سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

تورکیا ئەمجارەش لە ڕۆژاڤا دۆڕا

کاتێک بە درشتی و بێ تێڕامان تەماشای ڕووداوەکانی سووریا و هێرشەکەی تورکیا و چەتەکانی بۆ سەر ڕۆژاڤای کوردستان بکەین کشانەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە مەنبەج بە شکست دەبینین، بەڵام بڕیاری کشانەوەی هەسەدە لە مەنبەج بەڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکییەکان سەرکەوتنێکی تری سیاسییە. بەتێڕامان لە ئەنجامەکەی، هەسەدە براوەیە، چونکە پاراستنی قەوارەی ڕۆژاڤا و ناوچە کوردنشینەکان لە ڕۆژهەڵاتی فورات گرنگترە، لەشەڕێکی دۆڕاو، ئەگەر مەنبەجی عەرەبنشین شوێنێکی گرنگیش بێت.

سیاسەتمەدارانی ڕۆژاڤا هەتا ئێستا هەم باش جەنگاون و هەم باش یارییان کردووە. لە ململانێی سیاسیدا هەڵسەنگاندنی تەرازووی هێز عەقڵانیترین کردەی ناو ململانێکانە، بۆ هێزێکی نادەوڵەتی شەڕکردن لەگەڵ ئەندامێکی ناتۆ بە هێزی تەکنەلۆجیای سەربازی سەردەمەوە ئاسان نییە. دەوڵەتی تورک ئەندامی ناتۆـیەو تواناکانی بە هێزی هەسەدە بەراورد ناکرێن. تێگەیشتن لە ئاماژەکان بەتایبەتیش لەوەی ئەمریکییەکان دەسەڵاتی هەسەدە لە ڕۆژئاوای ڕووباری فورات ناپارێزن گرنگ بوو، بۆیە ئەزموونی عەفرین‌ـیان دووبارە نەکردەوە و شەڕڤانەکانیان لە مەنبەج بە کوشت نەدا. لەم هێرشانەی سەر مەنبەج کە بینیان هاوپەیمانان بەرگریی لە شەڕڤانان ناکەن، لەکاتێکدا باش دەیانزانی ئەوەی هێرش دەکاتە سەر شەڕڤانان لە مەنبەج داعش و شانە نوستووەکانیانن بە پشتیوانی ڕاستەوخۆی تورکیا.

بەڵام بە ڕووبەڕووبوونەوە و شکاندنی چەندین هێرشی تورکیا و چەتەکانی ئینجا کشانەوەیان بەڕێککەوتن، هەسەدە گرەوەکەی بردەوە، چونکە دەمامکی تورکیای خست و شەڕانگیزییەکانی باشتر دەرخست. تورکیاش بەم پەلامارەی لە ڕێگەی چەتەکانیەوە جارێکی تر مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی داعش‌ـی نیشانی هەمووان دایەوە. ئەمەش لەم کاتەدا کە سووریا لەبەردەم ئاڵوگۆڕی گەورەدایە ڕەنگە هەڵوەستەیەکی جدی تر بە ئەمریکا و ئیسرائیل بکات و پشتیوانییەکانیشیان بۆ هەسەدە زیاتر بێت. خۆ ئەگەر تورکیا لە چاوەڕوانی ئەوەدایە کە بەهاتنە دەسەڵاتی ترەمپ ئەمریکا هێزەکانی لە ڕۆژاڤای کوردستان دەکێشێتەوە، پێدەچێت دیسان خەونێکی پووچ و چاوەڕوانییەکی بێهودە بێت چونکە لاوازبوونی کورد لەم کاتەدا دژی بەرژەوەندی ئيسرائيل و لە بەرژەوەندی ئێران‌ـە. بۆیە دەکرێت حکومەتەکەی نەتانياهۆ ڕێگری لەو جۆرە هەنگاوانەی ئەمريکا بکات لە ڕۆژاڤای کوردستان و تەنانەت لە هەرێمی کوردستان-يش.

ئەوەش با لەولاوە بووەستێ کە تورکیا لە ئاڵوگۆڕەکانی سووریا کەوتووەتە تەنگژەوە، ئێران و ڕووسیا بەخیانەتکاری دەزانن. لەم بارەیەوە ئەلێکساندەر دوگین، فەیلەسوف و بیرمەندی ڕووسی، کە بە عەقلی فلادیمێر پۆتین ناودەبرێت، لە توێتێکیدا، گوتی: سووریا تەڵەیەک بوو، ئەردۆگان هەڵەی ستراتیجی کرد. خیانەتی لە ڕووسیا و ئێران کرد، ئێستا کەوتنی نزیکە و ڕووخانی دەوڵەتی کەمالی دەستی پێ کردووە. هەر لەوێدا دەڵێت: هەتا ئێرە پشتگیریمان کردووی، لێرە بەداوە پەشیمان دەبیتەوە. هەرچەندە دوای دوو کاتژمێر تویتەکەی سڕییەوە و لەجێگەیدا ئەم چەند دێڕەی داناوە و دەڵێت: ڕووسیا هیچ زیانێک بە تورکیا ناگەیەنێت. بەڵام بە دڵنیاییەوە دوای خیانەتێکی لەو شێوەیە سەختە هیوای ئەوە بخوازێ کە ڕووسیا یارمەتی تورکیا بدات لەو کێشانەی ناوبەناو تووشی دەبن.

لەلایەکی تریشەوە تورکیا نەیتوانی لە پلانەکانیدا بۆ ڕووخاندنی بەشار ئەسەد سەرکەوتوو بێت “چونکە ئەمریکا و ئیسرائیل لە ڕێگەی کورد و ژووری ئۆپەراسیۆنی باشوورەوە، تورکیایان خستە دەرەوەی هاوکێشە سەرەکییەکانی سووریا“. ئیتر لەم دۆخەدا شەڕفرۆشتن بە کورد و هەوڵدان بۆ ڕووخاندنی قەوارەی ڕۆژاڤای کوردستان هەم بێ عەقڵییە و هەم ترسنۆکی. دەنا بە ڕووخاندنی هەسەدە و نەمانی ڕۆژاڤای کوردستان تورکیا چی دەست دەکەوێت؟ جگە لە دامرکاندنەوەی ڕق و کینەیەک کە بەناهەق لە کورد هەیەتی!

دەوڵەتی تورک زۆر ترسی لە هەر سەرکەوتنێکی کورد و ڕۆژاڤا هەیە، بۆیە هەمیشە، دڕندانە پەلاماری دەدات، کەچی هەر ناتوانێت ئەزموونەکە لەناوبەرێت لەبەرانبەریشدا هێزەکانی ڕۆژاڤا شەڕی مان و نەمان دەکەن و خۆیان ڕادەستی داواکانی تورک ناکەن. بەپێچەوانەوە هێشتا هاوپەیمانێکی ئەمریکایە و ڕەنگە لەداهاتوودا هاوپەیمانی ئیسرائیل‌یش بێت. “لای تورکيا مەترسی و هەڕەشەی ئيسرائيل تەنيا لەو کاتەیە کە نزيکبوونەوەیەک لە نێوان کورد و ئيسرائيل ڕووبدات.”

بۆ نەگبەتی تورکیا، ئەمریکا و ئیسرائیل ناتوانن هاوپەیمانێتی لەگەڵ کوردـدا نەکەن، چونکە باش دەزانن لە نائامادەیی ئەوان ئێران دەبێتە جێگرەوەیان. هەرچەندە ئەمە لە ئێستادا ئەگەرێکی لاوازە چونکە “ئێران کارتێکی دۆڕاوە، بەڵام لە ناچارییدا، کورد لەوانەیە دەستی بۆ درێژ بکات” ئەمە جگە لەوەی ڕوانینی ئێستای ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ تورکیا بەوچاوەیە کە وەک دەوڵەتێکی ئیخوانی دەیبینن، بۆیە پێناچێت دەستبەرداری هەسەدە بن چونکە هەرگیز تورکیا نابێتە هاوپەیمانێکی جێگەی متمانەیان. تەنانەت ئەگەر بەرژەوەندیشیان پێکەوە بێت.

بۆ ئارامی ناوچەکە، ئەوەی پێویستی بە گۆڕانە لەم دۆخەدا دەوڵەتی تورکە، کە ئەویش زۆر ئەستەمە، دەنا نەمانی ڕۆژاڤا تورکیا لە هەڕەشەکانی ئیسرائیل ناپارێزێ، بۆیە لەبری بانگەشەی ئاشتی ساختەکارانە بۆ لەداونانی کورد، باشترە بیر لە چارەسەری ڕیشەیی بکەنەوە. ئەویش بە گۆڕانی خۆیان نەک بە گۆڕانی کورد لە بەرەنگارییەوە بۆ چۆک دادان. چونکە لە دوای ڕووخانی ئەسەد و لاوازبوونی حیزبوڵا و حەماس، بۆ دەوڵەتدار و سیاسەتمەدارانی تورک باشترە بیرێک لە حاڵی خۆیان و قەیرانەکانیان بکەنەوە بەوەی دەستوورێک دابنێن، کە لەگەڵ بنەماکانی مافی مرۆڤ و دیموکراسی بگونجێ و ڕووی ئاوەدانی هەبێت. بۆ ئابڕومەندی دەوڵەتەکەیان واباشە چیدی تورکەکان چەواشە نەکات و واز لەو عەقڵییەتە نامرۆڤانەیە بهێنن، کە تاکی تورکی لەسەر پەروەردە دەکات، بەوەی کە کورد دوژمنی تورکە. ئەوەی بۆ هەموو دنیا ڕوونە ئەوەیە، کە کورد دوژمنی هیچ گەلێک نییە، بە پێچەوانەوە ئەزموونی باشوور و ڕۆژاڤای کوردستان سەلماندیان ئەوەی بە کورد دەکرێت بەوان ناکرێت، بەتایبەتیش لەکاتی بەهێزیاندا و مامەڵەکردن لەگەڵ دیلەکاندا، سەلماندیان ئەوەی لە فەرهەنگی کوردـدایە لە فەرهەنگی ئەواندا نییە، ئەویش لێبوردەییە.

گرنگە ئیدی هەمووان لەوە تێبگەن، کە بەناشیرینکردنی ئەوی دی ناتوانیت جوانی بۆ خۆت مسۆگەر بکەیت. ڕۆژی تورک و فارس و عەرەب بە لە ناوبردنی کورد هەڵنایات. هەروەک چۆن بە کۆمەڵکوژی جووەکان نازیزم خۆری هەڵنەهات. بە پێچەوانەوە هەتا ئێستا ئەوەی بووەتە پەڵەی ڕەش بەتەوێڵیانەوە ئەو کوشتارو ستەمکارییەیە، کە دەوڵەتەکانیان لە دژی کورد ئەنجامیان داوە.

وا باشترە بۆ خۆیان کە دان بەو ڕاستییەدا بنێن کە مێژووی کورد و بوونی کورد لە هەر چوار وڵاتەکەدا زۆر دێرینترە لە بوونی ئەوانی دی. کولتوور و هونەری کورد نەبێت تورک و فارس چیان هەیە؟ ئەوان تەنانەت فەیلەسوف و ڕووناکبیر و مرۆڤە بەناوبانگەکانی کوردیشیان دزیوە، هەر لە سوهرەوەردی‌ـیەوە هەتا بە سەڵاحەدینی ئەیوبی و نورسی دەگات. دەبوو شەرم دایان بگرێت کاتێک لەدوای چەندین جێنۆساید و ئەو هەموو ستەمکارییە هێشتا کوردەکان داوای ئاشتی و پێکەوەژیان دەکات.

سادەترین مرۆڤی ئەم سەرزەمینە و سادەترین تێگەیشتن ئەوەیە هەتا کورد ڕزگاری نەبێت ئەوانی دی نە تورک و نە عەرەب و نە فارس ڕزگاریان نابێت لەو بەدبینی و گرێ دەرونییەی کە پەیماننامەی لۆزان بۆی دروست کردوون و هەتا ئێستا پێوەی گیرودەن. چونکە نەدەتوانن کورد لەناوبەرن و نە کوردیش دەستبەرداری مافەکانی دەبێت. جیاوازی کورد و ئەوانی دی ئەوەیە بە لۆجیکی ئەوان هەتا ئێستا بژاردەی شەڕیان لە ئاشتی لەکن باشتر و ئاسانتر بووە.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO