سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

گرنگیی خۆناسین لە ژیانی کۆمەڵایەتییدا

بەهێ بارام

هاوتەریب لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنۆلۆجی و داهێنانە زانستییەکاندا، ئاستی بەختەوەریی و ئاسودەیی مرۆڤەکان بەو ئاستە باڵای نەکردووە. بە بەراورد بە پیشکەوتنەکانی ژیانی کۆمەڵگە، بەختەوەریی تاکەکان نەچووەتە پێش، بە پێچەوانەوە هێشتا ڕێژەیەکی زۆری مرۆڤەکان  خەمبارن، بێزارن، هیوایان بە ئایندە کزە و توانای کارکردنیان لاوازە. زۆربەی کاتەکانیان بە تەکنەلۆجیا و خەریکبوون بە سەیرکردنی ژیانی ئەوانی تر و کۆمێنت بۆ نووسینیان بەسەردەبەن. سروشتی ئەم جۆرە کەسایەتییانەش لە نووسینی کۆمێنتدا جنێو و ڕووخاندن و بێ بەها کردنی ئەوانی دیکەیە. هەرشتێک بیانەوێت بیکەن سەرەتا بیر لەوە دەکەنەوە چۆن وێنە و ڤیدیۆی بکەن و چۆن بە باشترین شێوە بیخەنە پێش چاوی خەڵکی! چۆن سەرنجی خەڵکی بۆ خۆیان ڕابکێشن و چۆن لایک و کۆمێنت بۆ خۆیان زیاد بکەن؟

چەندین هۆکار هەن کە وای کردوە مرۆڤی ئەم سەردەمە بەم شێوە زۆربەی کاتەکانیان بە سەیرکردنی ژیانی خەڵکی و بە بیرکردنەوە لە خەڵکی دیکە بەسەر ببەن. من لێرە کورتی باسی یەکێک لەو هۆکارانە دەکەم، ئەویش گرنگی نەدانە بە خۆناسی. بە هۆی هەژموونی سۆشیال میدیاوە هێندەی تاکەکانی کۆمەڵگە سەرقاڵی ئەوانی دیکەن، ناپەڕژێنە سەر بیرکردنەوە لە خۆ، بۆیە گەڕانەوە بۆ خۆ یەکێکە لەو هۆکارە بنچینەییانەی ڕێکخستنەوەی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئاساییکردنەوەی ژیانی تاکەکان.

سەرەتا پێناسە بۆ خۆناسی دەکەین و دواتر چەند گرنگییەکی باس دەکەین. خۆناسین واتا مرۆڤ پەی بە زانین و توانا و ئامانجەکانی خۆی بەرێت. بە مانایەکی دیکە، خۆناسین بریتییە لەوەی مرۆڤ خاڵە بەهێز و لاوازەکانی خۆی بناسێت، هەوڵ بدات  خاڵە لاوازەکانی پڕ بکاتەوە و گەشە بە خاڵە بەهێزەکانی بدات و پلان بۆ گەیشتنە ئەو ئامانجانەی دابنێت و لە پێناویدا کۆشش بکات و قوربانی بدات. هاوکات، خۆناسین بریتییە لەوەی مرۆڤ کەسایەتی خۆی خۆش بوێت و بە کەموکورتی و بێهیوایی لە خۆی نەڕوانێت و گرنگی خۆی بزانێت. پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە، داخۆ ئەو هۆکارانە چین کە خۆناسین دەکەنە پێویستییەکی بنچینەیی ژیانی تاکەکان:

 یەکەم، خۆناسین توانای بەرگریت دەداتێ

مرۆڤ کاتێک کە ئاشنا دەبێت بە خودی خۆی، خۆی خۆش دەوێت و هەستی خۆ بەکەمزانینی بەرامبەر بە خۆی نییە. ئەو کەسانەی کە خۆیان خۆش دەوێت ئەگەر لە ژینگە کۆمەڵایەتییەکەی تووشی خۆشەویستی ڕەگەزی بەرانبەر بوو لە دڵەڕاوکێ و نائارامی ناژی. هەروەها ئەو کەسانەی کە خۆناسینیان نییە لەو کاتەی لەم پەیوەندییەدان بەردەوام لە خەم و دڵەڕاوکێ و قەلەقیدا دەژین چونکە دەترسن ڕۆژێک بێت لێک داببڕێن. لە کاتێکدا زۆر گرنگە بۆ داهاتووی هەموو تاکێک کە لە پەیوەندی خۆشەویستیدا هەست بە ئارامی بکات. وا بیرناکاتەوە گەر ئەو کەسەی خۆشی دەوێت بەجێی بێڵێت ئەم تووشی شکست و ڕووخان دەبێتەوە، بە پێچەوانەی ئەوەی کە لەمڕۆدا دەیبینین، کاتێک دوو ڕەگەز دەکەونە پەیوەندی خۆشەویستی بەوازهێنانی یەکێکیان ئەویتر زۆر دەڕووخێت چونکە هەموو هەستی خۆشەویستی بۆ ئەو بووە و هیچ خۆشەویستییەکی بۆ خودی خۆی نەبووە. بەڵام ئەگەر مرۆڤ ژیر بێت و خودی خۆی خۆش بوێت ئەوکات دەزانێت ئەو شایەنی خۆشەویستی و ڕێزی زیاترە، شایەنی کەسێکی باشترە. لە دوای دابڕان زۆر دان بەخۆداگرە و توانای ڕووبەڕووبوونەوەی هەیە کە بەرگری لەخۆی بکات بەرامبەر ئەو کەسەی بەجێی هێشتووە.

دووەم، خۆناسین تایبەتمەندی و خەسڵەتە نەرینییەکانی مرۆڤ بەرجەستە دەکات

کاتێک کەسێک خۆی خۆش دەوێت وا بیرناکاتەوە گەر نەگات بە فڵانە ئامانج، یاخود فڵانە کەس و نەگاتە فڵانە شت، هتد، ئەوا کەسێکی بێتوانا و بێهێزە، نەخێر کەسێک کە خودی خۆی بناسێت و هەمیشە خاڵە بەهێزەکانی خۆی دەناسێت و هەمیشە خۆی بە شایەنی باشترین دەزانێت و بیرکردنەوەی ئەرێنی دەبێت بەرانبەر بەخۆی. مرۆڤ بەو شێوەیە لە خۆی دەڕوانێت کە بیری لێ دەکاتەوە، ئەو مرۆڤە لە مێشکی خۆی وای بیرکردوەتەوە کە کەسێکی بەهێزە و بەتوانایە و شایەنی باشترینە. ئەمەش خۆناسینە و وا لە مرۆڤ دەکات ئەرێنی بێت بەرامبەر خۆی و بارودۆخەکانی ژیانی چۆک دانەداو بەردەوام بڵێ من شایەنی باشترینم.

سێیەم، خۆناسین میکانیزمەکانی چارەسەر فەراهەم دەکات

کەسێک کە خۆی بناسێت، خۆی دەتوانێت چارەسەری کێشەکانی ژیانی خۆی بکات و هانا بۆ هیچ کەسێک نەبات. لێرەدا پرسیارێک دێتە پێش ئایا کەسێک کە خۆی بناسێت چۆن دەتوانێت کێشەکانی خۆی چارەسەربکات؟ خۆناسین واتا کەسەکە بزانێت خاڵی لاواز و خاڵی بەهێزی چییە؟ ئەگەر کەسێک بزانێت خاڵی لاواز و بەهێزی چییە هیچ کەسێک ناتوانێ کۆنتڕۆڵی بکات و بڕیارەکانی لە دەست بگرێت. ئێمە هەموومان دەزانین هۆکاری کێشەی مرۆڤەکان مرۆڤێکی ترە، کەواتە زۆر گرینگە پێش ئەوەی کەسێکی تر خاڵی بەهێز و لاوازی ئێمە بزانێت ئێمە خۆمان بناسین و پەرە بە خاڵە بەهێزەکانمان بدەین و بیانپارێزین و کار لەسەر خۆمان بکەین بۆ نەهێشتنی خاڵە لاوازەکانمان و بەهێزیان بکەین، یاخود نەیانهێڵین. بۆ نموونە، گەر خاڵی لاوازی کەسێک ئەوە بێ وابیربکاتەوە گەر خۆشەویستێکی نەبێت هیچ کات بەختەوەرنابێ! ئەوە هەر کەس ویستی دەتوانێ بێتە  ژیانی بەناوی سۆز و خۆشەویستی و ڕۆمانسییەوە فریوی بدات، بەڵام گەر کەسەکە خۆی ناسی و وابیری کردەوە کە ئەو دەتوانێ بە خۆشەویستی بۆ خۆی بەختەوەر بێت و ئەو کەسێکی گرنگ و بەتوانایە و کاڵا نییە لەدەستی مرۆڤەکانی دەورەبەریدا تا بەناوی ڕۆمانسی حەزەکانی خۆیانی لێ بەتاڵ بکەنەوە، ئەو کات ئەو مرۆڤە ئەم خاڵە لاوازەی دەگۆڕێت، لەوەی کەسێک خۆشینەوێم بەختەوەرنابم. نەخێر بەپێچەوانەوە ئەگەر من خۆم خۆش بوێت بەختەوەر دەبم.

چوارەم، خۆناسین ورە و وزەی کۆڵنەدان دەبەخشێت

مرۆڤ کاتێک خۆی دەناسێت ئاشنا دەبێت بەوەی حەزی لێیەتی و ئامانج دادەنێی بۆ ئەوەی پێی بگات، ناوەڕۆکی خۆناسین بریتییە لە ئامانج بوون، خۆناسین واتا مرۆڤ ئامانجێک دابنێ لە ژیانی و پلانی هەبێ بۆ گەیشتنە ئامانجەکەی پێچەوانەی کەسانی تر، کە تەنها بۆ خواردن و خەو دەژین و هیچ ئامانجێک نییە لە ژیانیان بەردەوام خەمۆکن  و ژیان بە بێ هیوایی و بێ ئومێدی وناخۆشیەوە بەڕێدەکەن نازانن کێن؟ کاریان چییە و دەبێ لە کۆمەڵگەدا ڕۆڵیان چی بێت؟ لە کاتێکدا مرۆڤێک کە خۆی بناسێت نرخی ژیان دەزانێت چونکە ئامانجی هەیە و هەوڵ دەدات بۆ گەیشتنە ئامانجەکەی و پەرە بەتوانای خۆی دەدات. کاتێکیش گەیشتە ئامانج داهێنان لەو کارە دەکات کە هەوڵی بۆ داوە و کۆششی بۆ کردوە. گەر هاتوو نەشگەیشتە ئامانجەکەی ڕێگەی دیکە دەگرێتە بەر و نائومێد دانانیشێ و هەوڵ دەدات بەڕێگایەکی دیکە بە کۆمەڵە ئەزموونێکی دیکە بگاتە ئامانجەکەی.

پێنچەم ،خۆناسین ئارامی بە پەیوەندییەکان دەدات

ئەو کەسانەی کە خۆیان ناناسن لەو کاتەی لە پەیوەندییدان، بەردەوام لە خەم و دڵەڕاوکێ و قەلەقیدا دەژین چونکە دەترسن ڕۆژێک بێت لێک داببڕێن. لە کاتێکدا زۆر گرینگە بۆ داهاتووی هەموو تاکێک کە لەپەیوەندی خۆشەویستیدا هەست بە ئارامی بکات.

شەشەم، خۆسناسین ئاراستەی بیرکردنەوەی مرۆڤ ڕوو لە خود دەکات نەک دەرەوە

گرنگی دان بە خۆی و سەرقاڵبوون بە ژیانی خۆیەوە نەک کەسانی تر چونکە گەر مرۆڤ خۆی سەرقاڵ بێت بە ناسینی خۆیەوە هەوڵ دەدات بگات بە ئامانجەکانی ژیان و زیاتر تواناکانی پەرە پێ دەدات. بەم شێوە سەرقاڵی ژیانی خۆی دەبێت نەک کەسانی دیکە.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • بوخچە
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO