە پەنجەی دەست تێنەدەپەڕین!
دیمەنی تەنیایی لەتیف هەڵمەتـیش، کە بەسەر تەرمی ئازیزترین کەسیەوە، بۆ لەش بەباری و بێکەسیی خۆی دەیناڵاند، دیسان برینەکەی کولاندیینەوە!
بەڕاست بۆچی ئەم مرۆڤە گەورانە، کە کولتووری کوردییان بەرهەمهێناوە و مێژووی ئەدەب و هونەری ئێمەیان دروست کردووە، وەک هەموو نەتەوەکانی دنیا، بەڕێزێکی شایستەوە ماڵئاواییان لێناکرێ و هاوسۆزی و پشتیوانییەکی ڕاستەقینە پێشکەش بەخێزانەکەیان ناکرێت لەکاتی خەم و پەژارەیاندا؟!
ئایا دەکرێت “کۆمەڵایەتی نەبوون و ئامادەنەبوونیان لە پرسەی خەڵکیی و گۆشەگیرییان”، بکرێت بە پاساو بۆ ئەوەی بەتەنها بەجێبهێڵدرێن، لەکاتێکدا ئەوان جوانترین شاکاری هونەریی و ناوازەترین دەقی ئەدەبییان پێشکەش بە زمانی کوردی و بە ئێمە کردووە؟!
لەڕاستیدا چۆڵیی پرسەی ڕووناکبیران و دووبارەبوونەوەی ئەم دیمەنانە، زۆر سروشتی و ئاسایین. بۆ تێگەیشتن لەوەی کە بۆچی سروشتی و ئاسایین، پێویستە لە ڕەهەندێکی دیکەوە لەم پرسە بڕوانین. ئەمڕۆ هەموو ئەو مرۆڤانەی کە لە کوردستان دەکەونە دەرەوەی بازنەی “کولتووری ئیسلامی و خێڵ و حیزب”ـەوە، تەنیا و گۆشەگیر دەکەونەوە. با زیاتر پەنجە لەسەر برینەکان دانێین.
کولتووری ئیسلامی
کولتووری ئیسلامی بە مانا فکری و کۆمەڵایەتییەکەی، نەک سیاسیەکەی، هیچ کاتێک بە ئەندازەی ئەمڕۆ لە کوردستاندا باڵادەست نەبووە، کاریگەرییەکی هێندە قووڵی لەسەر ئاراستەی بیرکردنەوە و ژیانی کۆمەڵایەتی دروست کردووە، کە تەنانەت زۆربەی ئەندامانی حیزبە “نا”ئیسلامییەکانیش ئێستا هەڵگری هەمان بیرکردنەوەی ئیسلامییەکانن.
هەر کەسێک لە ژیانیدا ئەهلی مزگەوت نەبووبێت، مرۆڤێکی چەند داهێنەریش بووبێت، پرسە ئەو ساتەیە کە تێیدا سزا دەدرێت. ئەمە لەم چەند ساڵەی دواییدا بەرامبەر بە چەندین کەسایەتی و ناوی درەوشاوەی هونەری و ئەدەبی دووبارە بووەتەوە! بۆ ئەوەی بەڕای گشتی بڵێن: ئەمە ئاقیبەتی هەموو ئەوانەیە کە ڕوو لە مزگەوت ناکەن.
خێڵ و عەشیرەت
خێڵ و عەشیرەت هێزێکی دیکەی کۆمەڵایەتین، کە دیسان توانای خەڵک کۆکردنەوە و دروستکردنی قەرەباڵغییان هەیە لەکاتی شین و شادیدا.
هەرچەندە لەم سەدەی بیست و یەکەمەدا، کە تەکنەلۆجیا و زیرەکیی دەستکرد، هەموو ڕەوتی ژیانی مرۆڤی گۆڕیوەو “تەنیایی” سیمای هەرە دیاری ئەم سەردەمەی ئێمەیە، کەچی هێشتا لە کوردستان هۆز و خێڵ نەک هەر بوونی خۆیان پاراستووە، بەڵکوو ساڵانە فێستیڤاڵی گەورەی پڕ لە حەشامات ڕێکدەخەن و سۆشیال میدیای هۆزەکانیش ڕۆژانە خەریکی نمایشکردنی هێز و ڕەسەنایەتی دیوەخانەکانی خۆیانن.
بێگومان بەشێکی فراوان لە هاووڵاتییانی کورد، هێشتا متمانەیان بە چەترە گەورەکە نییە بیانپارێزێت کە “نەتەوە”یە، بۆیە دەگەڕێنەوە ژێر چەتری خێڵ.
بەتایبەتی کاتێک هاووڵاتی هەست بەوە دەکات کە دامەزراوە یاساییەکان، زۆر لەوە لاوازترن لە کوردستاندا پشتیان پێببەستێت. وەک “ئەمریگۆ بۆناسیرا”ی فیلمی عەراب، کە بۆی دەردەکەوێت “هاووڵاتییبوون و پابەندبوون بە یاسا و ئەمریکییبوونێکی باش”، دادی نادات لەوەی یاسا مافی بۆ بسێنێ لەوانەی دەستدرێژییان کردوەتە سەر کچەکەی، بەناچار پەنا بۆ “دۆن کۆرلیۆن” دەبات تا تۆڵەی بۆ بکاتەوە.
زۆرێک لە خەڵکی کوردستان، دڵنیان لەوەی کە “دۆن کۆرلیۆن”ی خێڵەکان و حیزبەکان باشتر دەیانپارێزێن تا یاسا و دادگا و ئاسایش و پۆلیس! تەنانەت خەڵکێک کە تاوانیش ئەنجام دەدەن، ئەگەر “پشتێکیان هەبێت”، بە سوڵح و سوڵحکاریی دەرباز دەکرێن لە سزادان.
لەناو خێڵدا، کار بەو ڕێسایە دەکرێت “بەخەمی خزمەوە بیت، خزم بەخەمتەوە دەبێ”، ئیتر یەکێك لە دڵخۆشی و شانازییەکانیان ئەوەیە پرسەکانیان جمەی دێ و جێی یەکێکی تری تیا نابێتەوە.
خێڵ، کە بەرگەی بیرۆکە و شێوازی ژیانی جیاواز ناگرێت، هونەر و ڕووناکبیریی و عەقڵی کراوەی بۆچییە؟!
لە کولتووری خێڵدا، مرۆڤی ڕەسەن و ناڕەسەن هەیە، ڕەسەنەکەیان عەشایرە!
حیزبەکان
حیزبەکان هێزێکی دیکەن، کە ڕۆڵێکی گەورە لە پرسەدا دەگێڕن، بەپێی گرنگی پۆست، پلەی حیزبیی، زۆری و کەمیی ساڵانی خزمەتی کۆچکردووان و بەگوێرەی خزمایەتیشیان لەگەڵ سەرکردە و بەرپرسان، قەرەباڵغییان بۆ دروست دەکرێت، تەنانەت هەندێک لە پرسەکانیان، هاوشێوەی ئاهەنگ دەڕازێنرێنەوە.
حیزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستانیش تەنها گرنگی بەو شاعیر و نووسەر و هونەرمەندانە دەدەن کە کاریان لەسەر جوانکاریی و سپیکردنەوەی مێژووی ڕەشیان کردبێت، ئەگینا ئەوانەی دوای حیزب و سەرکردەکانیان نەکەوتبن، هەمیشە پەراوێزخراون و تا توانیویشیانە ناشیرینیان کردوون.
حیزبیش، شاعیر و هونەرمەند و ڕووناکبیری ڕاستەقینەی بۆ چییە؟! حیزب پێویستی بە”شایەرە”!
بەکورتی، ئیسلامییەکان و خێڵەکان و حیزبە دەسەڵاتدارەکان، کە بە ناوی ئایین و دابونەریت و نەتەوە و ئەخلاقەوە قسە دەکەن و لەسەر ئەرزی واقیع کارا و قەرەباڵغییان دروست کردووە، بەپێی ڕێسای سوود و بەرژەوەندیی “بزنسەکانیان”، مامەڵە لەگەڵ پرسە و ماتەمینی کەسەکان دەکەن!
لای ئەوان، ڕووناکبیریی و هونەر و ئەدەب و نیشتیمانپەروەریی بە”فلسێک”، ئەوان گرنگی بە نووسەر و شاعیر و هونەرمەندە زیندووەکان نادەن، چ بگات بە مردووەکان!
ئەم کولتوورە باڵادەستانە کە هەموو بەهایەکی جوانیان لە کۆمەڵگەی کوردیدا کوشتووە، بەگشتی گوێڕایەڵی وەک فەزیلەتێک و ڕەخنە و پرسیارکردنی ڕووناکبیرانیش وەک هەڕەشەیەک دەبینن.
لەم کولتوورەدا، ڕووناکبیرانێکی ڕاستەقینە کە دوای قەرەباڵغییەکی ڕواڵەتی و پڕ لە ڕیاکاریی نەکەوتبن و ئازادی و تاکایەتی خۆیان لەدەست نەدابێت، پرسەکانیان هەر چاوەڕوانی ئەو دیمەنە چۆڵ و هۆڵانەی لێ دەکرێت.
ئەوە نەتەوە زیندووەکانن کە دەزانن چۆن ڕێزێکی شایستە لە هونەرمەند و نووسەر و ڕووناکبیرە گەورەکانیان بگرن و وەک بەنرخترین سەرمایەی نیشتمانی لێیان بڕوانن، نەک عەقڵیەتی وڵاتێکی وەک کوردستان کە بەسەختی نەخۆشە!
کەواتە بیهینە بەرچاوت پرسەکەت: زۆر سروشتی و ئاساییە چارەنووسی خەمناکی سمکۆ ناکام و حوسێن عارف و ناڵە ناڵی لەتیف هەڵمەت، چارەنووسی هەموو ئەو ڕووناکبیر و مرۆڤە تەنیا و یاخیانە بێت کە دڵیان بۆ قەرەباڵغیی مزگەوت و بۆ گەلەکۆمەکی دیوەخان و بۆ گوێڕایەڵی لق و مەڵبەند و خزمەتکاریی حزبەکان لێ نادات.



