ڕێبوار ڕەشید
گۆڕانکاریی کۆنەپەرستانەی ٣٠ ساڵی ڕابردوو لە باشووری کوردستان و گەڕانەوەی بۆ دواوە هۆی سیاسییان لە پشتەوەیە. یەکێک لە گرنگترین لەو هۆیانە پرسی دینە. لە هەناوی ئایینی ئیسلامەوە جۆرگەلێک لە ئیسلام و ئیسلامی سیاسیی لەم دەڤەرە دروست کراون کە لە هەر شتێک بچن لە دینێک ناچن.
مێژووی ئایین زۆر تازەترە لە مێژووی مرۆڤ. ئایین بەرهەمی دەیان هەزار ساڵ پاش پێشکەوتنی مرۆڤە بۆ بوونەوەرێک کە بتوانێت بدوێت و بیر بکاتەوە و هەستی خۆی دەرببڕێت. لە سەرەتادا ترس لە بوڕکان و ئاگرکەوتنەوە و تاریکیی و چڕیی دارستانەکان و قووڵیی و فراوانیی دەریاکان و پانتایی ئاسمان و ئەو شتانەی دیکە مرۆڤی ترساندووە و خستوویەتیە گومان و ڕازەوە. مرۆڤ زۆر پێش ئەوەی بتوانێت بدوێت و بپرسێت و بیر بکاتەوە، هەستی بە ترس کردووە کاتێک بینیوویەتی لە چاو دیاردە و کارەساتەکانی سرووشت و ئاژەڵانی کێویی و گۆڕانی وەرزەکاندا خۆی بوونەوەرێکی بەستەزمان و بچووکە.
بەپێی زانست ئێمە دەزانین مرۆڤی ئەمڕۆ گەشەی هۆمۆ سەیپیانزە و لە کیشوەری ئەفریقاوە سەرچاوە دەگرێت، پاشان بە جیهانی ئەمڕۆدا بڵاوبوونەتەوە. لەگەڵ بڵاوبوونەوە و نیشتەجێبووندا کولتوور و نەریت و زمان، هتد، پەیدابوون و گۆڕانکارییان بە سەردا هاتووە.
بە چاوخشاندنێکی زۆر سەرپێیی کە هیچ ماندووبوونێکی ناوێت بۆمان دەردەکەوێت کە دینەکان یەکێک لەو لایەنانەی مرۆڤن کە پاش چەندین هەزار ساڵ لە هەبوونی مرۆڤ پەیدابوون و زیاتر پێوەندییان بە جوگرافیا و سرووشتی شوێن و کاتەوە هەیە، وەک لە مرۆڤ.
کاتێک مرۆڤێک لە بەشە هیندوسەکەی هیندستان لە دایک بێت ئەوا هەر لە دایکەوە دینەکەی هیندوسە و خوا مەزنەکەی براهمایە و لەوێشە و هەندێک خوای دیکەی وەکوو شیڤا و هاوسەرەکەی پەرەڤاتی و کوڕەکانی گانیشا و کارتیکەیا_یە، چەندینی تریش هەن. یاخود بودیست یان جانیست یان هەر شتێکی تر بێت. خۆ ئەگەر لە چین لە دایک بێت ئەگەر بودیست نەبێت کۆنفۆشیانیستە و ئەگەر نا ئەوا تائویستە. بێگومان وەکوو هەموو مرۆڤێکی تر دەتوانن باوەڕیان بە هیچ لەم دینانە نەبێت و ئەتێئیست یان ئەگنۆتیست بن یان هەر هیچ بە لایانەوە گرنگ نەبێت. ئەگەر هەمان مرۆڤ لە دنیای مەسیحیدا لە دایک بێت جۆرەکانی مەسیحیی دەبێت و لە جیهانی جوولەکەدا بە یەهودی لە دایک دەبێت. ئەو مرۆڤەی لە سەردەم و لە جوگرافیای فینیقیدا ژیا بێت ئایینەکەی باڵت بووە کە خوای خۆر و زریان بووە و لە سەردەمی میترادا میترایی و لە سەردەمی زەردەشتییدا زەردەشتیی بووە و بەو شێوەیە.
مرۆڤ پێش داگیرکاریەکانی مەسیحیەت (کریستیانیزم) لە ناو جوگرافیای سکاندیناڤیا باوەڕی بە خواوەندی ئاسا بووە. خواوەندەکانی تر وەکوو تور و ئۆدێن و فرەی و فرەیا، هتد، هەبوون. باوەڕداران لە ژێر فشار و هەڕەشە و گوڕەشەی زۆردا ناچار کراون ببن بە مەسیحیی. زۆر لە ئایینەکانی ئەمەریکای لاتین و ئەفریقا و ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئەنجامی داگیرکردنەکانەوە بچووک بوونەتەوە یان بوون بە بۆنەیەکی کولتووریی یاخود هەر نەماون. ئایینێک هەمیشە بووە بە ئایینی ئەو ناوچە جوگرافیایە کە تێیدا بڵاو بووەتەوە.
لە زۆرێک لە حاڵەتەکاندا ئایینێک بووە بە ئایینی فەرمیی دەوڵەت. ئەمە لە مێژوودا نموونەی زۆرە. کریستیانیزم لە ماوەی ٣٠٠ ساڵدا دینێکی تەواو جیاواز بوو لەگەڵ ئەو کاتەدا کە بوو بە ئایینی ڕۆما و بوو بە ئایینی دەسەڵات. پاشان بۆ نموونە لەو وڵاتانەدا کە بە هۆی جیاواز پێیان دەگوترێت “شارستانیی” وەکوو ئەوروپا و ئەمەریکا و هەندێک وڵاتی تر ئایین لە دەوڵەت و سیاسەت جیا کراوەتەوە. بەو شێوەیە بەرپرسیاریەتیی مرۆڤ بەرامبەر هاومرۆڤ و خاک و یاسا و ڕێساکان و کار و ئەرک و ماف و لەبەرچاوگرتنی یاسا نەنووسراوەکان لە سفارێکدایە کە پێوەندیی بە مرۆڤ و خواکەیەوە نییە. هیندوسێک و موسڵمانێک و کریستیانێک و جوویەک و ئەتائیستێک و ئەگنۆتیستێک و یەکێکی تر کە بتێک بپەرستێت، جا ژن بێت یان پیاو یان نێرەموکێک یاخود ڕەشپێست یان سپیپێست یان سەر بە هەر ئەتنیکێک بێت لە بەردەم یاسا و ڕێسا و دادگا و خوێندنگا و نەخۆشخانە و تاد جیاوازیەکیان نییە.
خەڵکی هەموو ناوچەیەکی ئەم گۆی زەمینە بانگەشەی باشترین و میهرەبانترین و گەورەترین و بەدەسەڵاتدارترین بۆ خوا و ئایینیی خۆیان دەکەن. تەنانەت ئایینە بچووکەکانیش خۆیان بە باشترینەکان دادەنێن. هەموو ئەم خواوەندانەی جیهان کە بە هەزارانن بە شێوەی جیاواز داوای گوێڕایەڵیی دەکەن و بە تۆڵەسەندنەوەی توند هەڕەشە لە سەرپێچییکاران دەکەن.
مرۆڤی ئەمڕۆ لە جیهاندا کە بەرەو هەشت ملیارد دەچێت نە کەمتر لە چوار هەزار خوای بە ناوی جیاوازەوە هەیە. هەر یەکێک لەمانە خوای خۆیان بە گەورەترین و بەهێزترین و دەسەڵاتدارترین و میهرەبانترین دادەنێت و هاوکات کاتێک پێویست بکات بە توندترین و تۆڵەستێندترین خوا. هیچ کەس و لایەنێک خوای خۆی بە کەمتر و بێهێزتر و لاوازتر لە هیچ خوایەکی دیکە دانانێت و تا ئەمڕۆش شەڕی بچووک و گەورە لە سەر ئەم بێنەوبەرەیە لێرەولەوێ ڕوو دەدەن. هەموو ئەمانە بە کۆمەڵێک هەڵبەستراوە و پێداگرتن باسی گەورەیی خوا و پەیامنێر و نووسراوەی خۆیان دەکەن. ئەگەر تا ڕادەیەک یاسای نێوخۆیی یان نێودەوڵەتیی نەبێت ئەوا زۆرینەی ئەم دینانە پاوانی یەکتر دەبەزێنن و هەڵ دەکەوتنە سەر یەکتر و کۆمەڵکوژیی گەورە ئەنجام دەدەن. میهرەبانیی دین و گەورەیی و بەخشندەیی خواکانیان هەرگیز ئەوەندە بەس ناکات کە یەکتر بە هەرچی خراپەکارییە تاوانبار نەکەن. ئەمە لە مێژوودا سەلمێندراوە.
ئیسلامیش وەکوو ئایینێک لە جیهانی خۆیدا خوا و کتێب و پێغەمەری خۆی بە گەورەترین و باشترین و چاکترین دادەنێت. ئەمە کە خەسڵەتی هەموو ئایینێکە تا ئێرە ئاساییە.
لە ناو هەموو ئەم دینانەی سەر زەمیندا کە هەن و کە ژمارەیان بە هەزارانە، ئایینی ئیسلام لە ئاڵۆزترین و ناڕۆشنترین دینەکانە و بە پێی ئەو لێکدانەوانەی ڕۆژانە لە دەمی ئەوانەوە کە نوێنەرایەتی ”ئەڵڵا“ دەکەن و لێیان دەبیستین، لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا ئیسلام هیچ پێناسە و سنوور و میچێکی نییە. ڕاستە ئاماژە بەپێنج کۆڵەکەی ئیسلام دەکرێت ، ئەویش حەدیسێکە (گێڕانەوەیەکە!)، بەڵام هەر سەدان و بگرە هەزاران تەفسیریی جیاواز بۆ قورئان و حەدیسەکان و کردە ڕۆژانەییەکان دەکرێت، هاوکات هاواریش دەکرێت کە ”ئێمە هەموو موسڵمانین“.
لە ڕاستییدا لە زۆربەی دۆخەکاندا تەنها “ئەڵڵا” خاڵی هاوبەشە، دەنا تەنانەت خودی پێغەمبەر و حەدیسەکان کە دەگوترێت هی ئەو یان کەسایەتیی دیکەی موسڵمانن نابن بە خاڵی هاوبەش.
ئیسلام ئایینێکە هێندەی ژمارەی لایەنگرانی خۆی جۆری هەیە. هەر موسڵمانە و دەتوانێت بە ئارەزووی دڵی خۆی پێناسەی موسڵمانبوونەکەی و ئیسلام بکات.
هیچ یەکێک لەم دینانەی سەر زەوی ئەگەرچی هەندێکیان ڕاستەوخۆ خۆیان بە ئاسمانیی دادەنێن و یەکتاپەرستن و هی دیکەش وەکوو هیندویزم یەکتاپەرست بەڵام ئاسمانیی نییە، وەکوو ئیسلام خۆی بە کۆتا دین و بە هەرە ڕاستترین دانانێت و نەهی و نەفی لەوانی تر ناکات. لە ناو ئەم چەند هەزار دینەی سەر زەمیندا تەنها ئیسلامە کە بە داری زۆرێ خۆی بە سەر تاکەکەسدا دەسەپێنێت و خۆی بە دوا دین دا دەنێت لەو مانایەدا کە ئیتر هەرچی هەیە پووچەڵ دەبنەوە.
ئایینی یەهودی کە بناخەی کریستیانیزمیشە و لێکچوونێکی زۆری لەگەڵ ئیسلام هەیە، وەکوو ئیسلام یەکتاپەرستە، بەڵام دروست بە پێچەوانەی ئیسلامەوە ئایینێکی فراوانخواز و پەرەستێنخواز و پاوانخواز نییە. ئەم جیاوازییە زۆر گەورە و بنەڕەتییە. مرۆڤێک ئەگەر بیەوێت و سەدان جار داوا بکات بە یەهودی قبووڵ ناکرێت. هیندویزمیش بە هەمان شێوەیە. کریستیانیزمی ئەمڕۆش هەر وایە و لە زۆربەی ئایینیەکانی دیکەدا دەبێت خۆت بە دڵخوازی خۆت داوا بکەیت و کەسیش چاوەدێریت بۆ پێڕەوکردن و پیادەکردن ناکات.
ئیسلام سەر دیوار و بندیوار و چواردەور لە مرۆڤ دەگرێت و جارێک بە شایەتومانی سەر غەرغەرەی مەرگیش ڕازیە و جارێک بە سەربەرزییەوە شایەتومانی ژێر چەقۆ و کێردیش وەردەگرێت. جارێک بە قسەی مەلاکان هەر کەسێک نوێژ نەکات هەرگیز بەهەشت نابینێت و جارێک تەنیا خوا خۆی لە ڕۆژی قیامەتدا بڕیار دەدات و تەنانەت باسی دوا مرۆڤیش دەکرێت کە لە دۆزەخەوە بۆ بەهەشت دەنێردرێت. تاوانبارانی دز و تاڵانچی و بکوژ و ببڕ حەواڵەی خوا دەکرێن، بەڵام خوا دەتوانێت هەر هەموویان یان ئەوانەی دەیەوێت ببەخشێت بێ گوێدان بەو کەسانەی لە سەر زەوی زیانیان پێ گەیشتووە یان “ناچن بۆ ناو بەهەشت تا وشتر بە کونەدەرزیدا تێپەڕ نەبێت، “ولا یدخلون الجنە حتی یلج الجمل فی سم الخیاط”. هاوکاتیش نوێژێکی لەیلەتوقەدر یان حەجێک و عەمرەیەک دەتوانێت هەموو گوناهەکان بسڕێتەوە و بەو شێوەیە.
چوون بۆ بەهەشت چەندیش ئاسان یان زەحمەت بێت ئەوا بە پێچەوانەی ئایینەکانی ترەوە ئیسلام بە قامچی دوات دەکەوێت تا بتکات بە موسڵمان و لە بەر خاتری خۆشت دەیکات. لەبەرئەوە نا کە خوا پێویستی بە بوونی تۆ وەک موسڵمانێک هەیە، بەڵکوو لەبەرئەوەی خوا لێت ڕازی بێت و بچیت بۆ بەهەشت و خۆشت لێ بگوزەرێت.
لە ئەگەری بە موسڵمان نەبووندا بە کافر و مولحید جوێنبارانت دەکەن و بێ لەوەی لە سەر زەوی بە شێوەی جیاواز هەڕەشەت لێ دەکەن ئەوا بە سووتاندنی هەتاهەتایی و شەق و تێهەڵدان و سووکایەتییپێکردنی ئەو دنیا (قیامەت/ زیندووبوونەوە) بۆت تەواو دەکەن. هەندێکیان هیندە دەڕۆن دەڵێن کە خودی ئەڵلا شەقشەقێنت پێ دەکات. دوا بڕیار و لێبووردەیی و بەخشینەکانی خوا بە ئاسانیی لە بیر دەکرێن.
نوێنەرانی ئەم ئایینە دەیان حەدیس بۆ نموونە بۆ ئەوە هەیە کە هەر کەس لە سەر دین و باوەڕی خۆی بێت با ببێت و بە دەیان حەدیسیش لە سەر ئەوە هەیە کە نوێژنەکەر کافرە و کە تەنانەت ئەوانی هاوڕێیەتیی نوێژنەکەر دەکەن کافرن و کە تەنانەت هاوسەرەکانیشیان پێیان حەرامن و کە تەنیا چارەسەریان کە بە کافری نەمرن ئەویە کە لێیان جیاببنەوە و بەو شێوەیە.
ئەم نموونە خۆدژگۆیانە/ کۆنترادیکتانە (تناقض) هەموویان دەتوانن ڕاست بن و هەمووشیان دەتوانن هەڵە بن. بە پێی دەسەڵات و کات و شوێن و بەرژەوەندیی لایەنەکان و کەسانی دووچار و مەبەستی سەرەکیی سەرئەنجامەکان دەگۆڕدرێن. لەم نوێنەرایەتییەدا ئامانج ڕێبازەکان پیرۆز دەکات و ئامانجیش هەمیشە بردنەوەیە لەو کەسەی دژبەرە. کێشە لە سەر هێلکەی کەڵەشێرێک کە چۆن دابەش بکرێت لە حاڵەتێکدا ئەگەر سێ کەس خۆیان بکەن بە خاوەنی، سەدان مەلا بە حەدیسی جیاواز و ئایەتی جیاواز و لێکدانەوەی جیاوازەوە ئەو هێلکەیە بە یەکێک لەو سێ کەسە ڕەوا دەبینن و ئەو ڕاستییەی کە کەڵەشێر هێلکە ناکات هەرگیز نابێت بە باس.
لە دیدێکی ترەوە کاتێک لە جوگرافیای دنیای ئیسلام دەڕووانین دەبینین دەسەڵاتدارانی لەم سەر بۆ ئەو سەری ئەم دنیای ئیسلامە لە سەر گەل و نیشتیمانی خۆیان تۆتالیتار و دیکتاتۆر و تاڵانچین. لە کۆماری ئیسلامیی مۆریتانیا-وە، کە یەکێک لە دەوڵەمەندترین وڵاتەکانی جیهانە و لە وڵاتە هەژارە خراپەکانیشە، تەنانەت کۆیلەشی تیادا دەکڕدرێت و دەفرۆشرێت بە ناو هەموو باکووری ئەفریقا (تونسی لێ دەربچێت) بەرەو قووڵاییەکانی دنیای ئیسلامدا، تا دەگاتە بەنگلاد-یش خەسڵەتە تایبەتییەکانیان کە بووە بە ناسنامەیان، بریتیین لە فەسادی ئەخلاقیی و کوشتن و بڕین و ستەمی میللی و چینایەتیی و جێندەریی و تاد، ڕێزنەگرتن لە پێکهاتە ئایینیەکانی دیکە و لە مرۆڤگەلی لێقەوماو و پەناهێندە و بیانیی، عەشیرەتگەریی و تایەفەگەریی و چەوساندنەوەی ژنان وەکوو ئاڵوگۆڕ بە ژنان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کۆمەڵایەتیی و تاوانکاریی، منداڵ بە شوودان و بە زۆر بە شوودان و خەتەنەکردنی بنەڕەتیی و تاد. هەموو ئەمانە لە دایک و باوکەوە و بە ناسنامەی باری کەسیەتیی موسڵمانن. موسڵمانبوونەکە بۆ دەوڵەت هێندە گرینگە کە تەنانەت لە سەر ناسنامەکانیشیان دەنووسرێت. ناموسڵمانبوونەکەیش بە هەمان شێوە گرینگە چونکە مرۆڤی هاووڵاتیی بۆی نییە بێ وەڵام بێت و حەتمەن دەبێت دینێک هەڵبژێرێت کە ئەگەرچی ڕەنگە ببێت بە مایەی هەڵاواردن و شاربەدەرکردن یان تەنانەت کوشتنیش.
بۆ نموونە، لە سەرهەڵدانی داعشدا ئەوە بەس بوو کە مرۆڤێکی موسڵمانی سەر بە دینی شیعە بێت بۆ ئەوەی هەر لە جێی خۆیدا سەرببڕدرێت. کەسانێک هەن تا ئێستایش شیعە و سوننە وەکوو دوو مەزهەبی هەمان دین دەبینن، بەڵام هەموو ئەو دژایەتیانەی لە نێوان سوننە و شیعە دا هەن بەڵگەن بۆ ئەوەی دوو مەزهەبی هەمان دین نیین، بەڵکوو دوو دینی سەربەخۆن. کێشەکە لەوەدایە کە هیچیان بەرۆکی ئەوی تریان بەرنادات و واز ناهێنێت تا خوا ئەو بڕیارە بدات. نەخێر، شەڕەکە لە پێشدا زۆر پێش ئەوەی بگاتە بەر قاپی خوا، دەبێت ببردرێتەوە.
کاتێک دەبێت بە باسی ئیسلام ئەوا بێگومان دەگوترێت کە خودی ئایینەکە پاکە و بێگەردە و ئەوە موسڵمانە کە ناتوانێت موسڵمانێکی ڕاست بێت و کەسیش نازانێت موسڵمانبوونی ڕاست کامەیە و چۆنە. کاتێک دێتە سەر موسڵمان ئەوا هەر موسڵمانێک ئەوی تر بەوە تۆمەتبار دەکات کە ئەو موسڵمانی ڕاستەقینە نییە. ئەمە تاوانبارکردنێکی زنجیرەیی سیستەماتیکی دنیای ئیسلامە. نەک هەر تاکەکەسی گشتیی موسڵمان بەڵکوو بە سەدان و هەزاران مەلا یەکتر بە موسڵمانی ناڕاستەقینە تاوانبار دەکەن. هەروەها چەندین ڕێبازی فەرمییش هەیە کە بە هەمان شێوە یەکتر دەناسێنن.
لە هەموو دنیای شارستانیدا کە دەگاتە نزیکەی ملیار و نیوێک مرۆڤ هێندەی شارۆچکەیەکی جیهانی موسڵمان، بۆ نموونە شارۆچکەیەکی کوردستان، نە بە درۆ سوێند بە خوای خۆیان دەخۆن، نە خۆیان ناچار بە درۆکردنی ڕۆژانە دەکەن، نە ڕێگای جوێندان و دەمپیسیی دەگرنە بەر، نە بوختان و قسە بۆ یەکتر و بۆ بێتاوانان هەڵ دەبەستن، نە ناپاکیی بەرامبەر هاووڵاتیی و نیشتیمانی خۆیان دەکەن، نە دزیی لە موڵکی گشتیی دەکەن و نە بێڕێزیی بەرامبەر بە یەک و بە ژینگە و بە سرووشت دەکەن و نە بە بەتایبەتییش پەلاماری خوشک و دایک و ژنی یەکتر دەدەن. ئەمە بە گشتیی خەسڵەتی دنیای ئیسلامە.
ئیسلام لە درێژخایانی خۆیدا بووە بە دامەزراوەیەکی بازرگانیی گەورە و ئاڵۆز، واتە ئینتەرپرایزێک. لەو دامەزراوەیەدا هەیکەلێکی ڕێکخستنی بەرچاو هەیە کە لە “خادم الحرمین الشریفین” ـەوە دەست پێ دەکات، واتە کلیلدار یان خزمەتکاری ماڵی خوا لە مەککە و ماڵی پێغەمبەر لە مەدینە کە بە نەریت مەلیکی ئالسعودن، هەتا دەگاتە مجێورێکی مزگەوتێکی بچکۆلەی هەر شوێنێکی ئەم دنیای ئیسلامە. لەم دامەزراوەیەدا کە پاشا و بنەماڵەی ئالسعود نوێنەرایەتیی دەکەن بە هەزاران شێخ و سەید و موفتی و بە سەدان هەزار مەلا و فەقێ و مجێوەر و تاد هەن. هەموو ئەمانە بە شێوەی جیاواز لە پرۆسە و دەسەڵاتی سیاسییدان. لە هەندێکیاندا دەستبەسەرداگیراو و زیندانیین و لە هەندێکیشیاندا هەمەکارەن. لە هەردوو حاڵەتەکەدا دەوڵەت بە هەزار و یەک بیانوو و پاساو هەم خۆی دەپارێزێت و هەم موسڵمانبوونی ڕاستەقینەی خۆی دەخاتە بەردەست. هەروەکوو چۆن دژبەرە موسڵمانەکان بە هەزار و یەک بیانوو و پاساو ناموسڵمانبوونی دەسەڵات و موسڵمانبوونی ڕاستەقینەی خۆیان دەفرۆشنەوە. حەشاماتێکی سەدان ملیۆنی ڕەشوڕووت و بەدبەختی بەناسنامە موسڵمان، کاریگەریی بنەڕەتییان لە سەر نفوزی سیاسیی ئیسلام هەیە چونکە سوود لە ناو و ژمارەیان وەردەگیرێت. لە هەر یەکێک لەمانەدا، جا گوندێکی بچووک لە وڵاتێک بگرێتەوە یان دەوڵەتێکی تایبەتیی بگرێتەوە یان یەکێک لە سوننە یان شیعە یان یەکێک لە ڕێبازەکان بگرێتەوە، دەتوانێت بە تەواویی ئیسلامێکی جیاواز بێت. بەو شێوەیە ئایینێک دروست کراوە کە سنوور و میچی بە ئارەزووی ئیمانداری خاوەن دەسەلات دەگۆڕدرێت. ئەو دەسەڵاتە دەتوانێت لە چوارچێوەی گوندێکدا بێت.
ئیسلام لە باشووری کوردستان
ئیسلام لە باشووری کوردستان کە بە دڵنیاییەوە لەگەڵ زۆر شوێنی جیهانیی ئیسلام جیاوازە. بە گشتیی سێ جۆرە. جۆری یەکەم ئەو موسڵمانی نەریتییە/سونەتییەیە کە تاکەکەسێک لە نەریتی باوی باوکایەتییەوە ناسنامەیەکی ئیسلامیی هەیە و باوەڕی بە خوایەکە کە لە کۆمەڵگەی کوردستاندا عادەتەن هەر بە “خوا” ناسراوە نەک بەتایبەتیی بە “اللە”، کە تاکەکەس بە پێی تێگەیشتن و توانا و کاریگەریی دەوروبەری بە شێوەیەک کە پێی ڕاست و دروستە موسڵمانبوونی خۆی پیادە دەکات. ئەم جۆرە موسڵمانبوونە لە کۆمەڵگەی باشووردا هەتا سەرەتای دەیەکانی نەوەتی سەدەی پێشوو بەربڵاوترین شێوەی موسڵمانبوون بوو. پیاوانی ئایینی کە هەرە زۆرینەیان نیشتیمانپەروەرن بوون و زۆریان تێکۆشەریش بوون لە مێژووی کورد دا لەم شێوەیە بوون. گرنگترین و گەورەترین خەسڵەتی ئەم شێوەیە لە ئیسلام بە شێوەکانی تەریقەتی شێخایەتیی و موسڵمانی ئاسایی ئەوەیە کە ئیسلام تا ڕادەیەکی باڵا ئاشتیخوازە و هەر کەس لەگەڵ خوای خۆیدا تەرەفە، واتە پێوەندیی خود و خوا. لەم شێوەیەدا تاکەکەسی موسڵمان دەستوەرناداتە کاروباری خەڵکی تر و تەنانەت لە ناو خێزانەکانیشدا باوک وەکوو سەرۆکی خێزان ئۆتۆنۆمییەکی شایانباس بە ئەندامانی خێزان دەدات. لەم مۆدێلەدا جلوبەرگ و شێوەی خۆڕازاندنەوە و ڕووخسار و خوێندن و هاتوچۆی گشتیی، هتد، تا ڕادەیەک لە بازنەی ئازادیی تاکەکەسدا بووە.
هەموومان لە ڕێگای ئەو تۆمارانەوە کە سەبارەت بە جلوبەرگ و خوێندنگاکان و نەخۆشخانەکان و گۆرانی و هونەرەکانی دیکە چ لە عێراق و چ لە کوردستان، تەنانەت ئێران و تورکیا و ئەفغانستان، دەتوانین بگەڕێینەوە بۆ ساڵانی پەنجا و شەست و حەفتا و هەشتاکان و ببینین کە ئەم جۆرە لە موسڵمانی ڕۆحانیی پاک زۆرینە بووە و هاوکات هیچ جۆرە خەسڵەتێکی ئیسلامی سیاسیی بەو سەردەمانەوە دیار نەبووە.
ئایا هیچ کەسێک دەتوانێت ئەوەندە بێ ئابڕوو بێت کە مۆری کافربوون و بێڕەوشتیی و بێئەدەبیی لە هەموو موسڵمانانی سەدەی ڕابردوو و یان ئەوانە بدات؟ لەم جۆرە موسڵمانەدا کە لایەنە ڕۆحانییەکەی دیارە تاکەکەسە، بەگشتیی یەک ڕووە و یەک کەسایەتیی هەیە.
جۆری دووەم موسڵمانی بازرگانـە. موسڵمانی بازرگان ئەو موسڵمانەیە کە لە ڕوواڵەتدا لە موسڵمانێکی نەریتیی دەچێت، بەڵام لە ڕاستییدا کاسبی بە دینەکەوە دەکات. ئەم کاسبیە هەر لە مزگەوت دروستکردنەوە تا ئاشکراکردنی زەکات و سەرفترە و گۆشتی خێر و کڕینی بەرماڵێک و دوو مەسینە بۆ مزگەوت بە شێوەیەک دەکات کە ببینرێت و لەو ڕێگایەوە مۆری پیاوچاکبوون دەکڕێت و دەیخاتە خزمەتی ئەو کاسبیەوە کە هەیەتی. لایەنە ڕۆحانییەکە لەم جۆرەیاندا تەواو کاڵە و ڕوواڵەتگەرییەکە بە ئاسانیی دەناسرێتەوە. ئەم جۆرە موسڵمانانە نەک هەر دووڕوون، بەڵکوو چەندڕوون و لە هەر شوێنە و کەسایەتییەکی جیاوازیان هەیە. لەگەڵ هەر یەک لە ژن و منداڵان و دەرودراوسێ و هاوگەڕەک کەسایەتییەکی جیاوازیان هەیە، لە بازاڕ و مامەڵەکردن، هتد. جیهانی ئیسلام پڕە لەم جۆرە و بێگومان لە کوردستان لە هەژمار نایەن. ئەم جۆرە لە موسڵمان لە ئێستادا جێیی بە جۆری موسڵمانی ڕۆحانیی لێژ کردووە.
جۆری سێیەم ئیسلامی سیاسییـە. ئیسلامیی سیاسیی لە باشوور کە هەر سی (30) ساڵێک تەمەنییەتی، بە گشتییش چل (40) ساڵێک تەمەنییەتی و دروستکراوی سعودیە و پاکستان و پاشان بەتایبەتیی تورکیا و ئێرانـە کە دیارە ئەوە چەند ساڵێکە بەتایبەتی لەلایەن قەتەر و ئیستیخباراتی (میتی) تورکییەوە برەوی پێ دەدرێت و دەخرێتە بازاڕاوە. ئەم جۆرە لە ئیسلام بە توندی کەوتووەتە ناو بازاڕی سەودا و مامەڵەی بازرگانیی ئایینەوە و تورکیا و ئێران وەکوو بەشێک لە شەڕی تایبەت دژ بە خەباتی ئازادیخوازیی خەڵکی کوردستان بەکاری دەهێنن. لەم شێوەیەدا هەموو شتێک بە دامەزراوە کراوە و کەسی موسڵمان ڕێکخراوە و بە دیسپلینێکی پۆلیسیی و لێپرسینەوە و چاودێریکردن و چاولەسەربوون بەستراوەتەوە. کەسانی ناو ئەم جۆرە لە ناو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاند (سۆشیالمیدیادا) چالاکن و خراپترین لە دەمپیس و جوێنفرۆشەکانن و بە سەدان پەیجی درۆزنە و ساختە بەڕێوە دەبەن و بە دەستە هێرش دەکەنە سەر ئامانجەکانیان و بوختان و درۆ هەڵ دەبەستن. ئیسلامی سیاسیی لە کوردستاندا بەتایبەتیی دژ بە خەباتی ئازادیخوازی خەڵکی کوردستان کار دەکات، بەڵام بە شێوەیەک مامەڵە دەکات کە کوردی عەیار بیستوچوار بێت.
ئەم “ئیسلامە فوڵ مواسەفاتە کوردییە” هەر شەڕوالێک و چۆغە و جامانەیەک زیاتر لە سەریان ناکەوێت و بێگومان زووزووش باس لە کولتووری کوردیی بە شێوەی خۆیان دەکەن کە گوایا هی کوردی ڕەسەنە. ئەم جۆرە لە موسڵمان بە ئاشکرا پێوەندیی بە ئێران و تورکیاـوە هەیە و لە خزمەتی بەرژەوەندییە ئاساییشیی و نەتەوەییەکانی ئەواندا کار دەکات. ئەرکی ئیسلامی سیاسیی لە کوردستان سەرقاڵکردنی تاکەکسی کوردە بە ناوی ئەو جۆرە لە ئیسلام کە تورکیا و ئێران لە کوردـیان دەوێت. ئەوان دەیانەوێت کورد لە هەموو بەهایەکی نەتەوەیی دابماڵن، بەڵام بە شەڕواڵ و چۆغەیەکەوە بیهێڵنەوە تا بە ڕووخسار لە “کورد” بچن و بتوانن ناویان بە “کوردی موسڵمان” بێنن.
ئەم جلە کوردییە درۆزنەیە کە تا سەر ئێسک ساختەچیەتیی بازرگانییکردنە بە دینەوە بێگومان تەنیا بۆ پیاوانە دەنا ئەگەرچی جلوبەرگی نەریتی کوردیی ژنان ئاودامان و درێژ و داپۆشەرە، بەڵام ژنان دەبێت ڕوو بکەنە جبە و عەبا و سەرپۆشی تەواو و مەقنەعە و محەجەبە و قیناع. کاتێکیش جلی کوردی بپۆشن، هەر عەبا و جبە و محەجەبە و تاد بە سەردا دەدەن.
هۆی سەرەکیی بڵاوبوونەوەی ئەم ئیسلامی سیاسییە دەگەڕێتەوە بۆ برسیکردنی خەڵکی باشوور کە خەڵکانێکی سەر بە تورکیا و ئێران ئارد و نان و شتومەکی خۆراکییان لە پاش ڕاپەڕینەوە بە سەر خەڵکدا دەبەخشییەوە و وردەوردە ئەم کارە مۆری ڕەوشتیی ئیسلامیی لێ درا و لە بیر کرا کێ و چ مەبەستێک لە پشتیەوەیەتی.
ڕێکخستنەکان لەگەڵ کاتدا پێشخران و دامەزراوە و کاسبی جیاواز دروست کران و هەلی کار و پارەی بندییواری خواپەرستیی بۆ خەڵک بڕدراوەتەوە کە بێگومان بەشێکە لە شەڕی تایبەت و خەڵکی ڕەشوڕووت و بەدبەختی ئەم دەڤەرە لێی تێ ناگەن. ئەم جۆرە لە “ڕەوشتی ئیسلامیی” شۆڕ بووەوە بۆ ناو گەنجانی بێ کار و خوێندکارانی هەژار لە سەرانسەری باشووردا. ئیسلامیستە ڕووخسار شاردراوەکان، کە لە پشت “دەمامکی ڕەووشتی ئیسلامیی” خۆیان حەشار دەدا و ئێستایش هەر وان، تێچووی خوێندن و بڕەپارەی بەشە-ناوخۆییی وەرناگرن لە قوتابییەکان، پێدانی شوێنی مانەوە و خواردنی بەلاش بوو بە هۆکاری یەکەمی ئەم لەخۆگرتنەی گەنجانی کورد. ڕوون و ئاشکرایە، گەنج و گەورەساڵ و دایکوباوک و چواردەوریان لە پێناو ئەو ژەمە نان و خۆراک و وردە ئیمتیازانەدا بوون بە چاولەبەری ئەم ڕێکخراوانە و هەر چیەکیان پێ بگوترێت پێویستە ڕاستەوخۆ جێبەجێی بکەن و نەوێرن بڵێن نا، چونکە لە تۆڕی ڕێکخراوەکەدا دەردەکرێن کە هەم مانای ئەوەیە لە تۆڕە هاوبەشیەکەدا نامێنن و هەم لەو ئیمتیازانەش بێ بەش دەبن. دیارە ئەوەش لەولاوە بووەستێت کە مۆری هەڵگەڕاوە و ناموسڵمانبوونیشیان لێ دەدرێت. پاساوەکەش کە هەمووی بۆ “خواگیان”ـە و لە پێناوی ئیسلام دایە هەموو هەستێکی ویژدانناڕەحەتیی لای نێچیر ڕادەماڵی.
هەمان ئەو کارە بوو کە بەعسییەکان کاتی خۆی زیاتر لە نیو ملیۆن کوردیان لە ژێر ناوی “المرتزقە” دا ڕێکخستبوو. “المرتزقە” بە مانای جاش نایەت وەکوو هەندێک کەس لێی تێ دەگەن، بەڵکوو بە مانای ڕزقدراو، بژێویدراو، ئەو کەسەی بژیوی دابینکراوە دێت. سەددام حوسەین بەوانەی دەگوت “بژیویدراوی خۆم”، دروست بە پێچەوانەی ئەو گوتەی ئیسلامەوە کە خوا ڕزقی خەڵک دەدات. دووبارەکردنەوەی ئەم تاکتیکە لە لایەن تورکیا و ئێرانـەوە، ئەم جارەیان بە ناوی خوا و ئیسلامەوە زۆر ئاسان بوو. ئیتر کەس پێویستی نەدەکرد خۆی بە قەرزداری سەرۆککۆمارێک یان حیزبێک بزانێت، بەڵکو ئەم ئارد و نان و خۆراک و پارە و کارە لە خواوە دێت. کێشەکە لەوەدایە کە وردەوردە ناوی خوا دەسڕدرێتەوەو و جۆری ئیسلامییە تورکیی و ئێرانییەکە جێگای دەگرێتەوە.
ئێستا کە کراوە بە سیستەمێکی چەسپاو کەس نایەوێت بیری لێ بکاتەوە کە ئایا لەو پرۆسەیەدا خوا چی لێ هات. گرینگ ئەوەیە ورگەکان تێر ببن و خەرجیی ڕۆژانە و مانگانە لە هەر فۆرمێکدا بێت، فەراهەم بکرێت. لە کۆتاییدا خۆ هەموو شت هەر چارەنووسی خوایە و هەر شتێک خۆی ڕەزامەندیی لە سەر نەبێت، نابێت.
ئەم ڕێکخستنە کە پسپۆڕانی شەڕی تایبەتیی لە پشتەوەیە، ڕۆژانە هەموو بەرنامەیان بۆ دادەندرێت و دەبێت لە دانیشتن و کۆبوونەوەکانی ئەم ڕێکخراوانەدا بەشداربن و کتێبی تایبەت بە ڕێبازەکەی خۆیان لەژێر ناوی پەروەردە و ڕۆشنبیرکردن و لە خوانزیکبوونەوە بە بەلاش بە قوتابییەکان دەدرێت، کە بەشێکی زۆریان منداڵانی كچی خوار هەژدە ساڵەن و لە خولی قورئان خوێندندا چالاکی وەرزشی و مەلەوانی و گەشت و گوزارییان پێ دەکرێت. هەموو ئەمانە فرۆشیاری (بایعی) ئیسلام سیاسیین.
ئەگەر ئێران، بە پێی کولتووری فارس، فێرە کە پەلە ناکات و بە لاواندنەوە نێچیری خۆی سەر دەبڕێت و لە سەر کوشتەشی شین دەکات، ئەوا تورکەکان کە دوژمنی سەرسەختی گەلانی ڕەسەنی ئەم ناوچەیەن و بەتایبەتییش زۆر لە کورد تووڕەن کە وێنەی ئەرمەن و ئاسوور و یۆنانی ملیان نەداوە، بە ئاشکرا ڕێبازی ئیسلامیی تورکییان فەرز دەکرد. بۆ نموونە لە ژێر ناوی نورسی و پەیامەکانی (نور) هەموو کۆمەڵە کتێبەکەیان بە بەلاش بڵاو دەکردەوە و بە شێوەیەکیش دەیان کرد کە دۆست و خۆشەویستی کوردن و کاریان ئەوەیە خزمەت بە کورد بکەن. ئەم ڕێکخراوەیە ئەوەندە تورکی لای گەنجی کورد خۆشەویست کردووە، کە تورک کراوە بە وێنای خوا لە سەر زەوی. لە کودەتای ١٥/٦/٢٠١٦ دا کاتێک کە ئەردۆغان گوڵەنی پێ تاوانبار کرد، ئەوا ئیسلامیستە-تورکچیەکانی کورد دڵیان نەدەهات نە دژی ئەردۆغان و نە دژی گوڵەن بن و کەوتبوونە داوی خۆشەویستیی یەکسەرەوە لەگەڵ تورک و لە هەڵوەشاندنەوەی ئەو نازونیعمەتە دەترسان کە بە پارەی ئەو دووانە لە سەری دەلەوەڕان. شایانی باسە، کاتێک کە ئەردۆغان کەوتە شەڕی سیاسیی و دیپلۆماسیی و ئابووریی لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا کە مەکتەبە ئیسلامیەکانی گوڵەنـیان هەبوو و فەرمانی دەدا دایان بخەن، سەبارەت بە هەرێمی کوردستان نەک هەر هیچی نەگوت بەڵکوو ڕێگای لە پێشخستن و بەردەوامیی پێوەندییەکانیش نەگرت.
دۆخە سیاسییە ئابوورییە کۆمەڵایەتییەکە هێندە لە بارە کە لەم ساڵانەی دوواییدا ئیسلامی سیاسیی وردەوردە قاچی لێ درێژ کردووە و بە ئارەزووی خۆی خەریکی مۆرلێدانە لەوەی کێ موسڵمانی ڕاستەقینەیە و کێ کافرە و مولحیدە و خوانەناسە، هتد. بەو شێوەیە پسووڵەی موسڵمانبوون دەفرۆشنەوە و بە گوتاری هێرشبەرانەی دەمپیسانەی تاوانبارکارانە پەلامار دەدەن. ئەمە بە ناوی “ئەخلاق”ـەوە دەکەن و مەبەستیشیان لە ئەخلاق تەنها ناوگەڵی ژنە. لەو هێرشەدا بەتایبەتیی موسڵمانی ئاسایی بە ئامانج دەگرن و دەیانەوێت لە ڕێگای تیرۆری ئایدیۆلۆجیی و تیرۆری کەسییەوە ملکەچییان بکەن.
هێرشی بەربڵاو و تایبەتییان بە پلەی یەکەم لە سەر ژنانە، هەرچی بە دەمیاندا دێت دژ بە ژنانێک کە نایانەوێت لە ژێر عەبا و حیجابدا بن دەیڵێن، بە بیانووی ئەوەی کە گوایا بۆ خوای دەکەن ئەوا هەموو شتێک بە ڕەوا دەبینن. زۆرینەی ئەو مەلایانەی سووکایەتی بە ژنان دەکەن دەکەونە دۆخێکی شێتییەوە. بۆ نموون هەر هەموویان بەوە دەست پێ دەکەن کە ژنێک تەلەفۆنی بۆ کردوون، یان دەڵێن نایانەوێت ناوی بهێنن. تەنانەت هێرشی سێکسییش دەکەن بۆ سەر ئەو ژنانەی کە حەوشە دەشۆن لەگەڵ ئەوەدا کە یەکێک لە کارە ڕۆژانەییەکانی زۆرێک لە ژنانی کورد خاوێنکردنەوە و شتنی حەوشەیە. بیانووی ئەمانە هەڵکردنی کراسەکەیانە کە عادەتەن ئاودامانە. باسکردنی ژن وەکوو خواردنی میوەیەکی ئاوەکیی لێ هاتووە کە مەلای ئاخێوەر لیک و ئاو و هەندێک جار بە ڕوونیی شەهوەتیش بە دەمیدا دێتە خوارەوە و دەکەوێتە قەوچەقەچ و مڵچەمڵچ و هەڵلوشین، بەتایبەتیی لە باسی بەهەشت و بە سێکسیکردنی خەسڵەتی بەهەشتدا.
لە دژایەتیکردنی ژناندا ژنان دەکرێن بە پارچەیەک گۆشتی سێکسیی. ئەو پارچە گۆشتە هەست و نەستی نییە، تووشی نەخۆشین نابێت و هیچ شوێنێکی نائێشێت، بیر لە منداڵ و برا و باوک و دایک و کەسوکار و دەراوسێ و نیشتیمانی ناکاتەوە، کێشەی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئابووریی نییە و خەمی هیچ ناخوات و سەری بە هیچەوە نائێشێنێت و تەنیا و تەنیا هەر بیر لە سێکس دەکاتەوە. هەر ئەوەندە چاوت لێ خافڵ کرد پیاوێک دەخەڵەتێنێت و دەیدا بە سەر خۆیدا. ئەمە ئەو وێنایەی ژنە کە لە زۆرینەی کەلـلەسەرەکانی ناو وەزارەتی ئەوقافەوە هەتا کۆلکە مجێورەکاندا تێگەیشتنێکی نەگۆڕە. ژن مرۆڤ نییە، بەڵکوو پەراسوویەکی هەڵخەڵەتێندراوە و مەرامی لە خشتەبردنی پیاوە.
هاوتەریب هێرش بۆ سەر ئەدەبیات و گۆرانی و موزیک دەکەن و لەم هێرشەدا بەتایبەتیی خەباتی ئازادیخوازیی بە ئامانج دەگرن. بۆ نموونە، هێرشێکی گەورەیان کردووەتە سەر سروودی “ئەی ڕەقیب” کە شیعری پایەبڵند و نەمر “دڵدار”ـە، گوایا دڵدار کفری کردووە. بەم شێوەیە لوتبەرزییەکی بینراویان تۆمار کردووە و ڕەقەمێکیان بە خۆیان وەکوو پارێزەری دینی ئیسلام داوە.
تێکدانی شیعری “ئەی ڕەقیب” و هەوڵدان بۆ گێلکردن و گەوجکردن و گاڵتەکردن بە ئەقڵی موسڵمانی ئاسایی کورد لە کارە لەپێشینە و گەورەکانی ئەم ئیسلامە سیاسییەیە. ئەوەی ئەلفبێیەک لە شیعری کوردی تێ بگات (ناکرێت ئەمانە کە خۆیان بە زانا لە قەڵەم دەدەن، نەزانن!) دڵدار دەڵێت: ئەی ڕەقیب هەر ماوە قەومی کورد زمان، نایشکێنی دانەری تۆپی زەمان. دڵدار دەڵێت: دانەری تۆپی زەمان، کە خوایە، نایشکێنێ، نەک ناتوانێت بیشکێنێت و نەک بۆی ناشکێندرێ، بەڵکو “نایشکێنێ”، واتە دەست بە باڵ و بە پشتییەوە دەگرێت.
بە چەواشەبردنی خەڵکی موسڵمانی ناهۆشیاری کورد تەنها و تەنها بازرگانییەکی سیاسیی و دژایەتتیکردنی خەباتە ئازادیخوازییەکەیەتی. لە ڕێگای ئەو دەستدرێژیی کردنەوەوە بۆ سەر دڵدار لە ڕاستییدا هێرش بۆ سەر شاعیرانی سەدەکانی ڕابردوو دەکرێت کە نزیکەی هەموویان شێخ و سەید و مەلا و فەقێ و قورئانخوێن بوون، بەڵام بازرگانی دینیی نەبوون. هەموو نیشتیمانپەروەر بوون و خزمەتیان بە زمانی کوردیی کردووە و بە ڕێزەوە لە ژنیان ڕووانیووە و داوایان لە لاوانی کوڕ و کچی کورد کردووە پشت لە عەشیرەتگەرایی و ناوچەچیەتیی و نەخوێندەواریی بکەن و ڕوو لە یەکێتیی و پێشکەوتن و ئازادیخوازیی بکەن.
لە درێژخایانی ئەم دواکەوتووییەدا دکتۆر مەلا پەیدا بوون کە هەندێکیان وەک پسپۆڕی دەروونیی و هەندێکی تر وەک پسپۆڕی هەموو زانستەکان و هەندێکی تر پسپۆڕی خواردنەوەی میزی حوشتر و گرتن و ڕاونانی جنۆکە و دۆعای سەیروسەمەنە و جۆرەکانی نوشتە. حیزبەکانیش بۆ ئەوەی لەم خورافات و هاشوهوشە دوانەکەون بە ناوی ڕاوێژکاری ئایینییەوە، مەلایان دامەزراندووە کە بە گشتیی بێ دەنگن، بەڵام هەندێک جار لە دژایەتیی جۆرێک لە دەربڕینی ئیسلامی سیاسییدا نووزەنووزێکی ئیسلامیی دەکەن.
لە نێوان ئەو دەسەڵاتە نەنووسراوەی خۆیان و ئەو دەسەڵاتە لاستیکییەی کە دەسەڵاتداران بۆیان فەراهەم کردوون، دەستوەردەداتە ناو هەموو شتێکی تاکەکەس و هەموو شتێکی کۆمەڵگە. لە پرسی ژن و بەهەشت و دۆزەخەوە تا دەگاتە چۆنیەتی قونشۆرین و گەڵوگون پاککردنەوە. هاوکات کۆمەڵێک شێوەی ڕووخسار و هەڵسوکەوت و مامەڵەیان هەیە کە دەیانەوێت بە سەر هەموو کۆمەڵگەیدا بسەپێنن، گوایا ئەوە شێوە ڕووخسار و هەڵسوکەوت و مامەڵەی پەیامنێری ئیسلامە، وەکوو شێوەی سمیڵ و ڕیش و جلوبەرگ و خواردنی خۆراک بە دەست، هتد. بۆ نموونە هەوڵ دەدەن لە یەک ژن زیاتر بهێنن و هەندێکیان بۆیان دەلوێت بیگەیەن بە چوار. هاوکات جلوبەرگیان هەمیشە تازە کە بێگومان لەگەڵ پارەی مووچەی ڕەسمییاندا نایەتەوە و ئوتومبێلی گرانبەها تا دەگاتە گولـلەنەبڕ، کە دیارە سوننەتی پەیامنێری موسڵمانان نەبووە.
ئەمانە پلەی زانای ئایینیی یان زانای ئیسلامییـیان بە خۆیان بەخشیوە هەروەکوو ئەوەی ئیسلام زانستێک بێت. لەبەرئەوە بە وشەی مەلا ڕازی نیین و لانیکەم نازناوی مامۆستا لە خۆیان دەنێن هەر وەک ئەوەی موسڵمانبوون جۆرێک لە پیشە بێت.
بوون بە مەلا لەم دوو گرووپەی موسڵماندا باشترین کاسبی سەردەمە. مەلایەکی سەر بە گرووپی بازرگان یان ئیسلامی سیاسیی بێ ئەوەی یەک دینار بخاتە سەرمایەگوزاریی یان مەترسییەوە و تەنیا بە دووبارەکردنەوەی کۆمەڵێک حەدیس و ئایەت سامانێک پێکەوە دەنێت کە لە ئاستی باڵای چینی مامناوەندیی دایە. هەر لەوەوە کە دەتوانن لە ژنێک زیاتر بهێنن و تەنانەت بیگەیەنن بە چوار و ڕەنگە زیاتریش، هەتا ئوتومبێلی چەند دەفتەریی و مووچەی مانگانە و ئیمتیازی لابەلا، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا پەیداکردنی ڕێز و پلەوپایەیەکی کۆمەڵایەتیی کە خێزانێک ئەگەر دەرزەنێک شەهیدیشی هەبێت پێی ڕەوا نابینرێت. پارەپەرستیی و شەهوەتپەرستییەکە هێندە ئاشکرایە کە هیچ کەسێک ناتوانێت نکۆڵی لێ بکات و بە هەزاران نموونە هەن.
ئەم جۆرە مەلایانە وەکوو نوێنەری خوا لە سەر زەوی دێن و دەچن. وێنای خوا بە شێوەی جیاواز نیشان دەدەن و لە باسەکانیاندا دەیهێننە سەر زەوی و هەندێکیان هێندەش دەڕۆن کە باسی ئەوەش دەکەن کە خوا لە ڕۆژی قیامەت چۆن خۆی شەقشەقێن بە سەرپێچیکاران دەکات و تاد.
ئەگەر تا 30 ساڵێک لەمەوبەر مزگەوت ماڵێکی خوا بوو کە چەند ئیماندارێک تێیدا کۆدەبوونەوە و نوێژێکیان پێکەوە دەکرد و دەمەتەقێیەکی کۆمەڵایەتییان تێدا دەکرد، ئێستا بووە بە دامەزراوەیەکی ڕێکخراو بۆ بەهێزکردنی نوێنەرەکانی خوا لە سەر زەوی. لەوێدا پاداشت و سزاکان سەدان و بگرە هەزاران لقوپۆپیان لێ دەبێتەوە و شێوەی دەرخەیاڵیی دەگرنە خۆیان، هەر لە باسی شێوەکانی ئازاردان و چوون و نەچوون بۆ دۆزەخ تا جوانی حۆری و غیلمانەکان، بۆ توانای بەردەوامی لە خەیاڵنەهاتووی سێکس کردن، لە ڕەپبوونی بەردەوامەوە بۆ کونکردنی حۆری بێئەژمار و چێژوەرگرتن لە دۆخی هەمیشە هاتنەوەدا. لەم مزگەوتانەوە هەڕەشە لە ئیمانداران دەکرێت کە ئەوەی نوێژ نەکات تەنانەت ژنەکەیشی پێی حەڵاڵ نییە و لە خوتبەدا ئەم قسەیە بە گوێی ژنانیشدا دەدرێتەوە کە بە پیاوە نوێژنەکەرەکانیان حەڵاڵ نین.
ئەم هەزاران مزگەوتە لە لایەن وەزارەتێکەوە بەڕێوە دەبردرێت کە پێی دەگوترێت وەزارەتی ئەوقاف. وەقف لە زمانی عەرەبیدا سەبارەت بە ئایین بە مانای “بەخشین، بەخشین یان دان یان پێدانـی ماڵیی” بە مەبەستی ئایینی یان چاکەکاریی گشتیی دێت و ئەلئەوقاف کۆی وشەکەیە کە ڕەنگە وشەیەکی گونجاو بە کوردی “بەخشینگا” بێت.
کولتووری وەقف بە فەرمیی لە عێراق دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی عێراق لە 1921، کە بە پێی کولتوور و نەریتی باوی جێکەوتەی ئەوسا هەر لەلایەن خەڵک خۆیانەوە کۆبووەتەوە و بەش و دابەش کراوە. لە 1929 دا، بە پێی ماددەی 122 دەنووسرێت کە ئەوقافی ئیسلامیی دەکرێت بە فەرمانگایەکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی، نەک وەزارەتێکی، حکومی و بە پێی یاسای دانراو و دیاریکراو بەرپرسی کاروبار و خەرجی خۆی دەبێت و لە ژێر دەسەڵاتی سەرۆکوەزیراندا دەبێت. لە 1976دا، ئەم فەرمانگایە دەگۆڕدرێت بە وەزارەتێک، تا لە 1993 هەندێک گۆڕانکاریی دەکرێت بەڵام گرینگترین خاڵ ئەوەیە کە هەر سەر بە دیوانی ئەوقاف دەبێت و لە ژێر چاودێری سەرۆککۆماردا دەبێت و بۆ کۆی موسڵمانان دەبێت نەک بۆ شیعە و سوننە.
پاش ڕووخانی ڕژیمی بەعس لە 2003 دا نزیکەی هەموو شتێک لە عێراقدا گۆڕدرا و سەرئەنجامەکەی ئەم عێراقـەی ئەمڕۆیە بە هەرێمی کوردستانەوە. پاش ڕژێمی بەعس وەزارەتی ئەوقاف هەڵوەشێندرایەوە و دوو دیوانی نوێ دروست کرا، دیوانێکی شیعە و دیوانێکی سوننە و یەکێکیش بۆ ناموسڵمانان و هەرێمی کوردستانیش خۆی وەزارەتێکی ئەوقافی هەیە. واتە عێراقییەکان بوون بە خاوەنی چوار دیوانی ئەوقافی جیاواز و بە پێی دەستووری 2005 چەسپێندراوە. دەگوترێت کە وەقفی سوننی سامانی لە هەموو ئەوانی تر زیاترە کە دەگاتە لانیکەم 12 ملیار دۆلار. سەرچاوەی ئەو سامانە بێگومان دیار نییە و بەسەرهاتی سەیروسەمەرە سەبارەت بە موڵکی زەویوزار و شێوەکانی دیکەی سامان دەگێڕدرێتەوە. هەروەها ناشزانین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە یان نا، بەڵام وا پێدەچێت هەرێمی کوردستان سامانی خۆی هەبێت.
بۆ نموونە هەر یەک موڵکداری ئەوقافی ئەبوحەنیفە دەگاتە بیستوسێ (23) هەزار دۆنم لە زەوی کشتوکاڵیی و کە سێیەکی زەویوزاری پاریزگای بەسرە لە ڕاستییدا ئەوقافی ئیسلامین و کاروبارەکان بانکی یان مەسرەفی ئیسلامی و زانکۆی ئەهلی و بنکەگەلی کاتبەسەربردن و بازرگانیی و پزیشکیی و تەندروستیی و تاد دەگرنەوە.
ئەم وەزارەتانەی ئەوقاف هەر وەکوو هەموو وەزارەتەکانی تر هیچ شەفافیەتێکی ماڵییان نییە، چ سەبارەت بە سەرچاوەی ڕاستەقینەی داهاتەکان و چ سەبارەت بە خەرجکردنەکان. وەزارەتی ئەوقاف لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەوەشدا کە بانگەشەی کەمکردنەوەی فەرمانبەر و خەرجییەکان دەکات وەزارەتێکی گەورەوگرانە کە لە وەزیری ئەوقافەوە بۆ جێگر و بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکان و مەلا و فەقێ و مجێور و شێوەکانی دیکەی فەرمانبەریی، بریتییە لە مەکینەیەکی زەبەلاحی بیروکراسیی مەسرفەگەر، وەکوو هەموو وەزارەتێکی تر لە سەر موڵکی گشتیی دەژی. لە سی ساڵی ڕابردوودا بە خەزێنەی موڵکی گشتیی ئیماندارانێکی موسڵمان بەخێودەکرێن کە تەنیا بەرهەمێکیان ئەوەیە موسڵمانیەتیی بکەن.
هەمووان دەزانن کە ئێمە لە باشوور لە دەیان و سەدان بواری جیاوازدا دواکەوتووین، ئەمەش ڕێگاکانی بەرەو بەڕێوەبردنی شەفاف و مۆدێرن و شارستانیی بە پێوەری دیموکراتیی، واتە بەڕێوەبردنێکی یەکسان و دادپەروەر، داخستووە. یەکێک لەوانە نەبوونی ئامارە لە نزیکەی هەموو بەش و یەکە و کەرتێکدا. بۆ نموونە، سەرچاوە و داهات و خەرجییەکانی وەزارەتی ئەوقاف و ژمارەی فەرمانبەران و مووچەبگیری ئەو وەزارەتە هەر بە درشتی هەیە و بە وردیی نادیارە. هەروەها پرینسیپەکانی ئەو جۆرە دامەزراندنانە و مووچەبگیرییەکان، هتد. ڕوون و ئاشکراشە کە هەموو ئەم دامەزراندنانە، سەرەڕای لاف و گەزافی ڕەووشتیی ئایینیی و ناوی خوا، لە ڕێگای وابەستەیی و وەفاداریی حیزبایەتیی و واسیتە و بەخشیش و پیاوەتیکردن و سەرفی نەزەری خزمایەتیی و شێوە ناشیرینەکانی تری پێوەندییەوەیە.
وەزارەتی ئەوقاف ساڵانە بە دەیان ملیۆن دۆلار لە سەر خەڵکی کوردستان دەکەوێت و ماکینەیەکی زەبەلاحی مەسرەفکارە کە هیچ بەرهەمێکی بەرجەستەی نییە. هەرچەندە لە ناو جۆری ڕێباز و مەلاکاندا ئەمەش هەر خۆی پرسێکی ناکۆکییە، بەڵام ئیشی سەرەکیی وەزارەتی ئەوقاف ئەوەیە کە هیدایەتی خەڵکی باشوور بکات بچن بۆ بەهەشت.
لەم بونیادە ئاڵۆزەدا هیچ کارێکی تایبەتیی و بەرهەمێکی تایبەتیی بەرجەستەی ماددی (ئۆبجێکتیڤی) نییە، بۆ نموونە، وەکوو ڕۆڵی بەرمیلێکە لە دەرەوەی ژوورێکی نەشتەرگەرییدا، جیاوازیی لە نێوان دامەزراوەی دین و دامەزراوەی دیانەتکردن کە دوو شتی جیاوازن، بە ئەنقەست و بە مەبەستی بازرگانیی تێکەڵ کراوە. ئەم تیکەڵکردنەش لە ژێر دەنگ و زەنای دەهۆڵکوتان و زووڕناژەنینی گەورەیی خوا و پێغەمبەر و قورئان و حەدیسەکان و تاد کە تاکەکەسی موسڵمانی ئاسایی دڵپاک گێژووێژ دەکات و نازانێت ڕاست و چەپی خۆی کامەیە. دامەزراوەی دین هەر دین خۆیەتی و ئەو کۆڵەکە و دیسپلینانەیە کە لە ڕێگای قورئانەوە خراوەتە بەردەست و هەر تاکە کەسێک دەتوانێت لە فەزای کەسیەتیی خۆیدا لێکی بداتەوە و پێڕەوی بکات. دامەزراوەی دیانەتکردن دروست ئەم دامودەزگایانەن کە ئێستا لە وڵاتانی ئیسلامییدا دروست کراون و بە نەبوونیان هیچ ڕوو نادات و کەس نابێت بە کافر و مولحید و خوا نەفرەت لە کەس ناکات.
ئەم بازرگانییە هەروەها لەو ڕێگایەوە دەکرێت و بە هێز دەکرێت کە گوایا زۆرینەی کورد موسڵمانن لەگەڵ ئەوەشدا کە هیچ بەڵگەیەک لە بەردەستدا نییە. ئەوی هەیە دوو پێداگرتنە، هەمووان بە تەسکەرە/ناسنامە موسڵمانن و لە دایکوباوکێکی موسڵمانن.
بەو پێیە، کاروباری دین بۆ خوایە و ئەو لە شوێنی خۆیەوە بڕیار لە سەر کاروباری “بەدینبوون” دەدات کە بۆ تاکەکەسە و تاکەکەس لێی بەرپرسیارە. لە بازنەی ئەو باوەڕەدا، خوا لە هەموو کەس باشتر دەزانێت کە هەر تاکەکەسێکی ئەم جیهانە جیاوازە و هیچ کەس نییە لە یەکێکی تر بچێت، بە تایبەتیی لە بوارە باوەڕییەکاندا.
لەم دوو جۆرەی موسڵمانبووندا بە شێوەی مەڕ و بزن مامەڵە لەگەڵ کۆمەڵگەدا دەکرێت و دینی ئیسلام دەکەن بە چاوپۆشێکی گەورە و چاوی خەڵکی پێ نابینا دەکەن. بەهای مرۆڤیی وەکوو درۆنەکردن، کوشتن و بڕین، دزی نەکردن، چاوتێریی، چاوحیزنەبوون، سەرڕاستیی، بوختان هەڵنەبەستن، ئێرەیینەبردن، بیری باش، وتەی باش، کرداری باش، ڕێزگرتن لە بەرامبەر، بە هەندوەرگرتنی هەستی بەرامبەر، هەمووی کراون بە بەهای ئیسلامیی. لەگەڵ ئەوەدا کە ئەم بەها مرۆییانە بە هەزار ساڵ زیاتر پێش ئیسلام هەبوون و هەموو ئەو کۆمەڵگەیانەی کە ناوی ئیسلامیشیان نەبیستووە و خاوەنی جۆرەکانی خوای خۆیانن بەو بەهایانەوە ژیان و دەژین. زۆرینەی ئەم بەها مرۆییانە کە دەبن بە خەسڵەتی شارستانیی ئێستا پێچەوانەکەیان لە دنیای ئیسلامدا بوون بە نەریت و کولتووری باو.
لەو کۆمەڵگەیانەدا کە سێکولارن و ئایین و دەوڵەت لە یەک جودان، ئەو بەهایانە ئەلفبێی ژیانن و بەشێکی گرینگ لە سیستەمی خوێندن و پەروەردەن. ئەو بەهایانە لەگەڵ زۆر بەهای تردا کە ڕەنگە لە جیهانی ئیسلامدا هەر نەشبێت یان هەر بە سەر زارەکی هەبێت، هەم بەشێکن لە ڕەوشتی گشتیی هەم ئەرکیشن. بۆ نموونە، ڕاوەستانی ئوتومبێل بۆ تاکەکسی پیادە هەم بەشێکە لە ڕەوشتی گشتیی هەم ئەرکیشە. لە دنیای ئیسلامدا بە دەگمەن شۆفێرێک دڵخوازانە بۆ مرۆڤێکی پیادەڕۆ ڕادەوەستێت.
پرسی زەکات و سەرفترە و چارەسەری هەژاریی و بێدەرەتانیی زۆر دەمێکە لە دنیای شارستانییدا لە ڕێگای سیستەمی دەوڵەتەوە بۆ فەراهەمکردنی بیمەی گشتیی و بژێویی کۆمەڵایەتیی بۆ هەمووان چارەسەر کراون. تاکەکەس، ژن بێت یان پیاو، هەمیشە لە بازنەیەکی بیمەدایە کە بتوانێت بژێویی ژیانی مستوەگر بکات، جا بیمەی بێکاریی، نەخۆشیی یان سۆشیالبگیریی بێت.
هەموو ئەمانە تەنانەت بۆ کەسانی پەنابەر و لە زۆر حاڵەتدا مرۆڤی تر کە مافی مۆڵەتی مانەوە و کاریشیان نەبێت فەراهەم دەکرێن بێ ئەوەی هەڵاواردنێک لەبەر ڕەنگی پێست، جێندەر و ئەتنیک و ئایین لە ئارادا بێت. ئەم مافانە کە لە سەر بنەمای پاراستن و ڕێزگرتن لە کەرامەت و شانازیی و سەربەرزیی مرۆڤ دەستەبەرن لە دنیای ئیسلامدا، بە هەموو جۆرەکانییەوە، بە خەونیش نیین و نابن.
مرۆڤ لە دنیای شارستانییدا ڕێز لە نیشتیمان و هاووڵاتییان و ژینگە و یاسا و ڕێساکانی وڵاتی خۆی دەگرێت، بە دەگمەنی هەڵنەکەوتوو کەسێکیان تیادا هەڵ دەکەوێت ببێت بە تابوری پێنجەمی وڵاتانی دیکە بە تایبەتیی ئەگەر نەیار و دوژمنیان بێت. ئەمە دەکرێت بێ ئەوەی کەس منەت بە سەر کەسێکی دیکەدا بکات و بیکات بە شاباشی خواپەرستیی و دینێک. خۆشەویستیی نیشتیمان و ڕێزگرتن لە جیاوازییەکانی هاووڵاتییان و پێڕەوکردنی یاسانەنووسراوەکان و کارکردن بۆ سەقامگیرتر کردن و زیاتر ئارامیی لە دنیای شارستانیدا ئەلفبێی ژیانن. لە دەرەوەی دنیای ئیسلامدا نیشتیمانپەروەریی هەم ڕەووشتە و هەم ئەرک و بە هیچ شێوەیەک ڕێگا نادرێت بخرێتە بازنەی دین و باوەڕەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا کە سیستەمی دیموکراسیی و سێکولاریزم کە ڕیشەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی پازدەم و بەتایبەتیش بەرهەمی خەبات و تێکۆشان دژی خۆسەپێنی و چەوساندنەوە و دەسەڵاتی دین بوون. ئێستا تورکیا و ئێران لە کوردستان پەرە بە هەمان ڕێبازی ئایینی دژ بە خەباتی ئازادیخوازی خەڵکی کوردستان دەدەن و دەیانەوێت پرسی دیموکراسیی و سێکولاریزم بکەن بە باسی دژەدین و بە بێڕەووشتیی ئەوروپایی دەیچوێنن. بێگومان ئەم کاری شێواندن و تێکدانە بە پلان و بە شێوەیەکی سیستەماتیک دەکەن.
پێش هەر شتێک هەڵدەکوتنە سەر هەموو تاکەکەسێکی ژن و پیاو کە باس لە یەکسانیی و ئازادیخوازیی و مۆدێرنیتە و یاساسەروەریی و سێکولاریزم و جیایی دین و دەوڵەت و دیموکراسیی دەکەن، بە ناشیرینترین شێوە لە هەوڵدان بۆ ناوزڕاندن و بۆ بوختان و درۆ و دەلەسە. بە ئاشکرا و بە نهێنیی، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، دوژمنایەتی دەکەن. لە هەر ڕوانگەیەکەوە لێی بڕوانرێت ئەمە تەنیا داخوازیی و داوای داگیرکارانە و هیچ پێوەندییەکی بە دین و باوەڕێکی ڕۆحانییەوە نییە. هاوکات کە خۆیان دەکەن بە نوێنەری خوا و بە نموونەی ڕەوشت و بە قوربانیی و لە هەمانکاتیشدا بە دادوەر و بە بڕیاردەر و خاوەن دەسەڵات و تەنانەت هەڕەشە لە دەسەڵات دەکەن و دەیخەنە دۆخی بەرگرییەوە، گوایا دەسەڵات سێکولارە بۆیە ڕێگا بەم جۆرە بەدکاریانە دەدات. ئەوانەی لە سیاسەت تێ دەگەن دەزانن کە ئەم ڕەشەکوردە مووچەبگیرە کە لە سەر موڵکی گشتیی دەلەوەڕێت لە تورکیا و ئێران، کە گەندەڵترین و بێڕەوشترین و داڕزاوەترین دەوڵەت و کۆمەڵگەی ئەمڕۆن، کۆک دەکرێن و هان دەدرێن.
سەرئەنجام
شەڕە دین و کێشەی کام خوا گەورەتر و کام کتێب پیرۆزتر و کام دین باشترە تا سەدان ساڵی تر هەر بەردەوام دەبێت. ئەگەر باوەڕدارانی دینێک ڕێز لە دینی خۆیان بگرن ئەوا یەکەمین کار بیکەن ئەوەیە کە بە هیچ شێوەیەک بازرگانیی بەو دینەوە نەکەن و نەیکەن بە سەرچاوەی بژێویی و خۆبەخێوکردن و خۆلەوەڕاندن و نەبن بە پۆلیسی دین و خۆیان نەکەن بە نوێنەری خوا و نەبن بە تابووری پێنجەمی داگیرکەران.
یەکەم هەنگاو بۆ ڕێگاگرتن لەم بازرگانییە ترسناکە جیاکردنەوەی دین و دەوڵەتە. دین دەبێت ببێت بە نەریتێکی ڕۆحانیی بۆ پێوەندیی تاکەکەس لەگەڵ ئەو خوایەدا کە لە تێگەیشتنی خۆیدا وێنای دەکات و دەوڵەتیش بە پشت بەستن بە زانست و زانین و بەڵگە و یاسا و ڕێسا لە خزمەتی کۆی هاووڵاتییاندا بێت، بێ هیچ جۆرە جیاکاریی و هەڵاواردنێکی ڕەگەزیی، ئەتنیکیی، جێندەریی، ئایینیی، جەستەیی، ڕەنگی پێست، هتد.
موسڵمانێکی کورد دەتوانێت لە جیاتی پێنج جار دەیان نوێژ بکات و هەر دوازدە مانگەکە بەڕۆژوو بێت و هەموو ساڵێک بچێت بۆ حەج و دوو هەفتە جارێک بچێت بۆ عەمرە و زەکات و سەرفترە بە چەپ و ڕاستدا بدات بە بێ ئەوەی کەس ڕێی لێ بگرێت. ئەو موسڵمانە دەتوانێت بە هەموو شێوەیەک خۆشەویستیی نێوان خۆی و خوا بەهێز بکات و موسڵمانبوونی خۆی بەیان بکات، بەڵام موسڵمانبوون نە بە منەت بێت، نە بۆ خۆدەرخستن و بۆ داپۆشینی عەیبوعار بێت، نە بۆ وەدەستهێنانی دەستکەوت و سەرمایەی کۆمەڵایەتیی و ڕەوشتیی بێت، نە بۆ پێگەی بەرزی کۆمەڵایەتی بێت.
ئەو جۆرە موسڵمانە بە دڵنیاییەوە دەبێت بە ڕووخسارێکی جیاواز ئەگەرچی لە ناو خەڵکی ئاساییدا بەئەژمارە بەڵام لە ئێستادا بێ دەنگ و بێ ڕووخسار و بێ نوێنەرن. کاتی ئەوە هاتووە ئەو جۆرە لە موسڵمانی ڕۆحانیی کە دین لە پارە و مووچە و دەستەکەوتە جۆراوجۆرەکان پاک دەکەنەوە دژ بە موسڵمانی بازرگان و ئیسلامی سیاسیی بوەستنەوە. ئەوانەی موسڵمانی ڕاستەقینەن دەبێت لەم شەڕەدا سەرکاروان بن چونکە دینەکەیان خراوەتە مەزاتەوە و ڕۆژانە دەفرۆشرێت.



