عارف قوربانی
ئەوە ٧٤٠ ڕۆژ بەسەر هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستاندا تێپەڕی و هەرێمى کوردستان نەیتوانى کابینەى حکومەت پێکبهێنێت. بەمەش ڕیکۆردى جیهانى شکاند و پێش هەموو ئەو نموونە خراپانەى دنیا کەوت کە دواى پڕۆسەى هەڵبژاردن بۆ ماوەیەکى درێژ نەیانتوانیوە حکومەت پێکبهێنن. لەو وڵاتانەى پەیڕەوى سیستمى هەڵبژاردن و دیموکراسى دەکەن، نموونەى لەو جۆرە زۆرن کە لە دەرئەنجامى هەڵبژاردنەکان ڕێژە و کورسیی لایەنە بەشدارەکان بەجۆرێک دابەش دەبن، نەتواندرێت کابینەى حکومەت پێکبهێندرێت. بەڵام لە هیچ وڵاتێکى دنیادا نەبووە بەو هۆیەوە چارەنووسى خۆیان و نەتەوەکەیان بدەنە دەست قەدەر، بەڵکوو پەنا دەبەنەوە بەر سەرلەنوێ ئەنجامدانەوەى هەڵبژاردن.
ئەوەى مایەى هەڵوەستە لەسەرکردن و جێى تێڕامانى قووڵە ئەوەیە کە هەرێمى کوردستان دواى ئەو چەقبەستنەى بەرۆکى گرتووە، بەدواى چارەسەر و دەروازەى دەربازبووندا ناگەڕێت. لەکاتێکدا پێچەوانەى هەموو وڵاتانى دنیا، پەکخستنى ئەم پرۆسەیە هەڕەشەى ڕاستەقینەى بۆ خودى قەوارەکە و شەرعیەتى بەڕێوەبردنى هەرێمەکە دروست کردووە. هیچ وڵاتێک نییە بەهۆى ئەوەى ئەگەر نەتوانن حکومەت پێکبهێنن، قەوارەکەیان مەترسى هەڵوەشاندنەوەى بکەوێتە سەر، تووشى گرفت و کێشە دەبن، بەڵام دەوڵەتەکەیان ناڕووخێت و سنوور و جوگرافیا و قەوارە نەتەوەییەکەیان هەر دەمێنێت، بەڵام لە کوردستان بەهۆى ئەوەى دەوڵەتى سەربەخۆ نین، قەوارەیەکى فیدراڵین لەناو دەوڵەتێکدا کە باوەڕى بە فیدراڵى نییە و بەناچارى قبووڵى کردووە. لە دەرفەت و بیانوو دەگەڕێت بۆ نەهێشتنى قەوارەکەى هەرێمی کوردستان. بۆیە پەکخستنى پرۆسەى پێکهێنانى کابینەى حکومەت، مەترسى ئێجگار گەورەیە لەسەر کوردستان.
کاتێک حیزبە بەشدارەکانى پرۆسەى هەڵبژاردن کە گەیشتن بەو بڕوایەى ناتوانن کابینەى تازە پێکبهێنن، دەبوو بەخێرایى ڕێکارەکانى سەرلەنوێ ئەنجامدانەوەى هەڵبژاردن بگرنە بەر، بەڵام گرفتەکە لێرەدایە وەک ئەوەى هەمووى پلانى پێشوەختەى بۆ داندرابێت، پێش هەڵبژاردن، لەلایەن بەغداوە پەرلەمانى کوردستان هەڵوەشێندراوەتەوە، کۆمیسیۆنى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى کوردستان هەڵوەشێندراوەتەوە، یاسای تایبەت بە ئەنجامدانى هەڵبژاردن هەڵوەشێندراوەتەوە.
ئەم خولەى هەڵبژاردنیش کە بە خولى سەرلەنوێ دروستکردنەوەى پەرلەمان دادەندرێت بە یاساى هەڵبژاردنەکانى عێراق و بەسەرپەرشتیی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بەڕێوەچوو، دواى هەڵبژاردن، ئەو کۆمیسیۆنەش کۆتایى بە تەمەنى هات و هەڵوەشێندراوەتەوە. سەربارى ئەوەى بڕیارە ساڵى داهاتوو هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکانى عێراق ئەنجام بدرێت، بەڵام هێشتا هیچ هەنگاوێک نەنراوە بۆ دروستکردنى کۆمیسیۆنى بەغداش کە لە ڕاستیدا ئەمەش کێشەیەکى گەورەیە.
لە هەمانکاتدا چەند سکاڵایەکیش براونەتە دادگاى فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەى دامەزراوە شەرعییەکانى هەرێمى کوردستان، بەهۆى پێکنەهێنانى کابینەى نوێى حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە. ئەو دادگایەى پێشتر پەرلەمانى کوردستان و کۆمیسیۆنى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان و یاساى هەڵبژاردنەکانى کوردستانى هەڵوەشاندووەتەوە. بە دوور نازاندرێت تۆمارکردنى سکاڵاکانى ئێستاش بەشێک بێت لە درێژکراوەى ئەو هەنگاوانەى پێشووتر و چاوەڕوانى کات و دەرفەتى گونجاو بن بۆ بڕیاردان لەسەر دامەزراوەکانى دیکەى وەک سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حکومەتیش.
هەرچەندە من دەمێکە گەیشتووم بەو بڕوایەى پارتى و یەکێتی ناتوانن پێکەوە حوکمڕانى بکەن، نزیک بە دوو مانگ پێش هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانیش بەدیاریکراوى لە ٢٩ی ئابی ٢٠٢٤ لە وتارێکم لەژێر ناونیشانی دوایین حکومەتى پێکەوەیى پارتى و یەکێتى هۆکارەکانی ئەم تێگەیشتنەم ڕوونکردوونەتەوە، بەڵام بەگریمانەى ئەوەى لێکدانەوە و شرۆڤەى من هەڵەیە، بە ئومێدى ئەوە بووین دواى ھەڵبژاردن بتوانن پێچەوانەى هەڵە و نەنگییەکانى ڕابردووى پەرلەمان، بە کەڵکوەرگرتن لە ئەزموون و شکستەکان، خولێکى نوێى پەرلەمان و حوکمڕانى بەڕێوەبەرن، بەڵام ئەوە ٧٤٠ ڕۆژ بەسەر هەڵبژاردن تێپەڕی و هیچ هەنگاوێکى کردارى نابیندرێت نەک بۆ پێکهێنانى حکومەت، تەنانەت بۆ دەستپێکردنى کۆبوونەوەکانى پەرلەمانیش. لەکاتێکدا دواى بڕیارى هەڵوەشاندنەوەى لەلایەن دادگای فیدراڵیی بەغداوە، بەگەڕخستنەوەى پەرلەمان پێویستییەکى حەتمیی بوو بۆ کوردستان.
بە بارمتەگرتنى پەرلەمان و ڕێگەنەدان بەوەى دەست بە کۆبوونەوەکانى بکات، لە کاتێکدا دواى هەڵوەشاندنەوەى، پێویست بوو ئەم دامەزراوەیە لە ململانێ و ناکۆکیی جەمسەرگیرییەکان دووربخرێتەوە و بکرێتە دەزگایەکى شەرعیی نیشتمانى، بیرى مرۆڤ بەو ئاراستەیە دەبات هەموو ئەمانە پڕۆسەى پێکەوە گرێدراون و ئامانجەکە خۆشکردنى زەمینە و ئاسانکردنى ڕێگەکانى هەڵوەشاندنەوەى قەوارەى هەرێمى کوردستانە. ئەگینا دەتواندرا پەرلەمان کارا بکرێتەوە و دەست بە کار و کۆبوونەوەکانى خۆى بکات، لە کاتێکدا ئەگەر لایەنەکان نەشتوانن لەسەر پێکهێنانى کابینەى نوێ ڕێکبکەون، بەڵام ڕێگەنەدان بەوەى پەرلەمان بکەوێتە کار، جێى سەرسوڕمانە. هەمووشمان دەزانین دادگاى فیدراڵى لە تاوتوێکردن و خۆئامادەکردندایە بۆ یەکلاییکردنەوەى ئەو سکاڵایانەى لەسەر حکومەت، پەرلەمان و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان تۆمارکراون. دەزانم پەیوەندى و توانا سیاسییەکانى هەرێمی کوردستان خراونەتەگەڕ بۆ ئەوەى ڕێگە لە دەرچوواندنى هەر بڕیارێکى دژ بە دامەزراوە دەستوورییەکانى هەرێمی کوردستان بگیرێت، بەڵام ئەوە عێراقە بۆ هەموو ئەگەرێک چاوەڕوانکراوە.
بۆیە داواکارم سەرۆکایەتیی هەرێمى کوردستان وەک هەنگاوێکى پێشوەختە داوا لە بەغدا بکات کە ئێمە دەمانەوێ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان سەرلەنوێ ئەنجام بدەینەوە، تکایە کۆمیسیۆنى سەربەخۆى هەڵبژاردن دروست بکەن تاوەکوو سەرپەرشتیی پرۆسەکە بکات. بەو شێوەیە بەرپرسیارێتییەکە بخرێتە سەر بەغدا کە پرۆسەى هەڵبژاردن دووبارە نەکراوەتەوە، بەوەش دەتوانن جۆرێک لە پارێزبەندى بۆ مانەوەى دامەزراوەکە دەستەبەر بکەن تاوەکو ئەوکاتەى بە کردار دەتواندرێت هەڵبژاردن ئەنجام بدرێتەوە.


