ئیبراهیم شێخ وەسانی
جەوهەری دوازدە ماددەکەی یاسا نوێکەی پەرلەمانی تورکیا، ئەوەیە کە بە «کوردی چەکدار» دەڵێت: ˮبێژە، ئەز جوداخواز بووم، ئەز تیرۆریست بووم، ئەز پەشیمانم“. چونکە ئەو دوازدە ماددەیە بە ڕەزامەندی کەسێک نووسراوە، کە کاریگەریی لەسەر بەدیسپلینترین هێزی چەکداری هەیە، بۆیە ئەگەر بەربەستی گەورەیی نێودەوڵەتی لە بەردەمیدا دروست نەبێت، دەتوانێت جەوهەری فەلسەفەی سیاسەتکردن و فۆڕمی حیزبایەتی لە کوردستان بگۆڕێت، جۆرێک لە سیاسەتکردن بەرهەم دەهێنێت، کە پێشتر نەبووە، ئەویش سیاسەتکردن بەبێ پشتگیری چەک و هەژموونی شاخە، ئەوەش قەبارەی داواکاری و گوتاری حیزبە کوردستانییەکان دەگۆڕێت.
دروستبوونی فۆڕمێکی نوێ لە خەبات و سیاسەتکردن ناچارمان دەکات دەست بۆ چەمکسازی ببەین، من ئەو فۆڕمەی سیاسەتکردن کە لە بەرئەنجامی ئەو دوازدە ماددەیە دروست دەبێت ناوی دەنێم پڕۆژەی «کوردی بێ چەک»، فۆڕمی کۆنی سیاسەتکردنیش ناوی دەنێم پڕۆژەی «کوردی چەکدار». لێرەدا، مەبەست لە بەکارهێنانی چەمکی «کوردی چەکدار»، تەنیا «پێشمەرگە و شەڕڤان و گەریلا» نییە، چەمکی «کوردی چەکدار» ناسنامەی ئەو حیزبە سیاسییانە و گرووپە کوردستانییانەیە، کە دەیانەوێت چارەسەری پرسی کورد لە ڕێگەی داننان بە جوگرافیای کوردستانەوە بکەن، ئاساییشی جوگرافیای کوردستان بە دەست کوردستانیانەوە بێت.
هاوکات، چەمکی «کوردی بێ چەک»یش بە مانای چەمکی «هاووڵاتی»، یان کوردێکی دوور لە سیاسەت نییە، بەڵکوو «کوردی بێ چەک» ئەو کوردە سیاسییەیە کە ناسنامەی نەتەوەیی لەلا گرنگە، دەیەوێت بە ناسنامەی خۆیەوە سیاسەت لە پایتەختی ئەو وڵاتانە بکات، کە خاکی کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە، بەڵام هیچ داواکارییەکی جوگرافییان بۆ پرسی کورد نییە.
لێرەدا، «کوردی بێ چەک» بە «پڕۆژە» پێناسە دەکەم، چونکە پلان و ئامانجێکی دیاریکراوی هەیە. ئەو «پڕۆژە»یە زەمەنێکی بۆ بەڕێوەچوونی کۆی هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پلان و ئامانجەکەی پێویستە، بۆیە «پڕۆسە»شە. پڕۆژەی «کوردی بێ چەک» بە پڕۆسەیەک بەڕێوە دەچێت، پێویستی بە کات و فشاری سیاسی و یاسایی هەیە، ڕەنگە پێویستی بە مانۆڕی سەربازییش هەبێت، ئەگەر هەندێک لایەن و گرووپ نەیەنە ژێر چەتری «کوردی بێ چەک».
پڕۆژەی «کوردی بێ چەک» و پڕۆژەی «کوردی چەکدار» کورد دابەشی دوو بەرەی دژبەیەک دەکەن. بەهۆی ئەو دوازدە ماددەیە، پڕۆژەی «کوردی بێ چەک» زۆر بەهێز دەبێت، ماتەوزەی (پۆتێنشیالی) ئەوەی دەداتێ بێتە هەڕەشەیەکی وجودی لەسەر پڕۆژەی «کوردی چەکدار». دوازدە ماددەکەی یاساکەی پەرلەمانی تورکیا بریتییە لە وەفاتنامەی «کوردی چەکدار» و بەیاننامەی لەدایکبوونی «کوردی بێ چەک».
«کوردی بێ چەک» کێییە؟
«کوردی بێ چەک»؛ کوردێکە کە «بەغدا و دیمەشق و تاران و ئەنقەرە»ی دەبێتە سەنتەر، بەخۆی دەڵێت «کوردی عێراق، کوردی تورکییە، کوردی ئێران، کوردی سوورییە»، بە ناسنامەی کوردییەوە شانازی بە «تورکیاییبوون، ئێرانییبوون، سووریاییبوون، عێراقییبوون»ەوە دەکات، چارەسەری پرسی کوردی لەلای ئەو داننانە بە ناسنامەی کوردی لە دەستووری ئەو وڵاتانەی لێی دەژی. بەڵام «کوردی چەکدار» شارەکانی «هەولێر و ئامەد و قامیشلۆ و مەهاباد» بە سەنتەری خۆی دەزانێت، بەخۆی دەڵێت کوردێکی/کوردستانییەکی «باشووری، باکووری، ڕۆژهەڵاتی، یاخود ڕۆژاڤایی»، شانازی بە کوردستانی بوونی خۆیەوە دەکات، چارەسەری پرسی کوردی لەلای ئەویش داننانە بە جوگرافییای کوردستان. گوتاری حیزبەکانی بەرەی «کوردی بێ چەک» بەدیهێنانی داننان بە مافی هاووڵاتیبوونی کورد بە ناسنامەی خۆییەوە لە دەستووری دەوڵەتدا. مافی یەکسانیی هاووڵاتیبوونی کورد بە ناسنامەی خۆییەوە لە دەستووری دەوڵەتدا، پشتگیریکردنی مافی کەمینە ئیتنیکی و ڕەگەزییەکان و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و خەباتی پەرلەمانی و فشار دروستکردن لە ڕێگەی چالاکیی مەدەنییەوە، لە کاتێکدا گوتاری حیزبەکانی بەرەی «کوردی چەکدار» سەرباری ئایدۆلۆجیا جیاوازەکانیان، ئەولەویەتیان باوەڕبوونە بە چەک و خەباتی چەکداری لەپێناوی مافی بڕیاردان لە چارەنووس بۆ کورد و داننان بە جوگرافیای خاکی کوردستاندا لە ڕێگەی «دەوڵەت و کۆنفیدراڵی و فیدراڵی، یان ئۆتۆنۆمی»یەوە.
بارزانی و هەولێر سەنتەری «کوردی چەکدار»ن، هەریەک لە «هێزەکەی حەمەی حاجی مەحموود و ئەنەکەسە (ENKS) و هێزی ڕۆژ و زۆرینەی هێزە چەکدارە کەمپنشینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان» بە پتەوی بەشێک دەبن لە بەرەی «کوردی چەکدار». هەندێک هێمای سیاسی و باڵی ناو حیزبە سیاسییەکان بە ئەگەری زۆرەوە دەبنە بەشێک لە بەرەی «کوردی چەکدار»، وەکوو کۆمەڵێک سەرکردەی سیاسی و سەربازیی ناو یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، کۆمەڵێک سەرکردە و چەکداری نزیک لە مەزڵووم عەبدی لە ڕۆژاڤای کوردستان و گرووپی نەتەوەیی ناو هەدەپە (HDP)ی جاران بە سەرکردایەتیی عوسمان بایدەمیر و ئەحمەد تورک و ژمارەیەکی زۆر کەم لە سەرکردە و کەسایەتییە ئیسلامییە سیاسییەکان، هەروەها، بەشێکی زۆری پژاک و گرووپێکی شاراوەی نەتەوەیی پەکەکەش لە قەندیل هەیە لەگەڵ چەکداناندا نین، ئەگەر ڕاست بێت بە ناچاری هەماهەنگی لەگەڵ بەرەی «کوردی چەکدار» دەکەن و دەبنە بەشێک لە پڕۆژەکە.
عەبدوڵا ئۆجەلان و «ئەنقەرە-ئیمرالی» سەنتەری «کوردی بێ چەک»ن، «دەم پارتی» (DEM Party) و قەندیل و ئەو برادەرانەی ڕۆژاڤای کوردستان، کە پابەندی فەرمانی “ئۆجەلان”ن و لەگەڵ ئینتێگراسیۆنی دەوڵەتی سووریا دان، وەک «گرووپی ئالدار خەلیل»، ئەو چەپ و پژاکییە ڕۆژهەڵاتیانەی، وەکوو ئەکادیمست عەباس وەلی، بیر دەکەنەوە، دەبنە پێکهاتە و بونیادی بەرەی «کوردی بێ چەک».
بە ئەگەرێکی زۆرەوە لەگەڵ بەهێزبوون و قاڵب وەرگرتنی «کوردی بێ چەک»، بەهۆی ناکۆکی و پێکدادانی بەرژەوەندییەکانیان لەگەڵ بەرەی «کوردی چەکدار»، هەریەک لە بافڵ تاڵەبانی و نێچیروان بارزانی و زۆرینەی ئەو ئۆپۆزسیۆنەی باشووری کوردستان، کە ناوەندی سەرەکییان سلێمانییە، هەروەها حیزبە ئیسلامییەکانی باشووری کوردستان، دەبنە بەشێک لە بەرەی «کوردی بێ چەک».
لۆجیکی هەرە بەهێزی «کوردی چەکدار» ئەوەیە، لە بەرژەوەندی ئەمەریکا-ئیسرائیل نییە ئەو بەرەیە نەمێنێت، بۆیە پشتگیری دەکەن، بە ئاسانی پشتیان تێ ناکەن، فەڕەنسا پشتیگری پڕۆژەی «کوردی چەکدار» دەکات.
«کوردی چەکدار»، سەرمایەیەکی زۆر لە پارە و خاکی باشوور و ڕۆژڤای کوردستانیان لەژێر دەستدایە، زۆرینەی کورد ناسیۆنالیستێکی نیشتمانپەروەرن. خاڵی لاوازیشیان، ئەوەیە، تیۆریست و موفەکیرێکی باشیان نییە، سەر بە ئایدۆلۆجیای جیاوازن و پەرتەوازەن و کەموکوڕی سیاسییان هەیە.
لۆجیکی زۆر بەهێزی «کوردی بێ چەک»یش، ئەوەیە، ڕاستە پڕۆژەی ئۆجەلانـە، بەڵام تورکیا تەبەنیی پڕۆژەکەی کردووە و هەر یەک لە دەوڵەتی ئێران و عێراق و سووریاش لە داهاتوودا دەبنە پاڵپشتیکارێکی بەهێزی پڕۆژەکە و هێزی پێ دەدەن، بەشێکی ئەورووپاش بەتایبەتی بەریتانیا پشتگیریی دەکات، تیۆریست و موفەکیری باشیان هەیە، ئۆجەلان و عەباس وەلی، هاوکات، گوتاری ئیسلامیی سیاسیی کوردی و چەپی کوردیش لەبارن بۆ ئەوەی ببنە سووتەمەنیی ماشێنی فکرییان، نەرمی سیاسییان بۆ خۆگونجاندنیان لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کوردی بەسەردا دابەشکراوە بەهێزە، کادیرەکانیشیان لە شەرعیەتدان بە ئەوەی هەر شتێک ئۆجەلان بیڵێت زۆر کارامەن، کورد گوتەنی دەتوانن «ماستت بە دۆشاو پێ بفرۆشن». خاڵی لاوازیی «کوردی بێ چەک»یش، ئەوەیە، خەباتی بزووتنەوەی چەکداریی کوردستان «بە ئۆجەلان و پەکەکەشەوە»، بەلایەنی کەمەوە هەستی عێراقیبوون و ئێرانیبوون و سووریاییبوون لەناو زۆرینەی کوردی سێ پارچەی کوردستاندا زۆر لاواز کردووە، ئاسان نییە ئەو کوردانە وا لێ بکەیتەوە ناسنامەی هاووڵاتیبوونی ئەو وڵاتانە قبووڵ بکەن، کە زەمەنێکە بە داگیرکەریان زانیون.
باشە، کاتێک ئۆجەلان لە هەموو ئەو کتێبانەی لە زیندان نووسیبوونی، نکۆڵی لە خاک و جوگرافیای کوردستان ناکات، «کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک»یش فۆڕمێکی خۆبەڕێوەبەریی جوگرافییە، ئەو پاشەکشەیە فیکرییەی بۆ کرد، بۆچی دەستبەرداری ناسنامەی ئەو جوگرافیایە بوو، کە سەردەمێک لەپێناوی بەدەوڵەتکردنیدا خەباتی دەکرد؟
ئۆجەلان باوەڕی بە شەڕی چەکداری نەماوە. دەیەوێت بە پڕۆژەی «کوردی بێ چەک» دەستی زلهێزەکانی جیهان لە دۆزی کورد ببڕێت، لە دیدی ئەودا، ئەوەی من ناوم لێناوە پڕۆژەی «کوردی بێ چەک» سینتێزی تێزی دەوڵەتی تورکیا و ئەنتیتێزی «کوردی چەکدار»ە.
ئۆجەلان لە هەموو کەس باشتر ئەوەی دەزانی، ئەو دوازدە ماددەیە دەچنە ناو ئەرشیفی دەوڵەت و بزووتنەوەکەی و کوردی باکووری کوردستان بە یاسای دەوڵەت مەحکوم دەکرێن بەوەی هەرگیز بیر لە چارەسەری جوگرافی نەکەنەوە. ئەو دوازدە ماددەیە چەمکی «کوردستان» وەکوو چەمکێکی جوگرافی و سیاسی بۆ هەتاهەتایە دەچنە ناو مۆزەخانەکان و کتێبە مێژووییەکان، بەڵام ئۆجەلان کەسێکە زۆر باشیش لە “تیۆری یاری”(Game Theory) تێگەیشتووە، ئەوەشی باش زانیوە بۆ ئەوەی ئابڵۆقەی دەوڵەت لەسەر خۆی و هەموو زیندانییەکان و ڕێکخستنەکانی سەر بە کەجەکە هەڵبگرێت، دەبێت شتێکی زۆر گرنگ پێشکەشی دەوڵەتی تورکیا بکات، شتێک داوا بکات، کە نەبێتە هەڕەشە بۆ سەر دەوڵەت-نەتەوەی تورکی. بۆیە، بە ناچاری دەستبەرداری چارەسەرکردنی پرسی کورد بوو لە ڕێگەی جوگرافیاوە، پەکەکە و کەجەکە، کە پاشگری کوردستانیان هەیە وەکوو بەرخ سەری بڕین، کردنیە قوربانی بۆ ئەوەی لە بەرانبەردا چەمکی کورد بچێتە ناو دەستووری تورکیا. ئەو دوازدە ماددەیەی بۆ ئۆجەلان ئەسپی تەڕوادەن، دەیکەنە موخاتەبی سەرەکیی پرسی کورد، بازووەکانی ئەوەندە بەهێز دەکەن، کە دەتوانێت بەڕی سیاسەتی کوردی لەژێر پێی بارزانی دەربهێنێت، بیخاتە ژێر پێی خۆی.
لێرەدا پرسیارێکی جەوهەری دروست دەبێت. ئایا ئەو پڕۆسەیەی کە دەوڵەتی تورکیا ناوی لێناوە «پڕۆسەی تورکیای بێ تیرۆر»، کادیرەکانی بزووتنەوەی ئاپۆییچییش ناویان لێناوە «پڕۆسەی ئاشتی»، منیش پێی دەڵێم پڕۆسەی «چەککردنی کورد»، هیچ بەربەستێکی گەورەی لە بەردەمدا دروست دەبێت و ئەو دوازدە ماددەیە وەکوو دەوڵەتی تورکیا و ئۆجەلان دەیانەوێت جێبەجێ دەکرێن؟
گەرەنتیی جێبەجێکردنی ئەو دوازدە ماددەیە و چەککردنی «کوردی چەکدار»، ڕوونەدانی شەڕێکی هەرێمییە. ئەو دوازدە ماددەیە، شەڕێکی سەخت لە دژی «کوردی چەکدار» دروست دەکەن. ئەگەر شەڕێکی هەرێمی ڕوونەدات خاڵبەخاڵی پڕۆسەکە جێبەجێ دەکرێت، پڕۆژەی «کوردی چەکدار» لەناو دەبات، بەڵام ئەگەر پڕۆژەی «کوردی چەکدار»یش پشتگیریی فاکتەری نێودەوڵەتی لەدەست نەدات، ڕەنگە پڕۆژەی «کوردی بێ چەک» لەبارببات و بیپووکێنێتەوە. ئەمڕۆکە بەرەی «کوردی چەکدار» ئەوەندە بەهێز نییە، ماتەوزەی ئەوەی نییە پڕۆسەکە ڕابگرێت، بەڵام دەستتێوەردانی زلهێزێک لە پڕۆسەکە و شەڕی هەرێمی، بۆ نموونە دەستپێکردنەوەی شەڕی «ئەمەریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران» لە بەرژەوەندیی «کوردی چەکدار»ە، پڕۆسەکە پەک دەخات.
پڕۆسەی چەککردنی «کوردی چەکدار» دوو قۆناغە:
قۆناغی یەکەم «قەندیل» چەک دەکرێت، هاوکات مەزڵووم عەبدی و گرووپەکەی لە ڕۆژاڤای کوردستان چەک دەکرێن، ئینتێگرەی ناو سوپای عەرەبیی سووریا دەبن، بە فشاری ئێرانیش هەرێم ناچار دەکرێت، هێزە چەکدارەکانی ڕۆژهەڵات چەک بکات.
لە قۆناغی دووەمیشدا، پێشمەرگەکانی «بارزانی و یەکێتی و کاکە حەمە» دەبنە پاروویەکی ئاسان بۆ حکوومەتی عێراق، چەک ناکرێن، بەڵام بەو فۆڕمەی ئێستاش نامێننەوە، کە پارتی بتوانێت «هێزی ڕۆژ» بۆ ڕۆژاڤای کوردستان دروست بکات. هێزی ڕۆژ هەڵدەوەشێنرێتەوە، ئیدی بارزانی ناتوانێت هێزی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ بنێرێت و فەرمان بە پێشمەرگەکانی پاک و گەریلای پەکەکە بکات لەگەڵ پێشمەرگەکانی هەرێم بچنە سەنگەرەکانی دژی دوژمن «داعش». جارێکی دیکە لاهوورێکی شێخ جەنگی لە باشوور ناتوانێت هێزی ئاساییشی چەکدار بۆ پارچەیەکی دیکەی کوردستان دروست بکات. لە کۆتاییدا پێشمەرگەکانی بەرەی «کوردی چەکداری»ی باشووریش دەکرێنە پشیلەیەکی ماڵیی عێراقی.
هەفتەی ڕابردوو بە تەلەفۆن لەگەڵ هاوڕێیەکی باکووری، کە زۆر دڵخۆشە بە پڕۆسەی «چەککردنی کورد»، گفتوگۆمان لەسەر ئەو دوازدە ماددەیە دەکرد، کۆتایی گفتوگۆکە بە شۆخی باسی لە نیگەرانییەکانی خزمێکی خۆی لەسەر ئەو پڕۆسەیە کرد، گوتی؛ ئیبۆ خزمێکی کاڵفامم هەیە، قۆریجییە (جاشە)، پێی ناخۆشە قەندیل چەک بکرێت، چونکە لەوەی دەترسێ بەهۆی چەککردنی گەریلایەوە مووچەی جاشایەتی نەمێنێت.
خزمەکەی ئەو هاوڕێیەم ئەگەر کاڵفامیش بێت، هەستی شەشەمی باش ئیش دەکات، ئەگەر پڕۆسەی «چەککردنی کورد» سەرکەوتوو بێت، دەوڵەتی تورکیا زۆر بەهێزتر دەبێت، هەژموونی بەسەر پرسی کوردی هەر چوار پارچەی کوردستان دەبێت. ئەوە ڕاستە، کە چەککردن و نەمانی قۆریجییەکان «جاشەکان» لە دووازدە ماددەکە نییە، بەڵام زەروورەتی مانەوەیان لە تورکیا و ئێرانیشدا نامێنێت، چەمکی «جاش»یش وەکوو چەمکی «گەریلا و شەڕڤان» دەچێتە ناو کتێبەکان لە مێژوو و ئەرشیفی دەوڵەت. کوردیش وەکوو «لاز و چەرکەس و عەرەب و ڕۆم-یۆنانی و ئاشووری و ئەرمەن و گورجییەکانی تورکیا و نەتەوەکانی ناو ئێرانی لێ دێت، جاشی نابێت، چونکە جاش دەرئەنجامی هەبوونی سوژەی شەڕی چەکداری شۆڕشگێڕە، کە باش نەما، جاشیشت نابێت.


