سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

لێبووردەیی یان پێکەوەهەڵکردن!

چەمکی تۆلێرانس (Tolerance) کە لە کوردی‌دا کراوە بە لێبووردەیی، ڕاستەوخۆ لە چەمکی (التسامح)ی عەرەبی وەرگیراوە، هیچیان مانای تۆلێرانس ناگەیەنن. لە زمانی کوردی‌دا جوانترین و گونجاوترین چەمک بۆ مانای تۆلێرانس “پێکەوەهەڵکردنە”. پێکەوەهەڵکردن بەمانای وێڕای جیاوازییەکان، دەبێت یەکتر قبوڵ بکەن و بەیەکەوە هەڵبکەن.

محەمەد ئەرکۆن بە وردی بەدوای چەمکی تۆلێرانسدا چووە، باسی لەوە کردووە کە ئەو چەمکە لە مێژووی عەرەب و ئیسلام‌دا جێگای بیرلێکردنەوە (اللامفکر فیە) نەبووە، یاخود مەحاڵە بیری لێ بکرێتەوە (المستحیل التفکیر فیە)، بەو مانایەی بابەتێکی بیرلێنەکراوە بووە. لای هەمووانیش ئاشکرایە کە لە فیقهی ئیسلامی لەجیاتی ئەو چەمکە حوکمی ئەهلی زیمە (أهل الذمة) هەیە کە هیچ پەیوەندی بە چەمکی هاووڵاتییبوونەوە نییە، وێڕای ئەوەی کە جیاوازیشە لە پێکەوەهەڵکردن. ئەرکۆن باس لەوە ناکات کە وەرگێڕانە عەرەبییەکە بۆ تۆلێرانس هەڵەیە، ئەو هەر بە تەساموح وەری گێڕاوەتەوە. لێرەدا ئەگەر یەکێک بپرسێت لێبووردەیی یان تەساموح بۆ هەڵەیە؟ دەتوانین لە وەڵامدا بڵێین ئەی بۆ هەڵە نەبێت؟ لێبووردن لەبەرامبەر چی؟ لە بنەڕەتدا زۆرینە بۆ لە کەمینە دەبوورێت؟ ئایا جیاوازبوون تاوانە تا لێیان ببوورێت؟ لێرە کەمێک دەگەڕێمەوە دواوە بۆ ڕوونکردنەوەی وردتر لە چەمکی تۆلێرانس.

چەمکی تۆلێرانس بە تێپەڕبوونی کات پەرەی سەندووە. لە شارستانییەتە جیاوازەکاندا لە فۆرمی جیاوازدا هەڵکشان و داکشانی بەخۆیەوە بینیوە. بەڵام وەکوو بنەمایەک مێژووی شێوەگرتنی سەرەتای چەمکەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی حەڤدەم و باوکی لیبڕالیزم جۆن لۆک (١٦٣٢-١٧٠٤)، کە لەڕوانگە فەلسەفی و سیاسییەکەیەوە، باسی لە پێکەوەهەڵکردنی ئایینی (religious tolerance) و پێکەوەهەڵکردنی بیروباوەڕی جیاواز (toleration of beliefs) کردووە. ئەو باسەش لە یەکێک لە نامەکانی لە ١٦٨٩ بەناوی “نامەیەک سەبارەت بە تۆلێرانس” شڕۆڤە کراوە.

لۆک لە وەڵامی ئەو ململانێ و گۆشەگیرییە ئایینییەی کە لە ئەوڕوپا وەکوو کابووسێک چۆکی بەسەر سینگی ئازادییەکاندا دادابوو، بەتایبەتیش لە ئینگلتەرا و فەڕەنسا، نامەیەکی سەبارەت بە پێکەوەهەڵکردن نووسی. ئەو نیگەرانییەی لۆک لەوکاتەدا پەرەدەستێنێت کە ململانێی ئایینی نێوان کاسۆلیک و پڕۆتستانتەکان ببووە هۆکارێک بۆ شەڕ و ستەمکاریی لە تەواوی ئەوڕوپا دا. لە بەریتانیا، خەڵکی ناڕازی لەژێر دەستی کڵێسای ئەنگلیکانی‌دا ڕووبەڕووی گۆشەگیریی و ستەمکارییەکی زۆر بووبوونەوە. لە فەڕەنساـش دوای هەڵوەشاندنەوەی فەرمانی نانت لە ١٦٨٥ بووە هۆی گۆشەگیریکردنێکی توندی پڕۆتستانتەکان (هۆگێنۆتەکان) لەلایەن کاسۆلیکەکان‌ـەوە. فەرمانی نانت لە ١٥٩٨ لەلایەن هێنری چوارەمی فەڕەنسا ڕاگەیەندرا بۆ کۆتاییهێنان بە ستەم دژ بە پڕۆتستانتەکان. بۆ سەقامگیری فەڕەنسا پێویست بوو ئەو شەڕە بوەستێندرێت بۆیە لە ١٥٩٨ فەرمانی نانت ڕاگەیەندرا (Edict of Nantes) کە یەکێک بوو لە یەکەم هەوڵەکان بۆ بڵاوبوونەوەی پێکەوەهەڵکردن لە تەواوی ئەوڕوپا. بەڵام لە ١٦٨٥ لویسی چواردەهەم، فەرمانی نانتی هەڵوەشاندەوە و بووە هۆی گۆشەگیرییەکی توندی پڕۆتستانتەکان، کۆچی بەکۆمەڵی هۆگێنۆتەکان بۆ وڵاتانی دیکەی ئەوڕوپا و ئەمریکا.

بیرۆکەی سەرەکی لە چەمکی پێکەوەهەڵکردنی لۆک‌دا، بریتی بوو لە سێ بنەما: یەکەم، جیاکردنەوەی کڵێسا و دەوڵەت، بەو مانایەی نابێت حکومەت دەستەوەردان لە بیروباوەڕی ئایینی خەڵکدا بکات. لێرەدا باس لە تێکەڵکردنی ئایین لە سیاسەتدا نییە. دووەم، ئازادی ویژدان، واتە تاک مافی ئەوەی هەبێت بە ئارەزووی خۆی خواپەرستی خۆی بکات. سێیەم، سنووری لێبووردەیی، لۆک بێدینەکانی لەو بنەمایە دووردەخاتەوە چونکە پێی وابوو ئەوان ناتوانن گرێبەستە کۆمەڵایەتییەکان بپارێزن. هەروەها کاتۆلیکەکان‌ـیش لە ڕووی سیاسییەوە متمانەی پێیان نەبوو. ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە کە جۆن لۆک‌ـیش لەو سەردەمەدا هێشتا بەشێوەیەکی سنووردار بیری کردۆتەوە.

دوایی ئەو چەمکە زیاتر فراوانبوون بەخۆیەوە دەبینێت. فەیلەسوفی فەڕەنسی ڤۆلتێر لە ١٧٦٣ لە کتێبی “پەیامی پێکەوەهەڵکردن” (Treatise on Tolerance)، زیاتر پێکەوەهەڵکردنی پەرەپێدا و “گۆشەگیریی ئایینیی” سەرکۆنە کرد. دواییش جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ لە ١٩٤٨ڕاگەیەندرا، لەوێش وەک بنەمایەکی جیهانی جێگیر کرا. لەسەر ئەو بنەمایانەش، ئەوەی ئەمڕۆ لە کوردستان دەگوزەرێت، نەک هەر پێکەوەهەڵکردن نییە، بەڵکو لێبووردەییش نییە. وتارەکەی ڕێبەرێکی سەلەفی لە بەشەیتانکردنی ڕێبازەکانی سۆفیزم و گرووپە مرۆییەکان، مەترسیدارە و پێچەوانەی هەموو بنەما مرۆییەکانە، تەنانەت پێچەوانەی هەندێک بنەمای ئیسلام‌یشە.

سەلەفییەکان ئازادن لەوەی وەسفی سەلەفییەتی خۆیان بۆ خەڵک بکەن و بانگییان بکەن بۆ ڕێبازی سەلەفیزم، وەک ئەوەی سۆفییەکانیش ئازادن وەسفی سۆفیگەریی خۆیان بکەن و خەڵك بۆ سۆفیگەریی بانگهێشت بکەن. موسوڵمانان بۆیان هەیە باسی ئیسلام بکەن و خەڵک لە دەوری پەیامەکەیان کۆبکەنەوە، بەهەمان ئاست ئایینەکانی دیکەش وەکوو کرستیان، جوو، ئێزدی و یارسانی و زەردەشتی، ئازادن باس لە ئایینی خۆیان بکەن و خەڵکی بۆ بانگ بکەن. بەڵام لە بەرانبەردا هیچ یەکێک لەو گرووپانە ئازاد نین ڕق و قین بەرانبەر یەکدی بڵاو بکەنەوە و بە باتڵ و ناهەق وەسفی ئایین و مەزهەبی یەکدی بکەن.

ئەوەی ئەو ڕێبەرە سەلەفییە دەیکات نەک هەر لە وتارێک و دوواندا، بەڵکوو لە زۆر بۆنە و شوێندا دووبارەی دەکاتەوە، دژی پێکەوەژیان و پێکەوەهەڵکردنە. ئەوەی دەیکات ئازاردانی گرووپەکانی دیکە و دروستکردنی پشێویی کۆمەڵایەتییە و زیانی دوورمەودا لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتیی دروست دەکات. ئەگەر بیروباوەڕی سۆفییەکان لە چاوی سەلەفییەک “بیدعە” و “شیرک” بێت، لای سۆفییەکان خۆیان نەک هەر بیدعە و شیرک نییە، بەڵکوو جوانترین و پاکترین ڕێگای تەوحیدە. ئەگەر ئەو جۆرە گوتارە ڕقاوی و ناجوورە کاریگەریی هەبوایە، لەمێژ بوو هیچ سۆفییەک لە کوردستان نەمابوو و هەموویان ببوون بە سەلەفی. هێندەی وتارخوێنەکان، ئایینەکانی دیکەیان بە دەسکاری کراو و شێوێندراو وەسف کردووە، دەبوایە هیچ کرستیانەک لە کوردستان نەمابوایە. ئەم جۆرە گوتارە هێندە زیان بە ئاشتی کۆمەڵایەتیی و پێکەوەژیان دەگەێنێت، هێندە خزمەت بە خودی ئایینەکە یان مەزهەبەکە ناکات.

ئاخر ئایین بۆ ماوەییە. دەبینین لە ئاوەدانییەک هەڵگرانی چەند ئایینی جیاواز هەن. هەندێک جار هەڵگرانی ئایینی جیاواز لە یەک گەڕەکدا تێکەڵن و ماڵەکانییان پاڵیان بەیەکترییەوە داوە. هەندێک جاریش تەنها یەک شەقام لەنێوان گەڕەکی دوو ئایینی جیاوازدا هەن، بەڵام کە منداڵێک لەو دیوە لەدایک دەبێت، ئایینی دایک و باوکی و جڤاکی خۆی هەڵدەگرێت. ئەوەی دیکەش لە دیوەکەی دیکە کە تەنها ١٥ مەتر دووریی لەنێوانیاندا هەیە، منداڵێکیان دەبێت بەهەمان شێوە ئایینی دایک و باوکی خۆی هەڵدەگرێت. بەوجۆرە، دوو ئایینی جیاواز و دوو دنیابینی جیاواز دێتەگۆڕێ. لەو ڕوانگەیەشەوە، هەردوولا بۆیان هەیە باس لە سیفەتە باش و جوانەکانی ئایینەکەی خۆیان بکەن، بەڵام بێ ئەوەی هەست و نەستی یەکتر بریندار بکەن. بێئەوەی یەکێک بەوەی دیکە بڵێت ئایینی تۆ هەڵەیە و ئایینی من ڕاستە، یان تۆ لەسەر ڕێگایەکی چەوتی  و وەرە سەر ڕێگەی من. یەکتر بە ناڕاست و سەرلێشێواو هەژمارکردن پێی ناگوترێت پێکەوەهەڵکردن، پێشی ناگوترێت پێکەوەژیان. بۆیە ئەگەر بمانەوێت کۆمەڵگەیەکی تەندروستمان هەبێت دەبێت ڕێگریی لە گوتاری ڕقاوی و بریندارکەر و توندوتیژ بگیرێت.

لەدیوێکی دیکەشدا، پێکەوەهەڵکردن پەیوەندی بە کەمینە و زۆرینەوە نییە. کەس ئەو مافەی نییە لەوەی دیکە ببوورێت، چونکە لێبووردن تەنها پەیوەندی بە هەڵە و زیانگەیاندن هەیە. بەڵکوو یەک بنەمای گشتی هەیە لەنێوان هەموو ئایینەکان، زۆرینە بن یان کەمینە، ئەویش پێکەوەهەڵکردن و ڕێزگرتنە لە یەکدی. لە دەوڵەتێکی مۆدێرندا زۆرینە و کەمینە نییە، بەڵکوو هاووڵاتیبوون هەیە. هەموو هاووڵاتییەک لە هەڵبژاردنی بیروباوەڕی خۆی یان لە هەڵبژاردنی ئایینەکەی خۆی ئازادە، تەنانەت لە بێباوەڕبوونیش، بەپێچەوانەی سێیەم بنەمای جۆن لۆک، کە بێباوەر و کاسۆلیکەکانی لە بنەمای پێکەوەهەڵکردندا هەڵاوێردن. چۆن مرۆڤەکان ئازادن لە هەڵبژاردنی ئایینێک، یان لە گۆڕینی ئایینی خۆیان بۆ ئایینێکی دیکە، بەهەمان شێوەش ئازادن لەوەی باوەڕیان بە هیچ یەک لەو ئایینانە نەبێت. بەڵام هیچ یەک لەوانە مافی بڵاوکردنەوەی ڕق و یەکدی ناشرین کردنییان نییە. بەو جۆرە زۆرینە هیچ جۆرە مافێکی نییە لەڕێی ئەندامێکی خۆیەوە پەلاماری ئایین و بیروباوەڕی کەمینەیەک بدات و بە زەندیق و بیدعەچی و لەڕێلادەر، یا شێوێنەر هەژماریان بکات، هەروەکوو ئەو جۆرە پەلاماردانە بۆ کەمینەکانیش ڕەوا نییە.

ئەوەی لەو نێوەندەدا دەمێنێتەوە و بەکورتی ئاماژەی پێ بکەم، توێژینەوە و خوێندنی ئەکادیمییە. ئەمەش دوو لایەنی هەن. لایەنی یەکەم، پەیوەندی بە خوێندن و توێژینەوەی زانستی لاهووت (theology) هەیە کە لێکۆڵینەوەیە لە خوداناسی و ئایینەکان، لەلایەن ئەو کەسانەوە ئەو توێژینەوەیە دەکرێت کە پسپۆڕ و شارەزان لە ئایینێکی دیاریکراودا. کاری ئەکادیمی لێرەدا پەیوەندی بە بەتەواوەتی جیاوازە لە کایەی گوتاری بانگخوازی و ئایدیۆلۆجی. لایەنی دووەم، پەیوەندی بە کۆمەڵناسیی و زانستە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەیە. لە کۆمەڵناسیدا توێژەر تەماشای دەقەکانی ئایین ناکات داخۆ ڕاستن یان ناڕاست، باس لەوەش ناکات داخۆ ئەو دەقانە خراپ و زیانبەخشن یا دروست و سوودبەخش، بەڵکوو پەیوەندی بە ڕەفتار و بیرکردنەوە و کرداری تاکەکانی کۆمەڵگە و ئەندامانی سەر بەو ئایینەوە هەیە. توێژەر لێرەدا لەبەردەم دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییدا دەبێت، لەسەر ئەو بنەمایەش هەوڵ دەدات لەو دیاردەیە تێبگات، دەرەنجامەکانی توێژینەوەکە بخاتە بەردەم لایەنی پەیوەندیدار بۆ چارەسەرکردنی هەر کێشەیەک کە لە ئەنجامی ئەو دیاردەیەدا دروست دەبێت.

لە کۆتاییدا، دەتوانین بڵێین پێکەوەهەڵکردن یەکێکە لە چەمکە مۆدێرنەکان و خزمەت بە ئاشتیی کۆمەڵایەتیی دەکات و دەبێت تاکەکان بەو بنەمایەوە پابەند بن. هەموو جۆرە گوتارێک کە سەر دەگرێت بۆ زیانگەیاندن بە بەرانبەر و بریندار کردنییان، یان بەکەم تەماشاکردن، یان وەسفکردنی بیروباوەڕی بەرانبەر بە بیدعەچی و هاوەڵدانان و ڕاستی و چەوت، دەبێت ئەو جۆرە گوتارە بوەستێندرێت و ڕێگای پێ نەدرێت. ئەمەش لەسەر بنەمای قاعیدەیەکی فیقهی کە دەڵێت ڕێگریکردن لەو شتانەی کە ئازار و ئاشووب دروست دەکەن، لەپێشترە لە بەدەستهێنانی بەرژەوەندی “درأ المفاسد، أولی من جلب المصالح”.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • بوخچە
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO