سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

کورد پێویستی بە بزووتنەوەی “ئەبۆلیشینیزم‌”ـە

هارریێت تۆبمان، کە ناوی ئەسڵی خۆی ئارامینتا ڕوس (1822-1913) بوو، چالاکوانێکی کۆمەڵایەتی بوو و ئەندامی بزووتنەوەی ئەبۆلیشینیزم (Abolitionism) بوو لە ئەمریکا، بەمانای “بزووتنەوەی هەڵوەشاندنەوەی کۆیلایەتی”. یەکێک لەو چالاکوانانە ژنێکە دوای ئەوەی لە کۆیلایەتی ڕزگاری دەبێت، ناوی خۆی دەنێت هارریێت تۆبمان، کە دەبێتە یەکێک لە خەباتگێرە ناودارەکانی بزووتنەوەی هەڵوەشاندنەوەی کۆیلایەتی و چەندین جار ژیانی خۆی دەخاتە مەترسی بە مەبەستی ڕزگارکردنی بەکۆیلەکراوە ئەفریقییە ئەمریکییەکان. بەوجۆرە، تۆبمان لە 13 کارواندا دەتوانێت نزیکەی 70 کەس لە بەکۆیلەکراوەکان، لەوانەش ماڵبات و برادەرەکانی خۆی ڕزگار بکات، ئەویش لەڕێی دروستکردنی تۆڕێک لەو چالاکوانانەی کە ئەندامی بزووتنەوەی ئەبۆلیشینیزم بوون. ئەو ڕزگارکراوەکانی دەگواستەوە بۆ شوێنێکی پارێزراو کە ناسراو بوو بە “ژێرزەمینی نهێنی”.

ئەو ڕووداوانە کراون بە فیلم، لەژێر ناوی “هارریێت تۆبمان”، کە فیلمێکە لەسەر بنەمای ئەو ژنە ئەفرۆ ئەمریکییە بەرهەمهێندراوە و بریتییە لە بایۆگرافی هارریێت، بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش. فیلمەکە لە 2019 بەرهەمهێندراوە و دوو سەعات و شتێکە. فیلمکە پەیامێکە بۆ هەموو ئازادیخوازانی دنیا، بەوەی کە ئازادی لە پنتێکەوە دەست پێ دەکات و گەورە دەبێت و بەئامانج دەگات.

هارریێت کە لەژێر نیری کۆیلایەتیدا بوو، لەمێژ نەبوو هاوسەرگیریی کردبوو، هۆشیار بوو بەو دۆخە نالەبار و پڕ لە ئازارەی کە تێیدا بوو. جارێکیان، دوای ئەوەی خاوەنەکەی دەیەوێت بیفرۆشێت، بڕیار دەدات ڕابکات، بەڵام خاوەنەکەی لەگەڵ ژمارەیەک چەکدار بەدوایدا دەگەڕێن و دەیانەوێت بیدۆزنەوە و دەستگیری بکەن، تا ڕۆژێک لە ناوەڕاستی پردێک لە هەردوولاوە هارریێت لەکاتی ڕاکردنیدا گەمارۆی دەدەن. لەوێوە هارریێت بڕیار دەدات بمرێت باشترە لەوەی جارێکی دیکە ژیانی کۆیلایەتی هەڵبژێرێتەوە، بۆیە لەسەر پردەکە خۆی فڕێ دەداتە ناو ڕووبارە ئاڵۆز و توشەکەوە. ئیدی لەوێوە چیڕۆکی هارریێت دەست پێ دەکات، وردەکاری فیلمەکە نانووسم بۆ ئەوەی چێژ لە تەماشاکردنی ببینن.

کۆتاییهێنان بە بزووتنەوەی کۆیلایەتی لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەهاوکاری ژمارەیەکیش لە سپی پێستەکان، ئەوانەی کە باوەڕیان بە یەکسانی مرۆڤەکان هەبوو، قوربانییەکی زۆری ویست تا بۆ دواجار لە سەردەمی ئەبراهام لینکن بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی یەکجارەکی سیستەمی کۆیلایەتی درا.

کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەگەر وەکوو تاکیش لەناو سیستمی کۆیلایەتیدا نەژیت، وەکوو نەتەوە دەستەجەمعێکی بەکۆیلەکراوە. دەتوانین بە دەیان ئەرگومێنت ئەو تێزە پشتڕاست بکەینەوە، کە تا ئەو چرکەساتەش، شوێنەوار و ئاکامەکانی لەبەردەستدان. ڕۆژاڤای کوردستان کە تا مێژووێکی نزیک، لەناوناوانیش دیار نەبوو و مافی هاوڵاتیبوونێکی بێمافیشی نەبوو، ئێستاش لەژێر هەڕەشەی داگیرکاریی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا دایە. هەموومان دۆخی باکووری کوردستان دەزانین و تەنانەت خوێندن بەزمانی دایکیش بەڕەوا ناناسرێت. لە تورکیا لەسەر ئاستی دەستوور و کولتووری نەتەوەی داگیرکەر، بوونێک نییە بە ناوی کورد. دۆخی ڕۆژهەڵاتیش زۆر جیاواز نییە، ڕاستە دان بە بوونی کورد‌ـدا دەنرێت، بەڵام وەکوو بوکەڵەیەک لە چوارچێوەی پانئیرانیزمی شۆفینیزمدا. دۆخی باشووری کوردستان‌یش کە ئێستا لە ناسەقامگیرییەکی ترسناکدا دەگوزەرێت، نیوەی زیاتری لەژێر کۆنتڕۆڵی بەغدا دایە، لەسایەی فشاری میلیشیاکان و پڕۆسەی تەعریب و زاڵبوونی عەرەبیزمدا دەژیت، هەرێمی کوردستانیش لە سایەی ناکۆکی و دووبەرەکی و ئاراستەیەی بە سەنتەرکردنی حیزب لەجیاتی نەتەوە و نیشتیمان جڵەوی ئابووری و چارەنوسیشی کەوتۆتەوە دەست بەغدا و لە دۆخێکی ناهەموار و خراپدا دەژیت. سایکۆلۆجیای هاووڵاتییان بەسەریەکدا ڕماوە و لەنێوان بەرداشی داگیرکاریی و ناکۆکی حیزبیدا سەریان لێشێواوە.

داگیرکەر، سوودی لە کۆمەڵێک فاکتەر وەرگرتووە بۆ درێژەدان بە شەوی داگیرکاریی و هەژموونی زاڵمانەی خۆی بەسەر هەر چوار پارچەی کوردستان، بەڵام ترسناکترین هۆکار، خۆفرۆشی و ناکۆکی ناوخۆییە. کورد لەهەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە بزووتنەوەیەکی هۆشیارکردنەوە و خۆناسینە، پێویستی بە بزووتنەوەی ئەبۆلیشینیزمە، بەر لەوەی هیچ کارێکی دیکە بکات، لەپێناو ڕزگاری و ئازادی و سەربەخۆیی. کورد نەتەوەیەکە لەسەر خاک و بەردی خۆی دەژی و هیچی لە نەتەوەکانی ناوچەکە کەمتر نییە. شەرمەزارییە بۆ هەموو کوردێک کە تا ئەوڕۆ لەو دۆخە ناسەقامگیر و داگیرکراوییەدا دەژیت.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO