سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

ئازاری خامنەیی و چارەنووسی کۆماری ئیسلامیی!

ڕێبوار ڕەشید

لە ماوەی دە ساڵەی حکومی ئایەتوڵا خومەینی‌ دا گەلانی ئێران خراپترین ڕۆژەکانی خۆیان بە سەر برد، لە بەڵێنی ئازادیی و کارەبا و ئاو و گازی خۆڕاییەوە بەرەو سەپاندنی کۆنەپەرستیی و چەوساندنەوەی چینایەتیی و مەزهەبیی و جێندەریی و نەتەوەیی. ئایەتوڵا خومەینی، بە پێی گوتەی خۆی، ڕابەری خەڵک و حکومەت بوو. لە ڕاستییدا ئەندازیاری حکومەتی شەڕ و فەرمانداری کۆمەڵکوژیی بوو. جێی داخە، ئایەتوڵا خومەینی سزا نەدرا، بێ ئازار مرد.

هاتنە سەرکاری عەلی خامنەیی لە ٤/٦/١٩٨٩ئەو ڕاستییەی دەرخست کە دۆخی سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتیی بۆ کرێکاران و زەحمەتکێشان و ژنان خراپتر بوو. کۆماری ئیسلامیی زیاتریش کەوتە دژایەتی گەلانی ئێران بەتایبەتیی کورد و بەلووچ و عەرەب. ڕاوەدوونانی چالاکوانانی سیاسیی و مەدەنیی، ترساندن و تۆقاندنی خەڵک، زیندانکردن و فشارهێنان پەرەی سەند. کوشتن بوو بە هونەری ئیسلامیستیی.

هەر مانگێک پاش هاتنە سەر کاری خامنەیی، عەبدولرەحمان قاسملۆ، سکرتێری گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستان-ئێران، لە ڤیەننا  لە ١٣/٧/١٩٨٩ و پاشان سادقی شەرەفکەندی، جێگرەوەی قاسملۆ، لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی لە ئەڵمان، لە ١٧/٩/١٩٩٢ تیرۆر کران. خامنەیی، شاگردی یەکەمی ئایەتوڵا خومەینی، ئەندازیار و بڕیاردەری شەپۆڵی تیرۆرکردنی چالاکوانانی ڕۆژهەڵاتیی لە سەرەتای نەوەتەکاندا لە ڕێگای دەستی درێژەوەبووی خۆی لە باشوور ئەنجامی دەدان.  لە ٣٥ ساڵی دەستبەکاربوونیدا بە سەدان چالاکوانی سیاسیی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران تیرۆر کراون.

خامنەیی ڕابەری فەرمیی بزووتنەوە و دامەزراوەی مەزهەبیی، فەرماندەی گشتیی سوپا و بەڕێوەبەری فەرمیی هەموو دەزگا ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و ئایینیەکانە، واتە بەرپرسیاری یەکەمە لە هەموو ئەو کوشتنوبڕین و ڕاوەدوونان و سووکایەتیپێکردن و پێشێلکاریانەی مافی مرۆڤ کە لە ئێران و لە دەرەوەی ئێران وەکوو کاری تێرۆریستیی کراون و دەکرێن.

خامنەیی ئەو کەسەیەکە نکۆڵی لە ڕوودانی هۆلۆکۆست دەکات و گاڵتەی بە قڕکردنی جوولەکە و بە زیانەخرۆیی و وەحشیگەریی نازیزیم دێت، کە پارەوپولی ئێران، بە سەدان ملیارد دۆلار، بۆ شەڕی سکێتاریزمی مەزهەبیی و ئایدیۆلۆجیی مەزهەبیی دژ بە ئیسرائیل و تەنانەت بە سوننەی چواردەور سەرف دەکات. خامنەیی بوو فەرمانی بە ڕاوەدوونان و گرتن و ئازاردان و کوشتنی بەهائییەکان دا بۆ ئەوەی لە ئێران نەمێنن. لە سەردەمی خامنەیی‌دا لەشفرۆشیی و ناچارکردنی ژنان بە لەشفرۆشیی و بڵاوکردنەوەی مەوادی بێهۆشکار بوو بە کولتووری داسەپێندراو و سەرانسەری ئێرانی گرتەوە. بە پێی پلانی خامنەیی، مەوادی بێهۆشکار بەتایبەتیی لە کوردستان بڵاو دەکرێتەوە، کە بێکاریی و فشاری کۆمەڵایەتیی بە ئەوپەڕی خراپبوون گەیشتووە.

خامنەیی ئەندازیاری ڕێکخستنگەلی جاش و شێوەکانی سیخووڕیی و ڕێکخستنی جاشئیسلامی سیاسییە لە ڕۆژهەڵات و لە هەندێک لەوانەی باشوور. لە ڕێگای کەسانی وەکوو قاسم سولەیمانیی‌ـەوە نەخشە و پلانەکانی خامنەیی لە ئێراق و لوبنان و یەمەن و فەلەستین بەڕێوە دەچوو، بەهەمان شێوەی مستەفا چەمران، کە بکوژی خەڵکی کوردستان و نەمران فوئاد مستەفا سوڵتانیی و سەدیق کەمانگەر و سەدانی دیکە بوو لە گیانبەختکردووان، هەرواش قاسم سولەیمانی جەللادی بە پیادەکردنی ئەو تیرۆرانە بوو کە خامنەیی لێیان بەرپرسیارە.

خامنەیی نوێنەری دیار و بەر چاوی ئیسلامی سیاسیی مونافیق و دژەژن و بەدکار و بەدڕەووشتە کە ئێستا نموونەکانی لە شێوەی ”ئیسلامی سوننی“ پەلاماری لاقی ڕۆشنبیران و ژنانی باشوور دەدەن، بوختان و درۆ بە دەم هەر ژنێکەوە دەکەن کە باس لە ئازادیی و مافی مرۆڤ و مافەکانی ژنان بکات. ئەوانەی باشووریان کردووە بە مەیدانی کۆنەپەرستیی و خورافات، هەر لە خواردنەوەی میزی وشترەوە تا شێوەکانی نوشتە و دوعا و تاد.

کەی خامنەیی دەمرێت پرسیارێکی بێ وەڵامە، بەڵام ڕاستییەک هەیە کە فەلسەفەی “ژن، ژیان، ئازادی” دەبێت بە گیانکێشەری خامنەیی و شاگردەکانی. لە مێژوودا ڕوو دەداتەوە وشەگەلی پارادایمێکی ئازادیخوازانە ڕیز دەبن و تنۆکە ژەهر لەسەرخۆ دەکەونە ناو زاری تاوانبارانێک. ئەو تاوانبارانەی دەبێت لە قەفەسی ترس و سووکایەتی پێ کردندا مەرگی دۆڕاندنیان بە سەردا بسەپێنرێت. مەرگی مەحکوم بە تەسلیمبوون!

جێی داخی گران و بیرەوەریەکی تاڵە کە تا ئێستا هەموو ئەو ئایەتوڵا و ئاخوندە بەرپرسانەی ئێران، نموونەی خاڵخاڵیی، بەهەشتیی، گرکانی، موسەویی، ڕەفسەنجانی، تەبرێزیی، حەسەنیی و بە سەدان ئایەتوڵای تاوانکار کە ئاسایی مردن، بەبێ ئەوەی گەل بتوانێت دادگاییان بکات و سزای دروستیان بە سەردا بسەپێنێت.

ئایەتوڵا خومەینی کاتێک مرد ئێران بەرەو لوتکەی سەقامگیریی بەڕێوە بوو. لە باوەشی دڵنیایی و لە ناو سەدای لەبەیکی پاسداران و ژێر سێبەری خایەرانی زەینەب‌دا گیانی دەرچوو. مردنی بێ ئازاری خومەینی، بۆ ئازادیخوازان بە ئازارە. کۆتایی خامنەیی بە هەمان شێوەی ئایەتوڵا خومەینی نابێت.

کۆتایی خامنەیی لە دوندی هەڵدێرەوە دەست پێ دەکات کە بنکەکانی تیرۆریستی ئیسلامی سیاسیی لە غەززە و لوبنان زیانی شایانباسیان بەرکەوت و بەشار ئەسەدـی سووریای دۆست و قەڵا، فڕێ درایە ناو زبڵدانی مێژووەوە. ئەمە ئازارێکی گەورە و گرانە. ئازارێکە تیایدا مەرگ شادی دەهێنێت. خەرجکردنی سەدان ملیارد دۆلار لە پارەی خەڵکی ئێران بۆ دروستکردنی هەژموونی سیاسیی شیعە سەرئەنجام بوو بە هۆی ماڵوێرانیی بۆ فەلەستینییەکان و لوبنان و سووریا و بێگومان یەمەن و هەروەها عێراق‌ـیش ئەگەر زووبەزوو دەستبەرداری وەفاداریی بۆ  ئێران نەبن. هەروەها پێگەی ئایینیی و کولتووریی شیعەی دەوڵەتانی کەنداو سعودیەـشی لاواز کرد.

کۆتایی خامنەیی هاوکات لەگەڵ سەرکەوتنەکانی ڕۆژڤای کوردستان و گەرمبوونی بەرخۆدانی باکوورـدایە کە رەجەب تەیب ئەردۆغان، ئایەتوڵای سوننە و دامەزرێنەری داعش و تیرۆریزمی سوننەی ئیسلامیی، سەرەڕای سەرکەوتنی ئێستایان لە سووریا، لە دۆڵی دۆڕاندایە.

ئەمانە هەموو ئازارن، ئازارێکی گەورەن و هیچ خامنەیی‌ـەک و ئەردۆغان‌ـێک بەرگەی ناگرن.

خامنەیی بە دەم ئازارەوە کۆتایی دێت. ئازارێک کە لە دامێنی دۆڕان و بەربوونەوەی هەتاهەتایی سەرچاوە دەگرێت. ئازارێک کە حوکمی ڕەهای دە ساڵەی فاشیزمی سێکتاریستی خومەینی‌ـشی دەچێتە سەر.

مەرگی خامنەیی لە مێژە وەختی هاتووە. ئەو مەرگەی دەمی گەلانی ئازادیخوازی ئێران شیرین دەکات و ئەو ئازارە بە زەبرە بە دڵی ئەم دیکتاتۆرە تۆتالیتارە فاشیستە کۆنەپەرستە و ئەو حەشاماتە ڕەشۆکەیەی دوای کەوتووە، دەگەیەنێت.

ڕەنگە کۆماری ئیسلامیی پاش مردنی خامنەیی‌ـش ماوەیەک بەردەوام بێت و ڕەنگیشە هاوپێچ بن، بەڵام ترسێک لە ئێستاوە دڵی هاوتاوانکارەکانی خامنەیی داگیر کردووە کە بە هەمان شێوەی خۆی لە ئازاری دۆڕان و بەرەو کۆتایی چووندا چرکەکانی کات دەژمێرن.

هەستێکی تۆڵەسەندنەوە بە سوار کۆڵی میلی کاتژمێرەوە بێ ئۆقرە سینگ دەکوتێت. تۆڵەی ئاو و کارەبا و گازی خۆڕایی نا، تۆڵەی ئازاردانی مرۆڤ و ئازادیخوازان، تۆڵەی گۆڕینی جەستە و ڕۆحی ژنان بۆ پیاوێکی شاخلێڕواوی کەڵبەدار، تۆڵەی دانی عەبا و پەچە بەسەر تەواوی ئێران‌ـدا، تۆڵەی ئەشکەنجە و ڕشتنی خوێنی هەزاران ڕۆحی شاد، تۆڵەی زەوتکردنی ئازادیی و بێڕێزیکردن بە ویژدانی مرۆڤایەتیی. تۆڵەسەندنەوە لە مێژووی درۆ و دەلەسە و بوختان. تۆڵەی دزین و بە هەدەردانی سامانی گشتیی گەلانی ئێران.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO