سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

بەکوردییکردنی ئایین

محەمەد حەمە تەقی

بەشی دووەم

ئەم نووسینە بەشی دووەمی بابەتێکە کە بەناونیشانی “بەکوردییکردنی ئایین” لە ماڵپەڕی سەکۆ بڵاو کراوەتەوە و هەوڵێکی سەرەتاییە بۆ دەربازکردنی کۆمەڵگەی کوردی لەو ڕەوت و شەپۆڵە توندڕەوییە ئایینیانەی کە ناوە ناوە یەخەی کۆمەڵگەی کوردستانیی دەگرێت و دەبێتە هۆی لێک دابڕان و پشێوی لە نێو کۆمەڵگەکەدا. لە لایەکی ترەوە هەوڵێکە بۆ بچڕانی ئەو بۆندانەی کە لە ڕێگەی ئایینەوە کوردی کردووە بە پاشکۆی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان. واتە ئامانجی ئەم نووسینە لادان یان بێ بایەخکردنی ئایین نییە، بە پێچەوانەوە دەیەوێت ئایین لەسەر ڕێگە دروستەکەی خۆی، کە ئاشتی و مرۆڤ دۆستییە لەناو کۆمەڵگەی کوردستانی‌ـدا بەردەوام بێت .   

چۆن ئایین بکەین بە کوردی؟

دیارە قسەمان لەسەر ئایینی ئیسلامە، ئەو ئایینەی کە چواردە سەدەی زیاتر لە تەمەنی تێپەڕاندووە و ژمارەی باوەڕمەندانی لە سەرتاسەری جیهاندا بە ملیار و نیوێک زیاتر دەخەمڵینرێت، ئەمە لەلایەکەوە شکۆ و گەورەیی ئایینی ئیسلام پیشان دەدات، لەلایەکی ترەوە دەبێتە مایەی تێڕامان و قووڵبوونەوە لە ماهیەت و کاریگەریی ئەم ئایینە لەسەر مرۆڤ و کۆمەڵگە موسوڵمانەکان و تەواوی جیهان. ناکرێت ئایینێک بەدرێژایی چواردە سەدە کاریگەریی لەسەر کۆی ڕووداو و ژیانی ملیاران مرۆڤ بووبێت و تەنها وەک باوەڕمەندیەک لێی بڕوانین، بەتایبەتی بۆ ئێمەی کورد، کە هەندێک جار بەهۆی ئەم ئایینەوە و لەژێر سێبەری ئەم ئایینەدا هاڕیویانین، هەندێ جاریش هەر ئەم ئایینە بووەتە هۆی کۆکردنەوەمان و ئاسوودەیی پێ بەخشیوین.

ئایین، هەر ئایینێک، دەبێت لە خزمەتی مرۆڤایەتیدا بێت و بەختەوەریی و ئاسوودەیی بۆ مرۆڤ فەراهەم بکات، بەپێچەوانەی ئەمەوە، ئەگەر ئایین نەیتوانی وەها کارێک بکات، نەیتوانی خزمەت بە خواست و پێویستییەکانی مرۆڤ بکات، نەبووە هۆی سەقامگیری ئاشتیی کۆمەڵایەتی، ئەوا کەموکوڕی لە ئایینەکەدا هەیە یان ڕابەرانی ئایینەکە لە ئایینەکەیان تێنەگەیشتوون و بە هەڵە لێکدانەوەی بۆ دەکەن.

پێش هاتنی ئیسلام بۆ کوردستان، کورد نەتەوەیەکی باوەڕدار بووە، هەرگیز کورد بتپەرست نەبووە، هیچ بەڵگەنامەیەکی مێژوویی نییە کە بیسەلمێنێت، ڕۆژێک لە ڕۆژان کورد بتپەرست بووبێت. لە هەموو کوردستان‌‌دا شوێنەوارێک نابینیتەوە کە بەڵگەی ئەوە بدات بەدەستەوە کە کورد بتی پەرستووە، وەک چۆن لە دوورگەی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، بتپەرستن بەشێک بووە لە باوەڕمەندیان. ئایینەکانی ئێزیدی، زەردەشتی و یارسان ئایینی بەشێکی زۆری خەڵکی کوردستان بووە، سەرەڕای پەیڕەوانی ئەو ئایینانە، کوردی مەسیحی و کوردی جوو لە کوردستان‌دا هەبوون. ڕاستە کورد ڕووی لە ڕووناکی ڕۆژ (خۆر) و دیاردە سروشتییەکان کردووە، بەڵام هیچکام لەوانەی نەپەرستووە، بەڵکوو هەموو ئەمانەشی وەک بەڵگەی هێز و توانای لە ڕادەبەدەری کردگار (یەزدان) تەماشا کردووە. ڕاستە بەشێکی کورد بۆ نوێژکردن ڕوویان لە ڕۆژ یان ئاگر (کە ڕووناکییە) کردووە، بەڵام ئەمە ئاگرپەرستی ناگەیەنێت، وەک چۆن هەموو موسوڵمانان لە هەموو شوێنێکی جیهانەوە لەکاتی نوێژکردندا ڕوو دەکەنە بەردە ڕەشەکەی مەککە (تەنانەت لەناو كەعبە دا)، بەڵام ئەوەش بەردپەرستی ناگەیەنێت.

هەموو ئەو ئایینانەی لە کوردستان دا پێش هاتنی ئیسلام پەیڕەو دەکران، ئایینی توندوتیژی نەبوون، لەسەر بنەمای ترس و پەلاماردان گەشەیان نەکردووە، هانی کوشتنی مرۆڤ و تاڵانی (انفال)یان نەداوە. نەک هەر ڕێگەیان بە کەنیزەککردنی ژنان و کچان نەداوە، بەڵکوو زۆر بەڕێزەوە لە ئافرەتیان ڕوانیوە، بەڵام مایەی سەرسوڕمانە نوێترین ئایینی یەزدانی، کە ئایینی ئیسلامە و لەلایەن خوای بەخشندە و میهرەبانەوە لە ڕێگەی پێغەمبەرێکی ڕاستگۆ و مرۆڤدۆستەوە بۆ مرۆڤایەتی هاتبێت، ڕێگە بە کوشتن و تاڵانی بدات؟ یان ڕێگە بە کۆیلەکردن و کەنیزەک و غیلمان بدات؟ ئەگەر وانییە لە مێژووی دوورودرێژی ئیسلام دا هەموو ئەوانە بۆ ڕوویانداوە؟ تەنانەت تاڵیبان و داعش و نوسرەش لە سەردەمی دنیای عەولەمە و پێشکەوتنەدا، هەمان کاریان لەژێر پەردەی ئایینی ئیسلام دا دووبارە کردەوە. لێرەوە دەتوانین شتێک بڵێین، ئەویش ئەوەیە، کە هەموو ئەو دیاردە دزێوانە بەشێک نەبوون لە ئایینی ئیسلام، بەڵکوو بەشێک بوون لە کولتووری عەرەبیی ئەو سەردەمەی نیمچە-دوورگەی عەرەبیی و تێکەڵ بە ئایینی ئیسلام کراوە، یان بۆ هاندان و داگیرکردنی وڵاتانی نائیسلامی (کە بەناوی فتوحاتەوە) ئەنجام دەدرا، تێکەڵ بە ئایینەکە کراوە، لەو ڕێگەوە جەنگاوەرە موسوڵمانەکان بۆ بەدەستهێنانی تاڵانی و کەنیزەک بەشێوەکی باشتر و شێلگیرانەتر جەنگاون.

ئەگەر بەوردی و بەچاوێکی ڕەخنەگرانە و شیکاری، لە دەقەکانی ئایینی ئیسلام بڕوانین لەناو قورئان و فەرموودەکانی پێغەمبەر(د.خ) دا، دەتوانین جەوهەری ئایینی ئیسلام لە چەند تەوەرێکدا کۆبکەینەوە:

یەکەم، بەشێکی گرنگی ئەو دەقانەی ئایینی ئیسلام خەسڵەتێکی ڕۆحانی یان عیرفانی تێدایە، کە ئەمە لە هەموو ئایینەکانی تریشدا هەیە، بەتایبەتی ئایینە ڕۆژهەڵاتییەکان، سۆفی، زاهید، دێوانە. دەروێش و خەڵوەتنشینەکان ئەو کەسانەن کە زیاتر لە هەمووان لەژێر کاریگەریی ئەم تەوەرەی ئاییندان.

دووەم، زانست و فەلسەفە، ئەم تەوەرەی ئایین لێکدانەوە بۆ دیاردە و ڕووداوە سروشتییەکان و تێگەیشتن لە سەرەتای بوون و کۆتایی ژیان و گەردوون دەکات. لە ڕوانگەی ئایین و توانا لە ڕادەبەدەرەکانی یەزدانی مەزنەوە، ئەم تەوەرە وەڵامی پرسیارە زانستی و فەلسەفییەکان دەداتەوە بەپێی هەمان تێگەیشتنی ئایینی.

سێیەم، لەم تەوەرەیاندا ئایین هەوڵی ڕێکخستنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و دروستکردنی خێزان دەدات، هەوڵی دروستکردنی پەیوەندییەکی خۆشەویستی و هاوکاری و دڵسۆزی دەدات لەنێوان تاکەکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بەگشتی و بڕوادارانی موسوڵمان بەتایبەتی، ئەم تەوەرە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان ڕێک دەخات.

چوارەم، لەم تەوەرەیاندا ئایینی ئیسلام ڕوو دەکاتە بەکارهێنانی توندوتیژی، بەتایبەتی بەرامبەر ئەوانەی کە پابەندی بنەماکان (ڕوکنەکان)ی ئیسلام نابن، کەسانی ناموسوڵمانن و ڕەخنەیەک یان تێڕوانینێکی جیاوازیان بۆ ئیسلام هەیە، لە ڕوانگەی ئەم تەوەرەوە، کوشتن و تاڵانی و بەکەنیزەککردنی ژنان و کچانی ئەوانە دەبێت بە ئەرکێکی ئایینی.

هەر سێ تەوەری یەکەم، لە هەموو ئایینەکاندا بەگشتی و لە ئایینی ئیسلام دا بەتایبەتی بەڕێژەی جیاجیا بوونی هەیە، بەڵام تەوەری چوارەم بەئاستێکی بەرز و بەرچاو لە ئایینی ئیسلام دا هەیە. دەقی قورئانی هەیە کە هانی کوشتن و تاڵانی دەدات، ئەمەش وای کردووە ئایینی ئیسلام لە دەرەوەی جیهانی ئیسلامی و لە وڵاتانی ڕۆژئاوا بەتایبەتی، وەک ئایینێکی توندڕەو و بەرهەمهێنی تیرۆر بناسرێت. ئەم ناسین و تێڕوانینەش هەم بۆ ئایینی ئیسلام باش نییە هەم بۆ پەیڕەوانی ئیسلام، موسوڵمانان.

لێرەوە ئەرکێکی قورس دەکەوێتە سەر زانایانی ئیسلامیی بەگشتی و زانایانی ئیسلامیی کورد بەتایبەتی. ئەو دەقانەی ئایین کە هانی موسوڵمانان دەدات بۆ توندوتیژی، دەبێت وەک بەشێک لە کولتووری ئەو سەردەمەی کۆمەڵگەی عەرەبی بناسێنن، وەهای پیشان بدەن کە ئەو دەقانە پەیوەندی بە ئایینی ئیسلامەوە نییە و تێکەڵ بە ئایین کراوە، یان ئەو دەقانە ببەستنەوە بە سەرەتای سەرهەڵدانی ئیسلام، بۆ کاتێک کە موسوڵمانان بۆ پارێزگاری لە خۆیان و بڵاوکردنەوەی ئایینی ئیسلام پێویستیان بەو جۆرە دەقانە هەبووە لە ئایینەکەدا، دەبێت ئەو ڕاستییەش بخرێتە بەرچاو، کە قورئان و فەرموودەکانی پێغەمبەریش لە سەردەمی پێغەمبەر دا نەنووسراونەتەوە، بەڵکوو زیاتر لە دوو سەدە دوای کۆچی دوایی پێغەمبەر (د.خ) ئەو کارە کراوە. لێرەوە دەتوانرێت هەموو ئەو دەقانەی کە بەشێوەیەک لە شێوەکان هانی توندوتیژی دەدەن، یان ناکۆک و ناتەبان لەگەڵ کولتووری کوردی و خواستی سەردەمەکە، فەرامۆش بکرێن.

ئەگەر زانایانی ئیسلامیی کورد بتوانن وەها کارێک بکەن و ڕووناکبیران و دەسەڵاتی کوردیش هاوکار و پشتیوانیان بێت، ئەوا دەتوانرێت لەو کارەدا چەند ئامانجێک بەدی بهێنرێت:

یەکەم، کۆمەڵگەی کوردی و موسوڵمانانی کورد وابەستەی ڕەوتە توندڕەوە جیهادییەکانی دەرەوەی کوردستان نابن، یان لایەنی کەم هیچ ڕەوتێکی ئیسلامی توندڕەو لە کوردستان دا سەرهەڵنادات، وەک ئەوەی لە کۆتایی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو (انصار الاسلام، جند الاسلام) سەریان هەڵدا و لە کوردستان دا بنکە و بارەگایان دروست کرد و ڕێکخستن و لایەنگریان هەبوو. سەرەڕای ئەوەی بوون بە هۆکاری دروستبوونی پشێوی و نائارامی، بووشنە هۆی لەدەستدان و شەهیدکردنی ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکی کوردستان، کارەساتێکی وەک ئەوەی (خێڵی حەمە)یان دروست کرد.

دووەم، وەک چۆن ڕێگری لە دروستبوونی ڕەوتی توندڕەوی ئایینیی دەکات، لەهەمان کاتدا دەبێتە هۆی دروستنەبوونی ڕەوتی دژە ئایینی، بەمەش ئارامی و سەقامگیری کۆمەڵایەتی زیاتر بەرقەرار دەبێت، گرژی و پێکدادانی کۆمەڵایەتی کەم دەبێتەوە.

سێیەم، نەتەوەی کورد، وەک نەتەوەیەکی هۆشیارتر و کراوەتر، تەنانەت وەک نەتەوەیەکی ئاشتیخوازتر دەبینرێت لەچاو نەتەوە هاوئایینیەکانی دەوروبەردا. واتە وێنەیەکی جوانی کورد پیشانی جیهانی دەرەوە دەدرێت. ئەم کارە بۆ خۆی دیوێکی تری کوردایەتی، یان دیوە شاراوەکەی کوردایەتییە.

ئەوەی ئەم نووسینە داوای دەکات، ئایینێکی جیاواز نییە لە ئایینی ئیسلام،  تەنانەت لادانیش نییە لە بنەما مرۆڤدۆستی و خواپەرستییەکەی ئایینی ئیسلام، بەڵکوو گەڕانە بەدوای ڕێچکەیەکی نوێ، بۆ ڕێکخستن و گونجاندنی ئایینی ئیسلام لەگەڵ کولتووری کوردی و ڕۆحی سەردەمەکە.

تا پێغەمبەر (د.خ) لە ژیان دابوو، ئیسلام یەک دەنگ و یەک ڕەنگ بوو، هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ بوونی مەزهەب و ڕەوتی جیاواز لەو سەردەمەدا، بەڵام دواتر دەیان مەزهەب و ڕەوتی جیاواز لە ئیسلام دا سەریان هەڵدا و دروستبوون. ئیتر هەر لە موعتەزیلە و ئەشعەرییەکان‌ـەوە بیگرە تا هەردوو مەزهەبی گەورەی شیعە و سوننە و مەزهەبەکانی شافعی و مالکی و حەنبەلی و حەنەفی و تا ڕەوتە سەلەفی و جیهادی و ئیسڵاحی و ئیخوانییەکان. کەس ناتوانێت بەو مەزهەب و ڕەوتانە بڵێت موسڵمان نین، یان پێیان بڵێت لە ئایینی ئیسلام لایان داوە و هەڵگەڕاونەتەوە، مەگەر خۆیان بەیەکتر وەها قسەیەک بڵێن.

ئەگەر داتاشین و مەزهەبگەرایی بۆ ئەوانی تر کارێکی ئاسایی بێت، ئەی بۆ کوردێکی موسوڵمان و تا سەر ئێسقان خواپەرست، بۆ ناڕەوایە گەر لە بۆتەی کڕۆکی ئایینی ئیسلام دا، ڕەوتێک یان مەزهەبێک بۆ خۆی بەرهەم بهێنێت؟ لە کاتێکدا ئەم مەزهەبە کوردییە وەک ئەم نووسینە دەیخوازێت، زیاتر ببێتە هۆی ئەوەی کە ئیسلام وەک ئایینێکی خاوێن و سەردەمیانە بناسێنێت.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • بوخچە
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO