سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

لەناو تاشەبەردەکانی ژیاندا، دڵخۆشی هەڵبکۆڵە؛ خوێندنەوەیەک بۆ کتیبی “هەنگاونان بۆ بەختەوەری”

ئەگەر لە کاتی پیاسەکردندا، بەناو کتێبخانەیەکدا تێپەڕیت و چاوت بە بەرگی پەڕتووکی «هەنگاونان بۆ بەختەوەری» بکەویت، کە لە ٢٠٢٤، بە قەڵەمی نووسەر “گەشاو عەبدولقادر” بڵاوکراوەتەوە، ڕەنگە لە یەکەم نیگادا پێت وابێت ئەمەش یەکێکە لەو دەیان ڕێبەرە سادانەی کە چەند ئامۆژگارییەکی دووبارەی خێزانییان تێدا کۆکراوەتەوە. بەڵام باوەڕ بکە، هەر کە پەڕەکان هەڵدەدەیتەوە و دەچیتە ناو قووڵایی دێڕەکانییەوە، دەبینیت کە بابەتەکە زۆر لەوە ئاڵۆزتر و قووڵترە، کە پێشبینیت دەکرد. ئەم پەڕتووکە بە زمانێکی زۆر واقیعی و دوور لە خەیاڵ، مانیفێستۆیەکی تەواوی نووسیوە بۆ ڕاستکردنەوەی هەموو ئەو تێگەیشتنە هەڵە و چەواشەکراوانەی کە ساڵانێکی درێژە لەناو کۆمەڵگەی ئێمەدا سەبارەت بە چەمکەکانی خۆشەویستی و قوربانیدان و پێکەوەژیان ڕەگیان داکوتیوە. ئەو خێزانەی سەر بەرگەکە، کە زەردەخەنەیەکی پڕ لە ئومێدیان لەسەر لێوە، تەنیا وێنەیەک نییە بۆ جوانکاری، یان بۆ ئەوەی سەرنجی کڕیار ڕابکێشێت، بەڵکوو ئەوە ڕێک ئەو لوتکە بەرزەیە، کە نووسەر دەیەوێت هەموومان پێیدا سەربکەوین و پێی بگەین. بەڵام لە پشتی پەڕتووکەکەشەوە، نووسەر زۆر بە ڕاشکاوی ڕاستییەکی تاڵ و ڕێگەیەکی زۆر سەختمان پێشان دەدات، کە دەبێت بۆ گەیشتن بەو خەندەیە بیبڕین. وەرە با پێکەوە زۆر بە قووڵی بچینە ناو ئەم باسەوە و بزانین ئەم پەڕتووکە چۆن کۆدەکانی دروستکردنی ماڵێکی ئاراممان بۆ دەشکێنێتەوە.

با لە گەورەترین و باوترین درۆی کۆمەڵایەتییەوە دەست پێبکەین؛ ئەویش بابەتی “بەخت و شانس”ە. لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، مرۆڤەکان هەمیشە فێربوون کاتێک شتێکمان بۆ شیکار ناکرێت، یان تاقەتی ئەوەمان نییە لێی تێ بگەین، زۆر بەخێرایی و بۆ ئیسراحەتی ویژدانی خۆمان، دەیخەینە ئەستۆی شانس. ڕەنگە زۆرجار خۆشت ئەمەت کردبێت؛ کاتێک لە شوێنێکی گشتیدا دوو هاوسەر دەبینیت، کە زۆر بە ئاسوودەیی پێدەکەنن و دیارە کێشەیان نییە، یەکسەر ئاهێک هەڵدەکێشیت و دەڵێیت: “وای چەند بەختیان باشە و چۆن بۆ یەکتر چاک دەرچوون!”. لێرەدا پەرتووکەکە، دەست بە شۆڕشێکی فیکریی گەورە دەکات و بە توندی پێمان دەڵێت، کە نەخێر بە هیچ شێوەیەک شتێک نییە بە ناوی بەخت لە هاوسەرگیری و پەیوەندیی سۆزداریدا. بڕوابوون بە بەخت تەنیا بیانوو و حەپێکی هێمنکەرەوەیە بۆ ئەوەی لە کاتی دروستبوونی کێشەکاندا خۆمان لە بەرپرسیارێتی بدزینەوە و هیچ هەوڵێک بۆ چاککردنەوەی ماڵەکەمان نەدەین و بەئاسانی بڵێین “ئیدیکە چی بکەم، بەختم نییە!”. ئەو ماڵانەی کە ئەمڕۆ دەیانبینیت ئارامن، بەهۆی ئەوەوە نییە، کە فریشتەی بەخت لە ئاسمانەوە هاتووە و لە دەرگای داون، بەڵکوو ئەو دوو کەسە وەک دوو کرێکاری ماندوونەناس، شەو و ڕۆژیان خستووەتە سەر یەک و بەردەوام بە ئارەقەی سۆز و لێکتێگەیشتن، یەک بە یەکی خشت و دیوارەکانی ماڵەکەیان پتەو کردووە. ئەوان ئەندازیاری ژیانی خۆیان بوون، نەوەکوو براوەی لۆتەری و شانس.

خاڵێکی تری زۆر سەرنجڕاکێش و تاوەکوو بڵێی قووڵ، کە لەم شیکارییەدا بەرچاو دەکەوێت، بابەتی سڕینەوەی خۆپەرستییە. ئێمە هەمیشە لە دەرەوە تەنا دیوی دەرەوەی ژیانی خەڵک دەبینین و هەرگیز نازانین ئەو دوو کەسە لە ناوەوەی ماڵەکەیاندا چەندە قوربانییان بۆ یەکتر داوە. دەقەکە زۆر بەجوانی دەڵێت، کە ئێمە ئاگادار نین و نابینین ئەو هاوسەرە دڵخۆشانە چەندە “وازیان لە شتە تایبەتییەکانی خۆیان هێناوە لە بەرخاتری یەکتری”. با ڕاستگۆ بین، مرۆڤ بە سروشتی خۆی بوونەوەرێکی تاکگەرا و خۆپەرستە، حەز دەکات هەموو شتێک بۆ خۆی بێت، ئازادیی ڕەهای هەبێت و هەموو دنیا تەنیا بە دەوری حەزەکانی ئەودا بسوڕێتەوە. بەڵام هاوسەرگیری پڕۆسەیەکی تەواو پێچەوانەیە. واتە سڕینەوەی وشەی “من” و دانانی وشەی “ئێمە” لە جێگەکەی، کە ئەمەش قورسترین جەنگی دەروونییە. کاتێک پیاوێک، یان ژنێک بە ویستی خۆی لە بەشێک لە ئازادییەکانی خۆی دەدات، یان کاتی پشووەکەی دەبەخشێت بە بەرانبەرەکەی، ئەمە بە هیچ جۆرێک مانای دۆڕان و لاوازی نییە، بەڵکوو گەورەترین و زیرەکانەترین وەبەرهێنانە لە بازاڕی خۆشەویستیدا. ئەو زەردەخەنە جوانەی کە ئێمە لە دەرەوە دەیبینین و ئیرەیی پێ دەبەین، لە ناوەوە باجێکی زۆر قورسی هەیە، باجی نەخەوتن تاوەکوو بەیانی بۆ چاودێریکردنی یەکتر لە کاتی نەخۆشیدا، باجی وازهێنان لە حەز و خولیایەک، یان سەفەرێکی شەخسی لەپێناو دابینکردنی پێداویستییەکی گرنگتری خێزانەکە. ئەم قوربانیدانە بێدەنگ و نەبینراوەش، ڕێک ئەو خشتە شاراوەیەیە، کە کۆشکی بەختەوەریی لەسەر دروست دەکرێت.

لە پاڵ ئەمانەدا، بابەتی قبوڵکردنی ناتەواوییەکانی یەکتر و داپۆشینی عەیبەکان، یەکێکە لەو بابەتانەی کە زۆر بە شێوەیەکی فەلسەفی و جوان خراوەتە ڕوو. لەم سەردەمەدا، کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئینستاگرام و فیلمەکان وێنەی ژیانێکی نموونەیی و بێخەوش و پڕ لە ڕۆمانسییەتمان پێشان دەدەن، واقیعی ژیانی ڕۆژانە تەواو شتێکی دیکەیە. پەڕتووکەکە ڕوونی دەکاتەوە، کە ئەوانەی بەڕاستی دڵخۆشن، ڕێک ئەو کەسانەن، کە چەندین جار “عەیب و عار”ی یەکترییان داپۆشیوە و سووربوون لەسەر ئەوەی کە لەگەڵ یەکتر بژین”. کاتێک دوو مرۆڤ لەژێر یەک بنمیچدا دەژین، هەموو ماسکەکان دەکەون و خاڵە لاوازەکان و تووڕەییەکان و تاریکییەکانی ناخی یەکتر دەبینن. لێرەدا، جیاوازییەکان دەردەکەون، کەسی لاواز و خۆپەرست لە کاتی تووڕەیی و دەمەقاڵێدا ئەم خاڵە لاوازانە دەکاتە چەکێکی کوشندە و بەرانبەرەکەی پێ دەشکێنێت. بەڵام کەسی مەزن و دروستکەری ماڵ، ئەو کەسەیە کە ئەم عەیبانە بە سۆزەوە دەپۆشێت، تەنانەت لەنێوان چوار دیواری ماڵەکەشیاندا نایدات بە ڕووی هاوسەرەکەیدا. بڕیاردان لەسەر مانەوە لەگەڵ کەسێک، کە بە تەواوی دەزانیت سەد لە سەد بێخەوش نییە، ئەوە خۆی لە خۆیدا لوتکەی خۆشەویستییەکی ڕاستەقینە و پێگەیشتووە. ئەو خێزانەی کە لەسەر بەرگەکە دەبینرێن، زۆر باش دەزانن، کە هەریەکەیان برین و کەموکوڕیی تایبەت بە خۆی هەیە، بەڵام بڕیارێکی قاتیعیان داوە، کە ببنە مەرهەم بۆ ساڕێژکردنی برینەکانی یەکتر، نەوەکوو ئەوەی ببنە خوێ و بیکەن بە برینی یەکتردا.

گەر سەیرێکی کێشەی ماڵەکانی ئەمڕۆ بکەین، دەبینین شتێکی دیکە، کە تەواوی خێزانەکانی وێران کردووە، چاوتێبڕین و ماددیگەرایی و ئەو ڤایرۆسە مەترسیدارەی بەراوردکردنە، کە لە مۆبایلەکانمانەوە بۆمان دەگوازرێتەوە. هەمووان خەریکی بەراوردکردنی قەنەفە و ئۆتۆمبێل و سەفەرەکانیانن لەگەڵ خەڵکانی دیکەدا. بەڵام نووسەر جەخت لە ڕاستییەک دەکاتەوە و دەڵێت خێزانە سەرکەوتووەکان ڕێک ئەوانەن، کە “قەناعەتیان بەو ژیانە سادەیەی خۆیان هەبوو”، لەناو ئەو سادەییەشدا “دڵی یەکترییان ڕازیکردبوو” و تاوەکوو بڵێی ڕێزی یەکتریان دەگرت. دەوڵەمەندیی ڕاستەقینەی ڕۆح ئەوەیە، کە بتوانیت لەناو کەلوپەلێکی کەم و ماڵێکی سادەدا، گەورەترین ئارامی دروست بکەیت. ڕازیکردنی دڵی هاوسەرەکەت پێویستی بە پارەیەکی زەبەلاح و دیاریی گرانبەها نییە، بەڵکوو زۆرجار تەنیا وشەیەکی جوان و گوێگرتنێکی دڵسۆزانەی دەوێت بۆ خەمەکانی. ئەو کەسانەی کە لەبری کڕوزانەوە و گلەییکردن “شتە نەرێنییەکانیان چاککردووە لەپێناو یەکتردا”. لە ڕاستیدا، تەواوی وزەی خۆیان تەرخانکردووە بۆ ئەوەی کەشێکی پۆزەتیڤ و پڕ لە هیوا بۆ ماڵەکەیان دروست بکەن. ڕێزگرتن لەم هاوکێشەیەدا وەکوو کۆڵەکەیەکی پۆڵایین وایە، کە تەنانەت ئەگەر ماڵەکە تووشی گەورەترین قەیرانی دارایی و هەژاریش ببێت، ئەو کۆڵەکەیە ناهێڵێت سەقفی ماڵەکە بڕووخێت بەسەریاندا.

لەکۆتاییدا، ئەم باسە دەمانگەیەنێتە گەورەترین و گرنگترین و لە هەمان کاتدا قورسترین نهێنیی مانەوەی خێزان، کە ئەویش بریتییە لە نیعمەتی لێخۆشبوون. نووسەر زۆر بەجوانی ئاماژە بەوە دەکات، کە کەس لە دەرەوە نازانێت ئەو خێزانە سەرکەوتووانە تاوەكوو گەیشتوون بەو ئاستە “چەند لە هەڵەکانی یەکتری خۆشبوون” و چەندە لێبوردە بوون. مرۆڤ کاتێک لە لایەن کەسە هەرە نزیک و متمانەپێکراوەکەیەوە دڵی دەشکێت، ئیگۆ و شەیتانی ناوەخۆی یەکسەر پێی دەڵێت، کە دەبێت تۆڵە بکاتەوە، یان لانی کەم ساردییەکی زۆر بنوێنێت و قسەی لەگەڵ نەکات، بۆیە دەبێت بزانین، کە لێبوردەیی تەنيا قسەی سەر زمان نییە، بەڵکوو پڕۆسەیەکی زۆر قورسی دەروونییە. ئەگەر سەرنج بدەیت، ئەو ماڵانەی کە هەمیشە تاریکن و کێشەیان زۆرە، ڕێک ئەو ماڵانەن، کە وەکوو کۆگا مامەڵە دەکەن، هەموو هەڵەیەکی ڕابردوو تێیاندا کۆگاکراوە و لە هەر دەمەقاڵێیەکی نوێدا، دەفتەری کۆن دەهێننەوە بەر باس و یەکتری پێ بریندار دەکەن. بەڵام ماڵی بەختەوەر تەواو پێچەوانەیە، وەکوو ڕووبارێکی پاک و خوڕەم وایە، کە بەردەوام بە ڕۆیشتنی خۆی نوێ دەکاتەوە و پیسییەکان فڕێ دەدات. هەر جارێک، کە بە ڕاستگۆیی لە هەڵەیەکی یەکتر خۆش دەبن، لە ڕاستیدا، خۆشەویستییەکەیان لە مردن و ساردبوونەوە ڕزگار دەکەن، ئەو ئازارە کاتییەش دەکەنە وانەیەک بۆ تێگەیشتنێکی قووڵتر لە ڕوح و ناخی یەکتردا.

کە هەموو ئەم ڕاستییە تاڵ و شیرینانە دەخەینە پاڵ یەکتر، تازە بە تەواوی تێدەگەین ئەو وێنەیەی سەر بەرگەکە چەندە مانادار و بەهایە. ئەو چوار کەسەی دەستی یەکتریان گرتووە، مۆدێلی پاڵەوانانێکن، کە بەسەر خۆپەرستیی ناخیاندا زاڵ بوون و بەردەوام عەیبی یەکتریان پۆشیوە، بەوپەڕی باوەڕەوە قەناعەتیان بە سادەیی کردووە و لە هەمووشی گرنگتر، سەدان جار لە یەکتر خۆشبوون. لە کۆتاییدا، ئەم پەڕتووکە وانەیەکی زێڕینمان پێ دەدات: دڵخۆشی بە هیچ جۆرێک دیارییەکی ئامادەکراو نییە لەناو کارتۆنێکی جواندا پێشکەشت بکرێت و چاوەڕێی بیت لە ئاسمانەوە بۆت بێت، بەڵکوو پەیکەرێکە، کە دەبێت تۆ و هاوسەرەکەت شانی بدەنە بەر و بەیەکەوە بە چەکوشی ئارامگریی بەردەوام و بەردەتاشیی خۆشەویستییەکی قووڵ، لەناو تاشەبەردە ڕەقەکانی ژیاندا هەڵی بکۆڵن و بە دەستی خۆتان دروستی بکەن.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO