وەبەرهێنان لە دروستکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی داهێنانی مۆدێلێکی وەبەرهێنانە کە لە بەشێکی زۆریدا پشت بە داگیرکردن و وێرانکردنی خاک و سروشتی کوردستان دەبەستێت و بەهیچ شێوەیەک ڕەنگدانەوەی زۆربوون و هەڵکشانی ژمارەی دانیشتوانی هەرێم نییە. هاوکات، وەبەرهێنان لە دروستکردنی یەکەکانی نیشتەجێبووندا کەرتێکی قۆرخکراوە لەلایەن ئەوانەی لەم ساڵانەی دواییدا لە سایەی نەوتی ڕژاو و ئابووریی خێزانە حیزبییەکانەوە، بوونە میلیۆنێر و میلیاردێری دۆلار.
برەودان بە بواری دروستکردنی زۆرتری یەکەکانی نیشتەجێبوون، وەبەرهێنانە بۆ دهوڵهمهندبوونی خێرا. دەوڵەمەندبوونی خێرا درێژكراوهی كولتووری تاڵانوبڕۆ و له ههمان کاتدا ڕهنگدانهوهیهكی ڕاستهوخۆی ئابووریی حیزبییه. ئهو تهرزه ئابوورییهی كه جگه له كوردستان و عێراق له هیچ شوێنێكی دنیادا بوونی نییە. دهوڵهمهندبوونی خێرا جگه لهوهی لهڕێی کەسە دەستڕۆیشتووەکانی حیزب و حکومەتەوه ئاراستهكراوه، شێوازێكی تایبهته له دهوڵهمهندبوون له سایهی نهبوونی سیستەمێكی ڕوونی باج و واوهتریش نهبوونی دهسهڵاتی قانوون. بۆیە ئەم شێوازە لە وەبەرهێنان لە بەشێکیدا دەچێتە خانەی شهرعهنهكردنی تاڵانییەوە.
وەبەرهێنان لەم کەرتەدا کایەیەکی لەبارە بۆ سپیکردنەوەی پارەی پیس، ئەو پارەیەی لە ئەنجامی تاڵانوبڕۆی کوردستان و عێراقـەوە بەردەوام دەڕژێتە گیرفانی دەستەبژێری سیاسیی گەندەڵ و چاپلۆسە نزیکەکانیانەوە. لەو سۆنگەیەی کە بەشێکی زۆری ئەم ڤێلا و یەکانە لە مۆدێلی های کڵاسن، زۆربەیان ڤی ئای پییەکانی کورد و عەرەبی هاوردە لێی سوودمەندن نەک چینە نەدار و مامناوەندەکانی کوردستان.
وەبەرهێنان لە دروستکردنی یەکەکانی نیشتەجێبووندا مۆدێلێکی نوێ و مەترسیداری تەعریبکردنی کوردستانە بەناوی وەبەرهێنانەوە. بەگوێرەی هەندێک لە ئامارە فەرمییەکان، لە ٢٠٢٠دا، زیاتر لە یەک میلیۆن عەرەب نیشتەجێی هەرێمی کوردستانن (هەولێر ٦٠٠ هەزار کە دەکاتە ٢٩% دانیشتوانی پارێزگاکە؛ دهۆک ٢٧٥ هەزار کە دەکاتە ١٦% دانیشتوانی پارێزگاکە و سلێمانی ١٦٠ هەزار ٧% دانیشتوانی پارێزگاکە). لە ئێستادا ئەو ژمارەیە میلیۆن و نیوێکی تێپەڕاندووە.
ئەم مۆدێلەی وەبەرهێنان لە کاتێکدا بەردەوام کار لەسەر بە “بەهەشتکردن”ی ڕووبەری ناو سنوورەکانی خۆی دەکات، هاوتەریب دنەی “بەئۆردوگاکردن”ی بەشەکەی تری شار دەدات. هاوکات، ئەم مۆدێلەی وەبەرهێنان لە کاتێکدا کار لەسەر بە “گوندکردن”ی ناوەندی شار دەکات، هاوتەریب کار لەسەر بە “مەزرەعەکردن”ی گوندەکان دەکات.
سیتی و گوند و کۆمەڵگاکانی ئەم یەکانەی نیشتەجێبوون، تا ڕادەیەکی زۆر برەودانە بە دروستکردنی مڕومۆڵگە (مستوطنات)، ئەوەی کۆڵۆنیالیستە ئەورووپییەکان لە سەدەکانی پێشوودا وەکوو ستایلێکی ژیانی تایبەت بە خۆیان و بۆ خۆجیاکردنەوە لە هاووڵاتیانی ڕەسەنی ئەو وڵاتانە، بۆ خێزان و سوپا و بازرگانانی خۆیان لە وڵاتە داگیرکراوەکاندا دروستیان دەکردن.
هۆکاری هەڵکشان بۆ داگیرکردنی ئەو ڕووبەرانەی کە هێشتا دەستی داگیرکارییان پێ نەگەیشتووە (چیا و دامێنی گۆیژە لە سلێمانی و گوند و پێدەشتەکانی دەوروبەری هەولێر، بە نموونە)، برەودانە بە ژیان لەسەر هەمان ڕیتمی مڕومۆڵگە. ئەو مڕومۆڵگانەی کە تا دێت لەڕێی فراوانبوونی جیاوازییە چینایەتییەکانەوە و وەکوو زۆنی ئەمنیی لەیەکدابڕاو، وردە وردە تەونی کۆمەڵایەتیی و ئاشتیی کۆمەڵایەتیی کوردەواری بەرەو لێکترازانێکی مەترسیدار دەبەن.
ئەوە قسە هەڵناگرێت ئەوانەی لە پشتی ئەم کارەساتەوە وەستاون، ئەو سیاسییە گەندەڵانەن کە پۆستە حیزبی و حکومەتییە باڵاکانی خۆیان خستۆتە خزمەتی ئەم جۆرە پڕۆژانە و بوونەتە کۆمپرادۆر. بێگومان ئەمەش لە بەشێکی گەورەیدا پێوەندی بەو گۆڕانە دراماتیکییەوە هەیە کە لەم ساڵانەی دواییدا و پاش دابارینی پارەی نەوت و گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن منداڵی سیاسییەکانەوە، بەسەر حیزبی چەکداری کوردیدا هات و لە جیاتی حیزب، ئێستا ئێمە ڕووبەڕوو لەگەڵ دەرەبەگایەتییەکی چەکداردا دەرگیرین.
ڕاستییەکەی دەسەڵاتی سیاسیی کوردیی عەیامێکە شەقاوی زل زل دەهاوێت، بۆ ئەوە نا سیستەم دروست بکات، بەڵکوو بۆ ئەوەی هەرچی زووترە بچێتە ڕیزی یەکێک لە کۆمارەکانی مۆزەوە!


