سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

ئێران ناچارە شەڕی مان و نەمانی خۆی لە سووریا بکات

مەیسەم مورادی

سەرهەڵدانی شەڕی نوێی سووریا و ئاراستەی ئەم شەڕە، ئەو گومانەی لای کەس نەهێشتۆتەوە کە بە کەوتنی دوو شاری حەما و حمس، دەستی ئێران لە بەندەری لازقییە (دەریای ناوەڕاست) کورت دەکرێتەوە و بەمجۆرە قووڵایی ستراتیجی ئێران دەکرێتە ئامانج.

عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران، جارێک گوتبووی “ئەگەر لە سووریا پێشمان بە نەیارەکانمان نەگرتبا، دەبوو لە تاران، ئیسفەهان و خوراسان لەگەڵیان شەڕمان بکردایە”. دوای سەردانەکەی ئەم دواییەی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ سووریا، هاوکێشەکان خەریکە گۆڕانی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت؛ ئێران بێ ترس لە هێرشەکانی ئیسرائیل، فەرماندە و ئەندامەکانی سوپای پاسدارانی ڕەوانەی سووریا کردەوە. هێزە پرۆکسییەکانی ئێران لە عێراق بەرەو سووریا جووڵەیان کرد، هەروەها دەسەڵاتدارانی ڕووسیا زمانیان توندتر بووە و هێرشە ئاسمانییەکانیان لە سووریا چڕتر کردووە. کۆی ئەم بابەتانە هاوشان لەگەڵ پلانی تورکیا و گرووپەکانی خۆی لە سووریا بۆ گرتنی جوگرافیای زیاتر لە سووریا، ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە، شەڕ لە سووریا تازە دەستی پێ کردەوە.

بە باوەڕی من، سووریا زەلکاوێکە بۆ ئەو دەوڵەتانەی کە ئەگەر بە هەستیارییەوە لەگەڵ ئەم پێشهاتە نوێیانە مامەڵە نەکەن، تێیدا دەچەقن. ئەمریکا و ئیسرائیل هێشتا چاودێری دۆخەکە دەکەن؛ تورکیا هێشتا کەڵک لە پرۆکسییەکانی وەردەگرێت؛ ئێران زۆر بە ئەسپایی هەنگاو دەنێت و ڕووسیا هێشتا کەڵکی لە هەموو تواناکانی خۆی وەرنەگرتووە. واتە ئەو دەوڵەتانە دەزانن بەخێرایی چوونە ناو شەڕی نوێی سووریا دەتوانێت لەو وڵاتە بیان چەقێنێت و دەرچوون لەو زەلکاوە بۆیان ئاسان نابێت.

ئەوەی کە تا ئێستا لە سووریا بینیومانە لەم چەند ڕۆژەدا؛ ئەمریکا بە هاوکاریی زەمینیی کورد خەریکە دەچێتە پێشەوە؛ تورکیا بە یارمەتیدانی پرۆکسییەکانی هەنگاو دەنێت؛ ئێران و سووریا و ڕووسیا بە تێکەڵاوێک لە سوپای بەشار ئەسەد و هێزە شیعەکان بەرگری دەکەن. کۆی ئەم بابەتانە پێمان دەڵێت؛ شەڕی نوێی سووریا تێکەڵاوێکە لە بەرەنگاریی ئەکتەرە نا-دەوڵەتییەکان کە لە لایەن ئەکتەرە دەوڵەتییەکانەوە ئاراستە دەکرێن.

دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، بەشێوەیەکی بنەڕەتی گۆڕانی بەخۆیەوە بینی. ئێران لە پارێزگاریکردن لە پرۆکسییەکانی خۆی تووشی لاوازی بوو؛ تورکیا بۆ پێشگرتن لە زیانەکانی داهاتووی، بە پاڵپشتیکردن لەو گرووپانەی سووریا بۆ هێرش بۆ سەر دەسەڵاتی بەشار ئەسەد و کورد، قومارێکی گەورەی دەست پێ کرد؛ ئیسرائیل و ئەمریکا ڕاستەوخۆ سەرپەرشتیی گۆڕانکارییەکان دەکەن لە قازانجی ئیسرائیل؛ بەشێکی بەرچاوی وڵاتانی عەرەبیی‌ ناوچەکەش سوپای خۆیان ڕێکخستووە بۆ هەر ئەگەرێکی لەناکاو و لە کۆتاییدا، ئاساییبوونەوەی هێرشی ئێران و ئیسرائیل بۆ سەر یەکدی شکا. واتە، دەتوانرێت بگوترێت لە دوای ٧ی ئۆکتۆبەر، پارسەنگی هێز و نەزمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێکچووە و ئەم گۆڕانکارییانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەنگاوەکانی چەسپاندنی نەزمێکی نوێن لەو ناوچەیە. بۆیە پێدەچێت کە ئاستی بەریەککەوتنەکانی سووریا گۆڕانی بەسەردا بێت، وەک بەهاری عەرەبی تەشەنە بکاتە وڵاتگەلێکی دیکە و ئاستەکەی بچێتە سەرترەوە و ببێت بە بەریەککەوتنی دەوڵەت-دەوڵەت. واتە بەریەککەوتنەکان ببێت بە تێکەڵاوێک لە ئەکتەری دەوڵەتی و ئەکتەری نا-دەوڵەتی، لەبەر ئەوەی کە لە کۆتا خاڵدا، ئەوە ئەکتەرە نا-دەوڵەتییەکان نین کە توانای چەسپاندنی نەزمی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن، بەڵکوو ئەوە دەوڵەتەکانن کە توانای جێبەجێکردنی ئەو پرۆسەیانەیان هەیە.

حسەین ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی پێشووی ئێران، جارێک گوتبووی “کەوتنی حەماس لە غەززە، شەڕ هەنگاوێک نزیک دەکاتەوە لە سنوورەکانی ئێران“. کەوتنی حەماس لە غەززە و داڕمانی هەیکەلی حیزبوڵا لە لوبنان، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان بوون کە ئیسرائیل بەبێ هیچ ترسێک هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر ئێران. هاوکات لەگەڵ ئەوەدا کە بەرپرسانی ئیسرائیلی زۆر جار باسی “گۆڕینی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” دەکەن، جوگرافیای گۆڕانکارییەکان هاتووەتە سووریا و ئەمە دەتوانێت ترسێکی بنەڕەتی بۆ دەوڵەت لە ئێران دروست بکات. مەترسیی ئەوەی کە قۆناغی دیکەی ئەم گۆڕانکارییانە عێراق بێت، ئەوا ئێران هان دەدات کە هەموو تێچوویەک بدات بۆ ئەوەی کە بەشار ئەسەد نەکەوێت و پێش بە دۆمینەی گۆڕانکارییەکان بگرێت.

هاوکات ترسێکی دیکەی ئێران ئەوەیە کە بە هاتنی دۆناڵد ترامپ، دەکرێت فشارەکان لەسەر ئێران دوو قات ببنەوە. واتە ئێران لە کاتی ئیدارەی جۆ بایدن فشاری زۆری ئابووریی لەسەر نەبوو و ڕێگە بە ئێران دەدرا کە نەوتی خۆی لە ڕێگەی چین‌ـەوە بفرۆشێت. واتە لە کاتی ئیدارەی جۆ بایدن، تەنیا ئیسرائیل مەترسیی سەرەکی بوو بۆ ئێران کە لە ڕێگەی هێرشەکانی خۆی بۆ سەر ئێران مەترسیی ئاسایشی بۆ دروست دەکرد، بەڵام بە هاتنی ترامپ، چاوەڕوان دەکرێت کە گەمارۆ ئابوورییەکان دووبارە بخرێنەوە سەر ئێران و باڵی ئابووریی ئێران تووشی لاوازیی بنەڕەتی بکرێت. لەگەڵ ئەو فشارانەی ئیدارەی ترامپ، ئیسرائیل بەردەوامی دەدات بە لاوازکردنی دەستەکانی ئێران لە ناوچەکە و مەترسیی ئاسایشیی گەورە بۆ ئێران دروست دەکات. واتە ئێران لە کاتی ئیدارەی ترامپ، چاوەڕوانی ئەوەیە کە دۆخی ئابووری و ئاسایشییەکەی لە ئێستا زیاتر خراپ بێت، بۆیە بۆ ئەوەی کە لە کاتی هاتنی ترامپ‌دا هەموو کارتەکانی خۆی لەدەست نەدات، ناچارە کە خۆی تێکەڵی شەڕی نوێی سووریا بکات.

لە ڕوانگەی سیاسەتمەدارانی ئێران‌ـەوە، پاراستنی ئێران پێویستی بەوە هەیە کە ئێران لە وڵاتانی ناوچەکە بوونێکی کارای هەبێت و بۆ پاراستنی خۆیان دەوری سەرەکی لە گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگێڕن. بابەتێک کە هەموو کات لە قسەوباسی نوخبەی ئێرانی‌دا سەبارەت بە سووریا زەق بووەتەوە، چەمکی “ئاسایشی جێگیر” بۆ ئێران لە ڕێگەی بەشداری و بوون لە وڵاتانی عێراق و سووریا بووە. ئێران بۆ ئەوەی کە خۆی لە مەترسییەکان بپارێزێت، قووڵایی ستراتیجی خۆی کردووەتە سووریا و لەوێوە سیاسەت بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆی دادەڕێژێت.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، باسی لەوە کردبوو کە “لە دەریای ناوەڕاست‌ـەوە تا سنوورەکانی ئێران، پشتێنەی ئاسایشی خۆمان دروست دەکەین”. دروستکردنی ئەم پشتێنەی ئاسایشەی تورکیا، لەم قۆناغەی ئێستا لە ڕێگەی هێزە پرۆکسییەکانی خۆیەوە لە سووریا جێبەجێ دەکرێت کە پاشخانێکی ئیخوانیان هەیە. واتە، تورکیا ناچارە بۆ بردنە پێشەوەی پرۆژەی خۆی، بەرەنگاری هێزە شیعەکانی سووریا و عێراق ببێتەوە. بڕینی دەستی ئێران لە بەندەری لازقیە لە ڕێگەی گرووپە سوننەکانی نزیک لە تورکیا، ئاسایشی جێگیر و قووڵایی ستراتیجی ئێران دەکاتە ئامانج، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت کە ئێران بۆ پێشگرتن بەو پلانەی تورکیا، بە هەموو شێوەیەک پارێزگاری لە بەشار ئەسەد بکات.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بابەتانەی کە لە سەرەوە ئاماژەیان پێدرا؛ شەڕی نوێی سووریا گۆڕانی سەرەکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدوای خۆیدا دەهێنێت، ئاستی بەریەککەوتنەکان گۆڕانی بەسەردا دێت و بە تەنیا لە نێوان ئەکتەرە نا-دەوڵەتییەکاندا نامێنێتەوە و دەستی زۆر دەوڵەتی دیکە دەباتە ناو ئەو شەڕەوە. هاوکات ئێران بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆی، هەوڵ دەدات ڕەنگ و بۆی شیعەگەری بە شەڕەکە بدات و چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت کە ئاراستەی شەڕەکە ڕوانگەی ئایینی و بەریەککەوتنی شیعە و سوننە بەخۆیەوە ببینێت کە بەمجۆرە ئێران سەرکەوتوو دەبێت لەوەدا لانیکەم دەسەڵاتدارانی عێراق ڕازی بکات بۆ ئەوەی هەنگاوی کردەیی زۆرتر بنێن بۆ پاراستنی بەشار ئەسەد، بەو تێڕوانینەوە کە ئەگەر ئەوانیش نەبن لە بەشێک لە پاراستنی بەشار ئەسەد، ئەوە هەنگاوی داهاتووی ئەم شەڕە لە عێراق دەبێت. واتە، تێکەڵکردنی عێراق لە شەڕی نوێی سووریا‌‌‌. کەوتنی بەشار ئەسەد، واتە لێدان لە قووڵایی ستراتیجی ئێران و هەروەها خستنی یەکەم قەڵای دەوڵەتانی شیعە، بۆیە ئێران شەڕی مان و نەمانی خۆی لە سووریا دەکات.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO