محەمەد حەمە تەقی
لێکەوتەکانی پەلامارە کتوپڕەکەی حەماس، لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ بۆ سەر ناوەندە مەدەنی و سەربازییەکانی ئیسرائیل، نەک هەر حەماس و غەزەی بەفەتارەت دا، تەنانەت لوبنان و سووریا و عێرا ق و ئێرانـیشی خستە دۆخێکی مەترسیدارەوە. حەماس تەنها کلکی مانگاکەی ڕاکێشا، دەگێڕنەوە: منداڵێک کلکی مانگایەک ڕادەکێشێت، مانگاکە بەلەسەدەبێت و دەکەوێت بەسەر بێشکەی منداڵی دراوسێکەیاندا و منداڵەکە دەکوژێت، دایکی منداڵەکەش چەقۆیەک دەکات بەورگی مانگاکەدا و مانگاکە دەکوژێت، خاوەن مانگاش پەلاماری ژنەکە دەدات و باش باش دەیکوتێ، پیاوی ژنەکەش کە دەگەڕێتەوە ماڵەوە دەست دەداتە چەک و پەلاماری دراوسێکەیان دەدات، بەم شێوەیە لەماوەیەکی کەمدا بەهۆی ڕاکێشانی کلکی مانگایەکەوە، شەڕ و ئاژاوەیەکی گەورە دروست دەبێت.
گەرچی لەماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا، لە دوای جەنگی یەکەمی جیهانییە تا ئەمڕۆ، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ناوچەیەکی گەرمی ململانێی هێزە ناوچەیی و هەرێمایەتی و جیهانییەکان بووە، بەڵام لە ئێستادا پانتایی و قووڵایی ململانێکان زۆر فراوانتر و دژوارتر بوون، چەندین جۆر هێزی بەرژەوەندی جیاواز و ئایدیا جیاواز، بە هەموو توانایەکی مرۆیی و سەربازیی و تەکنەلۆجییەوە لە گۆڕەپانەکەدا ئامادەییان هەیە، نەک تەنها سەنگەریان لەیەکتر گرتووە، بەڵکوو ناوە ناوە پەلاماری یەکدیش دەدەن.
هەر چوار لایەنی تورکیا، ئێران، سووریا و ئیسرائیل ڕاستەوخۆ کەوتونەتە ناو گێژاوی ململانێ و جەنگە نوێکەوە، تورکیا و ئێران بەهۆی قەیرانی ناوخۆ و تەپینی باری ئابووری وڵاتەکانیانەوە، دەیانەوێت شەڕ و کوشتار بخەنە ئەودیوی سنوورەکانیانەوە، هاوکاری ئەو گرووپە چەکدارانە دەکەن کە هاودەستنێژ و هاوئاوازی خۆیانن. ڕژێمی سووریاش کە ماوەیەکی باش شەڕی مان و نەمانی کرد، بەرەبەیانی ٨ی کانونی یەکەم بە ئێجگاری کۆتایی بە ڕژێمە پەنجا ساڵەییەکەی بەعس و بنەماڵەی ئەسەد هات. ئیسرائیل شەڕی مانەوەی نەژاد (پاراستنی جوو)ی خۆی دەکات، ترسیان لە دووبارەبوونەوەی ئەو مێژووە هەیە کە چەندین جار جینۆسایدی بەسەردا هێناون. ڕووسیا و ئەمەریکاش بۆ پاراستنی هەژموون و بەرژەوەندیەکانیان لە ناوچەکەدا، لە ئاسمانەوە ڕاستەوخۆ هاوکاری بەرەی لایەنگرانیان دەکەن.
شەڕی نێوان ئیسرائیل–حەماس و ئیسرائیل–حیزبوڵا، تا ئاستێکی باش لە بەرژەوەندی ئیسرائیل یەکلا بووەتەوە، بەڵام شەڕی ناوخۆ و شەڕی لایەنەکان لەناو سووریاـدا هێشتا تەپوتۆزەکەی نە نیشتووەتەوە و نازانرێ چارەنووسی ئەو وڵاتە دوای نەمانی ڕژێمەکەی ئەسەد بە چ ئاقارێکدا دەڕوات. ئەو ئەنجامانەی کە تا ئێستا لە پەلامارەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل بەدەست هاتوون، ئەوەی لێ دەخوێنرێتەوە کە ئەو پەلامارەی حەماس لە دووری سەدان کیلۆمەترەوە نەخشەی بۆ کێشرابوو، یەکەم قوربانی ئەو پەلامارەش ڕێکخراوی حەماس و خەڵکی بێ چارەی غەززە بوون.
وەک چۆن لێکەوتەکانی جەنگی یەکەمی جیهانیی، گۆڕانکاری گەورەی بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا هێنا و بوو بەهۆی دەرکەوتن و دامەزراندنی چەند دەوڵەتێکی نوێ لە ناوچەکەدا، پێدەچێت سایکس بیکۆـیەکی نوێ لەپشت ئەم ڕووداوانەی ئێستاوە بێت و دیسانەوە نەخشەسازییەکی نوێ لە داڕشتنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بکرێت، بەتایبەتی لەسەر زاری سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلـەوە ئەوە ڕاگەیەنرا، کە دەبێت نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگۆڕرێت.
لە مێژوودا زۆر سنوور کێشران و زۆر سنووریش لەبەریەک هەڵوەشاونەتەوە، ئەوە هێزە سنوور دروست دەکات و سنوور هەڵدەوەشێنێتەوە. سنوور تا ئەوکاتە پیرۆزە کە بەرژەوەندی زلهێزەکان و دەسەڵاتە دکتاتۆرەکان دەپارێزێت، ئەو سنوورانەی لەدوای جەنگی یەکەمی جیهانیی کێشران، خاکی کوردستانی کرد بە چوار پارچەوە، گەلی کوردیشی کرد بەژێردەستەی ڕژێمە دکتاتۆرەکانی ناوچەکە. گەرچی لە سەد ساڵی ڕابردوودا گەلی کوردستان خەباتی زۆری کرد و قوربانی زۆریدا، بەڵام جگە لەو هەرێمۆکەی سەر بە عێراق (ئەویش لەژێر هەڕەشەدایە)، کورد هیچ بستە خاکێکی ئازادکراوی لەژێر دەسەڵاتی خۆیدا نییە.
نە مافی مرۆڤ و نە دیموکراتی و نە هاوئاینی و مرۆڤایەتی، نەیانتوانی کورد لە جینۆساید و چەوسانەوە بپارێزن، بەڵکوو هەموو ئەوانە تەنها ڕووپۆشێک بوون بۆ زیاتر هێشتنەوەی گەلی کوردستان لە ژێردەستەیی و داگیرکراوەیدا. لە شەڕی هەشت ساڵەی عێراق–ئێران دا، زیاد لە دوو سەد هەزار کورد شان بەشانی سوپای عێراق دژی دەوڵەتی ئێران جەنگان، بەڵام پاش کۆتایهاتنی جەنگەکە ڕژێمی عێراقی شاڵاوێکی بەربڵاو و دڕندانەی بەناوی “ئەنفال”ـەوە کردە سەر خەڵکی کوردستان و زۆربەی گوند و شارۆچکەکانی کوردستانی خاپوور کرد و نزیکەی ١٨٢ هەزار ژن و منداڵ و گەنجی کوردی زیندەبەچاڵ کرد. لەشەڕی دژی داعشـدا، هێزی پێشمەرگە و شەڕڤان، تاکە هێزی کاریگەری زەمینی بوون، دوای نەمانی داعش، سوپای عێراقی پەلاماری کوردستانی-دا، خانەقین و کەرکوک و مەخمور و شەنگالی لە دەست کورد دەرهێنا، سوپای تورکیا عەفرین و سەرێ کانی و گرێ سپی داگیر کرد. قوربانییەکانی گەلی کورد، بە قازانجی داگیرکەران شکایەوە.
کوردستان لەناو جەرگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕستدایە، هەموو هێزە هەرێمایەتی و جیهانییەکان، دوور و نزیک چاویان لەسەر پێگە و سامانی زۆروزەوەندی کوردستان و هێزی مرۆیی کوردە، گۆڕانکارییەکان زۆر خێراو چاوەڕوان نەکراون، لەم قۆناغە هەستیارە مێژووییەدا، ئەرکێکی قورس و گەورە دەکەوێتە سەر دەستەبژێری کورد بەگشتی و سەرکردە و بڕیاربەدەستانی کورد بەتایبەتی، ئەم هەلە لەدەست بچێت، ڕەنگە بە سەد ساڵی تر دووبارە نەبێتەوە. دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان، هەرگیز ڕاستگۆ نین لەگەڵ گەلی کورد-دا.
ئێستا قۆناغێکە دەبێت کوردستانیان دەربازبوونیان لەژێر دەستی داگیرکەران بکەن ئامانج و ستراتیج، ململانێ ناوخۆییەکان کە وەک شێرپەنجە بەجەستەی نەتەوەیماندا ڕۆچووە، وەلابنرێن، هێزی کوردستانی بە شەڕی لاوەکییەوە لاواز و خەریک نەکرێت، دەبێت هەموو لە بیری ئایندەی کوردستان و نەتەوەکەی خۆماندا بین، بەرژەوەندی حیزبی و ناوچەیی و بنەماڵەیی بخرێتە دوای بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان. کورد هێزێکی گەورە و کاریگەری ناوچەکەیە، نابێت خۆی بە لاواز و پاشکۆ بزانێت.
ئەقڵی سەرکردایەتی کورد لە کۆندا، عەقڵێکی خێڵەکیی-ئایینیی بوو، بۆیە لە قۆناغێکی مێژووی وەک ئەمەی ئێستادا، ئەمین فەیزی بەگی شاعیر ڕوو دەکاتە سەرکردەیەکی کورد و پێی دەڵێت:
ئیش کە ڕووی لە هەورازە ئەمڕۆ، سەرەولێژی نەکەی
بیری وردیشی دەوێ، هەر بەدوعا و نوێژی نەکەی
لەمڕۆدا کە عەقڵی بازرگانی و ئابووری لەبرەودایە و هەموو لە خەمی پلە و پۆست دان، بۆ بەدەستهێنانی زیاتر، دەبێت ئێمەش ڕووبکەینە سەرکردەکانی کورد و پێیان بڵێین:
ئیش کە ڕووی لە هەورازە ئەمڕۆ، سەرەولێژی نەکەن
بیری وردیشی دەوێ، هەر بەپارە و پۆستی نەکەن
کورد بستێک خاکی ئازادکراوی خۆی هەبێت لەسەری بژی، زۆر لەوە باشترە لە وڵاتێکی پان و پۆڕدا بە ژێردەستەیی بژێت. لایەنی کەم ئەو بستە خاکە، کورد لە جینۆساید و تواندنەوە دەپارێزێت.



