سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

هاتنەوەی تڕەمپ و پرسی کشانەوە لە ڕۆئاوای کوردستان

لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتی، تڕەمپ دەيويست سەربازەکانی ئەمريکا لە ڕۆژئاوای کوردستان بکشێنێتەوە، ڕوونە ئەم هەنگاوە مەترسييەکی گەورەیە بۆ ئايندەی ئەو قەوارە کوردييە. کاتێک تڕەمپ دووبارە خۆی کانديد کردەوە بۆ سەرۆکایەتی، یەکێک لە ترسەکانی کورد ئەوە بوو کە دووبارە تڕەمپ هەمان ويستی هەبێت، تەنانەت کشانەوە لە عێراق و هەرێمی کوردستان-يش ئەگەرێکە.

بە پێی پێدراوەکان لەوە ناچێت تڕەمپ لەم خولەی سەرۆکایەتی ئەو بڕيارە بدات یان بتوانێت جێبەجێی بکات. چونکە ئاماژەکان ئەوە دەڵێن کە ئەم ئيدارەیەی تڕەمپ زۆر پڕۆ-ئيسرائيل-ن، بۆیە لەوە ناچێت هەنگاوێک بنێن دژی بەرژەوەندی ئيسرائيل بێت. وەک ئاماژەی پێکرا، لاوازبوونی کورد لەم کاتەدا دژی بەرژەوەندی ئيسرائيل و لە بەرژەوەندی ئێرانە. بۆیە دەکرێت حکومەتەکەی نەتانياهۆ ڕێگری لەو جۆرە هەنگاوانەی ئەمريکا بکات لە ڕۆژئاوای کوردستان و تەنانەت لە هەرێمی کوردستان-يش. هاوکات، ژمارەیەک لەوانەی پلە و پۆستی گرنگيان دەبێت لە حکومەتەکەی تڕەمپ، کەسانێکن پێشتر پشتگيری کوردييان کردووە و دژی کشانەوەی ئەمريکا بوونە لە کوردستان. تڕەمپ هەموو هەوڵێک دەدات هاوکاری ئيسرائيل بکات لەم ململانێيەدا، ئيتر بە ئامرازی سەربازی بێت یان دبلۆماسی. لە هەردوو ئامرازەکەدا پێويستی بە کورد دەبێت.

لەم چوارچێوەیەدا، بەهێزبوونی هەرێمی کوردستان بەرامبەر بە عێراق، بەشێکە لە لاوازبوونی بەرەی ئێران. ئەگەر ئامادەکاری و ويست هەبێت، هەرێم دەکرێت سوود لەو هەلە ببينێت.

تورکيا و پرسی ئاشتی لەگەڵ کورد

پاڵنەری سەرەکی باسکردن و بانگەشەی تورکيا بۆ پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ کورد لەم ماوەیەدا، بە پلەی یەک مەبەست لێی ڕۆژئاوای کوردستان-ە, ئينجا پە]کە[کە و باکووری کوردستان (بە تايبەت لێدوان و هەوڵەکانی دەولەت باخچەلی). ئاماژەکردن بە مەترسی ئيسرائيل بۆ سەر تورکيا، تەنيا پڕوپاگەندەیەکە بۆ پاساوهێنانەوە و ئامادەکاری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەگەرەکانی ڕوودانی هەر  گۆڕانکارييەک لە پرس و پێگەی کورد. لای تورکيا مەترسی و هەڕەشەی ئيسرائيل تەنيا لەو کاتەیە کە نزيکبوونەوەیەک لە نێوان کورد و ئيسرائيل ڕووبدات.

تورکيا ئاگادارە و دەرکی بە هەموو ئەو ئاماژە و ئەگەرانە کردووە کە لەسەرەوە ئاماژی پێ کرا، ئەو دەيەوێت پێش ئەوەی کورد سوودمەند بێت لەو پلان و پڕۆژانەی ئيسرائيل، دەستپێشخەرييەک بکات بۆ ڕێگری لە هەموو ئەگەرێکی بەهێزبوونی پێگەی کورد. ئەو دەستپێشخەرييە بە دوو شێوەی دژ بە یەک دەردەکەوێت، یەکێکی ئامرازی سەربازی و هەڕەشەکردنە لە دووبارە ئەنجامدانی هێرشێکی سەربازی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، ئەوی دی ئامرازی دبلۆماسی و ئاشتيانەیە. ئامانج لە هەردووکی ڕێگرييە لەوەی کورد دەستکەوتێکی هەبێت لە ئەنجامی ئەو ململانێيە، چونکە دڵنيایە کە ئيسرائيل پێويستی بە کوردە. ئەگەر ئەم پرسە نەبوایە، ئەوا لاوازکردنی بەرەی ئێران لە لایەن ئيسرائيل-ەوە بەم شێوەیەی ڕوودەدات، لە زۆر ڕووەوە لە بەرژەوەندی تورکيا-یە وەک ڕکابەرێکی ئێران لە زۆرێک لە گۆڕەپان و هاوکێشەکانی ناوچەکە.

بۆ ئەم مەبەستە تورکيا هەموو هەوڵێک دەدات، دەکرێت هەنگاوی زیاتر بنێت بەرەو بانگەشەی پڕۆسەی ئاشتی؛ ئەردۆگان هەوڵی زۆر دەدات کار لە تڕەمپ بکات بۆ کشانەوەی سوپاکەی لە ڕۆژئاوای کوردستان؛ ئەگەر لە هيچی سەرکەوتوو نەبێت و دەرەفەت هەبێت، ئەوا هێرشێکی سەربازی دەکاتەوە سەر ڕۆژئاوای کوردستان. جارێ ڕوون نييە کام بژاردە زیاتر بەکاردەهێنرێت و ئایا سەرکەوتوو دەبێت یاخود نا، ئايندەی ململانێی ئيسرائيل و ئێران فاکتەرێکی سەرەکی دەبێت بۆ ئەو بابەتە.

ئایا کورد پێويستە چی بکات؟

ئەم دۆخەی لەناوچەکەدا هەیە، دەکرێت هەلی باش بۆ کورد بڕەخسێنێت بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی سياسی و نيشتيمانی و نەتەوەیی. هاوکات دەکرێت مەترسی و زیانيشی هەبێت. فاکتەری ناوخۆ، واتە تێگەيشتن و هەڵسەنگاندن و ئامادەکاری و هەبوونی پڕۆژە لە لایەن هێزە کوردستانييەکانەوە، کاريگەری دەبێت لەوەی کوردستانیان سوود یان زیانیان بەربکەوێت لەم هاوکێشەیەدا. لێرەدا تەنيا ئاماژە بە هەل و ئەگەری دەستکەوتەکان دەکەم، چونکە ئەمەیان پێويستی بە هەنگاونان و پڕۆژە هەیە:

یەکەم، لەم جۆرە دۆخانەدا بانگەشەکردن بۆ بێلایەنی تەنيا دەکرێت وەک درووشم و لەسەر ئاستی فەرمی بێت، بەڵام کارێکی واقعی نييە ئەگەر بمانەوێت بە هەقيقەت و بە واقع هەر بێلایەن بين. ئەگەر کورد خۆشی بيەوێت بێلایەن بێت لەسەر ئاستی بانگەشە و کردار، ئەوانی تر هەرگيز باوەڕ ناکەن و کورد بە بێلایەن نابينن (هەنگاوەکانی تورکيا بەڵگەیە لەسەر ئەوە). چونکە واقع ئەوە دەڵێت بەرژەوەندی کورد لە زۆر ڕووەوە لەگەڵ بەرژەوەندی ئيسرائيل یەک دەگرێتەوە لەم ململانێيەدا. لاوازبوونی ئێران لایەنی کەم ڕاستەوخۆ لە بەرژەوەندی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی کوردستان-ە. مەعقول نييە گرووپێک دژی بەرژەوەندی خۆی بێت، لەوانەیە کورد بتوانێت ئەو نامەعقوڵييە بکات و جێبەجێشی بکات، بەڵام تورکيا و ئێران هەر وەک لایەنگر تەماشای دەکەن چونکە دەزانن سوودی بۆ کورد هەیە. لێرەدا مەبەستم لە نەبوونی بێلایەنی ئەوە نييە کورد بچێتە بەرەی ئيسرائيل دژ بە ئێران یان بە پێچەوانەوە، بەڵکوو مەبەست لەوەیە بۆ نموونە هەسەدە وەک ويست و ئارەزوو لەگەڵ لاوازبوونی ئێران-ە لە سووريا، ئەمە واتە لایەنگرییەکی سەرەتایی و سادە. بەپێی بەرژەوەندی و دەسکەوت پێويستە ئەم لایەنگرييە شێوەی تر وەربگرێت.

دووەم، ڕۆژئاوای کوردستان چەندين هەلی لەبەردەمە، دووان لەوانە پڕۆژەی ئاشتی تورکيا و پلانەکانی ئيسرائيل-ە. واتە هەردوو دەوڵەت پێويستيان بە هەسەدە هەیە. پێويستە گفتوگۆ و دانوستان یان پەيوەندی نهێنی لەگەڵ هەردوو دەوڵەت دروست بکرێت (ئەگەر جارێ دروست نەکراوە). پێويستە هەسەدە کۆمەڵێک مەرجی گرنگ و واقعی هەبێت، بۆ نموونە ئایا پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ تورکيا چی لە خۆ دەگرێت؟ گەرەنتييەکانی چين؟ تورکيا دان بە ڕۆژئاوای کوردستان دەنێت؟ چۆن لە ئايندەدا ئەو ڕێککەوتن و بەڵێنانە جێبەجێ بکرێن و هەڵنەوەشێنەوە؟ سەبارەت بە ئيسرائيل، ئایا ئەگەر هەسەدە هاوکاری ئيسرائيل بکات لە پلانەکانی، چی بەدەست دەهێنێت؟ ئيسرائيل ئامادەیە ئەو جۆرە چەک و هاوکارييانەی پێشکەش بکات کە لە ئايندەدا کورد بپارێزێت لە هێرشەکانی ئێران و تورکيا؟ چۆن ئامادە دەبێت ڕۆژئاوا لەو مەترسييانە بپارێزێت کە بە هۆی پەيوەندی لەگەڵ ئيسرائيل ڕووبەڕووی دەبێتەوە؟

هەسەدە لەوانەیە دەرفەتی هەبێت پرسی پەيوەندی دروستکردن لەگەڵ ئيسرائيل وەک کارتێک بەرامبەر بە ئێران-يش بەکاربهێنێت، بۆ نموونە ئێران فشار لە بەشار ئەسەد بکات دان بە ڕۆژئاوای کوردستان بنێت بەرامبەر بێلایەنی هەسەدە لە پلانەکانی ئيسرائيل لە سووريا.

پێويستە هەموو ئەو هەنگاو و پلان و سياسەت و ئەگەرانە لە چوارچێوەی پەيوەندی و هەماهەنگی لەگەڵ ئەمريکادا بێت. بۆ کوردستان بە گشتی و بۆ ڕۆژئاوا بە تايبەتی، پێويستە پەيوەندی لەگەڵ ئەمريکا بنەمای سەرەکی بێت، چونکە هەبوون و لەناوچوونی هەر قەوارەیەکی کوردی پەيوەستە بە ئەمريکاوە. هەردوو قەوارەکەی کورد تەنيا بە هۆی ئەمريکاوە دروست بوونە، مانەوە و ئايندەشيان هەر پەيوەستە بە ئەمريکاوە.

سێیەم، گورزەکانی ئيسرائيل لە بەرەی ئێران و هاتنەوەی تڕەمپ، وا دەکەن زۆر پێويست بێت پەيوەندييەکی نهێنی و هەواڵگری دروست بکرێت لە نێوان ڕۆژئاوای کوردستان و ئيسرائيل. دواجار ئەگەر ئەو پەيوەندييە دروست بکرێت یان نا، تورکيا و ئێران و عێراق و سووريا هەميشە کورديان تۆمەتبار کردووە بەو پەيوەندييە. پێويستە ئيتر هێزە سياسييەکانی کورد لەو تۆمەتە نەترسن، بۆچی هەمووان پەيوەندييان هەبێت لەگەڵ ئيسرائيل ئاساییە بەڵام بۆ کورد تاوانە؟ تورکيا لە ١٩٤٩ەوە پەيوەندی فەرمی و هەواڵگری و سياسی و ئابووری لەگەڵ ئيسرائيل تا ئەمڕۆ هەیە. ميسر کە گەورەترين و سەرەکيترين دوژمنی ئيسرائيل بووە، ئێستا پەيوەندييان ئاساییە. خومەينی لەکاتی شەڕی ئێران و عێراق پەيوەندی لەگەڵ ئيسرائيل دروست کرد و چەکی لێ وەردەگرت. هەفتانە سەرۆکی مۆساد سەردانی قەتەر دەکات، خودی حەماس پەيوەندی و ڕێککەوتنی نهێنی و هەماهەنگی هەبووە لەگەڵ ئيسرائيل لە هەندێک قۆناغدا. کورد پەيوەندی لەگەڵ هەر چوار دەوڵەتە داگيرکەرەکەی کوردستان هەیە، بۆچی پەيوەندی لەگەڵ ئيسرائيل نەبێت کە نە داگيرکەرە نە دوژمنی کوردە، نە وەک ئەو چوار دەوڵەتە کوشتاری دژ بە کورد ئەنجامداوە؟

چوارەم، هەبوونی پەيوەندييەکی لەو شێوەیە دەکرێت بەکاربێت بۆ ڕێگری لە هەر بڕيارێکی ترەمپ بۆ کشانەوەی سوپاکەی لە ڕۆژئاوا، چونکە ئيسرائيل هەژموونێکی گەورەتری دەبێت بەسەر ئەمريکا-دا لە چوار ساڵی داهاتوو. هەرێمی کوردستانيش دەکرێت سوود لەم جۆرە پەيوەندييە ببينێت.

بانگەشەی ئيسرائيل بۆ پشتگيری لە کورد و وەسفکردنی بە هاوپەيمان، تەنيا مەبەستی بەرژەوەندی خۆیەتی نەک کورد. بە هەمان لۆجيک کورد دەبێت تەنيا لە بەرژەوەندی خۆیەوە تەماشای هەر پەيوەندی و ڕێککەوتنێک بکات لەگەڵ ئيسرائيل و هەر دەوڵەتێکی تر. پێويستە بەرژەوەندی و هەلەکان بکرێنە پێوەری سەرەکی لە سياسەتدا، نەک ئايدۆلۆجیا و ئایين و ترس لە تۆمەت و پڕوپاگەندەی داگيرکەران. بەم شێوەیە نە ئيسرائيل دەتوانێت کورد تەنيا بۆ سوودی خۆی بەکار بهێنێت، نە کورديش هەلێک لە دەستخۆی دەدات لەبەر ئەو فۆبيایەیی داگيرکەران دروستيان کردووە سەبارەت بە هەبوونی پەيوەندی لەگەڵ ئيسرائيل.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO