شەهیدکردنی ژینا ئەمینی تەنیا ڕووداوێکی بەڕێکەوت، یاخود پەیوەست بە ڕێساکانی پۆششی زۆرەملێ لە ئێراندا نەبوو، بەڵکوو خوێندنەوەی ڕاستەقینەی ئەم ڕووداوە تەنیا لەناو چوارچێوەی پرسی ڕەوا و دۆزی مێژوویی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا مانای تەواوی خۆی وەردەگرێت. مێژووی دەسەڵاتە سەنتراڵەکانی ئێرانی داگیرکەر هەمیشە کورد وەکوو پەراوێزێکی مەترسیدار و جیاواز لە ناسنامەی سەپێنراوی ناوەند بینیوە. جەستەی ژینا، جەستەیەکی کوردی بوو، هەمان ئەو ناسنامەیەی ساڵانێکە لە لایەن دەسەڵاتەوە هەوڵی سڕینەوە و پەراوێزخستنی دەدرێت. سزادانی ژینا لە تاران، درێژکراوەی هەمان ئەو سیاسەتە مێژووییەی دەسەڵاتە، کە هەر دەنگ و ڕەنگێکی جیاوازی دەرەوەی چوارچێوە سەپێنراوەکانی ناوەند بە هەڕەشە بۆ سەر بوونی خۆی دەبینێت. ئەم توندوتیژییە سیستەماتیکە لە بۆشاییەکدا گەشەی نەکردووە، بەڵکوو بەرهەمی ئەقڵیەتێکە، کە هەموو جیاوازییەکی کولتووری و نەتەوەیی وەکوو ئامرازێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی یەکێتیی دروستکراوی خۆی تەماشا دەکات.
ژینا لە شوێنێکدا ژیانی لێ زەوت کرا، کە ناسنامەی کچە کوردێک لە تاراندا، بە هەڵگری جیاوازیی نەتەوەیی و کولتووری و ڕوانگە دەبینرا. ئەم جیاوازییە تەنیا لە ئاستی ئاخاوتن بە زمانێکی دیکەدا نانوێنێت، بەڵکوو بڕوانامەی ئامادەیی مێژوویی و ڕەتکردنەوەی ژێردەستەییە، کە لە جەستە و کەسایەتی یەک بەیەکی تاکەکانی کوردستاندا ڕەنگی داوەتەوە. كاتێک ژینا لە ناوەندی دەسەڵاتدا ڕووبەڕووی تووندوتیژی بووەوە، ئەمە ڕووبەڕووبوونەوەی دوو فەلسەفەی جیاواز بوو؛ فەلسەفەی سەپاندن و یەکپۆشیی ناوەند، لەگەڵ فەلسەفەی سەربەستی و خۆڕاگریی کوردبوون. تاوانەکە تەنیا داپڵۆسینی ئازادییەکی تاکەکەسی نەبوو، بەڵکوو هەوڵێک بوو بۆ ڕامکردنی هۆشیارییەکی بەکۆمەڵ، کە سڵ لە گوێڕایەڵی ناکاتەوە و بەها خۆبەڕێوەبەرییەکانی سپۆنسەری ژیانی ڕۆژانەی دەکەن.
دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” و ئەو ڕاپەڕینەی دوای کوژرانی ژینا لە سەقز و سنە و شارەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتەوە سەری هەڵدا، گەواهی ئەوە دەدەن، کە ئەم پرسە ڕەگ و ڕیشەی لە هۆشیاریی سیاسیی کوردستاندا هەیە. لە ڕاستیدا کوردستان جارێکی دیکە سەلماندی، کە مۆڵگەی سەرەکیی تێکۆشان و بەرەنگاربوونەوەی زوڵمە. ژینا لەم هاوکێشەیەدا بووبووە خاڵی بەیەکگەیشتنی دوو جۆر لە چەوسانەوە؛ چەوسانەوەی جێندەری و جیاکاریی نەتەوەیی. ئازادیی ژن لە کوردستاندا جیاواز نییە لە ئازادیی گشت نەتەوەکە و ناکرێت ڕەهەندە جێندەرییەکەی لە ڕەهەندە سیاسی و کۆمەڵایەتییە نەتەوەییەکەی داببڕدرێت. لە بنەڕەتدا ژن لە کۆمەڵگەی کوردیدا تەنیا قوربانی نییە، بەڵکوو کارەکتەری سەرەکیی پاراستنی زمان و کولتوور و بەردەوامیدانە بە خەبات، بۆیە بەئامانجگرتنی ژینا، لێدانبوو لە بڕبڕەی پشتی بەرهەمهێنانەوەی ناسنامەی کوردی.
هەوڵدان بۆ دابڕینی کوژرانی ژینا لە پرسی کوردستان و کەمکردنەوەی بۆ بابەتێکی کاتیی، یان مافێکی ڕووکەشیی بەکاربەری و نادیدەگرتنی ڕەگی مێژوویی ئەو زوڵمەیە، کە دەیان ساڵە بەسەر نەتەوەی کورددا سەپێنراوە. دەسەڵات تەنیا لە ڕوخساری ژینادا کچێکی ناڕازیی نەبینی، بەڵکوو نەتەوەیەکی بینی، کە ئامادە نییە بپوکێتەوە و لەناو ناسنامەی ناوەنددا بتوێتەوە. ژینا نەوەکوو تەنیا سیمبولی مەزڵومیەتە، بەڵکو بووبووە وەرچەرخانێک لە مێژووی خەباتی سەربەرزانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا و خاڵی دەستپێکی قۆناغێکی نوێ لە ڕاپەڕینی کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی. ئەو چەمک و ئاراستەیەی لە گۆڕستانی ئایچی سەقزەوە بە ڕستەی «ژینا گیان تۆ نامری، ناوت دەبێتە ڕەمز» دەستی پێکرد، سنوورەکانی جوگرافیای بەزاند و پیشانی دا، کە پرسی کورد توانای ئەوەی هەیە بێتە تەوەری سەرەکیی گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکان.
لێکۆڵینەوە لە پاشخان و دەرئەنجامەکانی ئەم کارەساتە ئاشکرای دەکات، کە گوشارە پێکهاتەییەکان و ڕوانگەی ئاساییشپارێزیی ناوەند بەرانبەر بە کوردستان، هەمیشە زەمینەسازی بۆ بەکارھێنانی تووندوتیژیی بێسنوور دەکەن. کاتێک ناوەند ناتوانێت جیاوازییە نەتەوەیی و کولتوورییەکان له چوارچێوەی سیستەمێکی دادپەروەرانەدا لەخۆ بگرێت، ڕێگەی سەرکوت وەکوو تاقە ئامرازی زاڵبوون هەڵدەبژێرێت. بەڵام کاردانەوەی خێرا و سەرانسەریی خەڵکی کوردستان ئاماژەیەکی ڕوون بوو بۆ ئەوەی کە توندوتیژیی دەسەڵات نەیتوانیوە ئیرادەی جەماوەری تێک بشکێنێت، بەڵکوو تەنیا جیاوازی و مەودای نێوان ناوەند و پەراوێزی قوڵتر کردووەتەوە و هۆشیاریی نەتەوەیی بەهێزتر کردووە.
لە کۆتاییدا، هەر خوێندنەوەیەک، کە بیەوێت ژینا لە زێد و لە مێژوو و لە ناسنامە کوردییەکەی داببڕێت، هەوڵێکە بۆ شێواندنی حەقیقەتی ڕووداوەکە و زەوتکردنی مانای ڕاستەقینەی ئەو قوربانیدانە. ژینا بەهۆی ئەو مێژوو و ناسنامەیەی هەڵیگرتبوو بووە ئامانج، وەڵامی کوردستان و خەڵکەکەی بۆ ئەم کارەساتەش ئاماژەیەکی ڕاشکاوانە بوو بۆ ئەوەی کە دۆزی کورد بە شەهیدکردنی ڕۆڵەکانی نەوەکوو بێدەنگ نابێت، بەڵکوو دەبێتە هەوێنی بەردەوامیی و خەبات لەپێناو گەیشتن بە ئازادیی و کۆتاییهێنان بە چەوساندنەوە و بەدیهێنانی ڕزگاریی یەکجارەکی.


