سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

مافی زمان و کولتووری کورد و پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستاندا

کاتێک بەرخودانی دەستەبژێری ڕووناکبیرانی کورد لە کوردستانی سەر بە عێراق، بە خەباتی زمان و کولتوورەکەی دەستی پێکرد، هەر لە سەرەتای بیستەکانی سەدەی ڕابردوو لە یەکەم دەسەڵاتی کوردی سەردەمی حەفیدزادەوە بە خوێندن و نووسینی زمانی کوردی، تەنانەت ئەوسا ئەلفوبێیەکیش نەبوو؛ دەبوو نووسەرانی کورد خۆیان یەکێکیان دابهێنن، لە بەغدای پایتەخت سەرەڕای ئەوەی کە لەلایەن دەسەڵاتی ناسیۆنالیستەوە دەور درابوون و دژایەتی جۆراوجۆری خەونی کورد و گەلانی دیکەی عێراق  دەکران، بەتایبەتیش کەمینە نەتەوەیەکی وەکو ئاشوورکلدان، بەڵام بە هەوڵی بێوچانی دەستەبژێرێک لە منەوەرانی کورد ئەو شتەی لە ژێر ئەو بارودۆخەدا مومکین بوو بۆ مافی زمان و کولتوورەکەی بەدەستی هێنا.

خۆشبەختانە ئەمڕۆ خاوەنی دەیان دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەین، سەدان گۆڤار و کتێبی کوردی و پلاتفۆرمی دیجیتاڵی هەمەچەشنمان هەیە کە لە ڕێگەیانەوە زمانی کوردی و زمانی کەمینە نەتەوەییەکانی کوردستان هەوڵ دەدەن ڕێبازی زانستی خۆیان دروست بکەن، بەڵام کێشەیەکی “بچووک” دەمێنێتەوە: کە زمانی کوردی و زمانەکانی وەک سریانی بە نموونە کە تەوەری باسەکەی ئێمەیە، لە بەراییەکانی زۆرینەی ڕەهای خواستی خەڵکەکە دابەزیوە، یان لە پرۆسەی دابەزیندایە.

ئەزموونی حکوومەتی کوردستان لە هەمبەر پێکهاتە و کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان لە چاو وڵاتانی دراوسێی و دەوروبەردا،  بۆ دابینکردنی مافی زمان و کولتوورییان تا ڕادەیەک ئەزموونێکی ناوازەیە، چونکە کوردستان هەر لە دێرزەمانەوە زێدی نیشتەجێ بوون و داڵدەدانی پەیڕەوانی چەندان ئایینی وەک میترایی و زەردەشتی و ئێزیدی و جوولەکە و کریستان و مسوڵمانان و هەروەها ناوەندی هزری و خوداپەرستی و مرۆڤایەتی و نەتەوەی جیاواز بووە.

دوای جەنگی یەکەمی جیهان و پاش داگیرکردنی کوردستان و لکاندنی بە قەوارەی عێراقی تازەوە، بە دامەزراندنی مەملەکەتی عێراقی هاشمی لە ساڵی ١٩٢٥ بۆ یەکەمجار لە مێژووی ئەو وڵاتەدا یاسای بنەڕەتی کە بە “قانونی ئەساسی” ناسراوە، بێ ڕاپرسی نوێنەرانی هاووڵاتیانی کوردستان و عێراق دەرچوو، بە هیچ شێوەیەک ئاماژە بە زمان و کولتووری نەتەوەکانی غەیری عەرەب نەکرا، تەنانەت کورد کە نەتەوەی دووەمی ئەو وڵاتە بوو لەو قانوونەدا هیچ ئاماژەیەک بە مافی زمان و کولتووری نەتەوەیی نەکراوە، چما بە مافی زمان و کولتووریی پێکهاتە و کەمینەکانی دیکەی وەک تورکمان و کلدان وئاشوور و ئەرمەن و یەهوودی و سریان و ئێزیدی و مەندائییەکان..تد، هەر بۆیەش دەبینین پێشەنگی بەرگریکار لە مافی زمانی کوردی و پێکهاتەکانی کوردستان، کەسایەتی نیشتمانپەروەری وەک ئیسماعیل بەگی ڕەواندزی و بیرمەند و مێژوونووسی گەورەی کورد ئەمین زەکی بەگ و زماننسی ناودار تۆفیق وەهبی بەگ، لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا بە پرۆژە و داواکارییەکی نەتەوەییەوە بۆ باشووری کوردستان داوای مافی خوێندن بە زمانی کوردی دەکەن لە دامەزراوەکانی پەروەردە و فێرکردن و دادگایەکان و تەنانەت لە کۆلیژی عەسکەری و فەرمانگە میرییەکان، دوابەدوای ئەم زاتانەش کەسانی دڵسۆزی تر دێنە سەر خەت و لە ململانێ دەبن لە گەڵ دەسەڵاتی نەتەوەپەرست لە عێراقدا، کە هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدا بوون حاشا لە مافی ڕەوای گەلەکەمان بکەن، بەتایبەتیش لە بواری زمان و کولتووردا،

بەڵام کاتێ عێراق دەیەوێت ببێت بە ئەندامی کۆمەڵەی گەلان-عصبە الامم- بەو مەرجەی کە ددان بنێت بە مافی ڕەوای گەلی کورد و پێکهاتەکانی دیکەی کوردستان و عێراق، هەر بۆیەش بۆ یەکەمجار لە مێژووی هاوچەرخی ئەو وڵاتەدا، یاسای زمانە لۆکاڵییەکان (قانون اللغات المحلیە) ژمارە (٧٤)ی ساڵی ١٩٣١دەردەچێت، بەڵام لە چوارچێوەیەکی سنوورداردا نەبێت کاری پێ ناکرێت، بەهاتنی دەسەڵاتی کۆماری لە ساڵی ١٩٥٨ لە دەستووری کاتی عێراقدا ئاماژە بە هاوبەشی برایەتی نەتەوەی عەرەب و کورد دەکرێت (بێ هیچ ئاماژەیەک بە مافی زمان و کولتووری پێکهاتە و کەمینە نەتەوەکانی تر)، بە هاتنی دەسەڵاتی نەتەوەیی و بەعسییەکان لە ساڵی ١٩٦٤و دواتر کودەتای بەعسییەکان لە ساڵی ١٩٦٨، ڕەوشەکە بە کەمێک جیاوازتر وەک خۆی مایەوە، ئەگەرچی لە دوای ڕێککەوتننامەی ئاداری ١٩٧٠ ئاماژە بە مافی زمان و کولتووری گەلی کورد دەکرێت، لە ساڵی ١٩٧٢ ئاماژەیەک بە مافی زمان و کولتووری تورکمان و ئاخێوەرانی سریانی دەکرێت، بەڵام لە بواری کردار و پراکتیکدا هەمیشە دەوڵەتی عێراق بە پلان و بەرنامە و ئەجیندایەکی ڕەگەزپەرستانە لە هەوڵی جینۆسایدی کولتووری و بە عەرەبکردنی کورد و کەمینە نەتەوەکانی دیکە بووە، تا دەگات بە ڕووخانی ڕژێمی صەدام لە نیسانی ساڵی ٢٠٠٣،

لە دەستوری عێراقی نوێدا  لە ساڵی ٢٠٠٥ دا لە مادەی (٤)دا زمانی کوردی هاوتای زمانی عەرەبی دەبێتە زمانێکی فەرمی لە تەواوی عێراق و هەرێمی کوردستاندا و زمانەکانی پێکهاتەکانی وەک سریانی و تورکمانیش لە ناوچەکانی خۆیان بە فەرمی دەناسرێن. لە هەرێمی کوردستاندا یاسای زمانە فەرمییەکانی ژمارە (٦)ی ساڵی ٢٠١٤دەردەچێت و بە فەرمی مافی زمان و کولتووری پێکهاتەکانی سریان و ئەرمەن و تورکمان دابین دەکرێت، تا یاسای زمانە فەرمییەکان لە عێراقدا ژمارە (٧) ی ساڵی ٢٠١٤ بە ڕەسمی دەردەچێت.

وەک چۆن دوای شکستی سیاسی هەوڵەکانی نوێنەرانی کورد لە بەغدادا لە زمانی کوردیدا چڕتر کردەوە، کە ئەم دابەزینە سیاسییەی ئێستا پاڵ بە خەڵکی زیاترەوە بنێت کە بایەخ بە زمانی کوردی بدەن و  بیخەنە پێشەنگی گوتاری گشتییان. بەڵام بارودۆخی ئێستا جیاوازییەکی ڕیشەیی هەیە لەوەی کە سەدەیەک لەمەوبەر هەبووە؛ هەوڵ و دەستپێشخەری زمانەوانی بە بێ پشتیوانی هێزێکی سیاسی نەتەوەیی تا چەند دەتوانێ بڕوات. بە ڕۆحێکی نەتەوەییەوە ڕژاوە، لە ڕاستیدا تا چەند دەتوانێت پێشبکەوێت؟ تا چەند دەتوانێت گەشە بکات و بە چ ئاراستەیەکدا دەڕوات؟ ئایا دەکرێت بزووتنەوە مەدەنییەکانی دیکەی هاوشێوە سەرهەڵبدەن؟ بەڵام ڕاستییەکە هەروایە کە هەرچەندە ئەو بارودۆخانە لەباربن، ئەگەر ئێمە ئیرادە و کۆڵنەدان و هەوڵمان نەبێت، تەنانەت لەبارترین بارودۆخەکانیش بەلاماندا تێدەپەڕن.

 لەم بابەتەدا سەرنج دەخەمە سەر پرسی خوێندن و نووسین بە زمانی پێکهاتەکان بە تایبەتیش ئاخیوەرانی سریان. کاتێک سەیری کایەی گشتی دەکەین- لە کوێ ئێمە چووینە ناو قۆناغێکەوە کە پێویستە ئاوڕێک لە دواوە خەبات و قوربانییەکانی ئەم گەلە بدەینەوە و لێیان بکۆڵینەوە کە لە کوێدا ئێمە هەڵەمان کردووە. بە واتایەکی تر، کاتێک بۆ خۆڕاگرییەکی قووڵ لە چەندان ڕوانگەی جیاوازەوە. ئەم جۆرە ڕەنگدانەوەیە- ڕووبەڕووبوونەوە- تاکە ڕێگەی پێشەوەیە؛ و تا ئەم ڕەنگدانەوەیە قووڵتر و قووڵتر بێت، باشترە. تا ئەو جێگایەی هەلومەرج ڕێگەی پێدەدات، بەدواداچوون بۆ ئەو نووسین و پۆدکاست و ڤیدۆیانە دەکەم کە لە ناو کۆمەڵگەی ئێمەدا بەرهەم هێنراون، بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی و سریانی. مخابن بەشێک لە تۆندڕۆیە بە ناو ئاشوورییەکان هەمیشە کورد بەوە تاوانبار دەکەن بە داگیرکاری موڵک و کوشتنی هاووڵاتیانی کریستان لە کوردستاندا، لە کاتیکدا ئاوڕ لە تاوانەکانی دەوڵەتی عێراق نادەنەوە لە کۆمەڵکوژی و بەعەرەبکردنیان کە چی دەرهەق بەو پێکهاتە ڕەسەنەی کوردستان کردووە، هەر بۆ نموونە:

– لە ساڵی ١٩٣٣ جینۆسایدی کریستانەکان بەتایبەت ئاشوورییەکان لە سێمیل ڕوویدا .

– لە ١٨ی ئابی  ١٩٦٩سوپای بەعس ٧٧ ژن و منداڵ کورد و ئاشووری لە گوندەکانی خورت و دەکان لە سنووری قەزاری شێخان لە ئەشکەوتێکدا بە زیندوویی سوتاند.

– لە ١٩٦٩ لە گوندی سوریای دەڤەری بادینان ٣٩ کەسی لە کریستان و و کوردی شەهید کردن، لەناویاندا قەشەی گوندەکەی تیدابوو.

– لە ساڵانی  ١٩١٤ تا ١٩١٧ داعش ٤٣ کەنیسەی وێران کرد.

مافی زمانی سریانی بە نموونە

 کلدان و ئاشوور نەتەوەی ڕەسەنی کوردستانن و سەدان ساڵە هاوبەشی خەم و خەون و ئازارو قوربانییەکانی کوردیان کردووە، بۆیەش بە مافێکی ڕەوای دەزانین شکۆدارانە گوزارشت لە خواست و ئارەزووەکانیان  بکەن بەتایبەت لە مافی کولتوورییەکانیاندا، لە کەرتی پەروەردە و فێرکردندا لە هەرێمی کوردستان زمانی سریانی بە ڕەسمی ناسراوە و بەردەوامە و لە بەکارهێنانی، واتە لە کەنیسەیی و بنەماڵەییەوە بۆ قوتابخانەی فەرمییەکان گۆڕاوە، ئەم هەنگاوە ئامانجی پاراستنی زمان و پێشخستنی فرەچەشنی کولتوورییە. خوێندنی زمانی سریانی لە ساڵانی 1992 و 1993 بە فەرمی لە ناوچەکە دەستیپێکردووە و لەو کاتەوە پرۆگرامەکە  فراوانتر بووە و قوتابخانەکانی هەولێر و دهۆکیش دەگرێتەوە، هەروەها بەشەکانی زانکۆ تایبەتمەند بە ڕاهێنانی مامۆستایانیش. چالاکانی کلدوئاشوور پێیان وایە کە پەروەردەی سریانی بەشداری کردووە لە زیندووکردنەوەی زمان و کولتوورەکەیان لە ژیانی ڕۆژانە و دروستکردنی نەوەیەکی نوێ شارەزا لە خوێندنەوە و نووسین و قسەکردنیدا، بەمەش پاراستنی فرەچەشنی کولتووری و زمانەوانی لە هەرێمی کوردستان وعێراقدا بەهێزتر بووە.

لە پارێزگای دهۆک (22) قوتابخانەی بە زمانی سریانی هەیە، بە گوێرەی وتەکانی شلیمۆن ئۆراها، بەڕێوەبەری پەروەردەی سریانی، نزیکەی ١٠٠٠ و 650 خوێندکار لە دهۆک و زاخۆ ناویان تۆمارکردووە. ئۆراها باس لەوەش دەکات، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ستاف و پرۆگرامی خوێندن و کتێبی دەرسی و پێداویستی قوتابخانە، هاوشێوەی سیستەمی خوێندنی کوردی و تورکمانی خوێندنی زمانی سریانی دابین دەکات.

د.کەوسەر نەجیب بەڕێوبەری پەروەردەی گشتی خوێندنی سریانی دەڵێت:  لە هەولێر لە شارۆچکەی عەنکاوە ٩ قوتابخانە هەیە، کە یەک وانەی سریانی تێدا دەخوێنن، لەوانە قوتابخانەی ئەربائیلۆ هەموو وانەکانی بە زمانی سریانییە و  ١٤ خوێندکاری هەیە، هەروەها  ٦ ئامادەیی هەیە، پێنجیان یەک وانەی سریانی دەخوینن. بەڵام قوتابخانەی ئور هەیە هەموو وانەکانی بە زمانی سریانییە و ٣٢ خویندکار لەوێدا دەخوێنن. لە قەزای شەقلاوە قوتابخانەیەک هەبوو ئێستا داخراوە،  بەڵام یەک وانە هەیە، لە شارەدێی  هەرمۆتە یەک وانەی سریانی هەیە، لە قەزای سۆران لە دیانە قوتابخانەیەک هەبوو دواتر داخرا، لە هاودیانە-ئاودێیان نییە. بەڵام لە دەوروبەر دەخوێنن. زمانی سریانی لە کۆلیژی پەروەردەی زانکۆی سەلاحەددین کێشەی هەبوو، لە نێوان موصل و دهۆکدا خوێندکار نەهاتن، ئیستا قۆناغەکانی  ٣ و ٤ هەیە، نزیکەی  ٤ بۆ ٥ قوتابی هەیە، قۆناغی چوارەمیش (٢٤) قوتابی هەیە. بەڵام بۆ خوێندنی باڵا- ماستەر٦ تا ٧ وەجبە تەخەروجیان کردووە.

بەکارهێنانی یان نەبوونی زمانی پێکهاتە و کەمینە نەتەوەییەکان  و ئەو کێشانەی کە لێیەوە سەرهەڵدەدەن، لە بوارەکانی خوێندنەوە و نووسیندا وەک هەمیشە لە ژێر سێبەری سیاسەتدا دەمێنێتەوە. بە سەرنجدان بەوەی کە ئەجێندای سیاسی لە ئێستاوە باری زۆری لەسەرە، گفتوگۆکان سەبارەت بە زمان جارێکی دیکە پرسێکی پەراوێزخراون، کە هێشتا کاتی نەهاتووە بە ڕاشکاوی قسەی لەسەر بکرێت بۆ نموونە بەشێک لەو کەموکووڕییانە دەکەوێتە ئەستۆی خودی ئاخێوەرە سریانەکان کە نایانەوێ بە زمانی سریانی دایک بخوێنن (لە شارۆکەی عینکاوە ٤ خوێندنگەی ئەهلی و ناحکومی هەیە) ناردنی منداڵەکانیان بۆ خوێندنگەی تایبەت و ناحکومییەکان کە بە زمانی ئینگلیزی دەخوێنن نەک سریانی، خەمساردی خۆیانی لێ دەکەوێتەوە نەک هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێم ڕەت بکرێنەوە، دیارە لۆژیکی زاڵ ئەوەیە: “با ئەمە بۆ دواتر دوابخەین.

مەسەلەی خەریکبوون لەگەڵ زمانی سریانی لە دێرزەماندا لە کەنیسەکاندا مێژووی خۆی هەیە، یان باشتر بڵێین، نوێنەرایەتی دووبارەبوونەوەی مێژوویی دەکات، دوای ئەوەی کریستانەکانی کوردستان هەموو ئومێدێکیان لە سیاسەتدا نەمابوو، سەرنجی خۆیان بۆ پرسی زمان برد، لە کاتێکدا هەلومەرجی گونجاو بۆ کردەی سیاسی کاریگەر بوو لەناوچووبوو. بۆ نەوەی ئیستایان کە لە پەنجاکان و  شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە خەریکی کاری سیاسی بوون، پرسی زمان وەک نیگەرانییەکی لاوەکی و دواخراو لە پەراوێزدا مایەوە. بەهەمان شێوە زمانی کوردی لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا لە کارنامەی کادیرانی سیاسیدا نەبوو. لە کاتێکدا ڕاستە کە قەدەغەکردنی زمانی کوردی بەرە بەرە لە سایەی خەباتی کوردەوە هەڵگیرا، بەڵام بۆ ئەوان ئەمە لە  خەباتێکی ڕووکەش و فۆرماڵی زیاتر هیچی تر نەبوو؛ ڕۆشنبیرانی سریان زیاتر ڕوویان لە زمانی عەرەبی کرد و بەرهەمە ئەدەبی و هزرییەکانیان هەر بە زمانی عەرەبی دەئافراند، لەوانەش ئالفرید سەمعان و جان دەمۆ و قەشە یوسف سەعید و دەیان ناوی تر، لە بەرنامەی حیزبەکانیشدا  سیاسەتی “برایەتی”- بەمەبەستی بە دیموکراسیکردن ڕێگر بوو لەوەی  لە کایەی سیاسیدا جێگایەک بۆ کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان بەدەست بهێنێت. لە کاتێکدا کە هەندێک پێشکەوتن لە ئەدەب و چاپ و بڵاوکردنەوەدا هاتە ئاراوە، بەڵام واقیعی ئیستا بە ڕوونی سنووردارکردنی سروشتی زمانێک کە چوارچێوەیەکی سیاسی نەتەوەیی نییە، یان-بەپێچەوانەوە- بزووتنەوەیەکی سیاسی بۆ ئەکتیڤکردنی زمانەکانی وەک زمانی کوردی و پێکهاتەکانی تر لە ناوەڕاست و باشوورۆی عێراقدا، ئاشکرا دەکات کە لە پراکتیکدا بوونی نییە یان زۆر لاوازە.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO