محەمەد حەمە تەقی
کێشە هەمە چەشنەکانی ناو کۆمەڵگە و حکومڕانی کوردی و ئەو پەرتەوازەییەی کە لە مێژە لە گەردنی نەتەوەییمان ئاڵاوە، پێویست بەوەدەکات بە جورئەتەوە دەست لەسەر خاڵە لاوازەکان و بەربەستە مێژووییەکانی ناو کۆمەڵگەی کوردیمان دابنێین، بۆ ئەوەی لەو بازنە هزریە دەرباز بین، کە بەردەوام خەبات و قوربانیەکانی گەلەکەمان دەدات بە با. بۆ ئەوەی چیدی ڕەنج و تێکۆشانمان بۆ سەرفرازی نەتەوەییمان بێت، نەک لەلایەن ناحەزانەوە بۆ مەرامە نەگریسەکانیان بەکاربهێنرێین.
لەم ڕووەوە پێویست بەوەدەکات کە جارێکی تر بە کایەکانی ئایینیی و کولتووریماندا بچینەوە، گوتاری ئایینی و کولتووریمان بەشێوەیەک بێت کە خەسڵەتەکانی نەتەوەیمان تێدا ڕەنگ بداتەوە. واتە خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ ئایین و کایەی کولتووریمان بکەین، ئەو خەوش و کەموکوڕیانەی لەو دوو کایەدا هەیە و بە کولتووری ڕەسەنی کوردی و ژیانی هاوچەرخ نامۆن، لە هزری کۆمەڵگەی کوردی-دا بسڕێنەوە و وەلابنرێن. بە دڵنیاییەوە ئەو خەوش و کەموکوڕیانەش، داگیرکەر و ناحەزانی نەتەوەکەمان بە شێواز و ڕێگای ناجۆر سەپاندوویانە و بووە بەبەشێک لە هزر و جیهانبینیمان.
نە چاکسازی لە کایەی حکومڕانی و حیزبی و بیری سیاسیماندا سەردەگرێت، نە ئەو پەرتەوازەییەی ناو کۆمەڵگەی کوردی یەکدەخرێتەوە، تا بەشێوەیەکی ڕیشەیی گۆڕانکاری لە هەردوو کایەی ئایینی و کولتووریماندا نەکەین، گەرچی زۆر دواکەوتووین، بەڵام ئەمڕۆ بکرێت لە سبەینێ باشترە.
ئایین وەک ڕەهەندێکی ژیاریی، هەزاران ساڵە مرۆڤی بەخۆیەوە ئالودە و سەرقاڵ کردووە، ڕەنگە لە سەرتاسەری جیهاندا، کۆمەڵگەیەک، نەتەوەیەک نەبینیتەوە کە پەیڕەوانی ئایینێک یان چەند ئایین و ئایینزای تێدا نەبێت. مێژووی بوونی ئایین زۆر کۆنە، دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای بوونی مرۆڤ لەسەر زەوی، کاتێک مرۆڤ لە ئەشکەوتەکاندا ژیاوە و بە ڕاووشکارەوە سەرقاڵ بووە، دیاردە سروشتییەکان ئەویان ترساندووە، ئەم ترسەش ئەو بڕوایەی لا دروستکردون، کە هێزێکی باڵادەست و گەورە لەسەرویانەوە هەیە، لێرەوە بنەماکانی ئایین چەکەرە دەکات و مرۆڤ بەخۆیەوە خەریک و پابەند دەکات.
یەکێک لە کێشەکانی ئایین بە پیرۆز (موقەدەس) کردنی ڕەمزەکانیەتی، دیارە هەر شتێکیش پیرۆز کرا، ئیتر بەدەر دەبێت لە ڕەخنە و لێکۆڵینەوە، ئەم پیرۆزکردنە تەنها لەناو کایەی ئایینییەکەدا نامینێتەوە بەڵکوو دەگوازرێتەوە بۆ پیرۆزکردنی شێخێک، مەلایەک، فەتوایەک، لەکاتێکدا هەموو ئەمانە مرۆڤن و فەتواو دنیابینیەکانیشیان دیسان زادەی بیر و ئەندێشەی مرۆڤە.
بەپیرۆزکردن، بازنەی دووەمیش دەبڕێت و دەگوازرێتەوە بۆ کایەی کۆمەڵایەتی، کایەی حکومڕانی، دەگوازرێتەوە بۆ پیرۆزکردنی، ئاغایەک، سەرۆک هۆزێک، سەرکردەی حیزبێک، تا دەگاتە پیرۆزکردنی سەرۆک و کاربەدەستە یەکەمەکانی حکومڕانی.
ئایین چییە؟
ئایین ئەو باوەڕمەندیەیە کە تاکەکانی کۆمەڵگە تیایدا باوەڕ بە بوونی هێزێکی باڵادەستی سەرووی سروشتەوە دەکەن، لایان وایە هەر ئەو هێزەش دەتوانێ چارەنووس و ژیانیان دیاری بکات. ئایین مرۆڤ دەخاتە چوارچێوەیەکەوە کە تەواوی دنیابینی خۆی تێدا دەبینێت. ئایین هەم ئاسودەیی و ئارامی دەبەخشێت هەم ترس و دڵەڕاوکێ.
کۆمەڵگەی کوردستانیش نەک هەر لەم دیاردە جیهانییە بەدەر نییە، بەڵکوو بەهۆی ئەوەی کە کوردستان لانکەیەکی کۆنی مرۆڤایەتی بووە، چەندین ئایین و ئایینزا لە کوردستان-دا سەریان هەڵداوە. هەر بۆیە باوەڕمەندانی ئێزیدی، زەردەشتی، یارسان، جوو، مەسیحی و موسوڵمان، لەناو کۆمەڵگەی کوردی-دا بوونیان هەیە. بەڵام لە ئێستادا زۆرینەی کورد موسوڵمانی سوننە مەزهەبن، هەروەک زۆرینەی نەتەوە دراوسێکانی کورد-یش (عەرەب، تورک، فارس) موسوڵمانن بە هەردوو مەزهەبی شیعە و سوننەوە.
عەرەبەکان خۆیان بە خاوەنی ئیسلام دەزانن، چونکە قورئان بەزمانی ئەوان (عەرەبی) هاتووە و پێغەمبەری موسوڵمانانیش عەرەبە و لە تیرەی قوڕەیشە. واتە لەم ڕووەوە عەرەب نەک هەر کێشەی لەگەڵ ئاییندا نییە، بەڵکوو بەهۆی ئایینی ئیسلامەوە توانیویانە ڕووبەرێکی فراوان لەسەر گۆی زەوی بۆ خۆیان داگیر بکەن و زیاتر لە بیست دەوڵەتی عەرەبی تێدا دامەزرێنن. تورکەکانیش بەهۆی خەلافەتی عوسمانی-ـەوە، کە ئایینی ئیسلام بنەما و هێزی ڕاگرتنی خەلافەتەکەیان بوو، ئیمپراتۆریەتێکی گەورەیان دامەزراند کە بۆ زیاتر لە پێنج سەد ساڵ حکومڕانی زۆربەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەشێک لە ئەوروپا و باکووری ئەفەریقا-یان کرد، لە ئێستاشدا خاوەنی دەوڵەتێکی گەورەی وەک تورکیا-ن، کە کاریگەریی لەسەر ڕووداوە سیاسی و سەربازی و ئابووریەکانی ناوچەکە هەیە و خۆشیان بە ڕابەری تەواوی موسوڵمانانی جیهان دەزانن (بەتایبەتی موسوڵمانی سوننە مەزهەب).
فارسەکانیش، دوای ئەوەی سەفەوییەکان مەزهەبی شیعەیان کرد بە ئایین و مەزهەبی فەرمی بۆ ئیمپراتۆریەتەکەیان، توانیان بەرامبەر عوسمانییە سوننە مەزهەبەکان بووەستنەوە و پانتاییەکی فراوانیان بۆ خۆیان دەستەبەر کرد، کە لە ئەفغانستان-ـەوە بۆ کەنداوی عەرەبی و لەوێوە تا چیاکانی زاگرۆس درێژببووەوە. لە ئێستادا دەوڵەتی پانوبەرینی ئێران بەهۆی سوود وەرگرتنیان لە مەزهەبی شیعە، لەدەست فارسەکان-دایە.
لەم نێوەندەدا تەنها کورد نەیتوانی بەسوود وەرگرتن لە ئایین ببێتە خاوەنی دەوڵەتی خۆی، گەرچی سەڵاحەدینی ئەیوبی دەوڵەتی کوردیی ئەیوبی دامەزراند، بەڵام ئەم دەوڵەتە درێژنەبوویەوە بۆ ڕۆژگاری دوای نەمانی سەڵاحەدین.
کورد لەنێوان سێ برای دینیدا سەرگەردان و بێلانەیە. سەرەڕای ئەوەی هەر یەکە لەو برا دینیانە بەشێکی گەورەیان لە خاکی کوردستان داگیرکردووە، هەر بە شمشێری ئایین چەندین جار کورد-یان گەیاندووەتە کەناری مەرگ و کۆمەڵکوژیان کردووە.
کورد لە ئێستادا سەختە باوەڕمەندی خۆی بگۆڕێت و واز لە ئایینی ئیسلام بهێنێت، تەنانەت کۆمەڵگەی کوردی بەشێوەیەک لەگەڵ ئایینی ئیسلام-دا ئاوێتە بووە، ئیسلام بووە بە بەشێک لە ناسنامە و کولتووری نەتەوەی کورد. واتە کولتووری نەتەوەییمان و کولتووری ئایینی لە کۆمەڵگەی کوردی-دا بە ئاستەم لە یەکتر جیادەکرێنەوە، بیرکردنەوە و دنیابینیمان بەتەواوی کەوتووەتە ناو چوارچێوەی ئایینی ئیسلامەوە. هەر ئەمەش وای کردووە لەلایەن ئەو برا دینیانەمانەوە بە ئاسانی بەکاربهێنرێین و بە داگیرکراوی و ژێردەستەیی بمان هێڵنەوە.
بۆ دەربازبوون لەو دۆخە نا هەموار و ژێردەستەییە، کورد نابێت چاوەڕێی بەخشندەیی داگیرکەرانی بکات، ئیسلام تەنها موڵکی ئەوان نییە تا بەردەوام کوردی پێ فریو بدەن، بەڵکو ئیسلام موڵکی کورد و هەموو نەتەوەکانی جیهانە. هەر نەتەوەیەک لەسەر خاکی خۆی و بەپێی باری کۆمەڵایەتی و ئابووری خۆی لەگەڵ ئایینی ئیسلام-دا ڕێک و تەبایە.
کورد دەبێت خۆی بەدوور بگرێت لە ڕەوتە جیهانییەکان، کە زادەی بیری تاکەکەسە و لە هەلومەرجی تایبەتیدا سەریان هەڵداوە، ئەو ڕەوتانە داهێنانی دنیای دەسەڵات و بازرگانی و پارەیە، داهێنانێکی دنیای سەرمایەدارییە بۆ هێشتنەوەی نەتەوەکان لە ناتەبایی و دواکەوتوویدا. کورد دەبێت بەرگێکی کوردانە بکات بە بەری ئایینی ئیسلام-دا، کە هەم ناسنامەی نەتەوەیی خۆی بپارێزێت، هەم پەیامە پڕبەهاکانی ئایینییەکانی ئیسلام (ئاشتی و برایەتی)، لەنێو کۆمەڵگەی کوردی-دا بپارێزێت.
لە مێژووی دوورودرێژی ئیسلامدا، زۆر کەسایەتی ئایینیی بەتوانا لە کۆمەڵگەی کوردی-دا دەرکەوتن، کە توانیان لە دنیای ئیسلامی و لەناو کۆمەڵگەی کوردی-دا بگەنە لوتکە، وەک مەلای جزیری و نوورسی و مەولانە خالید و شێخ عەبدولقادر و شێخ مارفی نۆدێیی و چەندانی تر، ئەم زاتانە بەبیر و ئەندێشەی خۆیان و لە چوارچێوەی دەقەکانی ئایینی ئیسلام-دا، ڕەوت و ڕێبازی کوردانەیان لە ئایینی ئیسلام-دا هەڵگۆزی. فەرهەنگی کوردی-یان بۆ تێگەیشتن لە قورئان و فەرموودە داڕشت، کرانەوەیەکی گەورەیان لە ئاییندا دروست کرد، کەسیش نەیتوانی پێیان بڵێت کارەکەتان ناڕەوایە. بە دڵنیاییەوە لە ئێستاشدا زاناو پیاوی ئایینی زۆر گەورە و دڵسۆز هەیە کە بتوانن سیمایەکی کوردانە بکەن بە بەرگی ئایینی ئیسلام-دا، خۆشیان و نەتەوەکەشیان لەو دیماگۆگیە دەرباز بکەن، گەرچی سەرەتای هەموو کارێک قورسە، بەڵام نەکردەش نییە.
لێرەدا تەنها مەبەست لە وەرگێڕانی دەقەکانی قورئان و سوننە نییە بۆ سەر زمانی کوردی، یان نوێژ و بانگدان بکرێت بە کوردی، بەڵکوو تەنانەت ئەو دەقانەش کە لەگەڵ کولتووری کوردی-دا نایەتەوە، نابێت بخرێتە بەر گوێ و دیدەی کۆمەڵگەی کوردی، وەک بە کەنیزە (سەبایا) کردنی ژنان و تاڵانی (ئەنفال) و دەقەکانی تایبەت بە کوشتن و سەربڕین و بە کافرکردنی کەسانێک کە ڕەخنەیەک یان تێبینییەکیان لەسەر ئایین هەبێت، یان حەرامکردنی بۆنە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان. لەبەرانبەردا، زیاتر گرنگی بەو دەقانە بدرێت کە پانتایی هاوکاری و برایەتی و چاکەکاری لەناو کۆمەڵگەی کوردستانی-دا فراوانتر دەکات. بێگومان ئایینی ئیسلام تژییە لەو جۆرە بەها و گوتارانە.
لە دوای ڕاپەڕینەکەی بەردەرکی سەرای سلێمانی لە ٦ی ئەیلولی ١٩٣٠، کە ژمارەیەک هاووڵاتی تێدا شەهید بوون، مەلا محەمەدی کوردی بۆ یەکەم جار تەڵقینی ئەو شەهیدانەی بە زمانی کوردی خوێند، بەڵام دوای ئەو هەموو ئەنفال و کیمیابارانەی کە بەسەر خەڵکی کوردستان-دا هات، کەس ئامادە نەبوو نوێژێک بە کوردی بکات، بانگێک بەزمانی کوردی بدات. هیچ ڕێکخراوێکی ئیسلامی کوردی، عەرەبی، جیهانی ئامادە نەبوون تەنها وتارێک دژی ڕژێمە فاشی و دکتاتۆرەکەی سەدام حسێن دەربکەن.
چی دەبێت ئەگەر ڕۆژانە لە مزگەوتەکانی کوردستان-ەوە، بە دەنگ و ئاوازێکی کوردانەوە، بە کوردی بانگ بدرێت و موسوڵمانان لە کاتی نوێژکردن ئاگادار بکرێنەوە؟ بەم شێوەیە:
سڵاو سڵاو
سڵاو ئەی خوشک و برای موسوڵمان
ئەی موسوڵمانی ڕەوشتبەرز و بەویژدان
وەرن بۆ نوێژ،
بۆ پەیامەکەی خوای گەورە و میهرەبان
وەرن بۆ ڕێبازە جوانەکەی قورئان
بۆ پەیامی ئاشتی و بەختەوەری ژیان
سڵاو سڵاو ئەی خوشک و برای موسوڵمان
وەرن بۆ نوێژ.



