لە کولتووری زانستی و مەعریفی ڕۆژئاوا و دنیای پێشکەوتوودا، پێداچوونەوەی ڕەخنەگرانە و پوختەکردنەوەی کتێب و توێژینەوەی زانستی، بەشێکی بنەڕەتییە لە چالاکیی زانستی و بواری مەعریفیدا. هەر ئەو پێداچوونەوانەشن، کە گفتوگۆی مەعریفی و زانستیی لەنێوان بیرمەند و زانایان و خەڵکە خوێندەوارەکە دروست دەکات. لە کوردستان و دنیای ئێمەدا، بەدەیان کتێبی زانستی و فیکری و توێژینەوە ڕۆژانە و مانگانە دەخرێنە بازاڕەوە، بەڵام هەر زوو قڕوقپی لێ دەکرێت و بێجگە لە دەستخۆشی بەبێ ئەوەی بزانین ناوەڕۆکەکە چییە، بەبێ دەنگی دەخرێتە تاقەکانی لەبیرچوونەوە.
هەموومان دەزانین، لەڕووی فەلسەفییەوە، کتێب، مەعریفی بێت یان زانستی، تەنیا بەرهەمهێنانێکی بێدەنگ و ڕەنگاوڕەنگ نییە، بەڵکوو زۆربەی جار هەوڵێکی شێلگیرانە و دڵسۆزانەیە بۆ گۆڕینی واقیعێک و دروستکردنی کولتوورێکی تازە لە پڕۆسەی بەشارستانیکردن و پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و زانستییەکان. بۆیە بنەمایەکی گرنگی فەلسەفی هەیە لەنێوان “دەق” و “مانا” و گفتوگۆیەکی هەمەلایەنە لەسەر بەرهەمهێنانی کتێب و توێژینەوە.
بەرهەمهێنانی مانا، تێپەڕینێکی ڕاگوزەر نییە لە دنیای بیرکردنەوەدا و لەناو دەقدا نێژرا و داپۆشراو بێت، پەیتا پەیتاش بخزێندرێتە خانەی لەبیرچوونەوە. ئاسۆی نووسین بەدرێژایی مێژوو تێگەیشتن و گۆشەنیگایەکی مرۆڤانەی بەردەوام بووە بۆ گەشەسەندن و پێشکەوتنی مرۆڤ. هەموو هەوڵەکانی ئاسۆی نووسین ئەو سنوورە مەعریفی و کولتوورییەن، کە مرۆڤەکان پێی دەگەن و ڕوانگەی خۆیان بۆ ململانێکانی ژیان دەخەنە ڕوو. بۆیە خوێندنەوەمان بۆ ڕابردوو هەمیشە جیاوازە بۆ ئێستا و ئاییندەی کۆمەڵگەی مرۆیی.
لەڕووی فەلسەفییشەوە، کە دەڵێین دەقەکان پێویستە لە ڕێگەی ڕەخنە و پێداچوونەوە زیندوو ڕابگیرێن، مەبەستمان ئەوەیە ئاسۆی بیرکردنەوەی نووسەر، کە تێگەیشتنێکی تازەی بۆ بازنەیەکی دیاریکراوی مەعریفی و هزری تێکەڵ بە ڕەخنە و ئاسۆی دیاریکراوی ژینگەی دوای نووسینەکە کردووە و دنیابینییەکی فراوانتر دەخاتە ناو کێڵگەی زانستی و هزرییەوە. ئەمەش تێگەیشتنێکی دەقناسییانە (Hermeneutics)یە، بەتایبەتیش لە ڕوانگەی فەیلەسوفێکی وەکوو جۆرج گادامێر، کە پێی وایە، مانا هەرگیز بەرهەمێکی سارد و سڕ و جێگیر نییە، تاوەکوو نووسەر لە ناو دەقدا بینێژێت، بەڵکوو مانا ئاوێزانبوون و تێکەڵبوونێکی ئاسۆییانەیە لەنێوان دەق و خوێنەردا. بۆیە ئەگەر پێداچوونەوەی زانستی و ڕەخنەگرانە نەبێت، ئاسۆیەکی نوێ لەگەڵ دەقەکەدا دروست نابێت، لە ئاکامیشدا، دەقەکان بە مردوویی لەدایک دەبن و ئاوا دەبن.
کۆمەڵناس و فەیلەسوفی فەڕەنسی پۆست مۆدێرن ڕۆلەن بارت، باس لە مردنی نووسەر و ژیانی خوێنەر دەکات، کە یەکێکە لە بەناوبانگترین وتارەکانی بەناوی “مردنی نووسەر”. بارت دژی ئەو نەریتە بوو، کە پێی وابوو بۆ تێگەیشتن لە دەقێک دەبێت بگەڕێینەوە بۆ مەبەست و ژیانی خودی نووسەرەکە. لە ڕوانگەی “بارت”ـەوە، هەر دەقێک کتێب بێت یان توێژینەوە، کە لە دایک دەبێت، نووسەرەکەی دەمرێت و دەستەڵاتی بەسەر دەقەکەیدا نامێنێت. پاشان تەنیا خوێنەر، مانا بۆ ئەو دەقەی نووسەر دروست دەکات، کە مەبەست لێی پێداچوونەوە و ڕەخنەگرتنە. “پیەر بۆردیۆ”ش دەڵێت، لە کۆمەڵگە تازە پێگەیشتووەکاندا، یان دواکەوتووەکان، کتێب وەکوو سەرمایەیەکی سیمبۆڵیک دەبینرێت نەک وەکوو کاڵایەکی هزری و مەعریفی، بەو مانایەی نووسەر دەیەوێت پێگەی کۆمەڵایەتی خۆی بەهێز بکات و لە بواری ئەکادیمیشدا نازناوی زانستی بەدەست بهێنێت. هەموو ئەو گۆڕاوانەش لەسەر حیسابی هزر و مانا و ناوەڕۆکی کتێبدا دەبن.
پێداچوونەوە و ڕەخنە لە نەریت و بواری هزری جیهانیشدا بووەتە کولتوور و مێژووێکی دیاری هەیە، کە هەموومان پێیەوە ئاشناین. لە سەدەی هەژدەهەمدا، لەگەڵ سەرهەڵدانی ڕۆشنگەری لە ڕۆژئاوا و قاوەخانە و ڕۆژنامە و گۆڤارە ئەکادیمییەکان و دەرکەوتن و پانتاییەک دروست بوو بەناوی “گۆڕەپانی گشتیی”، کە زیاتر فەیلەسوفێکی وەکوو یۆرگن هابەرماس ڕۆڵی لە داهێنانی ئەو گۆڕەپانە هەبوو. لەو گۆڕەپانەدا کتێب و نووسینی هەمەجۆر دەبنە بواری گفتوگۆی خوێنەران و پاڵاوتنی مەعریفی نەوەکوو پیرۆزبایی لەیەکدی کردن و کوشتنی دەقەکان. هەروەها لە زانکۆ مۆدێرنەکاندا سیستمی پێداچوونەوە بوو بە مەرجی بنەڕەتی بۆ بڵاوکردنەوە. ئەگەر کتێبێک، یان توێژینەوەیەک بە فلتەری ڕەخنە و پێداچوونەوەدا تێپەڕ نەبووایە، هەرگیز بە بەرهەمێکی زانستیی هەژمار نەدەکرا.
لە مێژووی هاوچەرخی ئێمەدا لە کوردستان، کتێب و نووسین زیاتر ئامانجێکی ڕزگاریخوازانەی هەبووە و بەرگری لە ماف و خواستە ڕەواکانی پرسی کورد کردووە و جەختی لەسەر ناسنامە و ئازادیی نیشتمانی کردووەتەوە. بۆیە کتێب هەمیشە ڕەهەندێکی پیرۆزی پێ بەخشراوە نەوەک وەکوو کاڵایەکی مەعریفی تەماشا کرابێت و وردە وردە بەو هۆیەشەوە خنکێنراوە. ڕەخنەگرتن وای لێهاتووە بە شکاندنی نووسەر لێکدەدرێتەوە نەک وەکوو گەشەسەندنی هزر و مەعریفە تەماشا بکرێت. ئەمەش کولتوورێکی خراپی لە کایەی ئەکادیمی و مەعریفیدا دروست کردووە و دەقەکان لەگەڵ لەدایکبوونییاندا دەمرن.
هەروەها، گۆڤارە زانستییەکان لە هەرێمی کوردستان قالبێکی نەریتی جێگیری بێزارکەریان وەرگرتووە، هەندێک جار بەلایانەوە ناخۆشە بەناو توێژینەوەکان ڕەت بکرێنەوە، ئەو گۆڤارانە لە قەیرانێکی مەنهەجی و بێلایەنی زانستی و نەبوونی کولتوورێکی ڕەخنەییدا دەناڵێنن. هەر ئەو گۆڤارانەش، کە هەن ڕێگە بە بڵاوکردنەوەی “پێداچوونەوە زانستییەکان” (Peer Review) نادەن. لەبەر هەر هۆیەک بێت، نەریتێکی نازانستی و خراپە.
بۆیە پێویستە هەموو نووسەرێکی دڵسۆز و زانستپەروەر هەڵمەتێکی پێداچوونەوەی ڕەخنەگرانە وەگەڕ بێخن و ڕێگە لە مردنی کتێب و توێژینەوەی زانستی بگرن. بەمەش چەند ئامانجێک دەپێکین، لەوانە: کولتووری خوێندنەوە زیندوو دەکرێتەوە؛ هاوکات، نووسەران و توێژەران هەوڵ دەدەن قووڵتر و وریایانەتر بنووسن؛ لەوەش گرنگتر، نووسینی خراپ و گەندەش وردە وردە لە بازاڕەکان کەم دەبێتەوە، لە ترسی ڕەخنەگرتنی دڵسۆزانە.


