هەینی ٤ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٤، عەلی خامنەیی، پێنج ساڵ دوای کوشتنی قاسم سولەیمانی، بۆ یەکەمجار گەڕایەوە بۆ پێشنوێژیکردنی نوێژی هەینی لە تاران. لە وتارەکەی خۆیدا، عەلی خامنەیی باسی لەوە کرد کە وڵاتانی ئیسلامی لە “ئەفغانستان تا یەمەن” دەبێت خۆیان ڕێکبخەن و لە چوارچێوەی “پشتێنەی بەرگری”، پارێزگاری لە یەکتر لەبەرانبەر ئیسرائیل بکەن. خامنەیی گوتی “مەبەستی ئیسرائیل یەک وڵات یان نەتەوەیەکی تایبەت نییە، بەڵکوو مەبەستی ئیسرائیل، کۆی وڵاتانی ئیسلامییە” و قۆناغ بە قۆناغ دیەوێت بێتە پێشەوە. لەم ئاراستەیەدا خامنەیی باسی لە ستراتیجیەک کرد کە ڕەنگە تا پێش وتاری هەینی خامنەیی، بەوشێوە و بەڕوونی لە نێوان دەسەڵاتدارانی ئێران باسی نەکرابێت. بە لەبەرچاوگرتنی قسەکانی خامنەیی، “پشتێنەی بەرگری” پلانێکی ئێران-ە بۆ ئەوەی بتوانن پێش بە کەوتنی پڕۆکسییەکانی خۆیان لە ناوچەکە بگرن. “حوسێن ئەمیر عبدوڵایان” وەزیری پێشووی دەرەوەی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکدا گوتبووی “کەوتنی حەماس لە غەززە، بە واتای ئەوەیە کە شەڕ هەنگاوێک نزیکتر دەبێتەوە لە سنوورەکانی ئێران”. بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی حەماس لە غەززە و هەروەها دۆخی حیزبوڵا لە لوبنان، دەتوانین بێژین: کەوتن یان لاوازبوونی حیزبوڵا، شەڕ دوو هەنگاو نزیکتر دەکاتەوە لە “سنوورەکانی ئێران”. کەواتە دوای قسەکانی خامنەیی دەکرێت چاوەڕێی ئەوە بکرێت کە وەرچەرخانێکی گرنگ لە سیاسەتی دەرەوەی ئێران سەبارەت بە بەرنگاری پڕۆکسییەکانی خۆی لە ناوچەکە لە پێش ئیسرائیل دا بکرێت. وەرچەرخانێک کە ئامانجی سەرەکی، پارێزگاریکردنە لە کەوتنی پڕۆکسییەکانی ئێران لە ناوچەکە. ئەگەر تا پێش ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، ئامانجی ئێران پڕچەککردن و بەهێزکردنی پڕۆکسییەکانی خۆی لە ناوچەکە بوو بۆ ئەو مەبەستە کە بەکار بێن بۆ ئەوەی بتوانن بەرەوپێشچوونییان هەبێت، بەڵام لە دوای وتاری هەینی عەلی خامنەیی، یارمەتیدانی پڕۆکسییەکان بەو مەبەستەیە کە لە پێش هێرشە چڕە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل، پارێزراو بن و لە لاوازبوون یان کەوتنیان یەک لە دوای یەک ڕزگارییان بێت.
بە باوەڕی من، ستراتیجی نوێی ئێران لە چوارچێوەی “پشتێنەی بەرگری”، دەتوانێت لە پێنج گریمانەی سەرەکی پێکبێت. کۆی ئەم گریمانەیانە پێکەوە، دەتوانن پێکهێنەری ئەو ستراتیجیە نوێیەی ئێران بن.
یەکەم، هەموو پڕۆکسییەکانی ئێران لە ناوچەکە، دەبێت بەشێوەی ڕاستەوخۆ بچنە ناو گۆڕەپانەکە. واتە ئەو پڕۆکسیانە دەبێت کارا بکرێن و بە بێ گوێدان بە هەڵوێستی دەوڵەتانی خۆیان، هەنگاو بەرەو ئەو ئاراستەیە هەڵبنێن کە لە چوارچێوەی پشتێنەی بەرگری ئێران-دا بێت. نموونەیەکی ئەم گریمانەیە، یەکەم هێرشی زیانباری هێزەکانی ناو عێراق بۆ سەر ئیسرائیل بوو، کە بووە هۆی ئەوەی دوو سەربازی ئیسرائیل بکوژرێت و زیاتر لە ٢٥ کەسی دیکە بریندار بن. ئەم هێرشە دوو کاتژمێر دوای وتاری هەینی عەلی خامنەیی ئەنجامدرا. کەواتە یەکەم لایەن کە گوێڕایەڵی فەرمانی نوێی خامنەیی بوو، هێزە شیعەکانی سەر بە ئێران، لە عێراق بوون.
دووهەم، دەبێت بەشداری ئەو گرووپانە بەو شێوەیە بێت کە مەترسی کەوتنی حیزبوڵا بێنێتە کەمترین ئاستی خۆی، واتە دەبێت؛ دابەشکاریەکی ناوخۆیی ئەو گرووپانە بێت، بۆ ئەوەی ئیسرائیل لە چەند لایەنەوە هەست بە مەترسی بکات و سەرنجی لەسەر حیزبوڵا کەمتر بێتەوە، بۆ ئەوەی حیزبوڵا هەناسەیەک هەڵکێشێت لەژێر بۆردوومانە چڕەکانی ئیسرائیل. کەواتە دەبێت هەڕەشەی کەوتن، هەڕەشەیەکی گشتی بێت بۆ ئەو گرووپانە و هەڕەشەکە لە ناوخۆی خۆیاندا دابەش بکەن، بەم شێوە ئیسرائیل دەچێتە دوو بەرەی شەڕی ڕاستەوخۆ (حەماس و حیزبوڵا) هاوکات سێ بەرەی شەڕی ناڕاستەوخۆ (یەمەن، سووریا و عێراق)، واتە تەشەنەسەندنی شەڕ بۆ وڵاتانێکی زۆرتر.
سێیەم، دروستکردنی بەرپرسیارەتی مێژوویی بۆ وڵاتانی ئیسلامی ناوچەکە بەتایبەت بۆ میسر. خامنەیی لە وتارەکەی خۆیدا بەفەرمی ناوی وڵاتی میسری هێنا و ئەو وڵاتەی خستە ناو دۆخێکەوە کە دەبێت هەڵبژاردنێکی لە نێوان شەڕ و ئاشتیدا هەبێت. لەم بەشەدا عەلی خامنەیی دەیەوێت بە وڵاتانی ئیسلامی، بەتایبەت بە میسر بڵێت؛ ئەگەر وەک دەوڵەت نەیەنە ناو باسەکە و پێش بە ئیسرائیل نەگرن، خەڵکەکانتان هان دەدرێن بۆ ئەوەی خۆبەخشانە هەنگاو بنێن، واتە تا ئاستێک خۆڕێکخستنی نوێ لە وڵاتانی دیکەی ئیسلامی، لە دەرەوەی دەوڵەت ڕووبدات، کە ئەمە خاڵێکی مەترسیدارە بۆ ئەو دەوڵەتانە. وتاردانی خامنەیی بە زمانی عەرەبی، بە مەبەستی ئەوە بوو بۆ ڕاکێشانی هاوسۆزی زیاتری خەڵکی وڵاتانی عەرەبی بۆ لای خۆی، کە لە چوارچێوەی هەڕەشە لە دەوڵەتانی عەرەبی دەتوانرێت ببینرێت و بۆ سەپاندنی زیاتری گوتاری دژە- ئیسرائیلی ئێران بێت لە نێوان خەڵکی وڵاتانی موسڵمان.
چوارەم، بە کەڵکوەرگرتن لە ئەزموونی شەڕی ساڵی ۲٠٠٦ی نێوان حیزبوڵا و ئیسرائیل، ئێران دەیەوێت ئەم شەڕە بکاتە شەڕێکی “پڕوکێنەر” (فرسایشی) بۆ ئیسرائیل. لەم ئاراستەیەدا ئێران دەیەوێت سوپای ئیسرائیل لە لوبنان بچەقێت و بەرەو پێش نەچێت. یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئێران لە بەشداری هێزەکانی خۆی لە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل، درێژەپێدانی شەڕە لەو ئاراستەیەدا کە شەڕ لە چوارچێوەی ئەکتەری دەوڵەتی و ئەکتەری نا-دەوڵەتیدا بهێڵێتەوە و خۆی بەشداری شەڕەکە نەکات. ئەوەی کە ئێران هیچ کات نەیویستووە، بەشداری ڕاستەوخۆ بێت وەک دەوڵەت، لە شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل-دا.
پێنجەم، خاڵی کۆتایی، ئەم ستراتیجیەی ئێران، بە بۆچوونی من، ناوەڕۆکێکی بەرگریکارانەی هەیە، واتە بەرگریکردن لە کەوتنی پڕۆکسییەکان، بۆ ئەوەی ئێران پارێزراو بمێنێتەوە و ئەو پڕۆکسیانە ڕۆڵی “پشتێنەیەکی بەرگری” بۆ ئێران بگێڕن و نەهێڵن کە “شەڕ قۆناغ بە قۆناغ نزیکتر بێتەوە لە سنوورەکانی ئێران”. کەواتە دەتوانرێت بگوترێت: هێرشی پڕۆکسییەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، ناوەڕۆکێکی بەرگریکارانەی هەیە بۆ ئەوەی “خۆیان بپارێزن” و چارەنووسی حەماس و حیزبوڵا، بەسەر ئەوانیشدا نەێت.
پرسیاری سەرەکی ئەوەیە، ئێران بۆچی ئەم ستراتیجیەی گرتە بەر و عەلی خامنەیی بە چ مەبەستێک بەفەرمی باسی کرد؟
لە ٢٠٢٠، ئیسرائیل وەرچەرخانێکی بنەڕەتی لە ستراتیجی خۆی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی کرد. ئەم وەرچەرخانە بەسەرپەرشتیاری ئەمریکا بوو بۆ ئاساییبوونەوەی پێوەندی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی. دوای ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی، لە ٧٨مین کۆبوونەوەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بنیامین نەتەنیاهو لە کاتی وتارەکەی خۆیدا، وێنەیەکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بەرزکردەوە کە لەسەری نووسرابوو، “رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ”. ئەم ورەچەرخانەی ئیسرائیل لە چوارچێوەی “رێککەوتنەکانی ئەبراهام” کە لە ٢٠٢٠، دەستی پێکرد، دوو ڕەهەندی ئابووری و سیاسی-ئاسایشی هەبوو، کە بە ئاساییبوونەوەی پێوەندی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی، مەترسی هێرش لەلایەن وڵاتانی عەرەبی بۆ سەر ئیسرائیل، بۆ هەمیشە کۆتایی پێدێت. هاوکات، بە کەڵکوەرگرتن لە ڕەهەندە ئابوورییەکەی، پڕۆژە گەورە ئابوورییە نێونەتەوەییەکان، لەوانە کۆریدۆری هیندستان-ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست-ئەوروپا، دەتوانێت ڕۆڵی گرنگ و قازانجی زۆری بۆ ئیسرائیل تێدابێت. لە کۆتاییشدا، بە ئاساییبوونەوەی پێوەندییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی، بەتایبەت لەگەڵ سعودیە، پرسی “دەوڵەتی فەلەستین” دەچێتە مێژووە و بۆ هەمیشە کۆتایی پێدێت. بەڵام بە هێرشی ٧ی ئۆکتۆبەری حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، ئەو پلانە گەورەی ئیسرائیل، تووشی کێشەی گەورە بوو. بە باوەڕی من، دوای یەک هەفتە لە هێرشی حەماس، ئیسرائیل ناچار بوو ئەو پڕۆژەیە وەلاوە بنێت و بە شێوەیەکی کاتی بیخاتە “ئەرشیڤەوە”، بۆ ئەوەی کە پرسێکی دیکە، واتە مەترسی ئاسایشی نوێ کە حەماس بۆی دروستکردووە، چارەسەر بکات. هەر لەم ئاراستەیەدا بوو لە دوای یەک هەفتە لە هێرشی حەماس، ئیسرائیل پلانێکی لەپێش گرت بە ناوی “گۆڕینی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست”. ئەم پلانە نوێیەی ئیسرائیل کاتێک کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە کە بنیامین نەتەنیاهو گوتی ”ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕین”. ئەم پلانەی ئیسرائیل کێشەی گەورەی هەبوو، یەک لەوانە ئاڵۆزکردنی دۆخی دەوڵەتانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ترس لە گۆڕینی سنوورە سیاسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. چەند ڕۆژ پێش، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، لە وتارێکدا باسی ئەوەی کردبوو کە “ئەوان لە دژی گۆڕینی سنوورە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن” کە ئیسرائیل پلانی هەیە بۆی. بۆیە ئیسرائیل ناچار بوو گۆڕان بەسەر ئەم پلانەی خۆیدا بهێنێت و فۆرمێکی پەسەندکراوی نێونەتەوەیی بە پلانەکەی خۆی بدات. دوای کوشتنی حەسەن نەسروڵا، ئیسرائیل گۆڕانی بە سەر ئەم پلانەشدا هێنا و کردی بە “نەزمی نوێ”. ئۆپەراسیۆنی هێرشکردن بۆ سەر حەسەن نەسروڵا، ناوی لێنرا “نەزمی نوێ”، واتە کوشتنی حەسەن نەسروڵا، بەشێک بوو لە پڕۆژەیەکی گەورەی ئیسرائیل کە پێش ۷ی ئۆکتۆبەر دەستی پێکرد، بەڵام دوای ۷ی ئۆکتۆبەر، گۆڕانی بنەڕەتی زۆری بەخۆیەوە بینی و ڕەهەندی جیاوازتری گرتە بەر و لە ڕۆژی کوشتنی حەسەن نەسروڵا، بەفەرمی باسی کرا. کەواتە پڕۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ و گۆڕینی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بووە بە بەشێک لە پڕۆژەیەکی گەورەتر، بە ناوی “نەزمی نوێ”ی دڵخوازی ئیسرائیل بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بە دوو باڵی سەربازی و سیاسی خۆی کاری بۆ دەکات و هەوڵ بۆ بەرەوپێشچوونی دەدات.
لێرەدا ئەو پرسیارەی کە دێتە پێشەوە، ئەوەیە کە “نەزمی نوێ”ی ئیسرائیل چ واتایەکی هەیە؟ بە باوەڕی من، نەزمی نوێ ئیسرائیل بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە سێ گریمانەی سەرەکی پێکهاتووە. ئەم گریمانانە بریتین لە:
یەکەم، گۆڕان لە پێکهاتەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چەند بوارەوە، لەوانە؛ حوکمڕانی، نۆرم و نەریتی هاوسەنگی هێز. لە ڕوانگەی تیۆرەکانی سیاسەتی نێونەتەوەییەوە، نەزمی نێونەتەوەیی بریتییە لە شێوازە ئاساییەکانی ئاڵوگۆڕکردن لە نێوان یەکە سیاسییەکان کە بەشێوەی سەربەخۆ یەکتر بە فەرمی دەناسن. ئەگەر بمانەوێت ئەم پێناسەیە بگوازینەوە بۆ ڕوانگەی نەزمی نوێی ئیسرائیل بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە لە ڕوانگەی تیۆرییەوە، مەبەستی ئیسرائیل ئەوەیە کە گۆڕانێکی بنەڕەتی دروست بێت لە ناوچەکە لە نێوان یەکە سیاسیەکان کە دەتوانن دەوڵەت، دامەزراوەی سیاسی و هەروەها نموونەی هێزە پڕۆکسییەکانی ئێران لە ناوچەکەدا بێت. ئەم گۆڕانە دەتوانێت ڕاستەوخۆ هاوسەنگی هێز کە ئێران لە ڕێگەی پڕۆکسییەکانی خۆیەوە لە ناوچەکە دروستی کردبوو، تووشی گۆڕان بکات و مەترسی پڕۆکسییەکانی ئێران لاواز بکات. واتە ئیسرائیل دەیەوێت کە بەدوای هەموو پڕۆکسییەکانی ئێران لە ناوچەکە بچێت بۆ ئەوەی کە تا ئەو شوێنەی کە دەکرێت، ئەو پڕۆکسیانە لاواز بن. واتە خستنی یەک لە دوای یەکی ئەو گرووپانە، وەک دۆمینە.
هاوکات کە ئەم دۆمینۆ تیۆرییە ڕوودەدات، ئیسرائیل دەیەوێت هەموو تێچوویەک بدات بۆ ئەوەی پێوەندی نێوان ئێران و پڕۆکسییەکانی تووشی پچڕان بکات. لە سیاسەتی نێونەتەوەییدا تیۆری (Imperial Overstretch) باس لە شێوازی ئەم پچڕانە دەکات. مێژوونووس “پۆڵ کەنەدی” یەکێک لەو کەسانەیە کە بەوردی باسی لەم تیۆرییە کردووە. ئەم تیۆرییە پێیوایە کە ئیمپراتۆرییەکان هەوڵی زۆر دەدەن کە تا ئەو شوێنەی کە توانایان هەیە، خۆیان درێژتر بکەنەوە و جوگرافیای زۆرتر بخەنە ژێر دەسەڵاتی خۆیان، بەڵام ئەم فراوانخوازیە، زۆربەی کات دەبێتە هۆی داڕمانی ئیمپراتۆرییەکان. هۆکاری سەرەکی ئەم داڕمانانە ئەوەیە کە ئیمپراتۆرییەکان “بەڵێن” و “بەرپرسیارەتی” زۆر و گەورە دەخەنە سەر شانی خۆیان، بەڵام توانای جێبەجێکردنی ئەو بەرپرسیارەتی و بەڵێنانەیان نییە و ناچار دەبن پاشەکشە بکەن و دەست هەڵگرن لە حوکمڕانی زۆرێک لە جوگرافیای ژێر دەسەڵاتیان. ئەوەی کە ئیسرائیل بەدوایەوەیە لەم بەشەدا: پێشگرتن بە مەترسییەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، لە سەر سنوورەکانی ئێران-ە، واتە دوورکردنەوەی مەترسی لەسەر سنوورەکانی ئیسرائیل و خۆپارێزی لە مەترسییەکانی ئێران، لە نزیکترین شوێنی نزیک لە ئێران. ئەم خۆپارێزییە کاتێک ڕوودەدات کە پێوەندی نێوان ئێران و پڕۆکسییەکان، بێتە کەمترین ئاستی خۆی و ئێران ناچار بە پاشەکشە بێت.
دووهەم، گۆڕانکاری بنەڕەتی لە شێوازی بەکارهێنانی چەک، تەکنەلۆجیا و تاکتیکی بەرنگاربوونەوە لەپێش ئێران و پڕۆکسییەکانی ئێران. ئۆپەراسیۆنی هێرش بۆ سەر باشووری لوبنان و هەروەها، کوشتنی حەسەن نەسروڵا، وەرچەرخانێکی مێژوویی لە بەکارهێنانی چەک، تەکنەلۆجیا و تاکتیکەکانی بەرنگاربوونەوەی ئیسرائیل لە پێش هێزێک وەک حیزبوڵا بوو. لە ڕۆژەکانی ١٧ و ١٨ی سێپتمەبەر، ئیسرائیل بە تەقاندنەوەی پەیجەر و هەموو کەرەستە ئەلکترۆنیکەکانی حیزبوڵا، زیاتر لە ٥ هەزار کەسی لە ئەندامانی حیزبوڵای بریندار کرد و زیاتر لە ١٥ کەسیشی کوشت. ئەم نموونە لە چالاکییەی ئیسرائیل، لە مێژووی بەرنگاربوونەوەی لەگەڵ گرووپە نەیارەکانی خۆیدا بێ وێنە بووە و وەک یەکەمجار ڕووی داوە. هەروەها ئۆپەراسیۆنی کوشتنی حەسەن نەسروڵا، بە کەڵکوەرگرتن لەو تاکتیکە بوو کە بنیامین نەتەنیاهو بە مەبەستی بەشداریکردن لە ٧٩یەمین کۆبوونەوەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەردانی ئەمریکای کردبوو، بەڵام فەرمانی کوشتنی حەسەن نەسروڵای لە هۆتێلی مانەوەی خۆی لە نیۆیۆرک بە سوپای ئیسرائیل دابوو. واتە دروستکردنی دڵنیایی بۆ بەرپرسانی باڵای حیزبوڵا، بەڵام بەشێوەیەکی تاکتیکی، بۆ ئەوەی کە ئەو بەرپرسانە لەکاتی نەبوونی نەتەنیاهو، جووڵەیەک بکەن و دواتر بکرێنە ئامانج. هاوکات چەکی بەرکارهاتووی سوپای ئیسرائیل بۆ هێرشکردن بۆ سەر بارەگای حیزبوڵا و کوشتنی نەسروڵا، لانیکەم یەکەم جار بووە کە لە دوای ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، لە دژی حیزبوڵا بەکار بێت. ئەو مووشەکەی کە ئیسرائیل بەکاری هێنابوو، لە جۆری (BLU-109s) بوو کە توانای بڕینی زیاتر لە شەش میتر کۆنکرێتی هەیە، واتە ئیسرائیل وەرچەرخانێکی کردووە لە جۆری چەکی خۆی بۆ بەرنگاربوونەوەی نەیارەکانی. ئەم وەرچەرخانەش لە کاتی هێرش بۆ کوشتنی “هاشم سەفییەدین” کە وەک جێگرەوەی نەسرڵا باسی دەکرا، بە ڕوونی دەبینرا. ئەو مووشەکانەی کە ئیسرائیل بەکاری هێنابوون، لە هەمان جۆری مووشەک بوون کە حەسەن نەسرۆڵڵای پێ کرایە ئامانج، بەڵام جاری دووهەم، واتە هێرش بۆ سەر هاشم سەفییەدین، ژمارەی ئەو مووشەکانە، دووهێندەی جاری یەکەم بوو.
سێیەم، خاڵی کۆتایی، ناوەڕۆکی نەزمی نوێ، بە بۆچوونی من، هێرشبەرانەس، واتە لە چوارچێوەی ڕێچکەی/دۆکتراینی “زاحیە” هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەکتەرە نا-دەوڵەتییەکاندا بکات. دۆکتراینی زاحیە، ساڵی ٢٠٠٦ لەکاتی شەڕی حیزبوڵا و ئیسرائیل، داڕێژرا، خاڵی سەرەکی ئەم دۆکتراینە ئەوەیە کە ئیسرائیل بە هێرشە قورس و بەردەوامە ئاسمانیەکانی خۆی، دەرفەتی بیرکردنەوە و پەرچەکردار بۆ لایەنی بەرامبەری نەهێڵێتەوە. هاوکات بەلێدان لە ژێرخانە گرنگەکانی “نەیار”، بتوانێت پێوەندی نێوانیان بپچڕێنێت و لە کۆتاییدا، هەیکەلەی لایەنی بەرانبەری خۆی تووشی داڕمان بکات. نموونەی بەرنگاربوونەوەی ئیسرائیل لە پێش حیزبوڵا-دا، ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە ئیسرائیل نایەوێت بهێڵێت لایەنی بەرانبەری بیر لەوە بکاتەوە کە وەڵامدانەوەی بۆ ئیسرائیل هەبێت، کە ئەمە نموونەی بەرچاوی دۆکتراینی زاحیە-س. واتە هێرشی بێ وچان، لە بەرزترین ئاستی خۆیدا، بۆ ئەوەی کە چوونەپێشەوەی قۆناغ بە قۆناغ لە بەرەکانی شەڕدا، بەزووترین کات ڕووبدات، بەڵام بەو ئاگادارییەوە کە ئێران پلانی هەیە شەڕی پڕوکێنەر بۆ ئیسرائیل دروست بکات.
لە کۆتاییدا دەتوانم بڵێم: “نەزمی نوێ”ـی ئیسرائیل و “پشتێنەی بەرگری” ئێران، دوو پلانی دەوڵەتی زەبەلاحن کە یەکێکیان هەنگاو هەڵدەنێت بۆ گۆڕانکاری بنەڕەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، واتە ئیسرائیل بە پڕۆژەی “نەزمی نوێ” و بە ناوەڕۆکێکی هێرشبەرانە، هاوکات ئێران بە ستراتیجی “پشتێنەی بەرگری” و بە ناوەڕۆکێکی بەرگریکارانە دەیەوێت پێش بەو گۆڕانکارییانەی بگرێت کە ئیسرائیل هەوڵی بۆ دەدات. نموونەیەکی دیکەی ئەم بەریەککەوتنانە دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ خۆپێشاندانەکانی “بەهاری عەرەبی” کە ئێران لە ترسی ئەوەی کە خۆپێشاندان نەگاتە ناوخۆی وڵاتەکەی، بە پڕۆژەی “بیداری ئیسلامی” واتە “وەئاگاهاتنەوەی ئیسلامی” لە پێش ئەو گۆڕانکاریانەی ئەوکاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەستایەوە. کەواتە ئەم هەنگاوەی ئێستای ئێران، هەنگاوێکی نوێ نییە بۆ پارێزگاریکردنە لە خۆی و پێشووتریش بە ناوەڕۆکی جیاواز، هەوڵی زۆری داوە. ئەوەی کە گرنگە لەبەرچاو بگیردرێت؛ نەزمی نوێی ئیسرائیل و پشتێنەی بەرگری ئێران، بەریەککەوتنی ئاسایی دوو دەوڵەت نییە، بەڵکوو بەریەککەوتنی دوو گوتار و دوو تێگەیشتنی جیاوازە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە چارەسەرکردنی ئەم بەریەککەوتنانە لە ڕوانگەی ئەو دەوڵەتانەوە، تەنیا لە ڕێگەی هێزی سەربازییەوە دەکرێت. هاوکات ئەوەی کە گرنگە بایەخی پێبدرێت، زاڵبوونی هەریەکێکیان بەسەر لایەنی دیکەدا، دەتوانێت شەپۆڵێکی گەورەی گۆڕانکاری بەدوای خۆیدا بهێنێت. لە وەبەریەککەوتنی ئەم دوو دەوڵەتەدا، هاتنەپێشەوەی گۆڕانکاریگەلێکە کە ڕەنگە بە ویست و خواستی ئەو دەوڵەتانەش نەبێت. واتە بەشداری دەوڵەت و لایەنگەلێکی دیکە لە بەریەککەوتنەکاندا، کە هۆکار بێت بۆ ئەوەی ئاراستەی بەریەککەوتنەکان زۆر بگۆڕدرێت و زۆر ڕووداوی چاوەڕوان نەکراو ڕووبدات. نەزمی نوێی ئیسرائیل بەپشت بەستن بە هێزی سەربازی، قۆناغ بە قۆناغ بەرەوپێشچوون بەخۆیەوە دەبینێت و هاوکات دابەشکارییەک لە نێوان ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی خۆی، لەوانە ئەمریکا لە سەرەوەی هەموویانەوە، ڕووی داوە. ئەم دابەشکارییە دەتوانرێت لە ڕووبەرووبوونەوەی ئەمریکا لەگەڵ حوسییەکانی یەمەن ببینرێت و ئەمریکا بەو هاوپەیمانییە دەریاییەی کە لە دژی حووسییەکان پێکی هێناوە، وەڵامی مەترسییەکانی حووسییەکان بۆ سەر ئیسرائیل دەداتەوە، هاوکات ئیسرائیل لە بەرەکانی دیکەی شەڕدا بەشێوەی ڕاستەوخۆ بەردەوامە. ئەوەی کە چاوەڕوانکراوە، لاوازبوونی پڕۆکسییەکانی ئێران، لە دوا قۆناغدا ئێران دەگەیەنێتە سەر ئەو باوەڕەی کە بۆ پارێزگاریکردن لە خۆی، ناچار دەبێت وەک دەوڵەت بێتە ناو گۆڕەپانەکە و شەڕی ڕاستەوخۆی خۆی لەگەڵ ئیسرائیل بباتە پێشەوە. جیا لەمە، ئێران بینەری کەوتنی پڕۆکسییەکانی یەک لە دوای یەک دەبێت و شەڕ دەچێتە سەر “سنوورەکانی” خۆی. واتە دەبێت چاوەڕوانی ئەوە بکرێت کە شەڕ بچێتە قۆناغی بەریەککەوتنی دەوڵەت-دەوڵەت و لە قۆناغی ئەکتەری دەوڵەتی و نا-دەوڵەتی نەمێنێتەوە. لێرەدایە کە گۆڕانکاریگەلێک دێتە پێشەوە کە چاوەڕوانکراو نەبووە.