قەیرانی قووڵ و وەرچەرخانی مێژوویی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەتایبەتی لە سایەی پێکدادانی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەک و ڕژێمی داگیرکەری ئێران لە لایەکی دیکەوە، نەخشەی سیاسی و ئەمنی ناوچەکەی خستووەتە قۆناغێکی نوێ و بەبێ پیشینەوە. ئەم ڕەوشە ئاڵۆز و هەستیارە تەنیا ململانێیەکی سەربازیی کاتیی، یان کێشمەکێشێکی گوزەرای ناوچەیی نییە، کە بە ڕێککەوتنێکی خێرا، یان دەستکاریکردنی ڕووکەشانە کۆتایی پێ بێت، بەڵکوو دەستپێکی کۆتایی هاتنی سەردەمێکی سیاسیی کۆنە لە تەواوی ناوچەکەدا. ئەم وەرچەرخانە مێژوویییە دەرگا بەڕووی داهاتوویەکی سەرلەنوێدا دەکاتەوە، کە تێیدا پێگەی نەتەوە بێدەوڵەتەکان و بەتایبەتی بزاڤی نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەکەوێتە سەنتەری ڕووداوەکان و قۆناغێکی زۆر چارەنووسساز لە خەبات و بەرپرسیارێتیی ڕاستەقینە دەست پێدەکات.
دەوڵەتی داگیرکەری ئێران وەکوو سیستەمێکی داگیرکەر و سەرچاوەی سەرەکیی توندوتیژی و نائارامی لە ناوچەکەدا، لەماوەی چەندین دەیەی ڕابردوودا، هەمیشە هۆکاری سەرەکیی سەرکوتکردنی مافە نەتەوەیی و سیاسی و دیموکراتیکەکانی نەتەوەکان ناو جوگرافیای ئێران بووە. تاران بە بەکارهێنانی هێزی سەربازی و دروستکردن و پاڵپشتیکردنی میلیشیا هەرێمییەکان و هەروەها پیادەکردنی سیاسەتی سەرکوتکاری و ئاساییشیکردنی فەزای ناوخۆیی، هەوڵی داوە ئیرادەی ڕاستەقینەی نەتەوەی ژێردەست بپوکێنێتەوە و گەشەی سیاسیی بزووتنەوە نەتەوەییەکان ڕابگرێت. لێدان لە ژێرخانی سەربازی و ئابووری و فەرماندەیی و پێگەی دیپلۆماسیی ئەم ڕژێمە لە لایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، تواناکانی تاران بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکە لاواز دەکات و بنەماکانی دەسەڵاتداریی ناوەندی دەلەرزێنێت. لاوازبوون، یان هەرەسهێنانی ئەم پێکهاتە دیکتاتۆرییە، بۆشاییەکی گەورەی دەسەڵات لە ئێراندا دروست دەکات، کە پێویستی بە هێزێکی ڕێکخراو و بەرپرسیار و خاوەن ئیرادەی سیاسیی ڕوون هەیە بۆ پڕکردنەوەی بە شێوازێکی شارستانی.
لە ناوەند و قوڵایی ئەم هاوکێشە نوێیەدا، پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەکوو فاکتەرێکی یەکلاکەرەوە و بەهێز خۆی دەبینێتەوە. کورد، کە دەیان ساڵە قوربانیی یەکەمی سیاسەتە نژادپەرست و ناوەندگەرا و سەرکوتکارەکانی تاران بووە، خاوەنی مێژوویەکی دەوڵەمەند لە خەبات و قوربانیدان و ڕێکخستنی سیاسی و جەماوەرییە. بزاڤی رزگارییخوازیی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هێزێکی زیندوو و ئەزموونکراوە، کە بەپێچەوانەی زۆربەی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن، پێگەیەکی جەماوەریی زۆر بەهێز و تۆڕی ڕێکخستنی ناوخۆیی و ڕیشەی لە ناوخۆی وڵاتدا هەیە و لەسەر عەرز ئامادەیی بەهێزی هەیە. بەهۆی ئەم سەرمایە کۆمەڵایەتی و ڕێکخستنی و سیاسییە گەورەیەوە، کورد دەتوانێت ببێتە یەکێک لە ئەکتەرە سەرەکی و بەهێز و یەکلاکەرەوەکانی سەرجەم گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوەکان، نەوەکوو تەنیا تەماشاکەر، یان پاشکۆی ئەجێندای هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان.
بۆ ئەوەی بزاڤی نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بتوانێت لەم وەرچەرخانە مێژووییەدا زۆرترین دەستکەوتی نەتەوەیی و سیاسی بۆ گەلەکەی بەدەست بهێنێت و ڕێگە لە دووبارەبوونەوەی شکست، یان پەراوێزخستنە مێژووییەکان بگرێت، پێویستییەکی بەپەلە بە یەکڕیزیی ناوخۆیی و دروستکردنی هاوپەیمانی لەگەڵ نەتەوە چەوساوەکانی دیکەی ئێران و داڕشتنی گوتارێکی سیاسیی هاوبەش و هاوچەرخ هەیە. مامەڵەکردن لەگەڵ گۆڕانکارییە سەربازی و دیپلۆماسییە نێودەوڵەتییەکان پێویستی بە وردبینی و هۆشیاری و ژیریی ستراتیجیی قووڵ هەیە، تاوەکوو دۆزی ڕەوای کورد نەوەک وەکوو کێشەیەکی ناوخۆیی و سنوردار، بەڵکوو وەکوو بەشێکی دانابڕاو لە هاوکێشەی دیموکراسی و ئاشتی و سەقامگیریی هەمیستەیی لە ناوچەکەدا بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بناسێنرێت.
کەواتە ئەم ئاڵۆزی و گۆڕانکارییە ناوچەیییانە هەم مەترسیی گەورەی ئەمنی و سیاسییان لەگەڵ خۆیاندا هەڵگرتووە و هەم دەرفەتێکی زێڕین و مێژووییان ڕەخساندووە. گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕێگەی ئامادەیی سیاسی و ڕێکخستنی جەماوەری و پاراستنی یەکڕیزی و دیپلۆماسیی کاراوە، دەتوانێت خەباتی سەردەم بە ئاڕاستەیەک ببات، کە لەبری ئەوەی تەنیا قوربانیی شەڕ و ڕێککەوتنە ژێرخانییەکانی دەسەڵاتدارانی ناوچەکە بێت، بێتە ناوەندێکی بڕیار و هێزێکی کاریگەر لەسەر عەرز و هاوبەشێکی ڕاستەقینە لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆی و بنیادنانەوەی ئاییندەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەم کات و ساتە هەلێکی کەموێنەیە بۆ سەلماندنی پێگەی ڕاستەقینەی کورد لە نەخشەی سیاسیی نوێی ناوچەکەدا.


