سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

بە ئاگاییەوە بێت یان بێئاگایی، ئەمە جێبەجێکردنی پیلانگێڕییەکانی دوژمنانە

لە مێژووی هاوچەرخی گەلی کورددا، ناوچەکە بەردەوام گۆڕەپانی ململانێی ستراتیجی و جیۆپۆلەتیکی بووە. بەڵام ئەوەی لەم قۆناغەدا جێگەی نیگەرانی و مەترسییەکی بێوێنەیە، ئەوەیە، کە مەترسییە دەرەکییەکان، بەتایبەت نەخشە و پیلانگێڕییەکانی تورکیا، لە دەرەوەی سنوورەکانەوە نەماوەتەوە، بەڵکوو بە شێوازێکی سیستماتیک و هەنگاو بە هەنگاو، خەریکن خۆیان بەسەر بڕیاری سیاسی و ئیداریی هەرێمی کوردستاندا دەسەپێنن.

هەرێمی کوردستان خەریکە بە گازی پیلانگێڕییە بێ بۆنەکەی تورکیا دەخنکێت، بەبێ ئەوەی دەسەڵاتی کوردستانی هەستی پێ بکات. وا بەچاوی خۆمان دەبینین تورکیا خەریکە وردەوردە هەرێمی کوردستان لە بازنەی گرنگیی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەخاتە دەرەوە؛ بەڕادەیەک کە ئێستا هیچ وڵاتێکی دنیا لای گرنگ نییە هەرێمی کوردستان بە چ دۆخێکدا تێدەپەڕێت یان تووشی چ قەیرانێکی سیاسی، ئابووری و سەربازی دەبێتەوە.

بۆئەوەی هەرێمی کوردستان بەم دۆخەی ئێستا بگات تورکیا بە ملیاران دۆلاری خەرج کردووە، کە سێ بەشی ئەو پارەیە لە بارزگانی نەوت لەگەڵ هەرێم دەستی کەوتووە! بێ دەنگی هاوپەیمانان لەبەرامبەر دەستواڵایی دەوڵەتە هەرێمییەکان، بەتایبەتی تورکیا، کە بە ئارەزووی خۆی یاری بە چارەنووسی کورد دەکات لەلایەک و هاوکاری پیلانگێڕیی وڵاتانی ناوچەکە لەلایەن کورد لەلاکەی دیکە، تەواو هێزیان لە هەرێم بڕیوە.

لە ڕاستیدا دۆخەکە تەنیا بریتی نییە لە چەند پێشێلکارییەکی تورکیا لەسەر سنوورەکان، بەڵکوو جموجۆڵەکانی تورکیا گۆڕاوە بۆ پڕۆسەیەکی فراوان بۆ داگیرکاریی ناڕاستەوخۆ و دەستبەسەرداگرتنی نەخشەی سیاسی و ئابووریی ناوچەکە، بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستان. بۆیە ئەگەری زۆرە تورکیا هەرێمی کوردستان، وەک ڕۆژاڤای کوردستان، بخاتەوە باوەشی عێراق ئەگەر خۆی نەیتوانی باشووری کوردستان کۆنترۆڵ بکات؛ چونکە هەمیشە ئەو قسەیە دووبارە دەکەنەوە، کە پێویستە ئەو هەڵە ستراتیجییە ڕاست بکەنەوە، کە ڕێگەیاندا هەرێمی کوردستان لەسەر سنووری ئەوان دروست ببێت!

جاران تورکیا بۆ قەرەبووی ئەوەی، کە لە دەستی چووبوو و نەیتوانی بوو ڕێگری لە دروستبوونی ئەو هەرێمە بکات، بۆیە بەردەوام لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بەرفراوانەکانیەوە لە قوڵایی خاکی هەرێمی کوردستاندا (بەتایبەت لە ناوچەکانی بادینان، سۆران و دەوروبەری قەندیل) بە پاساوی بوونی پەکەکە سەدان بنکە و سەنگەری سەربازیی جێگیر کردووە.

ئەوەی مایەی سەرنجە، بێدەنگی یان لاوازیی هەڵوێستی فەرمیی دەسەڵاتدارانی هەرێمە لە ئاست ئەم پێشێلکارییانەدا. ئەم بێدەنگییە، ڕێگەی بۆ تورکیا خۆشکردووە، کە بە ئارەزووی خۆی سنوورەکان ببەزێنێت، گوندەکان کاول بکات و دانیشتووانی ڕەسەنی ئەو ناوچانە ئاوارە بکات، بێ ئەوەی لە پەیکەری فەرمیی حوکمڕانیدا وەڵامێکی هاوتای مەترسییەکە هەبێت.

لە لایەکی ترەوە، تورکیا توانی لە دروستکردنی ململانێ سیاسییە ناوخۆییەکان و نەبوونی یەکڕیزیی نیشتمانی، قوڵبوونەوەی قەیرانی حوکمڕانی، مەسەلەی نەوت و دروستکردنی کێشە یاساییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا سەرکەوتوو بێت، تا کار گەیشتە ئەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم ڕابگیرێت و قەیرانەکانی بێکاری، بڕینی مووچە و ڕاگرتنی شایستە داراییەکانی هەرێم سەری هەڵدا. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی، کە هێزی بەرگریی ناوخۆییی هەرێمی کوردستان زۆر لاواز بێت.

لە ئێستادا تورکیا زۆر باش لەم لاوازی و پەرتبوونە ناوخۆییە تێگەیشتووە، بۆیە بەردەوام بۆ بێهێزکردنی زیاتری هەرێم، کارتەکانی ئابووری، سیاسی و هەواڵگریی خۆی چڕتر کردەوە؛ بە جۆرێک کە هەرێمی کوردستان لەبری ئەوەی خاوەنی سەربەخۆیی بڕیار بێت، خەریکە بەتەواوی دەبێتە پاشکۆیەک بۆ ئەجێندا و بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی دەوڵەتانی دراوسێ.

ئەمڕۆ تورکیا نەخشەڕێگا بۆ حزبەکانی کوردستان دادەنێت، لە دەسەڵاتدارانەوە بگرە تا ئۆپۆزسیۆن و لایەنە ئیسلامییەکانیش؛ کە چۆن هەنگاو بنێن، بە چ ئاراستەیەک بڕۆن، لە کێ دڕدۆنگ بن، لە بەرامبەر کێدا ڕوویان خۆش بێت و لە دژی کێ قسە بکەن یان لە بەرژەوەندیی کێدا هەڵوێست بنوێنن!

لە ڕووی ئابووریشەوە، سیاسەتەکانی تورکیا وایان لێ کردووە کە بازاڕی هەرێم ببێتە بازاڕێکی بەکاربەری سەرەکی بۆ کاڵا و کۆمپانیاکانی تورکیا، بەبێ ئەوەی هاوسەنگییەکی بازرگانیی نیشتمانی بوونی هەبێت. ئەم پشتبەستنە ئابوورییە، لەگەڵ گوشارە سیاسییەکانی بەغدا، وای کردووە قەوارەی هەرێمی کوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو بچووکبوونەوە و بێناوەڕۆکبوون بچێت، تا ئەو ڕادەیەی خەریکە ناوەڕۆکی فیدراڵی و سەروەرییەکەی بەتەواوی لە دەست بدات.

ئەم ڕەوتە مێژووییە مەترسیدارە، ئەگەر لەمە زیاتر بەردەوام بێت و کۆمەڵگە و هێزە نیشتمانییەکان هەڵوێستێکی ڕژد نەنوێنن، ئەوا مەترسیی لەناوچوونی تەواوەتی قەوارەی هەرێم لە ئارادایە.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO